Erbil 9°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 01:50

شاخەوان عەبدوڵا: بەبێ جێبەجێكردنی خاڵەكان ناچینە نێو پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی عێراقەوە

کوردستان TV
100%

جێگری سەرۆکی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، لیژنه‌یه‌ك بۆ سه‌رژمێری گشتیی له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان پێكهێنراوه‌ و ئه‌گه‌ر چه‌ند خاڵێك جێبه‌جێ نه‌كرێن، ناچینه‌ نێو پرۆسه‌ی سه‌رژمێری گشتیی عێراقەوە‌.

شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند: لیژنەیەک لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دروستکراوە كە وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی ھەرێم سەرۆکایەتیی دەکات، هاوكات نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتەکانی دیکەشی تێدایە و ھەماھەنگی زۆر باشیان لەگەڵ ئێمە ھەیە.

شاخه‌وان عه‌بدوڵا گوتیشی: چه‌ند خاڵێک ھەن لەبارەی ناوچە کێشە لەسەرەکان رێککەوتن کراوە، ھەندێک خاڵ ماوە دەمانەوێت رێککەوتنی لەسەر بکرێت، بەبێ ئەوانە ئێمە ناچینە ناو پرۆسەكه‌وه‌.

جێگری سەرۆکی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتیشی: لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان خەڵکێکمان ھەن ئاوارەن و لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان نین، ئاوارەیەکی زۆریش ھاتوونه‌ته‌ ئەو ناوچانە.

شاخه‌وان عه‌بدوڵا ئاماژەی بەوەش كرد كە پێویستە سەرژمێری 1957 ھەبن و تۆماری ئەو کات ببێتە بنەمایەک بۆ سەرژمێری لەو ناوچانە.

ئەمە لەكاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: ئێمە لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکان نیگەرانین و بە گومانەوە لە پرۆسەی سەرژمێری گشتی عێراق دەڕوانین.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدابوو: لەلایەک هێشتا ماددەی 140 جێبەجێ نەکراوە، لەلایەکی دیکەشه‌وه‌ مێژووی سەرژمێرییەکانی ڕابردوو ئەزموونێکی تاڵ و کاریگەری خراپیان بۆ کوردستان هەبووە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بە سوپاسەوە لە دەرئەنجامی هەوڵەکانی وەزارەتی پلاندانان و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان دەڕوانین له‌وه‌ی کاری جددییان بۆ نەهێشتینی کاریگەریی سیاسی لەسەر سەرژمێرییەکە کردووە،‌ له‌وه‌ی كە پێویسته‌ تواناکان بە ئاراستەی گەڕانەوەی تەواوی ئاوارە و خەڵکی خۆڕاگری ئەو ناوچانە یەک بخرێن کە ئێستا لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانن.

بڕیارە وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە رۆژانی 20 و 21ی مانگی 11ی ئەمساڵ، سەرژمێری گشتیی لە تەواوی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە ئەنجام بدات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.