Erbil 7°C شەممە 23 تشرینی دووەم 06:37

هەزار و 300 بیری ئاو لە هەولێر ڕادەگیرێن

کوردستان TV
100%


- پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر بە تێچووی 479 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت و ئەم پڕۆژەیە لە توانایدایە لە هەر کاتژمێرێک بیست هەزار مەتر سێجا ئاو دابین بکات و، بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، نزیکەی هەزار و 300 بیری ئاو لە شاری هەولێر ڕادەگیرێن و ئەمەش دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئاوی ژێر زەوی.

بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەکە لە توانایدایە لە هەر کاتژمێرێک بیست هەزار مەتر سێجا ئاو دابین بکات، هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو کە بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، نزیکەی هەزار و 300 بیری ئاو لە شاری هەولێر ڕادەگیرێن و ئەمەش دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئاوی ژێر زەوی.

هەفتەی ڕابردوو، مه‌سرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ شاری هەولێر ڕاگەیاند:  پرۆژەی فریاگوزاريی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ ماوەی 30 ساڵ كێشەی كەمئاوی لە هەولێر چارەسەر دەكات و  كێشەی كەمئاوی لە هەولێر ناهێڵێت. 


بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ئاری ئەحمەد، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو پڕۆژەیە، پڕۆژەیەکی ستراتیژییە، ماوەی چەند مانگێک کاری لەسەر کرا، دواتر لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران هەموو بەڵگەنامەکان پێشکەشکران، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمپانیایەکی ناوخۆیی ڕەزامەندی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکە، سەرەتا وا بڕیاربوو پڕۆژەکە 10 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم بهێنێت لە هەر کاتژمێرێکدا، بەڵام دواتر پێداچوونەوەی بۆ کرا و فراوانی هەولێر و زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان بەشێوەیەکی دوورمەودا لەبەرچاو گیرا، بۆیە پڕۆژەکە گەورەترکرا و بووە 20 هەزار مەتر سێجا ئاو لە کاتژمێرێکدا، کە دەکاتە 480 هەزار مەتر سێجا ئاو لە ڕۆژێکدا".

لە هەولێر سێ پڕۆژەی ئاو هەیە کە بریتییە لە ئیفراز یەک، دوو و سێ، هەر سێ پڕۆژە لە یەک کاتژمێردا هەزار و 300 مەتر سێجا ئاو بۆ شاری هەولێر دابین دەکەن و، بە تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوازیش تێکڕای دابینکردنی ئاو دەبێتە زیاتر لە 30 هەزار مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا، لەمبارەیەوە ئاری ئەحمەد گوتی: "پڕۆژەی فریاگوزاری، بەرهەمهێنانی ئاوی لە سەدا 60 بۆ 70ی لە ئاوی ئیفراز زیاترە، سەرچاوەکەی ئاوی ئەم پڕۆژەیە، زێی گەورەیە، لە نزیک ناحیەی کەورگۆسک وەرگری ئاوەکە دروست دەکرێت، دواتر بە دوو هێڵی هەزار و 600 مەتری لە جۆری کاربۆن ستیل ئاو دەگوازێتەوە بۆ ناو وێستگەی پاڵاوتن لە نزیک گوندی گاینج، لەوێش دوو پڕۆژەی گەورە و دوو وێستگە هەیە لەیەک شوێن، هەر وێستگەیەک 10 هەزار لتر ئاو بەرهەمدەهێنێت، لەم دوو وێستگەیە هەر کاتێک یەکێکیان کێشەی هەبێت ئەوەی دیکە کار دەکات، ئاوەکە بە گوێرەی ستاندەراتی عێراق و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەپاڵێورێت و، ئینجا بە دوو بۆڕی دوو مەتر و نیو، ئاوەکە دەگوازرێتەوە تا کۆمەڵگای سێبیران لەسەر شەقامی 159 مەتری و، لەوێ وێستگەیەکی دیکە هەیە، کە بڕی 100 هەزار مەتر چوارگۆشە ئاو لەخۆدەگرێت، پاشان لەوێ بە چوار هێڵ ئاوەکە دەگوازرێتەوە ناو شاری هەولێر".

- دابەشکردنی بۆڕییەکانی ئاو

ئەو ئاوەی لە وێستگە 100 هەزار مەتر چوارگۆشەکە دەردەچێت، بە دوو هێڵی جیاواز، بە ئاراستەی ڕاست و چەپی شارەکە دەڕۆن تا نزیک ناحیەی کەسنەزان لەیەکتر نزیک دەبنەوە و، ئاو دەگەیەننە سەرجەم ئەو شوێنانەی کە دەکەونە سەر هێڵەکە و بەمەش کێشەی کەمئاویی کە لە ساڵانی ڕابردوو هەبووە، نامێنێت.

لەبارەی شێوازی دابەشکردنەکە، ئاری ئەحمەد گوتی: "لەم چوار بۆڕییە، دوو دانەیان هەزار و 200 ملیمەتر و، دوو دانەکەی دیکە 800ملیمەترە، یەکێک لەو هەزار و200 ملیمەترە دێتە سەر شەقامی 150 مەتری، لەوێیەوە بە ئاراستەی کۆمەڵگەی سێبیران، گەزنە، بەحرکە، شەقامی پیرمام و تا کەسنەزان دەڕوات، ئەم بۆڕییە ئاو دەگەیەنێتە لای ڕاست و چەپی ئەم هێڵەی کە پیاییدا دەڕوات، هێڵێکی دیکەی 800 ملیمەترەکە بەپێش فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆلای قەزای عەنکاوە تا دەگاتە شەقامی بەحرکە لەوێیەوە تێپەڕ دەبێت تا شەقامی پیرمام لەوێ دەوەستێت".

لەبارەی هێڵەکەی دیکەشەوە، ئاری ئەحمەد گوتی: "دوو هێڵی دیکە دەچنە سەر شەقامی 120 مەتری، ئەوەی هەزار و 200 ملیمەترەکە لە دیووی دەرەوەی شەقامی 120 مەتری بە ئاراستەی شەقامی مووسڵ، شەقامی مەخموور و کەرکووک دەڕۆن و، لە نزیک شوقەکانی نەورۆز ستی لە گەڕەکی پێنجی حەسارۆک دەوەستێت، لەوێیەوە هێڵێک بەسەر دەکەوێت بۆ کەسنەزان، هێڵێکی دیکە بە گەڕەکی فەرمانبەران، گەلاوێژ تا دەگاتە شەقامی زەیتوونە، لەوێشەوە بۆ ناحیەی دارەتوو، قەزای دەشتی هەولێر درێژ دەبێتەوە، ئەو گەڕەکەکانی وەک فەرمانبەران، زیلان هاوکاری و هەشتی حەسارۆک و ئەو گەڕەکانی دەکەونە سەر ئەو هێڵە ئاویان پێ دەگات، هەروەها ئەوەی 800 ملیمەترەکە، لە دیووی ناوەوەی شەقامی 120 مەتری، بەرەو شەقامی مووسڵ، مەخموور و کەرکووک دەڕوات و لەوێ دەوەستێت، ئەمیش بە هەمانشێوە ئاو دەگەیەنێتە ئەو شوێنانەی کە لێیەوە نزیکن".

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، بیرەکانی ئاو لە شاری هەولێر ڕادەگیرێن و بەمەش ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەرزدەبێتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "ئامانجی دووەمی پڕۆژەکە، ڕاگرتنی تەواوی ئەو بیرانەیە کە پێشتر لەو سنوورانە بەکاردەهاتن کە ژمارەیان هەزار و300 بیر دەبێت، ئەم هەنگاوە بە چەند قۆناغێک دەبێت، بەجۆرێک ساڵی یەکەم 500 بیر و ساڵی دووەم 500 بیری دیکە ڕادەگیرێن، هەروەها لە حاڵەتێکی لەناکاو دەتوانرێت بیرەکان بەکاربهێنرێن چونکە بیرەکان داناخرێن بەڵکو ڕادەگیرێن، بێگومان لە کاتی ڕاگرتنی بیرەکان ئاو دەرنایەت و بەمەش ئاوی ژێرزەویی لەو ناوچانە دەبووژێتەوە و کاریگەری باشی لەسەر ئاستی ئاوی ژێرزەوی هەیە، سەدا 75ی ئەو بیرانەی لە سنووری شاری هەولێر و دەوروبەرن ڕادەگیرێن، سەدا 25ی بیرەکانیش بۆ بابەتی سەوزایی و پیشەسازی بەکاربهێندرێت".

- هەنگاوەکانی پاڵاوتن

لەبارەی هەنگاوەکانی پاڵاوتنی ئاو لە پڕۆژەکە، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ئاری ئەحمەد گوتی: "سەرەتا ئاوەکە لە زێی گەورە وەردەگیرێت و دەگاتە بەشێک پێی دەڵێین نیشتەنی کە چوار حەوزی گەورەن و بەشێک لەو خڵت و خاڵانەی هەیە لەوێ دەنیشێت، دواتر دەچێتە شوێنێکی دیکە و لەوێ ماددەی کیمیایی تێدەکرێت و ئەمەش وا دەکات ئەو قوڕ و لیتەیەی هەیە هەمووی بنیشێت و سەدا 99ی ئاوەکە پاک دەکاتەوە، دواتر ئاوەکە دەچێتە قۆناغێکی دیکە کە بە فلتەردا تێدەپەڕێت و بەمەش سەدا 100ی ئاوەکە پاک دەبێتەوە و ئامادە دەبێت بۆ بەکارهێنان، هەروەها بەر لەوەی بچێتە حەوزەکانی دابەشکردن، ئەوا ماددەی کلۆری تێکەڵ دەکرێت، ئەم ماددەیە بۆ پاراستنی ئاوەکەیە بۆ ئەوەی کاتێک بەناو بۆڕییەکاندا دەروات هیچ کێشەیەکی نەبێت، ئەگەریش کێشەیەکی هەبێت ئەم کلۆرە هەمووی پاک دەکاتەوە و هەر ماددەیەکی بایۆلۆجی هەبێت، لەناوی دەبات".

- ماوەی پڕۆژەکە

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ماوەی پڕۆژەکە ساڵ و نیوێکە بەڵام بەڵێنی ئەوەیان وەرگرتووە کەمتر لەماوەی خۆیدا جێبەجێ بکرێت و لەمبارەیەوە گوتی: "جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە بەشێوەیەکی ئاسایی لە نێوان 24 تا 36 مانگە، بەڵام بە پێی ئەو گرێبەستەی هەیە، 550 ڕۆژی تەقویمی بۆ ئەم پڕۆژەیە دانراوە دەکاتە ساڵێک و شەش مانگ، هەروەها بەڵێنی ئەوەمان وەرگرتووە کە کەمتر لە وادەی خۆیدا تەواو بکرێت، تێچووی پڕۆژەکەش 479 ملیۆن دۆلارە".

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.