جه‌مالی ده‌لاك ...
له‌م ڕۆژانه‌ی پێشوو وێنه‌یه‌كی هونه‌رمه‌ند (قادر دیلان و خاڵه حه‌مه فه‌ره‌ج) مێژووه‌كه‌ی بۆ (48) ساڵی پێش خستمه به‌ردییه‌ی ئازیزان و خوێنه‌رانی لاپه‌ڕه‌كه‌م له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، دوای ده‌ستخۆشی و نووسینی چه‌ند كۆمێنتێك له‌لایه‌ن ئازیزانه‌وه، هونه‌رمه‌ند و مامۆستا (زاهیر محه‌مه‌د كۆیی _ زاهیر مه‌دانه) له ڕێی ڤایبه‌ره‌وه له ڕێكه‌وتی 23/5/2024 لوتفی فه‌رموو په‌یوه‌ندی پێوه كردم و وێڕای ده‌ستخۆشی، پێی ڕاگه‌یاندم وێنه‌كه و بینینی سیمای ئه‌و دوو هاوڕێ هونه‌رمه‌نده ئازیزه‌م ڕۆحیان شاد بێت، منیان گه‌ڕانده‌وه بۆ ئه‌و ڕۆژگاره ساده و ساكارانه‌ی ساڵانی پێشوو سه‌رده‌می خوێندن و تێكۆشانی هونه‌ری، هه‌رچه‌نده ژیان زۆر ساده بوو، به‌ڵام لێوڕێژبوون له خۆشه‌ویستی و ڕێز و هه‌روه‌ها پڕخه‌نده و قسه‌ی خۆش و مۆسیقا و گۆرانی.
داوام له مامۆستا و هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د كۆیی كرد؛ سوپاستان ده‌كه‌م لاپه‌ڕه شیرینه‌كانی یاده‌وریتان هه‌ڵبده‌نه‌وه تا منیش به‌پێی توانا بیخه‌مه به‌ردییه‌ی ئازیزان و هۆگرانی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی، نه‌بادا وه‌ك زۆر له یاده‌وه‌رییه جوانه‌كانی هونه‌رمه‌ندان نه‌ته‌وه‌كه‌مان بفه‌وتێ و لێیان بێ به‌ش بین.
هونه‌رمه‌ندی خۆشه‌ویست زاهیر محه‌مه‌د زۆر به لوتفه‌وه به‌ڵێنه‌كه‌ی برده سه‌ر و پێی ڕاگه‌یاندم له‌به‌رئه‌وه‌ی تۆ به‌دوای ئه‌و وێنه نایابانه‌وه‌یت و ده‌ته‌وێت چیرۆكه شاراوه‌كانیان بخه‌یته ڕوو، به‌سه‌رچاو هه‌وڵ ده‌ده‌م هێدی هێدی بگه‌ڕێمه‌وه ناو یاده‌وه‌رییه شیرینه‌كانم:
له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی پێشوو تا كۆتایی هه‌شتاكان په‌یوه‌ندییه‌كی ڕۆحی و پته‌وی دۆستانه و برایانه له‌نێوان هونه‌رمه‌ندانی شاره‌كانی كوردستاندا بوونی هه‌بووه، به‌تایبه‌ت له‌نێوان هونه‌رمه‌ندانی شاری سلێمانی و شاره خۆشه‌ویسته‌كه‌ی كۆیه به‌تایبه‌تی مامۆستا زاهیر باس له په‌یوه‌ندی برایانه‌ی نێوان خۆیی و هونه‌رمه‌ند (قادر یلان 24/5/1928_18/3/1999) و هونه‌رمه‌ند و بێژه‌ر و قسه‌خۆش و جواننووس (حه‌مه‌فه‌ره‌ج مه‌عروف ناسراو (خاڵه حه‌مه فه‌ره‌ج 1938_ 12/2/2008) و چوونی بۆ شاری سلێمانی و دیداری له‌گه‌ڵ هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی ده‌كات، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه وێنه‌یه‌كی خۆی و خاڵه حه‌مه فه‌ره‌جی بۆ ناردووم كه پێكه‌وه له گۆڕه‌پانی په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غدا گرتوویانه، ئه‌و كاته هه‌ردووكیان قوتابی په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدا بوون، مامۆستا زاهیر محه‌مه‌د له به‌شی مۆسیقا و خاڵه حه‌مه فه‌ره‌ج له به‌شی شانۆ بووه.
مامۆستا و هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د كۆیی له خانه‌واده‌یه‌كی ئایینی له ساڵی 1939 له گه‌ڕه‌كی به‌فریقه‌ندی شاری كۆیه چاوی به ژیان هه‌ڵهێناوه، دوای به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غدا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زێده‌كه‌ی و له‌گه‌ڵ هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی ده‌بێته سوارچاكی بنیاتنانه‌وه‌ی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه.
هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د ده‌مانباته‌وه بۆ سه‌ره‌تای ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو و ده‌ڵێت: به‌داخه‌وه به‌ته‌واوی ساڵه‌كه‌یم باش له‌یاد نییه، ساڵی 1960 یان 1961 بوو، ئه‌و كاته قوتابی به‌شی مۆسیقا بووم له په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدا، پشووی نیوه‌ی ساڵ بوو به‌سه‌ردان چوومه شاری سلێمانی، هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د كۆیی دوای ته‌واوكردنی قۆناغی ناوه‌ندی له شاری كۆیه له‌گه‌ڵ هاوڕێی منداڵی و ڕۆژانی قوتابخانه و هاوڕێی هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر تاهیر ناسراو به (مه‌لا ئه‌نوه‌ر 1941_14/1/1996) و كه‌ریم حه‌مه‌د ڕوو ده‌كه‌نه شاری به‌غدا، به‌مه‌به‌ستی خوێندن له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غدا له ساڵی 1959، خۆی و ئه‌نوه‌ر تاهیر له به‌شی مۆسیقا وه‌رده‌گیرێن، به‌ڵام كه‌ریم حه‌مه‌د له به‌شی شێوه‌كاری.
له شاری سلێمانی چوومه دیداری هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری به‌توانا قادر دیلان 24/5/1928_18/3/1999، له‌لای هونه‌رمه‌ند و شاعیر حه‌مه ساڵه‌ح دیلان 1927_ 28/10/1990ی برای به‌خزمه‌تی گه‌یشتم، حه‌مه ساڵه‌ح دیلانی ڕه‌حمه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ری كتێبخانه‌ی گشتی سلێمانی بوو، ئه‌و كاته كتێبخانه به‌رامبه‌ر مزگه‌وتی گه‌ورهی سلێمانی بوو، هه‌مان ڕۆژ سه‌ردانی شاره‌وانی سلێمانیم كرد بۆ دیده‌نی هه‌ردوو هاوڕێی هونه‌رمه‌ند كاك نه‌جاتی عه‌بده ته‌مه‌ندار بێت، هونه‌رمه‌ند حاته‌م سه‌عید ناسراو به (حاته‌مه ڕه‌ش 1936_7/1/2011) له‌و دیداره‌مدا به‌خزمه‌تی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره جه‌مال به‌ختیار 1927_16/10/2020ی شێوه‌كار گه‌یشتم ئه‌ویش له شاره‌وانی فه‌رمانبه‌ر بوو.
ڕۆژی دواتر هه‌موومان له هۆڵی كتێبخانه‌ی گشتی سلێمانی كۆبووینه‌وه، چه‌ند گۆرانییه‌كمان به ئامێری ڕیكۆرده‌ری (تێپ _ به‌كره) تۆمار كرد، یه‌كێك له‌و گۆرانیانه گۆرانی (باران بارانه) به‌ده‌نگی كاك قادر دیلان بوو، من و هونه‌رمه‌ندان ولیه‌م یوحه‌ننا 1934_14/9/2005 و قادر دیلان به ئامێری (كه‌مان _ڤیۆلۆن) هونه‌رمه‌ندانی دیكه هه‌ریه‌كه به‌ئامێره‌كانی خۆیان مۆسیقایان ژه‌نی.
(باران بارانه نم نم ته‌ڕمی كرد
له‌نجه و لاره‌كه و له دین ده‌رمی كرد.
دواتر له وڵاتی چیكۆسلۆڤاكیا قادر دیلانی ڕه‌حمه‌تی به‌شێوازی ڕۆژئاوایی سه‌رله‌نوێ تۆماری كرده‌وه و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی باشی هه‌بوو.
په‌یوه‌ندی دۆستانه و هونه‌ریمان له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان به‌رده‌وام بوو، ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم من كاتێك قوتابی پۆلی دووی ناوه‌ندی بووم، هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی به مه‌به‌ستی كۆمه‌ك كۆكردنه‌وه بۆ زیان لێكه‌وتووانی لافاوه شوومه‌كه‌ی ڕۆژی (18/10/1957)ی شاری سلێمانی هاتنه شاری كۆیه، له ڕێكه‌وتی (15/11/1957) ئاهه‌نگێكی گه‌وره‌یان به‌و بۆنه خه‌مناكه‌وه پێشكه‌ش به‌دانیشتووانی شاری كۆیه كرد، له‌لایه‌ن خه‌ڵكی كۆیه‌وه بڕێكی زۆر پاره وه‌ك پیتاك كۆكرایه‌وه، ئه‌وه بۆ من زۆر كاریگه‌ر بوو، چونكه بۆیه‌كه‌مجار بوو تیپێكی مۆسیقا ببینم و ڕاسته‌وخۆ گوێم له مۆسیقا بێت له‌و كاته‌وه حه‌ز و خولیا و ئاره‌زووم بۆ هونه‌ر و مۆسیقا زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند، ئه‌و ساڵه‌ش بوو مامۆستا و هونه‌رمه‌ند (باكووری 1928_ 2/11/2022) یادی به‌خێر هاته‌وه كۆیه و وه‌ك مامۆستا له ناوه‌ندی كۆیه وانه‌ی ئینگلیزی به قوتابیان ده‌گوته‌وه، مامۆستا باكوری و هونه‌رمه‌ند (سێوه 1891_9/12/1963) له‌و ئاهه‌نگه‌دا له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی به‌گۆرانی و مه‌قام و مۆسیقا به‌شداربوون.
له هاوینی ساڵی دواتر له‌سه‌ر بانگهێشتنی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی یانه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كۆیه تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی به‌سه‌رپه‌رشتی هونه‌رمه‌ند قادر دیلان ئاهه‌نگێكی قه‌شه‌نگ و زۆر خۆش و چێژی هونه‌رییان پێشكه‌ش به جه‌ماوه‌ری كۆیه كرد،خه‌ڵكێكی زۆر له ژن و پیاو له‌ناو یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران و سه‌ر گردی قشڵه‌ی كۆیه ئاماده‌ی ئه‌و ئاهه‌نگه بوون، له‌و ئاهه‌نگه‌دا له‌سه‌ر داوای كاك قادر دیلان پارچه مۆسیقایه‌كم به‌ئامێری عوود پێشكه‌ش كرد.
هه‌رچیه‌ك بڵێم له‌سه‌ر توانا‌و لێهاتوویی و بلیمه‌تی هونه‌رمه‌ند قادر دیلان كه‌مه، چونكه به هه‌موو واتایه‌ك هونه‌رمه‌ند و دڵسۆز و خه‌مخۆری هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی بوو، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌م قادر دیلان خوای گه‌وره بیبه‌خشێت ئه‌و كاره هونه‌رییانه‌ی له ڕادیۆی كوردی به‌غدا و ئه‌و كاته‌ی سه‌رۆكی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی بوو، به‌تایبه‌ت له كاتی تۆماركردنی مه‌قامه‌كانی سێوه له‌ساڵی 1952 له ڕادیۆی كوردی به‌غدا، به‌ئامێری كه‌مان و كلارنێته‌كه‌ی مۆركێكی ته‌واو كوردی به مه‌قامه‌كان داوه، له وه‌رزی هاوینی ساڵی 1978 له‌گه‌ڵ خوالێخۆشبوو تاهیر بێتووشی له وڵاتی ئه‌ڵمانیاوه گه‌شتێكمان بۆ پراگی چیكۆسلۆڤاكیا كرد، ئه‌و كاته هونه‌رمه‌ند قادر دیلان له‌وێ ده‌ژیا، به‌مه‌به‌ستی دیدار ته‌له‌فۆنمان له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام دا به‌داخه‌وه دیاربوو زۆر سه‌رقاڵ بوو به وانه‌گوتنه‌وه نه‌مان توانی بیبینین.
به‌شێكی یاده‌وه‌رییه جوانه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌م تایبه‌ته به‌په‌یوه‌ندی نێوان من و هاوڕێی خۆشه‌ویستم ڕۆحی شاد بێت كاك حه‌مه فه‌ره‌ج، سه‌رده‌مانێك زۆر كاتی خۆشمان له به‌غدا كه هه‌ردووكمان قوتابی په‌یمانگا بووین به‌ڕێ كرد.
كاك حه‌مه فه‌ره‌ج ساڵێك له پێش منه‌وه بوو له په‌یمانگا ئه‌و له به‌شی شانۆ و من و هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر تاهیر ناسراو به (مه‌لا ئه‌نوه‌ر 1941_14/1/1996) له به‌شی مۆسیقا ده‌مانخوێند.
كاك حه‌مه فه‌ره‌ج كه‌سایه‌تیه‌كی دڵپاك و خاكی و قسه‌خۆش و نوكته‌زان و زۆر ده‌ستڕه‌نگین بوو له جواننووسیندا، ماوه‌یه‌كیش له ڕادیۆی كوردی به‌غدا بێژه‌ر بوو، به‌ڵام ئه‌و له به‌شی ناوخۆیی په‌یمانگا نه‌ده‌خه‌وت، به‌رامبه‌ر ئیزگه‌ی كوردی له ساڵحییه شوقه‌یه‌كی به‌كرێ گرتبوو له‌وێ ده‌خه‌وت، زۆر جار من و خوالێخۆشبوو ئه‌نوه‌ر تاهیر شه‌وانه ده‌چووینه لای و شه‌وان تا دره‌نگ به گۆرانی و قسه‌ی خۆش و خه‌نده و پێكه‌نین شه‌ومان به‌ڕێ ده‌كرد.
له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سایه‌تییه جوانه كاك حه‌مه فه‌ره‌ج له حه‌وشه‌ی په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان له‌ڕێكه‌وتی 18/12/1960 به كامێراكه‌ی خۆم، هاوڕێیه‌كی خۆم قوتابی به‌شی شێوه‌كاری ناوی ناتق بوو وێنه‌كه‌ی بۆ گرتین.
یاده‌وه‌رییه‌كی دیكه ده‌رباره‌ی كاك حه‌مه‌فه‌ره‌ج ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1957 له شاری كۆیه، له‌و ڕێكه‌وته‌ی له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێ دا، ده‌رباره‌ی ئه‌و ئاهه‌نگه‌ی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پیتاك بۆ زیانلێكه‌وتووانی لافاوه‌كه‌ی سلێمانی، كاك حه‌مه‌فه‌ره‌ج له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی هاتبوو، پێشكه‌شكاری بڕگه‌كانی ئاهه‌نگه بوو، به‌ر له ئاهه‌نگه‌كه چه‌ند ڕۆژێك بوو میوانخانه‌یه‌ك له شاری كۆیه كرا بووەوه له‌سه‌ر شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كۆیه، كه دواتر ناونرا شه‌قامی حاجی قادر، ئه‌و میوانخانه‌یه هێشتا ناوی لێنه‌نرابوو، تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی له‌و میوانخانه‌یه دابه‌زین، هونه‌رمه‌ندانی تیپی ناوبراو ناویان نا میوانخانه‌ی مه‌وله‌وی، دواتر كاك حه‌مه فه‌ره‌ج به هه‌سته جوانه خۆشنووسییه‌كه‌ی له‌سه‌ر تابلۆیه‌كی مامناوه‌ندی له‌سه‌ری نووسی (میوانخانه‌ی مه‌وله‌وی) و له‌سه‌ر ده‌رگای هوتێله‌كه هه‌ڵواسرا، ده‌توانم بڵێم ماوه‌ی په‌نجا ساڵ ئه‌و تابلۆیه به‌ده‌ست و خه‌ته جوانه‌كه‌ی كاك حه‌مه فه‌رج هه‌رمابۆوه، ئه‌گه‌رچی ئێستا كۆیه هیچ هۆتێلێكی لێ نییه..؟!.
ئه‌وانه ئه‌و یاده‌وه‌رییه جوانانه كه هه‌میشه پێیانه‌وه ده‌ژیم و به ڕۆژه خۆشه‌كانی ژیانی هونه‌ریم دامناون و شانازییان پێوه ده‌كه‌م، دروود و سڵاو و بۆ گیانی پاكی هه‌موو ئه‌و هونه‌رمه‌نده ئازیزانه‌ی ڕۆژێك له ڕۆژان له‌نزیكه‌وه به‌دیداریان شاد بووم و یان پێكه‌وه كاری هونه‌ریمان ئه‌نجامداوه.
جه‌مالی ده‌لاك (27/5/2024) هه‌ولێر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.