لە گەڕی سێیەمی یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکانی پاڵەوانێتی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024 بۆ تۆپی پێ، ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا و ھەڵبژاردەی کرواتیا بە ئەنجامی 1-1 یەکسانبوون و ھەڵبژاردەی ئیسپانیاش بە ئەنجامی 1-0 لە ھەڵبژاردەی ئەلبانیای بردەوە.
دوێنێ دووشەممە لە گەڕی سێیەمی یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکانی جامی "یورۆی 2024"دا و لە کۆمەڵەی دووەم، ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا و ھەڵبژاردەی کرواتیا لە یاریگای ڕیدبووڵ ئارێنا لە شاری لایپزیگ ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
لە گێمی یەکەمی یارییەکە، یاریزانانی ھەردوو ھەڵبژاردە بە بەھێزی دەستیان پێ کرد، بەڵام ھیچ گۆڵێک تۆمار نەکرا.
لە گێمی دووەمی یارییەکەدا و لە خولەکی 55دا یاریزانی ھەڵبژاردەی کرواتیا، لۆکا گۆڵی تۆمارکرد و ھەڵبژاردەکەی پێشخست.
ھاوکات لە خولەکی98ی زیادکراودا، یاریزانی ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا، ماتیا زاکانی گۆڵی یەکسان بوونی بۆ ھەڵبژاردەکەی تۆمارکرد.
یارییەکەش بە ئەنجامی 1-1 کۆتایی بۆ ھەردوو ھەڵبژاردەکە کۆتایی ھات.
ھەروەھا دوێنێ دووشەممە ھەر لە ھەمان کۆمەڵەدا، ھەڵبژاردەی ئیسپانیا بە ئەنجامی 1-0 لە ھەڵبژاردەی ئەلبانیای بردەوە.
بەو ئەنجامەش ھەڵبژاردەی ئیسپانیا بە کۆکردنەوەی نۆ خاڵ و ھەڵبژاردەی ئیتاڵیا بە کۆکردنەوەی چوار خاڵ بە یەکەم و دووەمی کۆمەڵەی دووەم بۆ قۆناغی 16 سەرکەتن، هەروەها ھەڵبژاردەی کرواتیا بە کۆکردنەوەی دوو خاڵ و ھەڵبژاردەی ئەلبانیا کە تەنھا یەک خاڵی ھەبوو، ماڵئاواییان لە پاڵەوانێتی جامی یورۆ کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.