Erbil 7°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 07:08

هونه‌رمه‌ند خێرۆ عه‌باس...

(ژیانا بێ وڵات، چ واتایه‌ خۆ نینه‌..؟!)
کوردستان TV
100%

جه‌مالی ده‌لاك...

هه‌ر به‌شێك له ‌پارچه‌كانی كوردستان به‌گشتی تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ له‌ ڕووی هونه‌ر و ئاواز و گۆرانییه‌وه‌، ڕۆژئاوای كوردستان ئه‌ویش به ‌به‌شی خۆی خاوه‌نی چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی لاوكبێژ و به‌سته‌بێژ و سروودبێژه‌، له ‌ته‌واوی شاره‌كانی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان شاری قامیشلۆ و ده‌وروبه‌ری پشكی شێری به‌رده‌كه‌وێت، زێدی چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و خاوه‌ن هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی سیاسه‌تی داگیركاری ده‌وڵه‌تی سووریاوه‌ جگه ‌له‌وه‌ی له‌ زمانی دایك بێبه‌شن..؟! ته‌نانه‌ت ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و باری كه‌سێتیشیان لێ زه‌وت كراوه‌..!

له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو فشار و له‌مپه‌ر دروستكردنه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی سووریا و هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان به‌وپه‌ڕی دڵسۆزییه‌وه‌ تێكۆشاون و په‌ره‌یان به‌هونه‌ره‌كه‌یان داوه‌ و زمان و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یان پاراستووه‌.

هونه‌رمه‌ندی سترانبێژ خێرۆ عه‌باس هونه‌رمه‌ندێكی‌ ده‌نگخۆش و نیشتمانپه‌روه‌ر‌، خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی..! ئه‌م ده‌نگه‌ تایبه‌ته‌ ده‌رچووی هیچ ئه‌كادیمیایه‌كی موزیك نییه‌ و خۆڕسك و متمانه‌ به‌خۆ دروست بووه‌، یه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ به‌هه‌موو ستایله‌كانی موزیك گۆرانی خوێندووه‌، هونه‌رێكی خوڵقاندووه‌ جگه‌ له‌ناو نه‌ته‌وه‌كه‌ی گوێگر و هه‌وادراێكی باشیی هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن گه‌لانی دیكه‌شه‌وه‌ گوێ له ‌هونه‌ره‌كه‌ی ده‌گرن.

خێرۆ عه‌باس له‌ژێر كاریگه‌ری هونه‌ری ئاواز و ستران و لاوكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌یی و ده‌نگ و سۆزی هونه‌رمه‌ندانی گه‌له‌كه‌ی خۆڕسكانه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌ و له ‌كاروانی هونه‌ری موزیك و سترانی كوردیدا ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ هه‌نده‌ران بۆته‌ ڕێبوارێكی وه‌فادار بۆ هونه‌ر و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری نه‌ته‌وه‌كه‌ی.

هونه‌رمه‌ند خێرۆ عه‌باس كێیه‌؟

سترانبێژێكی ناوداری نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌، له‌ ماڵباتێكی نیشتمانپه‌روه‌ر له‌ ڕێكه‌وتی 1/1/1962 له ‌گوندی دووگردی نزیك شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای كوردستان له‌دایكبووه‌.

هونه‌رمه‌ند قۆناغه‌كانی خوێندن سه‌ره‌تایی، ناوه‌ندی و ئاماده‌یی  له‌شاری قامیشلۆ خوێندووه‌، له ‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ حه‌ز و ئاره‌زووی گوێگرتن له‌ ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بووه‌، به‌رده‌وام گوێی له‌به‌رنامه‌كانی ڕادیۆی یه‌ریڤان گرتووه‌ و پاشان سه‌رسام بووه‌ به‌ ده‌نگی هونه‌رمه‌ندان (كاوێس ئاغا1889_1936)، (ئارام تێگران 1934_8/8/2009)، (محه‌مه‌د شێخۆ 8/8/1948_9/3/1989)، (محه‌مه‌د عارف جزیری 1912_ 17/12/1986)، (حه‌سن جزیری  1917_9/7/1983) و (ته‌حسین ته‌ها 25/10/1941_28/5/1995) له‌گه‌ڵ  ستران و لاوكی ئه‌و كه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ ژیاوه‌.

به‌هۆی داب و نه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری، له‌لای زۆر له ‌ماڵباتی كورد چڕینی ستران و لاوك عه‌یب و ڕێگه‌ پێدرانه‌بووه‌، له‌ناو خانه‌واده‌ی هونه‌رمه‌ند خێرۆ عه‌باس برا گه‌وره‌كه‌ی به‌ناوی (حسێن) و خوشكێكی به‌ناوی (زینێ) خاوه‌نی ده‌نگێكی خۆش بوون، به‌هۆی ئه‌و نه‌ریته‌ دواكه‌وتووه‌ قۆرخكارییه‌وه‌ نه‌یان توانیوه‌ به‌ئازادانه‌ ستران و لاوك بچڕن..؟!

ده‌رباره‌ی برا و خوشكه‌ ده‌نگخۆشه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند خێرۆ عه‌باس دبێژێت (برای گه‌وره‌ی من خاوه‌نی ده‌نگێكی بڵند وخۆشی هه‌بوو، سترانی ته‌نها بۆ دڵی خۆی ده‌گووت..! خوشكیشم (زینێ) ئه‌ویش ده‌نگێكی خۆش و به‌سۆزی هه‌بووه‌، ده‌نگی هه‌ردوكیان كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ستی من هه‌بوو، به‌داخه‌وه‌ كه‌لتووری ماڵباته‌كه‌مان ڕێگه‌ی پێنه‌داون، له‌به‌ر عه‌یب و توانج و پلاری خه‌ڵكی، به‌تایبه‌ت كچ گۆرانی بخوێنێ و بێته‌ ناو كایه‌ی هونه‌رییه‌وه‌، ئه‌وان له‌به‌ر ئه‌و كه‌لتووره‌ نه‌یانتوانی و وه‌ستان، به‌ڵام من به‌رده‌وام بووم له ‌هونه‌ر) (1).

له ‌ساڵی 1978 كاتێك ته‌مه‌نی هونه‌رمه‌ند خێرۆ عه‌باس گه‌یشتۆته‌  16 به‌هار، به‌هۆی پابه‌ند نه‌بوونی به‌ مه‌راسیمه‌كانی حیزبی به‌عسی سووریا له‌ قوتابخانه‌ ده‌ری ده‌كه‌ن، له‌هه‌مان ساڵدا به ‌مه‌به‌ستی ته‌واوكردنی ‌خوێندن ڕوو ده‌كاته‌ شاری دیمشق پایته‌ختی سووریا، به‌داخه‌وه‌ له‌وێش نه‌یتوانیوه‌ درێژه‌ به‌خوێندنه‌كه‌ی بدات، له‌ شارێكی كوردنشینی بێبه‌ش له‌ شارستانییه‌تی سه‌رده‌م و له ‌دیمه‌شقی پایته‌خت به‌ركه‌وته‌ی له‌گه‌ڵ دنیایه‌كی دیكه‌دا بووه‌ (دیمه‌شق شارێكی مه‌زن و بۆمن گه‌لێك غه‌ریب و دنیایه‌كی دیكه‌ بوو) (2).  

دوای ساڵێك، له ‌ساڵی 1979 ڕوو ده‌كاته‌ وڵاتی لوبنان، بۆ یه‌كه‌مجار ده‌چێته‌ ئاهه‌نگی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز له‌ به‌یروت)واته‌ جه‌ژنی نه‌ورۆزی ساڵی 1980 هونه‌رمه‌ندی سروود و سترانبێژ (شڤان په‌روه‌ر 23/9/1955) و هه‌ردوو خانمه‌ هونه‌رمه‌ند (گوڵستان په‌روه‌ر 25/6/1962) و (شیرین په‌روه‌ر)  به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ ئاهه‌نگ ده‌گێڕێن، ده‌نگ و هونه‌ری شڤان په‌روه‌ر و هه‌ردوو خانمه‌ هونه‌رمه‌ند و مۆسیقا و ئاهه‌نگه‌كه‌‌ زۆر كاریگه‌ر له‌سه‌ر هه‌ست و ده‌روونی خێرۆ عه‌باس داده‌نێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ نزیكه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ ئاهه‌نگێكی كوردی ببینێـت..!

له‌هه‌مانكاتیشدا ئاشنا ده‌بێت به‌ده‌نگ و هونه‌ری دوو هونه‌رمه‌ندی به‌توانای جیهانی وه‌ك (خولیو ئیگسیلیاس 23/9/1943) گۆرانیبێژی به‌ناوبانگی ئیسپانی و (دیمس ڕۆسس 15/6/1946_25/1/2015) گۆرانیبێژی دیاری یۆنانی، ده‌نگ و هونه‌ر و شێوازی چڕینی گۆرانی ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده‌ و زۆر پێیان سه‌رسام ده‌بێت.

هونه‌رمه‌ند خێرۆ عه‌باس و ژیانی تاراوگه‌...!

خێرۆ عه‌باس دوای ئه‌و گه‌شته‌ی بۆ دیمشقی پایته‌خت و دواتر بۆ لوبنان، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ قامیشلۆ ده‌بێته‌ سه‌رباز، ماوه‌ی چوار ساڵ و سێ مانگ سه‌ربازی ده‌كات.

 پاشان له‌ ته‌مه‌نی 24 ساڵیدا 1986 به‌یه‌كجاری زێده‌كه‌ی به‌جێدێڵێ و ڕوو ده‌كاته ‌هه‌نده‌ران و له ‌شاری ئاخن له ‌وڵاتی ئه‌ڵمانیا وه‌ك په‌نابه‌ر وه‌رده‌گیرێت و ده‌بێته‌ نیشتمانی دووه‌می هونه‌رمه‌ند.

له‌ ساڵی 1988 به‌ مه‌به‌ستی تێكه‌ڵاوبوون له‌گه‌ڵ كوردانی تاراوگه‌ ڕۆژێك ده‌چێته‌ كۆمه‌ڵه‌ی كوردی به‌مه‌به‌ستی خواردنه‌وه‌ی قاوه‌یه‌ك، ده‌بینێ كۆمه‌ڵه‌ گه‌نجێك وه‌ك گرووپێكی موزیكژه‌نی كوردی باكوری كوردستان پرۆڤه‌ ده‌كه‌ن..!

ئه‌میش له‌گۆشه‌یه‌كه‌وه‌ له‌ده‌ست و په‌نجه‌ و هه‌ست و ژه‌نینی ئه‌و گرووپه‌ ده‌ڕوانێ، سه‌رنج ده‌دات ده‌نگبێژێكی باشیان له‌گه‌ڵدا نییه‌، گرووپی موزیك پرسیار له‌ خێرۆ عه‌باس ده‌كه‌ن، ئایا ده‌توانی سترانبێژی..؟

خێرۆ عه‌باس به‌دڵنیایی و له‌خۆڕابوونه‌وه ‌ده‌ڵێت: به‌ڵێ من گۆرانی ده‌خوێنم بۆتان.

لاوكی (غه‌زال غه‌زال)م خوێند و زۆریان به‌لاوه‌ سه‌یر بوو، پاشان سترانی (های گولێ)م خوێند، زۆر سه‌رسام بوون به‌ده‌نگ و توانای هونه‌ریم.

گرووپی موزیك پێیان گوتم: ده‌بێ تۆ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ستران بخوێنی، ئه‌وه‌ ده‌رگایه‌كی خۆش و فراوان بوو بۆ من، هه‌نگاوم نا بۆ نێو دنیای هونه‌ر، دواتر له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپه‌ موزیكییه‌ به‌شداری فێستیڤاڵم كرد، فێستیڤاڵی چاند و هونه‌ر ئێمه‌ به‌یه‌كه‌م ده‌رچووین، له‌یادمه‌ له‌و فێستیڤاڵه‌دا سێ یان چوار سترانم خوێند) ( 3).

هونه‌رمه‌ند خێرۆ عه‌باس له‌ هه‌نده‌ران به‌عشق و هه‌ستێكی به‌رزه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر تێكۆشانی هونه‌ری، ده‌گه‌ڕێت به‌دوای وێستگه‌ی دیكه‌ كه‌ گه‌شه‌ به‌ هونه‌ره‌كه‌ی بدات.

له‌ شاری بۆنی ئه‌ڵمانیا ده‌چێته‌ (كۆما به‌رخوردان) مه‌ڵبه‌ندێكی گرنگی هونه‌ری بووه‌، لەمبارەیەوە خێرۆ عەباس دەڵێت "كۆما به‌رخوردان مه‌ڵبه‌ندی چاند و هونه‌ر بۆمن قوتابخانه‌یه‌كی مه‌زن بوو، چونكه‌ زۆر له ‌هونه‌رمه‌ندان له‌وێ كۆ ده‌بوونه‌وه‌ و هه‌ریه‌ك شتێكی ده‌گوت، وێستگه‌یه‌كی گرنگ بوو بۆ ژیانی هونه‌ری من، له‌ ساڵی 1988 و‌ تا 1995 قۆناغی كۆنسێرت و پرۆڤه‌كردن و ئاهه‌نگ بوو" (4).

هونه‌رمه‌ند خێرۆ عه‌باس له‌ هه‌نده‌ران زیاتر هه‌نگاوی هه‌ڵگرتووه‌ بۆ نێو دنیا جوانه‌كه‌ی هونه‌ری موزیك و سترانی كوردی، له ‌ماوه‌ی 38 ساڵ ژیان له ‌تاراوگه‌ و دوور له‌ نیشتمانه‌كه‌ی چه‌ندین ئه‌لبوومی هونه‌ری تۆمار و بڵاوكردۆته‌وه‌، هه‌رده‌رفه‌تێكی بۆ ڕه‌خسابێت گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان و به ‌كۆنسێرت و به‌ ئاهه‌نگ له‌ناو ئامێزی هاو زمانه‌كانی سترانی چڕیوه‌، وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی گه‌له‌ سته‌مدیده‌كه‌ی به‌ده‌نگ هونه‌ره‌كه‌ی سترانی بۆ كاره‌سات و ڕووداوه‌ تراژیدیاكان به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌یدا هاتبێ به‌ستران و لاوك به‌شێوازی خۆی به‌شداری كردووه‌، وه‌ك كاره‌ساتی تراژیدیای سوتانی سینه‌مای عاموودا چه‌ندین كه‌س له‌و كاره‌ساته‌ بوونه‌ قوربانی، كاره‌ساتی خنكاندنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ به ‌زمانی عه‌ره‌بی، سترانێك له‌گه‌ڵ كچی خۆی ڕۆنا سترانی (بێلا چاو) له ‌ساڵی 2022، تایبه‌ت بوو بۆ (ژن، ژیان، ئازادی).

كارێكی دیكه‌ی هونه‌رمه‌ند خێرۆ عه‌باس سترانی (لۆ ولاتۆ) له ‌تێكستی (حه‌كیم سه‌فكان) له‌م سترانه‌دا هونه‌رمه‌ند باسی به‌رخوردانی گه‌لی كورد ده‌كات له ‌ڕۆژئاوای كوردستان به‌رامبه‌ر به ‌داگیركردنی شاری عه‌فرین له‌لایه‌نی داگیركه‌ری توركه‌وه‌.

هه‌روه‌ها له ‌ساڵی 2015 له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندی دیكه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان به‌شداری (سه‌مفۆنیای پێشمه‌رگه‌) كردووه‌، ئه‌و كاره‌ مه‌زن و نیشتمانییه‌ كاری هونه‌رمه‌ند دڵشاد سه‌عید بوو له‌گه‌ڵ ئۆركێسترای سه‌مفۆنیا، جیا له ‌هونه‌رمه‌ند خێرۆ عه‌باس، هونه‌رمه‌ندانی به‌شداربووی سه‌مفۆنیای پێشمه‌رگه‌ بریتی بوون له‌ هونه‌رمه‌ندان (هانی، شڤان په‌روه‌ر، حه‌سه‌ن شه‌ریف، جه‌مشید و عه‌مار كووفی).

ده‌رباره‌ی ئه‌و كاره ‌هونه‌رییه‌ خێرۆ عه‌باس دبێژێت: سه‌مفۆنیای پێشمه‌رگه‌ كارێكی هونه‌ری پیرۆز و نه‌ته‌وه‌یی بوو، به‌ ڕاستی بۆ من كارێكی تایبه‌ت بوو، جێی سه‌ربه‌زی بوو بۆ من و میلـله‌تی كورد) (5).

خێرۆ عه‌باس وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی نه‌ته‌وه‌كه‌ی له‌ ئاهه‌نگی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز ساڵی 2002 له ‌شاری ئامه‌دی باكوری كوردستان به‌شداربووه‌ و پێشوازییه‌كی گه‌وره‌ی له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌ لێكراوه‌.

له‌ ساڵی 2022 له ‌هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ گرووپی موزیكی زه‌هاوی، گوڵبژێرێك له‌ سترانه‌كانی پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرد.

هونه‌رمه‌ند خێرۆ عه‌باس یه‌كه‌م ئه‌لبومی به‌ناوی (خه‌ریبۆ) له‌ ساڵی 1998 له‌ ئه‌وروپا بڵاو كردۆته‌وه‌، تائ ێستا خاوه‌نی 8) ئه‌لبوومی هونه‌ییه‌ جگه‌ له ‌ئاهه‌نگ و كۆنسێرت و به‌شداریكردنی له‌ بۆنه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له ‌هه‌نده‌ران و ناوه‌وه‌ی كوردستان.

ئه‌لبوومه‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند خێرۆ عه‌باس:

1/ خه‌ریبۆ (1998).

2/ وه‌ستیابوو (2001).

3/ ئاخین (2005).

4/ بارانا شه‌ڤێ (2007).

5/ زۆرێ (2010).

6/  تو (2014).

7/ دلاڤا (2019).

8/ دلنامه‌ (2022).

هونه‌رمه‌ند خێرۆ عه‌باس له‌ناو فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری نه‌ته‌وه‌كه‌ی له‌ناو  گوند و شاره‌كه‌ی قامیشلۆ خۆی په‌روه‌رده‌ كرد و هه‌ست و نه‌ستی خۆی به‌ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند كرد، به‌ڵام له‌ هه‌نده‌ران ده‌ركه‌وت و خۆری هونه‌ری گه‌شایه‌وه‌ و ناو و ناوبانگی په‌یدا كرد،

گۆرانییه‌ ناوداره‌كانی هونه‌رمه‌ند خێرۆ عه‌باس بریتین له‌ (بارانا شه‌ڤ، ئاخا وڵات، جوانی، شه‌ڤ چوو، ئاخین، دل شكستی، ده‌رده‌ دوریا، نارێ، لۆ وڵاتوو، زه‌مانۆ و بێلاچاو....تاد).

هیوای به‌رده‌وامی و سه‌ركه‌وتنی زیاتر له‌ ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ردا بۆ ده‌خوازم، ده‌رباره‌ی ده‌نگ و هونه‌ری خێرۆ عه‌باس، هونه‌رمه‌ند هه‌ژار زه‌هاوی به‌و شێوه‌یه‌ خوێندنه‌وه‌ی بۆ كردووه‌ و ده‌ڵێت: به‌ بۆچوونی من ده‌نگ و مۆسیقای خێرۆ عه‌باس له ‌هیچ كه‌سێكی دیكه‌ ناچێت..! چونكه‌ ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی بنچینه‌كه‌ی ته‌واو كوردییه‌، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم كاریگه‌ری (جاز، بلوز، ڕاپ و پۆپی) له‌سه‌ره‌) (6).

جه‌مالی ده‌لاك ( 30/8/2024) هه‌ولێر.

سه‌رچاوه‌:

(1)به‌رنامه‌ی ئاوازی زه‌هاوی ( خێرۆ عه‌باس)  پێشكه‌‌شكاری به‌رنامه‌ هونه‌رمه‌ند ( هه‌ژار زه‌هاوی) كه‌ناڵی ئاسمانی ڕووداو ، یوتوب له‌ (12/10/2023).

(2) سه‌رچاوه‌ی پێشوو.

(3) سه‌رچاوه‌ی پێشوو.

(4 و 6) هونه‌رمه‌ند خیرۆ عه‌باس، چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ڕووداو، پێشكه‌شكردنی هونه‌رمه‌ند هه‌ژار زه‌هاوی، یوتووب (11/8/2019).

(5) به‌رنامه‌ی ئاوازی زه‌هاوی (خێرۆ عه‌باس) پێشكه‌‌شكاری به‌رنامه‌ هونه‌رمه‌ند (هه‌ژار زه‌هاوی) كه‌ناڵی ئاسمانی ڕووداو، یوتووب له‌ (12/10/2023).

 

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.