Erbil 11°C شەممە 23 تشرینی دووەم 22:39

هه‌ولێر... پڕۆژەیەكی نوێی دانانی سەرەبلۆك و دروستكردنی شەقام بە درێژایی 44 كیلۆمەتر لە 8ی حەسارۆك دەستیپێكرد

کوردستان TV
100%


ساسان عەونی: زیاتر لە 4 هەزار و 200 پارچە زەوی لەم پڕۆژە نوێیەدا شەقام و سەرەبلۆكیان بۆ دروست دەكرێت.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 18/9/2024، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پڕۆژەیەكی دیكەی گەیاندنی خزمەتگوزاری لە گەڕەكی 8ی حەسارۆك دەستیپێكرد كە زیاتر لە 4 هەزار و 200 پارچە زەوی لەم پڕۆژە نوێیەدا شەقام و سەرەبلۆكیان بۆ دروست دەكرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر لەگەڵ تیمی جێبەجێكاری پڕۆژەكە گفتوگۆیان كرد و ئامادەیی هەر جۆرە هاوئاهەنگی و هاوكارییەكیان دەربڕی بۆ ئەوەی پڕۆژەكە بەزووترین كات تەواو بكرێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن ناوەڕۆكی پڕۆژەكەی خستەڕوو و ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێز پارێزگاری هەولێر و ستافی كاركردن لە زۆنی C لە گەڕەكی هەشتی حەسارۆكین بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەیەكی تری كردنەوەی شەقام و سەرەبلۆكەكان كە ڕووبەری ئەو زۆنە 697 هەزار مەتر دووجایە و 4 هەزار و 200 پارچە زەوی لەو پرۆژە نوێیەدا سوودمەند دەبن كە شەقام و كۆڵانیان بۆ دروست دەكرێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: درێژایی ئەو شەقامانەی دەكرێنەوە 44 كیلۆمەتر دەبێت و گوژمەی پێویستیش بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەشەی پڕۆژەكە بریتییە لە 884 ملیۆن دینار كە لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دابینكراوە. 
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: بە پێویستی دەزانین ئاماژە بەوەش بكەین لە دوای سەردانی ڕێزدار سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاك مەسرور بارزانی بۆ 8ی حەسارۆك و بەڵێندانی بەوەی بەزووترین كات دەبێت خزمەتگوزاری و كارەكان لە هەشتی حەسارۆك دەست پێ بكات، دوای ماوەیەك لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دەست بە پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بەو گەڕەكە لە زۆنەكانی A  و B كراوە و لە زۆنێكیاندا كارەكان تەواوكراون و لەوەی دیكەیاندا نیوەی كارەكان ئەنجامدراون و ئێستاش كاركردن لە زۆنی سێیەمدا (C) دەستیپێكرد.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەخت لەسەر بەردەوامی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە و دەشڵێت: حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕێنمایی و ڕاسپاردەكانی جەنابی سەرۆكی حكوومەت كاك مەسرور بارزانی بەردەوام دەبێت لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەر شوێنێك كە پێویست بێت، هەر وەكوو لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرۆكی حكوومەت بەردی بناغەی چەندین پرۆژەی گەورەی پاراستنی سامانی ئاو و دابینكردنی ئاوی خواردنەوەی لە پارێزگەی هەولێر دانا و پێشتریش بۆ شوێنەكانی دیكە كاری هاوشێوە كراوە. ساسان عەونی، گوتیشی: حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ڕابردوودا سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و ئەو گرفتانەی هاتوونەتە بەردەمی، بەڵام بۆ یەك ساتیش لە خزمەتكردنی هاووڵاتییانی كوردستان نەوەستاوە و بەردەوامیش دەبێت، چونكە حكوومەت حكوومەتی هاووڵاتییانە.
شایانی باسە، پێشتر لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر كاركردن بە دوو زۆنی دیكەی هەشتی حەسارۆك كراوە و ئەمڕۆش پڕۆژەی گەیاندنی خزمەتگوزاری و دروستكردنی شەقام و سەرەبلۆكەكان لە زۆنی سێیەمدا دەستیپێكرد.
 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.