جه‌مالی ده‌لاك...
_ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا زرار محه‌مه‌د مسته‌فا: كاكه وه‌لی هه‌میشه جێی باوه‌ڕ و متمانه‌بوو، كوردێكی پاك و دڵسۆز بوو...
_ هونه‌رمه‌ند چه‌تۆ نه‌ورۆز: كاكه وه‌لی هه‌گبه‌یه‌كی گه‌وره یاخود قوتابخانه‌یه‌كه له نوێكردنه‌وه‌ی گۆرانی فۆلكلۆری كوردی...
_ هونه‌رمه‌ند ئامانج غازی: هیچ كات كاكه وه‌لی حه‌زی به‌ناو و ناوبانگ ده‌ركردن نه‌بووه، هه‌میشه حه‌ز و خولیا و ئاواتی ئه‌وه‌بووه به‌ته‌نگ ئاواز و گۆرانی كوردییه‌وه بێت. (1)
هونه‌رمه‌ندانی موزیكژه‌نی تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره، به‌وشێوه خوێندنه‌وه بۆ كه‌سایه‌تی و ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ندێك ده‌كه‌ن، كه ئه‌و هونه‌رمه‌نده كه‌سایه‌تیيه‌كی هێمن و هێدی و كه‌مدوو، میهره‌بان و هه‌ست ناسك و خاوه‌ن ده‌نگ و گه‌روویه‌كی پاراوی هه‌ڵقوڵاوی كوێستانه‌كان و مێرگ و چیمه‌ن و چیا و دۆڵه‌كانی كوردستانه به‌گشتی و ده‌ڤه‌ره جوان و شیرین و دڵڕفێنه‌كه‌ی ڕ‌واندز و دیانا و مێرگه‌سووره، خاوه‌ن ده‌نگێكی چیایی، ده‌نگێك هاوه‌ڵی كۆچه‌ری و شه‌نگه‌بێری، هونه‌رمه‌ندێكی عاشق، به‌ڵام كام عاشق..؟ عاشقی وڵات و فه‌رهه‌نگ و زمانه‌كه‌ی، عاشقی ڕ‌واندز و عاشقی هونه‌ری مۆسیقا‌و لاوك و حه‌یران وگۆرانی ڕه‌سه‌ن، عاشقی فۆلكلۆری نه‌ته‌وه‌كه‌ی كه هه‌میشه خۆیی و ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی بۆ ته‌رخانكردووه و ژیانی پێ به‌خشیوه.
هونه‌رمه‌ندێك له مێرگه‌سوور به‌دنیا هاتبێت، له دیانا هه‌نگاوه‌كانی ژیان ده‌ست پێ ده‌كات، به‌ڵام له‌شاره جوان و مێژووییه‌كه‌ی كوردستان ڕ‌واندز به‌هاوكاری و پشتیوانی هونه‌رمه‌ندانی (تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره) خۆی بناسێنێ و گه‌شه بكات و ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی به‌هه‌موو كوردستاندا بڵاو ببێته‌وه.
(كوچه‌رێ وه‌ی كوچه‌رێ، نارینێ نارینێ هه‌ی نار
كوچه‌رێ وه‌ی كوچه‌رێ، شێت بووم ژ وان چاڤادا)
گۆرانی كوچه‌رێ، ده‌توانم بڵێم له‌بیره‌وه‌ری و هزری زۆرینه‌ماندا ئه‌و گۆرانییه خۆشه بوونی هه‌یه، گۆرانییه‌كی مۆركی كورده‌واری، تێكست و میلۆدی، یه‌ك له‌یه‌كدی خۆشتر و به‌گوێ ئاسان و زوو ده‌چێته ناخ وهه‌ست و هۆشی بیسه‌ره‌وه، ده‌نگه خۆش و زوڵاڵه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی دڵ لاوێن و ئارام به‌خش هێنده‌ی تر گۆرانییه‌كه‌ی به‌رز و پر چێژتر كردووه، ئه‌گه‌ر زۆر به وردی هه‌ست له‌سه‌ر تێكسته‌كه ڕابگرین، ئه‌وه‌نده شیرینه كه سیناریۆیه‌كی به‌رز و جوان تێیدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و ده‌یخاته به‌ردییه‌ی بینه‌ر و گوێگر، كه سه‌راپا باس و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی كۆچه‌رییه‌كانی كوردستانه كه گه‌رمێن و كوێستان ده‌كه‌ن.
هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی و له گۆرانی كۆچه‌رێ وه بۆ ته‌مه‌ن..؟!
ژیانی تایبه‌تی ئه‌م هونه‌رمه‌نده وه‌ك هاوشێوه‌ی هونه‌رمه‌ندان و ئه‌دیبان و ڕۆشنبیرانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، به گه‌لێك هه‌وراز و نشێودا تێپه‌ڕیوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زاده‌ی خانه‌واده‌یه‌كی باشووری كوردستانه، بێگومان پڕیشكی ئازار و چه‌وسانه‌وه و سته‌مه‌كانی ڕژێمه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراقی عه‌ره‌بی و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی نێو كۆمه‌ڵی كورده‌واری به‌ر خانه‌واده و بنه‌ماڵه‌كه‌ی كه‌وتووه، كه‌سایه‌تیيه‌ك له شاری دهۆكه‌وه ڕێ ده‌كات و له ده‌ڤه‌ری مێرگه‌سوور هه‌وار ده‌خات و جێگیر ده‌بێت و ده‌بێته پۆلیس، له‌و وێستگه‌یه‌دا پشوو ده‌دات و ژیانی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ خاتوونێكی ئه‌و ده‌ڤه‌رده‌دا پێك دێنێ، فه‌رهه‌نگ و داب و نه‌ریتی جوان و مێرخاسیی و میواندۆستی ده‌ڤه‌ره‌كه به‌شێوه‌یه‌ك ده‌یلاوێننه‌وه تا كۆچی دوایيشی وه‌ك خاوه‌ن ماڵ و زاده‌ی ناوچه‌كه ڕه‌فتار و مامه‌ڵه بكات.
له ڕێكه‌وتی 1/1/1957 په‌روه‌ردگاری به‌خشنده كۆرپه‌یه‌كی جوانیان پێ ده‌به‌خشێت و چرای ئه‌و خانه‌واده‌یه ڕۆشنتر ده‌كاته‌وه و نێوی ده‌نێن وه‌لید.
هونه‌رمه‌ند وه‌لید حه‌سه‌ن عه‌لی ناسراو به (وه‌لی دۆسكی) هه‌رچه‌نده خۆی ناوی وه‌لیده، به‌ڵام له‌سه‌ر زار و بێژه‌ی ده‌نگه‌و و له‌نێو خه‌ڵك و هه‌وادارانیدا پیتی (د) كه نامێنێ و به (وه‌لی) ناسراوه و ناو ده‌برێت.
به‌ڵام بۆ نازناوی (دۆسكی) و بۆ به‌ناوی باوكییه‌وه ناونابرێت؟!
كاتێك هونه‌رمه‌ند بۆ مه‌به‌ستی تۆماركردنی گۆرانی ڕوو ده‌كاته ڕادیۆی كوردی به‌غدا، دوای تۆماركردنی به‌رهه‌مه‌كه پێی ده‌ڵێن نازناوی هونه‌ریت..! له‌و كاته‌دا چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی شاری دهۆكیش له ڕادیۆ ده‌بن، دوای باس و خواس له‌وباره‌یه‌وه ناوی دۆسكی ده‌كه‌نه پاشكۆی ناوه‌كه‌ی و ده‌بێته ناسناوی و له‌و كاته‌وه له‌نێوه‌ندی هونه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی به وه‌لی دۆسكی ده‌ناسرێت، هونه‌رمه‌ند یه‌كه‌م كه‌س نابێت له ڕادیۆ، به‌ڵكو له سه‌ره‌تای په‌خشی رادیۆی كوردییه‌وه ئه‌و خه‌سڵه‌تی ناسناوه هونه‌رییه بۆ زۆر هونه‌رمه‌ندانی تر دانراوه.
قۆناغی ته‌مه‌نی منداڵی، وه‌ك هه‌موو منداڵه بێ نازه‌كانی وڵات، له ژیانێكی سه‌خت و دژوار و نیمچه هه‌ژاریدا ژیاوه، له ساڵی 1963 خراوه‌ته به‌ر خوێندن له قوتابخانه‌ی (دیانا)ی سه‌ره‌تایی، مامۆستا ئازیزه‌كانی فێری ئه‌لف و بێی كوردی و په‌روه‌رده‌ی ده‌كه‌ن، هێشتا هونه‌رمه‌ند له پۆلی دووه‌می سه‌ره‌تایی، له ته‌مه‌نی 8 ساڵیدا (1965) په‌روه‌ردگار له سایه و سۆز و ئامێزی باوكی بێ به‌شی ده‌كات و ئه‌و ڕووداوه سه‌خت ده‌بێت بۆی و بیر له كه‌ساسی و بێكه‌سی و بێ ئومێدی خۆی ده‌كاته‌وه، به‌ڵام سه‌د ئافه‌رین بۆ سۆز و خۆشه‌ویستی و خۆڕاگری دایكی كه ڕه‌شماڵی په‌روه‌رده و به‌خێوكردنێكی ته‌ندروست فراوانتر ده‌كات، تا جگه‌رگۆشه‌كه‌ی درێژه به‌خوێندن بدات و مرۆڤێكی ڕه‌وشت به‌رز و دڵسۆز ببه‌خشێت به نه‌ته‌وه‌كه‌ی.
وانه‌ی هونه‌ر و مامۆستای سروود و ده‌نگناس و به‌سه‌لیقه، دۆزه‌ره‌وه‌ی قوتابییه ده‌نگخۆشه‌كانی پۆله، له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی پێشوو له‌و كاته‌وه‌ی كه قوتابیان به‌سرووده نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان په‌روه‌رده و گۆش ده‌كران له پۆل یان له گۆڕه‌پانی قوتابخانه، ئه‌و به‌هرانه چرۆیان ده‌كرد و هێدی هێدی زه‌مینه‌یان بۆ له‌باركراوه له‌لایه‌ن مامۆستای دڵسۆزه‌وه، له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه هونه‌رمه‌ند له‌و كاته‌ی قوتابی سه‌ره‌تایی بووه، هه‌ستی به ده‌نگخۆشی و توانای چڕینی ستران كردووه له‌نێو هاوڕێ و هاوپۆله‌كانی، ئه‌و ده‌نگۆیه بڵاو ده‌بێته‌وه و ده‌گاته‌وه به مامۆستاكانی، مامۆستا ته‌لعه‌ت مامۆستای هونه‌ر و خه‌ڵكی شاری هه‌ولێر و ژه‌نیاری ئامێری عوود بووه، بانگی كردووه و سروود و گۆرانی پێ خوێندووه، ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزه دركی به‌و به‌هره‌یه كردووه كه خوا به‌خشیویه‌تی به قوتابییه‌كه‌ی، پشتیوان و هاوكاری بووه و ڕێنوێنی كردووه یه‌كه‌م كه‌س و هانده‌ری بووه و پێی گوتووه (تۆ ده‌نگت خۆشه و ئه‌گه‌ر هه‌وڵ بده‌ی له‌وانه‌یه له‌داهاتوو ببیته گۆرانیبێژ). (2)
ئه‌و ڕێنیشانده‌ر و ڕێنوێنیه‌ی مامۆستا ته‌لعه‌ت، ده‌بێته هه‌وێنی زیاتر خۆ سازدان و خۆشویستنی بۆ هونه‌ری گۆرانی، له‌و قۆناغه‌دا زیاتر له‌سه‌ر گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌ت (حه‌سه‌ن زیره‌ك) ڕاهێنان و گۆرانییه خۆشه‌كانی له‌نێو هاورێ و هاوه‌ڵه‌كانی ژیانیدا بڵیته‌وه، له‌گه‌ڵ ڕه‌وتی ڕۆژگار و هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و گرێدانی ژیانی كاركردن و خوێندن پێكه‌وه، هه‌ست و هۆش و گوێچكه‌كانی به‌ده‌نگی خۆش و گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ندان (محه‌مه‌د عارف جزیری و كاوێس ئاغا و حه‌سه‌نی جزیری و ته‌حسین ته‌ها... تاد) بلاوێنێته‌وه، له‌ناو دنیای ئه‌و ده‌نگه به سۆز و پڕ چێژانه‌ی گه‌وره هونه‌رمه‌ندان، ڕۆژ به‌ڕۆژ ده‌نگی هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها زیاتر ده‌یلاوێنێته و كاریگه‌ری له‌سه‌ر داده‌نێت و میلۆدی و تێكستی سترانه‌كانی له هه‌ست و نه‌ستیدا جێ بگرێت و به گه‌روو و ئه‌دای خۆی بیانڵێته‌وه، ئه‌وه‌نده سه‌رسام ده‌بێت به هونه‌ره‌كه‌ی، ته‌نانه‌ت له كاتی دووپاتكردنه‌وه یان لاسایكردنه‌وه‌ی گۆرانییه‌كانی به‌هه‌مان تۆن و ئه‌دای ته‌حسین ته‌ها دووباره‌یان ده‌كاته‌وه، لەمبارەیەوە هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی ده‌ڵێت (له منداڵییه‌وه حه‌زم به‌ده‌نگی ته‌حسین ته‌ها بوو، له‌ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یه‌وه فێری زۆر شت بووم، فێری خۆشه‌ویستی بۆ هونه‌ركردم). (3)
هونه‌رمه‌ند قۆناغی ناوه‌ندیش هه‌ر له دیانا ته‌واو ده‌كات،له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌سته‌ی بۆ هونه‌ری گۆرانی خوێندن، وه‌لی دۆسكی هونه‌رمه‌ند خولیای تۆپی پێ و نووسینی هۆنراوه‌شی ده‌بێت، به‌ڵام كاریگه‌ری ژینگه و سروشتی جوانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی و ده‌نگی خۆشی ته‌حسین ته‌ها په‌لكێشی ده‌كات به‌ره‌و دنیای گۆرانی مۆسیقا هه‌نگاو هه‌ڵبگرێت.
مامۆستا و هونه‌رمه‌ند زرار محه‌مه‌د مسته‌فا ڕواندزی سه‌باره‌ت به سه‌ره‌تای ناسینی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی ده‌ڵێت: ساڵی 1972 یان 1973 بوو ئه‌و كاته كاكه وه‌لی قوتابی پۆلی دوو یان سێی ناوه‌ندی بوو، منیش مامۆستا بووم، ئه‌و كاته‌ش ئێمه تیپێكی مۆسیقامان هه‌بوو، كۆمه‌ڵێك مامۆستا بووین به‌ناوی (تیپی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان) هه‌میشه هه‌وڵمان ئه‌دا ئه‌و هونه‌رمه‌نده لاوانه، ئه‌و به‌هره‌دارانه كۆ بكه‌ینه‌وه كه ده‌نگیان خۆشه، ئه‌گه‌ر له‌بیرم بێت له ئاهه‌نگێكدا كاكه وه‌لی گۆرانییه‌كی هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌های خوالێخۆشبووی گوت، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌خۆی زۆر ئاره‌زوومه‌ندی ده‌نگی بوو، ده‌نگ و مۆركی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی به ده‌نگی كاكه وه‌لییه‌وه دیاربوو، له‌و كاته‌وه توانای گۆرانیی گوتنی كاكه وه‌لی ده‌ركه‌وت و په‌یوه‌ندیمان دروست بوو، له ڕێكه‌وتی 20/8/1977 كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی به‌شی ڕ‌واندز دامه‌زرا، یه‌كه‌مین كه‌س و ده‌نگخۆشێكی ئه‌و ناوچه‌یه كه پێوه‌ندی به كۆمه‌ڵه‌وه كرد و بووه ئه‌ندام كاكه وه‌لی دۆسكی بوو). (4)
هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی له سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی پێشوو په‌یوه‌ندی دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ مامۆستا زرار محه‌مه‌د مسته‌فا په‌یدا ده‌كات و درێژه به‌و په‌یوه‌ندییه ده‌دات و هه‌موو كات به حورمه‌ته‌وه له‌و په‌یوه‌ندییه‌وه كار و ڕێنماییه‌كانی مامۆستا زراری ڕوانیووه، تا ئه‌و كاته‌ی مامۆستا زرار محه‌مه‌د مسته‌فا (تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره له ڕێكه‌وتی 1/7/1977) دادمه‌زرێنێت.
ڕاگه‌یاندنی دامه‌زراندنی تیپێكی مۆسیقا له ڕ‌واندز و ناوچه‌كه، مژده‌یه‌كی خۆش ده‌بێت بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كه به گشتی و هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی به تایبه‌تی، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێشتر په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مامۆستا زراردا هه‌بووه، وه‌لی دۆسكی هونه‌رمه‌ند وه‌ك ئه‌ندامێكی سه‌ره‌تای ئه‌و تیپه له‌ناو تیپی پاشی گه‌وره‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه، له هه‌موو بۆنه‌و ئاهه‌نگه فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كاندا هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵیاندا بووه، بۆ یه‌كه‌مجار له‌گه‌ڵ تیپی پاشای گه‌وره چۆته سه‌ر شانۆ، وه‌ك كۆرس به‌شداربووه و له‌و ڕێگه‌یه‌وه ڕۆژ به‌ڕۆژ توانای ده‌نگی زیاتر ده‌كرێته‌وه، دواتر له‌گه‌ڵ تیپی ناوبراو وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی گۆرانیبێژ به سروود و گۆرانی فۆلكلۆر به‌شداری له‌گه‌ڵیاندا كردووه.
سه‌باره‌ت به‌و سه‌ره‌تایه‌ی له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی ده‌ڵێت: دیاره به‌شداری و مماره‌سه‌ی من له‌گه‌ڵ ئه‌وان وه‌ك كۆرس و گۆرانی گوتن ده‌نگی منی كرده‌وه، به‌ڕاستی زۆر بابه‌تی هونه‌ری لێیانه‌وه فێربووم، ئه‌وانیش زۆر له‌گه‌ڵ مندا هاوكار و ماندووبوون، زۆرجاریش له كاتی گۆرانی گوتن (ئاوت _ نه‌شاز)م ده‌كرد، وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وان نیگه‌ران بن، چونكه مه‌به‌ستیان هاوكاری دروستبوونی من بوو به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست، دواتر توانیم سوود له شاره‌زایی ئه‌وان وه‌ربگرم، به‌پشتیوانی مامۆستا زرار و به‌ده‌ست و په‌نجه‌ی هونه‌رمه‌ندانی تیپی پاشای گه‌وره، ئه‌من ناوبانگم په‌یداكرد، خۆم به قه‌رزار باریان ده‌زانم. (5)
گۆرانی كۆچه‌رێ، چۆنیه‌تی تۆماركردن و ده‌نگدانه‌وه‌ی..؟!
ئه‌و گۆرانییه بێگومان چیرۆكێكی له پشته‌وه‌یه، هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی حه‌ز و ئاره‌زووی بۆ فۆلكلۆری نه‌ته‌وه‌كه‌ی گه‌لێك زۆر بووه، هه‌ر ئه‌و هه‌وا و ئاواز و گۆرانییه فۆلكلۆرییه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی بوونه‌ته هه‌وێنی درێژه پێدان و ڕێبوارێكی به ئه‌مه‌كی ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی بێت.
له‌باره‌ی گۆرانی فۆلكلۆره‌وه هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر عوسمان شارباژێڕی نووسیویه‌تی: گۆرانیی فۆلكلۆریی كوردیی (هه‌وا) و (هۆنراوه)یه‌كی بێ خاوه‌ن و كه‌سنه‌زانن، له‌نێو خه‌ڵكی ساكار و نه‌خوێنده‌واردا، له ڕۆژگارێكی ڕابردوودا دانراون و داهێنراون تافێكی ته‌واو باویان بووه و گوتراون و ده‌ماوده‌م به‌ئەمڕۆی ئێمه گه‌یشتوون، مۆر و ماركه‌ی دێهاتی پێوه‌یه و جێ په‌نجه‌ی شوان و ڕه‌وه‌ند و ره‌شماڵنشینی پێوه دیاره، به‌ڵكو زاده‌ی بیرێكی ساده و مێشكێكی ساكارن و به‌هره‌و سه‌لیقه‌یه‌كی زۆریان تێدایه. (6)
به‌پێی وته‌كه‌كانی هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر عوسمان شارباژێڕی، ئه‌و خه‌سڵه‌ته جوانانه له فۆلكلۆری نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا هه‌یه و بناغه‌ی مۆسیقا و ئاواز و گۆرانی كوردییه، هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكییش به حورمه‌ته‌وه له‌و گه‌نجینه پڕ گه‌وهه‌ره‌ی ڕوانیوه و هه‌وڵ و زه‌حمه‌تی له‌و پێناوه‌دا كێشاوه، له ڕێی ده‌نگ و گه‌روویه‌وه جارێكی تر ئه‌و فۆلكلۆره له چوارچێوه‌یه‌كی نوێ‌دا به‌بێ شێواندنی بنه‌ما سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی بیڵێته‌وه و زیندوویان بكاته‌وه، له وه‌رزی هاوینی سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاكان، تیپێكی مۆسیقا له شاری هه‌ولێره‌وه گه‌شتێكی هونه‌ری بۆ ده‌ڤه‌ری برادۆست و ئاهه‌نگ ساز ده‌كه‌ن، هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكیش یه‌كێك ده‌بێت له به‌شداربووی ئه‌و گه‌شته هاوینه‌ی هونه‌رمه‌ندانی هه‌ولێر، له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: تیپێكی مۆسیقی له شاری هه‌ولێره‌وه له وه‌رزی هاویندا بوو سه‌ردانێكی ناوچه‌ی برادۆستیان كرد، له‌و سه‌ردانه‌دا له گه‌نجێك ئه‌و گۆرانییه‌م گوێ لێ‌بوو، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ی كۆچه‌رێی من نه‌بوو كه خوێندوومه، ئیقاعێكی خێرای هه‌بوو، هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تا نه‌متوانی به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو وه‌ری بگرم، هه‌رئه‌وه‌نده توانیم تێكست و ئاوازه‌كه‌ی له مێشكمدا هه‌ڵبگرم و له‌لای خۆم هێشتمه‌وه تا ساڵی 1983 چوومه تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره و پێم ڕاگه‌یاندن كه گۆرانییه‌كم هه‌یه و بۆم خوێندن. (7)
هونه‌رمه‌ند و ژه‌نیار ئامانج غازی له‌باره‌ی گۆرانی كۆچه‌رێدا ده‌ڵیت: كاكه وه‌لی گۆرانییه‌كه‌ی هێنا بۆ تیپ و به ده‌نگی خۆی خوێندی، میلۆدییه‌كی زۆر خۆش بوو، تۆنی موزیكه‌كه‌ی تۆنێكی كوردی خۆش و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زێكی زۆر جوان له تۆنه‌كاندا هه‌بوو، ئه‌و میلۆدییه له‌سه‌ر مه‌قامی به‌یات بوو. (8)
یه‌كێك له خه‌سڵه‌ته جوانه‌كانی هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی، ئه‌وه‌یه كه بڕیاری له‌سه‌ر هه‌ركارێكی هونه‌ری دابێت، ڕاسته‌وخۆ بڕیاری خۆی نه‌سه‌پاندووه، به‌ڵكو به‌رده‌وام گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ لای ڕاوبۆچوونی مامۆستا زرار و هه‌موو ئه‌و هونه‌رمه‌نده ده‌ست و په‌نجه زێڕینانه‌ی تیپی پاشای گه‌وره و پێی خۆش بووه ڕا و بۆچوونی ئه‌وان له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كه بێت و بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی قووڵی لێوان‌لێو له خۆشه‌ویستی و ڕێز له‌نێوان هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی و هونه‌رمه‌ندانی تیپی پاشای گه‌وره‌دا هه‌بووه، زۆر به گرنگی و پڕ بایه‌خه‌وه به‌رهه‌مه‌كانی هونه‌رمه‌ندیان وه‌رگرتووه و خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردی زانستی مۆسیقایان بۆ كردووه و به په‌رۆشه‌وه یه‌كێك له هونه‌رمه‌نده ژه‌نیاره‌كان ئه‌ركی دابه‌شكردن و ئاماده‌كردنی له‌ئه‌ستۆ گرتووه، به كۆی ده‌نگی هونه‌رمه‌ندانی پاشای گه‌وره بڕیار له‌سه‌ر جوانی و به‌رزی میلۆدییه‌كه و ده‌نگی هونه‌رمه‌ند ده‌ده‌ن و هونه‌رمه‌ند چه‌تۆ نه‌ورۆز ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی ئاماده‌كردن و دابه‌شكردنی موزیك ده‌گرێته ئه‌ستۆی خۆی و به سه‌رپه‌رشتی مامۆستا زرار محه‌مه‌د مسته‌فا.
هونه‌رمه‌ند چه‌تۆ نه‌ورۆز ده‌لێت: ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ساڵانی هه‌شتاكان و گۆرانی كۆچه‌رێ زۆر گۆرانیبێژی دیكه گوتوویانه، به‌ڵام من توانیم به‌شێوازێكی نوێ و دابه‌شكردنی مۆسیقا ئاماده‌ی بكه‌م و هه‌موو ئامێره مۆسیقییه‌كانی تێدا به‌كاربهێنم. (9)
یه‌كێك له گرفته‌كانی ئه‌و كاتی تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره نه‌بوونی ستۆدیۆیه‌كی تایبه‌ت به‌خۆیان بووه، هه‌رچه‌نده هونه‌رمه‌ند و مامۆستا زرار چه‌ند ئامێرێكی ساده و سه‌ره‌تایی هه‌بووه بۆ تۆماركردنی به‌رهه‌م، به‌ڵام وه‌ك پێویست نه‌بووه تا كاره هونه‌رییه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری پێ تۆمار بكه‌ن، دوای هه‌وڵ و تێكۆشان و ماندووبوونێكی زۆر هونه‌رمه‌ندانی تیپی پاشای گه‌وره له مانگی 8ی 1983 چه‌ند جارێك گۆرانی كۆچه‌رێ تۆمار ده‌كه‌ن، سه‌ره‌تا له ڕ‌واندز و دواتر له یه‌كێك له كابینه گه‌شتیارییه‌كانی هاوینه‌هه‌واری پیرمام، ئه‌و به‌رهه‌مه دوای چه‌ندینجار پرۆڤه‌كردن و دووباره‌كردنه‌وه‌ی كۆچه‌رێ به هاوكاری به‌ڕێز سه‌لاح نه‌جمه‌دین تۆمار ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بوونی ستۆدیۆیه‌كی گونجاو له‌بار بۆ تۆماركردن، شێوازی تۆماركردنه‌كه‌یان له‌لا په‌سه‌ند نابێت، تا دواجار له ڕادیۆی كوردی به‌غدا تۆماری ده‌كه‌ن.
بۆ زیاتر زانیاری له‌سه‌ر چوونی هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی و تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره له ڕ‌واندز بۆ ڕادیۆی كوردی به‌غدا، پێوه‌ندیم كرد به هونه‌رمه‌ند و یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌ر و ئاماده‌كاری به‌رنامه جاسم وه‌ندی و پێی گوتم: من پێشتر پێوه‌ندیم له‌گه‌ڵ كاكه وه‌لی دۆسكیدا هه‌بوو و ده‌مزانی له‌گه‌ڵ تیپی پاشای گه‌وره كار ده‌كات، چه‌ند جارێك هات بۆ شاری به‌غدا و پێشنیارم كرد بۆ نایه‌ن بۆ ڕادیۆ به‌رهه‌مه‌كانتان له‌ڕێی ڕادیۆوه بڵاو بكرێته‌وه، كاكه وه‌لی گوتی بۆ نایه‌ین، به‌ڵام زه‌حمه‌ته و دووره و دوای ئه‌وه تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره ئه‌ندامه‌كانی زۆرن و چۆن ئه‌و هه‌مووه له ڕواندزه‌وه بێنه به‌غدا، گوتم من هه‌وڵ ئه‌ده‌م بۆتان، ئه‌و كاته شاكر مه‌نسووڕ به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی كوردی ڕادیۆ و خه‌ڵكی خانه‌قین بوو، بابه‌ته‌كه‌م به نووسراوێك به‌ناوی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند زرار محه‌مه‌د مسته‌فا نووسی و دامه ده‌ستی به‌ڕێوه‌به‌ر، ئه‌ویش به‌رزی كرده‌وه بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و ڕه‌زامه‌ندیمان وه‌رگرت و كاكه وه‌لی دۆسكیم ئاگادار كرده‌وه كه بێن بۆ به‌غدا، ئه‌وه ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكان بوو، به پاسێك هاتن و له ماوه‌ی 2 ڕۆژدا به‌رهه‌مه‌كانیان تۆمار كرد كاكه وه‌لی و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی دیكه، ته‌نانه‌ت مامۆستا چه‌تۆ نه‌ورۆز پارچه مۆسیقایه‌كی تۆمار كرد، دوای تۆماركردن هه‌موو مادده‌كانم خسته سه‌ر كاسێتی گه‌وره له جۆری (ئیمی) گوتم با ئه‌وه‌تان لابێت ئه‌وه ده‌نگه‌كانه ئه‌گه‌ر له ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركووك تۆمارتان كرد. (10)
دوای ئه‌وه‌ی گۆرانی كۆچه‌رێ له‌ڕێی ڕادیۆی كوردی به‌غداوه بڵاو بۆوه و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی خێرایی دایه‌وه، هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی و هونه‌رمه‌ندانی تیپی پاشای گه‌وره، بۆ مه‌به‌ستی تۆماركردنی له ته‌له‌فزیۆن ڕوو ده‌كه‌ن شاری مووسڵ له ساڵی 1986، له‌وێ به‌ده‌نگ و ڕه‌نگ، به هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی به‌ئه‌زموون غازی فه‌یسه‌ڵ و فه‌رقه‌د ملكۆ تۆماری ده‌كه‌ن و بڵاو ده‌كرێته‌وه، ئه‌و به‌رهه‌مه زۆر به‌خێرایی بڵاو بۆوه و ده‌نگی دایه‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌و گۆرانیه هۆنراوه و ئاوازی فۆلكلۆره، هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی به‌و ده‌نگه خۆشه و به‌و ئاسته به‌رزه تۆماری كردووه و زیاتر ناوبانگی ده‌ركرد، به‌ڵام جێی ده‌ستخۆشی و ستایشكردن و به‌رزنرخاندنه بۆ هونه‌رمه‌ند چه‌تۆ نه‌ورۆز بۆ دابه‌شكردنی مۆسیقا و هه‌موو ئه‌ندامانی تیپی پاشای گه‌وره له‌و گۆرانییه‌دا، ماندووبوون و دڵسۆزی و خه‌مخۆری بۆ ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌و به‌رهه‌مه پێوه دیاره.
دوای كۆچه‌رێ هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی به‌ه اوكاری تیپی پاشای گه‌وره گۆرانی (مازی چنێ)، (سینه‌م)، (كانی و به‌ركانی) و (نه كورتی و نه‌بڵندی) تۆمار ده‌كات.
تۆماركردنی گۆرانی (ڕ‌واندز) و ده‌نگدانه‌وه و ناساندنی وه‌ك نه‌ورۆزی ڕ‌واندز...!
به‌هۆی ئه‌و زوڵم و سته‌م و نه‌هامه‌تی و پاڵه‌په‌ستۆ زۆره‌ی حیزبی به‌عس و ته‌سككردنه‌وه‌ی به‌ها ئازادییه‌كانی مرۆڤ له ڕێكه‌وتی 19/5/1987 ڕاپه‌ڕینێكی جه‌ماوه‌ری دژ به‌و ده‌سه‌ڵاته له شاری ڕ‌واندز به‌رپابووه، كه به‌هۆیه‌وه ده‌سه‌ڵاتی فاشی به هه‌موو شێوه‌یه‌ك كه‌وته گیانی خه‌ڵكی تێكۆشه‌ر و قاره‌مانی ڕ‌واندز به‌شه‌هیدكردن و ده‌ستگیركردنی هاووڵاتییانی ئه‌و شاره كۆتایی به‌و ڕاپه‌ڕینه جه‌ماوه‌رییه هاتووه، ئه‌م هه‌واڵه به‌گشت كوردستاندا بڵاو بۆوه و ته‌نانه‌ت گه‌یشته شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق.
عه‌بدولعه‌زیز سڵیمان زاخۆیی شاعیر له‌و كاته‌دا له‌زێدی خۆی دوور خراوه‌ته‌وه و له شاری رومادی نیشته‌جێ بووه، به‌هۆی كه‌سێكی ڕواندزییه‌وه هاوسێی بووه، ئه‌و هه‌واڵه ده‌بیستێ و سۆزی غوربه‌تی بۆ زێد و نیشتمانه‌كه‌ی و له‌و كاته‌دا له به‌شێكی نیشتمانه‌كه‌ی سه‌رهه‌ڵدان و به‌رخوردانه، ئه‌و هه‌واڵ و ئه‌و هه‌سته ده‌بێته هه‌وێنی دانانی هۆنراوه‌یه‌ك بۆ شاره‌كه‌ی ڕ‌واندز ...
رواندز جاناجان شارى پاشای كور
باژيرى خوش ميرا
دەلالى سيفاسور
بيرو دكەته گازى خەرەندى
يارامن كورەك وهندرين
نوبەدارن لدور
ئەى گەلى
هەڤالا رواندزى ببينه
پرچيمەن و باغن
بەهەشته شيرينه
شاعیر به‌هۆی گۆرانی كۆچه‌رێوه ئاشنا به‌ده‌نگ و كه‌سایه‌تی هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی بووه، له‌گه‌ڵ ته‌واوكردنی هۆنراوه‌كه‌ی ڕه‌واندز، له‌سه‌ر كاسێتێك به‌ده‌نگ تۆماری ده‌كات و ئاوازه‌كه‌ش خۆی دایده‌نێت و ده‌ینێرێته‌وه بۆ ڕ‌واندز و له كۆتایی كاسێته‌كه‌دا، گوتویه‌تی به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌م هۆنراوه و ئاوازه به ده‌نگی هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی بخوێندرێت..!
ئه‌و به‌رهه‌مه ده‌گاته ڕ‌واندز، تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره كۆ ده‌بنه‌وه و دوای هه‌لسه‌نگاندن و خوێندنه‌وه بۆ تێكست و میلۆدییه‌كه به‌كۆی ده‌نگ بڕیار له‌سه‌ر تۆماركردنی ده‌ده‌ن، هونه‌رمه‌ند چه‌تۆ نه‌ورۆز ئاماده و دابه‌شكردنی مۆسیقا ده‌گرێته ئه‌ستۆی خۆی و دواتر به‌ده‌ست و په‌نجه‌ی هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی تیپ به‌رهه‌می (ڕ‌واندز) به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی وه‌لی دۆسكی تۆمار ده‌كرێت، به‌رله‌وه‌ی له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا بڵاوبكرێته‌وه، له ڕادیۆكانی شۆرشی كوردستانه‌وه له هه‌ردوو ڕادیۆی (ده‌نگی كوردستان و ده‌نگی گه‌لی كوردستان)ـه‌وه بڵاو كراوه‌ته‌وه، ئه‌و گۆرانییه ده‌نگ و سه‌دایه‌كی باشی داوه‌ته‌وه، هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی ده‌ڵێت: سوپاس بۆ شاعیر سه‌یدا عه‌بدلعه‌زیز سلێمان زاخۆیی و هه‌موو هونه‌رمه‌نده خۆشه‌ویسته‌كانی تیپی پاشای گه‌وره بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره هونه‌رییه به‌رزه، سوپاس بۆ خوا له‌و ڕێگه‌یه‌وه توانیمان خزمه‌تێكی بچووكی ئه‌و شاره ئازیزه ڕ‌واندز بكه‌ین، چونكه ڕ‌واندز شاری جوانی و هونه‌ر و مێژووه، هه‌ركاتێك دڵم ته‌نگ ده‌بێت، سه‌ردانی ڕ‌واندز ده‌كه‌م، شارێكه دڵم پێی ده‌كرێته‌وه، له باوه‌شی ئه‌و شاره‌دا یه‌كه‌م هه‌نگاوی هونه‌ریم نا و خۆم به‌قه‌رزارباری ڕ‌واندز و هه‌موو ڕواندزییه‌كان و مامۆستا زرار و هونه‌رمه‌ندانی تیپی پاشای گه‌وره ده‌زانم. (11)
له هه‌مان ساڵد واته 1987 تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره كاسێتێكی ته‌واو گۆرانی بۆ هونه‌رمه‌ند تۆمار ده‌كه‌ن و بڵاو ده‌كرێته‌وه، دواتر گۆرانی (دلبه‌ر هلو ڕاڤا ته‌ما) هۆنراوه‌ی عه‌بدلعه‌زیز سلێمان زاخۆیی و ئاوازی هونه‌رمه‌ند فه‌رهه‌نگ غه‌فوور و ئاماده‌كردن و دابه‌شكردنی هونه‌رمه‌ند ئامانج غازی.
هونه‌رمه‌ند له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ری جیا له تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره، له ئاهه‌نگ و كۆنسێره‌ته‌كاندا به هاوكاری ئه‌م هونه‌رمه‌نده ژه‌نیاره به‌توانایانه‌ی گه‌له‌كه‌مان به‌شداری كردووه (ڕزگار خۆشناو، ڕه‌نجبه‌ر خۆشناو ، شاكر سابیر، كامه‌ران ته‌ها، فوئاد محه‌مه‌د و سیروان عومه‌ر) وه هه‌روه‌ها به‌شداری له پرۆگرامێكی هونه‌ری له كه‌ناڵی ئاسمانی كوردسات به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی و هه‌روه‌ها به‌رنامه و چالاكی هونه‌ری له كه‌ناڵی ئاسمانی كوردستان و كاری تاكه‌كه‌سی به هاوكاری ده‌ست و په‌نجه هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ندان ئامانج غازی و فه‌رهه‌نگ غه‌فوور و هونه‌رمه‌ندانی شاری هه‌ولێر و دهۆكی كردووه. په‌یوه‌ندییه‌كی هاوڕێیانه و هونه‌رییانه‌ی له‌ته‌ك هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی شاره‌كانی كوردستاندا هه‌یه و جیا له ده‌نگی هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها، سه‌رسامه به ده‌نگی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندانی جوانه‌مه‌رگ ئه‌رده‌وان و ئه‌یاز زاخۆیی.
كۆتا به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی گۆرانی (ته‌مه‌ن)ـه له هۆنراوه‌ی (بابی مێرخاس) و ئاوازی هونه‌رمه‌ند و ئاماده‌كردنی مۆسیقای ئه‌و گۆرانییه هونه‌رمه‌ند ئامانج غازییه، كۆی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند له (35 تا 40) به‌رهه‌می هونه‌ریین و خانه‌ی ئه‌رشیفی مۆسیقا و گۆرانی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه.
هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی دوای ماوه‌ی 29 ساڵ كاری مامۆستایه‌تی و گوتنه‌وه‌ی وانه‌ی زمانی عه‌ره‌بی له هه‌مان ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی تێیدا فێری ئه‌لف و بێ بوو، ئه‌ویش وه‌ك ئه‌ركێكی پیرۆز به‌ده‌یان قوتابی پێگه‌یاندووه، ئێستا خانه‌نشینه و له ساڵی 1982 له سه‌نته‌ری شاری سۆران تۆمارگایه‌كی داناوه به‌ناوی (زۆزان) و كاته‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ دنیای لاوك و حه‌یران و قه‌تار و سترانی ڕه‌سه‌نی ده‌نگبێژانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌سه‌ر ده‌بات.
جێی داخه‌وه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه هونه‌رمه‌ند به ئازارێكی جه‌سته‌یه‌وه ناڵاندوویه‌تی و له‌م چه‌ند ساڵه‌ی پێشوودا نه‌شته‌رگه‌ری بۆ كراوه، ئێستا باری ته‌ندروستی جێگیره و له شاری سۆران نیشته‌جێیه و به شنه‌ی شه‌ماڵی كێوه سه‌ركه‌شه‌كانی هه‌ندرێن و زۆزك و دیمه‌نه جوانه‌كانی ڕ‌واندز ده‌ژی.
سڵاو و ڕێز بۆ هونه‌ری پاك و بێگه‌ردت، هونه‌رمه‌نده خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ڕ‌واندز و تیپی مۆسیقای پاشای گه‌وره و هه‌مووان، ته‌مه‌ندرێژی و ژیانێكی ته‌ندروست و ئارامیتان بۆ ده‌خوازم.
جه‌مالی ده‌لاك 30/7/2021
سه‌رچاوه: (1 و 2 و 4 و 5 و 7 و 8 و 9) به‌رنامه‌ی گۆرانییه‌كی تۆ .. هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی، ئاماده و پێشكه‌شكردنی شوان تالیب كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس، ساڵی 2014.
(3 و 11) دیدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند وه‌لی دۆسكی.. به‌رنامه‌ی دیوه‌خانی كورده‌واری .. كه‌ناڵی لۆكاڵی فۆلكلۆر 6/11/2020.
( 6) كتێبی گه‌نجینه‌ی گۆرانی كوردی... عوسمان شارباژێڕی، لاپه‌ڕه (57)
(10) په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند جاسم وه‌ندی 26/7/2021 له رێی ماسنجه‌ره‌وه به ده‌نگ ئه‌و زانیارییانه‌ی بۆ ناردووم.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.