Erbil 7°C شەممە 23 تشرینی دووەم 06:31

52 یه‌مین ساڵڕۆژی ژیانئاوایی سه‌ركرده‌ و خه‌باتگێڕ نافیز جه‌لال حه‌وێزی به‌رزڕاده‌گیرێت

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 10ی7ی2024، له‌ سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری زانكۆی سه‌لاحه‌ددین له‌ شاری هه‌ولێر، ده‌زگای كلتوری یاد له‌ مه‌ڕاسیمێكی شایسته‌دا 52 یه‌مین ساڵڕۆژی ژیانئاوایی سه‌ركرده‌ و خه‌باتگێڕ نافیز جه‌لال حه‌وێزی به‌رزڕاده‌گرێت.

له‌ مه‌ڕاسیمه‌كه‌دا، ووتار و پانێڵ و په‌یڤین و دیكیۆمێنتاری و ڕێزلێنانی تێداده‌بێت.


شەهیدی سەرکردە (نافیز جەلال حەوێزی وەزیری کشتوکاڵ) لەسەر پشکی کوردستان، لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و کەسایەتیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەربازی بوو. 
شەهید(نافیز جەلال ئه‌سعه‌د حاجی به‌کر ئاغا حەوێزی) لە قەزای کۆیەی سەربە شاری هەولێر لە ساڵی 1921 لەدایکبووە.

لە تەمەنی 8 ساڵییدا چووه‌تە بەر خوێندن، خوێندنی سەرەتایی لە شاری کۆیە و ناوەندی لە شاری هەولێرو ئامادەیی لە شاری بەغدا تەواو کردووە، لە ساڵی 1943 پەیوەندی بە کۆلێژی سەربازی کردووە لە شاری بەغدا.
 
لە29ی 6ی 1946، دەبێتە ئەفسەر بە پلەی (ملازمی دووەم) و بە سەرکەوتوویی کۆلێژی سەربازی تەواو دەکات لە بەشی تۆپخانە (المدفعية)، لە سەربازگەی (الرشيد)ی شاری بەغداد دەستبەکاربووە، پاشان بەشداری خولی (ڕووبەڕووبونەوەی تانک) دەکات لە ووڵاتی (بەریتانیا).

 لە ساڵی 1955 دەگوازرێتەوە بۆ سەربازگەی جەلەولا، دواتر لە ساڵی 1957 دەگوازرێتەوە بۆ سەربازگەی (الوشاش) لە شاری بەغداد، ساڵی 1959 پلەی سەربازی بەرز دەکرێتەوە بۆ (مقه‌ده‌م). 

دوای ئینقلابی بەعسیەکان لە 8ی شوباتی 1963 دەگوازرێتەوە شاری (بەسرا) و بە توندی دەخرێتە ژێر چاودێری هەواڵگری سەربازی لەسەر لایەنگیری بۆ (پارتی دیموکراتی کوردستان) و دواتر خانەنشین دەکرێت بە پلەی (عه‌قيد). 

لە هەمان ساڵدا لەگەڵ خانەوادەکەی بە نهێنی بەرەو شاری بەغداد بەڕێدەکەوێت، دوای هەفتەیەک لە ڕێگەی ڕێکخستنە نهێنیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری بەغدا بە ناسنامەیەکی فەرمانبەری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەگەڵ خانەوادەکەی خۆیان دەگەیەننە شاری هەولێر و پاشان شاری (کۆیە)ی زێدی باب و باپیرانی، دواتر خۆیان دەگەیەننە شاری (قەڵادزێ) کە لەژێر دەستەڵاتی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندابووە، لە گوندی (گربداغ) چاوی بە بارزانی نەمر دەکەوێت و ئەرکێکی پێ دەسپێردرێت لەناو هێزی پێشمەرگە، پاشان لە مەکتەبی عەسکەری و مەکتەبی تەنفیزی ئەرکی پێدەسپردێت. 
شەهیدی سەرکردە (نافیز جەلال حەوێزی) ڕۆڵی دیارو کارای هەبووە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی میللەتی کورد:-
_ ئەندامی شاندی دان و ستاندن بووە لەگەڵ حکوومەتی (عه‌بدولره‌حمان بەزاز) و سەرۆک کۆمار (عه‌بدولره‌حمان عارف) . 
_ ئەندامی وەفدی ڕێککەوتنی 29ی حوزەیرانی ساڵی1966 بووە. 
_ بە فەرمانی مەلا مستەفا بارزانی لە 19ی3ی1967،لەگەڵ شاندێک بە سەرۆکایەتی جەنابی سەرۆک (مەسعود بارزانی، موحسین دزەیی، نافیز جەلال حەوێزی ، حه‌بيب محه‌مه‌د کەریم، ساڵح یوسفی) ڕادەسپێردرێن بۆ وتووێژ لەگەڵ حکوومەتی عێراق. 

 _ لە 10ی1ی 1970دا بە فەرمانی (مەلا مستەفا بارزانی) نەمر شەهید(نافیز جەلال حەوێزی)ڕاسپێردراوە، وەک ئەندامی شاندی(دانوستاندن)بۆ بەغداد کەشاندەکە پێکهاتبوون لە( ئیدریس بارزانی، سەرۆک مەسعود بارزانی، مەحمود عوسمان، سامی عه‌بدولره‌حمان، شەهید نافیز جه‌لال حەوێزی، نوری شاوێس، ساڵح یوسفی، موحسین دزەیی، دارا تۆفیق) و بەرهەمی شاندەکە گەیشتن بووە بە ڕێککەوتنی 11ی ئازاری ساڵی 1970(ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان). 

_ دوای واژۆکردنی بەیاننامەی 11ی3ی1970، بە فەرمانی بارزانی نەمر وەک ئەندامی (لێژنەی ئاشتی / لجنة السلام) بە نوێنەرایەتی کوردستان ئەرکی پێسپێردراوە ( نافیز جەلال حەوێزی،سامی عه‌بدولره‌حمان، دارا تۆفیق) بۆ سەرپەرشتی و بەدواداچوون و جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنامەی 11ی ئازاری 1970. 

_ شەهید (نافیز جەلال حەوێزی) یەکێک بووە لەو 5 پێنج متمانە پێکراوانەی بارزانی نەمرو سەرکردایەتی شۆڕشی کوردستان کە لە حکوومەتی نوێی ئەوکاتی عێراق وەک وەزیری کشتوکاڵ بەربژێر کراوەو دەستبەکاربوو. 
1 / نافیز جەلال حەوێزی _ وەزیری کشتوکاڵ. 
2 / نوري سدیق شاوەیس _ وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن. 
3 / ئیحسان شێرزاد _ وەزیری شارەوانی. 
٤ / سامي عه‌بدولره‌حمان_ وەزیری کاروباری باکوور. 
٥ / ساڵح یوسفی _ وەزیری دەوڵەت.

_ لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەک وەزیری کشتوکاڵ لە هەمان کاتتدا ئەندامێکی کاراو چاڵاکی (لێژنە ئاشتی / لجنة السلام) بووە لەسەر پشکی کورد . 

شەهید (نافیز جەلال حەوێزی) لەکاتی ئەرکدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک کە بەعسیەکان بۆ (پارتی دیموکراتی کوردستان) یان دروستکردبوو لە شەنگاڵ(سنجار)، بەڕێدەکەوێت و لە ڕێگای( کەرکوک، هەولێر، موسڵ) لە نزیک گوندی (دارەمان)ی باکوری شاری کەرکوک بە (کارەساتێکی گوماناوی) کە ئۆتۆمبێلێک خۆی دەکێشێت بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی شەهید (نافیز جەلال حەوێزی_وەزیری کشتوکاڵ) لەسەر پشکی کورد، زۆر بە سەختی بریندار دەبێت و دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی کۆماری لە شاری کەرکوک و لە هەمان ڕۆژدا لەبەر خراپی باری تەندروستی و برینە سەختەکانی دەگوازرێتەوە نەخۆشخانەی (مدينة طب) لە شاری بەغدا. 

لە ئێوارەی هەمان ڕۆژدا شەهید (نافیز جەلال حەوێزی / وەزیری کشتوکاڵ)لەسەر پشکی کورد لە بەغداد لەبەر سەختی برینەکانی لە 10ی7ی1972 گیان له‌ ده‌ستده‌دات و دەچێتە کاروانی شەهیدانی کوردستان. 

کاتێک سەددام حسین لەوپەڕی هێزو دەستەڵاتدابووەو کۆنتڕۆڵی هەموو جومگەکانی ووڵاتی لەدەستدابوو، فەرمانەکانی بڕیار بونە، شەهید (نافیز جەلال حەوێزی) لە سەرەتای دەستبەکاربوونی وەک وەزیری کشتوکاڵ لە گفتوگۆیەکی لەگەڵیدا چاونەترسانە بە (سەددام حوسێن دەڵێت: تۆ منت نەکردووه‌ته‌ وەزیر، بەڵکو ئەوە فەرمانی جەنابی(مەلا مستەفا بارزانی)بووە، بە فەرمانی (سەرۆک مەلا مستەفا بارزانی) من ڕاسپێردراوم وەک وەزیری کشتوکاڵ و بە فەرمانی ئەو من وەزیرم نەوەک تۆ. 

دوای گواستنەوەی تەرمەکەی بۆ شاری کۆیە(کویسنجق) لە 11ی7ی1972، بە ئامادەبوونی نوێنەری(مەلا مستەفا بارزانی) نەمر (عه‌لی عه‌بدوڵڵا) و کادیرانی حزبی و سەربازی پارتی دیموکراتی کوردستان و فەرمانگەکانی میری و خەڵکێکی زۆر لە کەسایەتییە ئایینەکان و شاری کۆیە لە گۆڕستانی (حەوێزی)یەکان بەخاک دەسپێردرێت. 

شەهید (نافیز جەلال حەوێزی) باوکی سێ کوڕ بە ناوەکانی (نەوزاد، بەهزاد، ئاوات)و سێ کچ بەناوەکانی (نەرمین، ناسکە، نازدار) بووە.

کوڕێک و کچێکی بەناوەکانی (نەوزاد، نازدار) کۆچی دواییان کردووەو ئەوانەی تر بێجگە لە خاتوو (ناسکە) لە دەرەوەی ووڵات دەژین

شەهید (نافیز جەلال اسعد) حەوێزی لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دوو لە براکانی هاوخەبات و تێکۆشان و هاوەڵی بوونە بە ناوەکانی (عومەر جەلال ئه‌سعه‌د حەوێزی) و(جەوهەر جەلال  ئه‌سعه‌د حەوێزی). 

دروودو سڵاوو بۆ گیانی پاکی شەهیدی سەرکردە( نافیز جەلال حەوێزی)و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادی کوردو کوردستان 
سەروەریان بارزانی نەمرو کاک ئیدریس بارزانی هەمیشە لەیاد.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.