Erbil 9°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 06:59

هونه‌رمه‌ندی موزیسیان (ڕه‌سوول میرزاپوور)

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی منداڵه‌كانی و منداڵانی شاری سه‌قزی هۆگری مۆسیقا كردووه‌
کوردستان TV
100%

جه‌مالی ده‌لاك...

- من هونه‌رمه‌ند ڕه‌شید فه‌یزنه‌ژاد هه‌میشه‌ وه‌ك مامۆستای خۆم ته‌ماشا ده‌كه‌م.

- خۆشترین ڕۆژی ژیانم ئه‌و كاته‌ بوو كه‌ له ‌دانشگای تاران له‌به‌شی مۆسیقا وه‌رگیرام.

شاری سه‌قز و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری به‌گشتی كانگای هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی ده‌نگخۆشی خۆوێژ و شایگێڕ و گۆڤه‌ند و زه‌ماوه‌نده‌كان بووه‌، ئه‌وه‌ له‌بواری هونه‌ری میلـلی و هه‌روه‌ها خاوه‌نی چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆشی به‌توانایه‌ له‌بواری چڕینی گۆرانی ئه‌وین و سۆزداری، هه‌رچه‌نده‌ له‌ بواری ژه‌نینی ئامێره‌كانی مۆسیقاشه‌وه‌ هه‌ژار و ده‌ستته‌نگ نییه،‌ به‌ڵام هه‌ركات كه‌باسی هونه‌رمه‌ندانی مۆسیقاژه‌نی شاری سه‌قز و ده‌وروبه‌ری بكرێت، دوو هونه‌رمه‌ندی به‌توانا و كارامه‌ پڕبه‌خششی هونه‌ری ناویان به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، هونه‌رمه‌ندان (ڕه‌شیدخانی فه‌یزنه‌ژاد و ڕه‌سوول میرزاپوور).

هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند له‌ په‌روه‌رده‌كردن و فێركردن و خزمه‌تكردن به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی ناوچه‌ی سه‌قز به ‌تایبه‌تی و هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ڕۆڵێكی گرنگیان هه‌بووه‌ و جێی ده‌ستیان ڕۆشنه‌، هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار (عه‌زیزی سه‌یفی) زۆر به‌ڕشكاوانه‌ ده‌ڵێت (هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ڕه‌شید فه‌یز نه‌ژاد مامۆستای هه‌موومان بوو، به‌ شانازییه‌وه‌ خۆم به ‌یه‌كێك له ‌شاگرده‌كانی ده‌زانم، ڕۆژه‌ خۆشه‌كانی پێكه‌وه‌ له‌ تیپی مۆسیقای (وه‌نه‌وشه‌) پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی خۆشه‌ویست كار و تێكۆشانی هونه‌ریمان ئه‌نجام ده‌دا، مامۆستا ڕه‌شید فه‌یز نه‌ژاد ئه‌رك و مافی به‌سه‌ر هه‌موو یه‌كێك له‌ ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ هونه‌رمه‌ندێكی دڵسۆز و خه‌مخۆری مۆسیقا و گۆرانی بوو نه‌ك به‌ته‌نیا بۆ شاری سه‌قز به‌ڵكو بۆ هه‌موو كوردستان) (1).  

شاری سه‌قز، خاوه‌نی ئه‌و پێگه‌ به‌رزه‌ هونه‌رییه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌یه‌ له‌ فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و فۆلكلۆر،  هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیاییه‌كه‌ی كه‌وتۆته‌ نێوان دوو ده‌ڤه‌ری لێوان لێو له‌هونه‌ری ڕه‌سه‌ن، ده‌ڤه‌ری موكریان و ئه‌رده‌ڵان ئه‌میش به‌جێی خۆی له‌ ڕێی هونه‌ره ‌ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌یه‌وه‌ نیشانی داوه‌ كه‌ مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ی ئێمه‌ش خاوه‌نی ده‌نگ و ده‌ست و په‌نجه‌ و هونه‌رێكی ڕه‌سه‌ن و بێخه‌وشه‌، هونه‌رمه‌ندانی ناو و ناوبانگ شیرینی شاره‌ جوانه‌كه‌ی سه‌قز (سدیقی زوهری، عه‌تاخانی سه‌عید مه‌نسوور، محه‌مه‌دی ناهید (سه‌روان ناهید)، سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌فایی، برایانی زێ زێ (حه‌سه‌ن و حسێنی شۆخ كه‌مان)، ڕه‌شید خانی فه‌یز نه‌ژاد، ڕه‌سوول میرزاپوور، سه‌ید برایمی سه‌قزی و عه‌زیزی سه‌یفی و بێهنامی تاهیری و،، تاد).

یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده‌ به‌رز و به‌ڕێزانه‌ی شاری سه‌قز، ماوه‌ی ساڵانێكه‌ له ‌ڕێی ده‌ست و پل و په‌نجه‌ و هه‌سته‌ هونه‌رییه‌كه‌یه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ مۆسیقا ده‌كات، ناو و نازناو و تێكۆشانه‌ هونه‌رییه‌ بێ وچانییه‌كه‌ی ناسنامه‌ی شاری سه‌قز بڵندتر ده‌كات، ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند و مامۆستا (ڕه‌سوول میرزاپوور)ـه‌.

له‌وانه‌یه‌ ناو و كاره‌ هونه‌رییه‌كانی مامۆستا (ڕه‌سوول میرزاپوور)  به‌هه‌ست و ڕۆحی هه‌ندێك هونه‌رمه‌ند له‌ باشووری كوردستان ئاشنا بێت و له ‌نزیكه‌وه‌ به‌دیداری شاد بووبێتن، به‌ڵام وه‌ك زۆرینه‌ی هه‌وادارانی هونه‌ر و مۆسیقای كوردی به‌ ڕۆڵ و پێگه‌ی هونه‌ری ئاشنا نه‌بن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌پێویستمزانی خامه‌م تا ئه‌و جێیه‌ی بتوانم له ‌خزمه‌تی كه‌سایه‌تی و مێژووی به‌رزی هونه‌ری مامۆستا (ڕه‌سوول میرزاپوور)دا ته‌رخان و خزمه‌تێكی بچووكی بكه‌م.

هونه‌رمه‌ند (ڕه‌سوول میرزاپوور) كێیه‌؟  

هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ڕه‌سوول میرزاپوور له‌ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ (10ی میهری 1330ی هه‌تاوی ) به‌رامبه‌ر بە (3/10/1951ی زاینی) له‌ كۆڵانی مووساییه‌كان له ‌شاری سه‌قز له‌دایكبووه‌.

له‌ ته‌مه‌نی منداڵیدا له ‌قوتابخانه‌ی (شاپوور) خراوه‌ته‌ به‌ر خوێندن، پۆلی یه‌ك و دووی له‌و قوتابخانه‌یه‌ ته‌واو كردووه‌، پاشان پۆلی سێی له‌ قوتابخانه‌ی (ڕازی) خوێندووه‌، كاتێك ده‌بێته‌ قوتابی پۆلی چواری سه‌ره‌تایی به ‌ماڵه‌وه‌ ده‌چنه‌ شاری (بانه‌) و درێژه‌ به‌ خوێندن ده‌دات، به‌ڵام زۆر له ‌شاری بانه‌ نامێننه‌وه‌ و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شاری سه‌قز.

حه‌زوو ئاره‌زووی بۆ مۆسیقا له‌كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌؟

هه‌رچه‌نده‌ ژینگه‌ی خانه‌واده‌ و ژینگه ‌و پێگه‌ی زێده‌كه‌ی كاریگه‌ری خۆشویستنی هونه‌ری له‌سه‌ر دانابێت، به‌ڵام ڕادیۆ و گوێگرتن له‌ ڕادیۆ ئه‌ویش كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند، ده‌بێت له ‌كوێ و بۆ یه‌كه‌مجار ڕۆحی به‌چ ئامێرێكی مۆسیقا ئاشنا بووبێت؟

(خولیا و عاشقبوون به ‌مۆسیقا ده‌توانم بڵێم هه‌ر له ‌منداڵییه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ له‌ كلاسی یه‌كه‌م بووم هه‌ستم به‌وه‌كرد ئه‌ویش له ‌ڕێی ده‌نگ و گۆرانی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌ له‌ڕادیۆوه‌ ده‌مبیست، یان وه‌خێتك ده‌نگی سازێكم (ئامێری مۆسیقا) ببیستایه‌ مه‌ست ده‌بووم و حاڵه‌تی ده‌روونیم ئه‌ورووژا..! ده‌مگوت ئه‌وه‌ چییه‌ له ‌ده‌روونمدا؟ به‌ڵام زوو هه‌ستم به‌ خۆم كرد و نه‌مده‌زانی چۆن ئه‌و ئه‌وینه‌ی خۆم به‌رامبه‌ر مۆسیقا ده‌رببڕم، ئه‌و كاته‌ی ماڵمان چووه‌ بانه،‌ پیاوێك له‌و حه‌وشه‌دا له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ماڵی گرتبوو، فلووتێكی هه‌بوو یه‌ك دووجار ده‌نگیم بیست، كه‌ ده‌نگیم بیست جۆرێكی لێ كردم منی هه‌ژاند، ده‌توانم بڵێم له‌و ساته‌وه‌ عه‌شق و خولیام بۆ مۆسیقا له ‌ناخمدا جێی خۆی كرده‌وه‌) (2).

هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و گۆرانیبێژ و ئاوازدانه‌ر (ڕه‌شید خانی فه‌یزنه‌ژاد _  كوڕی حاجی سه‌لیم خانی فه‌یزنه‌ژاد، له‌ساڵی 1951 له ‌گوندی (عه‌ره‌ب ئۆغڵووی سه‌روو) سه‌ر به‌ ناوچه‌ی فه‌یزوڵڵا به‌گی سه‌قز له‌دایكبووه‌)، هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند (ڕه‌شیدخانی فه‌یز نه‌ژاد و ڕه‌سوول میرزاپوور) هاوته‌مه‌ن و هاوڕێی قۆناغی خوێندن بوون، به‌ڵام ڕه‌شیدخانی فه‌یزنه‌ژاد زووتر ده‌ستی داوه‌ته‌ ئامێری مۆسیقا و ده‌ستی به‌ژه‌نین كردووه‌، هونه‌رمه‌ند ڕه‌شیدخانی فه‌یز نه‌ژاد له ‌ته‌مه‌نی 11 ساڵیدا واته‌ ساڵی 1962  قوتابی پۆلی پێنجه‌می سه‌ره‌تایی بووه‌، باوكی ده‌یباته‌ لای مامۆستا (حامیدی ته‌وحیدی) له‌ شه‌قامی په‌هله‌وی، ئه‌و كاته‌ وانه‌ی زانستی مۆسیقای به ‌قوتابیان وتۆته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی زانستی فێری مۆسیقا ببێت.

دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوول میرزاپوور بۆ شاری سه‌قز، له ‌ده‌بیرستانی (میهره‌گان) درێژه‌ به‌خوێندن ده‌دات و حه‌ز و ئاره‌زووی بۆ مۆسیقا له‌ ناخیدا زیاتر ده‌بێت، په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ و برایانه‌ی له‌ته‌ك هاوڕێكه‌ی ڕه‌شیدخانی فه‌یز نه‌ژاددا به‌رده‌وام بووه، سه‌باره‌ت به‌ سه‌ره‌تای ژه‌نینی ئامێری مۆسیقا له‌لایه‌ن هاوپۆله‌كه‌یه‌وه‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر خۆی ده‌ڵێت: له‌گه‌ڵ كاكه‌ ڕه‌شید هاوكلاس بووین، ئه‌و فلووتێكی زۆر خۆشی لێ ده‌دا، ئه‌وه‌ ده‌ستپێكێكی پڕ ڕه‌نگ بوو بۆ من، دوای ماوه‌یه‌ك فلوته‌كه‌ی دا به ‌من و هه‌روا خۆم له‌گه‌ڵیدا خه‌ریك كرد تا شتێكی لێ فێربووم، دواتر مامۆستا (حامیدی ته‌وحیدی) منی بانگ كرده‌ ناو ئه‌و گرووپه‌ مۆسیقییه‌ی خۆی و منیش له‌گه‌ڵیاندا فلووتم لێ ده‌دا) (3). ‌

دوای ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند ده‌چێته‌ لای مامۆستا حامیدی ته‌وحیدی فێری مۆسیقا ببێت و ئامێری فلووت بژه‌نێ، ئه‌و فێرگه‌یه‌ی مامۆستا حامید ته‌نها بۆ ماوه‌ی ساڵێك درێژه‌ی ده‌بێت و داده‌خرێت..؟! هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوول میرزاپوور بێ مامۆستا ده‌مێنێته‌وه‌ و هه‌روه‌ها كه‌سێك یان مامۆستایه‌كی نابێت تا زیاتر فێری مۆسیقای بكات و به ‌ئامێره‌كانی مۆسیقای ئاشنا بكات.

ڕه‌سوول میرزاپووری عاشق به‌ هونه‌ر و مۆسیقا به‌ هه‌رچی ده‌ردەسه‌رییه‌ك بێت ئامێرێكی (كه‌مانچه‌ _ڤیۆلۆن) ده‌كڕێت، به‌ڵام چی لێ بكات نه‌ مامۆستایه‌كی بووه‌ تا فێری بكات و له ‌شانسی ئه‌ویش هاوڕێ دڵسۆز و خه‌مخۆره‌كه‌ی (ڕه‌شیدخانی فه‌یزنه‌ژاد) له ‌ته‌مه‌نی 17 ساڵیدا ده‌بێت واته‌ ساڵی 1968 به ‌ماڵه‌وه‌ ڕووده‌كه‌نه‌ شاری ورمێ، ئه‌میش بێ هاوه‌ڵ و بێ مامۆستا ده‌مێنێته‌وه‌..!

(به‌داخه‌وه‌ له‌و كاته‌دا له‌ سه‌قز مامۆستایه‌كی وای لێ نه‌بوو تا بتوانم له‌لای فێربم، ئه‌و كاته‌ كاك ڕه‌شید له‌وێ نه‌بوو، ئه‌گه‌ر له‌وێ بایه‌ بۆ من سوودی ده‌بوو، یه‌ك دووجار كه‌ ده‌هاته‌وه‌ سه‌قز داوه‌تم ده‌كرد بۆ ماڵی خۆمان، هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌ی فێركاری كاكه‌ ڕه‌شید له‌گه‌ڵ مندا ماوه‌ی زۆر نه‌بوو، به‌ڵام هه‌وایه‌كی به‌ من فێر كرد، یه‌كه‌مین هه‌وا ئاوازی گۆرانی (ئامینێ گواره‌كانت مه‌له‌رزێنه‌) بوو، به‌ڵام هه‌میشه‌ كاكه‌ ڕه‌شید به‌ مامۆستای خۆم ته‌ماشا ده‌كه‌م، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ من مۆسیقا فێربووم وه‌كو هاوكارێك و هاوڕێیه‌ك له ‌خزمه‌تیدا بووم، بۆ من برایه‌كی خۆشه‌ویست و ئازیزه‌ و پێمخۆشبوو كارمان پێكه‌وه‌ بێت، كاكه‌ ڕه‌شید برایه‌كی مۆسیقی منه‌ و هه‌میشه‌ یادی ده‌كه‌م، خه‌وی پێوه‌ ده‌بینم به‌داخه‌وه‌ ئێسته‌ ئه‌و لێم دووره‌ و له ‌وڵاتێكی دیكه‌یه‌ و منیش له ‌سه‌قزم) (4).

هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوول میرزاپوور له‌ هه‌رشوێنێكه‌وه‌ ترووسكاییه‌كی به‌دی كردبێت ده‌رباره‌ی فێربوونی هونه‌ری مۆسیقا، به‌ عه‌شقێكی فره‌وه‌ خۆی گه‌یاندۆتێ و گه‌ره‌كی بووه‌ هه‌سته‌ هونه‌رییه‌كه‌ی  به‌‌شێوه‌ی زانستی گه‌شه ‌پێ بدا، دوای ئه‌وه‌ی له ‌خزمه‌ت هونه‌رمه‌ند ڕه‌شیدخانی فه‌یزنه‌ژاد بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م شاره‌زاییه‌كی ده‌رباره‌ی ئامێری ڤیۆلۆن په‌یداكردووه‌، له ‌ساڵی 1970 ده‌چێته‌ لای مامۆستا (یووسف غه‌فارنه‌ژاد) خه‌ڵكی شاری ورمێ بووه‌، به‌ڵام له‌ شاری سه‌قز ژیاوه‌ و سه‌رپه‌رشتیاری تیپی مۆسیقای ئه‌رته‌ش (سه‌ربازی) بووه‌ له ‌شاری سه‌قز، له‌لای ئه‌ویش زیاتر ئاشنای ئامێری ڤیۆلۆن بووه‌ و چه‌ند ئاوازێكی دیكه‌ی كوردی فێربووه‌ بیانژه‌نێ (5).

هونه‌رمه‌ند دوای ئه‌وه‌ی له‌ ئاماده‌یی (ده‌بیرستانی میهره‌گان) كلاسی 10 و 11 ده‌خوێنێ، بڕیار ده‌دات كلاسی 12 نه‌خوێنێ و ئاراسته‌ی خوێندنه‌كه‌ی به‌ره‌و (دانش سه‌رای موقه‌ده‌ماتی) واته‌ په‌یمانگای پێگه‌یاندنی مامۆستایان كردووه‌، له ‌ساڵی 1971 ده‌چێته‌ شاری بیجار له‌ په‌یمانگای مامۆستایان بۆم اوه‌ی 2 ساڵ به‌رده‌وا‌م ده‌بێت له‌ خوێندن، پاشان به‌ سه‌ركه‌وتوویی بڕوانامه‌ی مامۆستایه‌تی وه‌رده‌گرێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شاری سه‌قز و ده‌بێته‌ مامۆستای قۆناغی سه‌ره‌تایی.

له‌ ساڵی 1973 وه‌ك مامۆستایه‌كی دڵسۆز و كارامه‌ له‌ قوتابخانه‌ی گوندی مازوار له‌ ناوچه‌ی سه‌رشیوی سه‌قز وانه‌ به‌قوتابیان و منداڵانی ئه‌و گونده‌ ده‌ڵێته‌وه‌.

هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوول میرزاپوور وێڕای سه‌رقاڵبوونی به ‌وانه‌گوتنه‌وە به‌ قوتابیان و ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركی سه‌رشانی خانه‌واده‌ و كاری مامۆستایه‌تییه‌كه‌ی، به‌ڵام بیر و هۆشی زیاتر له‌لای خۆپڕچه‌كردن بووه‌ له‌بواری زانستی مۆسیقا و هه‌وڵی داوه‌ پاشخانی هونه‌ری خۆی زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ند و پێش بخات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له ‌ساڵی 1975 بۆ ماوه‌یه‌كی كورد ڕوو ده‌كاته‌ مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ی (ئه‌رده‌ڵان) و له ‌شاری سنه‌ ده‌چێته‌ خزمه‌ت مامۆستا و هونه‌رمه‌ند (حه‌سه‌نی كامكار 1923_1992)، له‌لای ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزه ‌(حه‌سه‌نی كامكار) وانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی مۆسیقا فێربووه‌ و سوودی له ‌ئه‌زموونی ئاغای حه‌سه‌نی كامكار وه‌رگرتووه‌.

له ‌گه‌ڕانه‌وه‌یدا له‌ هه‌مان ساڵ (1975) بۆ شاری سه‌قز، بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له‌ باخچه‌ی ساوایان و قوتابخانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان وانه‌ی هونه‌ر (سروود و گۆرانی) فێری منداڵان و قوتابیان كردووه‌، له‌ هه‌مانكاتیشدا وه‌ك ژه‌نیارێك هاوكاری تیپی مۆسیقای فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری شاری سه‌قزی كردووه‌.

هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌موو ژیانی بۆ فێربوون و پێشخستن و گه‌شه‌كردنی مۆسیقا ته‌رخان كردووه‌، له‌ بیر و هۆشی ئه‌وه‌شدا بووه‌ ڕۆژێك بێته‌ پێش و بۆی بگونجێ ئه‌و ئاواته‌ی بێته‌دی و بگاته‌ زانكۆ له‌ به‌شی هونه‌ردا بخوێنێ و بڕوانامه‌ له ‌مۆسیقادا به‌ده‌ست بهێنێ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ درێژه‌ی داوه‌ به‌ خوێندن و خۆی ئاماده‌ كردووه‌ بگات به‌ خه‌ونه‌ دێرینه‌كه‌ی، خۆشبه‌ختانه‌ هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوول میرزاپوور له ‌ساڵی 1977 بڕوانامه‌ی (دیپلۆمی ئه‌ده‌بی _  بڕوانامه‌ی ئاماده‌یی به‌شی وێژه‌یی) به‌ده‌ست دێنێ، دوای دوو ساڵ خۆئاماده‌كردن بۆ به‌شداریكردنی تاقیكردنه‌وه‌ی سه‌رانسه‌ری، له‌ ساڵی 1979 به ‌هیوا و ئومێدێكی زۆره‌وه ‌به‌شداری تاقیكردنه‌وه‌ی مۆسیقا له ‌زانكۆی تاران ده‌كات تا له‌زانكۆ وه‌ربگیرێت، به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی ئاڵوگۆڕی سیاسی وڵات و به‌سه‌رداهاتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران و سه‌ركه‌وتنی كۆماری ئیسلامی له‌ ئێران و گرتنه‌ده‌ستی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات، هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی قه‌ده‌غه‌ كرا و هونه‌رمه‌ند خه‌ون و ئاواته‌كه‌ی نه‌هاته‌ دی، به‌ڵام نائومێد نابێت و هه‌رده‌م ده‌خوازێت ڕۆژێك بێته‌ پێش و به‌و ئاواته‌ی بگات، ماوه‌ی 10 ساڵ له‌ چاوه‌ڕوانیدا بوو، تا له‌ساڵی 1989 به‌شی مۆسیقا له ‌زانكۆی تاران ده‌كرێته‌وه‌ و هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوول میرزاپوور وه‌ك قوتابییه‌كی ئه‌و به‌شه‌ وه‌رده‌گیرێت و ده‌رباره‌ی زانستی هونه‌ری مۆسیقا ده‌خوێنێ، دوای چوارساڵ به‌رده‌وامبوون له‌ خوێندن بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس له‌ هونه‌ری مۆسیقا به‌ده‌ست دێنێ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شاری سه‌قز.

له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ زێده‌كه‌ی و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی هه‌ستی هونه‌ری به‌زانستی مۆسیقا، وه‌ك مامۆستایه‌كی دڵسۆز و خه‌مخۆر تێده‌كۆشێ له‌پێناو خزمه‌تكردن به‌هونه‌ری مۆسیقای نه‌ته‌وه‌كه‌یی و شاری سه‌قز و به‌هه‌سته‌ هونه‌رییه‌كه‌ی و ئامێره‌ دڵخوازه‌كانی خۆی (ڤیۆلۆن ، عوود و سێتار) له‌خزمه‌تی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان دابووه‌، هه‌روه‌ها هه‌میشه‌ له ‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابووه‌ تیپی مۆسیقای منداڵان له‌ كوڕ و كچانی شاره‌كه‌ی دامه‌زرێنێ و منداڵان به‌دنیا جوانه‌كه‌ی هونه‌ر ئاشنا بكات، وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیار و به‌توانا ده‌بێته‌ ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای (وه‌نه‌وشه‌) له‌ شاری سه‌قز، تیپی ناوبراو به‌سه‌رپه‌رشتی هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار، ئاوازدانه‌ر و گۆرانیبێژ ڕه‌شیدخانی فه‌یزنه‌ژاد بووه‌، هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای وه‌نه‌وشه‌ بریتی بوون له‌م هونه‌رمه‌ندانه‌:

(ڕه‌شیدخانی فه‌یزنه‌ژادر، ڕه‌سوول میرزاپوور، ناسری ئیسماعیلی، عه‌زیزی سه‌یفی، فه‌ردینی تاهیری، مه‌سعوودی په‌یامی، سمایلی یه‌عقووبی و محی فه‌ره‌جی).

هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوول میرزاپوور له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نی هونه‌رییدا به‌ده‌ست و پل و په‌نجه‌ هونه‌رییه‌كه‌ی وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیار له‌گه‌ڵ زۆر له ‌هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان كاری مۆسیقای كردووه‌ و هه‌میشه‌ خۆی به‌خۆشحاڵ ده‌زانی له‌ هونه‌ری به‌رزی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌دا جێی په‌نجه‌ و ژه‌نینی ئامێری ڤیۆلن و عووده‌كه‌ی بوونی هه‌یه‌، هونه‌رمه‌ندان (عه‌تاخانی سه‌عیدمه‌نسوور، سدیقی زوهری، حه‌مه‌ نه‌جاڕ، ناسری ڕه‌زازی، عه‌زیز شارۆخ، سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی، حه‌سه‌نی ده‌رزی،  محه‌مه‌دی ناهید، عه‌لی زه‌ندی، فاتیحی مه‌ردۆخی، غه‌ریبی خدریار (له‌به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ند غه‌ریبی خدریار وه‌ك ئه‌ندازیارێكی ده‌نگ تۆماركردن به‌شداربووه‌، نه‌ك وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیار)، محی فه‌ره‌جی و سمایلی یه‌عقووبی).

هونه‌رمه‌ند ماوه‌یه‌كیش سه‌رپه‌رشتیاری تیپی مۆسیقای (زێوێ) بووه‌، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (سدیقی زوهری) چه‌ند به‌رهه‌مێك پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و دواتر له‌ 3 فیستڤاڵی هونه‌ری ساڵانه‌ له‌ ئێران به‌كار و چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانیان به‌شداری ده‌كه‌ن، له‌ فێستیڤاڵی ناوه‌ندی شاری سنه‌، پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست ده‌هێنن.

هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوول میرزاپوور هه‌ردوو كاره‌كه‌ی مامۆستایه‌تی و هونه‌ری ژه‌نینی ئامێری مۆسیقا پێكه‌وه‌ گرێداوه‌ و هه‌ردووكیانی به‌یه‌ك ئاراسته‌دا به‌ره‌و لووتكه‌ی سه‌ركه‌وتن بردووه‌، له‌بواری كار و پیشه‌ی مامۆستاییه‌كه‌یدا، زۆرجار وه‌ك مامۆستایه‌كی خه‌مخۆر و دڵسۆز بۆ په‌روه‌رده‌و فێركردن، ڕێزی لێ گیراوه‌ و خه‌ڵاتی پێ به‌خشراوه‌، به‌هۆی ئه‌و پێگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ له‌نێو جه‌ماوه‌ردا هه‌یبووه‌، هه‌میشه‌ په‌یامی خۆشویستنی بۆ هونه‌ر و مۆسیقا به‌ خه‌ڵك گه‌یاندووه‌ و هانی داون منداڵه‌كانت به ‌ئامێره‌كانی مۆسیقا ئاشنا بكه‌ن.

له‌نێو دنیای هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا چه‌ند خانه‌واده‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ تێكڕای ئه‌ندامانی خانه‌واده‌كه‌ سه‌رقاڵی مۆسیقا و گۆرانی و عاشق به‌هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یانن، هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوول میرزاپوور یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ند و مامۆستایانه‌یه‌ خۆشه‌ویستی و چێژ و پیرۆزی هونه‌ری مۆسیقا له‌ لووتكه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كه‌وه‌ شۆڕ كردۆته‌وه‌ بۆ ناو ئه‌ندامانی خانه‌واده‌كه‌ی و هه‌ریه‌ك له ‌منداڵه‌كانی ئامێرێكی مۆسیقا ده‌ژه‌نن و ئه‌مڕۆ ناو و ناوبانگێكیان هه‌یه‌.

هونه‌رمه‌ند ئازاد میرزاپوور كوڕی گه‌وره‌ی هونه‌رمه‌ند، له ‌ته‌مه‌نی 6 ساڵییه‌وه‌ فێری ئامێری (سه‌نتوور)ی كردووه‌، دواتر له ‌ڕێی زانست و به‌هره‌ی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند (سمایلی یه‌عقووبی) فێری ئامێری ده‌فیشی كردووه و دواتریش ئامێری تار، ئێستا هونه‌رمه‌ند ئازاد میرزاپوور مامۆستایه‌كی سه‌ركه‌وتووی مۆسیقایه‌ و سه‌رپه‌رشتیاری گرووپی مۆسیقای كوردی ده‌نگ و ڕه‌نگی ئێرانه‌. ‌

ئازه‌ر میرزاپوور: له‌لای باوكی فێری ئامێری ڤیۆلۆن بووه‌، دواتر وانه‌ی مۆسیقای ده‌نگ و ڕه‌نگی خوێندووه‌ و ئێستا ژه‌نیاری (ڤیۆلۆن ئاڵتۆ)یه‌.

په‌ریسا میرزاپوور: ژه‌نیاری ئامێری (سه‌نتوور).

فه‌رووغ  میرزاپوور: ژه‌نیاری ئامێری (فلووت).

مێهردادمیرزاپوور: ژه‌نیاری ئامێری (عوود).

سڵاو له‌و خانه‌واده‌ هونه‌رییه‌، هه‌رهه‌بن و هه‌رده‌م چرای گه‌شاوه‌ی هونه‌ر دره‌وشاوه‌تر بێت و سڵاو له‌و هه‌سته‌ به‌رزه‌ی خانه‌واده‌یه‌كی له‌وشێوه‌ پێشكه‌شه‌ به‌نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌كات.

به‌هۆی كار و پیشه ‌و سه‌رقاڵبوونی منداڵه‌كانی به‌خوێندن و هونه‌ری مۆسیقا، هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوول میرزاپوور ماوه‌ی ساڵانێك له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی له ‌شاری تاران ده‌ژی، به‌ڵام هه‌موو ساتێك بیر و هۆشی له‌لای كووچه‌ و شه‌قامه‌كانی شاری سه‌قزدا هێدی هێدی هه‌نگاو ده‌نێ و ‌لاپه‌ڕه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانی هه‌ڵده‌داته‌وه‌ و یاد له‌ هاوڕێ ئازیزه‌كانی ده‌كات و به‌ده‌نگ و گۆرانییه‌ شیرینه‌كانی هونه‌رمه‌ندان (سدیقی زوهری گۆرانی ( نه‌غمه‌ی ئازادی و ترووكه‌ ترووكه‌ی به‌فر)، (حه‌مه‌ نه‌جاڕ و گۆرانی گوڵی زه‌رد و سووری سڵێمان به‌گی بانه‌)، (عه‌تاخانی سه‌عید مه‌نسوور، گۆرانی هه‌ی له‌دوور له‌دوور)، (برایانی زێزێ گۆرانی شه‌مام و خاڵ خاڵ) و (محه‌مه‌دی ناهید، گۆرانی ئه‌رێ هۆی باڵابه‌رز) ڕۆحی پاراو ده‌كات و هه‌ناسه‌ هه‌ڵده‌مژێ (6).

چونكه‌ هه‌ریه‌ك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ له‌ناو ڕۆح و هه‌ستی هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوول میرزا پووردا پێگه ‌و جێگه‌یه‌كی به ‌نرخ و پیرۆزییان هه‌یه‌ و هه‌میشه‌ به‌ حورمه‌ت و ڕێزه‌وە ناویان دێنێ و خوێندنه‌وه‌یان بۆ ده‌كات:

هونه‌رمه‌ند سه‌روان محه‌مه‌د ناهید: خۆشه‌ویست و به‌ڕێزه‌ له‌لام و زۆر هونه‌رمه‌نده‌.

هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ نه‌جاڕ: یادی به‌خێر ئه‌ویش هونه‌رمه‌ندێكی به‌هه‌ست و ئه‌ویناوی بوو.

هونه‌رمه‌ند عه‌تاخانی سه‌عید مه‌نسوور: زۆر به‌ڕێز و زۆرخۆشه‌ویست و هه‌میشه‌ جێی شانازییه‌ بۆ سه‌قز و تیله‌كۆ.

هونه‌رمه‌ند برایانی زێ زێ: ئه‌وان زۆر زه‌حمه‌تیان كێشا بۆ شادی خه‌ڵك هه‌میشه‌ ئه‌بێ ڕێز له‌ خۆیان و هونه‌ره‌كه‌یان بگیرێ.

هونه‌رمه‌ند سدیقی زوهری: وه‌ك برا گه‌وره‌ی خۆم یادی ئه‌كه‌مه‌وه‌، توانایه‌كی زۆر تایبه‌تی هه‌بوو له ‌مۆسیقا، له ‌ده‌نگ و له ‌گۆرانیدا، به‌تایبه‌ت له‌ گۆرانییه‌كانی ناوچه‌ی سه‌قز.

دوای به‌سه‌ربردنی چه‌ندساڵ ژیان له ‌غوربه‌ت، له ‌تارانی پایته‌ختی ئێران، ئێستا هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوول میرزاپوور گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ زێده‌كه‌ی و له‌ شاری سه‌قز له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌یدا ده‌ژی، شادمان و به‌خته‌وه‌ره‌ له‌ زێده‌كه‌ی و له‌ناو كه‌سوكار و هاوڕێیانیدا ڕۆژه‌كانی ژیان تێده‌په‌ڕێنێ و زۆر عاشقی شاره‌كه‌یه‌تی و له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت (سه‌قز له‌لام زۆر خۆشه‌ویسته‌، به‌ڕێزه‌، من به‌ عه‌شقی سه‌قزه‌وه‌ هاتوومه‌ته‌وه‌ ئامێزی) (7).

یه‌كێك له ‌هاوڕێ دێرینه‌كانی هونه‌رمه‌ند و ڕۆژانێك پێكه‌وه‌ له ‌تیپی مۆسیقای (وه‌نه‌وشه‌) كاری هونه‌رییان كردووه‌، هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و دروستكه‌ری ئامێری سه‌نتوور (عه‌زیزی سه‌یفی)یه‌، به‌و شێوه‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ی ده‌كات و ده‌ڵێت: مامۆستا ڕه‌سوول میرزاپوور هاوڕێی دێرین و مامۆستام، كه‌سێكی زۆر ئازیز و خۆشه‌ویست و دڵسۆز بۆ هاوڕێ و نه‌رمونیان و زمان شیرین و خه‌مخۆر بۆ كاری هونه‌ری و مۆسیقا و گۆرانی، ماوه‌یه‌ك له ‌شاری سه‌قز پێكه‌وه‌ له‌ تیپی مۆسیقای وه‌نه‌وشه‌ به ‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ڕه‌شیدخانی فه‌یزنه‌ژاد زۆر دڵسۆزانه‌ و  خه‌مخۆرانه‌ له‌پێناو به‌ره‌وپێشخستنی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كاری هونه‌ریمان كردووه‌، مامۆستا ڕه‌سوول هه‌میشه‌ له‌ خه‌می به‌رزڕاگرتنی مۆسیقادا بوو هه‌وڵی ده‌دا منداڵان له‌ سه‌ره‌تای ته‌مه‌نیانه‌وه‌ به‌ مۆسیقا ئاشنا بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و كاره‌شی ئه‌نجام دا و باشترین نموونه‌ش جگه‌رگۆشه‌كانی خۆیه‌تی كە به‌باشترین شێوه‌ فێری مۆسیقای كردن و ئێستا هه‌ریه‌كه‌یان له‌ ئامێرێكی مۆسیقادا مامۆستان، هه‌میشه‌ هیوای پڕ ته‌ندروستی و سه‌رفرازی بۆ ئه‌و مامۆستا و هونه‌رمه‌نده‌ به‌رزه‌ی شاره‌كه‌ی سه‌قز ده‌خوازم) (8).  

له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، هونه‌رمه‌ند ژیانی خێزانی پێكهێناوه‌ له‌گه‌ڵ خاتوونێك كه ‌خزمی خۆیه‌تی، هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوول میرزاپوور له ‌ساڵی 1974 له ‌شاری بانه‌ ژیانی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ خاتوو (فه‌ریده‌ فه‌تحی) پێكدێنێ، به‌روبوومی ئه‌و ژیانه‌ هاوبه‌شه ‌په‌روه‌ردگاری میهره‌بان (سێ كه‌نیشكه‌ و دوو كوڕی) پێ به‌خشیوون، ته‌مه‌نداربن جگه‌رگۆشه‌كانیان هه‌روه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا هه‌رهه‌موویان به‌هاوكاری بێ وێنه‌ی خاتوو فه‌ریده‌ی دایكیان و په‌روه‌رده‌ و فێركردنی باوكیان ڕێبواری به‌ ئه‌مه‌كی ڕێگا پیرۆزه‌ی باوكیانن و له‌بواری هونه‌ری مۆسیقادا ده‌ستێكی باڵایان هه‌یه‌.

هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوول میرزاپوور جگه‌ له‌ كاری هونه‌ری و مامۆستایه‌تی، به‌خامه‌ی جوانی گه‌ره‌كی بووه‌ خه‌مێك له‌ مێژووی هونه‌ری مۆسیقا و هونه‌رمه‌ندانی شاره‌كه‌ی بخوات، دوای هه‌وڵ و ماندووبوون و تێكۆشانی دڵسۆزانه‌ی ئه‌و ئاواته‌ی دێنێته‌ به‌رهه‌م و كتێبی (خۆش نه‌وایان) به‌چاپ ده‌گه‌یه‌نێ.

پێی ده‌ڵێن خه‌رمان به‌ركه‌ت و سڵاو له ‌مێژووی جوان و به‌رزی هونه‌ریتان كه ‌هه‌موو ژیانت له‌و پێناوه‌دا ته‌رخان كردووه‌، ده‌خوازم په‌روه‌ردگار به‌ره‌كه‌ت بخاته‌ ته‌مه‌نییه‌وه‌ ته‌ندروسیتییه‌كی باشتری پێ ببه‌خشێت.

دیاره‌ هونه‌رمه‌ند ده‌ستی نووسینی هۆنراوه‌شی هه‌بووه‌، له‌ یه‌كێك له ‌هۆنراوه‌كانی به ‌ناوی (ئاوازی دڵ) باس له‌ هه‌وڵ و تێكۆشانی خۆی ده‌كات و پێمان ده‌ڵێت:

(كاتێك كه‌ وردبوون منداڵه‌كانم

فێرم ئه‌كردن مۆسیقا و به‌سته‌

تاكو ساز لێده‌ین به‌تێكڕا جارجار

بۆ هێمنایه‌تی دڵانی خه‌سته‌

ستڵان تێپه‌ڕی ئه‌وان گه‌وره‌ بوون

به‌جوانی فێربوون بوونه‌ خۆش نه‌واز

كاریان پێم نه‌ما كه‌م كه‌م لاخرام

ته‌نیا گوێ ئه‌ده‌م به‌گۆرانی و ساز

ئێسته‌ جاروبار گه‌ر ساز لێدرێ

گه‌یشتووم به‌وه ‌و وا ڕوون بووه‌ بۆم

هه‌ركه‌س ئاوازی دڵی خۆی لێ یا

ئه‌وان بۆخۆیان، منیش هه‌ر بۆ خۆم).

جه‌مالی ده‌لاك (8/6/2024) هه‌ولێر.

سه‌رچاوه‌ :

(1 و 8)په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (عه‌زیزی سه‌یفی) ڕۆژی دووشه‌ممه‌ (3/6/2024) (هه‌ولێر-سلێمانی).

(2 و 3 و 4  و7) دیدارێكی هونه‌ری له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ڕه‌سوول میرزاپوور، پێشكه‌شكار (هیوا) ئه‌و دیداره‌ له ‌لاپه‌ڕه‌ی فه‌یسبووكی هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و موزیسیان و ئاوازدانه‌ر (ڕه‌شیدخانی فه‌یزنه‌ژاد) له‌ ڕێكه‌وتی (22/4/2024) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

(5 و 6) هونه‌رمه‌ندی موزیسیان ڕه‌سوول میرزاپوور، سایتی (شارنیوز) نووسینی (حه‌سه‌نی ئه‌مینی).

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.