لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان لە توركیا سەركەوتنی بەربژێرەكەی دەم پارتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا پەسند كرد و پۆستی سەرۆكی شارەوانی پارێزگای وانی پێ بەخشییەوە.
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان لە توركیا ئەمڕۆ چوارشەم بڕیاری دەستەی هەڵبژاردنەكانی پارێزگای وان رەت كردەوە و جەختی كردەوە كە عەبدوڵا زێدان بەربژێری دەم پارتی لە هەڵبژاردنی شارەوانی پارێزگای وان سەركەوتوو بووە.
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا هەروەها بەفەرمی پۆستی سەرۆكایەتی شارەوانی وانی بەخشییە عەبدوڵا زێدان.
زێدان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا بە بەدەستهێنانی رێژەی زیاتر لە 55%ی دەنگەكان، پلەی یەكەمی لەنێوان سەرجەم بەربژێرەكاندا لە پارێزگای وان بەدەستهێنابوو.
نزیكترین ركابەریشی بەربژێری ئاكپارتی عەبدولئاهات ئاڤراس بوو كە تەنیا رێژەی 27.15%ی دەنگەكانی بەدەستهێنابوو.
دوای سەركەوتنەكەی زێدان، دوێنێ سێشەم ئاكپارتی داوای یاسایی لە دەستەی هەڵبژاردنەكانی پارێزگای وان تۆمار كرد و داوای كرد وردبینی لە پڕۆسەی خۆبەربژێركردن و پێشكەشكردنی بەڵگەنامەی بەربژێرەكەی دەم پارتی بكرێت.
لە وردبینییەكاندا دەركەوت كە بەربژێرەكەی دەم پارتی لە پێشكەشكردنی بەڵگەنامەكاندا بۆ دەستەی هەڵبژاردن دواكەوتووە، لەسەر ئەم بنەمایە بڕیاری دا پۆستی سەرۆكایەتی شارەوانی پارێزگای وان بدرێتە بەربژێرەكەی ئاكپارتی.
ئەم بڕیارە ناڕەزایەتییەكی زۆری لایەنگرانی دەم پارتی و هاووڵاتییانی پارێزگای وانی لێ كەوتەوە و بەهۆیەوە لە چەند ناوچەیەكی پارێزگاكە ناڕەزایەتییەكان و خۆپیشاندان دەستی پێ كرد، بەو هۆیەوە لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا ناچار بوو ئەمڕۆ لەسەر ئەم دۆسییە كۆببێتەوە و بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.