دەسەڵاتدارانی توركیا كەسێكیان دەستگیركرد كە خۆی بە ئیمام مەهدی چاوەڕوانكراو ناساندبوو و لە رێگەی فێڵ و خەڵەتاندنی هاووڵاتییان داهاتایەكی زەبەلاحی كۆكردبووەوە.
ئەو كەسەی خۆی بە ئیمام مەهدی ناساندووە ناوی مستەفا شابووك خەڵكی هەرێمی چاناكالی توركیایە، خۆی و 15 لە لایەنگرانی لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەركرا.
شابووك لە ساڵی 2023 لە كاتی بوومەلەرزە بەهێزەكەی توركیا هاوكاری لێقەوماوانی كردبوو بە نیشتەجێكردن لە هۆتێل و ماڵەكاندا، هەروەها لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی هەمیشە وتاری ئایینی بڵاو دەكردەوە، ئەمە وای كردبوو شابووك ببێتە جێی باوەڕی زۆرێك لە هاووڵاتییان.
شابووك ئەم باوەڕییەی هاووڵاتییانی قۆستبووەوە و بەناوی پێدانی سوود و قازانج، موڵك و ماڵی زۆرێك لە هاووڵاتییان وەرگرتبوو و دواتریش خۆی لێ بێبەری كردبوون.
بەهۆیەوە دەسەڵاتدارانی توركیا بە تۆمەتی فێڵ و خەڵەتاندن و دەستبەسەرداگرتنی موڵك و ماڵی هاووڵاتییان و ئەنجامدانی تاوان دەستگیری كرد و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا دادگایی بكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.