Erbil 8°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 07:52

هونه‌رمه‌ندی میلـلی ئه‌حمه‌د داوده‌ ( 1926_1979)

مامۆستا و بليمه‌ت له‌ باڵه‌بان ژه‌نيندا ...!
کوردستان TV
100%


ئامێرى باڵه‌بان، يه‌كێكه‌ له ‌ئامێره‌ فووداره‌كان له‌ مۆسيقادا، ژه‌نينى ئه‌م ئامێره‌ كه‌سى به‌توانا و لێهاتووى پێويسته‌ كارامه‌ بێت له ‌كاره‌كه‌يدا و بتوانێت به‌ باڵه‌بان هه‌موو مه‌قامه‌كان و به‌سته‌ بژه‌نێت.

له ‌كوردستان به‌گشتى ژه‌نيارى باڵه‌بانژه‌نى به‌توانا و ناودارمان زۆر هه‌یه‌، هه‌ريه‌كه ‌و به‌پێى ژينگه ‌و فۆلكلۆر و هونه‌رى ده‌ڤه‌ره‌كه‌ى تێيدا ژياوه‌ و گه‌شه‌ى كردووه‌ كاريان له‌سه‌ر ئامێرى باڵه‌بان كردووه‌ و چێژ و سۆزێك له‌ هونه‌ره‌كه‌ياندا هه‌يه‌، له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان چه‌ندين ژه‌نيارى باڵه‌بانژه‌ن كه‌ مێژوويه‌كى جوانيان له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامێره‌دا هه‌يه ‌و له‌ڕێی هونه‌ره‌كه‌يانه‌وه‌ هاوكارى زۆر له‌ هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مره‌كانى گه‌له‌كه‌مانيان كردووه‌، هونه‌رمه‌ندانى وه‌ك (قودره‌تى قادرى _ 1937مه‌هاباد _ 16/12/2020)، (عه‌بدوڵاى شه‌ريعه‌تى _ 1933 سنه‌ _5/3/2014)، (عه‌زيزى نه‌جه‌فى  _ سه‌قز)، (عوسمان محه‌مه‌دى، ناسراو به‌ عوسمانه‌ سوور 1940 بۆكان)، (قادر گه‌نج به‌خشى ڕاد، ناسراو به‌ قاله‌  به‌له‌نجه‌ 1940 مه‌هاباد)، (حوسێن واليدى _1943 سه‌قز)، (خوسره‌وى عه‌زيزى _1942 مه‌هاباد)، (مسته‌فا ئه‌حمه‌د پوور _ 1962 مه‌هاباد)، (كانه‌بى خدر _مه‌هاباد)، (محه‌مه‌دى عه‌زيز په‌نايی _ مه‌هاباد) و (ئيسماعيل مه‌ردانى)، له ‌باشوورى كوردستانيش چه‌ندين هونه‌رمه‌ندى به‌توانا هه‌ن، خاوه‌ن زه‌وق و سه‌ليقه‌يه‌كى هونه‌رى به‌رز و مێژوويه‌كى لێوان لێو له‌به‌خششى هونه‌رين، هونه‌رمه‌ندان له‌ شارى سلێمانى (حه‌سه‌نى حاجى قاسم، ناسراو به‌ حه‌سه‌نى نه‌ى، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مره‌ له ‌بنه‌ڕه‌تدا ئازه‌رى بووه‌ له ‌ساڵى 1972 به‌ ڕووداوى ئۆتۆمبێل كۆچى دوايی كردووه‌)، (جه‌مال عارف عه‌زيز، ناسراو به‌ جه‌مال شادان _ 1944 سلێمانى، ئه‌ندامى تيپى مۆسيقاى سلێمانى)، (ڕه‌حيم ڕه‌سوول ، ناسراو به‌ ڕه‌حيمى نه‌ى)، (كاروان مه‌حموود _ كاروانى باڵه‌بان)، (جوانرۆ كه‌ريم قادر _ جوانڕۆى باڵه‌بان) و (ئومێد مسته‌فا _ ئومێدى نه‌ى) و (به‌ختیاری نه‌ی، غه‌فوور چیمه‌نی و هه‌ڵوێستی باڵه‌بان) ڕێبواری رێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌رن له‌سه‌ر ژه‌نینی ئامێری باڵه‌بان به‌رده‌وامن.

هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند (خدر عه‌وڵا مه‌رجان) یه‌كێك بووه‌ له‌ باڵه‌بان و زوڕناژه‌نه‌ به‌ناوبانگه‌كانی شاری هه‌ولێر، له‌ ڕادیۆی یه‌ریڤان گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندی كورد باڵه‌بانژه‌ن و ئاوازدانه‌ر هونه‌رمه‌ند (عه‌گیدی جه‌مۆ  1932_2019) ناسراو به‌ ‌(میری بلوێر) ناسراوه‌، ئه‌ویش خزمه‌تێكی زۆری به‌ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان كردووه‌.‌

‌ده‌ڤه‌رى گه‌رميان و شارى كه‌ركووك هيچى كه‌تر نييه‌ له‌ شار و شارۆچكه‌كانى ديكه‌ى كوردستان، بگره‌ زێده‌تر له‌م مه‌ڵبه‌نده‌ ڕه‌سه‌نه‌ى كورده‌وارى هونه‌رمه‌ندى ميلـلى زۆرتر نه‌بێت كه‌متر نييه‌، پێشه‌نگى ژه‌نينى ئه‌و ئامێره‌ فووداره ‌(باڵه‌بان) هونه‌رمه‌ند (ئه‌حمه‌د داوده)يه‌، دڵنيام ‌له‌ باكوور و ڕۆژئاواى كوردستانيش ده‌يان هونه‌رمه‌ندى باڵه‌بانژه‌ن هه‌بێت به‌داخه‌وه‌ ناو و زانیاریم چنگ نه‌كه‌وت.

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ خۆڕسك و خاوه‌ن هونه‌ره‌ بێ خه‌وشه‌ پڕچێژه‌ ڕه‌سه‌نه‌ كوردييه ‌( ئه‌حمه‌د داوده‌) به‌يه‌كێك له‌ هونه‌رمه‌نده‌ بليمه‌ته‌كانى هونه‌رى مۆسیقای ميلـلى ئه‌ژمار ده‌كرێت، له ‌ماوه‌ى ژيانى هونه‌رييدا به‌ هه‌ردوو ئامێرى (باڵه‌بان و زوڕنا) مێژوويه‌كى پرشنگدارى له‌خزمه‌تكردن به‌ هونه‌رمه‌ندان و گێڕانی شايی و زه‌ماوه‌ند و كۆڕى مه‌قام و به‌سته‌دا تۆمار كردووه.

هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌، ناوێكى دره‌وشاوه‌ى هونه‌رى كوردى، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ فه‌رامۆشكراو و بێ ناز و زۆر به‌كه‌می ئاوڕ له‌ مێژووی هونه‌ری دراوه‌ته‌وه‌، به‌رله‌وه‌ى بچمه‌ ناو ژيانى تايبه‌تى و كاره‌ هونه‌رييه‌كانى، پێشنیاز ده‌كه‌م له‌ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان و سه‌نديكاى هونه‌رمه‌ندان له‌بيرى ئه‌وه‌ دابن كه‌ له‌شاره‌ ئازيزه‌كه‌ى كه‌ركووك هۆڵێكى هونه‌رى يان شه‌قامێك به‌ ناوى هونه‌رمه‌ند (ئه‌حمه‌د داوده‌ بكرێته‌وه‌ يان پۆرترێتێك له‌ شوێنێك كه‌شياوى به‌رزى و گه‌وره‌يی ئه‌و هونه‌رمه‌نده بلیمه‌ته‌‌ بێت بۆى دابندرێت، بۆيه‌ ده‌ڵێم شارى كه‌ركووك، چونكه‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ زاده‌ى ده‌ڤه‌ره‌ ڕه‌سه‌ن و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ى گه‌رميانه ‌و له‌ساڵى (1958)وه‌ تا ڕۆژى كۆچى دوايی واته‌ (21) ساڵ ژيان و گوزه‌ران و هونه‌ره‌كه‌ى له‌و شاره‌دا بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ زاده‌ى گه‌رميانه‌، به‌ڵام هونه‌ر و سۆزی باڵه‌بانه‌كه‌ی به‌ هه‌موو كوردستان ئاشنایه‌، ‌ده‌هێنێ ڕێز و حورمه‌ت بۆ كه‌سايه‌تى و مێژووى هونه‌رى ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ميلـلیيه‌ دابندرێت و یادی لێ بكه‌ینه‌وه‌.

هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د سه‌ليم  به ‌(ئه‌حمه‌د داوده‌) له‌نێوه‌ندى هونه‌رى و كۆمه‌ڵايه‌تى ناوبانگى ده‌ركردووه‌، هونه‌رمه‌ند له ‌ساڵى (1926) له‌خانه‌واده‌يه‌كى هه‌ژارى زه‌حمه‌تكێش و لێوان لێو له‌ هونه‌رى مه‌قام و به‌سته‌، له‌ ئاوايی (ئه‌لبوسه‌باح)ى سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ى (خورماتوو) به‌دنيا هاتووه‌، بێگومان ژيان له‌ گوند و ده‌ستكورتى ژيان ده‌بنه‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ بێبه‌ش بێت له‌ خوێندن و نووسين، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى ناوچه‌كه ‌و گونده‌كه‌يان چه‌ندين به‌هره‌مه‌ند و ده‌نگخۆش و ده‌ست ڕه‌نگينى تێدا هه‌ڵكه‌وتووه‌، هونه‌رمه‌نديش له‌و ژینگه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی مه‌قام و به‌سته‌دا ژياوه‌، گومانى تێدا نييه‌ كاريگه‌رييان له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ داناوه،‌ وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه‌ له ‌ته‌مه‌نى هه‌رزه‌كاريدا ژه‌نينى ئامێرى (باڵه‌بان) بووه‌ له ‌ماڵه‌وه‌ له‌ته‌ك باوكيدا به‌ره‌به‌ره‌ مه‌شقى له‌سه‌ر ئه‌و ئامێره‌ كردووه‌ و فێرى بووه‌، له‌پاشاندا ئاشنايی له‌ ژه‌نينى شمشاڵ و زوڕنا و ده‌هۆڵ و ته‌پڵيشدا په‌يداكردووه‌) (1).

به‌هۆى دابينكردنى بژێوى ژيان و به‌جێهێشتنى زێده‌كه‌یان، خانه‌واده‌كه‌ى ڕوو ده‌كه‌نه‌ گوندى (حه‌فت ته‌غار) و دواى چه‌ند ساڵێك ماڵ ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ (خورماتوو) له ‌گه‌ڕه‌كى (يه‌نگى دامله‌ر) نيشته‌جێ ده‌بن، له‌ خورماتوو ده‌مێننه‌وه‌ تا ساڵى (1958) به ‌يه‌كجارى ڕوو ده‌كه‌نه‌ شارى كه‌ركووك و له ‌گه‌ڕه‌كى (شۆريجه‌) نيشته‌جێ ده‌بن.

وه‌ك له ‌ته‌مه‌نى هه‌رزه‌كارييه‌وه‌ سه‌رمه‌شقى فێربوونى ئامێرى باڵه‌بان بووه‌، له‌و كاته‌وه‌ تا له‌ شارى كه‌ركووك نيشته‌جێ ده‌بێت، به‌رده‌وام ده‌ست و په‌نجه‌كانى نه‌رم و پڕ جوڵه‌ى ده‌كات له‌گه‌ڵ میلۆدییه‌ ڕه‌سه‌نه‌كان، سينه‌ى پڕ هه‌ناسه ‌ده‌كات و گه‌رووى له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامێره‌ فووداره‌دا ڕاده‌هێنێـت، متمانه‌ى ته‌واو په‌يدا ده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ ئامێره‌ خۆشه‌ويسته‌كه‌ى ده‌بنه‌‌ دوو هاوڕێی نزيك و ڕۆح هه‌ست و ده‌ست په‌نجه‌كانی ئاوێته‌ی ئامێری باڵه‌بانه‌كه‌ی كردووه‌، هونه‌رمه‌ند ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر چڕينى ئاوازه‌ فۆلكلۆرييه‌كانى ده‌ڤه‌رى گه‌رميان و له‌نێو خه‌ڵكيدا ده‌ناسرێت و به‌هه‌سته‌ جوانه‌كه‌ى شادى و جۆش و خرۆشى پێ به‌خشيون.

هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ و  چوونى بۆ ڕاديۆى كوردى به‌غدا

هونه‌رمه‌ند چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ (دارا به‌گ) سه‌رۆك هۆزى داوده‌ييه‌كان ده‌چێته‌ به‌غدا و له‌وێ له ‌نزيكه‌وه‌ به‌ خزمه‌تى مامۆستاو هونه‌رمه‌ند (عه‌لى مه‌ردان  1904_24/7/1981) ده‌گات، ئه‌وه ‌سه‌ره‌تايه‌ك ده‌بێت بۆ چوونه‌ ڕاديۆى كوردى ،مامۆستا و هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر (باكوورى) له ‌بيره‌وه‌رييه‌كانيدا ئه‌و ڕۆژه‌مان بۆ باس ده‌كات كه‌ چۆن و له‌ كوێ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ى بينيوه ‌و ده‌ڵێت: پايزى ساڵى 1957 بوو چوومه‌ ئيزگه‌ بۆ ئاهه‌نگى هه‌فتانه‌ى خۆم، هێشتا كاتم مابوو بۆ تۆماركردن له‌ هۆڵه‌كه‌ دانيشتم مامۆستا عه‌لى مه‌ردانيش له‌وێ بوو، دواى كه‌مێك كابرايه‌كى به‌ ته‌مه‌ن، چاكه‌ت له‌سه‌ر كه‌وايه‌كى درێژ و قايشێكى له‌ ناوقه‌دى به‌ستبوو جه‌مه‌دانييه‌كى له‌سه‌ر به‌ستبوو به‌شێوه‌ى ده‌ستوورى كورده‌كانى كه‌ركووك.

له ‌دواى ئه‌و (3) سێ مناڵ به‌هه‌مانشێوه‌ جل و به‌رگيان له‌به‌ربوو هاتنه‌ ژووره‌وه‌ و سڵاويان كرد، مامۆستا عه‌لى مه‌ردان دياربوو پێشتر ده‌يناسين، گوتى: ئه‌مه‌ كاك ئه‌حمه‌د داوده‌يه‌ نه‌ى ژه‌نێكى بليمه‌ته‌، ئه‌وانيش مناڵى خۆيی و ئامۆزاكان له ‌گه‌رميانه‌وه‌ و له كه‌ركووكه‌وه‌ ده‌عوه‌تمان كردوون و گۆرانى و مه‌قامى خۆش ده‌ڵێن، كوڕه‌ گه‌نجه‌كه‌ ڕه‌نگه‌ ته‌مه‌نى (16 يان 17) ساڵ ده‌بوو، ئه‌وه‌كه‌ى تر چه‌ند ساڵێك بچووكتر بوو سێييه‌ميان زۆر مناڵ بوو، دواتر زانيم ئه‌و تيپه‌ ڕه‌سه‌نه‌ ئه‌وانه‌ بوون:

1/  به‌ ته‌مه‌نه‌كه ‌(ئه‌حمه‌د نه‌یژه‌ن يان باڵه‌‌بانژه‌ن) بوو.

2/ گه‌نجه‌كه‌ مه‌قام و به‌سته‌ى ده‌گووت ناوى (سه‌لاح) بوو (مه‌به‌ستى سه‌لاح داوده‌يه‌) .

3/  فايه‌ق سێيه‌مه‌كه‌ بوو (مه‌به‌ستى فايه‌ق داوده‌يه‌) .

4/ مناڵه‌كه‌ش (نه‌وزاد) كوڕى كاك ئه‌حمه‌د بوو ، گشتييان له‌ عه‌شره‌تى (داوده‌)ى گه‌رميان بوون) (2)

ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم كه‌ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ ئامۆزاى هونه‌رمه‌ندى مه‌قام و به‌سته‌بێژ (سه‌لاح داوده‌‌)يه و  هاوكار و پشتيوانى بووه‌ له‌ چوونى هونه‌رمه‌ند (سه‌لاح داوده 1941_ 8/5/2009) ‌بۆ ڕاديۆى كوردى به‌غدا و ماوه‌ى (30) ساڵ پێكه‌وه‌ كارى هونه‌رييان ئه‌نجامداوه‌.

هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ له‌ ماوه‌ى ژيانى هونه‌رييدا له‌گه‌ڵ ده‌يان هونه‌رمه‌ندى ده‌نگخۆش و خاوه‌ن چريكه‌ى به ‌سۆز له ‌چڕينى مه‌قام و به‌سته‌دا كارى هونه‌رى ئه‌نجامداوه‌ له‌ (به‌غدا، سلێمانى، هه‌ولێر، كه‌لار، كه‌ركووك، خانه‌قين، پردێ، كفرى و چه‌مچه‌ماڵ) باڵه‌بانى بۆ ژه‌نيون، هونه‌رمه‌ندانى وه‌ك (حه‌سه‌ن زيره‌ك، حوسێن عه‌لى، تايه‌ر تۆفيق، سه‌لاح داوده‌، فايه‌ق داوده‌، شكور خه‌يات، خێروڵا خه‌يات، سابير كوردستانى، كه‌ريم خه‌مزه‌يی، ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ، كه‌ريم بنگردى، حه‌مه‌ جه‌زا، جه‌لال چه‌مچه‌ماڵى و .....تاد ) له‌ هه‌ندێك له‌و ئاهه‌نگانه‌ (نه‌وزاد) كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ى به‌شداربووه‌ له‌گه‌ڵ باوكى ئامێرى (ئيقاع _ ته‌پڵ)ى ژه‌نيوه.

له ‌كۆى به‌رهه‌مه‌ هونه‌رييه‌كانى هونه‌رمه‌ند و بليمه‌تى نه‌مر (حه‌سه‌ن زيره‌ك 1921_26/6/1972) كه‌ هه‌موويان ناوازه‌ن و بۆخۆيان شاكارن، به‌ڵام ئاهه‌نگى كه‌ركووك به ‌يه‌كێك له‌ ئاهه‌نگه‌ خۆشه‌كانى حه‌سه‌ن زيره‌ك ده‌ژمێردرێت، له‌به‌ر تواناى ده‌نگى زيره‌ك و سۆزى خۆشى باڵه‌بانه‌ شيرينه‌كه‌ى هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ كه ‌ماوه‌ى دوو كاتژمێر باڵه‌بانى ژه‌نيوه‌، هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ ‌ياده‌وه‌رى ئه‌و ئاهه‌نگه‌ و خوێندنه‌وه‌ى بۆ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ ده‌ڵێت: ئه‌حمه‌د داوده‌ وه‌ستابوو له ‌(نه‌ى) و زۆر كارامه‌بوو تا ژيانى خۆى له‌سه‌ر داناو هه‌ربه‌هۆى نه‌يه‌كه‌يه‌وه‌ تووشى نه‌خۆشيی بوو و ئه‌مرى خواى كرد،  ئه‌و ئاهه‌نگه‌ى له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن زيره‌ك ئه‌و دوو كاسێته‌ ساڵى (1953) له‌ كه‌ركووك له‌ ماڵى (سابيرى چايچى) تۆماركران، ئه‌و كات له‌ كه‌ركووك به‌ ده‌گمه‌ن ته‌سجيل هه‌بوو، يه‌كێك له‌وانه‌ ئه‌م سابيرى چايچیيه‌ بوو، ئه‌و ڕۆژه‌ ده‌زانێ كه‌ حه‌سه‌ن زيره‌ك له ‌كه‌ركووكه‌، يه‌كسه‌ر ده‌چێته‌ لاى ئه‌حمه‌د داوده‌ى ڕه‌حمه‌تى و ده‌ڵێ حه‌سه‌ن زيره‌ك له‌ كه‌ركووكه‌، ئيتر هه‌رچۆنێ بێت ده‌يدۆزنه‌وه‌ و ده‌يبه‌نه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ واته‌ ماڵى سابيى چايچى، ئه‌و كات ماڵيان له‌ (قه‌ڵاى كه‌ركووك) بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د داوده‌ ئه‌و شه‌وه ‌(2) سه‌عاتى بۆ تۆمار ده‌كه‌ن تا دره‌نگانى شه‌و ده‌مێننه‌وه‌، كه‌واته‌ ئه‌م (2) سه‌عاته‌ له‌ قه‌ڵاى كه‌ركووك تۆمار كراوه‌ و چه‌ندان جار ناوى قه‌ڵا دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، ئه‌حمه‌د داوده‌ى ڕه‌حمه‌تى هه‌مووجار باسى حه‌سه‌ن زيره‌كى بۆ ده‌كردم و يادى ئه‌و شه‌وه‌ى ده‌گێڕايه‌وه‌ و ده‌يگووت ئێستاكه‌ش نازانم ئه‌و ئاوازانه‌ى له‌كوێ ده‌هێنا و ئه‌و وشانه‌ى چۆن ده‌گوت؟ به‌بێ پرۆڤه‌ يه‌كسه‌ر داخلى گۆرانييه‌كه‌ ده‌بوو و تۆمارمان ده‌كرد، به‌بێ ئه‌وه‌ى له‌ ته‌به‌قه‌ ده‌ربچێ زۆر وه‌ستايانه‌ گۆرانى ده‌گوت) (3).

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌توانا و لێهاتويی ئه‌م هونه‌رمه‌ند بليمه‌ته‌ و دروستكردنى پێكهاته‌كانى ئامێرى باڵه‌بان، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند وريا ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت: ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ جگه‌ له‌ باڵه‌بان ژه‌نين، خۆشى (فيقله‌، قه‌ميش و پيك)ى بۆ ئامێره‌كه‌ى خۆى دروست كردووه‌، به‌شايه‌دى گه‌لێ له‌باڵه‌بان ژه‌نه‌ كورده‌كان تا ئه‌مڕۆ له‌ باشوورى كوردستان باڵه‌بانژه‌نى وه‌ك داوده‌مان تيادا په‌يدا نه‌بۆته‌وه‌..!) (4).

ئه‌حمه‌د داوده‌ى به‌توانا و ژه‌نيارى بێ وێنه هونه‌رمه‌ندێكى نه‌فس به‌رز و دڵپاك و هێمن و له‌سه‌رخۆ و ڕه‌وشت به‌رز و ڕاستگۆ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى و هونه‌ره‌كه‌ى، ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ هۆكاربوون كه ‌له‌نێو خه‌ڵكيدا كه‌سێكى خۆشه‌ويست و ڕێزێكى بێ هاوتاى لێ بگرن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئه‌و ڕۆژه‌ى هه‌مووژيانى به‌خشى به‌هونه‌رى نه‌ته‌وه‌كه‌ى به‌ نه‌دارى و هه‌ژارى و ژيانێكى كوله‌مه‌رگى ژيا..؟!

سه‌باره‌ت به‌ تواناى ژه‌نينى ئامێره‌ پڕسۆز و هونه‌ره‌كه‌ى ئه‌حمه‌د داوده‌، هونه‌رمه‌ندى ژه‌نيار ڕزگار خۆشناو سه‌باره‌ت به‌و دوو ئاهه‌نگه‌ى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه‌ حه‌مه‌ جه‌زا ده‌ڵێت: هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ دووجار له‌گه‌ڵمان له ‌تۆماركردنى كاسێتى حه‌مه‌ جه‌زاى ڕه‌حمه‌تى به‌ناوى (كيژى كوردستان) كه ‌له ‌شارى كه‌ركووك و تۆماركرا و يه‌كێكيش له‌ سلێمانى به‌شداربوو، ژه‌نيارێكى تابڵێی به‌توانا و بليمه‌ت بوو كه‌ ده‌يتوانى هه‌موو جۆره‌ ميلۆدييه‌ك به‌باڵه‌بان بژه‌نێ و گوێی ئه‌وه‌نده‌ به‌تين بوو، هه‌رچيیه‌كت له‌پێش بژه‌نی با، زۆر زوو وه‌رى ده‌گرت، ڕۆڵى ئه‌و بنه‌ماڵه‌ هونه‌رييه‌ له‌نێو گۆرانى و موزيكى كوردى زۆر ديار و به‌رچاوه‌ و هه‌تا دونيا ماوه‌ له‌ياد و بيرى كورد ده‌مێنێ) (5).

هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند ناسرى ره‌زازى سه‌باره‌ت به‌ لێهاتوويی و تواناى به‌رزى هونه‌رى ئه‌حمه‌د داوده‌ ده‌ڵێت: يه‌كێك له‌ ئاواته‌كانم ئه‌وه ‌بوو بێمه‌ باشوورى كوردستان و له‌ نزيكه‌وه‌ به‌ديده‌نى زۆر له‌ گه‌وره‌ هونه‌رمه‌نده‌كانى باشوور شاد ببم، يه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ ئه‌حمه‌د داوده‌ى باڵه‌بانژه‌نه‌، كه‌ زۆر سه‌رسامم به‌ ژه‌نينى باڵه‌بانه‌كه‌ى له‌ كاسێته‌كانى حه‌سه‌ن زيره‌ك و سه‌لاح داوده‌ و شكور خه‌يات، ئاواتم بوو له‌ نزيكه‌وه‌ بيبينم و منيش بتوانم كارى له‌گه‌ڵدا بكه‌م، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ شاره‌زا و لێهاتووه‌ ئافه‌رين بۆ هونه‌رمه‌ندێك بتوانێ مه‌قامى (ئه‌ڵاوه‌يسى) به‌ باڵه‌بان بژه‌نێ، به‌ڵام داخه‌كه‌م كاتێك ده‌رفه‌تم بۆ ڕه‌خسا و هاتمه‌ باشوور، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌ (8) مانگ بوو كۆچى دوايی كردبوو، حه‌يف به‌خزمه‌تى نه‌گه‌يشتم يادى به‌خێر) (6).

یه‌كێكی دیكه‌ له‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگ زوڵاڵ و مه‌قامبێژ و به‌سته‌ بێژه‌كه‌ی گه‌رمیان و كوردستان به‌گشتی هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یاته‌، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ و باڵه‌بانه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی له‌ساڵی (1958) له ‌چایخانه‌كه‌ی (حه‌مه‌ی گوڵناز) له‌ گه‌ڕه‌كی شۆڕیجه‌ بۆ یه‌كه‌مجار مه‌قامی (یارغه‌زاڵ) و به‌سته‌ی (سه‌وزه‌ سه‌وزه‌) ده‌خوێنێ.

هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ مێژوو ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ ده‌ڵێت: یه‌كێك بوو له‌ هونه‌رمه‌نده‌ باڵه‌بانژه‌نه‌ به‌توانا و لێهاتووه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، مێژوویه‌كی زۆر جوانمان پێكه‌وه‌ هه‌یه ‌و له‌ چه‌ندین ئاهه‌نگ و تۆماركردنی كاسێتدا به‌باڵه‌با‌نه‌كه‌ی هاوكارم بووه و ڕۆحییه‌تیه‌كی زۆر سه‌یر و خۆشیی و نه‌شئه‌ی زیاتری پێ ده‌به‌خشیم‌ له‌ كاتی چڕینی مه‌قام و به‌سته‌دا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نه‌یژه‌نێكی چاك و خاوه‌ن توانایه‌كی زۆر باش بوو له‌به‌كارهێنانی نه‌یدا، ده‌ستێكی باڵاشی هه‌بوو له‌ زانینی ئاوازه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی گه‌رمیان، ئه‌و ده‌ورێكی دیاری هه‌بوو له‌ هاندانی من و له‌ ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ ئاواز و گوتنی گۆرانییه‌كان هه‌وڵی زۆری دا بۆ دروستبوونم (7).

هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات به‌ یاوه‌ری هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ له ‌ساڵی (1967) ده‌چنه‌ ‌شاری سلێمانی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ 1922_3/4/1994) كاسێتێك به‌سۆزی باڵه‌بانه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ له‌ مه‌قام و به‌سته‌ تۆمار ده‌كه‌ن، ساڵی دواتر واته‌ (1968) هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند (شكور خه‌یات و سه‌لاح داوده‌) له‌‌ شاری سلێمانی به ‌هاوكاری ده‌ست و په‌نجه‌ و سینه‌ پڕ هه‌ناسه‌ و سۆزی باڵه‌بانه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌، له‌ ماڵی (غەوس حاجی قادر موحسین گڵه‌زه‌رده‌یی ناسراو به‌ عوسمانی غه‌وسه‌ی ته‌سجیلات 1946_ 8/9/2009) كاسێتێكی دیكه‌ تۆمار ده‌كه‌ن له‌ مه‌قامه‌كانی قه‌تار و خاوكه‌ر و ئه‌ڵلاوه‌یسی و خورشیدی و به‌سته.

دواى مێژوويه‌ك له‌  تێكۆشان و خزمه‌تكردن به‌ هونه‌رى ميلـلى و هونه‌رمه‌ندانى نه‌ته‌وه‌كه‌ى، ئه‌حمه‌د داوده‌ له‌ته‌مه‌نى (53) ساڵيدا به‌هۆى نه‌خۆشييه‌وه‌ له‌ ڕێكه‌وتى (19/1/1979) دڵى ميهره‌بان و لێوان لێو له‌ هونه‌رى جوان و پڕ شادى و چێژبه‌خشه‌كه‌ى له‌ لێدان ده‌كه‌وێت و بۆ هه‌ميشه‌ ماڵئاوايی له‌ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان و خانه‌واده‌ و باڵه‌بانه‌ هاوڕێی شيرين و له‌ مێژينه‌كه‌ى ده‌كات، له‌شاره‌ دێرينه‌كه‌ى كوردان شارى كه‌ركووك ده‌نێژرێت، هونه‌رمه‌ند له ‌دواى خۆى چوار كوڕى به‌جێهێشتووه‌ (نه‌وزاد، فه‌ره‌يدون، دلێر و فه‌يسه‌ڵ) .

 دروود بۆ گیانی پاكی  هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده ‌و ڕۆحى شاد و يادى هه‌ميشه‌ به‌خێر و گڵكۆى پيرۆزى غه‌ريقى ڕه‌حمه‌تى په‌روه‌ردگار بێت.

جه‌مالى ده‌لاك  8/4/2021 هه‌ولێر.

سه‌رچاوه‌: (1) كتێبى (70) ناودارى كه‌ركووك و گه‌رميان، عومه‌ر عه‌لى شه‌ريف، ئه‌م بابه‌ته‌  له ‌نووسينى نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس (عه‌بدلستار جه‌بارى)

(2) ناميلكه‌ى ڕازێك بۆ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌ _ باكورى _ لاپه‌ڕه‌ (10)

(3) ديمانه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌، جيهانبه‌خش محه‌مه‌د كۆيی، گۆڤارى ڕامان ژماره‌ (64) 5/10/2001، لاپه‌ڕه‌ (104)

(4) كتێبى (كه‌شكۆڵى نووسينه‌كانم) وريا ئه‌حمه‌د، لاپه‌ڕه‌ (471)

(5) په‌يوه‌نديكردنم به‌ هونه‌رمه‌ندى گه‌وره‌ (ڕزگار خۆشناو) له ‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه‌ له‌ ڕێكه‌وتى (26/3/2021)

( 6) له ‌دانيشتنێكم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ناسرى ڕه‌زازى له‌ ڕێكه‌وتی (10/6/2001) له ‌مۆتێل چنار له‌ شارى سلێمانى.

(7) ڕۆژنامه‌ی (خه‌بات) ژماره‌ (645) چوارشه‌ممه‌ (4/11/1992) نووسینگه‌ی كه‌ركووك، ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ كتێبی (چه‌ریانه‌ی شكور خه‌یاته‌وه‌) كۆكردنه‌وه‌ و ئاماده‌كردنی (گه‌رمیان شكور هه‌یه‌ری) كه‌ركووك (2010).

سوپاس و پێزانينم بۆ ئه‌و ئازيزانه‌ كه‌ سوودم له ‌بابه‌ت و وته‌كانيان وه‌رگرتووه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ تايبه‌ت به‌ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ (ج،د)

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.