ئەندامی پەرلەمانی ئێران، محەمەد قاسم عوسمانی ڕەخنەی لەو کابینەی نوێی حکوومەت گرت کە لەلایەن سەرۆكکۆماری ئەو وڵاتە، مەسعود پزیشکیان پێشکەش کراوە، ئەوەش بەھۆی ئەوەی ناوی ھیچ کەسێک لە پێکھاتەی سوننە لەنێو کابینەکەدا، نییە.
محەمەد قاسم عوسمانی کە سەربە پێکھاتەی سوننە لە دانیشتنی پەرلەمان کە لەبارەی ھەڵسەنگاندن بۆ 19 وەزیر کە ناویان لە کابینەی نوێی حکوومەت لەلایەن مەسعود پزیشکیانەوە پێشنیازکراوە گوتی: بەڕیز پزیشکیان، گەل دەنگی بۆ گۆڕانکاریی دا، بەڵام کابینەی حکوومەتەکەتان ئاماژە بە ھیچ گۆڕانکارییەک ناکات، ھەروەھا بەرژەوەندیی نیشتمانیی لەمیانی دژایەتی و جیاکارییەوە بەدی نایەت
ئەو ئەندام پەرلەمانەی ئێران، ڕاشیگەیاند: بەدرێژایی مێژووی ئێران، کەس وەک تۆ ھانی ئافرهتان و کۆمەڵگای سوننەی نەداوە، ئێمە گەشبین بووین بە ئێوە و چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد کە وەک ھەنگاوەکانی ڕێبەری باڵا (عەلی خامنەیی) ھەڵسوکەوت بکەن و دروشمی بێ متمانەیی بە کۆمەڵگەی سوننەی شکاند، کاتێک ئەدمیراڵ شەھرام ئێرانی لە پێکھاتەی سوننەی لە ھەستیارترین ئەرکە سەربازییەکانی وڵات، (فەرماندەی ھێزی دەریایی) دەست نیشان کرد، بەڵام ئێوە ئەو کارەتان نەکردووە.
محەمەد قاسم عوسمانی ڕووی قسەکانی کردەی مەسعود پزیشکیان و گوتی: ئەگەر ئێوە بەڵێنەکانی خۆتان بەرامبەر بە کۆمەڵگای سوننە لە ئێران جێبەجێ نەکەن، ئەوە سەرمایەی کۆمەڵایەتییەکی زۆر لە دەست دەدەن، ئەگەر ئیوە ئەو سەرمایە کۆمەڵایەتی و متمانەی ڕای گشتی لەدەست بدەن، ئەوە خەڵکی لە سیاسیەت و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەگەڵ ئێوە نابن، ھەروەھا پاڵپشتی ئێوەش ناکەن.
پێشتر سەرۆكکۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان لە بانگەشەی ھەڵبژاردندا ڕایگەیاندبوو کە پێکھاتەی سوننە بەھۆی جیاکاری تایەفەگەری لە وڵاتدا، لەو پێگەیەی کە شایستەی خۆیانن، بێبەش کراون و بەڵێنی دا ئەو کێشەیە چارەسەر بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.