جه‌مالی ده‌لاك ...
گۆرانی و ئاوازی فۆلكلۆری به‌شێكی گرینگ و پڕ بایه‌خی نێو هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردییه، ئه‌م گۆرانییانه گه‌لێك جۆرن، گۆرانی كاركردن، خاوه‌ن پیشه‌كان به‌ده‌م كاركردنه‌وه، گۆرانی جوتیار و وه‌رزێر، ئه‌وانیش به‌ده‌م كاركردن له كێڵگه و ده‌شت و ده‌ر و مه‌زرا له كاتی زه‌وی كێڵان و دروێنه و گێڕه و شه‌نكردن و خه‌له و خه‌رمان... تاد، گۆرانی شوان، ئه‌ویش له‌ك اتی له‌وه‌ڕاندنی مێگهلهكهیدا ناره نارێك ده‌كات و به قه‌دوباڵای مه‌عشووق و شهنگهبێرییهكهیدا هه‌ڵده‌ڵێ، هه‌روه‌ها گۆرانی كرژ و ڕیتمی خێرا له كاتی ئاهه‌نگ و زه‌ماوه‌ند و خه‌ته‌نه سووران و خه‌نه‌به‌ندان و شایی و بووكگواستنه‌وه.
ئه‌و شێوازانه هه‌ریه‌كه‌یان تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه گۆرانی ڕیتمی خێرایه كه به‌ده‌نگی خۆشیی هونه‌رمه‌ندانی میلـلی له زه‌ماوه‌ند و ئاهه‌نگه‌كاندا ده‌خوێندرێت و سینه به‌سینه پاراستوویانهوه و پارێزگاری‌یان له‌و سامان و گه‌نجینه هونه‌رییه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان كردووه.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده میلـلییانه ئه‌و كاره پیرۆزه‌یان له‌ئه‌ستۆ گرتووه و زمانی كوردی‌یان پاراستووه و ده‌وڵه‌مه‌ندیشیان كردووه له‌ڕێی ئه‌و به‌یت و به‌نده فۆلكلۆرییانهوه كه‌نه‌یان هێشتووه بفه‌وتێ، به‌ڵام جێی داخه له‌نێو كۆمه‌ڵگه به‌و هونه‌رمه‌ندانه گوتراوه (شایه‌ر و لۆتی)، ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه شایگێڕ و شادیبهخشن كه به هونه‌ره‌كه‌یان ئاهه‌نگی بووكگواستنه‌وه و ده‌یان كیژ و كوڕی كورده‌وارییان به‌یه‌ك گه‌یاندووه.
گۆرانیبێژانی شایی گێڕی كوردهواری، نه‌ك هه‌ر به چاوی ڕێزه‌وه سه‌یریان نه‌كراوه، به‌ڵكه نێونیتكهیان پێداداون! ناتۆره‌یان وه‌دوو خستوون، ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی ده‌مارگرژ و كاڵفام و گوێ له‌مست و زۆربه‌ی خۆبه‌زلزان و ساماندار و گیرفان گه‌رمان، شه‌رمییان كردووه بێژن جیران و هاوساماڵی (عه‌به ده‌ڕژێ، عه‌لی خه‌ندان، ڕه‌سوولی نادری، برایمی فه‌تاحی (بله به‌هار)، سه‌لاح داوده، عه‌به بچكۆل، سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌فایی، برایمی قادری، عوسمانه سوور و برایانی زێ زێ و زۆر ده‌نگبێژی خۆشوێژی دیكه‌ن!)، له كۆڕی پرسه و سه‌ره‌خۆشیدا خۆیان لێ دوور گرتوون، له زۆر كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌دا له نزیكیان دانه‌نیشتوون، كه‌چی هه‌ر ئه‌و جه‌نابانه له شایی و خۆشییه‌كاندا به‌تایبه‌ت له‌وه‌ختی زه‌ماوه‌ندی كوڕی خۆیاندا، موحتاج و منه‌تباری به قه‌ولی خۆیان ئه‌و لۆتییانه بوون، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه بووه زۆرتر له‌خۆبایی ببن و به فیز و ئیفاده‌وه ده‌ربكه‌ون و به‌سه‌ر نه‌یار و به‌رامبه‌ره‌كه‌ی خۆیاندا فره‌تر باڵ فش بكه‌نه‌وه و شه‌ڕه شاباش بكه‌ن! به‌ڵام هه‌تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ، كه‌متر كه‌سانێك هه‌ستییان به‌وه كردووه ئه‌و شایه‌رانه چ خزمه‌تێكیان به تۆره و زمان و گۆرانی ڕه‌سه‌نی كوردهواری كردووه، سنگ به‌سنگ ئه‌م خه‌زێنه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیان هێناوه و له‌مردن پاراستوویانه، هه‌میشه به جلوبه‌رگی ره‌سه‌نی كوردییه‌وه هاتوونه‌ته نێو خه‌ڵك) (*1).
له‌م بواره‌دا كوردهواری خاوه‌نی ده‌یان هونه‌رمه‌ندی خۆڕسك و خاوه‌نی هونه‌رێكی بێ خه‌وشیی لێوان لێوله ڕه‌سه‌نایه‌تییه، به‌رده‌وام له كۆڕی ئاهه‌نگ و زه‌ماوه‌نددا به به‌سته‌ی به‌جۆش و پڕ خرۆشیان گوێگر و بیسهرییان هێناوه‌ته جۆش، له سه‌ره‌تای ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو به‌دواوه له ڕێی ڕادیۆی (به‌غدا و كرماشان)ـه‌وه كۆمه‌ڵێك گۆرانی شادی ئامێز و به‌جۆش و خۆش ده‌بیسترا و به‌ر گوێمان ده‌كه‌وتن، وه‌ك (ئۆخه‌ی ده‌سره په‌شمینه، جه‌ژنه بابه جه‌ژنه، شه‌مامه و خاڵ و سوه‌یبه باڵابه‌رز و ...تاد). ئه‌م گۆرانییانه به‌شێوه‌یه‌ك ببووه جێی سه‌رمه‌ستی و خۆشحاڵی گوێگر كه له جێی خۆته‌وه ده‌كه‌وتیته جووله و شان ههڵتهكاندن، كاتێك گوێت له گۆرانییه‌كه ده‌بوو هه‌ست ده‌كرا كه ئه‌وه دوو ده‌نگخۆشن و پێكه‌وه ده‌یخوێنن له‌سه‌ر یه‌ك ڕیتم و ئه‌دای گۆرانییه‌كه، خاوه‌نی ئه‌و ده‌نگه به‌سۆز و خۆشانه هونه‌رمه‌ندان (برایانی زێ زێ) بوون.
برایانی زێ زێ كێن؟!
هونه‌ری گۆرانیبێژی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان جوگرافییاكی به‌رینی هه‌یه، هه‌ر ده‌ڤه‌ر و ناوچه‌یه‌ك خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تی له (قه‌تار، لاوك، ئازیزه، پایزه و به‌سته و گۆرانی شاد و كرژ)، شاری سه‌قز ئه‌و شاره شیرینه‌ی كوردستان، به نێوه‌ندێكی هونه‌ری به‌رز و خاوه‌نی چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و موزییسیانه، هونه‌رمه‌ندان (برایانی زێ زێ) زاده‌ی شاری سه‌قزن و له‌م شاره‌وه گه‌شه‌یان داوه به هونه‌ره‌كه‌یان و به هه‌موو كوردستاندا ناو و ناسناو و هونه‌ری شادی به‌خشیان بڵاوبۆته‌وه،
برایانی زێ زێ (عه‌لی و حوسێن شۆخ كه‌مان)، دووبرای هونه‌رمه‌ندی ده‌نگبێژ و فۆلكلۆر په‌روه‌ر و فۆلكلۆرپارێز، كوڕی (میرزا شوكروڵڵای شۆخ كه‌مان)ن، میرزا شوكوروڵڵا له بنه‌ڕه‌تدا خاڵكی شاری سنه‌ی پایته‌ختی ئهردهڵانهكانه، چۆن و بۆ چۆته شاری سه‌قز نیشته‌جێ بووه، به‌داخه‌وه ڕۆشن نییه، به‌ڵام كه‌سایه‌تییه‌كی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و له هه‌مانكاتیشدا زۆر ده‌نگی خۆش بووه، ئه‌م به‌هره‌ی ده‌نگخۆشییه‌ی به میرات بۆ منداڵه‌كانی جێهێشتووه.
میرزا شوكروڵڵا شۆخ كه‌مان له‌گه‌ڵ خاتوو (كافیه)ی هاوسه‌ری خاوه‌نی (چوار كوڕ و كچێكن، به‌ناوه‌كانی (عه‌لی، حه‌سه‌ن، مه‌سعوود،حوسێن و كوبرا).
برا گه‌وره‌كه‌یان (عه‌لی شۆخ كه‌مان) له ساڵی 1930 له شاری سه‌قز له‌دایكبووه، به‌هره‌ی ده‌نگخۆشی له خانهوادهیهكهیی و ئه‌و ژینگه ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی كانگای هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی شاری سه‌قزه‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه، له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه خولیای گۆرانی خوێندنی هه‌بووه و هه‌روه‌ها زۆر به باشی ئامێری (زه‌ڕب)ی ژه‌نیوه،هه‌ر له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه شانی داوه‌ته به‌ركاركردن، به‌كۆچی دوایی باوكی ئه‌ركی به‌خێوكردنی خانه‌واده‌كه‌ی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی و ژیانی زه‌حمه‌تتر ده‌بێت، هه‌روه‌ها ده‌ستبه‌رداری خولیا هونهرییهكهشی نابێت و درێژه‌ی پێ ده‌دات.
هونه‌رمه‌ند حوسێن شۆخ كه‌مان له ساڵی 1938 له شاری سه‌قز هاتۆته دنیاوه، له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه ده‌خرێته به‌ركاركردن بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی خانه‌واده‌كه‌یی و هاوكاریكردنی برا گه‌وره‌كه‌ی، عه‌لی شۆخ كه‌مان له ته‌مه‌نی 11 ساڵیدا واته ساڵی (1949) ده‌بێته شاگردی (چایچی)، عه‌لی برای سه‌رقاڵی كاری هونه‌ری و گۆرانی خوێندنه، هه‌ست به‌بوونی به‌هره‌ی ده‌نگخۆشی و ژه‌نینی ئامێری زه‌ڕب به باشی له‌برا بچووكه‌كه‌یدا ده‌كات و هانی ده‌دات كه به‌رده‌وام بێت و په‌لی ده‌گرێت له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌شداری زه‌ماوه‌ند و ئاهه‌نگه‌كان ببێت و گۆرانی بخوێنێ، سه‌ره‌تا هه‌ردوو برا (عه‌لی و حوسێن) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ئازه‌ری (عه‌زیزی نه‌جه‌فی) ژه‌نیاری (باڵه‌بان و زوڕنا) كه له بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی (سایینقه‌ڵا)یه، گۆرانی ده‌خوێنن، به‌هاتنی هونه‌رمه‌ند (حوسێن شۆخ كه‌مان) ئه‌و گرووپه هونه‌رییه گه‌شه ده‌كات و ده‌بنه گرووپێكی هونه‌ریی كه جێی ڕه‌زامه‌ندی خه‌ڵك و گوێگرهكانیان ده‌بێت.
بۆ ناسناوی زێ زێ..؟
هونه‌رمه‌ند حوسێن شۆخ كه‌مان به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كه‌وه ئه‌و بیره‌وه‌رییه ده‌گێڕیته‌وه و ده‌ڵێت: به منداڵی زووانم گرتوویه‌تی، گوتوومه زازا، زازی، زێ زێ، ئه‌وەبوو ناوی زێ زێیان بڕی به‌سه‌رمدا و له‌دوایشدا تا دۆست و براده‌ران ئه‌م ناسناوه‌یان وه‌ك ناسناوێكی هونه‌ری به‌سه‌ردا سه‌پانم، منیش چونكه خۆم وابووم زۆر به ئاسایی وه‌رمگرتوو هیچ قه‌ڵس نه‌ده‌بووم و له حوسێن شۆخ كه‌مانه‌وه بووم به حوسێن زێ زێ، دواتر حوسێنیش نه‌ما له‌گه‌ڵ براكانی ترم بووین به برایانی زێ زێ. (*2)
كاره هونه‌رییه‌كانی گرووپی موزیك و گۆرانی برایانی زێ زێ رۆژ به‌ڕۆژ له دیوه‌خان و زهماوهندهكاندا په‌ره‌ده‌سێنێ و ناو و ناوبانگیان سنووری جوگرافیای شاری سه‌قز تێده‌په‌ڕێنێ بۆ شاره‌كانی دیكه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستان و ته‌نانه‌ت ڕادیۆی كوردی به‌غدا، ئه‌م گرووپه پێكهاتوون له‌م هونه‌رمه‌ندانه كه ئه‌و هه‌موو كاره جوان و هونه‌ره به‌رزه‌یان پێشكه‌شی گه‌له‌كه‌یان كردوو و هه‌ست و نه‌ستی گوێگرانیان خۆشكردووه، (عه‌لی و حوسێن شۆخ كه‌مان، وه‌ك دهنگوێژ و سترانبێژ، عه‌زیزی نه‌جه‌فی _ باڵه‌بان و زوڕناژه‌ن، حوسێن والیدی _ نه‌ی ژه‌ن، مینهی حه‌سه‌ن قه‌ره‌ج و عه‌لی ئه‌حمه‌دی ساڵحی).
ده‌نگخۆشی و به‌توانایی هونه‌رمه‌ند حوسێنی زێ زێ له چرینی ئه‌و گۆرانییه خۆشانه له ئاهه‌نگ و شایی و زه‌ماوه‌ند و ڕهشبهڵهكدا، زیاتر بووه هۆی ناساندنی ئه‌و گرووپه له‌لای خه‌ڵك، هه‌روه‌ها لێهاتوویی هونه‌رمه‌ند كه به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ گۆرانی خوێندووه، تێسكتی گۆرانییه‌كانی هه‌مووی زاده‌ی فۆلكلۆره ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی شاری سه‌قز و ده‌وروبه‌ری بووه، هونه‌رمه‌ند له یه‌كێك له‌گۆرانییه‌كانی به‌ناوی (سه‌قز)ـه‌وه‌یه و ده‌ڵیت :
(سه‌قز چه‌ن خۆشه، مه‌خسووس پاركی شار
به‌گوڵ ڕه‌نگاوه، به وێنه‌ی گوڵزار
بولبول ده‌خوێنێ، ئه‌م دار بۆ ئه‌و دار)
زێ زێ زۆر وه‌ستایانه ئه‌و گۆرانییه پڕچێژانه‌ی لێ خوڵقاندووه و هه‌روه‌ها له‌به‌ر ساده‌یی كۆپله فۆلكلۆرییه‌كانی شادی و خۆشییان له‌نێو دڵ و ده‌روونی خه‌ڵكیدا چاندووه.
هونه‌رمه‌ند حوسێن شۆخ كه‌مان له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌رییدا كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌م و گۆرانی شادی به‌خشی تۆماركردووه، گه‌نجینه‌ی سامانی گۆرانی فۆلكلۆری پێ ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه و له فه‌وتان ڕزگاری كردوون، نزیكه‌ی (64) گۆرانی تۆماركردووه، ئه‌و به‌رهه‌مانه له ڕادیۆكان و تۆمارگاكاندا وه‌ك ئه‌رشیفێكی به‌رزی هونه‌ری هونه‌رمه‌ندێكی شادیگێڕ بوونیان هه‌یه، له‌لایه‌ن ئینستیتیووتی كه‌له‌پووری كورد له شاری سلێمانی به‌شێوه‌یه‌كی كوالێتی باش كۆی به‌رهه‌كانی برایانی زێ زێ له ئه‌لبومێكی (3) سیدی كۆكراونه‌ته‌وه و بڵاو كراوه‌ته‌وه گۆرانییه‌كانیش بریتین له (یاڵلا موسافیر، نازداره و نازدار، ده‌ستێك له‌سه‌ر سه‌رینێ، مه‌ستووره، ئه‌ی وه‌ی چیت كرد گوڵخونچه، هه‌نیه‌ت وهبهردێنم، چاوبازی لێو به‌خه‌نده، سه‌قز، ڕه‌زیه، نازانم له‌كێ پرسم، له‌ڕێی كانی، بووك زێنێ، یه‌سه و یه‌سه، خاسهكهوێ، ده‌ستگیران، شه‌مامه و خاڵ خاڵ، ئه‌ی گوڵی من، به‌له‌رزانه، به‌عینوانی، فاتم، نیوه‌شه‌و، مه‌نێ و مه‌نێ، خرینگه و تۆبه تۆبه).
هونه‌رمه‌ند جیا له‌و ئاهه‌نگ و زهماوهندانهی گێڕاویه‌تی، چۆته ڕادیۆی ورمێ و چه‌ند گۆرانییه‌كی تۆماركردووه به‌هاوكاری هه‌ردوو ژه‌نیار تۆفیق عه‌زیزی تارژه‌ن و موسه‌یب شادابی.
هونه‌رمه‌ند به‌هۆی به‌هره‌ی دهنگخۆشییهكهیی و كهسایهتییهكهیهوه كه هه‌میشه له‌نێو خه‌ڵكیدا بووه و به‌شداری خۆشی و ناخۆشییه‌كانیان بووه، زۆر خۆشه‌ویست بووه و هه‌میشه وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره ڕیزی لێ گیراوه و به‌چاوی حورمه‌ته‌وه لێی ڕوانراوه، دۆست و هاوڕییه‌تی پته‌وی هه‌بووه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی سه‌رده‌می خۆی، به‌تایبه‌ت بلیمه‌ت و هونه‌رمه‌ندی نه‌مر حه‌سه‌ن زیره‌ك پێوه‌ندییان زۆر خۆش بووه، حه‌سه‌ن زیره‌ك زۆر ڕێز و حورمه‌تی بۆ داناوه، هەروەها له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك گۆرانی لهدیوهخانهكانی ئه‌و كات له شاری سه‌قز خوێندووه، وه‌ك خۆی باسی ده‌كات، له كاتی ژنهێنانیدا حوسێن شۆخ كه‌مان هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك ئه‌و ده‌م له ماڵی (عه‌به خڕه)دا له‌گه‌ڵ (زوبێده) خانمی هاوسه‌ری كرێنشین بوون، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك وه‌ك برای زاوا ڕۆڵی بینیوه و قۆڵی خێزانی زێ زێی گرتووه و له ماڵی بابی بووك به گۆرانی (هاته‌ده‌ر بابێتهر) بووكی هێناوه‌ته‌ده‌ر) (*3).
هونه‌رمه‌ندانی برایانی زێ زێ، نزیكه‌ی 40 ساڵ خزمه‌تێكی به‌رده‌وام به‌و شێوازه هونه‌رییه فۆلكلۆرییهشادی به‌خشه به هونه‌ری گۆرانی و زه‌ماوه‌ند و ڕه‌شبه‌ڵه‌ك و خه‌نه‌به‌ندان بهگۆرانییهكانیان له شاری سه‌قز و ته‌واوی شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له باشووری كوردستانیش به هه‌مانشێوه له‌ڕێی كاسێت و ڕادیۆ كوردییه‌كانه‌وه چێژ له ده‌نگ و هونه‌ری برایانی زێ زێ وه‌رگیراوه و بههونهرهكهیان ئاشنابوون.
كاروانی هونه‌ری هونه‌رمه‌ندان برایانی زێ زێ به‌رده‌وام ده‌بن له‌كاری هونه‌ری، تا ساڵی 2008 هونه‌رمه‌ندی میلـلی عه‌لی شۆخ كه‌مان له ته‌مه‌نی 78 ساڵیدا به نه‌خۆشی ماڵئاوایی له‌ژیان ده‌كات و دڵی گه‌وره‌ی لێوڕێژ له ئاواز و به‌سته‌ی فۆلكلۆری له‌لێدان ده‌كه‌وێت، هونه‌رمه‌ند حوسێن شۆخ كه‌مان به‌ته‌نیا ده‌مێنێـته‌وه.
خاتوو مه‌عسوومه‌ی كچه بچكۆلەی هونه‌رمه‌ند عه‌لی شۆخ كه‌مان باس له دواساته‌كانی باوكی ده‌كات و ده‌ڵێت: هیچ كات له‌بیرم ناچێته‌وه و له چه‌ند ڕۆژ به‌ر له‌مردنی باوكم، چاوه‌ڕێی سه‌ردانی هاوڕێیان و لایه‌نگرانی ده‌كرد و ده‌یگوت، ده‌زانم له‌م رۆژانه‌دا بۆ سه‌ردانم دێن و منیش به‌شێك لهبیرهوهرییهكانمیان بۆ ده‌گێڕمه‌وه تا تۆمار بكرێ، یان بنووسرێته‌وه..! به‌ڵام هیچ كات ئه‌و سه‌ردانه ڕووی نه‌دا و باوكم ئه‌و ئاواته‌ی له‌گه‌ڵ خۆی برده ژێر خاكه‌وه) (*4).
هونه‌رمه‌ند حوسێنی شۆخ كه‌مان دوای كۆچكردنی براكه‌ی، له‌و ڕێگا پیرۆزه‌ی هونه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و چه‌ند جارێك بانگهێشت كراوه بۆ وڵاتی كه‌نه‌دا به مه‌به‌ستی گۆرانی خوێندن و به‌ر له كۆچكردنی هونه‌رمه‌ند كۆنسێرتێكی گه‌وره‌ی له شاره‌كانی سه‌قز، سنه، كامیاران، دیوانده‌ره و چابه‌هار، به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری شاری سه‌قز (فه‌ره‌یدوونی كۆهزادی، عه‌لی تاهیری، ساسانی ساڵحی) ئه‌نجامداوه.
جێی داخ و په‌ژاره‌یه خاوه‌نی ئه‌و ده‌نگه ڕه‌سه‌ن و پاراوه كوردییه له ڕێكه‌وتی 24/11/2015 له ته‌مه‌نی 77 ساڵیدا چاوه‌كانی بۆ هه‌میشه لێكده‌نێ و ماڵئاوایی له شاره ئازیزه‌كه‌ی سه‌قز و هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان ده‌كات، له شاری سه‌قز به‌خاك ده‌سپێردرێت، گڵكۆكانیان غه‌ریقی ڕه‌حمه‌تی په‌وره‌دگار بێت.
لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بده‌م، له‌دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی 1991، گه‌لی كورد له باشوور بووه خاوه‌نی كه‌ناڵی ڕاگه‌یاندن (لۆكاڵ و ئاسمانی)، یه‌ك دوو گۆرانی به‌ده‌نگ و ڕه‌نگ له‌ڕێی شاشه‌ی ئه‌و ته‌له‌فزیۆنانه‌وه په‌خش ده‌كرا كه 3 هونه‌رمه‌ندی میلـلی گۆرانی و موزیك ده‌ژه‌نن و چه‌ند خاتوونێكی شاری سه‌قز به پۆشاكه جوانه‌كه‌ی كوردییه‌وه هه‌ڵده‌په‌ڕن، ته‌نانه‌ت ئێستاشی له‌سه‌ر بێت له‌ڕێی یوتووب و سۆشیال میدیاوه، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه به برایانی زێ زێ ناوبراون و بڵاو بوونه‌ته‌وه، بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی ناوی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه، ژه‌نیاری باڵه‌بان هونه‌رمه‌ند (عه‌زیزی نه‌جه‌فی) و گۆرانیبێژ و ژه‌نیاری دایره، هونه‌رمه‌ند (ئه‌حمه‌دی زارعی) به (ئه‌حمه‌دی زه‌هرایی) ناسراوه كه ئه‌ویش خه‌ڵكی شاری سه‌قزه، به‌داخه‌وه ناوی ژه‌نیاری زهڕبهكهم بۆ ساغ نه‌بۆته‌وه، هه‌روه‌ها وێنه‌یه‌ك بڵاو بۆته‌وه، وا ناسێنراوه كه ئه‌وانیش برایانی زێ زێن، ئه‌و وێنه‌یه هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و ژه‌نیاری به‌توانای زه‌ڕب حه‌سه‌ن حسێنی ژه‌نیاری زه‌ڕب له هه‌ندێك له ئاهه‌نگه‌كانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، باڵه‌بان ژه‌ن حه‌سه‌نی نه‌جه‌فی و گۆرانبێژ و دایره ژه‌ن ئه‌حمه‌دی زههراییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و وێنه و ئاهه‌نگه ده‌نگ و ڕهنگیانه ئه‌رشیف و گه‌نجینه‌یه‌كی به‌نرخی نه‌ته‌وه‌كه‌مانن، زۆر پێویسته كه ناوه‌كانیان به دروستی ئاماژه‌یان پێ بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه جوانه‌ی هونه‌رمه‌ندان نه‌شێوێندرێت.
جه‌مالی ده‌لاك 25/5/2021 هه‌ولێر.
سه‌رچاوه: (*1) كتێبی خه‌زێنه‌ی هه‌رمان، توێژینه‌وه‌ی گۆرانی فۆلكلۆر _ چاپی دووه‌م، نووسه‌ر: سه‌لاح نیساری، لاپه‌ڕه (14)
(*2) كتێبی ژیان و هونه‌ر، كۆكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردن و ساغكردنه‌وه‌ی (تاهیر كرمانج) چاپی یه‌كه‌م (2017)، لاپه‌ڕه (168)، دیداری تاهیر كرمانج له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ساڵی (1992) شاری سه‌قز.
(*3) سایتی ویكیپیدیا
(*4) ماڵپه‌ڕی سه‌قزئاوا،، دیداری بێهنازی ڕه‌سوولی و خه‌لیلی سه‌عیدی دیار.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.