بەهۆی ئەنجامدانی چەندان سەرپێچی مەترسیدار لە نەخۆشخانەی پار لە شاری هەولێر، بڕیاردرا هۆڵی نەشتەرگەری و دەرمانخانەی ئەو نەخۆشخانە تایبەتە دابخرێت.
نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر رایگەیاند: نەحۆشخانەی پار لە شاری هەولێر سەرپێچی مەترسیداری ئەنجامداوە، هەروەها كەسوكاری چەند نەخۆشێک تێبینی ژمارەیەک سەرپێچییان لەنێو نەخۆشخانەكە کردووە.
راشیگەیاند: دوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لەلایەن لیژنەیەکی وەزارەتی تەندروستی، دەرکەوتووە تێبینی کەسوکاری نەخۆشەکان راستن، جگەلەوەش سەرپێچی دیكەش کراوە.
قایمقامی هەولێر گوتیشی: لە بەدواداچوونەكاندا دەركەوتووە لەنێو دەرمانخانەی نەخۆشخانە دەرمانی بێ ستیكەر هەبووە، هەروەها سۆندەی نەشتەرگەری سینگ و لووت و برینی بەكارهاتوو دووبارە بەكارهێنراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەش دا: بەهۆی ئەو سەرپێچییانە، بڕیاردرا هۆڵەكانی نەشتەرگەری نەخۆشخانەی پار دابخرێن و نابێت هیچ نەشتەرگەرییەکی تێدا ئەنجام بدرێت، هەروەها دەرمانخانەی نەخۆشخانەكەش بەهەمانشێوە دادەخرێت.
نەبەز عەبدولحەمید جەختیشی كە هەموو ئەو سەرپێچییانەی لەنێو نەخۆشخانەكە تۆماركراون سەرپێچی مەترسیداری تەندروستین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.