جه‌مالی ده‌لاك...
خامه‌م له خزمه‌تی هونه‌رمه‌ندێكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی گه‌رمه‌سێره كه ماوه‌یه‌كی زۆره خزمه‌تی به هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه، به‌ڵام به‌رله‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی ژیانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده هه‌ڵبده‌ینه‌وه، پێم باشه كه ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ناو و ناسناوی ئه‌و هونه‌رمه‌نده بده‌م كه هاوشێوه‌ی ناو و ناسناوی هونه‌رمه‌ندێكی مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ی بابانه.
ئاساییه كه هه‌ندێكجار ناو و ناسناو هاوشێوه‌یه‌ی یه‌كتری بوونیان هه‌بێت، هه‌ریه‌كه‌یان له شارێك بن و هه‌ردووكیان هونه‌رمه‌ند بن و خزمه‌ت به هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یان بكه‌ن، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی من گه‌ره‌كمه خامه‌م بخه‌مه خزمه‌تییه‌وه، هونه‌رمه‌ند (حه‌سه‌ن دڵسۆز)ی گۆرانیبێژ و مهنهلۆجبێژی شاری خانه‌قینه، به‌ڵام له شاری سلێمانی به‌هه‌مان ناو و ناسناو هونه‌رمه‌ندێكی ناسراو و خۆشه‌ویست هه‌یه كه ماوه‌یه‌كی زۆره خزمه‌ت به بواری نواندن ده‌كات، ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند (حه‌سه‌ن حسێن محه‌مه‌د) ناسراو به (حه‌سه‌ن دڵسۆز) له ساڵی 1946 له گه‌ڕه‌كی سه‌رشه‌قامی شاری سلێمانی به‌دنیا هاتووه، له‌ناوه‌ڕاستی ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو، وه‌ك ئه‌كته‌رێكی كارامه و سه‌ركه‌وتوو له‌بواری نوانددا ده‌ركه‌وتووه و درێژه‌ی به‌كاره هونه‌رییه‌كانی داوه له شانۆ و درامادا تا ساڵی 2016 به‌داخه‌وه به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه له‌كاری هونه‌ری دووركه‌وتۆته‌وه، ئه‌و هونه‌رمه‌نده ئازیزه‌ی بواری نواندن له‌ڕێكه‌وتی (2/11/2020) به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه كۆچی دوایی كردووه، ڕۆحی شاد و یادی به‌خێر.
با بێنه‌وه سه‌ر هونه‌رمه‌ندی باسه‌كه‌مان، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن دڵسۆز زاده‌ی شارێكه كه مێژوویه‌كی جوان و به نرخی هه‌یه له گه‌رمه‌سێر و كوردستان به گشتی، كه به‌شاری هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبیران و شاعیران و كوردپه‌روه‌ران ناسراوه، ئه‌ویش شاری خانه‌قینه.
كه باسی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی خانه‌قین ده‌كرێت، لیپاولیپه له هونه‌رمه‌ندان كه هه‌ریه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه دژواره‌ی ناوچه‌كه و شاری خانه‌قین له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراقه‌وه ڕووبه‌ڕوو بوونه‌ته‌وه و هه‌ڵگری هه‌ردوو مه‌شخه‌ڵی كوردایه‌تی و پێشخستن و زیندووكردنه‌وه و پاراستنی هونه‌ری ناوچه‌كه بوون. هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێی توانا و ئه‌و ژینگه‌یه‌یی بۆیان ڕه‌خساوه كاری هونه‌رییان ئه‌نجامداوه، هه‌ر كاتێك كه ناوی خانه‌قین ده‌بیسترێ، بێشك ڕووباری ئه‌ڵوه‌ند و پردی ئه‌ڵوه‌ند و خوداد عه‌لی و شه‌هید له‌یلا قاسم و ئازاد خانه‌قینی ده‌بنه پێشه‌نگ، به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌و ناوانه و ئه‌م كۆمه‌ڵه هونه‌رمه‌ندانه ئه‌وانیش به‌شێكی گرینگن له مێژووی ئه‌و شاره و بواری هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی و هونه‌ر به گشتی وه‌ك (خوداداد عه‌لی، ناسڕ حه‌سه‌ن، مه‌حموود وهندی، عه‌لی حسێن وهندی، خه‌لیل مرادخان وهندی، عه‌لی مه‌هدی، جاسم وهندی، ئازاد خانه‌قینی، حه‌سه‌ن هه‌یاس، به‌رزان وه‌هاب، جه‌عفه‌ر حه‌سه‌ن و هه‌ڤاڵ خانه‌قینی) كە به‌داخه‌وه هه‌ندێكیان له‌ژیاندا نه‌ماون، به‌ڵام له‌دوای خۆیان مێژوویه‌كی جوانیان بهنهتهوهكهیان به‌خشیوه، یادیان به‌خێر و ڕۆحیان شاد و یاده‌وه‌رییه‌كانیان هه‌موو كات به‌رز و به‌ڕێز و پڕ شكۆ بێت.
له‌گه‌ڵ ناوی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه، ناوێكی دیاری بواری هونه‌ری گۆرانیبێژ و مهنهلۆجبێژی شاری خانه‌قین كه به‌داخه‌وه ئه‌وه چه‌ند ڕۆژێكه ماڵئاوایی له هونه‌ر و شاره ئازیزه‌كه‌ی خانه‌قین كرد، حه‌سه‌ن دڵسۆزه.
وه‌ك هونه‌رمه‌ندانی سه‌رده‌می خۆی، گه‌ره‌كی بووه كه به شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست خزمه‌ت به هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی بكات.
ڕۆژگارێك بوو له ڕێی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یه‌وه كێشه و گرفته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نێو كۆمه‌ڵی كوردهواری به‌گوێ و بهدییهمان ئاشنا ده‌كرد، هونه‌رمه‌ند له شاره‌كه‌ی ئه‌ڵوه‌نه‌وه، له ڕێی ڕادیۆیی كوردی به‌غدا و ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركووكه‌وه به ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی و میلۆدییه جوان و سه‌رنج ڕاكێشهكانییهوه میوانی ماڵه‌كانمان بوو. ئازار و ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤی كوردی خستۆته‌ڕوو، له‌باره‌ی ژیانی كرێنشینی و له ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركووكه‌وه به هاوكاری هونه‌رمه‌ند ناسر حه‌سه‌ن كلیپی گۆرانی (كرانشینی)مان بینی و هه‌ر كاتێك ئه‌و گۆرانییه په‌خش ده‌كرا، هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ده‌ست كرێنشینییهوه ده‌یان ناڵاند،چیرۆكێكی تاڵ و هه‌مووان خۆیان تێدا ده‌بینییه‌وه.
هه‌روه‌ها باس له‌سیما و جۆری پۆشاكی گه‌نجانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی له ڕێی مهنهلۆجێكهوه خستۆته‌ڕوو كه له تێكست و ئاوازی خۆی بووه به‌ناوی (چۆن پێنه‌كه‌نم به‌و جۆره گه‌نجه)
چۆن پێ نهكهنم به‌و جۆره گه‌نجه
وه‌ك كچ ڕێ ئه‌كه‌ن به‌لار و له‌نجه
ڕۆژ ئه‌به‌نه سه‌ر له‌به‌ر ئاوێنه
په‌نجه‌یان خه‌ریك موو ههڵكهنینه
یاخوا بڕزێ ئه‌و ده‌ست په‌نجه..... تاد)
هونه‌رمه‌ند له‌ڕێی ئه‌و مهنهلۆجهوه مه‌به‌ستی بووه كه گه‌نجی كورد هوشیار بكاته‌وه كه میلـله‌ته‌كه‌ی پێویستی به‌هێز و بازوو و بیركردنه‌وه و تێكۆشانی گه‌نجانی وڵاته‌كه‌یه‌تی تا ده‌ربچن له‌ژێر ده‌سته‌یی و چه‌وسانه‌وه‌ی داگیركه‌ری وڵات.
حه‌سه‌ن ئه‌لاوه‌خش ئیسماعیل ناسراو به (حه‌سه‌ن دڵسۆز) له ساڵی 1943 له شاری خانه‌قین چاوی به‌تاڵ و سوێری و شیرینییه‌كانی ژیان هه‌ڵهێناوه، ئاستی خوێندنی خاوه‌نی بڕوانامه‌ی پێنجه‌می زانستییه.
له ساڵی 1964 بۆ یه‌كه‌مجار چۆته ڕادیۆی كوردی و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی ڕادیۆ وه كه مامۆستا عه‌لی مه‌ردان یه‌كێك بووه له ئه‌ندامه‌كانی لیژنه كه ده‌نگی تاقیكراوه‌ته‌وه و ده‌نگی په‌سه‌ندكراوه و له ڕادیۆ وه‌رگیراوه تا به‌رهه‌مه‌كانی تۆمار بكرێت.
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن دڵسۆز باس له‌و ساته وه‌خته ده‌كات كه له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه ده‌نگی په‌سه‌ند ده‌كرێت: له کاتی ده‌رچوونم له‌و تاقیکردنه‌وه‌یه‌دا و له به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌ڵه هونه‌رمه‌نده، له کاتی پهڕینهوهمدا له جاده‌ی به‌رده‌می ئێزگه ئاگام له خۆم نه‌مابوو و مه‌له‌وانیم ئه‌کرد له ناو خه‌یاڵی هونه‌ر، پاش ئه‌م رووداوه چه‌ندین به‌رهه‌مم تۆمار کرد). (1)
هونه‌رمه‌ند كه‌سێكی شاره‌زا له هونه‌ر و دنیای مه‌قامات و به‌سته‌ی كوردی، ئاوازدانه‌ر و هه‌ندێك له‌به‌رهه‌مه‌كانی له تێكستی خۆی بووه، كه‌سێكی
دڵسۆز و نیشتمانپه‌روه‌ر بووه،له‌سه‌ر كاری سیاسه‌ت و درێژه‌دان به ڕێبازی كوردایه‌تی چه‌ندینجار له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه گیراوه و به درێژایی ته‌مه‌نی دووچاری گرتن و ڕاوه‌دوونان و ئه‌شکه‌نجه و زیندانی بۆته‌وه.
بۆ جاری یه‌که‌م له ساڵی 1970 ڕه‌وانه‌ی (قه‌سری نهایه) کراوه، دووه‌مجار له ساڵی 1978 ڕه‌وانه‌ی زیندانه‌کانی خانه‌قین و باقووبه کراوه و دوایینجاریش له ساڵی 1995 له ئه‌منی عامه‌ی به‌غدا، ئه‌م بهرهنگاربوونهوە و ملکهچنهبوونە بۆ ئه‌و رژێمه ترسناکه، دڵسۆزی به‌هێزتر کرد، به‌ڵام کاربه‌دستانی رژێم رێگه‌یان نه‌دا به‌م هونه‌رمه‌نده ته‌نانه‌ت سه‌ردانی زێده‌كه‌ی خۆشی بکاته‌وه. (2)
هونه‌رمه‌ند جیا له به‌هره‌ی هونه‌ری گۆرانیبێژی، هونه‌رمه‌ندێكی ده‌ست و په‌نجه ڕه‌نگینیش بووه له دروستكردنی ئامێره‌كانی مۆسیقا، به‌تایبه‌ت ئامێره ژێدارهكانی وه‌ك (عوود و بوزوق).
به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن دڵسۆز...
1/ چۆن پێنه‌كه‌نم به‌و جۆره گه‌نجه، له ئاواز و هۆنراوه‌ی هونه‌رمه‌ند و لە ساڵی 1969 تۆماری كردووه.
2/ ئای كه‌وی گیانم كه‌وی
3/ ئه‌ی هاوسێكه‌ی به‌رپه‌نجه‌ره
4/ به‌رده به‌رده
5/ ئاواتی دڵ، ئاواز و تێكستی هونه‌رمه‌ند
6/ كرانشینی، له تێكستی هونه‌رمه‌ند و ئاوازی هونه‌رمه‌ند و مامۆستا
عه‌لی مه‌ردان بووه.
هونه‌رمه‌ند تا ئه‌و كاته‌ی به‌رده‌وام بووه له كاری هونه‌ری خاوه‌نی (40) به‌رهه‌م بووه، كه زۆربه‌یان له ڕادیۆی كوردی به‌غدا تۆماركراون.
هونه‌رمه‌ند تادوا ساته‌كانی ژیانی له شاری به‌غدا نیشته‌جێ بووه و له‌و شاره ژیانی بردۆته سه‌ر، به‌ڵام هه‌موو كات مه‌یل و بیر و هه‌ستی هه‌ر له لای شاره ئازیزه‌كه‌ی خانه‌قین و شوێنه پیرۆز و گهشتیارهییهكانی بووه.
دوای چه‌ندین ساڵ ڕێبوارێكی دڵسۆزی نه‌ته‌وایه‌تی و هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌و شێوه‌یه هه‌ستی خۆی بۆ ئه‌و مێژووه ده‌ربڕیوه و ده‌ڵێت: هیوادارم پاش زیاتر له 50 ساڵ له خزمه‌تی هونه‌ر و کوردایه‌تی، ده‌نگم بگه‌یه‌نمه نه‌ته‌وه و نیشتمانه‌که‌م، هه‌رچه‌ند ته‌مه‌نی هونه‌ریم له چه‌قی پایزی دایه، به‌ڵام دڵم وه‌کو نه‌وره‌سێکی ساوا به‌سه‌ر لێواری ئه‌ڵوه‌ن تهی ده‌کا و له‌گه‌ڵ ماسییه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کانی (ئیسماعیل خه‌یات) و ئای ئایه‌که‌ی (خودادای عه‌لی) یاری ده‌کات. (3)
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن دڵسۆز ڕۆژگاره‌كانی ته‌مه‌نی له شاری به‌غدا به‌سه‌ر ده‌بات و نه‌خۆشیی ده‌بێته میوانی و به‌بێ ده‌نگی و دوور له زێد و هاوڕێیانی، دوای 78 ساڵ ته‌مه‌ن له ڕێكه‌وتی (28/7/2021) خۆری ته‌مه‌نی ئاوا ده‌بێت و ماڵئاوایی ده‌كات و بۆ هه‌میشه چاوه‌كانی لێك ده‌نێت.
ڕۆحی شاد و به‌هه‌شتی په‌روه‌ردگار دواهه‌واری بێت، سڵاو له هونه‌ری جوانی كه به‌خشیویه‌تی به گه‌نجینه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی.
مه‌نه‌لۆجی ( كرانشینی )
ئه‌م مه‌نه‌لۆجه له ساڵی 1974 له شاری خانه‌قین به‌كامێرای سینه‌مایی تۆماركراوه ...
بێزارم له‌ده‌ست كرێ نشینی ،،، خوایه ئه‌مه‌وێ گیانم بسێنی
كاتێ خاوه‌ن ماڵ به‌ربینم ئه‌گرێ،،، له‌گیرفانم دا ( به‌خوا ) پاره نامێنێ
ناوماڵ و پێخه‌ف كۆنه‌ی چل ساڵه،، هه‌موو سه‌ر مانگێ ئه‌م ماڵه‌و ماڵه
من بێزار له‌ده‌ست كرێ نشینیم،، ئه‌ویش بێزاری ده‌ستی حه‌ماڵه
له هیلاكی كار بۆته سه‌ر بارم ،، ده‌رمان و ده‌وا قه‌د ناكا چارم
چونكه له ئارای منداڵی هاوسێ،، خه‌و لێم حه‌رامه ( به‌خوا ) له‌گیان بێزارم
ئه‌وساكه زانیم من چاره ڕه‌شم،، له‌به‌رزی گه‌وره‌ی خواوه بێ به‌شم
هه‌ژاری و كرێ ماڵیش گرانه،، پێنج سهرخێزانم له‌گه‌ڵ خۆم شه‌شم
*********
جه‌مالی ده‌لاك 11/8/2021 هه‌ولێر
سه‌رچاوه: 1 و 2 و 3 ئاری كاكه‌یی... ستۆكهۆڵم،، 26/1/2013
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.