هەڵمەتی نۆژەنكردنەوەی بازاڕی قەیسەری هەولێر لەلایەن تیمەكانەوە بە شەو و رۆژ واتە 24 كاتژمێر كاری تێدا دەكرێت.
وەزارەتی شارەوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: لەبەر بەرژەوەندیی کاسبکاران و دوکاندارانی ناو بازاڕی قەیسەریی هەولێر و بەمەبەستی پەلەکردن بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە، کارکردنی تیمەکانی شارەوانی و سەرجەم ئەو تیمانەی کار لە نۆژەنکردنەوەکەدا دەکەن، کرایە سێ شەفت.
راشیگەیاند: واتە لە ئەمڕۆ هەینییەوە کارکردنی 24 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا لە بازاڕەكە دەستی پێ کرد.
مانگی رابردوو و لە شەوی 5ی ئایار ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر كەوتەوە و بەهۆیەوە 228 دوكان و 7 كۆگا سوتان.
رۆژی دوای كەوتنەوەی ئاگرەكە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بازاڕەكەی كرد و بەڵێنی بە دوكاندار و كاسبكارانی بازاڕەكە دا بەپێی توانا هاوكاری سەرجەم زیانلێكەوتووان بكات و یارمەتییان بدات و لە زووترین كاتیشدا بازاڕەكە نۆژەن بكەنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.