جه‌مالی ده‌لاك...
له ده‌سپێكی یادی مامۆستا و هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره و ڕۆح سووك و كوردپه‌روه‌ر و هونه‌ر خۆشه‌ویستی شاره جوانه‌كه‌ی كۆیه (ئه‌نوه‌ر تاهیر) كه به (مه‌لا ئه‌نوه‌ر) ناسراوه، ده‌بێت به ئه‌مانه‌ته‌وه ڕۆڵی مامۆستا و هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و شاره له چوارچێوه‌ی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه كه خزمه‌تێكی جوان و پرشنگداریان به هونه‌ری موزیك و گۆرانی كردووه، به‌هه‌ستێكی پڕ له وه‌فا و خه‌مخۆرییه‌وه لێیان بڕوانین و هه‌موو كات ستایشیان بكه‌ین بۆ ئه‌و مێژووه لێوڕیژه له هونه‌ری ڕه‌سه‌ن وه‌ك (مامۆستا و هونه‌رمه‌ند باكووری، هونه‌رمه‌ندان زاهیر محه‌مه‌د، سه‌ردار ئه‌حمه‌د و وریا ئه‌حمه‌د و جان تۆماس... تاد).
هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر تاهیر مۆسیقاژه‌ن و ئاوازدارنهر و مهقامناس و گۆرانیبێژی نه‌ته‌وه‌كه‌مان و شاره شیرینه‌كه‌ی كۆیه، ئه‌م هونه‌رمه‌نده نه‌مره‌ی گه‌له‌كه‌مان ماوه‌ی 34 ساڵ خزمه‌تكردن وه‌ك مامۆستا و هونه‌رمه‌ند به به‌رده‌وامی به‌بێ ماندووبوون، ڕێبوارێكی به ئه‌مه‌كی ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ر بووه، خاوه‌نی خه‌سڵه‌ته جوانه‌كانی مرۆڤایه‌تی و هونه‌ری بووه، كه‌سێكی بێ فیز و دڵ ناسك و میهره‌بان به خۆشهویستيیهوه مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌ك ده‌وروبه‌ریدا كردووه، نه‌فس به‌رز و ته‌نها له ئاسۆی ڕووانیوه كه هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی بگاته لووتكه، هه‌میشه هانده‌ر و دڵسۆزی قوتابیی و هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی بووه.
مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر تاهیر خدر له شاری كۆیه و له‌نێو هاوڕێیان و هونه‌رمه‌ندان به (مه‌لا ئه‌نوه‌ر) ناوبانگی ده‌ركردووه و ده‌ناسرێته‌وه، ئه‌م هونه‌رمه‌نده له ساڵی 1941 له گه‌ڕه‌كی (قه‌ڵا)ی شاره‌كه‌ی حاجی قادر و ئه‌مین ئاغای ئه‌خته‌ر و سێوه و تایه‌ر تۆفیق و باواجی و هه‌یبه سوڵتان چاوی هه‌ڵهێناوه و له خانه‌واده‌یه‌كی ڕۆشنبیر هاتۆته دنیاوه.
بۆ وشه‌ی (مه‌لا) بۆته پێشگری ناوه‌كه‌ی؟
هونه‌رمه‌ند ده‌بێت مه‌لا بووبێت یان له خانه‌واده و بنه‌ماڵه‌یه‌كی مه‌لازاده هاتبێته دنیاوه..!
هونه‌رمه‌ند تازه پێی ناوه‌ته‌وه یه‌ك ساڵی ته‌مه‌نییه‌وه باوكی جلوبه‌رگێكی سپی و كڵاوێكی سپی بۆ ده‌كڕێت، مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی بۆ ئه‌وه‌ی (سونه‌تی) بكه‌ن، دایكی جلوبهرگهسپییهكةی له‌به‌ر ده‌كات و كڵاوه‌كه‌ی ده‌كاته سه‌ری، وردیله و جوان له‌ناو ماڵدا دێت و ده‌ڕوات، دایكی له سۆنگه‌ی سۆزی دایكانه‌وه هه‌ر لێی ده‌ڕوانێ كه كۆرپه‌كه‌ی چه‌ند شیرین و جوانه به‌و پۆشاك و كڵاوه سپییه‌وه، دایكی ڕوو ده‌كاته باوكی هونه‌رمه‌ند و ده‌ڵێت ئه‌نوه‌ر خوا عومری بدات و گه‌وره بێت حه‌ز ده‌كه‌م ببێته مه‌لا، له‌و ساته‌وه له‌ناو خانه‌واده و ته‌واوی خزم و كه‌سوكاره‌كه‌یه‌وه به مه‌لا بانگی ده‌كه‌ن و ئه‌و پێشگری مه‌لایه ده‌خه‌نه پاڵ ناوه‌كه‌ی و ده‌بێته (مه‌لا ئه‌نوه‌ر).
هونه‌رمه‌ند ده‌خرێته به‌ر خوێندن، قۆناغی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له شاری كۆیه ته‌واو ده‌كات، له‌ساڵی 1959 ڕوو ده‌كاته شاری به‌غدا به مه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌خوێندن و له په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غدا وه‌رده‌گیرێت، هونه‌رمه‌ند مه‌لا ئه‌نوه‌ر یه‌كه‌م قوتابيی كورده له په‌یمانگای هونهرەجوانهكان ئامێری (قانوون) به‌شێوه‌ی ئه‌كادیمی ده‌خوێنێ و فێر ده‌بێت.
بۆ هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر تاهیر ئامێری (قانوون)ی هه‌ڵبژاردووه؟
له‌و ساڵانه‌دا (1959) كه هونه‌رمه‌ند له په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان وه‌رگیراوه، له هه‌موو كوردستان ژه‌نیارێكی ئامێری قانوون نه‌بووه، ته‌نانه‌ت له‌ناو تیپه مۆسیقییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كوردستان ژه‌نیاری ئه‌و ئامێره نه‌بووه یان كه‌مبووه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته په‌یوه‌ندیم كرد به هونه‌رمه‌ند و ژه‌نیاری ئامێری ڤیۆلۆن مامۆستا (زاهیر محه‌مه‌د) به لوتفه‌وه وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی داینه‌وه و هه‌ندێك زانیاری زیاتری خسته سه‌ر خه‌رمانی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند مه‌لا ئه‌نوه‌ر:
سه‌ره‌تا هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو به گۆرانی ده‌ستی پێ كرد، دوای ئه‌وه‌ی له به‌غدا وه‌رگیراین كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی بووین له شاره‌كانی كوردستان وه‌ك (مه‌لا ئه‌نوه‌ر و من له كۆیه، فه‌ره‌یدون دارتاش و ئه‌لبێرت تیغان له سلێمانی، یه‌حیا مه‌رجان و ئه‌حمه‌د خدر (ئه‌حمه‌د شه‌نگه) له هه‌ولێر و حه‌سه‌ن حسێن له هه‌ڵه‌بجه).
سه‌ره‌تا مه‌لا ئه‌نوه‌ر له به‌شی (كلارنێت) وه‌رگیرا، ماوه‌یه‌ك ده‌وامی كرد له‌و به‌شه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند مه‌لا ئه‌نوه‌ر جگه‌ره‌كێشێكی بێ ئه‌ندازه بوو، ئامێری كلارنێتیش یه‌كێكه له‌و ئامێره هه‌واییانه كه هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار پێویستی بهسینهیهكی پاكه تا بتوانێت ئه‌و ئامێره بژه‌نێ، مامۆستای به‌شی كلارنێت ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم خه‌ڵكی چیك ناوی (كۆبنتێستا) بوو، چه‌ند جارێك هۆشداری دابوو به مه‌لا ئه‌نوه‌ر كه واز له جگه‌ره بهێنێ ئینجا ده‌توانێت به سه‌ركه‌وتویی ئه‌و ئامێره بژه‌نێت، مه‌لا ئه‌نوه‌ریش هه‌رچی ده‌كرد نه‌یده‌توانی واز له جگه‌ره‌كه بێنێ، تا مامۆستاكه‌ی چۆته لای ڕاگری په‌یمانگا و گوتوویه‌تی من ئه‌و قوتابییه‌م ناوێت..! ئێمه له به‌شی ناوخۆیی له‌یه‌ك ژووردا بووین، مه‌لا ئه‌نوه‌ر هاته‌وه نیگه‌ران بوو، گوتی مامۆستاكه‌م منی ناوێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جگه‌ره ده‌كێشم، منیش پێم گوت مه‌لا ئه‌نوه‌ر بۆ ئامێرێكی دیكه هه‌ڵنابژێریت..؟ گوتی نازانم چی هه‌ڵبژێرم؟.
پێم گوت بۆ ناچیته به‌شی قانوون ئه‌و ئامێره له كوردستان نییه و ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش ده‌رچووین له په‌یمانگا بێگومان تیپی مۆسیقا داده‌مه‌زرێنین و پێویستیمان به‌و ئامێره ده‌بێت، به پێشنیاره‌كه‌م ڕازی بوو و چووه به‌شی قانوون، مه‌لا ئه‌نوه‌ر یه‌كه‌م قوتابی كورد بوو كه بڕوانامه‌ی له‌و ئامێره به‌ده‌ست هێنا، به‌یه‌كه‌وه په‌یمانگامان ته‌واو كرد و گه‌ڕاینه‌وه كوردستان، ئه‌و ماوه‌یه‌ك له شاری كه‌ركووك بوو به مامۆستا و دواتر گه‌ڕایه‌وه شاری كۆیه و تا ئه‌و ڕۆژه‌ی گیانی سپارد ئێمه هاوڕێ و برا بووین پێكه‌وه هیچ كات ناتوانم دڵسۆزی و لێهاتوویی و توانای هونه‌ری له‌یاد بكه‌م) (*1).
دوای سێ ساڵ به‌رده‌وامبوون له خوێندن، بڕوانامه به‌ده‌ست دێنێت، واته له ساڵی (1962) ده‌گه‌ڕێته‌وه كوردستان و له هه‌مان ساڵدا له قوتابخانه‌ی (غه‌زالی) له شاری كه‌ركوك داده‌مه‌زرێت و ده‌بێته مامۆستای هونه‌ر، له‌و كاته‌شدا له شاری كه‌ركووك تیپێكی مۆسیقا به ناوی تیپی مۆسیقای سۆلاڤ سه‌رقاڵی كار و چالاكییه هونه‌رییه‌كانیان ده‌بن، ئه‌م تیپه مۆسیقییه له ساڵی 1958 به هه‌وڵ و تێكۆشانی كۆمه‌ڵیك هونه‌رمه‌ندی دڵسۆز داده‌مه‌زێت، ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی تیپی مۆسیقای سۆلاڤ (ڕه‌مه‌زان زامدار، عه‌بدولئیلا محێدین محه‌مه‌د، سه‌ڵاح عه‌باس، شه‌وكه‌ت ڕه‌شید و قادر مه‌ردان و عه‌لی عه‌زیز)، ئه‌م تیپه مۆسیقییه له شاره دێرینه‌كه‌ی كه‌ركووك ڕۆڵێكی به‌رچاو و گرنگی هه‌بووه له پێشخستنی هونه‌ری موزیك و گۆرانی، هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر تاهیر پێوه‌ندی ده‌كات به تیپی ناوبراوه و چونكه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان له په‌یمانگاوه له شاری به‌غدا پێوه‌ندی هاوڕێیانه‌ی هه‌بووه، هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان ساڵێك پێش هونه‌رمه‌ند مه‌لا ئه‌نوه‌ر بووه له په‌یمانگا، ده‌بێته ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای سۆلاڤ، بۆ زانیاری زیاتر پێوه‌ندیم كرد به هونه‌رمه‌ند و شاعیر (ڕه‌مه‌زان زامدار) سه‌باره‌ت به هونه‌رمه‌ند دوا و گوتی:
هونه‌رمه‌ند مه‌لا ئه‌نوه‌ر یه‌كێك بوو له هونه‌رمه‌نده دڵسۆز و ده‌ست و دڵ و داوێن پاك و خاوه‌ن گوێیه‌كی مۆسیقی به‌هێز و خه‌مخۆری هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی، مه‌لا ئه‌نوه‌ر نه‌ك به ته‌نیا ڕۆحی تیپی مۆسیقای سۆلاڤ بوو بێت، به‌ڵكو ڕۆحی هه‌موو تیپه مۆسیقییه‌كانی كوردستان بوو، خاوه‌نی ڕۆحییه‌تێكی به‌رزی هاوكاری بوو، ماندووبوونی نه‌ده‌زانی، قسه‌خۆش و هه‌میشه به ده‌م خه‌نده و نوكته و سیما میهرهبانهكهیه و كاره‌كانی ئه‌ستۆی ڕاده‌په‌ڕاند، ژه‌نیارێكی لێهاتوو و كارامه و ئاواز دانهرێكی باشیش بوو، بۆ نموونه یه‌كه‌م كاری هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو (عه‌لی عه‌زیز) گۆرانییه‌ك بوو به ناوی (بۆ ئه‌و یاره لێم زیزه) له هۆنراوه‌ی من و ئاوازی هونه‌رمه‌ند مه‌لا ئه‌نوه‌ر بوو ، هه‌روه‌ها ئاوازێكی دیكه كه زۆر خۆش بوو ئه‌ویش گۆرانییه‌كه به ناوی (هه‌ر تۆم خۆش ئه‌وێ) له هۆنراوه‌ی به‌نده و ئاوازی هونه‌رمه‌ند مه‌لا ئه‌نوه‌ره، كه له‌م ساڵانه‌ی پێشوو هونه‌رمه‌ند كاكه حه‌مه ڕه‌ووف به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی خوێندوویه‌تی) (*2).
هونه‌رمه‌ند له شاری كه‌ركووك وانه‌ی هونه‌ر به قوتابییه‌كانی ده‌ڵێته‌وه و له هه‌مانكاتیشدا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای سۆلاڤ درێژه به‌كاری هونه‌ری ده‌دات، په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و و دۆستانه و برایانه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (شه‌وكه‌ت ڕه‌شید 1933_ 17/4/1991) دروست ده‌كات، ئه‌و په‌یوه‌ندییه دواتر ده‌بێته په‌یوه‌ندی خانه‌واده‌یی، سه‌باره‌ت به‌و په‌یوه‌ندییه لێوان لێوه له خۆشه‌ویستی و برایانه‌ی نێوان هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر (باكووری) به‌و شێوه خوێندنه‌وه ده‌كات بۆ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند (هونه‌رمه‌ندی نازدار مه‌لا ئه‌نوه‌ر، هاوڕێیه‌كی دێرینی هونه‌رمه‌ند شه‌وكه‌ت ڕه‌شید بوو، قه‌ت و قه‌ت ڕوو گرژییان له یه‌كتر نه‌بینیوه، شه‌وكه‌ت ڕه‌شید و مه‌لا ئه‌نوه‌ر دوو جه‌سته‌ی جیاجیا بوون، به‌ڵام یه‌ك ڕۆح و یه‌ك هیوا و یه‌ك تهبیعهتییان هه‌بوو، شه‌وكه‌ت ڕه‌شید چاكترین كلارنێتژه‌نی سه‌رده‌می خۆی بوو، له پاش قادر دیلان، مه‌لا ئه‌نوه‌ر ئه‌نوه‌ر تاهیر چاكترین قانوونژه‌ن و مه‌قامزان بوو، تاكو ئه‌مڕۆش جارێ یه‌كێكی تر وه‌ك خۆی نه‌هاتووه، به‌ڵام من پێشبینیم به‌وه‌ی كه كاك (زانا)ی كوڕی مه‌لا ئه‌نوه‌ر له زه‌مانێكی نزیكی داهاتوو بتوانێ شوێنی باوكی بگرێته‌وه، مه‌لا ئه‌نوه‌ر بچووبایه كه‌ركووك له ماڵی شه‌وكه‌ت ڕه‌شید ده‌مایه‌وه، شه‌وكه‌ت ڕه‌شیدیش بچووبایه كۆیه له ماڵی مه‌لا ئه‌نوه‌ر شوێنی حه‌وانه‌ی ده‌بوو (*3).
له ساڵی 1963 له‌سه‌ر هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی له شاری كه‌ركووك ده‌ستگیر ده‌كرێت و ده‌خرێته زیندانه‌وه، دوای ماوه‌یه‌ك هونه‌رمه‌ند ئازاد ده‌كرێت، له ساڵی 1964 له شاری كه‌ركووك ژیانی هاوسه‌ری پێك دێنێت، به‌رهه‌می ئه‌و هاوسه‌رگیرییه دوو كوڕ‌و سێ كچه.
سه‌باره‌ت به كار‌و تێكۆشانه هونه‌رییه به‌رده‌وامه‌كانی هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر تاهیر، نووسه‌ر و ئهرشیفپارێز (جیهانبه‌خش كۆیی) نووسیویه‌تی:
له ساڵی 1957_ 1958 كاتێ كۆمه‌ڵه‌ی بوژانه‌وه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كانی كورد له كۆیه دامه‌زرا،كه ئه‌وسا مامۆستایان باكووری، سه‌ردار ئه‌حمه‌د، زاهیر محه‌مه‌د، نه‌شئه‌ت حه‌مید، جان تۆماس، ئه‌كره‌م باقی، بیلال به‌هائه‌دین ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه بوون، مامۆستا ئه‌نوه‌ر ئه‌ندامێكی چالاكی ئه‌م كۆمه‌ڵه بوو، دوای ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه بوو به تیپی باواجی كۆیه و له‌وێش هونه‌رمه‌ند مه‌لا ئه‌نوه‌ر له‌ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری بوو، به‌رده‌وام كاری هونه‌ری گۆرانی و مۆسیقا له كۆیه پێشكه‌ش ده‌كرد و به تیپه باشه‌كانی كوردستان داده‌نرا، ئه‌وه بوو له 1/3/1972 له وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری عێراق مۆڵه‌تی یاسایی پێدرا، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا توانیان له ستۆدیۆی ژماره (2)ی ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا 11 گۆرانی ڕاسته‌وخۆ تۆمار بكه‌ن (*4).
هونه‌رمه‌ند كاتێك قوتابی په‌یمانگای هونهرهجوانهی به‌غدا ده‌بێت له‌ته‌ك هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌دی هاوڕێ و هاوشاری، ده‌چنه ڕادیۆی كوردی به‌غدا به مه‌به‌ستی تۆماركردنی كاری هونه‌ری، له‌و سه‌رده‌مه‌دا ههردهنگخۆش و به‌هره‌مه‌ندێك ڕووی له ڕادیۆی ناوبراو كردبێت سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كه‌وه ده‌نگی تاقیكراوه‌ته‌وه له‌لایه‌ن چه‌ند هونهرمهندێكهوه، له‌و كاته‌دا مامۆستای مه‌قامات و به‌سته‌ی كوردی عه‌لی مه‌ردان و ئه‌حمه‌د خه‌لیل و نازم نه‌عیم هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر تاهیر وه‌ك گۆرانیبێژ ڕه‌زامه‌ندی ده‌ده‌ن كه گۆرانی بۆ تۆمار بكه‌ن، له‌هه‌مان ڕۆژدا هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵا دڵسۆز 1936 _7/5/2004یش قبووڵ ده‌كرێت، هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر تاهیر و عه‌بدوڵا دڵسۆز چه‌ند گۆرانییه‌ك بۆ ڕادیۆ تۆمار ده‌كه‌ن گۆرانییه‌كان له ئاوازی هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د ده‌بن.
دوای مانه‌وه‌ی ماوه‌ی 5 ساڵ له شاری كه‌ركووك، هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر تاهیر له ساڵی 1967 به یه‌كجاری ده‌گه‌ڕێته‌وه شار و زێده‌كه‌ی خۆیی و وانه‌ی هونه‌ر به منداڵانی شاره‌كه‌ی خۆی ده‌ڵێته‌وه و له هه‌مانكاتیشدا ئه‌ندامێكی چالاكی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه ده‌بێت.
تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه ئه‌وت یپه مۆسیقییه‌ی هاوشانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی و سلێمانی و سۆلاڤی شاری كه‌ركووك و تیپی هونه‌ری هه‌ولێر، به‌رده‌وام له به‌خشش و چالاكی هونه‌ری به‌رز و جواندابوون و به‌رده‌وام كاری هونه‌ری به‌رزیان پێشكه‌ش به هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی كردووه، بۆ هه‌میشه كاره هونه‌رییه‌كانی تیپی مۆسیقای باواجی جێی به‌رزنرخاندن
و شانازییه، له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییانه‌وه به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانیان به پیرۆزی ماونه‌ته‌وه و مۆركی رهسهنهتایهتی ده‌شتی كۆیه و كوردستانیان پێوه دیاره و خاوه‌نی ئاوازی ناوازه و داهێنه‌رانه‌ن.
هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر تاهیر به‌شێك له‌و مێژووه پرشنگداره‌ی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌ی پێ ده‌بڕێت و هونه‌رمه‌ندێكی ده‌ست و په‌نجه زێڕین و به ئه‌مه‌كی تیپی ناوبراو بووه، جیا له كاری ژه‌نینی ئامێری قانوون و ئاوازدانان بۆ هۆنه‌رمه‌ندان نموونه‌ی ئه‌و كاره هونه‌رییه‌ی ئاواز بۆ گۆرانی (بۆ بتبینم به غه‌مناكی) له خوێندنی وریا عوسمان ، خودی هونه‌رمه‌ندیش چه‌ند گۆرانییه‌كی خۆشی له‌گه‌ڵ تیپی باواجی كۆیه تۆمار كردووه، له هه‌مانكاتیشدا مهقامناسێكی بێ وێنه بووه و گوێیه‌كی هه‌ستیاری مۆسیقای هه‌بووه، هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌گرێكی داهێنه‌رانه‌ی ڕاستگۆ بووه، له‌وباره‌یه‌وه هونه‌رمه‌ند (سه‌لاح محه‌مه‌د) پێی ڕاگه‌یاندم:
به ڕه‌حمه‌ت بێت مه‌لا ئه‌نوه‌ر به‌ته‌مه‌ن له من گه‌وره‌تر بوو، هیچ وشه‌یه‌كم بۆ نادۆزرێته‌وه كه من بتوانم باس له گه‌وره‌یی و دلسۆزیی و خه‌مخۆریی و توانای هونه‌ری مه‌لا ئه‌نوه‌ر بكه‌م، ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم به‌ڕاستی مهقامناس بوو، من چه‌ند جارێك له دانیشتنی دۆست و یاران و هونه‌رمه‌ندانی تیپ كۆ ده‌بووینه‌وه و ئاهه‌نگ و به‌زم و گۆرانی و مۆسیقا، بۆ نموونه له یه‌ك دووجار من مه‌قام و گۆرانیم گوت، ئه‌وه‌نده ڕاستگۆ بوو له‌گه‌ڵ خۆیی و هونه‌ره‌كه‌ی و به‌رامبه‌ره‌كه‌ی، بهسهرنجهكانی منی به‌ئاگا ده‌هێنایه و ده‌یخستمه سه‌ر ڕێگا ڕاسته‌كه، جارێك مه‌قامێكم خوێند، ڕاسته‌وخۆ هاته ده‌نگ و پێی گوتم ئه‌و تۆنه به‌رزه كه‌مێك وه‌ره خواره‌وه ئینجا بیڵێ، و ڕاسته‌وخۆ له مهقامهكهش دووا، جارێكی دیكه له دوای ڕاپه‌ڕین له‌و كه‌م ده‌رامه‌تییه هونه‌رییه و زۆر به هه‌ژارانه دوو سروودم تۆمار كرد، هه‌ندێك برا كه‌وتنه گازانده و ڕه‌خنه لێم، منیش گوتم هه‌قتانه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌زانن چۆن و به شێوه‌یه‌ك تۆمارم كردووه، به‌ڵام مه‌لا ئه‌نوه‌ری ڕه‌حمه‌تی پێی گوتم ئافه‌رین و ده‌ستت خۆش بۆ ئه‌و دووكاره به‌رده‌وامه و با ڕه‌خنه‌ی خه‌ڵكی نهتڕوخێنێ، له ڕوانگه هونه‌رییه‌كه‌وه گوێبیستی بووم زۆر چاكت خوێندووه، مه‌به‌سته‌كه‌م ئه‌وه بووه هیچ كات نهیدهڕووخانی و ئه‌و هه‌سته به‌رزه و ڕووحییه‌ته هاوكارییه‌ی تێدابوو ده‌یوست هونه‌رمه‌ند به‌دروستی په‌روه‌رده بكرێت (*5).
هونه‌رمه‌ندێك خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو خه‌سڵه‌ته جوانانه بێت، هه‌رگیز نامرێت و كه‌سایه‌تی و هونه‌ره‌كه‌ی بۆ هه‌میشه له‌نێو دڵی خه‌ڵكه‌كه‌یدا به پیرۆزی ده‌مێنێته‌وه.
مه‌لا ئه‌نوه‌ری هونه‌رمه‌ند له ماوه‌ی ژیانی هونه‌رییدا، زۆر هونه‌رمه‌ندی پێگه‌یاندووه، ستوونێكی گرنگ و پته‌وی تیپه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی باواجی كۆیه بوو، هه‌ر كه‌سێك ڕۆژێك ئه‌م هونه‌رمه‌نده ڕۆح سووك و زمان شیرینه‌یان دیبێت یان ناسیبێت مه‌حاڵه بتوانن فه‌رامۆشی بكه‌ن.
مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر تاهیر له ڕێكه‌وتی (14/1/1996) ماڵئاوایی له ژیان و هونه‌ر ده‌كات، به كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند كه‌لێنێكی گه‌وره له‌بواری هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی له شاری كۆیه و كوردستاندا دروست ده‌بێت، ته‌رمی پیرۆزی ئه‌و هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه له شاری كۆیه به‌خاك ده‌سپێردرێت.
هه‌زاران سڵاو له گیانی پاكی هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر تاهیر و سه‌ردار ئه‌حمه‌د و هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی شاری كۆیه و كوردستان، گڵكۆكانیان هه‌میشه چراخان و لێوڕیژ بێت له مه‌قام و به‌سته‌ی ڕه‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، له دوای خۆی (دوو كوڕ و سێ كچ)ی به‌جێهێشتووه، هه‌موو منداڵه‌كانی ده‌نگیان خۆشه، به‌ڵام ته‌نها كاكه (زانا)ی كوڕی ڕێبوارێكی به‌ئه‌مه‌كی رێگا پیرۆزه‌كه‌ی باوكییه‌تی و هیوای سه‌رفرازی و ڕێگا رۆشنی بۆ ده‌خوازین، شاره ئازیزه‌كه‌ی كۆیه هیچ كات خه‌سڵه‌ته جوانه‌كانی خۆی له‌ده‌ست نه‌داوه و هه‌میشه به چاوی ڕێزهوە له كه‌سایه‌تییه‌كانی خۆی ڕوانیوه، چونكه ئه‌و مرۆڤانه‌ی له‌و ژینگه جوانه‌ی كۆیه‌دا په‌روه‌رده بوون ته‌نها بۆ شاری كۆیه نه‌بوون، به‌ڵكو سوود و توانا و لێهاتووییان وه‌ك چرایه‌كی ڕۆشن تیشكه‌كانیان بۆ هه‌موو كوردستان بووه، وه‌ك ڕیزگرتن له مێژووی پڕ به‌خششی هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر تاهیر (مه‌لا ئه‌نوه‌ر) له ساڵی 2006 ئه‌و هونه‌رمه‌نده به‌یه‌كێك له‌ناوداره‌كانی شاری كۆیه ده‌ستنیشان كراوه.
جه‌مالی ده‌لاك (6/6/2021) هه‌ولێر.
سه‌رچاوه: (*1) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (زاهیر محه‌مه‌د) یه‌ك شه‌ممه (6/6/2021).
(*2) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و شاعیر (ڕه‌مه‌زان زامدار _ كه‌ركووك) به‌نده‌ش له هه‌ولێره‌وه، شه‌ممه 5/6/2021.
(*3) كتێبی گۆرانیبێژه نه‌مره‌كان. باكووری، به‌شی دووه‌م، لاپه‌ڕه (197).
(*4) گۆڤاری ڕامان ، ژماره (31) له (5ی كانوونی دووه‌م 1999) ساڵیادی (مه‌لا ئه‌نوه‌ر)ی هونه‌رمه‌ند، جیهانبه‌خش كۆیی، لاپه‌ڕه (224).
(*5) په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (سه‌لاح محه‌مه‌د) یه‌ك شه‌ممه 6/6/2021.
هه‌روه‌ها سوپاسی بێ پایانم بۆ هونه‌رمه‌ند زانا مه‌لا ئه‌نوه‌ر كوڕی هونه‌رمه‌ند مه‌لا ئه‌نوه‌ر كه هه‌ندێ زانیاریم لێ وه‌رگرتووه، به سوپاسێكی زۆره‌وه بۆ هه‌ردوو مامۆستا و هونه‌رمه‌ند (وریا ئه‌حمه‌د و زاهیر محه‌مه‌د)، وێنه‌كان له ئه‌رشیفی ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده‌وه وه‌رگیراون
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.