Erbil 8°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 07:52

سەرۆک بارزانی بۆ باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی: کەشێکی ئەرێنی لە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەڵوێستەکانیان هاتۆتە ئاراوە

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی باڵیۆزانی هەشت وڵاتی عەرەبی دەکات
کوردستان TV
100%

ڕۆژی پێنجشەممە 4ی تەممووزی 2024 لە شاری بەغدا سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی باڵیۆزانی هەشت وڵاتی عەرەبی کرد کە پێکهاتبوو لە تارق عەبدوڵڵا ئەلفەرەج باڵیۆزی کوەیت لە عێراق و سوڵتان موبارەک ئەلکوبەیسی باڵیۆزی قەتەر لە عێراق و ئەحمەد سەمیر حلمی باڵیۆزی مسر لە عێراق و بەڕێز خالد ئەحمەد ئەلمەنسور باڵیۆزی بەحرێن لە عێراق و بەڕێز شێخ مەحموود ئەلخروسی باڵیۆزی سەڵتەنەتی عومان لە عێراق و زێد ئەبو حسان هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەردەن لە عێراق و بەڕێز سەعید ئەلقەحتانی هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی سعودیە لە عێراق و بەڕێز محەمەد ساڵح ئەلتنیجی هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئیمارات لە عێراق.

لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی کورتەیەکی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هۆکار و پاڵنەرەکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ شاندی میوان خستەڕوو و هێمای بەوەدا کە کەشێکی ئەرێنی لە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەڵوێستەکانیان هاتۆتە ئاراوە و دەکرێ لەسەر بنەمای ئەو کەشە تازەیە بگەینە دەرئەنجامی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی کۆسپ و تەنگژەکان کە ئەوە خۆیلەخۆیدا کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە دەبێت. 

سەرۆک بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا ڕۆشنایی خستەسەر بابەتی بوونی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و ڕایگەیاند پێویستە ئەم بابەتە لە چوارچێوەی ڕێککەوتن و تەوافوقێکی نیشتمانی و بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و ناوچەکە بنەمایەکی بۆ دابنرێت.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی هیوای ئەوەیان خواست سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ببێتە مایەی خێر و سەقامگیری بۆ عێراق و هەروەها جەختیشیان لەوە کردەوە کە وڵاتەکانیان پشتیوانی تەواوی عێراق دەبن بۆ پتەوبوونی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی عێراق و چارەسەربوونی گرفتە سیاسییەکانی عێراق.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.