Erbil 29°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 18:21

بەردی بناغەی پڕۆژەی بەدووسایدكردنی شەقامی ڕۆڤیا و ئاكرێ داندرا

100%


لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە گوژمەی 4 ملیار و 799 ملیۆن دینار بەردی بناغەی دوو گەورەپڕۆژەی دروستكردنی شەقامی دووساید لە سەنتەری ڕۆڤیا و ڕێگەی سەرەكیی ڕۆڤیا و ئاكرێ داندرا و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش پیرۆزبایی لە دانیشتووانی دەڤەرەكە دەكات و دەشڵێت: بەمزووانە چەندین پڕۆژەی دیكەش جێبەجێ دەكرێن. 
ئەمڕۆ چوارشەممە 25/9/2024، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی دهۆك و بەرپرسانی حزبی و حكومی سنووری بەردەڕەش و ڕۆڤیا، بەردی بناغەی دوو گەورەپڕۆژەی دروستكردنی شەقامێكی سەرەكی لە سەنتەری ناحیەی ڕۆڤیا و بەدووسایدكردنی ڕێگەی سەرەكیی ڕۆڤیا-ئاكرێ داندرا.
لە ڕێوڕەسمەكەدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری دهۆك وتاریان پێشكەش كرد و باسیان لە گرنگیی هەردوو پڕۆژەكە بۆ ڕۆڤیا و ئاكرێ و دانیشتووانی سنووری بەردەڕەش كرد، هاوكات جەختیان لەسەر بەردەوامی پڕۆژەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دەڤەرەكە كردەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرەتای وتارەكەیدا خۆشحاڵی خۆی بە دانانی بەردی بناغەی ئەو دوو گەورەپڕۆژەیە دەربڕی و ڕاشیگەیاند: پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەت لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان بەردەوام دەبێت بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان. هەروەها ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاشیگەیاند: ڕێزدار كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام فەرمان بە وەزارەت و دامودەزەگەكانی حكوومەت دەكات كە لە هەر جێگەیەك خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان پێویست بێت، دەبێت دامودەزگەكانی حكوومەت لەو شوێنانە بن بۆ گەیاندن و جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری، ئەمەش وەك جێبەجێكردنی ئەركێكی سەرشانی فەرمانگەكانی حكوومەت بۆ خزمەتكردنی خەڵك.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی ئاماژەی بەوەش كرد: خۆشحاڵین بە دانانی بەردی بناغەی بەجووتسایدكردنی شەقامی سەنتەری شارۆچكەی ڕۆڤیا بە درێژایی كیلۆمەترێك لەگەڵ ئاوەڕۆ و هەروەها پڕۆژەی دووسایدی ڕۆڤیا-ئاكرێ كە بە گوژمەی 4 ملیار و 799 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێن.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پیرۆزبایی لە دانیشتووانی ڕۆڤیا و دەڤەرەكە بە گشتی كرد و جەختیشی لەسەر ئاوەدانكردنەوەی زیاتری سنوورەكە كردەوە و ئاماژەی بە جێبەجێكردنی چەند پڕۆژەیەكی دیكەی خزمەتگوزاری لە سنوورەكە كرد كە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای دهۆك بەمزووانە ڕادەگەیەندرێن، گوتیشی: دڵنیاین لەوەی خەڵكی كوردستان پێزانینیان بۆ هەموو ئەو كار و پڕۆژانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە بۆ كوردستانێكی ئاوەدانتر و ئایندەیەكی باشتر و دواڕۆژێكی ڕازاوەتر بۆ كوردستان.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.