Erbil 14°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 00:47

هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا (1912 _ 14/7/1974)

ده‌نگێكى خۆش و چريكه‌يه‌كى به‌رز، هونه‌رمه‌ندێكى كوردپه‌روه‌ر...!
کوردستان TV
100%

جه‌مالی ده‌لاك ...

توخوا سا (ڕه‌شۆڵ) تۆش قه‌تاره‌كه‌ت

سه‌داى سوب سه‌حه‌ر پاى كۆساره‌كه‌ت

به‌ڵكو بێنه‌ جۆش نه‌وجه‌وانانمان

تێكۆشن به‌عيلم بۆ خان و مانمان (پيره‌مێرد)

ئاوڕدانه‌وه‌يه‌ك له ‌مێژووى ئه‌ديب و ڕۆشنبيران هونه‌رمه‌ندانى دوێنى گه‌له‌كه‌مان كارێكى پێويست و به‌نرخه،‌ چونكه‌ ئه‌وان له‌و ڕۆژانه‌دا به‌ هه‌موو هه‌وڵێكى دڵسۆزانه‌ و خۆنه‌ويستانه‌ تێكۆشاون بۆ ئامانجێك ئه‌ويش ڕێزگرتن و به‌رزنرخاندنى نه‌ته‌وه‌كه‌يانه‌ له‌و بواره‌دا كه‌ بۆى تێكۆشاون، ده‌بێت ئه‌وه‌ش ڕه‌چاو بكه‌ين كه‌ ئه‌وان له‌و كات و سه‌رده‌مه‌دا له‌ چ بارودۆخێكى دژواردا بوون، به‌ڵام كۆڵييان نه‌داوه‌ و هه‌ربه‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ست و تێكۆشان و دلسۆزييه‌ بۆ فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و ئه‌ده‌ب و هونه‌رى نه‌ته‌وه‌كه‌يان.

شاری سلیمانی له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌م ته‌مه‌نه‌ييدا خاوه‌نی مێژووییه‌کی گه‌لێک جوان پڕ شانازییه‌ له‌ هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا، به‌تایبه‌ت بواری هونه‌ری موزیک و گۆرانی که‌ خاوه‌نی چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی ده‌نگ خۆش و به‌هره‌مه‌ندو ده‌ست و په‌نجه‌ زێڕینه‌، هونه‌رمه‌ندانی وه‌ک (ئه‌حه‌ی ناسر، مه‌لا که‌ریم، حه‌مه‌ی به‌کر، مه‌حموی حه‌مه‌ی له‌یلێ، قایه‌ری حاجی حسه‌ین، ئیبراهیم حه‌زین، حه‌مه‌ ساڵح دیلان، مه‌حموی تۆفیق شلک، تالیب مه‌جید (ته‌له‌)، ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ، به‌کری حاجی سه‌عید (به‌کر قرقێنه‌) و ڕه‌شۆڵ....تاد).

ده‌نگه‌ خۆشه‌کانی هه‌ریه‌ک له‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ بۆن و به‌رامه‌یه‌ک و مۆرکی سلێمانی به ‌ڕۆحمان ده‌به‌خشێت و ده‌مانباته‌وه‌ بۆ گرده‌که‌ی یاره‌ و کارێزی وه‌ستا شه‌ریف و وه‌یس و سه‌رچنار و کوچه ‌و کۆڵانی گه‌ڕه‌که‌کانی شیوی قازی و چوارباخ و سه‌رشه‌قام و جوله‌کان و سه‌رکارێز و كانى ئاسكان و مه‌ڵکه‌ندی و حاجی حان.

ناوى (حاجى تۆفيق _پيره‌مێردى شاعير و حاجى باقى به‌نگينه ‌و گرده‌كه‌ى  ياره‌) دێته‌ گوێمان، هونه‌رمه‌ندێكى ده‌نگ زوڵاڵ و خاوه‌ن چريكه‌يه‌كى به‌رز ده‌بێته‌ هاوه‌ڵى ئه‌و ناوه‌ جوان و به‌رزانه‌، ئه‌ويش پياوێكى باڵابه‌رزى له‌شولار پڕى ئه‌سمه‌ر ڕه‌نگه‌.

(ئۆخه‌ی گرده‌که‌ی یاره‌) ئه‌و گۆرانییه‌ شیرین و به‌چێژه‌یه‌ هه‌ر کات به‌ر گوێمان ده‌که‌وێت، که‌سایه‌تییه‌کی دێڕین و هونه‌رمه‌ندێکی ده‌نگخۆش و دره‌وشاوه‌ى شارى  سلیمانی وه‌ک (ره‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا) له‌ ده‌رگای بیروهۆشمان ده‌دا که‌ مێژوویه‌کی جوانى به‌ هه‌ڵوێست و ده‌نگى خۆش و وته‌ و نوكته‌‌ى خۆش و قسه‌ له‌مست  تۆمار کردووه‌.

هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ ناوی (ره‌شید حاجى عه‌بدوڵا ميرزا عه‌زيز ميرزا فه‌تاحى بازرگان) ناسراو به‌ (ره‌شۆڵ)، زۆرجار له‌نێوه‌ هاوڕێكانيدا به ‌كاك (ڕه‌شی)يش بانگكراوه‌، له ‌بنه‌ڕه‌تدا بنه‌ماڵه‌كه‌ى خه‌ڵكى شارى كۆيه‌ن، به‌ڵام زۆر له‌مێژه‌ هاتوونه‌ته‌ سلێمانى و نيشته‌جێ بوون، هونه‌رمه‌ند له‌ ساڵی 1912 له‌ گه‌ڕه‌کی سه‌رشه‌قامی شاری سلێمانی به‌ دنیا هاتووه‌، حاجی عه‌بدوڵڵا باوکی به‌کاری بازرگانییه‌وه‌ سه‌رقاڵ بووه‌، ره‌شۆڵیش له‌ سه‌ره‌تای لاوییه‌وه‌ حه‌زی به‌ هاوڕێیه‌تی گۆرانیبێژان و ده‌نگخۆشانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی شار کردووه‌ و له‌ کۆڕ و ئاهه‌نگ و شه‌و ئاهه‌نگه‌کانی ئه‌و کاتی شاردا به‌شداربووه‌، هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی سلێمانی که‌ره‌شۆڵ هه‌میشه‌ هاوڕێ و به‌شداری ئاهه‌نگه‌کانییانی کردوون وه‌ک (ئه‌حه‌ی ناسر و زۆر دۆستی مه‌لاکه‌ریم بووه‌ و حه‌مه‌ ساڵح دیلان و حه‌مه‌ی به‌کر).

ڕه‌شۆڵ هونه‌رمه‌ندێكى نه‌خوێنده‌وار، به‌ڵام خاوه‌ن پێگه‌يه‌كى كۆمه‌ڵايه‌تى فراوان و به‌رز و ڕێبوارێكى دڵسۆزى ڕێگا پيرۆزه‌كه‌ى كوردايه‌تى، جگه‌ له‌وه‌ی وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رده‌می خۆی بۆته‌ دۆست و خۆشه‌ویستی شێخ مه‌حموودی نه‌مر و شێخ له‌تیفی کوڕی شێخ مه‌حموود، هه‌روه‌ها دۆستێكى نزيكى سه‌ركرده‌ و ڕابه‌ڕى شۆڕشى كورد (مه‌لا مسته‌فاى بارزانى) بووه‌، له‌ نزيكه‌وه‌ به‌خزمه‌تى بارزانى نه‌مر گه‌يشتووه‌.

په‌يوه‌ندييه‌كى كۆمه‌ڵايه‌تى پته‌وى هه‌بووه‌ له ‌ته‌ك كه‌سايه‌تى و ڕۆشنبيران و ئه‌ديبان و شاعيراندا وه‌ك (برايم ئه‌حمه‌د، پيره‌مێرد و بێكه‌س).

 هونه‌رمه‌ند ره‌شۆڵ له ‌پاڵ بێکه‌سی شاعیر و ره‌مزی مه‌لا مارفى شاعير و عه‌وله‌ سیس و چه‌ندین که‌سایه‌تی دیکه‌ی شار، به‌شداری ڕاپه‌رینه‌که‌ی به‌رده‌رکی سه‌رای سلێمانی له‌ (6ی ئه‌یلوولی 1930)دا کردووه‌، دواى خوێن به‌خشين و قوربانيدان و شه‌هيدكردنى ڕۆڵه‌ دڵسۆزه‌كانى شارى سلێمانى به‌ده‌ستى ئينگليز، ڕه‌شۆڵى هونه‌رمه‌ند يه‌كێك ده‌بێت له‌گ يراوه‌كانى ئه‌و ڕاپه‌ڕينه‌ و زيندانى ده‌كرێت.

کاتێک شێخ مه‌حموودى نه‌مر له‌ شه‌ڕی ئاوباریک به‌ هاوکاری عه‌شره‌ته‌کانی جاف و زه‌نگه‌نه ‌و ده‌لۆ دژ به‌ سوپای عێراق جه‌نگاوه‌، بۆ ئه‌و شه‌ڕه‌ قاره‌مانانه‌يه ‌و خۆڕاگرى هێزه‌كانى شێخ مه‌حموود، ره‌شۆڵی هونه‌رمه‌ند گۆرانی و مه‌قامی (هه‌ڵمه‌تبه‌رن به‌لاوکی کوردی و قه‌تاره‌وه‌)ى خوێندووه‌، له‌ هه‌رلایه‌ک ده‌نگ و سه‌دای راپه‌رین و شۆڕشێكى نه‌ته‌وه‌یی کورد بوونى هه‌بوو بێت،(*1)

ره‌شۆڵ هه‌ستى كوردايه‌تى له‌ ده‌روونيدا قوڵپى داوه‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای شۆڕشی ئه‌یلووله‌وه‌ له ‌ساڵى 1961 ڕه‌شۆڵى هونه‌رمه‌ند و كوردپه‌روه‌ر لایه‌نگر و خه‌باتکارێکی ئه‌و شۆرشه‌ مه‌زنه‌ بووه‌.

هونه‌رمه‌ند له‌ سه‌ره‌تاى سييه‌كانى سه‌ده‌ى پێشوو هاتۆته‌ نێو دنياى خۆشخوانى و چڕينى به‌سته ‌و مه‌قام، ده‌نگى پڕ سۆز و  خاوه‌ن چريكه‌ى به‌رز و زۆڵاڵى ڕه‌شۆڵ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێ كه‌ هاوته‌ريبه‌ له‌گه‌ڵ ده‌نگى به‌رز و چريكه‌ ئاساى  هونه‌رمه‌ندان (سه‌يد عه‌لى ئه‌سغه‌رى كوردستانى و مه‌لاكه‌ريمى سابڵاخى)وه‌ له ‌نزيكه‌وه‌ به‌خزمه‌تييان گه‌يشتووه‌ و سوودى له‌ چريكه‌ و تۆنى ده‌نگ و سۆزى به‌رزى خوێندنى ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌يه‌ وه‌رگرتووه‌ و خۆى په‌روه‌رده‌ كردووه.

له‌ سييه‌كانى سه‌ده‌ى پێشوو ته‌نها كۆمپانياكانى قه‌وان تۆماركردن له ‌شارى به‌غدا هه‌بوون، به‌هۆى كه‌سايه‌تى ديار و ڕۆشنبير و خه‌مخۆرى هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان (عومه‌ر قه‌زاز)، دووجار هونه‌رمه‌ند (مه‌لاكه‌ريمى سابڵاخى) له‌گه‌ڵ خۆيدا بردووه‌ بۆ به‌غدا بۆ مه‌به‌ستى تۆماركردنى به‌رهه‌مه‌كانى له‌سه‌ر قه‌وانی كۆمپانیاكانی وه‌ك (ئۆدیۆن، به‌یزافۆن و هس ماسترس ڤۆیس)، له ‌ناوه‌ڕاستى سييه‌كاندا هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند مه‌لاكه‌ريمى سابڵاخى و ڕه‌شۆڵ ڕوو ده‌كه‌نه‌ شارى به‌غدا و پێكه‌وه‌ دوو گۆرانى و سروودێك له‌سه‌ر ( قه‌وان _ سه‌فحه‌) به‌ناوه‌كانى  (كه‌واى به‌رت ماهووته‌) و (خاسێ تۆخانمى) و سروودى (دڵ له‌‌ده‌ر‌دى وه‌ته‌ن)  تۆمار ده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تێكى گرینگ ده‌بێت بۆ هونه‌رمه‌ند و له ‌كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ و شه‌و ئاهه‌نگ و مه‌جليسى خۆشه‌ويستانيدا به‌ مه‌قام و به‌سته ‌و قسه‌ خۆشه‌كانى به‌شدار ده‌بێت و هه‌موو كات خۆشی و چێژ و خه‌نده‌ى پێ به‌خشيوون.

دواى كردنه‌وه‌ى ڕاديۆى كوردى به‌غدا له ‌ساڵى 1939، ئه‌و ڕاديۆيه‌ هيوابه‌خش و تروسكاييه‌ك ده‌بێـت بۆ تۆماركردنى ده‌نگى به‌سۆزى هونه‌رمه‌ندان له‌ ته‌واوى كوردستان، له ‌ساڵى 1949 هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند مه‌حمود محه‌مه‌د قادر ناسراو به‌ مه‌حموى حه‌مه‌ى له‌يلێ و ڕه‌شۆڵ چوونه‌ته‌ ڕاديۆى كوردى به‌غدا، پێكه‌وه‌ چه‌ند مه‌قام و گۆرانييه‌ك تۆمار ده‌كه‌ن، وه‌ك (گيان گيان و گيان ئازيزه‌كه‌م) و (ئامێنێ نازه‌نينێ) و (ده‌ستم لێ مه‌ده‌ن) مه‌قامه‌كانى وه‌ك (قه‌تار، خاوكه‌ر، ئه‌ڵڵاوه‌يسى و خورشيدى) (*2).

دواى تۆماركردنى ئه‌و به‌سته‌ و مه‌قامانه‌ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ده‌بنه‌ گۆرانيبێژی هه‌ميشه‌یی ڕاديۆى كوردى به‌غدا، يه‌كه‌م ئاهه‌نگى تۆماركراوى هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا له ‌ڕاديۆى كوردى به‌غدا له‌ ڕێكه‌وتى 7/4/1949 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. (*3)

له ‌ساڵى 1955 كاتێك تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى به‌ هه‌وڵى چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكى دڵسۆز داده‌مه‌زرێت، هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا له‌گه‌ڵ چه‌ند ده‌نگخۆشێكى شار ده‌بنه‌ گۆرانيبێژى تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى و به‌شدارى چالاكی هونه‌ری و بۆنه‌ نه‌ته‌وايه‌تى و كۆمه‌ڵايه‌تيیه‌كان له‌گه‌ڵ تيپى ناوبراودا ده‌كات.

له‌بارى كۆمه‌ڵايه‌تييه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند ژنى هێناوه‌ و هاوسەرەكەی ناوى (ئه‌خته‌ر) بووه‌.

پێويسته‌ ئاماژه‌ به ‌ڕۆڵى ئه‌م شێره‌ ژنه‌ شه‌هيده‌ بده‌ين و بزانين كێيه‌؟

ئه‌خته‌رساڵح ئه‌حمه‌د مه‌حمود هاوسه‌رى ڕشۆڵ عه‌بدوڵڵاى هونه‌رمه‌ند بووه‌، پێوه‌ندييه‌كى سۆزدارى زۆر هه‌بووه‌ له‌نێوانياندا و ڕه‌شۆڵ زۆرى خۆشويستووه‌، له‌ ڕێكه‌وتى 9/10/1956 شێخ مه‌حموودى نه‌مر به‌نه‌خۆشی له ‌شارى به‌غدا كۆچى دوایی ده‌كات، له ‌ڕۆژى هێنانه‌وه‌ى ته‌رمى شێخ مه‌حموودى حه‌فید خه‌ڵكه‌كه‌ داواى ئازادكردنى شێخ له‌تیفى حه‌فید كوڕى شێخ مه‌حموود ده‌كه‌ن كە له‌و كاته‌دا زيندانى بووه‌ له‌ (سجنى سه‌ره‌وه‌)ى شارى سلێمانى بۆ مه‌به‌ستى به‌شداريكردن له‌ مه‌راسیمى به‌خاكسپاردنى ته‌رمى باوكیدا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و كاتى مه‌ليكى ڕێگر ده‌بێت، دواتر گرژى و ئاڵۆزى ده‌كه‌وێته‌وه‌ نێوان خه‌ڵك و پۆليسه‌وه‌،‌ له‌ ڕێكه‌وتى 11 /10/ 1956 ده‌بێت به‌ ته‌قه‌ و ئه‌خته‌رى هاوسه‌رى ڕه‌شۆڵ له‌ناو خه‌ڵكى ڕاپه‌ڕيودا به‌ فيشه‌كى پياوانى ڕژێمى ئه‌وساى عێراق خه‌ڵتانى خوێن ده‌كرێ و شه‌هید ده‌كرێت، وه‌ چه‌ند كه‌سێكى تریش له‌و ڕۆژه‌دا شه‌هید و بریندار بوون، ئه‌خته‌رى شێره‌ ژن ده‌بێته‌ سمبولى قاره‌مانێتى ئافره‌تانى كورد دژ به‌ داگيركه‌ران.

ئه‌و كاره‌ساته‌ دژواره‌ كاريگه‌ری زۆر خراپ له‌سه‌ر هه‌ست و ده‌روون و هونه‌رى ڕه‌شۆڵ داده‌نێت و ماوه‌يه‌ك دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌ كارى هونه‌رى، به‌ڵام به‌هه‌وڵ و هيمه‌تى دڵسۆزانه‌ى هاوڕێيان و ئه‌ندامانى تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى هێدى هێدى ئه‌و خه‌مه‌ى ده‌ڕه‌وێننه‌وه ‌و ده‌يهێننه‌وه‌ سه‌ر به‌زم و كۆڕ گه‌رمكه‌ر و ده‌رگاى نوكته‌ و قسه‌ خۆشه‌كانى وه‌ك جاران پێ ده‌كه‌نه‌وه‌.

ره‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا له‌ دوای له‌ده‌ستدانی ئه‌خته‌ری هاوسه‌ری، خێزان پێک دینێته‌وه‌ خاتوو (ناجیه‌) ده‌بێته‌ هاوسه‌ری دووه‌می، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌ردوو هاوسه‌رى  هونه‌رمه‌ند وه‌جاخى ڕۆشن نه‌بووه‌.

 به‌داخه‌وه‌ هيچ كات هونه‌ر له‌نێو كوردا نه‌بۆته‌ سه‌رچاوه‌ى دابينكردنى ژيانى هونه‌رمه‌ند، ڕه‌شۆڵى هونه‌رمه‌ند وه‌ك هه‌موو هونه‌رمه‌ندانى سه‌رده‌مى خۆى له‌پێناو دابينكردنى بژێوى ژيانى چه‌ند كارێكى كردووه‌، وه‌ك به‌ڕێوه‌بردنى چايخانه‌، چێشتخانه‌، ميوانخانه‌ و ماوه‌يه‌كيش كارى به‌ڵێنده‌رايه‌تى يانه‌ى فه‌رمانبه‌رانى سلێمانى كردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ هونه‌رمه‌ند له‌ خانه‌واده‌يه‌كى ده‌وڵه‌مه‌ندى شارى سلێمانىدا گه‌وره‌ بووه‌، خاوه‌نى هه‌ڵوێستێكى جوامێرانه‌ بووه‌ كه‌ هونه‌ره‌كه‌ى نه‌خستۆته‌ به‌رامبه‌ر به‌ده‌ستهێنانى پاره‌ و ده‌ستكه‌وت، به‌ڵكو له‌ هه‌موو ئه‌و چالاكييه‌ هونه‌رييانه‌ كه‌ بۆ خزمه‌تكردن و لێقه‌وماوان سازكراوه‌ به‌شداربووه‌ و جگه‌ له‌ خوێندنى گۆرانى، پاره‌شى به‌خشيوه‌.

هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا دۆستايه‌تى زۆر خۆش و فراوانى هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوى هونه‌رمه‌ندانى تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى و هونه‌رمه‌ندانى شاره‌كانى ديكه‌ى كوردستان، به‌تايبه‌ت هونه‌رمه‌ندان (عه‌لى مه‌ردان، سێوه‌ و باكورى)، هه‌ر كاتێك مامۆستا عه‌لى مه‌ردان هاتبێته‌ شارى سلێمانى سه‌ردانى ڕه‌شۆڵى كردووه‌ و له‌لاى ئه‌و ماوه‌ته‌وه‌ و ياده‌وه‌رى خۆش و شيرينيان پێكه‌وه‌ هه‌يه‌.

دواى ئه‌و كاره‌ساته‌ تراژيديايه‌ى له‌ ڕێكه‌وتى 18/10/1957 لافاوه‌كه‌ى شارى سلێمانى كه‌ زه‌ره‌ر و زيانێكى گيانى و ماڵى به ‌شارى سلێمانى گه‌ياند، تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى بڕيار ده‌ده‌ن بۆ مه‌به‌ستى كۆكردنه‌وه‌ى كۆمه‌ك بۆ لێقه‌وماوان و زيان لێكه‌وتووانى لافاوه‌كه‌، ئاهه‌نگ ساز بكه‌ن له ‌سلێمانى و هه‌ولێر و كۆيه‌، له ‌رێكه‌وتى 13/11/1957 له ‌شارى هه‌ولێر ئاهه‌نگ ساز ده‌كه‌ن و دواتر له ‌شارى كۆيه‌، هونه‌رمه‌ندانى به‌شداربووى ئاهه‌نگى كۆمه‌ك كۆكردنه‌وه‌ بريتى بوون له‌ (حه‌مه‌ ساڵه‌ح ديلان، ڕه‌شۆڵ، عوسمان سابوونچى له ‌سلێمانى، حه‌يده‌ر به‌قاڵ، ڕه‌سوول گه‌ردى و مشكۆ له‌ هه‌ولێر، سێوه ‌و باكورى له‌ كۆيه‌).

هونه‌رمه‌ند خاوه‌نى ده‌نگێكى به‌رز و تيژ و زوڵاڵ بووه‌، توانايه‌كى باشى هه‌بووه‌ له‌ چرينى مه‌قامدا، ده‌هێنێ شاره‌زايان و مامۆستايانى هونه‌ر له‌سه‌ر تۆن و ته‌به‌قه‌ى ده‌نگى ڕه‌شۆڵى هونه‌رمه‌ند توێژينه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ى ورد له‌سه‌ر مه‌قامه‌كانى بكرێت.

هونه‌رمه‌ند و مامۆستا باكورى ده‌لێت: كاك ڕه‌شۆڵى ده‌نگ زوڵاڵ و چريكه‌ى بولبول ئاسا، ده‌ورێكى باڵاى هه‌بوو له ‌بڵاوكردنه‌وه‌ى هۆشيارى ساده‌ به‌گوێگرتنيان له ‌مه‌قامى ڕه‌سه‌نى كوردى و تاموچێژ وه‌رگرتن له‌و هونه‌ره‌ جوانه‌  كه‌ مه‌قام و به‌سته‌ فۆلكلۆرييه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌قامانه‌دا ده‌وترێت، خۆ ئه‌و مه‌قامه‌ (ده‌شت )ـه‌ى تا ئێستا له ‌هيچ گۆرانيبێژێكى ترم نه‌بيستووه‌ كه‌ وه‌ك ئه‌و چينى ده‌نگه‌ ناسك و به‌رزه‌كه‌ى چڕيويه‌تى و ئاوا بيڵێ). (*4)

ڕه‌شۆڵى هونه‌رمه‌ند و دڵسۆزو شه‌يداى خاك و نيشتمانه‌كه‌ى بوو، زۆر جه‌ژنى نه‌ورۆزى خۆشويستووه‌، به‌تامه‌زرۆييه‌وه‌ ئه‌و ياده‌ى به‌رز ڕاگرتووه‌، حاجى تۆفيق (پيره‌مێرد)ى شاعير زۆرى خۆشويستووه ‌و چێژى له ‌ده‌نگه‌ خۆش و به‌رزه‌كه‌ى وه‌رگرتووه‌، ته‌نانه‌ت پيره‌مێرد له ‌هۆنراوه‌يه‌كيدا ناوى ڕه‌شۆڵى هێناوه ‌و زۆرجار پيره‌مێرد داوى لێ كردووه‌ به‌ (قه‌تار) ئه‌و هۆنراوه‌يه‌ى بۆ بخوێنێ، ڕه‌شۆليش زۆر به ‌نه‌رمى ڕۆحى پيره‌مێردى به ‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ى ئارام كردۆته‌وه‌.

توخوا سا (ڕه‌شۆڵ) تۆش قه‌تاره‌كه‌ت

سه‌داى سوب سه‌حه‌ر پاى كۆساره‌كه‌ت (*5)

له ‌ماوه‌ى ژيانى هونه‌ريدا، هونه‌رمه‌ند چه‌ندين مه‌قام و گۆرانى بۆ ڕاديۆ و ته‌له‌فزيۆن تۆماركردووه‌، وه‌ك (ئه‌م به‌ره‌و به‌ره‌، له‌به‌ر نازى چاوبازان، گوڵاڵه‌ سووره‌، ساقى (مه‌قام)، هه‌ڵمه‌تبه‌رن به‌لاوکی کوردی و قه‌تاره‌وه ‌(مه‌قام)، ساقى بۆم تێكه‌ و چه‌ندينى تر، به‌ڵام له‌ هه‌مووى به‌رجه‌سته‌تر مه‌قامى به‌ڕێكه‌وت ده‌ركه‌وت و به‌سته‌ى گرده‌كه‌ى ياره‌يه‌).

به‌ڕێكه‌وت ده‌ركه‌وت له ‌گۆشه‌ى ڕه‌شماڵ

وه‌ك مانگ له‌ هه‌ورا بنوێنێ جه‌ماڵ،،،، له ‌هۆنراوه‌ى (پيره‌مێرد)

 به‌سته‌ى (ئۆخه‌ى گرده‌كه‌ى ياره‌

چه‌ند شيرين و نازداره‌

ئه‌و كارێزه‌ى له‌به‌ر پێى

ئاوى شيرينى شاره‌)

له ‌هۆنراوه‌ى (حاجى به‌نگينه‌ى شاعير)

له‌ ڕێی ئه‌و مه‌قام و به‌سته‌ جوان و پڕ چێژ و ده‌نگه‌ زوڵاڵه‌كه‌يه‌وه‌ خزمه‌تێكى زۆرى به ‌ئاواز و مه‌قام و به‌سته‌ى كوردى كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو چالاكييه‌ هونه‌رييه‌ هه‌سته‌ نه‌ته‌وه‌یی و كوردپه‌وه‌رييه‌كه‌ى فه‌رامۆش نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له‌ ژيانى كۆمه‌ڵايه‌تى و لايه‌نى خۆش مه‌شره‌بى و به‌سه‌رهات و نوكته‌ و قسه‌ خۆشه‌كانى له‌نێو خۆشه‌ويستان و هاوڕێ كانى بدرێته‌وه‌ دڵنيام كه‌ كتێبێكى قه‌باره‌ مامناوه‌ندى ده‌رده‌چێت، چونكه‌ هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا چه‌ند به‌ مه‌قام و به‌سته‌بێژیی ناسراوه‌، ئه‌وه‌نده‌ش به‌كه‌سێكى نوكته‌زان و قسه‌ له‌مست و خۆش مه‌حشه‌ر و فراوانى په‌يوه‌ندى كۆمه‌ڵايه‌تيش ناسراوه‌.

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى شۆڕشى ئه‌يلوول له‌ ساڵى 1974 وه‌ك هه‌ر كوردێكى دڵسۆز بۆ خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆى ده‌گه‌يه‌نێته‌ ناو شۆرش و ده‌بێت‌ به‌پێشمه‌رگه‌، له‌ناو شۆڕشيدا كه‌سێكى به‌رچاو و قسه‌خۆش و ڕۆڵيكى پرشنگدارى هه‌بووه‌ له‌ وره‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى هاوڕێ پێشمه‌رگه‌كانى و به‌ده‌يان به‌سه‌رهات و ڕووداوى خۆشى له‌دواى خۆى به‌جێهێشتووه‌ و تا ئێستاش له‌سه‌ر زارن.

له‌ گه‌رمه‌ى خه‌بات و تێكۆشانيدا له‌پێناو ڕزگارى و ئازادى كوردستان، دووچارى نه‌خۆشی ده‌بێت، بۆ مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردن ڕوو ده‌كاته‌ شارى تارانى پايته‌ختى ئێران، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ى بێ ده‌رمان ده‌بێـت، له ‌ڕێكه‌وتى 14/7/1974 دڵى له‌لێدان ده‌كه‌وێت و بۆ هه‌ميشه‌ چاوه‌كانى لێك ده‌نێت، له‌به‌ر ناهه‌مواری بارودۆخی ئه‌و سه‌رده‌مه ‌و شه‌ڕی نێوان هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ داگیرکه‌ر و شۆڤێنییه‌که‌ی به‌عس، نه‌توانراوه‌ ته‌رمه‌که‌ی بهێندرێته‌وه‌‌ بۆ شاری سلێمانی.

ئاى هونه‌رمه‌ندى كورد بۆ ده‌بێت به‌دبه‌خت و چاره‌ڕه‌ش و بێناز بيت، دوژمن ڕێگر بێت به ‌مردوویی و جه‌سته‌ى سارد و سڕته‌وه‌ نه‌هێڵێت له‌ زێده‌كه‌ى خۆت به‌خاكت بسپێرن، هونه‌رمه‌ند (حه‌مه‌ ڕه‌شيد هه‌ره‌س) ئه‌و ڕۆژه‌مان بۆ ده‌گێڕيته‌وه‌ و ده‌ڵيت: ڕۆژێكى هاوينى ئه‌و ساڵه‌ 1974، له ‌ئێزگه‌وه‌ ده‌هاتم بۆ ماڵى شێخ باباتايه‌ر، له ‌ڕێگا چاوم به ‌تابووتێك كه‌وت له‌به‌رده‌م چايخانه‌كه‌ى (مسته‌فا سلێمانى) كە به ‌بێكه‌سی دانرابوو، چه‌ند قاڵب سه‌هۆڵێكيشى له‌سه‌ر داندرابوو، له‌سه‌ر تابووته‌كه‌ش نوسرابوو (ڕه‌شيد عه‌بدوڵڵا)، به‌لايدا تێپه‌ڕيم و سه‌رنجمى ڕانه‌كێشا، ده‌ پازده‌ هه‌نگاويش ڕۆيشتن ئينجا په‌يوه‌ندیى ته‌رمه‌كه‌م به‌خاوه‌ن ماڵ و چايخانه‌كه‌ به‌سته‌وه‌، كه‌ ئه‌م ته‌رمه‌ كه‌سێكى (مسته‌فا سلێمانى)يه (كاك مسته‌فا براى هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ).... ئاى ئاى ڕه‌شۆڵى هونه‌رمه‌ند نه‌بێت؟؟؟ بۆ نا ئه‌ى براى مسته‌فا سلێمانی نييه‌؟ ئه‌ى نه‌يان گوت له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى ئێران كه‌وتووه‌ و شێرپه‌نجه‌يه‌تى؟

ئه‌مانه‌م له‌ دڵى خۆمدا تاوتوێ ده‌كرد و گه‌ڕامه‌وه‌ سه‌رى، له ‌ماڵى ته‌نيشت چايخانه‌كه‌م دا كه‌ ماڵى كاك مسته‌فا بوو، به‌ڵێ ئه‌وه‌ ته‌رمى هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ بوو كه‌ به‌و هاوينه‌ گه‌رمه‌ بێناز كەو‌تبوو و سه‌هۆڵى پيادا توابۆوه‌، هه‌ر ده‌تگوت ئه‌مه‌ ئه‌و ڕه‌شۆڵه‌ ده‌نگ خۆشه‌ش نييه‌، به ‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ى هه‌ستى هه‌ستيار و بێهه‌ستى ده‌هێنايه‌ خرۆش). (*6)

ته‌رمى هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا له‌ ناوچه‌ ئازادکراوه‌کانی کوردستان له‌به‌ر بارودۆخی وڵات و شه‌ڕ له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و حكوومه‌تی عێراقی له‌ (ده‌ربه‌ندی رایات) به‌ خاکی کوردستانی ده‌سپێرن و دواتر گڵكۆكی ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ گۆڕستانی (شێخ مارف) له ‌شاری سلێمانی، ڕۆحى شاد و ياد و ياده‌وه‌رييه‌ هونه‌ری و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانى هه‌موو كات به‌رز و پڕ شكۆ بێت.

جه‌مالى ده‌لاك  5/3/2021 هه‌ولێر

سه‌رچاوه‌:

(*1)  کتێبی (گه‌ڵای پایز) (بیره‌وه‌ری عه‌لی مه‌ردان) ئاماده‌کردنی

(عه‌بدولقادر عه‌لی مه‌ردان) لاپه‌ره‌ (232).

(*2 و 4) كتێبى گۆرانيبێژه‌ نه‌مره‌كان _ باكورى _ ڕه‌شۆڵ، لاپه‌ڕه‌ (219)

(*3) كتێبی مێژووی ڕادیۆی كوردیی به‌غداد (1939 _1958) به‌رگی یه‌كه‌م / جزمی سێیه‌م.

بابی (لالۆ) كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د .... لاپه‌ڕه‌ (630).

(*5) ديوانى پيره‌مێردى نه‌مر _ محه‌مه‌د ڕه‌سوڵ هاوار  _ لاپه‌ڕه‌ (74)

(*6) كتێبى ئه‌و ساڵه‌ى بێژه‌رى ده‌نگى كوردستان بووم _ حه‌مه‌ ڕه‌شيد هه‌ره‌س، لاپه‌ڕه‌ (46).

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.