Erbil 11°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 08:03

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌شان ( 1938 _ 18/12/1996)

به‌حه‌سره‌تى بێكه‌سی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زێده‌كه‌ى سه‌رى نايه‌وه‌...!
کوردستان TV
100%

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ شۆخ و شه‌نگ و ده‌نگ زوڵاڵه‌ له‌ گۆرانييه‌كيدا ده‌بێژێت:

عه‌مرم هات و  بوورى، ڕۆژه‌ك خۆش نه‌ديت...

من ڕۆژه‌ك خۆش نه‌ديت تم عه‌رۆ تارى

ل من نه‌هاڤين هات نه‌ بوهارى

قه‌ده‌ر ل من بۆيه‌ ئه‌و گورى هارى

به‌تليم هه‌ڤالينوو، من ڕۆژه‌ك خۆش نه‌دى 

ئه‌و تێكسته‌ى گۆرانى خانمه‌ هونه‌رمه‌ند عايشه‌شان گه‌لێك خوێندنه‌وه‌ هه‌ڵده‌گرێت، ده‌بێت چ ئازار و ناسۆر و زه‌حمه‌تێكى به‌ده‌ست ژيانه‌وه‌ چه‌شتبێ، به‌وشێوه‌ بێ هيوا و نائومێدييه‌ پێمان ده‌ڵێت هيچ كات ڕۆژێكى خۆشی نه‌ديوه ‌و كه‌دڵ و ڕۆحى ئارام بكات...؟؟؟؟!!!!!

له‌نێو دنياى هونه‌رى موزيك و گۆرانى كورديدا، گه‌لێك هونه‌رمه‌ند و ده‌نگبێژى ڕه‌گه‌زى (نێر)مان هه‌يه‌ كه‌ هه‌ريه‌كه‌يان له ‌كات و سه‌رده‌مى خۆيدا تێكۆشاون و ماندووبوون و هه‌وڵ و ته‌قه‌لايه‌كى زۆرييان داوه‌ بۆ پێشخستنى هونه‌رى موزيك و گۆرانى، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌وته‌ هونه‌رييه‌دا له‌ سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى پێشوو، گه‌لى كورد خاوه‌نى چه‌ندين ده‌نگخۆش و گۆرانيبێژى ڕه‌گه‌زى (مێ) بووه‌، ئه‌و خاتوونه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ به‌بێ گوێدانه‌ ئه‌و هێڵه‌ سووره‌ لێوڕيژه‌ له ‌كۆت و به‌ندى  فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوورى دواكه‌وتووى كۆمه‌ڵايه‌تى و كۆمه‌ڵگه‌ى پياوسالارى، كه‌ هه‌موو خه‌نده‌ و خۆشی و جوڵانه‌وه‌يه‌ك بۆ ئافره‌ت ياساغ و حه‌رام و شووره‌یی بووه‌، به‌ڵام ئه‌مان بوێرانه‌ ئه‌و كۆت و به‌نده‌يان شكاندووه‌ و ڕچه‌شكێن بوون و به‌رپه‌رچى ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌يان به ‌هونه‌ره‌كه‌يان داوه‌ته ‌و ده‌نگى دلێرانه‌يان هه‌ڵبڕيوه‌ و پێيان گوتوون ئێمه‌ش هه‌ين و خاوه‌نى هه‌ست و سۆز و تواناين شان به‌شانى پياوانى كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان خه‌بات بكه‌ين و تێبكۆشين و به‌ ده‌نگه‌ خۆشه‌كانمان، لايلايه، لاوك، حه‌يران و  هۆره و گۆرانيتان بۆ بچڕين. وه‌ك ئاماژه‌م پێدا له ‌سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى ڕابردوو كۆمه‌ڵێك ده‌نگى به‌سۆز و خاوه‌ن چريكه‌ى به‌رز و خۆش بوێرانه‌ گۆرانييان له‌سه‌ر (قه‌وان _ سه‌فحه‌) و ڕاديۆ تۆماركردووه‌، وه‌ك (دايكى جه‌مال، مارى و خوخێ مووسا _ نازدار و ئه‌سمه‌ر فه‌رهاد، ئه‌ڵماس محه‌مه‌د، مريه‌م خان، نه‌سرين شێروان، فه‌وزيه‌ محه‌مه‌د و گوڵبه‌هار) به‌داخه‌وه‌ زۆريش هه‌بوون كه‌ بێبه‌ش بووين له‌ ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كانيان، وه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان له‌وێشه‌وه‌ تروسكایی به‌دى ده‌كرێت و چه‌ند خانمێك بوونه‌ته‌ پێشه‌نگ، وه‌ك (سه‌ديقه‌ى محه‌مه‌د نه‌ژاد، شله‌ خه‌جێ و فه‌تانه‌ى وه‌ليدى، شه‌هێن تاڵه‌بانى، مه‌نيج حه‌يران، پورنه‌مام، زوڵه‌يخا كيته‌ڵه ‌و زوڵه‌يخا چووختى و ...تاد) دڵنيام له ‌شاره‌كانى ديكه‌ى رۆژهه‌ڵات خانمانى ديكه‌ هه‌بن، به‌ڵام به‌داخه‌وه ناوه‌كانيانم به‌رده‌ست نه‌كه‌وتن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى باسه‌كه‌مان له‌سه‌ر خانمانى بوارى هونه‌رى موزيك و گۆرانييه، ده‌توانم بڵێم كه‌ له‌بوارى ڕاگه‌ياندن و بێژه‌ر و پێشكه‌شكارى به‌رنامه‌ له‌ ڕاديۆى به‌غدا و تاران و كرماشان ئافره‌تى به‌توانا بوونيان هه‌بووه‌ و مێژوويه‌كى جوانيان تۆماركردووه‌.

كرۆكى باسه‌كه‌م يادكردنه‌وه‌يه‌كه‌ له‌سه‌ر خانمه‌ هونه‌رمه‌ندێكى ده‌نگخۆش و ڕچه‌شكێن، زۆر به‌دبه‌ختى و نه‌هامه‌تى و هه‌وراز و نشێوی له‌ ژیاندا چه‌شتووه‌ له‌پێناو هونه‌ر و چڕينى ستران به‌ زمانى دايك ئه‌ويش خاتوو (ئايشه‌شان)ى هونه‌رمه‌ندى باكورى كوردستانه‌.

زۆر زه‌حمه‌ته‌ له‌ناو خانه‌واده‌يه‌كى ئايينى و ئيماندار به‌دنيابێت و به‌ڵام هه‌ست و سۆزى هونه‌ر له‌ناختدا چركه‌ به‌چركه چرۆ بكات و به‌ زۆر كه‌مه‌ندكێشت بكات و نه‌هێڵێت پشوو بده‌يت، له‌لايه‌كى ديكه‌شه‌وه‌ نه‌ريته‌ كۆن و كۆت و به‌ندى دواكه‌وتووانه‌ى كۆمه‌ڵگه‌، هه‌موو شتێك بۆ ئافره‌ت له‌نگ و شووره‌یی بێت و نه‌هێڵێت خواست و ئاواته‌كانى به‌ئازادانه‌ بێنێته‌ دى.

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌شان له‌ دياربه‌كره‌وه‌ بۆ ئيزمير....!

ئايشه‌شان كچى پياوێكى ئايينى و ئيماندار به ‌ناوى (عوسمان) خه‌ڵكى قه‌ره‌شداخه‌ سه‌ر به ‌شارى بينگوڵ له ‌هۆزى جبريلايه‌، دايكى ناوى (ئه‌ليفا)يه‌ له ‌بنه‌ماڵه‌ى (حاجى موسابه‌گی)يه‌ خه‌ڵكى (ئه‌رزه‌ڕوومه‌).

ئايشه‌شان له‌ناو ئه‌و خانه‌واده‌ ئايينه‌يه‌ له ‌ساڵى (1938) له‌ شارى دياربه‌كر له‌دايكبووه‌، خاوه‌نى برايه‌ك و  دوو خوشكه‌ به‌ ناوه‌كانى (زوهره‌ و ساليهه‌).

باوكى ئايشه‌شان كه‌سايه‌تيیه‌كى ديار و ده‌نگخۆشێكى ناسراو و خاوه‌ن ده‌نگێكى دڵنيشن بووه، خاوه‌ن ديوه‌خان بووه‌ و به‌ده‌يان شه‌و له‌ديوه‌خانه‌كه‌يدا تا به‌ره‌به‌يان ده‌نگخۆشان و گۆرانيبێژان كۆڕى به‌زم و گۆرانييان سازكردووه‌، به‌ڵام بۆ ئايشه‌شان وه‌ك ئافره‌تێك بۆى نه‌بووه‌ له ‌نزيكه‌وه‌ به‌ديار ده‌نگى به‌سۆزى باوكى و لاوكبێژانه‌وه‌ دابنيشێت، به‌ڵام له‌پشتى ده‌رگاوه‌ گوێی هه‌ڵخستووه‌ و له‌ ڕووحه‌وه‌ تامه‌زرۆی بيستنيان بووه‌، زۆر به‌حه‌سره‌ته‌وه‌ بووه‌ له ‌ته‌نيشتيیانه‌وه‌ دابنيشێت، به‌ڵام ئه‌و تێكست و ميلۆدييانه‌ به‌هه‌ست و چێژێكى زۆره‌وه‌ له‌سينه‌يدا هه‌ڵيگرتوون و پاراستوونى و بوونه‌ته‌ بناغه‌ى داڕشتنى داهاتووى بۆ چرينى ستران و لاوك و زياتر شه‌يدا و هۆگرى گۆرانى ببێـت.

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌شان له‌و ڕوانگه‌يه‌وه‌ ده‌ڵيت (خۆزگه‌م ده‌خواست كه‌ ديواره‌كانى ماڵى ئێمه‌ له ‌دياربه‌كر به‌ زمان ده‌هاتن تاباسى شه‌و و ڕۆژه‌ خۆشه‌كانى كردبان، من هه‌رده‌م له‌ كون و قوژبنه‌كانى خانوومان گوێڕايه‌ڵى ده‌نگه‌ خۆشه‌كانى ده‌نگبێژانم ده‌كرد، ئه‌گه‌ر كه‌سێكيش بانگى منى كردبا له‌ناكاو ڕاده‌چڵه‌كام) (*1)

دواى كۆچى دوایی باوكى، ژيان و گوزه‌رانى به‌ڕێچكه‌يه‌كى ديكه‌دا تێده‌په‌ڕێت و ژيانى ناخۆش و قورستر ده‌بێت، له‌گه‌ڵ له‌ده‌ستدانى سۆز و هه‌ست و ئامێزى باوكى كه‌ چه‌ند سه‌خته‌ بۆى، كه‌چى ئه‌و له‌خه‌م و په‌رۆش و نيگه‌رانى ئه‌وه‌دا بووه كه‌ باوكى نه‌يتوانيوه‌ سترانه‌كانى تۆمار بكات، له‌بيرى ئه‌وه‌دا بووه‌ كه‌ لاوك و سترانه‌كانى باوكى نه‌فه‌وتێن و به‌رده‌وام له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌دا بووه‌ به‌ دزى خانه‌واده‌كه‌يه‌وه‌ ئه‌و لاوك و سترانانه‌ى باوكى شه‌وانه‌ له‌ديوه‌خانه‌كه‌يدا خوێندوونى له‌سه‌ر زارى بێـت و له‌مێشك و سينه‌يدا هه‌ڵيانبگرێـت و له‌هه‌مانكاتيشدا له‌بيرى تۆماركردنى ئه‌و لاوك و سترانانه‌دابووه‌ كه‌ به‌ده‌نگى خۆى بيانخوێنێـت و تۆمارييان بكات.

هونه‌رمه‌ند ئايشه‌شان له‌سه‌ر داوا و بڕيارى باوكى له‌ ته‌مه‌نى (20) ساڵيدا ده‌بێـته‌ هاوسه‌رى (سه‌ركه‌فت توران)، له‌م هاوسه‌رگيرييه‌ ئايشه‌شان ده‌بێته‌ دايك و كچێكيان ده‌بێت ناوى ده‌نێن (شه‌هناز)، ژيانى هاوسه‌رگيرييه‌كه‌ى درێژه‌ ناكێشێت له‌به‌رئه‌وه‌ى كه‌سوكارى هاوسه‌ره‌كه‌ى به‌ ئافره‌تێكى نامۆى ده‌زانن و كاريگه‌رى له‌سه‌ر كوڕه‌كه‌يان داده‌نێن و هاوسه‌ره‌كه‌ى ئافره‌تێكى ديكه‌ ده‌خوازێت، ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ كێشه‌ له‌نێونياندا و ئايشەشان له‌گه‌ڵ شه‌هنازى كچى ته‌مه‌ن يه‌ك ساڵ و نيو واز له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ى دێنێ و ده‌ست له‌ ماڵ و مێردى خۆى به‌ر ئه‌دات، له‌لايه‌ن كه‌سوكارى خۆشييه‌وه‌ سه‌رزه‌نشت ده‌كرێت و ئه‌و كاره‌يان پێ باش نابێت، ئايشه‌شان به‌جه‌سته‌ و ده‌روونێكى شه‌كه‌ت و ماندووه‌ دياربه‌كر به‌جێ دێڵێت و ڕووده‌كاته‌ شارى (عه‌نتاب) (*2)

چۆن به‌هره‌ى ده‌نگخۆشیی ئايشەشان ئاشكرا ده‌بێت....؟!

بۆ يه‌كه‌مجار له‌نێو كۆمه‌ڵێك ئافره‌ت و ده‌سته‌ خوشكه‌كانى گۆرانى ده‌خوێنێ، له‌هه‌مان ڕۆژدا ده‌كه‌وێته‌ به‌ر تانه ‌و ته‌شه‌ر و هێرشى ده‌كرێته‌سه‌ر و سه‌رزه‌نشتى ده‌كه‌ن و له‌لايه‌ن ئه‌و ئافره‌تانه ‌و خانه‌واده‌كه‌يه‌وه‌ به‌توندى به‌رپه‌رچى ده‌ده‌نه‌وه‌ و پێى ده‌ڵێن ‌عه‌يبه‌ نابێت ئافره‌ت گۆرانى بخوێنێ، هه‌واڵ ده‌گات به‌ باوكى و پێى ده‌ڵێت (گۆرانى گووتن بۆ كچ و ئافره‌ت باش نييه‌ و له ‌شه‌ريعه‌تى ئايينى ئيسلامدا حه‌رامه‌ و گوناحه‌)(*3)

له‌ شارى عه‌نتاب ده‌بێ ژيان و گوزه‌رانى خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌شان چۆن بووبێ؟

له‌تاو بێكه‌سی و بێ جێگا و لانه‌ و دوور له‌ زێد و كه‌سوكار، به‌په‌رچدانه‌وه‌ى ئه‌و نه‌ريته‌ كۆنانه‌ كه‌ نابێت گۆرانى بخوێنێ و به‌جێهێشتنى هاوسه‌ر و ماڵه‌كه‌ى، بۆ ئه‌وه‌ى به‌رگریى له‌خۆى بكات و ئه‌و سته‌مكارييانه‌ قبووڵ نه‌كات، بڕيار ده‌دات كار بكات تاخۆی و كچه‌كه‌ى بژين، سه‌ره‌تا كارى دروومان و وه‌ك كارگوزارێك له‌ ماڵان كار ده‌كات، به‌ڵام بير و هۆشی هه‌ر له‌لاى زيندووڕاگرتنى گۆرانييه‌كانى باوكیيه‌تى كه ‌نه‌فه‌وتێن و به‌ده‌نگى خۆی تۆماريان بكات، به‌هاوكارى كه‌سايه‌تيیه‌ك به‌ناوى (عه‌بدوڵا نائيل بايشۆ) بۆ ماوه‌ى (2) ساڵ وه‌ك گۆرانيبێژ له‌ ڕاديۆى عه‌نتاب داده‌مه‌زرێت، ئه‌و ماوه‌يه‌ گۆرانى توركى ده‌خوێنێـت، به‌ڵام هه‌رده‌م له‌بير و هۆشی ئه‌وه‌شدابووه‌ كه‌ ده‌توانێ به ‌زمانى كوردى گۆرانى بڵێت، ئه‌و كاره‌ش ده‌كات له‌و ڕاديۆيه‌ گۆرانى كوردى ده‌خوێنێ، له‌به‌رئه‌وه‌ى زمانى كوردى قه‌ده‌غه‌ بووه‌، به‌و هۆيه‌وه‌ له ‌ڕاديۆى عه‌نتاب ده‌رى ده‌كه‌ن و بێكار ده‌مێنێـته‌وه‌.

هێشتا هه‌ر له‌ عه‌نتاب ڕۆژگار به‌ڕێ ده‌كات، هه‌واڵى كۆچى دوايی (دايكى)  ده‌بيستێ، جارێكى ديكه‌ به‌و هه‌واڵه‌ له‌ناخه‌وه‌ هه‌ره‌س دێنێ و له‌لايه‌ن كه‌سوكارييه‌وه‌ ئاگادار ناكرێت به‌ر له ‌كۆچى دوایی دايكى سه‌ردانى بكات.

هونه‌رمه‌ند خۆشويستنێكى بێهاوتاى هه‌بووه‌ بۆ دايكى و شارى دياربه‌كر، ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ين له ‌گۆرانييه‌كانى چه‌ند گۆرانييه‌كى بۆ سۆز و گه‌وره‌یی دايك و دياربه‌كر چڕيوه‌ و ده‌ڵێت

(وڵاتێ من دياربه‌كر

ئه‌و شيرينه‌ مينا شه‌كر

والله‌ من بيريا ته‌ كر)  

هێشتا برينى قوڵى له‌ده‌ستدانى دايكى ساڕيژ نه‌بووه، شه‌هنازى جگه‌رگۆشه‌كه‌ى نه‌خۆش ده‌كه‌وێـت و بارى ته‌ندروستى زۆر خراپ ده‌بێـت تا له‌ناو ئامێزى دايكى گيان ده‌سپێرێت، ئه‌مه‌ش كاردانه ‌و داڕمانێكى ده‌روونى خراپ له‌سه‌ر ئايشەشان دروست ده‌كات و بڕيار ده‌دات شارى عه‌نتاب به‌جێ بهێڵێت، خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌شان ده‌ڵێت (كاتێك كچى من ته‌مه‌نى ساڵێك و نيو بوو، له‌ باژێڕى عه‌نتابێ به‌بێ كه‌سی سه‌رى نايه‌وه‌، كچى من جوان و شۆخ و شه‌نگ بوو، شارى عه‌نتاب له‌پێش چاوم ڕه‌ش و تاريك بوو، ئه‌م شاره‌م له‌خۆم حه‌ڕام كرد، ناچار بووم ئه‌م شاره‌ به‌جێبهێڵم و به‌ره‌و شارى ئيسته‌نبوڵ كۆچ بكه‌م) (*4)

له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى شه‌سته‌كان خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ڕوو ده‌كاته‌ شارى ئه‌سته‌نبوڵ، ئه‌و شاره‌ گه‌وره‌يه‌ ئه‌ميش بێلانه‌ و هيچ شوێنێك و كه‌سێك ناناسێت، خۆی داوه‌ته‌ ده‌ست چاره‌نووس، له ‌ئه‌سته‌نبوڵ تواناى سترانچڕين و به‌هره‌ى هونه‌رى زياتر ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه‌ ده‌ستبه‌ردارى هونه‌ره‌كه‌ى نابێت، تا له‌ ڕێگه‌ى كه‌سێكى هونه‌ردۆست ئایینزای جووله‌كه‌ بووه‌ به‌ناوى (ئه‌لبيرت مشول) (*5).

يه‌كه‌م ئه‌لبوومى هونه‌رى خۆى تۆمار ده‌كات، له‌و كاسێته‌دا 4 گۆرانى، دوو گۆرانى توركى و دووه‌كه‌ى ديكه‌ كوردى، به‌ناوى (ئه‌ز خه‌زالم و خفشێ) كه‌ زۆر به‌خێرایی ئه‌و كاسێته‌ و ئه‌و ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌ نوێيه‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ پڕفرۆشترين كاسێتى هونه‌رى به‌ هه‌زارانى لێ ده‌فرۆشرێـت، به‌ڵام جێى داخه‌ بڕێكى كه‌م پاره‌ ده‌ده‌ن به‌ خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌شان و مافى خۆی پێ ناده‌ن، و داهاتێكى زۆر بۆ كابراى جووله‌كه ‌و كۆمپانياكه‌ ده‌بێـت.

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌شان به‌و شێوه‌ ده‌رده‌دڵى خۆى ده‌كات له‌و ژيانه‌ى كه ‌له‌ ئه‌سته‌نبۆل ڕووبه‌ڕووى بۆته‌وه (ژيان به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام هيچ كه‌سێكم نه‌ده‌ناسى، ده‌وڵه‌مه‌ند و مليۆنێر خاوه‌نى هه‌موو شتێك بوون، به‌ڵام من به‌ ته‌نيا هه‌ژار و نه‌دار بووم، دووجار هه‌وڵى خۆكوشتنم دا، به‌ڵام له‌دوايیدا په‌شيمان ده‌بوومه‌وه‌، گوشارێكى توند له‌سه‌ر ده‌روونم هه‌بوو، فرۆشيارى كاسێته‌كه‌م به‌ پاره‌يه‌كى باش كاسێته‌كانمى ده‌فرۆشت و له‌به‌رامبه‌ردا پاره‌يه‌كى زۆر كه‌مى به‌ من ده‌دا) (*6).

له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتن و ناوبانگى زياتر په‌يداكردن له‌ دنياى هونه‌ر و له‌به‌رئه‌وه‌ى كه‌ به‌ زمانى كوردى گۆرانى خوێندووه، بێگومان فشار و دژايه‌تیيه‌كى زۆر و ڕێگرى و به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌ميدا كراوه‌ له‌لايه‌ن هونه‌رمه‌نده‌ توركه‌كانه‌وه‌،  هونه‌رمه‌نده‌ شۆخ و شه‌نگه‌كه‌ى كوردان كۆڵى نه‌داوه ‌و به‌رده‌وام بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ڕێبازه‌ پيرۆزه‌ى و درێژه‌دان به‌كارى هونه‌رى، له‌لايه‌ن سیاسه‌تی توركياوه‌ ڕێگه‌ى پێ نادرێت كه‌ به‌رده‌وام بێت و پۆليسى تورك بێزارى ده‌كه‌ن و نايه‌ڵن كه‌ گۆرانى بخوێنێ، بۆ ده‌ربازبوون له‌و دۆخه‌ پڕ چه‌رمه‌سه‌رييه ‌و ڕێگرى له‌ ئازادى هه‌ست و ده‌ربڕين و خوێندنى گۆرانى به‌ زمانى دايك،  به ‌ناچارى له ‌ساڵى (1972) ڕوو ده‌كاته‌ وڵاتى ئه‌ڵمانيا و له‌ شارى (ميونشن _ ميونيخ) ماوه‌ى چوار ساڵ نيشته‌جێ ده‌بێت، له‌ ئه‌ڵمانيا و چه‌ند وڵاتێكى ديكه‌ى ئه‌وروپا ئاهه‌نگ و كۆنسێرت ساز ده‌كات.

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌شان له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌ر له ‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ ڕۆحه‌وه‌ تێكشكاوه‌ و به ‌نائومێدى و بێهيوایى له ‌ماڵباته‌كه‌ى هاتۆته‌ ده‌ر و هه‌موو كات له‌بيرى خوشك و برا و كه‌سوكار و زێده‌كه‌يدا بووه، ئێستاش كه‌ له‌ ژيانى غوربه‌ت و نامۆييدا ده‌ژی، ئازاره‌كانى دوو هێنده‌ زيادى كردووه‌ و هه‌موو كات حه‌ز و خولياى ديده‌نى كه‌سوكاره‌كه‌ى وه‌ك مه‌لێك ده‌داته‌ شه‌قه‌ى باڵ و به‌ره‌و دياربه‌كر هه‌ڵده‌فڕێت، له ‌ساڵى (1975) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌سته‌نبۆڵ.

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌شان ده‌نگخۆشێكى خودایی به‌خشنده‌ و زاده‌ى چيا و ده‌شت و دۆڵ و ژينگه‌ى پاك و جوانى كوردستانه، ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ له‌و سروشته‌ دڵڕفێنه‌ى كوردستان دووره‌و، دڵى مه‌يل ده‌كات بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شوێنى له‌دايكبوونى، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند له‌ مێژبووه خه‌ونێك و ئاواتێكى هه‌بووه‌ سه‌ردانى باشوورى كوردستان بكات، چه‌ند جارێكيش هه‌وڵى داوه‌، به‌ڵام وه‌ڵامه‌كان به‌خواستى ئه‌و نه‌بووه، تا وه‌رزى پايزى ساڵى (1979) ئه‌و هه‌له‌ى بۆ ده‌ڕه‌خسێت و به‌خۆشحاڵييه‌وه‌ ڕوو ده‌كاته‌ باشوور و دێته‌ شارى هه‌ولێر و دهۆك، هونه‌رمه‌ندانى شارى هه‌ولێر ئامێزى به‌خێرهاتن و شادمانى بۆ ده‌كه‌نه‌وه‌، تيپى هونه‌رى هه‌ولێر له‌و ماوه‌يه‌دا كۆنسێرتێك له‌ هۆڵى (گه‌ل) و ئاهه‌نگێكى له ‌يانه‌ى (فه‌رمانبه‌ران)  بۆ ساز ده‌كه‌ن، خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌شان له‌ كۆنسێرته‌كه‌ى هۆڵى گه‌ل له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو سۆز و خۆشه‌ويستى و ڕێزلێنان و به‌خێرهاتنه‌ى لێكراوه، له‌سه‌ر شانۆ به‌مشێوه‌يه‌  هه‌ستى خۆى ده‌ربڕيوه‌ (خوشك و براى عه‌زيز، ئه‌ز مه‌سروورم، به‌ختيارم، پڕ مرازى دڵى من بوو، ئه‌زبێمه‌ عێراقێ، مه‌مله‌كه‌تێ عه‌زيز، ده‌ساڵ  و پازده‌ ساڵه‌ مرازم دكر ئه‌ز بهاتيامه‌، به‌ڵێ قيسمه‌ت نه‌بوو، ئيمسال ئه‌ز نه‌خۆش كه‌تم شه‌ش حه‌فت دختۆر ل سه‌ر سه‌رێ من بوون، دختۆره‌كان گوتیان: مه‌ڕۆ عێراقێ، ڕێگه‌ دووره‌ بۆته‌ نه ‌باشه، منێ گوت ئه‌گه‌ر ئه‌ز بمرم، دێ هه‌ڕم) (*7).

هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند و مامۆستا وريا ئه‌حمه‌د له ‌ياده‌وه‌رييه‌كانى خۆيدا باسى ئه‌و رۆژه‌ و ئاهه‌نگانه‌مان به‌و شێوه‌يه‌ بۆ ده‌كات (له‌به‌ر زۆرى ئاماده‌بوونى جه‌ماوه‌رى شارى هه‌ولێر، به‌په‌رۆشه‌وه‌ بوون بۆ ديدار و ده‌نگى خۆشی ئه‌و خانمه‌ هونه‌رمه‌نده شيرينه‌ى كورد ئايشه‌شان، له‌ناو هۆڵه‌كه‌دا جێگا نه‌مابوو، خه‌ڵكێكى زۆر له‌ ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌كه‌ مابوونه‌وه‌، ئه‌و ڕۆژه‌ ئايشه‌شان به‌ كوێرایی چاوى دوژمنان جلوبه‌رگى نه‌ته‌وه‌یی ڕه‌نگ سوورى پۆشيبوو، هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ هونه‌رمه‌ندانى نه‌مر (تايه‌ر تۆفيق، مام ڕه‌سوول گه‌ردى، ته‌حسين ته‌ها و فوئاد ئه‌حمه‌د) له‌سه‌ر شه‌ڕه‌فى ئه‌و خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ميوانه‌ هه‌ريه‌كه‌ و به‌گۆرانييه‌ك به‌شدارى ئه‌و كۆنسێرته‌‌يان كرد، له‌ به‌شێكى ديكه‌ى بيره‌وه‌ريیه‌كانيدا مامۆستا وريا ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت: هه‌ر ئه‌و ماوه‌يه‌ شه‌وێك له‌ يانه‌ى فه‌رمانبه‌ران جگه‌ له‌و هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مرانەی كە پێشتر ناوم هێنان، گۆرانيبێژى كۆچكردوو (حه‌يده‌ر به‌قاڵ _ حه‌يده‌ره‌ كه‌چه‌ڵ) گۆرانييان خوێند، هه‌روه‌ها ئاهه‌نگى تايبه‌تى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان (محه‌مه‌د عارف جزيرى، حه‌سه‌ن جزيرى، عيسا به‌روارى و ته‌حسين ته‌ها ساز و تۆماركرد) (*8).

له‌م سه‌ردانه‌يدا خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌شان ناوبانگێكى زێده‌تر له ‌باشوورى كوردستان ده‌ر ده‌كات و به‌رهه‌مه‌كانى پێشوازييه‌كى زياترى لێ كراوه.

به‌هه‌وڵ و هيمه‌تى كه‌سانى دڵسۆز و خه‌مخۆر ،ئه‌و خانمه‌ ده‌نگ زوڵاڵه‌ ده‌يگه‌يه‌ننه‌ ڕاديۆى كوردى به‌غدا و له‌وێ چه‌ندين و لاوك و ستران تۆمار ده‌كات  و له‌ ته‌له‌فزيۆنى كه‌ركووكيش لاوكى (قه‌ده‌رێ يار) تۆمار ده‌كات، ئه‌م گه‌شته‌ى خانمه‌ هونه‌رمه‌ند بۆ شاره‌كانى هه‌ولێر و دهۆك و له‌ نزيكه‌وه‌ ئاشنابوون به‌ده‌نگ و ڕه‌نگى گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندانى باشوور، جگه‌ له‌وه‌ى هونه‌ره‌كه‌ى خۆى نوێكرده‌وه‌، به‌ڵام له‌ناخه‌وه‌ هه‌ست به‌ئارامی و ئاسووده‌یی ده‌كات، چونكه‌ له‌ناو هاوزمان و كه‌سوكار و نه‌ته‌وه‌كه‌ى خۆيدايه ‌و به ‌ئازادانه‌ به‌ زمانى شيرينى كوردى ده‌دوێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دواى ئه‌وه‌ ماوه‌ كورته‌، ديسانه‌وه‌ لێره‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه ‌و فشار له‌لا‌يه‌ن حيزبى به‌عسه‌وه‌ و ئاگادار ده‌كرێت كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ توركيا.

له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌مه‌ گه‌وره‌يه‌ى له‌ناخيدا هه‌ميشه‌ بوونى هه‌بووه‌ و هه‌ميشه‌ ئازارى له‌ دوورى له‌زێد و كه‌سوكاره‌كه‌ى چه‌شتووه‌، به‌ڵام خه‌مى نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كه‌شى فه‌رامۆش نه‌كردووه، لاوك و سترانه‌كانى خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌شان، هه‌ريه‌كه‌ بۆ خۆيان چيرۆك و داستانێك له‌ مێژووى نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌گێڕنه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و گۆرانيي و لاوكانه‌ى كه‌ برين و ئازاره‌كانى دڵى خۆی و دوورى له‌دايك و ئه‌وانه‌ى له‌ باوكه‌وه‌ به‌ ميرات بۆى مابوونه‌وه‌ و گۆرانييه‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌كان له‌سه‌ر كاره‌سات و ڕووداوه‌كانى به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌يدا هاتووه‌ چڕيونى.

نموونه‌ى گۆرانی و لاوكه‌كانى خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئايشه‌شان (بێريڤانێ، جه‌به‌لى، مه‌م و زين، مه‌يرۆ و  حه‌سه‌نيكۆ، قه‌ده‌رێ يار، دايكێ قوربان  و ئاڤا چه‌مێ دياربه‌كر، ديسا ئيرۆ تێيه‌ لێمه‌ لێمه‌، حه‌جێ خانم ، ديسا ئيرۆ دڵێ من شه‌وتى، دايكا من كه‌وت بيرا منه‌، دهێسترێن چاڤێن من، غه‌ريبا خوه‌دێ، وه‌ك بارانا به‌هارێ، تێ ژ خوه‌را ناسه‌كينه‌، د ئه‌يواخ دايێ غه‌ريبم دايێ بێ كه‌سم دايێ) و گۆرانييه‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌كانى (وه‌رن وه‌رن پێشمه‌رگه، نه‌ورۆز، شرناخ،  مه‌گرى) (*9).

هونه‌رمه‌ند ئايشه‌شان له ‌كۆتا ساڵه‌كانى ته‌مه‌نيدا له ‌شارى (ئيزمير) نيشته‌جێ ده‌بێـت و له‌ فه‌رمانگه‌ى (پۆست)ى ئه‌و شاره‌ كار ده‌كات، درێژه‌ى كاره‌ هونه‌رييه‌كانى له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا ساڵى (1991) به‌رده‌وامى بووه‌، ئيتر واز له‌ لاوك و سترانچڕين دێنێ، له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌ ساڵى (1992) دووچارى نه‌خۆشی (شێرپه‌نجه‌) ده‌بێت.

به‌ده‌ست ئازارى نه‌خۆشی و ده‌ردى هه‌ژارى و بێكه‌سى و دوور له‌ ئاو و هه‌واى زێد و نيشتمانه‌كه‌ى ده‌ناڵێنێ و ژيانێكى سه‌خت به‌ڕێ ده‌كات، تا ده‌كه‌وێته‌ نه‌خۆشخانه‌ له ‌شارى ئيزمير، خانمه‌ هونه‌رمه‌ندى هونه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ند و لێوان لێو له‌ ستران و لاوك له‌ ڕێكه‌وتى (18/12/1996) له‌ نه‌خۆشخانه‌ى ئيزمير گيان ده‌سپێرێت و بۆ هه‌ميشه‌ به‌و هيوايه‌ بووه‌ ڕۆژێك بێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ دياربه‌كر و به‌ ديدارى كه‌سوكاره‌كه‌ى شادبێته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ چاوه‌كانى لێك ده‌نێ و گۆڕ غه‌ريب ده‌بێت و ماڵئاوای له ‌هونه‌رى ستران و لاوك و نه‌ته‌وه‌كه‌ى ده‌كات، به‌ڵام  ناو و هونه‌ره‌ به‌رزه‌كه‌ى بۆ هه‌ميشه‌ له‌ناو ڕۆح و دڵ و ده‌روونى نه‌ته‌وه‌كه‌يدا ده‌مێنێته‌وه‌، ڕۆحى شاد و ياد و ياده‌وه‌رى و لاوك و سترانه‌كانى هه‌موو كات به‌رز و پڕشكۆ بن.

جه‌مالى ده‌لاك  30/3/2021

 سه‌رچاوه‌: (*1 و 3 و 4 و 6 و 9)  بابه‌تێك له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند ئايشه‌شان به‌ ناوى (عه‌يشه‌شان له ‌كاتى خۆيدا نه‌هات) له‌ نووسينى (بازێ قه‌نديلێ) له ‌سايتێك به‌ ڕێنووسى لاتينى  نووسرابوو، به‌داخه‌وه‌ ناوى سايته‌كه‌م نه‌زانى، ساڵى 2018 وه‌رمگرتووه.

(*2) عائيشه‌شان.... سايتى (بنكه‌ى ڕوناكبيرى گه‌لاوێژ _18/12/2019)

(*5 و 7) كتێبى، گۆرانيبێژه‌ نه‌مره‌كان _ به‌شى يه‌كه‌م  _ باكوورى  _لاپه‌ڕه‌(202)

(*8) خانمه‌ گۆرانيبێژى كورد ئايشه‌شان _ گۆڤارى چلاواز _ ژماره‌ ( 53) حوزه‌يرانى 2010 _ ئاماده‌كردنى (هاژه‌) لاپه‌ڕه (‌28).

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.