وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێك لەبارەی فۆڕمی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەر و مووچەخۆران بڵاو دەكاتەوە.
وەزارەتی دارایی لە راگەیەنراوكەدا دەڵێت "سەبارەت بە دابەشکردنی فۆڕمی زەوی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی تایبەت بە ڕێکخراوەکان، ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە کە دەڵێن وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕێگرە لە پێدانی فۆڕمی زەوی بەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە.
دەشڵێت "وەزارەتی دارایی و ئابووری هیچ پەیوەندییەکی بە پێدانی فۆڕم و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆران نییە و دوور و نزیک ئێمە بەشێک نین لەو بابەتە".
هەروەها دەڵێت "هەموو ئەو ڕێنمایی و ڕێکار و خاڵبەندییانەی بۆ پێدانی زەوی بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و تەواوی چین و توێژەکان دیاریکراوە لە تایبەتمەندی و دەسەڵاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانە".
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش دا كە "ئەو کەس و لایەنانەی وەزارەتی داراییان بە ڕێگری لە پێدانی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ڕێکخراوەکان تۆمەتبار کردووە، هیچ زانیارییەكیان لەبارەی ڕێكار و شێوازی دابەشكردنی فۆڕمی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا نییە و ڕاستگۆ نەبوون".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.