بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە دەستگیركردنی دوو كەسی رایگەیاند كە دوو مانگ بەر لە ئێستا لە شاری مووسڵ تاوانێكی كوشتنیان ئەنجامدابوو.
ئاسایشی هەولێر رایگەیاند: لە مانگی 4ی ئەمساڵ لە شاری مووسڵ لە گەڕکی (میثاق) هاووڵاتییەک بە ناوی (عارف حامد) کوژراوە، دوای ئەنجامدانی تاوانەکە بکوژەکان هەڵاتوون بۆ شاری هەولێر و خۆیان لە شوێنیک حەشارداوە.
راشیگەیاند: لەلایەن پۆلیسی شاری مووسڵ بە ڕێگای ژووری هەمانگییەوە، وەزارەتی ناوخۆى حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان ئاگادار کردەوە، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لەلایەن هێزەکانمانەوە شوێنی بکوژەکانمان ئاشکرا کرد.
هەروەها رایگەیاند: بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر و بەپێی ماددەی (406) لە یاسای سزادانی عێراقی هەردوو بكوژمان دەستگیر کرد بە ناوەکانی (ح، س، أ) و (ع، س، أ).
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا كە لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت كە هۆکاری کوشتنی هاووڵاتییەكە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی نێوان هەردوولا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.