ئەمڕۆ سێشەممە 16/4/2024، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەمەبەستی بەدواداچوونی ئیشوكارەكانیان، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شارەوانییەكانی هەولێر كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا كە مەریوان هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و سەرۆك شارەوانییەكان و سەرۆك بەشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەكە ئامادەی بوون، بەدواداچوون بۆ ئیشوكاری بەڕێوەبەرایەتییەكە و 37 سەرۆكایەتیی شارەوانی كرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تیشكی خستە سەر گرنگیی ڕۆڵی شارەوانییەكانی سنووری پارێزگەی هەولێر لە خزمەتكردنی هاووڵاتییان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان، جەختی كردەوە دەبێت خزمەتی زیاتری هاووڵاتییان بكەن. هاوكات داوای لە كرد لەپێناو ئاسانكاری و باشتر ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزارییەكان ئەگەر لە شوێنێك هەست كرا كە ڕۆتێن هەیە، دەبێت بەزوویی چارەسەر بكرێت و ڕۆتێن نەهێڵن.
سەبارەت بە پرۆژەی خزمەتگوزاری و پرۆسەكانی خاوێنكردنەوە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوونی بۆ ئاستی خزمەتگوزارییەكان و پلانی جێبەجێكردنی پرۆژەی هەمەجۆری خزمەتگوزاری كرد و لەمبارەیەوە جەختی كردەوە كە لە جێبەجێكردنی پرۆژەكاندا دەبێت ڕەچاوی سوودمەندبوونی زۆرترین ژمارەی هاووڵاتییان بكرێت. لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی خاوێنكردنەوە دووپاتی كردەوە بایەخی زیاتر بە پرۆسەكانی خاوێنكردنەوەی گەڕەك و شوێنە گشتییەكان بدەن لەگەڵ ڕێكخستنەوەی سنووری شارەوانییەكان.
زیاتر لە 37 سەرۆكایەتیی شارەوانی و فەرمانگەی خزمەتگوزاری لە قەزا و ناحیەكانی پارێزگەی هەولێر سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێرن، بەمەبستی خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییانی ئەو سنوورە فراوانەی شارەوانییەكان، كارئاسانی و پاڵپشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی دووپاتكرایەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.