جه‌مالى ده‌لاك
ئه‌گه‌ر وه‌ك خوێنه‌رێك لاپه‌ڕه‌كانى ژيانى زۆرينه‌ى هونه‌رمه‌ندانى نه‌ته‌وه‌كه‌مان هه‌ڵبده‌ينه‌وه، به‌داخه‌وه ڕۆشنايی و تروسكايهك به‌دى ناكه‌يت، ژيانيان ئاسووده‌یی و ئارامی تێدا بووبێت، هه‌موو ژيانيان لێوڕيژه له بارگرانى و سه‌ختى و زه‌حمه‌ت، وه وێڵ بوون به‌دواى نان و ژياندا، نه‌ك په‌يداكردنى پاره و سه‌رمايه، نه‌خێر به‌ڵكو تێكۆشان له‌پێناو خستنه‌ڕووى ئه‌و هونه‌ره‌ى لهسينهياندايه، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو بهدبهختييهى چهشتويانه كه‌چى پاشخانێكى ده‌وڵه‌مه‌ند و لێوان لێو له گه‌وهه‌ر بۆيان به‌جێ هێشتووين و ئه‌و ژيانه پڕ چهرمهسهرييه نه‌بۆته ڕێگر له‌به‌رده‌مياندا به‌ڵكو زۆر به خۆشهويستیيهوه ئه‌و ڕێگا پڕ هه‌وراز و نشێوهيهيان بڕيوه.
كه‌واته ده‌بێت بڵێین هه‌زار ڕه‌حمه‌ت له خامه‌ى جوان و گڵكۆى پيرۆزت (مامۆستا هێمن 1924_18/4/1986) كه دركی به ئازار و بڕك و ژانى هونه‌رمه‌ندان كردووه، له‌خۆڕا ئه‌و هۆنراوه جوان و پڕ واتايهت له هۆنراوه‌ى (بابرده‌ڵه) نه‌نووسيوه كه ده‌ڵێت:
(هونه‌رمه‌ند و ژيانى خۆش مه‌حاڵه
هونه‌رمه‌ند ڕهنجهڕۆيه، ژينى تاڵه
ورينگه خۆشه‌كه‌ت بۆ تۆ به‌ڵايه
ئه‌تۆ خۆشخوێنى حاڵت بۆيه وايه) (*1)
يه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه كهپشكى زۆرى له نه‌هامه‌تى و نه‌دارى و بێ باوكى و زيندان و ئاواره‌يی به‌رده‌كه‌وێت هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزيریيه، له نێوه‌ندى هونه‌رى موزيك و لاوك و سترانى نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا به (بولبولى كوردستان) ناودێر كراوه.
هونه‌رمه‌ندێك له باكورى كوردستانه‌وه له جزير و بۆتانه‌وه له مه‌ڵبه‌ندى زێدى شاعيرى گه‌وره‌ى نه‌ته‌وه‌كه‌مان (مه‌لاى جزيرى 1570_1640)يهوه به دنيا هاتبێت، به‌دڵنيايه‌وه ئه‌ويش كه شكۆڵهكهى تژيه له هونه‌رى ڕه‌سه‌نى ئه‌و ميلـلهته هه‌ژار و داگيركراو و چهوساوهيه، ئازار و ئه‌ندێشه و فرمێسكى باوك و دايك و خوشكانى نه‌ته‌وه‌كه‌ى له لاوك و سترانهكانيدا زۆر زيره‌كانه چڕيوه و به ده‌نگه خۆش و سروشتى چيا سه‌ركه‌شه‌كانى كوردستان، خه‌رمانى هونه‌رى نه‌ته‌وه‌كه‌ى پێ ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه.
هه‌زار ئافهرين بۆ هونه‌رمه‌ندێك زاده‌ى كه‌لتوور و فه‌رهه‌نگى كرمانجى ژووروو، نێوبانگى ده‌نگى خۆش و هونه‌رى به‌رز و ستران و لاوك و سۆلۆى تهمبوورهكهت به هه‌موو كوردستاندا بڵاوببێته‌وه‌و بيسهران و گوێگرانى ديالێكتى سۆرانى له باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان چێژ له هونه‌رى به‌رزت وه‌ربگرن و كاريگه‌رى له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندانى ده‌نگبێژ و موزيكژهنان دابنێيت و به يه‌كێك له ستوونه سه‌ره‌كييه‌كانى گۆرانى كوردى ئه‌ژمار بكرێت.
هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزيرى، نازناوى هونه‌رى
محه‌مه‌د عارف كه‌ريم له ساڵى 1912 له خانه‌واده‌يه‌كى هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت له‌دايكبووه، محه‌مه‌د هێشتا ته‌مه‌نى 2 ساڵان بووه كه جه‌نگى جيهانى يه‌كه‌م (1914_1918) كڵپه ده‌سه‌نێ و كوردستانيش به‌و ئاگرى جه‌نگه ماڵوێرانكه‌ره ده‌سووتێ و له ده‌رگاى هه‌موو ماڵه كوردێك ده‌دات، ده‌وڵه‌تى عوسمانى كه به‌شێكى سه‌ره‌كى بووه له جه‌نگى جيهانى يه‌كه‌م، سوپاى تورك به زۆره‌ملێ باوكى محه‌مه‌د واته (عارف كه‌ريم) ڕاپێچى پێشه‌وه‌ى به‌ره‌كانى جه‌نگى ده‌كه‌ن، ئه‌و زۆره‌ملێ بردنه بۆ جه‌نگ به (سه‌فه‌ر به‌لك) ناوبراوه، له‌به‌ر فراوانى به‌ره‌كانى جه‌نگ ڕۆشن نييه كه باوكى محه‌مه‌د ڕه‌وانه‌ى كامه به‌ره‌ى ئه‌و جه‌نگه ماڵوێرانكه‌ره كراوه، به‌داخه‌وه باوكى محه‌مه‌د له‌و جه‌نگه سه‌پێندراوه‌دا ناگه‌ڕێته‌وه و گيان ده‌سپێرێت و محه‌مه‌د له سۆز و خۆشه‌ويستى و ميهرهبانى و ئامێزى گه‌رمى باوك بێبه‌ش ده‌بێت، هه‌ر زۆر زوو هه‌ست به قورسايی ژيان ده‌كات.
يه‌كه‌م قوتابخانه و فێرگه بۆ محه‌مه‌د عارف جزيرى ژينگه و سروشت و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوورى ناوچه‌كه‌ى بووه، هه‌روه‌ها (عه‌دله ڕه‌شيد)ى دايكى كه هونه‌رمه‌ندێكى ده‌نگخۆش و شاره‌زا بووه له خوێندنى لاوك و سرووته ئايينه‌كان له خوێندنه‌وه‌ى مه‌ولود و ته‌راويح و هه‌روه‌ها چڕينى داستان و قاره‌مانێتى و چيرۆكى ئهويندارى، ئه‌مانه هه‌موويان هۆكارى سه‌ره‌كى بوون بۆ فێربوون و هه‌نگاو هه‌ڵگرتن و زانيارى زياتر له‌سه‌ر چڕينى لاوك و ستران و تێشووى گه‌شتى دوورودرێژى هونه‌رى محه‌مه‌د عارف جزيرى.
هونه‌رمه‌ند ته‌مه‌نى هه‌ڵده‌كشێ و مێردمنداڵێكى چوست و چالاك و هه‌ستكردن به گه‌رمى و ساردى ژيان ده‌كات و شان ده‌داته به‌ر دابينكردنى بژێوى ژيان، جه‌نگى يه‌كه‌مى جيهان كۆتايی دێت، ده‌وڵه‌تى توركيا له ساڵى 1923 داده‌مه‌زرێت، به‌ڵام بۆ گه‌لى كوردى چاره‌ڕه‌ش دژوارتر و چه‌وساندنه‌وه‌ى زياتر و سه‌ركوتكردن و شاڵاوى له‌ناوبردن زۆرتر ده‌بێت، شۆڕشى شێخ سه‌عيدى پيران سه‌رهه‌ڵده‌دات، محه‌مه‌د عارفى هونه‌رمه‌ند هێشتا ته‌مه‌نى 13 به‌هاره واته ساڵى 1925 له‌لايه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى توركه‌وه ده‌ستگير ده‌كرێت به تۆمه‌تى هاوكاريكردنى شۆڕش و هێنانى چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى له باشوورى كوردستانه‌وه بۆ باكورى كوردستان، ڕاپێچى زيندانى دياربهكرى ده‌كه‌ن و ماوه‌ى 4 ساڵ له‌زيندان ده‌مێنێته‌وه واته (1925 بۆ 1929) (*2).
دواى ئازادبوونى له زيندان، ماوه‌يه‌ك له جزير و بۆتان ده‌مێنێته‌وه و بارودۆخى وڵات دژوار و نه‌بوونى كار، هونه‌رمه‌ند كارى سوونهتكردن (خه‌ته‌نه‌كردنى منداڵ)ى كردووه، گوند به گوند گه‌ڕاوه و له پاڵ كاره‌كه‌يدا سترانى خوێندووه و و زانيارى زۆرترى له‌سه‌ر ستران و لاوك خستۆته سهرخهرمانى هونه‌رى خۆى، چونكه هونه‌رمه‌ند ئاماژه به‌وه ده‌دات كه له سه‌ره‌تاوه سترانى باش نهزانيوه، له ساڵى 1930 له‌گه‌ڵ دايك و برا و خانه‌واده‌كه‌ى بڕيار ده‌ده‌ن كه ڕووبكه‌نه باشوور و سه‌ره‌تا له زاخۆ له لاى خزم و كه‌سوكارى دايكى نيشته‌جێ ده‌بن، به‌ڵام بۆ ده‌ستهێنانى كار و بژێوى خانه‌واده‌كه‌يان له‌گه‌ڵ ساڵحى براى ڕوو ده‌كه‌نه شارى مووسڵ و ده‌ست به‌كاركردن ده‌كه‌ن، دواى ماوه‌يه‌ك شوێنى نيشته‌جێبوونيان هه‌وار ده‌گوازنه‌وه و به‌ره‌و شارى دهۆك و ڕه‌شماڵى غوربه‌ت له دهۆك هه‌ڵده‌ده‌ن و درێژه به‌ژيان ده‌دەن.
له ساڵى 1933 له‌گه‌ڵ خاتوو نازدار ژيانى هاوسه‌رى پێكدێنێ و به‌روبوومى ژيانى هاوسه‌رگيرى محه‌مه‌د عارف جزيرى لاوكبێژه ناوداره‌كه‌ى كورد و نازدارخان (3 كوڕ و 4 كچ)ـه.
ئه‌م ژيانه نوێيه بۆ هونه‌رمه‌ند قۆناغێكى تر له ژيانيدا سه‌رهه‌ڵده‌دات و ده‌بێته ڕێبوارێكى به ئه‌مه‌كى ڕێگاپيرۆزهكهى هونه‌رى لاوك و سترانبێژى، هونه‌رمه‌ند له ديمانه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ گۆڤارى ڕۆشنبيرى نوێ ساڵى 1980 ده‌ڵێت (كاتێك من ته‌مه‌نم 20 ساڵ بوو له جزير و بۆتان ده‌ركه‌وتم و هاتمه دهۆك،(حه‌سه‌نى جزيرى 1917_9/7/1983) هاوڕێی من بوو، پێكه‌وه دهچووينه ديوه‌خانان، ئێمه زۆر ده‌گه‌ڕاين به زگێك تێر و به زگێك برسى، ڕووبه‌ڕووى زۆر كێشه و گرفت ده‌بووينه‌وه، ماوه‌ى 15 ساڵ له‌گه‌ڵ حه‌سه‌نى جزيرى و 15 ساڵى ديكه له‌گه‌ڵ (عيسا به‌روارى 1933_20/7/2002) گه‌ڕاوم) (*3).
بێژه‌ر و نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس و ڕۆشنبيرى به ئه‌زموون كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د ده‌ڵێت: هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن جزيرى لاى من گوتى (من محه‌مه‌د عارف جزيرى هاوه‌ڵى گيانى به‌گيانى بوون، هه‌ر له ده‌وروبه‌رى گونده‌كانى زاخۆ و دهۆك و ڕاوه، بهديوهخانى ئاغاياندا گه‌ڕاون و به ستران چڕينهوه نانيان په‌يداكردووه) (*4).
هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزيرى وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا كه توانى هونه‌رى و دهنگخۆشيی دايكى يه‌كه‌م قوتابخانه‌ى هونه‌رى بووه، به‌ڵام ده‌وڵه‌مه‌ندى ناوچه‌كه‌يان له ستران و لاوك كاريگه‌رى له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند داناوه و خۆشى ئه‌و هه‌سته‌ى هه‌بووه ئه‌و لاوك و سترانانه وه‌ك خه‌رمانێكی به نرخ له مێشك و سينهيدا هه‌ڵبگرێ، هه‌روه‌ها ده‌ردى هه‌ژارى و نه‌دارى و چه‌وساندنه‌وه‌ى نه‌ته‌وايه‌تى و چينايهتى دركى پێ كردووه و ئه‌مانه هه‌مووى گه‌ڵاڵه‌كردووه و له‌لاى خۆى و كردوونى به هه‌وێنى ستران و لاوك به‌ده‌نگى خۆش و گه‌رووه پارا و كوردانهكهى، به‌شێوه‌يه‌كى زانايانه و وه‌ستايانه لاوكبێژى له ڕێی ده‌نگه بهسۆزهكهيهوه چڕيونى و بيسهران و گوێگرانى ده‌نگى خۆشيی خۆى پێ سه‌رسام و سه‌رمه‌ست كردووه.
له يادكردنه‌وه‌ى هونه‌رمه‌نداندا نابێت ڕۆڵى خانمه هونه‌رمه‌ند ئه‌ڵماس محه‌مه‌د ناسراو به (ئه‌ڵماس خان 1894 جه‌زيره و بۆتان _1974 به‌غدا) له‌ياد بكه‌ين كه ماڵه‌كه‌ى له به‌غدا كردۆته يانه‌يه‌كى ڕۆشنبيرى و هونه‌رى و شوێنى كۆبوونه‌وه و بهيهكگهيشتنى هونه‌رمه‌ندانى كورد و دهرگايهك بووه بۆ چوونه نێو دنياى هونه‌رى موزيك و گۆرانى و هه‌روه‌ها ڕێگايه‌ك بووه بۆ چوونى هونه‌رمه‌ندان بۆ ڕاديۆى كوردى به‌غدا، ئه‌م خانمه هونه‌رمه‌نده له ساڵى 1926 گۆرانى له‌سه‌ر (قه‌وان - سه‌فحه) تۆمار كردووه.
هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزيرى ئه‌و هه‌موو حه‌ز و خوليايهى بۆ هونه‌رى لاوك و ستران له ناخ و سينهيدا په‌نگى خواردۆته‌وه، حه‌زى سترانبێژى په‌لكێشى ده‌كات و ڕێی به‌غدا ده‌گرێته به‌ر و له يانه يان ماڵى خانمه هونه‌رمه‌ند ئه‌ڵماس خۆى ده‌دۆزێته‌وه، هونه‌رمه‌ند له ساڵى 1934 له‌گه‌ڵ خانمه هونه‌رمه‌ند (مريه‌م خان 1904 گوندى عێن ديوهز باكورى كوردستان _ 1948 به‌غدا) گۆرانى له‌سه‌ر قه‌وان تۆمار ده‌كه‌ن.
يه‌كه‌م لاوكى هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف له‌سه‌ر قه‌وان تۆمارى كردووه به‌ناوى (بابكۆ) بووه
هونه‌رمه‌ند و مامۆستا باكورى سه‌باره‌ت به يه‌كه‌م گۆرانى هونه‌رمه‌ند له‌سه‌ر قه‌وان يان سه‌فحه تۆمارى كردووه و ده‌ڵيت: به‌مجۆره لاوكهكانى محه‌مه‌د عارف كه‌وتنه سه‌رزارى خه‌ڵكى و بڵاوبوونه‌وه، فه‌له‌كان (ئاشوورييه‌كان) و ئهرمهنييهكان زياتر حه‌زيان به لاوكهكانى ده‌كرد، چونكه هه‌ر ئه‌وانيش به ئه‌سڵ خه‌ڵكى ده‌وروبه‌رى گۆلى (وان) و ماردين و دياربه‌كر بوون و چاك له له‌هجه كوردييه‌كه‌ى محه‌مه‌د عارفى جزيرى ده‌گه‌يشتن) (*5).
يانه ڕۆشنبيرييهكهى ئه‌ڵماس خان بۆته مه‌ڵبه‌ندێكى بهيهكگهيشتن و يه‌كتر ناسين، له‌و يانه‌يه هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف زۆر له هونه‌رمه‌ندان و كه‌سايه‌تى و ڕۆشنبير و ئه‌ديب ده‌ناسێ، يه‌كێك له‌و به‌ڕێزانه (كاميلى كاكه مين1912_16/4/1987) ده‌بێت، كاتێك له ساڵى 1939 ڕاديۆى كوردى به‌غدا ده‌ست به په‌خشكردن ده‌كات، ده‌رگاى ڕاديۆ بۆ هونه‌رمه‌ندانى كورد ده‌كرێته‌وه و له‌وێوه ده‌نگى خۆشيان تۆمار ده‌كه‌ن و بڵاو ده‌بێته‌وه، ئه‌ويش به هه‌وڵ و هيمه‌ت و تێكۆشانى چه‌ندين كه‌سايه‌تى دڵسۆز و خه‌مخۆرى هونه‌رى موزيك و گۆرانى كوردى.
له دواى كردنه‌وه‌ى ڕاديۆى كوردى به‌غدا، ماڵى ئه‌ڵماس محه‌مه‌د وه‌ك يانه‌يه‌كى ڕۆشنبيرى زياتر گه‌شه ده‌كات و ڕێژه‌ى ميوانه‌كان له زۆربووندا ده‌بێت، ئه‌و شوێنهيان وه‌ك شوێنى بهيهكگهيشتن و ده‌مودوو و ڕاوێژى هونه‌رى به‌كارهێناوه و هونه‌رمه‌ندانى گۆرانيبێژ و مه‌قامبێژ و لاوكبێژ و حهيرانبێژ (عه‌لى مه‌ردان، تايه‌ر تۆفيق، حه‌سه‌ن جزيرى، ڕه‌سوول گه‌ردى، جه‌ميل به‌شير، مريه‌م خان، فهوزيیه محه‌مه‌د، نه‌سرين شيروان)، وە ساڵه‌كانى دواتريش واته په‌نجاكانى سه‌ده‌ى پێشوو هونه‌رمه‌ندانى وه‌ك (شه‌ماڵ سائيب، سێوه و باكورى).
دواى ئه‌وه‌ى هونه‌رمه‌ند به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى لاوك و سترانهكانى له ڕێی قهوانهكانييهوه كه بۆى تۆماركراوه، لهنێوخهڵكيدا ئه‌و ده‌نگ زوڵاڵه زێده‌تر ده‌ناسرێ و هونه‌ر و ده‌نگه‌كه‌ى لاى خه‌ڵك خۆشهويستر ده‌بێت، له ساڵى 1949 ڕوو ده‌كاته ڕاديۆى كوردى به‌غدا و چونكه پێشتر له‌گه‌ڵ كاميلى كاكهمين يه‌كتر ده‌ناسن، يه‌كه‌م گۆرانيى له ڕاديۆى كوردى به‌غدا به‌ناوى (بهفربارى) بۆ تۆمار ده‌كه‌ن، به‌م گۆرانييه زياتر له‌نێو خه‌ڵكيدا ده‌ركه‌وت و ناو و ده‌نگى هونه‌رمه‌ند ده‌بێته وێردى سه‌رزارى خه‌ڵكى كوردستان.
هونه‌رمه‌ند له ڕاديۆى كوردى به‌غدا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانى هاوڕێی درێژه به كارى هونه‌رى ده‌دات و زياتر تێكه‌ڵ ده‌بێت و به هونه‌رمه‌ندانى به‌شه‌كانى تر‌ى كوردستان و شاره‌كانى كوردستان ئاشنا ده‌بێت.
ئه‌و ناساندن و ده‌ركه‌وتنى هونه‌ره به‌رزه‌ى له لاوكبێژى و ستران چڕيندا هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزيرى ڕێگاى هونه‌رى فراوانتر ده‌بێت و ده‌رگاى گهشتكردنى هونه‌رى له‌به‌رده‌مدا ده‌كرێته‌وه، له ساڵى 1961 به ياوه‌رى هونه‌رمه‌ندان حه‌سه‌نى جزيرى و ئه‌لياس حاجى گه‌شتێكى هونه‌رى بۆ شارى كرماشان له ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ميوانى ڕاديۆى كرماشان ده‌بن و چه‌ند به‌رهه‌مێك تۆمار ده‌كه‌ن، له‌و سهردانهياندا ده‌بنه ميوانى هونه‌رمه‌ند و بليمهتى نه‌مر (حه‌سه‌ن زيره‌ك 1921_26/6/1972)، زيره‌ك ميواندارييهكى باشيان لێ ده‌كات و هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزيرى به تهمبوورهكهى گۆرانى (كيژان ده‌چنه مێرگوڵان) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زيره‌ك تۆمار ده‌كات.
دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى له ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزيرى به‌هۆى ئه‌وه‌ى هونه‌ره‌كه‌ی و ده‌نگى لاوك سترانهكانى له ڕێی راديۆى كوردى به‌غداوه زياتر ده‌ناسرێت و سنوورى جواگرافياى عێراق ده‌به‌زێنێت و له دهورهى وڵاتيش به‌ده‌نگه زوڵال و خۆشه‌كه‌ى ئاشنا ده‌بن، له‌سه‌ر 1966 له‌سه‌ر داواى كۆمه‌ڵێك جوله‌كه و ئاشوورى عێراقى كه له وڵاتى كوه‌يت نيشته‌جێن، بانگهێشتى هونه‌رمه‌ند ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ چه‌ند گۆرانيبێژێكى عێراقى، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزيرى به ده‌م بانگهێشتكردنهكهيانهوه ده‌چێت و هه‌رشه‌وه له ماڵێك به ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی و ژهنينى تهمبوورهكهى لاوك و ستران ده‌چڕێ و دڵى ئاماده‌بووان و گوێ‌گران خۆش ده‌كات و شادى و ئارامی و موزيك و هونه‌رى چياكانى كوردستانيان پێ ده‌به‌خشێت.
ده‌نگ و هونه‌رى به‌رز و لاوك و سترانى محه‌مه‌د عارف جزيرى وه‌ك خۆر ده‌دروشێته‌وه و به شدارى بۆنه نيشتمانى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كان ده‌كات له‌گه‌ڵ هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانى، له ساڵى 1968 به بۆنه‌ى جه‌ژنى نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆزه‌وه له هۆڵى خولد له شارى به‌غدا، له ته‌ك كۆمهڵيك هونه‌رمه‌ند (عه‌لى مه‌ردان، تايه‌ر تۆفيق، فوئاد ئه‌حمه‌د، ڕه‌سوول گه‌ردى و باكورى و هه‌ندێك له هونه‌رمه‌ندانى گۆرانيبێژانى عه‌ره‌ب) به‌شدارى ئه‌و ئاهه‌نگه نه‌ته‌وه‌ييه به لاوك ستران ده‌كات.
هه‌روه‌ها به‌بۆنه‌ى به‌يانى مێژوويی 11ى ئادارى ساڵى 1970 و جه‌ژنى نه‌ورۆزى ئه‌و ساڵه، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزيرى به سه‌رپه‌رشتى ده‌زگاى ڕاديۆ و ته‌له‌فزيۆنى عێراقى له شاره‌كانى كوردستان به هاوكارى هونه‌رمه‌ندانی كورد و عه‌ره‌ب (عه‌لى مه‌ردان، تايه‌ر تۆفيق، حه‌سه‌ن جزيرى، حسێن نيعمه، ياس خضر، عيسا به‌روارى و باكورى) چه‌ند ئاهه‌نگێك ساز ده‌كه‌ن، سه‌ره‌تا دوو شه‌و له شارى كه‌ركووك و دواتر جه‌ماوه‌رى شارى سلێمانى به‌گوڵى نێرگز پێشوازى له هونه‌رمه‌ند و هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانى ده‌كه‌ن و دوو شه‌ويش له سلێمانى و پاشان سێ شه‌ويش له شارى هه‌ولێر ئاهه‌نگ ده‌گێڕن و خۆشی و شادى و به‌سته و لاوك و ستران به بۆنه‌ى ئاشتى و ئازادى و نه‌ورۆز ده‌به‌خشنه خه‌ڵكى كوردستان، له كۆتايی ئه‌و گه‌شته هونهرييهدا له شارى هه‌ولێر هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزيرى له يانه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌ڵێت (من واچاوه‌ڕوان نه‌بووم له شارى هه‌ولێر به‌م سۆز و گه‌رمييه‌وه پێشوازييان له ئێمه‌ى هونه‌رمه‌ندانى بادينى بكه‌ن و ئه‌و چه‌پڵه زۆره‌مان بۆ لێ بده‌ن)، گوتمان ئه‌زبه‌نى شتى باش و ڕه‌سه‌ن له دڵى خه‌ڵك جێى خۆشه‌ويستی خۆى هه‌يه، گۆرانى و لاوكى خۆشتان پێشكه‌شيان كردوون، ئه‌وانيش چه‌پڵه‌ى گهرمييان بۆ لێ داون ..! ئه‌مه‌يه وه‌ڵامدانه‌وه له بهينى گۆرانيبێژ و جه‌ماوه‌ر) (*6).
له ساڵى 1973 هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزيرى گه‌شتێكى هونه‌رى بۆ وڵاتى (لوبنان) به هاوڕێيه‌تى هونه‌رمه‌ندان (گوڵبه‌هار 1933_23/2/2010) و (عيسا به‌روارى) و وهفدى هونه‌رى عێراقى ئه‌نجام ده‌ده‌ن و له هۆڵى ڕيڤۆڵى به‌يروت ئاهه‌نگ بۆ كورده‌كانى لوبنان ده‌گێڕن، دواتر ميوانى هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و گۆرانیبێژ (سه‌عيد يووسف 1947_26/6/2020) ده‌بن.
هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزيرى ڕێبوارێكى به ئه‌مه‌ك و دڵسۆزى ڕێگا پيرۆزه‌كه‌ى هونه‌رى لاوك و ستران ده‌بێت له‌گه‌ڵ هاوڕێ دڵسۆزه‌كه‌ى (تهمبوورهكهى) خزمه‌تێكى گه‌وره به هونه‌رى موزيك و گۆرانى كوردى ده‌كات، 350 لاوك و سترانى تۆمار كردووه (غه‌زال غه‌زال، ده‌روێش عه‌بدى، چورمه ئورفايه و بهفربارى و ، بابێ سهيرۆ و عهيشانا عه‌لى و ئاى ده‌لال) ناودارترين لاوك و سترانهكانيهتى.
هونه‌رمه‌ند له دوا قۆناغه‌كانى ژيانى له شارى دهۆك پۆستى به‌رپرسى به‌شى مۆسيقا له به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى رۆشنبيرى هونه‌رى دهۆك وه‌رده‌گرێت، تا ساڵى 1974 ماڵئاوايی له كارى وه‌زيفى ده‌كات و خانه‌نشين ده‌بێت،
له ساڵى 1979 بڕيار ده‌دات ڕوو بكاته ماڵى خودا به نيازى به‌جێهێنانى ئه‌ركى حه‌جكردن و ده‌بێت به حاجى محه‌مه‌د عارف جزيرى، به‌ڵام دواى به‌جێهێنانى ئه‌و ئه‌ركه ئايينيیه، ده‌ستبه‌ردارى ته‌مبوور و لاوك و ستران نه‌بووه و به‌رده‌وام بووه له‌سه‌ر چڕينى لاوك و ستران.
هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف دواى ئه‌و ماوه دوور و درێژه پڕ هه‌وراز و نشێوهى له دنياى هونه‌رى موزيك و ستران و لاوكبێژيدا ڕووبه‌ڕووى بۆته‌وه، ئه‌و ده‌نگ زوڵاڵه له‌نێو كورد و ئه‌رمه‌ن و ئاشوورييدا به هونه‌رمه‌ندێكى مه‌زن نێوبانگى ده‌ركردووه، خزمه‌تێكى زۆر و بێ ئه‌ندازه‌ى بهنهتهوهكهى كردووه، هه‌روه‌ها له دواساڵهكانى ژيانيدا و زه‌بر و زه‌نگ و كاره داپلۆسێنهرهكانى به‌عس و شه‌ڕى دۆڕاوى قادسيیه، حيزبى به‌عس نه‌يتوانى كار له‌سه‌ر بيركردنه‌وه و تواناى هونه‌ری هونه‌رمه‌ند بكات و بيخاته به‌ره‌ى دژ به گه‌له‌كه‌ی و به شان و باڵى سه‌ركرده و حيزبى به‌عسدا لاوك و ستران بچڕێ، نه‌خێر هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف له‌به‌ره‌ى گه‌له چه‌وساوه و ستهمديدهكهيدا خه‌باتى هونه‌رى خۆى درێژه پێ دا، به‌ڵام نه‌خۆشی شه‌كره زه‌فه‌رى پێ برد و له ڕێكه‌وتى 17/12/1986 بۆ هه‌ميشه چاوه‌كانى لێك نا و ماڵئاوایی له ته‌مبووره ئازيزهكهی و خاكى كوردستان و هونه‌رى لاوكبێژى و ستران و خانه‌واده و هونه‌رمه‌ندان و ئازيزانى كرد.
ڕۆحى شاد و هه‌زاران چه‌پكه گوڵى كێوه سه‌ركه‌شه‌كانى كوردستان بۆ سه‌ر گڵكۆى پيرۆزى له گۆڕستانى شاخكێ له شارى دهۆك به‌خاكی پیرۆزی كوردستان سپێردراوه، گڵكۆكهى هه‌ميشه چراخان و لێوڕيژ بێت لهلاوك و ستران.
جه‌مالى ده‌لاك 9/1/2021 هه‌ولێر
سه‌رچاوه : (*1) كتێبى (تاريك و ڕوون) گوڵبژێرێك له شيعره‌كانى هێمن، هۆنراوه‌ى بابرده‌ڵه، لاپه‌ڕه (113).
(*2) يار و ديار، جه‌ميلى مه‌لا قه‌ره، كۆمه‌ڵێك بابه‌ت ده‌رباره‌ى فه‌رهه‌نگى كوردستان له ئێران و تۆران، له خانه‌قينه‌وه تا لاچين، لاپه‌ڕه (62).
(*3) گۆرانيبێژه نه‌مره‌كان، باكوورى، به‌شى يه‌كه‌م، لاپه‌ڕه (144)
(*4) كتێبى مێژووى ڕاديۆى كورديى به‌غدا 1939_1958 به‌رگى يه‌كه‌م / به‌شى يه‌كه‌م لاپه‌ڕه (723).
(*5) گۆرانيبێژه نه‌مره‌كان، باكوورى، به‌شى يه‌كه‌م، لاپه‌ڕه (147).
(*6) گۆرانيبێژه نه‌مره‌كان، باكوورى، به‌شى يه‌كه‌م، لاپه‌ڕه (151).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.