Erbil 35°C شەممە 28 ئەیلوول 14:20

لە 12 مانگی داھاتوودا ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق کۆتایی دێت

100%


وادەی كۆتاییهێنان بە ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق، ڕاگەیاندرا.

عێراق و ئەمریکا ڕاگەیاندراوێکی ھاوبەشیان لەبارەی کۆتاییھاتنی ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق و سووريا بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ھاتووە: عێراق و ئەمریکا پەیوەندییەکی ستراتیجییان ھەیە، ھەروەھا لە ئەنجامی گفتوگۆکانی عێراق لەگەڵ فەرماندەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و گفتوگۆ چڕەکانی لیژنەی باڵای سەربازیی نێوان عێراق و ئەمریکا، لەبارەی کۆتاییھاتنی ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق گەیشتنە ڕێککەوتن.

ڕاشیگەیاندووە کە بەپێی ڕێککەوتنەکە، لە 12 مانگی داھاتوودا، ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق کۆتایی دێت کە نابێت لە مانگی ئەیلوولی 2025 تێپەڕ بکات.

باس لەوەش کراوە کە ، ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق بۆ "ھاوبەشیی ئەمنیی دوولایەنە دەگۆڕدرێت، بە جۆرێک کە ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی، پاڵپشتی لە ھێزەکانی عێراق دەکەن و گوشارەکانیشیان بۆ سەر داعش بەردەوام بن".

ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە سووریاش تا مانگی ئایلوولی 2026 بەردەوام دەبێت و ھاتوو: دەسەڵاتی باڵای سەربازیی پابەندە بە داڕشتنی ڕێکارە پێویستەکان بۆ بەدیھێنانی ئەوەی لە بڕگەکانی ڕاگەیاندراوەکەدا ھاتووە، لەوانە گرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ پاراستنی ڕاوێژکارانی ھاوپەیمانان لە عێراق.

باس لەوەش کراوە کە عێراق سوپاسی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژبە داعش دەکات بۆ ئەو پاڵپشتییەی کە پێشکەشی ھێزە ئەمنییەکانی عێراقی کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و ھەروەھا شکستپێھێنانی رێکخراوەکە.

ھەروەھا ئەوەش خراوەتەڕوو کە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتيی دژبە داعش، ڕۆڵی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە شەڕی دژبە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بەرز دەنرخێنێت کە ھەڕەشەی بۆ سەر ھەموو جیھان دروست کردووە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە پێویستە ھەموو ھەوڵەکان بەردەوام بن، بۆ ئەوەی ھەڕەشەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە بە ھیچ شێوەیەک نەگەڕێتەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ھەروەھا ھاتووە: دەڕوانینە ئەوەی کە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا پتەوتر بکرین، لە کاتێکدا ھەردوو وڵات ھەوڵدەدەن ھاریکارییە ھاوبەشەکانیان لە بواری ئەمنییدا زیاتر بکەن، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، بۆ ئەوەی پڕۆسەی کۆتاییھێنان بە ئەرکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق بە شێوەیەکی باش بەڕیوەبچێت، حکوومەتی عێراق پابەندبوونی خۆی بۆ پاراستنی ڕاوێژکارانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق دووپات دەکاتەوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.