ئەهۆی ئەو ئاگرەی لە چەند گوندێكی هەردوو پارێزگای ئامەد و مێردین لە كوردستانی توركیا كەوتەوە، 5 كەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 40 كەسی دیكەش بریندار بوون.
درەنگانی شەوی رابردوو ئاگر لە زەوییەكی بەرفراوانی دەخڵودان و پووش و پاوانی چەند گوندێكی ئامەد و مێردین كەوتەوە، تیمەكانی بەرگریی شارستانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی توانیان ئاگرەكە كۆنتڕۆل بكەن.
سێڤدا كەپڵان پەیامنێری (كوردستان تیڤی) لە توركیاوە پێی راگەیاندین: ئاگرەكە چەندان گوند و ناوچەی بەرفراوانی هەردوو پارێزگای ئامەد و مێردینی گرتبووەوە، هەرچەندە بەهۆی بەهێزی با و فراوانی ئاگرەكە كوژانەوەی زەحمەت بوو، بەڵام تیمەكانی بەرگریی شارستانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی توانیان بەتەواوی ئاگرەكە كۆنتڕۆل بكەن.
راشیگەیاند: بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان لە رووداوی ئاگرەكەدا 5 كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 40 كەسی دیكەش بریندار بوون.
ئاماژەی بەوەش دا كە ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە 3 كەسیان خەڵكی ئامەدەن و دووانەكەی تریش خەڵكی مێردین.
لای خۆشییەوە فەخرەدین كۆجا وەزیری تەندروستی توركیا لەبارەی قوربانییەكان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند كە 5 كەس گیانیان لەدەستداوە و 44 كەسی دیكەش بریندار بوون، ئاماژەی بەوەش دا كە بریندارەكان لە نەخۆشخانە چارەسەرییان بۆ دەكرێت.
ڤیدیۆ: چەند دیمەنێكی كەوتنەوەی ئاگرەكە:-
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.