جه‌مالی ده‌لاك...
له ته‌واوی بواره‌كانی هونه‌ردا به‌گشتی، گه‌لێك هونه‌رمه‌ندمان هه‌بووه به‌رده‌وام له‌به‌ره‌ی گه‌له چهوساوهكهیاندا بوون، زوڵم و سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ی گه‌له بنهدهستهكهیان له هونه‌ره‌كه‌یاندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، سه‌ربه‌رزانه تێكۆشاون و هونه‌ره‌كه‌یان خستۆته خزمه‌تی گه‌له‌كه‌یان، له‌وپێناوه‌دا زۆر زه‌حمه‌تیان كێشاوه و ژیانێكی ئارامیان به‌خۆیانه‌وه نه‌دیوه، چونكه له‌لایه‌ن دوژمنی داگیركه‌ره‌وه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕێگری كراوه له‌به‌رده‌م تێكۆشانی هونه‌ریان، هونه‌رمه‌ندی دڵسۆز به‌خاك و نیشتمان و نه‌ته‌وه هه‌رده‌م ژیانی بریتی بووه له ئاواره‌یی، زیندان و ئه‌شكه‌نجه و ته‌نانه‌ت شه‌هیدبوونیش.
شاری زاخۆ، ئه‌و پێگه جوگرافیا به‌نرخه‌ی كوردستان، چه‌ند له بواری ئابووری و ڕامیارییه‌وه پڕ بایه‌خه، له‌باری فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌ری مۆسیقا و ئاوازی ڕه‌سه‌نی كوردییه‌وه بایه‌خدارتر و باڵاتره، خاوه‌نی چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی لاوك و سترانبێژ و ژه‌نیاری به‌توانایه.
هه‌ر كات باسی زاخۆ دێته گوتن، ڕاسته‌وخۆ ناوی (پردی ده‌لال) ئه‌و پرده مێژوویه و ناوی دووانه هونه‌رمه‌نده ده‌نگ زوڵاڵ و ده‌نگ چیاییه‌كانی ئه‌و شاره‌و ده‌ڤه‌ری زاخۆ به‌رجه‌سته ده‌بن، هونه‌رمه‌ندان (ئه‌رده‌وان و ئه‌یاز زاخۆیی).
هونه‌رمه‌ندی ستران و لاوك و سروودبێژ (ئه‌رده‌وان زاخۆیی) یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی شاری زاخۆ و ده‌ڤه‌ری بادینان، به ده‌نگه زوڵاڵ و ستران و لاوك و سرووده ههستبزوێنهكانی پانتاییه‌كی فراوانی له هزر و هه‌ستی گوێ‌گران و ئه‌وینداران و نیشتمانپه‌روه‌ران و هۆگرانی هونه‌ره‌كه‌ی داگیركردووه، ئه‌رده‌وانی جوانه‌مه‌رگی (29) به‌هار ژیان له ماوه‌یه‌كی كه‌می ته‌مه‌نیدا، له ڕێی هه‌ڵوێست و هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ری و هونه‌ره ساده و بێخهوشهكهیهوه توانی ببێت به ئه‌ستێره‌یه‌كی پرشنگداری نێو دنیای هونه‌ری مۆسیقا و ئاواز و لاوك و سترانی كوردی، تا ئێستا ناو و هونه‌ره‌كه‌ی له‌نێو جه‌ماوه‌ردا زیندووه و گه‌لێك له به‌هره‌مه‌ندان و ده‌نگخۆشانی شاری زاخۆ و ناوچه‌كه ببنه قوتابییه‌كی دڵسۆز له قوتابخانه هونه‌رییه‌كه‌ی ئه‌رده‌وان زاخۆیی و له‌ڕێی هونه‌ره به‌رزه‌كه‌ی ئه‌رده‌وانه‌وه بوونه‌ته ڕێبواری ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ری ئاواز و مۆسیقا له شاری زاخۆ و ده‌وروبه‌ری.
ئه‌رده‌وان زاخۆیی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی له گه‌ڕه‌كێكی ههژارنشینهوه بۆ نێو ئامێزی جه‌ماوه‌ر...!
هه‌ژاری و نه‌داری و چه‌شتنی سه‌ختییه‌كان و هه‌وراز و نشێوه‌كانی ژیان، زۆرجار بوونه‌ته وانه‌یه‌كی گرینگ بۆ مرۆڤه‌كان، به‌هێز و بازووی خۆیان ڕووبه‌ڕووی ژیان ببنه‌وه له‌پێناو دابینكردنی نانێكی سه‌ربه‌رزانه، گه‌ڕه‌كی (جێهیان) یه‌كێكه له گه‌ڕه‌كه هه‌ژارنشینه‌كانی شاری زاخۆ، زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی خه‌ڵكێكی هه‌ژار و زه‌حمه‌تكێشن، خانه‌واده‌ی (محه‌مه‌د عه‌لی ته‌ها) یه‌كێكه له‌و خانه‌واده گه‌وره و دێرینه‌ی شاری زاخۆ و له‌و گه‌ڕه‌كه نهدارهدا درێژه‌ییان به‌ژیان داوه.
له ڕێكه‌وتی (1/7/1957) په‌روه‌ردگاری دلۆڤان كۆرپه‌یه‌ك ده‌به‌خشێته خانه‌واده‌ی (محه‌مه‌د عه‌لی ته‌ها) و نێوی ده‌نێن (ئه‌رده‌وان).
واته هونه‌رمه‌ند ئه‌رده‌وان محه‌مه‌د عه‌لی ته‌ها له گه‌ڕه‌كی جێهیان به‌دنیا هاتووه، له‌نێوه‌ندی هونه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا به (ئه‌رده‌وان زاخۆیی) ناو و ناوباگی ده‌ركردووه، له‌به‌ر خۆشه‌ویستی بۆ شار و زێده‌كه‌ی ناوی زاخۆی كردۆته پاشناو و ناسنامه‌ی هونه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی.
خانه‌واده‌ی ئه‌رده‌وان جیا له‌دایك و باوك، پێكهاتووه له (9) برا و (3) خوشك، وه‌ك هه‌موو منداڵێك له ته‌مه‌نی دیاریكراودا خراوه‌ته به‌ر خوێندن، ده‌ستپێكی خوێندنی قۆناغی سه‌ره‌تایی له قوتابخانه‌ی (ئه‌حمه‌دی خانی) بووه، به‌داخه‌وه له‌به‌ر كه‌مده‌رامه‌تی و نه‌داری و زۆری ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی، ئه‌رده‌وان توانیویه‌تی تاپۆلی 5ی سه‌ره‌تایی بخوێنێ و دواتر ده‌ست به‌رداری خوێندن ببێ و شان بداته به‌ر كاركردن و دابینكردنی بژێوی ژیان و هاوكار و یارمه‌تیده‌ری باوكی بێت.
سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی هونه‌رمه‌ند ئه‌رده‌وان زاخۆیی..!
به‌هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندی زێده‌كه‌ی له‌بواری ستران و لاوك و بوونی ده‌نگبێژانی ده‌نگخۆش له شاری زاخۆ و ده‌ڤه‌ره‌كه، هه‌روه‌ها باپیری هونه‌رمه‌ند ئه‌ویش ده‌نگی خۆش بووه، ئه‌مانه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی ئه‌رده‌وان داناوه، تا ئه‌و كاته‌ی قوتابی بووه، له قوتابخانه لاوك و سترانی خوێندووه و هاوڕێكان و مامۆستاكانی و ته‌نانه‌ت له گه‌ڕه‌كه‌یاندا به كه‌سێكی زیره‌ك و ده‌نگخۆش و به‌توانا ناوی ده‌ركردووه، ئه‌رده‌وان به هه‌ژاری و نه‌داری ژیاوه و ڕۆح و هه‌ستی ئاوێته‌ی هونه‌ر كردووه و هه‌نگاوی بۆ نێو دنیای هونه‌ر هه‌ڵگرتووه و ستران و لاوكه فۆلكلۆرییه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی چڕیوه، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی سه‌رنگووم ده‌كرێت له كاروانی هونه‌ری سروود و لاوك و سترانبێژی دانه‌بڕا..؟!
ساڵی 1978 ساڵی كرانه‌وه و ده‌ركه‌وتنی ئه‌و ده‌نگه به‌سۆز و زوڵاڵه‌ی شاری زاخۆیه، هونه‌رمه‌ند سەباح زاخۆیی سه‌باره‌ت به ناسینی هونه‌رمه‌ند ئه‌رده‌وان زاخۆیی دبێژێت:
سه‌ره‌تای ناسینی من بۆ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند (ئه‌رده‌وان زاخۆیی و ئه‌یاز زاخۆیی) له ناوه‌ندی لاوان بوو، سه‌ره‌تا ده‌یانویست گۆرانییه فۆلكلۆرییه‌كان بڵێنه‌وه، به‌ڵام من له‌به‌ر ئه‌وه‌ی توانای ئاوازدانان و ئامێرژهنینم هه‌بوو، بۆیه په‌یمانم پێدان كه چه‌ند ئاوازێك و هۆنراوه‌یه‌كی نوێیان بۆ په‌یدا بكه‌م، توانیمان له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان له ساڵی 1978 كاسێتێكی گۆرانی بۆ هونه‌رمه‌ند ئه‌رده‌وان زاخۆیی تۆمار بكه‌ین، ئه‌و كات سه‌دایه‌كی زۆری له‌نێو خه‌ڵكی دایه‌وه، ئه‌م كاسێته پاڵنه‌رێك بوو بۆ ئێمه گرینگی به‌كاره‌كانی داهاتوومان بده‌ین. (1)
هونه‌رمه‌ند سەباح زاخۆیی هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری ئامێری (عوود) و ئاوازدانه‌رێكی به‌توانا، له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی كاری هونه‌ری له‌گه‌ڵ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ (ئه‌یاز زاخۆیی 1960_20/1/1986) و (ئه‌رده‌وان زاخۆیی) له هه‌موو بۆنه و ئاهه‌نگه‌كان و تۆماری به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند به‌شداربووه و مێژوویه‌كی جوانی له‌گه‌ڵیاندا هه‌بووه، خوێندنه‌وه‌ی بۆ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند به‌وشێوه‌یه هه‌ست و سۆزی خۆی بۆ دهربڕیوون:
(هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ئه‌رده‌وان و ئه‌یاز دوو ده‌نگی ڕه‌سه‌نی كوردی بوون،
ئه‌رده‌وان زاخۆیی: ده‌نگێكی چیایییه، ده‌نگی شۆڕش و كوردایه‌تییه.
ئه‌یاز زاخۆیی: ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی وه‌كو ئاگری جه‌ژنی نه‌ورۆزه هه‌رده‌مێنێته‌وه. (2)
هونه‌رمه‌ند ئه‌رده‌وان زاخۆیی له سه‌ره‌تای ساڵی 1978 به هاوكاری چه‌ند هونه‌رمه‌ندی مۆسیقاژه‌ن و هۆزانڤان یه‌كه‌م ئه‌لبوومی خۆی تۆمار ده‌كات و بڵاو ده‌كاته‌وه، نۆبه‌ره‌ی كاره هونه‌رییه‌كانی بریتی بووه له 7 ستران، له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌م ئه‌لبوومی كاری هونه‌ری و له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه پێشوازی لێ ده‌كرێت.
هونه‌رمه‌ند ئه‌رده‌وان به ماوه‌یه‌كی كه‌م ڕوو ده‌كاته ڕادیۆی كوردی به‌غدا، دوای تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌نگ و توانای هونه‌ری، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕادیۆی كوردی به‌غداوه په‌سه‌ند و ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ده‌درێت، هونه‌رمه‌ند چه‌ند لاوك و سترانێكی به‌سۆز بۆ ڕادیۆی ناوبراو تۆمار ده‌كات.
له ڕێی ڕادیۆی كوردی به‌غداوه ده‌نگ و هونه‌ری ئه‌رده‌وان زاخۆیی بڵاو ده‌بێته‌وه و سترانه به‌سۆزه‌كانی ده‌بێته وێردی سه‌رزاری گویگران و هه‌وادارانی ده‌نگی.
له ڕێكه‌وتی 10/4/1978 هونه‌رمه‌ند ئه‌رده‌وان زاخۆیی به‌رهه‌می دووه‌می خۆی بڵاو ده‌كاته‌وه. (3)
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی و به‌شێوه‌ی كاسێت و سترانه‌كانی له‌ڕێی ڕادیۆی كوردی به‌غداوه، ئه‌رده‌وانی ده‌نگ چیایی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له هونه‌رمه‌ندان (ئه‌یاز زاخۆیی، سەباح زاخۆیی، سه‌میر زاخۆیی و عه‌بدولعه‌زیز سلێمانی هۆزانڤان) چه‌ندین به‌رهه‌می هونه‌ری تۆمار ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌و به‌رهه‌مه هونه‌رییانه كه زۆر به‌خێرایی له‌ناو جه‌ماوه‌ردا بڵاوبۆوه، كاسێتێكی لاوك و ستران بووه هه‌ردوو هونه‌رمه‌نده دووانه لاوه‌كه‌ی شاری زاخۆ ئه‌رده‌وان و ئه‌یاز پێكه‌وه تۆماریان كردووه، جێی ستایش و خۆشحاڵی هۆگرانی لاوك و سترانی كوردی بووه.
ئه‌رده‌وانی ده‌نگخۆش و به‌هره‌مه‌ند زیاتر ناو و ناوبانگ په‌یدا ده‌كات، به ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی به‌شداری هه‌موو بۆنه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و ئاهه‌نگه‌كانی شاری زاخۆ ده‌كات، له ئاهه‌نگ و دانیشتن و كۆڕی یاراندا بێ سڵه‌مینه‌وه هه‌سته نه‌ته‌وایه‌تییه‌كه‌ی له ڕێگه‌ی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت به ئاماده‌بووان و به‌رده‌وام ناوی پیرۆزی كوردستانی له‌ناو سترانهكانیدا هێناوه.
ساڵی 1981 قۆناخێكی دیكه‌ی ژیانی هونه‌رمه‌ند ئه‌رده‌وان زاخۆیی ده‌ست پێ ده‌كات، ئه‌ویش ڕێی خه‌بات و تێكۆشان و به‌رگریی له خاك و نیشتمانه‌كه‌ی ده‌گرێته‌به‌ر و ده‌بێته پێشمه‌رگه‌یه‌كی وه‌فادار بۆ كوردستان، له‌ناو ڕیزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان به هونه‌ر و چه‌ك لهمهتهرێزهكانی به‌رگریدا خه‌بات ده‌كات، به‌ستران و لاوك و سرووده به‌جۆشه‌كانی وره‌ی هاوڕێ پێشمه‌رگه‌كانی به‌رزتر ده‌كاته‌وه.
له شاخ هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه ئه‌رده‌وان زاخۆیی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان (سهعیدگاباری 24/3/1956_4/5/2020) و (شاكر محه‌مه‌د ئه‌مین ئاكره‌یی 21/4/1954 ئاكرێ)، هه‌رسێكیان ده‌نگی شۆڕشگێڕانه‌یان ئازادانه بڵندتر ده‌كه‌ن له تیپی مۆسیقای (گوڵان) درێژه به‌خه‌باتی هونه‌ری به‌رگری و ئه‌وینداری ده‌ده‌ن.
یه‌كێك له‌و سترانه به‌جۆش و خرۆشه‌ی له‌ڕادیۆی شۆڕشه‌وه به‌رده‌وام ده‌درا به‌گوێی بیسه‌راندا، هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند (ئه‌رده‌وان زاخۆیی و سه‌عید گاباری) پێكه‌وه خوێندوویانه سترانی:
(دایه ئه‌زم د جه‌نگم، پێشمه‌رگه‌یه‌كی چهلهنگم
چه‌كی من ملانه، دیلان ده‌نگی توپانه
د چی یا ئه‌ز كهلینم، ب دوژمنێ حهلینم
گهرشههید بووم خۆڕاگره، دایه ئه‌ز پێشمه‌رگه‌مه). (4)
له درێژه‌ی خه‌بات و تێكۆشانی به‌رگری و هونه‌رییان هه‌رسێ هونه‌رمه‌ند شاكر ئاكره‌یی، سه‌عید گاباری و ئه‌رده‌وان زاخۆیی له شاخ له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای گوڵان كاسێتێك له سروود و ستران پێكه‌وه تۆمار ده‌كه‌ن، ئه‌و به‌رهه‌مه زۆر به‌زوویی له‌ناو خه‌ڵكیدا بڵاو ده‌بێته‌وه و ده‌بێته وێردی سه‌رزاری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، تیپا گوڵان له‌و سه‌رده‌مه‌دا خزمه‌تێكی زۆری به هونه‌ری به‌رگری كردووه، نابێت ڕۆڵی گشت هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و تیپه له‌یاد بكه‌ین به‌گشتی و به‌تایبه‌ت ڕۆڵی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ڕه‌مه‌زان ئاكره‌یی برای هونه‌رمه‌ند شاكر ئاكره‌یی و ژه‌نیاری ئامێری (ساز)، هونه‌رمه‌ند و مامۆستا عیماد ئاكره‌یی ژه‌نیاری ئامێری (كه‌مانچه و عوود) ده‌رچووی ئه‌كادیمای هونه‌ری به‌غداد بووه، ڕۆڵێكی مه‌زنی هه‌بووه له تۆماركردنی گۆرانییه‌كانی شه‌هید ئه‌رده‌وان زاخۆییدا.
ئه‌رده‌وانی جوانه‌مه‌رگ هه‌میشه له هه‌وڵی سه‌رخستن و پێشخستنی هونه‌ره‌كه‌یدا بووه، به‌ڵام به ئاراسته‌ی ئاوێته‌بوونی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڕژێمی به‌عس و هونه‌ره‌كه‌ی بۆ هه‌موو خه‌ڵكی ئازادیخواز بووه، له هه‌ر ئاهه‌نگ و كۆڕ و یادێك له شاری زاخۆ و شاری دهۆك و ده‌وروبه‌ری ئه‌رده‌وان به‌شداری كردبێت، له‌ڕێی ده‌نگ و ئاواز و سترانهكانییهوه به‌رده‌وام بۆته داینه‌مۆی بزواندنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ئاماده‌بووان و هه‌ستی جه‌ماوه‌ری خرۆشاندووه، له ڕێی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه دژایه‌تی خۆی بۆ ڕژێم ده‌ربڕیوه، ئه‌و هه‌سته نه‌ته‌وه‌ییه‌ی كردۆته چقڵ بۆ چاوی ناحه‌ز و داگیركه‌ری كوردستان، له‌به‌رئه‌و هۆكارانه‌ش بووه ده‌سه‌ڵاتی حیزبی به‌عس هه‌میشه له سه‌نگه‌ردا بووه و ئه‌و ده‌نگه زوڵاڵه پڕهه‌سته نه‌ته‌وه‌ییه ئه‌و چرا ڕۆشنه‌ی هونه‌ری لاوك و ستران و به‌رگری بكوژێنێته‌وه..!
دوابه‌داوی خزمه‌تكردن به‌خاك و نیشتمان و به‌شۆڕشی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌ی، هونه‌رمه‌ند ئه‌رده‌وان زاخۆیی ڕوو ده‌كاته ئێران و ماوه‌یه‌ك وه‌ك ئاواره ده‌مێنێته‌وه، پاشان بڕیار ده‌دات كوردستان به‌جێ بهێڵێت و ڕوو بكاته هه‌نده‌ران، به هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت خۆی ده‌گه‌یه‌نێته باكوری كوردستان، ماوه‌ی یه‌ك ساڵ به (جزیر و بۆتان) ده‌مێنێته‌وه، له‌به‌ر نه‌بوونی پاسپۆرتی عێراقی گرفتی زۆر و سۆزی دووره زێد و كه‌سوكار و ئازیزان، زاخۆ و كه‌لتووره شیرینه‌كه‌ی، هونه‌رمه‌ند ئه‌رده‌وان كه‌مه‌ندكێش ده‌كاته‌وه و ده‌گه‌ڕێته‌وه شاری زاخۆ و درێژه به ژیان و كاری هونه‌ری ده‌داته‌وه.
سه‌رله‌نوێ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی سترانبێژ و ژه‌نیاری زێده‌كه‌ی كاری هونه‌ری ئه‌نجام ده‌دات به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ ئه‌یاز زاخۆیی و سەباح زاخۆیی.
به‌داخه‌وه هونه‌رمه‌نده كه‌م ته‌مه‌ن و لێوڕێژ له ستران و لاوكی دڵ‌نشین ئه‌یاز زاخۆیی دووچاری شێرپه‌نجه‌ی خوێن ده‌بێت، له‌نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ربازی شاری مووسل له‌ژێر چاودێری پزیشكدا له ڕێكه‌وتی (20/1/1986) كۆچی دوایی ده‌كات، دواتر ته‌رمی هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ له گۆڕستانی زاخۆ به‌خاكی پیرۆزی كوردستان ده‌سپێردرێت.
جوانه‌مه‌رگ بوونی هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ی و هه‌میشه وه‌ك برا و هاوڕێی هونه‌ریی پێكه‌وه ستران و لاوكیان بۆ ژیان و خۆشه‌ویستی و ئازادی وڵات ده‌چڕی، ئه‌و مه‌رگه پڕ ئازاره له‌ناكاوه‌ی هاوڕێ كه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌رده‌وان داده‌نێ و زۆر خه‌مبار ده‌بێت به له‌ده‌ستدانی ئه‌یاز زاخۆیی برا و هاوڕێی.
هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و ئاواز دانه‌ر سەباح زاخۆیی له‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه پێی ڕاگه‌یاندم: ئه‌یاز گه‌نجێكی جوان و خاوه‌ن به‌هره‌یه‌كی زۆر بوو له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه ئه‌و توانا هونه‌رییه‌ی خه‌زێنه‌یه‌كی گه‌وره‌ی فۆلكلۆری ده‌ڤه‌ره‌كه بوو، به‌داخه‌وه به‌و نه‌خۆشییه كۆچی كرد و به‌جێیهێشتین، له كاتی مه‌رگی له‌ناكاوی ئایاز، ئه‌رده‌وان ماڵی له دهۆك بوو، له دهۆكه‌وه هات بۆ زاخۆ هه‌رسێ ڕۆژی پرسه‌كه له‌گه‌ڵمان به‌شدار بوو، دوای سێ ڕۆژه‌كه گوتی ده‌چم بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ ته‌حسین ته‌ها یادی ڕادیۆی كوردی به‌غدایه، ئه‌و ڕۆژه ئه‌رده‌وان خوداحافیزی لێكردین، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و ڕۆیشتنه‌ی ڕۆیشت و بزریان كرد نه‌هاته‌وه و بێ سۆراخ بوو ..!). (5)
به مه‌به‌ستی به‌شداریكردنی یادی 47 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی ڕادیۆی كوردی به‌غدا، هونه‌رمه‌ند ئه‌رده‌وان زاخۆیی ده‌چێت بۆ به‌غدا، سیخوڕ و پیاوه‌كانی حیزبی به‌عس به ده‌رفه‌تیان زانیوه و له هه‌لێك گه‌ڕاون بۆ كوژاندنه‌وه‌ی ئه‌و چرا دره‌وشاوه‌یه‌ی هونه‌ر مۆسیقا و سترانی كوردی، ئه‌رده‌وانی هونه‌رمه‌ند له میوانخانه‌ی (ئهلئهغادیر) شوێنی مانه‌وه‌ی بووه، پیاوه‌كانی ڕژێمی به‌عس له شه‌وی (28 له‌سه‌ر 29/1/1986) له‌ناكاو ده‌ده‌ن به‌سه‌ر میوانخانه‌ی ناوبراو و ئه‌رده‌وانی هونه‌رمه‌ند و عاشق به‌ژیان به كوردستان ده‌ستگیر ده‌كه‌ن، له كاتێكدا 8 ڕۆژ تێپه‌ڕبووه به‌سه‌ر مه‌رگی له ناكاوی هونه‌رمه‌ند ئه‌یاز زاخۆییدا، ده‌نگ زوڵاڵێكی دیكه‌ی شاری زاخۆ ڕاپێچی ژووره تاریكه‌كانی زیندانی به‌عسییه‌كان ده‌كرێت.
هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ ئه‌رده‌وان زاخۆیی له ساڵی 1979 له ڕێی خۆشه‌ویستییه‌وه ژیانی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ خاتوو (له‌یلا حه‌نا پۆڵس) پێكدێنێ و ده‌بنه خاوه‌نی كچ و كوڕێك به‌ناوه‌كانی (هۆزان و كۆڤان).
به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند ئه‌رده‌وان زاخۆیی:
(كوردستان كوردستان، ئه‌ی فه‌له‌ك، ئه‌ڤرۆكه نه‌ورۆزه، له‌یلا، نازێ نازۆ، بابۆ، ڕۆژ ئهزبمرم جانا من، ببێژه یارێ (له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند شاكر ئاكره‌یی)، زاخۆ، له‌شكرێ مه، سلاڤا من كی، گۆڤه‌نده گۆڤه‌نده (له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئه‌یاز زاخۆیی)، گولا باخی كوردستانی، ئاخ غهزالا من و كه‌سرا خورتێ و ..... تاد).
له مانگی یه‌كی هه‌موو ساڵێكی زاینی له شاری زاخۆ به‌تایبه‌تی و كوردستان به‌گشتی یادی دوو هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگه (ئه‌یاز و ئه‌رده‌وان) دوو هونه‌رمه‌ندی ده‌نگ و هونه‌ر زراڤ، ئه‌یازی جوانه‌مه‌رگ ته‌رمه‌كه‌ی له‌ناو خاكه پیرۆزه‌كه‌ی زاخۆ دایه و گڵكۆی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌رده‌وانی هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه هه‌تا ئێستا بێسه‌روشوێن و سهرنگوومكراوه و له هیچ لایه‌ك جه‌سته‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌ند بوونی نییه و بێسهرشوێنه، تا ئێستا ئه‌سرینه‌كانی ڕووخساری دایكی وشك نه‌بوونه‌ته‌وه.
دروود و سڵاو بۆ گیانی پاكی هونه‌رمه‌ندانی شه‌هیدی سه‌رنگومكراو (ئه‌رده‌وان زاخۆیی) و ( قادر كابان 1937_ 28/2/1981 ڕۆژی سه‌رنگومكردنی، 1/7/1981 ڕۆژی له‌سێداره‌دان و شه‌هیدكردنی) و هه‌موو شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاری كوردستان و هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی كوردستان.
هه‌زاران چه‌پكه گوڵی كوێستانی وڵات پێشكه‌شه بهڕووحیانهتی پاكی هونه‌رمه‌ندی شه‌هید ئه‌رده‌وان زاخۆیی، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی هه‌ڵوێست و هونه‌ره‌كه‌ی بۆته قوتابخانه‌یه‌ك بۆ به‌هره‌مه‌ندان و ده‌نگخۆشان، ڕۆحی شاد و ناو هونه‌ره‌كه‌ی هه‌میشه به به‌رزی و پیرۆزی ده‌مێنێته‌وه.
سه‌رچاوه:
(1) (لەبەر ئەوەی بەرهەمەکانی (ئەردەوان و ئەیاز زاخۆیی) ڕەسەنن، بۆیە هەرگیز لەبیر ناکرێن) دیدار له‌گه‌ڵ سەباح زاخۆیی، ئاریان ده‌رگه‌ڵه‌یی، سایتی چرا، له 22/10/2010.
(2) به‌رنامه‌ی (تاڤهههیڤ) دیدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی موزیكژه‌نی كورد سەباح زاخۆیی، پێشكه‌شكردنی سەبری سڵێمانهیی ( 5/1/2022) یوتووب.
(3) هونه‌رمه‌ند ئه‌رده‌وان زاخۆیی، به‌رنامه‌ی به‌یانیت باش كوردستان، كه‌ناڵی ئاسمانی كوردستان، 9/7/2018.
(4) دیدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سه‌عید گاباری، ڕادیۆی ڕووداو به‌رنامه‌ی (ژیان و هه‌ڵبه‌ست) (8/6/2017).
(5) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سەباح زاخۆیی رۆژی یه‌كشه‌ممه (28/7/2024) (هه‌ولێر – زاخۆ).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.