Erbil 10°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 18:41

هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ دڵزار یاسین

کوردستان TV
100%

هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ دڵزار یاسین

(1969_ 9/11/1994)

هه‌رچه‌نده‌ زۆر كه‌م ژیاوه‌، به‌ڵام كه‌سایه‌تی و هونه‌ری به‌رزی لێوان لێوه‌ له‌ كار و چالاكی هونه‌ری هونه‌رمه‌ندێكی ده‌ست و په‌نجه‌ زێڕینی بواری ژه‌نینی ئامێری(ڤیۆلۆن) بووه‌، له‌دوای جوانه‌مه‌رگبوونی كۆمه‌ڵه‌ كارێكی هونه‌رێكی له‌دوای خۆی به‌جێهێشتووه‌ و له‌نێو گه‌نجینه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی دا به‌رزده‌نرخێن‌.

هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ دڵزار یاسین ئه‌حمه‌د، له‌نێو جه‌ماوه‌ر و هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی به‌ (دڵزار یاسین یان دڵزار مه‌خمووری) ناسراوه‌.

هونه‌رمه‌ند له‌ ساڵی (1969) له‌ شارۆچكه‌ی(مه‌خموور) له‌ خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژار چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێناوه‌،خاوه‌نی(4) برا و (6) خوشكه‌، وه‌ك هه‌ر منداڵێكی ئاسایی له ‌ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵیدا له‌ قوتابخانه‌ی (قه‌راج) له‌ مه‌خموور خراوه‌ته‌ به‌ر خوێندن، له‌ ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ دڵزار منداڵێكی ئارام و ناخ هێمن بووه‌، له‌و ته‌مه‌نەدا هه‌ست و ئاره‌زووی به‌ره‌و دنیای مۆسیقا و ئاواز و گۆرانی هه‌نگاوی هه‌ڵگرتووه‌.

له‌مێژ بوو ئاره‌زووم بوو زانیاری ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ند دڵزار یاسین په‌یدا بكه‌م، زۆر گه‌ڕام و پرسیارم كرد تا له ‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ گه‌یشتمه‌ خزمه‌تی كاك (دلێر یاسین) برای هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ، به‌ڕێزیان ژه‌نیاری ئامێری (گیتار)ـه‌ و له‌ ڕێی چه‌ند پرسیارێكه‌وه‌ زانیاری ده‌رباره‌ی دڵزاری برای پێ به‌خشیم،

دلێر یاسین برای هونه‌رمه‌ند پێی ڕاگه‌یاندم: دڵزاری برای هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌ حه‌زی به ‌مۆسیقا هه‌بووه‌ و خۆی خۆڕسك فێربووه‌ به‌بێ بوونی مامۆستایه‌كی هونه‌ر، له‌و ته‌مه‌نه‌ منداڵییه‌دا له‌ پۆلی دووی سه‌ره‌تایی بوو، باوكم ئامێرێكی گیتاری بۆ كڕی و له ‌ماڵه‌وه‌ به‌بێ مامۆستا و بەبێ ئه‌وه‌ی كه‌س هاوكاری بێت گیتاری ده‌ژه‌نی، چونكه‌ زۆر خولیای مۆسیقا بوو.

هونه‌رمه‌ند(جه‌مال جه‌میل محه‌مه‌د) دامه‌زرێنه‌ری تیپی مۆسیقای مه‌خموور، له ‌ساڵی (1975) بۆ یه‌كه‌مجار له‌ شارۆچكه‌ی مه‌خموور خولێكی مۆسیقا ده‌كاته‌وه، قوتابییه‌كانی بریتی بوون له‌ (دڵزار یاسین، نزار جه‌میل، جه‌میل سنجاوی و یووسف خالید)‌ (1).

به‌پێی ئه‌و زانیارییه‌ بێت هونه‌رمه‌ند دڵزار یاسین یه‌كێك بووه‌ له‌و قوتابییانه‌ی به‌شداربووی خولی مۆسیقا له‌ مه‌خموور و له ‌ڕێی ئه‌و خوله مۆسیقییه‌وه‌، ده‌رگای حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانی بۆ دنیای مۆسیقا ئاوه‌ڵا بووه‌.

 دڵزاری عاشق به ‌مۆسیقا درێژه‌ی به ‌خوێندن داوه‌ و پۆلی سێی ناوه‌ندی له ‌شارۆچكه‌ی مه‌خموور ته‌واو كردووه‌، به‌ڵام ئه‌و مێردمنداڵه‌ هێمن و له‌سه‌رخۆ و كه‌مدووه‌ هه‌میشه‌ هه‌ست و هزری بۆ مۆسیقا ته‌رخان كردووه‌ و ئاره‌زووی بووه‌ بۆ درێژه‌دان به‌خوێندن بچێته‌ په‌یمانگا، له‌و سه‌رده‌مه‌ش جگه‌ له‌ شاری به‌غدا، له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌نها له ‌شاری سلێمانی (په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان) هه‌بووه‌.

دلێر یاسین برای هونه‌رمه‌ند پێی ڕاگه‌یاندم: دڵزار دوای ته‌واوكردنی قۆناغی ناوه‌ندی، ئاره‌زووی بوو بچێته‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان، بۆ زانیاری زیاتر كاتێك له‌ پۆلی سێی ناوه‌ندی بوو، جگه‌ له‌ گیتار هه‌موو ئامێرێكی دیكه‌ی مۆسیقای ده‌ژه‌ن و تێیدا شاره‌زابوو.

یه‌كێك له‌ هاوڕێ نزیكه‌كانی دڵزاری جوانه‌مه‌رگ، هونه‌رمه‌ند(ئیسماعیل كوێستانی) كه‌ ئێستا له ‌وڵاتی (ئه‌ڵمانیا) ده‌ژی، دوای په‌یوه‌ندی پێوه‌كردن پێی ڕاگه‌یاندم (سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاكان بوو تیپێكی مۆسیقای خنجیلانه‌مان هه‌بوو خۆم سه‌رپه‌شتی ئه‌و تیپه‌م ده‌كرد، تیپه‌كه‌مان پێكهاتبوو له‌م به‌ڕێزانه‌ (خۆم: ئامێری ئۆرگ، نزار جه‌میل: ئامێری ڤیۆلۆن، دڵزار یاسین: ئامێری جومبوش، یوونس عه‌لی: ئامێری ئیقاع، فه‌ره‌یدون فه‌رهاد: ئامێری ده‌ف، محه‌مه‌د عه‌لی: ئامێری ده‌فسنجان) وێنه‌كه‌ش هه‌یه‌ وه‌ك به‌ڵگه‌، له‌و ئاهه‌نگه‌دا كه‌ له ‌قوتابخانه‌یه‌ك ساز كرا، دڵزاری ڕه‌حمه‌تی تازه‌ ده‌ستی دابووه‌ مۆسیقا و ئامێری جومبوشی ده‌ژه‌ن، جیا له‌ هه‌موو قوتابییه‌كان، دڵزار كه‌سێكی زۆر زیره‌ك بوو، زۆر تمووحی مۆسیقای هه‌بوو، چونكه‌ خۆشی ئه‌و وزه ‌و حه‌زه‌ی بۆ مۆسیقا له‌ هه‌ست و جه‌سته‌یدا بوو وه‌ك ژه‌نیارێكی به‌توانا، له هه‌موو ئه‌و ئاهه‌نگ و چالاكییانه‌ی ئه‌نجاممان ده‌دا له‌‌گه‌ڵمان به‌شدار ده‌بوو، به‌ڵام هه‌میشه‌ ئاواتی ده‌خواست ڕۆژێك بێت به‌ ئاواتی خۆی بگات ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو بچێته‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان، به‌ هه‌وڵ و تێكۆشانی به‌رده‌وامی خۆی ئاواته‌كه‌ی هاته‌دی و له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی سلێمانی وه‌رگیرا) (2).

دڵزار یاسین به ‌ئاواته‌كه‌ی خۆی ده‌گات و له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی سلێمانی له‌ به‌شی مۆسیقا وه‌رده‌گیرێت، له‌په‌یمانگا درێژه‌ به‌ خوێندنی مۆسیقا ده‌دات و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌رییه‌كانی فراوانتر ده‌بێت و ئاشنایی له‌گه‌ڵ زۆر له ‌هونه‌رمه‌ندانی شاری سلێمانی دا په‌یدا ده‌كات،  وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی مۆسیقاژه‌ن به‌شدار ده‌بێت له ‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ندان (كه‌ریم كابان، په‌یمان عومه‌ر، كامه‌ران عومه‌ر، دانا غه‌نی، كاروان عوسمان و عه‌دنان كه‌ریم).

هونه‌رمه‌ند دڵزار یاسین جیا له‌ به‌هره‌ی ژه‌نینی ئامێری ڤیۆلۆن، خاوه‌نی هه‌ستێكی ناسك بووه‌ و له ‌ئاوازدانانیشدا ئه‌سپی خۆی تاو داوه‌، گۆرانی (هه‌موو ساتێك یادی تۆ) به‌ ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند (عه‌دنان كه‌ریم) به‌رگوێمان كه‌وتووه‌، میلۆدییه‌كه‌ی له ‌هه‌سته‌ ناسكه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند دڵزار یاسینه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌.

هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار مامۆستا (دلێر حسێن) ده‌رباره‌ی هاوڕێی خوێندنی له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی سلێمانی گوتی (به‌ڵێ كاك دڵزار ڕۆحی شادبێت زۆر هاوڕێم بوو، كه‌سێكی هێمن و خۆشه‌ویست بوو، خوێندن له‌ په‌یمانگا ماوه‌ی (5) ساڵ بوو، به‌ڵام ئه‌و ساڵێك مایه‌وه‌ واته‌ به‌ (6) ساڵ ته‌واوی كرد، زۆر په‌یوه‌ست بوو به‌ مۆسیقاوه‌، به‌رده‌وام پڕۆڤه‌ی ده‌كرد، ئه‌و خۆی ئامێری سه‌ره‌كی (گیتار) بوو، به‌ڵام شاره‌زایی هه‌بوو له‌ ژه‌نینی (عوود) و ‌هه‌روه‌ها زۆر به‌توانا بوو له‌ ژه‌نینی ئامێری (كیبۆرد) به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ستایلی ڕۆژهه‌ڵاتی، كاك دڵزار قوتابی مامۆستا (سه‌ڵاح ڕه‌ئووف) بوو له‌په‌یمانگا ئامێری (ڤیۆلۆن)ی هه‌ڵبژارد و بووه‌ ئامێره‌ دڵخوازه‌كه‌ی) ( 3) .    

سه‌باره‌ت به‌ كه‌سایه‌تی و توانا هونه‌رییه‌كانی، پرسیارم ئاراسته‌ی هونه‌رمه‌ند(فه‌رهه‌نگ غه‌فوور) هاوڕێی هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ كرد، پێی ڕاگه‌یاندم (ئه‌وه‌نده‌ی له‌یادم بێت كاكه‌ دڵزار ساڵێك له‌پێش منه‌وه‌ بوو له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی سلێمانی، یه‌كێك بوو له‌ قوتابییه‌ چالاكه‌كان له‌ به‌شی مۆسیقا، تا ته‌واوكردنی په‌یمانگا دڵزاری جوانه‌مه‌رگ به‌شداری هه‌بوو له ‌هه‌موو چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی په‌یمانگا، ده‌توانم بڵێم به ‌سه‌رده‌می زێڕینی دڵزار ده‌ژمێردرێت، دواتریش وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی مۆسیقی له‌پێناو هونه‌ردا زۆر چالاكانه‌ تێكۆشا و به‌شداری كاری هونه‌ری بوو، به‌داخه‌وه‌ ته‌مه‌ن بووه‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م ئه‌و ده‌ست و په‌نجه‌ جوانه‌ هونه‌رییه‌دا و به‌جوانه‌مه‌رگی سه‌ری نایه‌وه‌) (4).

هونه‌رمه‌ند دوای ته‌واوكردنی خوێندن و به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی (دبلۆم) له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی سلێمانی، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زێده‌كه‌ی خۆی شارۆچكه‌ی مه‌خموور، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنه‌وه‌ی به‌زێده‌كه‌ی له‌ هه‌وڵی دامه‌زراندنی تیپێكی مۆسیقادا ده‌بێت، له‌ ساڵی (1987) تیپی مۆسیقای (قه‌ره‌چووغ) داده‌مه‌زرێنێ، یه‌كه‌م كاری هونه‌ری له‌گه‌ڵ هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی له‌ تیپی مۆسیقای قه‌ره‌چووغ، تۆماركردنی به‌رهه‌مێكی هونه‌رییه‌ له‌چوارچێوه‌ی كاسێتێكدا بۆ گۆرانیبێژان(ئه‌رسه‌لان كاروانی، ئه‌حمه‌د زه‌مانه‌، سڵێمان قه‌ره‌چووغی و ئیسماعیل كوێستانی).

ده‌رباره‌ی توانای ئاوازدانانی هونه‌رمه‌ند دڵزار یاسین، هونه‌رمه‌ند ئیسماعیل كوێستانی ده‌ڵێت (یه‌كێك له‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانم به‌ناوی (مه‌ڕۆ مه‌ڕۆ جێم مه‌هێڵه‌) له‌ هۆنراوه‌ی (حه‌مه‌سه‌عید ئیبراهیم) بوو، هونه‌رمه‌ند دڵزار یاسین ئاوازی له‌سه‌ر دانا و هه‌رخۆشی ئاماده ‌و دابه‌شكردنی مۆسیقاكه‌ی له‌ ئه‌ستۆگرت) (4).

كۆڕه‌و گه‌شتی هونه‌رمه‌ند دڵزار یاسین بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ...!

دوای ڕاپه‌ڕینی مانگی سێی ساڵی (1991)ی باشووری كوردستان و ڕاماڵینی ده‌سه‌ڵاتی حیزبی به‌عسی فاشیست، ته‌واوی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان ئازاد كرا، به‌داخه‌وه‌ له ‌كۆتایی مانگی سێی هه‌مان ساڵ، (31/3/1991) هێزه‌كانی حكوومه‌تی عێراقی به ‌هێزی تۆپ و فڕۆكه‌ هێرشی بۆ سه‌ر كوردستان ده‌ست پێ كرده‌وه‌، خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی جارێكی دیكه‌ نه‌كه‌وێته‌وه‌ ژێر جه‌ور و سته‌م و زوڵمی به‌عس، ژیانی ئاواره‌یی به‌ره‌و سنووره‌ ده‌ستكرده‌كانی هه‌ڵبژارد، زۆر له‌ خه‌ڵكی باشوور به‌ درێژایی سنووری ده‌ستكرد له‌ دۆڵ و چیاكانی كوردستان مانه‌وه‌ و  ژماره‌یه‌كی زۆریش په‌ڕینه‌وه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌و كاته‌ دژواره‌دا هونه‌رمه‌ند دڵزار یاسین له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی هونه‌رمه‌ند شه‌كه‌ت و ماندووی ڕێگا و دوای زه‌حمه‌ت و ناڕه‌حه‌تییه‌كی زۆر له‌ شاری (مه‌هاباد) ده‌گیرسێنه‌وه‌.

هونه‌رمه‌ند و پێشكه‌شكاری به‌توانا (حسێنی ڕه‌هبه‌ر) سه‌باره‌ت به‌ دیدار و ئاشنابوونی به‌و پۆله‌ هونه‌رمه‌ندە، پێی ڕاگه‌یاندم (ساڵی 1991 بوو كۆڕه‌و له‌ باشووری كوردستان ده‌ستی پێ كردبوو، ڕۆژێك له‌ ماڵه‌وه‌بووم له‌ناكاو زه‌نگی  ته‌له‌فۆن لێی درا، براده‌رێكم خودا لێی خۆشبێت له‌ژیاندا نه‌ماوه‌، گوتی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی باشوور هاتوون و سۆراغی تۆیان له‌من كردووه ‌و كاریان به ‌تۆیه‌..! منیش گوتم كاكه‌ گیان ئه‌وانه‌ له ‌باشووره‌وه‌ هاتوون و له‌من ده‌پرسن ئه‌وانه‌ ئازیز و خۆشه‌ویستن و هه‌موویان سواری ماشێنه‌كه‌ت بكه ‌و بیان هێنه‌ ماڵێ، كه‌ هاتن زۆر شه‌كه‌ت و تۆزاوی بوون، كه‌ به‌و دۆخه‌ بینیمن ئه‌گه‌ر ئازیزترین كه‌سم له‌ده‌ستدابێت هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ كوڵی گریانم ده‌هات و چاوم قه‌تیس ببوون له ‌فرمێسك كه ‌بینیم ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ ئازیزه‌ به‌و شێوه‌یه‌ وه‌ك شێتم لێ هاتبوو، گوتم كاكه‌ ئه‌نگۆ له‌كوێڕا هاتوون، گوتیان له ‌باشووری كوردستان، منیش گوتم ڕه‌بی به‌خێربێن، سه‌ره‌تا سێ كه‌س بوون، دواتر پرسیم هه‌رئه‌وه‌نده‌ن؟ گوتیان نه‌وه‌ڵڵا زۆرین، گوتم كاكه‌ گیان ماڵم زۆر گه‌وره‌یه‌ فه‌رموون هه‌مووتان وه‌رن و له‌خزمه‌تاندام.

دوای دابینكردنی كه‌لوپه‌ل و ئاماده‌كردنی گه‌رماو ،كه‌مێك پشوویان دا، لێم پرسین كاكه‌ ئه‌نگۆ چ كاره‌ن؟

سه‌ره‌تا كاك سه‌رتیپ وه‌ڵامی دایه‌وە گوتی: وه‌ڵا هه‌موومان عازفین، گوتم چی؟ گوتی هه‌موومان مۆسیقاژه‌نین، گوتم ڕه‌بی به‌خێربێن وه‌ڵا جێگای خۆتان دیوه‌ته‌وه‌.

كاتێك زانیم ئه‌وانه‌ هه‌موویان هونه‌رمه‌ندن زۆرم پێ خۆشبوو،

دیسانه‌وه‌ لێم پرسین برا سازتان (ئامێری مۆسیقا) پێیه‌؟

گوتیان یه‌ك دوویه‌كمان پێمانه‌ و ئه‌وانی تر نه‌خێر.

منیش ته‌له‌فۆنم كرد بۆ یه‌ك دوو له ‌براده‌ران، ماڵیان ئاوه‌دان بێت هه‌ر كه‌سەو به‌ چه‌ند سازێكه‌وه‌ خۆیان گه‌یانده‌ ماڵی مه‌، ئیتر قه‌ره‌باڵغی دروستبوو هه‌رده‌تگووت داوه‌ته‌.

گوتم ئێوه‌ ئاره‌زووی چیتان هه‌یه‌ و ده‌تانه‌وێ چی بكه‌ن؟

گوتیان ئاره‌زوومانه‌ كاك(محه‌مه‌دی ماملێ 1925_23/1/1999) ببینین..! منیش گوتم هه‌ی به‌چاوان ئه‌وه‌ ئاسانترین شته‌ كه ‌بتوانم بۆتان بكه‌م، چونكه‌ له ‌خۆم ڕاده‌بینی ئه‌و داوایه‌ له ‌كاك محه‌مه‌دی ماملێ بكه‌م، یه‌كێكیان نه‌مده‌ناسی كه‌ ئه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند(عه‌دنان كه‌ریم)ـه‌، گوتم برا ئه‌دی تۆ چ سازێك لێده‌ده‌ی؟

گوتی من (عوود) لێده‌ده‌م، منیش ڕاسته‌وخۆ ته‌له‌فۆنم بۆ كاك (محه‌مه‌د دانش 1945_12/9/2015)  كرد و گوتم مه‌مه‌د گیان، جا هه‌ر پێم ده‌گووت (مه‌مه‌د) گوتی گیانه‌، گوتم یا عووده‌كه‌ی خۆت یان عوودێكی ئیزافی بۆم بێنه‌ میوانم هه‌یه‌، كاك محه‌مه‌د دانش (به‌ڕه‌حمه‌ت بێ) گوتی: ئه‌ی به‌و چاوانه‌، جا میوانێك میوانی تۆبن و له ‌باشووری كوردستانه‌وه‌ ڕاهاتبن و ئه‌مه‌یان به ‌پیاوزانیبێ به‌سه‌ر و ماڵ و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك له ‌خزمه‌تیان داین.

خودا هه‌ڵناگری ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد هه‌موو براده‌ره‌كانم وه‌ك كاك (ئیسماعیلی شاهی، ئه‌حمه‌دی ئیسلامی، محه‌مه‌د دانش و یووسف ئه‌فراسیابی) و زۆری تر هاتن و له‌ ده‌وری ئه‌و ئازیزانه‌ كۆبوونه‌وه‌، هێنده‌ی پێ نه‌چوو كاك (محه‌مه‌دی ماملێ) ته‌شریفی هێنا، بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌و ئازیزانه‌ كاك محه‌مه‌دی ماملێیان له ‌ماڵی من بینی، كاك عه‌دنان كه‌ریم دواتر زانیم كه‌ خێزان و منداڵیشی له‌گه‌ڵدایه‌، كاك ئه‌حمه‌دی ئیسلامی گوتی به‌سه‌رچاو ئه‌وانه‌ له‌سه‌ر سه‌رمیان داده‌نێم و دواتر وه‌خۆ كه‌وت له‌ ماڵی خۆیان ماڵێكی بچكۆلانه‌ی جوانی بۆ كاك عه‌دنان كه‌ریم و منداڵه‌كانی دانا و له‌وێ جێگیربوون تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌من سابڵاغم به‌جێهێشت. 

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و ئازیزانه‌ پشوویان دا و ئامێره‌كانی مۆسیقایان كه‌وته‌ به‌رده‌ست، پێكه‌وه‌ چه‌ند كارێكی هونه‌ریمان تۆمار كرد، هه‌ر هه‌مووی كاك (كه‌ریمی ته‌ڵایی 1947_26/10/2021) به‌ ده‌زگا و ئامێره‌كانی تۆماركردن ئه‌ركی تۆماركردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كێشا.

بابێمه‌ سه‌ر كه‌سایه‌تی كاك دڵزاری جوانه‌مه‌رگ: هونه‌رمه‌ندێكی دڵپاك و ده‌ستڕه‌نگین و قسەخۆش، كوڕێكی زۆر به‌ ڕه‌وشت و ئارام و له‌سه‌رخۆ بوو، دڵزار له‌چاو كوڕه‌كانی دیكه‌ زۆر كراوه‌ نه‌بوو، ئه‌وان هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زیان هه‌بوو و گاڵته‌ و گه‌پیان ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌م له‌خۆیدا بوو، یه‌ك دووجاریش لێم پرسی كاك دڵزار برا بۆ وا له‌خۆت دایت و چیت پێویسته‌ پێم بڵێ، تا بۆت دابین بكه‌م ئه‌من لێره‌ بۆم ده‌كرێ، گوتی كاكه‌ ئاره‌زووم ئه‌وه‌یه‌ یه‌كێك بێت ده‌ربازم بكات، گوتم بۆ كوێ؟

گوتی: بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ..!

گوتم: بیر له چوونه‌ ‌‌ده‌ره‌وه ‌مه‌كه ‌بیر له‌وه‌ بكه‌ره‌وه‌ له ‌سابڵاغ چۆن بژیت..! تۆ ناتوانی لێره‌ڕا بڕۆی و كه‌سوكار به‌جێبهێڵی.

دوای ئه‌وه‌ چه‌ند كارێكی هونه‌ری و كۆنسێرتمان ئه‌نجام دا، له‌ناو خه‌ڵكیدا ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ ئازیزه‌ هونه‌رمه‌نده‌ ناسران، پاش ماوه‌یه‌ك كاك دڵزار پێی گوتم كاك حوسێن چۆن ده‌توانم ده‌رباز بم؟!

منیش نه‌مده‌ویست بڕوا له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕێگاوبانێكی مه‌ترسیدابوو، پاره‌یه‌كی زۆری ده‌ویست، هه‌روه‌ها به‌قاچاغ له‌ وڵاتێكه‌وه‌ بۆ وڵاتێكی دیكه‌ هه‌م خه‌رجی زۆری ده‌وێ و هه‌م چاره‌نووسێكی نادیار، ئه‌من سه‌رقاڵی ئه‌وه‌بووم ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ له‌مێشكی بهێنمه‌ده‌ر، تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌من له‌سابڵاغ بووم پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئازیزانه‌ سه‌رقاڵی كاری هونه‌ری بووین، به‌ڵام نه‌مزانی پێش كاك دڵزار ده‌بێ ئه‌من زێده‌كه‌م سابڵاغ به‌جێبهێڵم، له ‌سه‌ره‌تای ساڵی (1992) منیش ڕێگه‌ی غوربه‌ت و ژیانی ده‌ربه‌دریم گرته‌به‌ر، ئیتر ئاگاداری هه‌واڵی كاك دڵزار و كاك سه‌رتیپ و براده‌ران نه‌بووم، تا سه‌ره‌تای ساڵی (1995) ڕۆژێك براده‌رێك زه‌نگی بۆ لێدام و گوتی خه‌به‌رت هه‌یه‌ دڵزار چی به‌سه‌رهاتووه‌..؟ گوتم وه‌ڵا هیچ نازانم..!

گوتی له‌ گورجستان كاك دڵزار ئه‌مری خودای كردووه‌، به‌و هه‌واڵه‌ ئه‌وه‌نده‌ خه‌فه‌تبار بووم وه‌ك ئازیزێكی خۆمم له‌ده‌ستدابێت، خۆم خه‌تابار ده‌كرد و ده‌مگوت بۆ له‌گه‌ڵ خۆت نه‌تهێنا، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ بڕوام به‌خۆم ده‌هێنا و ده‌مگوت ئه‌وه‌ به‌رپرسیارێتییه‌، به‌ هه‌رحاڵ ڕه‌وانی شاد بێت، كاك دڵزار هونه‌رمه‌ندێكی ئازیز و ده‌ست و په‌نجه‌ ڕه‌نگین و كه‌سێكی زۆر خۆشه‌ویست بوو) ( 6).

 هونه‌رمه‌ند دڵزار یاسین و هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی له‌و ماوه‌یه‌ی له ‌ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ماونه‌ته‌وه‌ له ‌به‌هاری (1991) و‌ تا كۆتایی مانگی (8ی 1994) به‌شداری چه‌ندین چالاكی هونه‌رییان له ‌شاری سابڵاغ و شاره‌كانی دیكه‌ ئه‌نجامداوه‌، هه‌روه‌ها وه‌ك ژه‌نیار له‌گه‌ڵ هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی (فارووقی مه‌تین: سه‌نتور، سه‌رتیپ ئه‌حمه‌د: فلووت، یووسف ئه‌فراسیاب: ڤیۆلۆن، چاپووك محه‌مه‌د: ڤیۆلۆن، حسێنی ڕه‌هبه‌ر: تار، عه‌دنان كه‌ریم: عوود) به‌شدار بووه‌ له‌ تۆماركردنی به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندان وه‌ك (محه‌مه‌دی ماملێ، ئیسماعیلی شاهی، حه‌سه‌نی ده‌رزی، عه‌زیز شارۆخ و جه‌عفه‌ری ماملێ).

یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ كاك (ئیسماعیلی شاهی) ده‌ڵێت:

(له ‌ساڵی (1991) له ‌كاتی كۆڕه‌وه‌كه‌ی خه‌ڵكی باشوور، كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند هاتبوونه‌ مه‌هاباد و میوانی ئێمه‌ بوون، زۆریشمان ڕێزگرتن و زۆریشمان خۆش ده‌ویستن، ئه‌من له‌گه‌ڵ ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ دوو دانه‌ سێدێم له‌و كاته‌دا به‌رهه‌مهێنا، ئه‌من وه‌ك گۆرانیبێژ و ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ئازیزانه‌ وه‌ك ژه‌نیار، ئێستاش هه‌موویانم خۆش ده‌وێت و بۆ هه‌میشه‌ له‌یادمن، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ كه ‌هاوكارم بوون بریتی بوون له:

هونه‌رمه‌ند (عه‌دنان كه‌ریم) ئامێری (عود)ی ده‌ژه‌نی، زۆرم خۆش ده‌وێ و ده‌نگیشیم زۆر پێ خۆشه‌.

هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ كاكه‌ (دڵزار یاسین) به‌ڕه‌حمه‌ت بێ و یادی به‌خێر ئامێری (ڤیۆلۆن)ی ده‌ژه‌نی.

هونه‌رمه‌ند (سه‌رتیپ ئه‌حمه‌د _ سه‌رتیپ باب سه‌ردار) ئامێری (فلووت)ی ده‌ژه‌نی.

هونه‌رمه‌ند (ڕزگار) ئامێری (باغڵه‌مه‌)

هونه‌رمه‌ند (ڕه‌وه‌ز) ئامێری( ڤیۆلۆن).

هه‌روه‌ها برای هونه‌رمه‌ند (حسێنی ڕه‌هبه‌ر) ئامێری (زه‌ڕب) هاوكارم بوون، به‌ڕاستی به ‌هه‌موو واتایه‌ك هونه‌رمه‌ند بوون و ده‌ست و په‌نجه‌ هونه‌رییه‌كانیان جێی سه‌رنج و ده‌بێت شانازییان پێوه‌ بكه‌ین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ده‌ست و په‌نجه‌ ڕه‌نگین و خاوه‌ن سۆزه‌ ڤیۆلۆنه‌ كاكه‌ دڵزار زوو به‌جێی هێشتین، ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن بواری بدابایه‌ چاوه‌ڕێی گه‌لێ كاری باشتری لێ ڕه‌چاو ده‌كرا) ( 7).

گه‌شتێك له‌پێناو خوێندنی هونه‌ری مۆسیقا به‌ڵام نه‌گه‌یشتن به‌و خه‌ونه‌...!

هونه‌رمه‌ند دڵزار یاسین ئه‌و ماوه‌یه‌ له ‌شاری سابڵاغ ماوه‌ته‌وه‌ و سه‌رقاڵی كاری هونه‌ری بووه‌، به‌ڵام ڕۆیشتن به‌ره‌و وڵاتی (ڕووسیا) به‌مه‌به‌ستی خوێندن و به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی باڵا له‌ خوێندنی مۆسیقادا بیر و هزر و هۆشیی داگیر كردووه‌ و به‌رده‌وام خه‌ونی به‌و ئاواته‌وه‌‌ دیوه‌، ئه‌و عه‌شقه‌ی بۆ خوێندنی مۆسیقا و له‌ هه‌وڵی خۆ ده‌ربازكردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان كه‌مه‌ندكێشی ده‌كات و ڕێگای چاره‌نووسی نادیار ده‌گرێته‌ به‌ر، بۆ مه‌به‌ستی زانیاری زیاتر ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تی هه‌نگاونان بۆ ئه‌و كۆچه‌ نادیاره‌، هانام برده‌ به‌ر برای هونه‌رمه‌ند (سه‌رتیپ ئه‌حمه‌د) هاوسه‌فه‌ر و هاوڕێی گه‌شته‌كه‌ی بووه‌ (له ‌كۆتایی مانگی 8ی ساڵی 1994) بوو له‌گه‌ڵ دڵزاری ڕه‌حمه‌تی پێكه‌وه‌ به‌ڕێكه‌وتین، زه‌حمه‌تی زۆری ناهه‌مواری ڕێگا و هه‌وراز و نشێو و چه‌شتنی سه‌رمایه‌كی زۆر گه‌یشتینه‌ وڵاتی (ئه‌رمینیا)، ماوه‌ی مانگێك له‌وێ ماینه‌وه‌، ئه‌وه‌ی سه‌ره‌نجم ده‌دا دڵزار ڕۆژبه‌ڕۆژ لاواز و ڕه‌نگی زه‌رد ده‌بوو..! دوای ئه‌و مانگه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی بارودۆخ له‌وێ باش نه‌بوو به‌هۆی خانه‌واده‌یه‌كی كورده‌وه‌ ڕێنوێنیان كردین كه‌ ئێره‌ به‌جێ بهێڵین و با دووچاری گرفت نه‌بین، ئێمه‌ش به‌ره‌و وڵاتی (جۆرجیا) به‌ڕێ كه‌وتین، دوای چه‌ند ڕۆژ گه‌یشتینه‌ جۆرجیا، هه‌مووی ماوه‌ی (10) ڕۆژێك ده‌بوو گه‌یشتبووین، ڕۆژێك له‌ناكاو دڵزار هاواری لێ هه‌ستاو گوتی ئازارم زۆره‌، ئێمه‌ش زمانمان نه‌ده‌زانی، به‌هاوكاری خانمێكی كورد دڵزار گه‌یه‌نرایه‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی سه‌ربازی، ڕێكه‌وتی (9/11/1994) به‌په‌له‌ نه‌شته‌رگه‌رییان بۆ كرد، دۆخی ته‌ندروستی دڵزار زۆر خراپ بوو، تاگه‌یه‌نرایه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ و نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ئه‌نجامدرا (گه‌ده‌)ی ته‌قیبوو..؟!

به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ بۆ شه‌وه‌كه‌ی واته‌ ڕێكه‌وتی 9 له‌سه‌ر 10/11/1994 ئه‌و هاوڕێ ئازیزه‌م، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ خۆشه‌ویست و به‌توانایه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی سپارد و منی به‌غوربه‌ت سپارد و ماڵئاوایی لێ كردم و بۆ هه‌میشه‌ به‌جێی هێشتم، ته‌رمی دڵزاری جوانه‌مه‌رگ له‌ گۆڕستانی (ئێزیدی)ـیه‌كان له‌ جۆرجیا به‌خاكمان سپارد (8).

هونه‌رمه‌ند دڵزار یاسین وه‌ك چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی كورد، گۆڕغه‌ریب بوون و ته‌نانه‌ت بێ به‌شبوون له‌وه‌ی جه‌سته‌كه‌یان له‌ خاك و زێده‌كه‌یان ئه‌سپه‌رده‌ی خاكی پیرۆزی كوردستان بكرێت.

دوای ئه‌وه‌ی زانیم دڵزاری جوانه‌مه‌رگ قوتابی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند (سه‌لاح ڕه‌ئووف) بووه‌، ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیم به‌ مامۆستا سه‌لاح ڕەئو‌وف كرد و داوام لێ كرد، وه‌ك مامۆستا و هونه‌رمه‌ندێك كه‌ مێژوویه‌كی جوانی هه‌یه‌ له‌ فێركردن و دنیای مۆسیقا و ئاوازی كوردیدا خوێندنه‌وه‌ی بۆ قوتابییه‌كه‌ی چییه‌؟

مامۆستا سه‌لاح ڕه‌ئووف گوتی: ئای به‌داخه‌وه‌ چی یادگارییه‌كت به‌بیرهێنامه‌وه‌، هیوادارم ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ جوانه‌مه‌رگه‌ بۆت ده‌نووسم به‌رگه‌ی جوانی و ڕه‌وشت و توانای ئه‌و گه‌نجه‌ خۆشه‌ویسته‌ی تیانابێته‌وه‌.

پێم ڕاگه‌یاند كه‌ خوێندنه‌وه ‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌ڕێزیان بۆ قوتابییه‌كه‌ی جێی ئه‌مه‌ك و پێزانین و ستایشه‌، گوتی زۆر باشه‌ هه‌ر ئێستا ئه‌وه‌نده‌ی بتوانم هه‌ستی خۆم ده‌رباره‌ی كاكه‌ دڵزار بۆت ده‌نووسم:

(لە ژیانی هونەریمدا لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلەیمانی و چالاکی قوتابخانەکان و تیپی مۆسیقای پیرەمێرد و پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلەیمانی بەشی مۆسیقا، یادگاری زۆر بەچێژ و لەبیرنەچوو لە مێشکمدایە، لێرەدا لەبەر پێویستی تەنها باسی یادەوەری خۆم لەگەڵ یەکێک لە خوێندکارە بەتوانا و پڕئەندێشەکانی ئامێری کەمانچە لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلەیمانی بەشی مۆسیقا ئەکەم، زۆر بەکورتیش لەم باسە ئەدوێم، چونکە باسکردنی ئەم کەسایەتییە یان بڵێم ئەم خوێندکارە خۆشەویستە زۆر هەڵئەگرێ، ئەشێ گەر هاتینە سەر باسکردنی ئەمجۆرە خوێندکارانە بە ڕەوشتی هونەرییەوە لەسەریان بدوێین.

دڵزار یاسین: خوێندکارێکی بەتوانا و بەڕەوشت خۆشەویستی بۆ هونەرەکەی لە ئاستێکێ باڵادا بوو، خاوەنی توانایەکی بێ ئەندازە بوو، ئەو چەند ساڵەی وانەی مۆسیقا و وانەی ژەنینی کەمانچەم پێ گوت، هیچ ساتێک گرفتی زۆر لێپرسینەوەیم له‌گه‌ڵیدا نەبوو، تواناکەی هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی بەژەنینی ئامێری کەمان بێ ئەندازە توانایەکی باشی هەبوو لە ماوەیەکی کورتدا توانی ببێتە ژەنیارێکی باش و بەتوانا، بۆیە لە زۆربەی کارەهونەریەکانمدا یەکێک بوو لەپێشەنگەکانی ژەنینی کەمان لەو ئۆرکسترایەی کە بەکارم ئەهێنا بۆ کارە هونەرییەکانی پەیمانگا، هەندێ جاریش بەهەمانشێوە بۆ هەندێ کاری هونەری تریش کە لە دەرەوەی پەیمانگا ئەنجاممان ئەدا، دڵزار یەکێک بوو لەو فێرخوازانەم کە هەردەم جێی شانازیم بوون، لە ڕووی هونەری و بگرە لەڕووی نەتەوەییشەوە خاوه‌نی هه‌ڵوێستی جوامێرانه‌ بوو، هەردەم دڵخۆش بووم کە چەندین خوێندکاری وەکو دڵزارم هەیە، لە هەرشوێنێک و هەرجێگایەک بمبینیایە هەر (دڵزار)ـەکەی پەیمانگا بوو بۆم، بەڵام بەداخەوە ئەو ساتەی کە هەواڵی ماڵئاواییەکەیم بیست، بووە خەمێکی گەورە بۆم، بەڵام ئێستاش دڵخۆشم کە (دڵزار) خاوەنی مێژوویەکی هونەری جوانە مێژووەکەشی ئەوەندە بەپێزە هەردەم شانازی ئەکەم کە کەسایەتیەکی هونەری جوان و بەتوانا و نیشتمانپەروەر بوو.

وەکو هاتە بەرچاوم لە نووسینێکدا کە بەهەمان بیرکردنەوەی من باسی ئەکەن کە هونەرمەندی جوانەمەرگ دڵزار یاسین مەخمووری یەكێكە لە هونەرمەندە بەتواناكانی كوردستان كە لە ماوەیەكی كەمدا خزمەتێكی بەرچاوی هونەری كوردی كردووە بەتایبەت كاركردنی لەگەڵ هونەرمەندی گەورە (محەمەدی مامڵێ) و دەیان هونەرمەندی دیكە، بەڵام مەخابن ئەم هونەرمەندە لە ساڵی (1994) لە وڵاتی جۆرجیا بەنەخۆشی كۆچی دوايی دەكات، جێگەی باسە دڵزار یاسین لەدایكبووی شاری مەخموورە و دامەزرێنەری تیپی مۆسیقای قەرەچووغ بووە و خزمەتێكی بەرچاوی هونەری كوردی كردووە و جگە لە ئاوازدانان هەروەها چەند گۆرانییەكی تۆماركردووە و هەروەها چەند پارچە شیعرێكیشی نووسیوە بۆیە دوایین گوتەم ستایشە بۆ مێژووە جوانەکەی (9).

 دروود و سڵاو بۆ گیانی پاكی هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ (دڵزار یاسین) ڕۆحی شاد و یاد و یاده‌وه‌رییه‌كانی هه‌رده‌م به‌رز و پڕشكۆ بێت.

جه‌مالی ده‌لاك ( 17/3/2024) هه‌ولێر

سه‌رچاوه‌:

(1)له‌ئه‌لف تا یاء، هه‌ر ڕۆژه‌و كه‌سایه‌تییه‌ك له ‌هه‌موو بوارێك له ‌خه‌رمانه‌ی هونه‌ر (خالید عومه‌ر) تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ( 22/8/2018).

(2 و 5 ) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌ ڕێی ماسنجه‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (ئیسماعیل كوێستانی) له ‌ڕێكه‌وتی (20/2/2024) ڕۆژی سێشه‌ممه، (هه‌ولێر _ ئه‌ڵمانیا).

(3) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا (دلێر حسێن)  ڕۆژی چوارشه‌ممه ‌(13/3/2024) ( هه‌ولێر_ سلێمانی).

(4) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند(فه‌رهه‌نگ غه‌فوور) هاوڕێی هونه‌رمه‌ند، ڕێكه‌وتی (22/2/2024) ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌.

(6) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و پێشكه‌شكار (حسێنی ڕه‌هبه‌ر) ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ (29/2/2024) (هه‌ولێر _ فنلندا).

(7) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئیسماعیلی شاهی، رۆژی چوارشه‌ممه (28/2/2024) ( هه‌ولێر _مه‌هاباد).

(8) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار (سه‌رتیپ باب سه‌ردار)، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ (13/3/2024) ( هه‌ولێر_ ئه‌ڵمانیا).

(9) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ژه‌نیار (سه‌لاح ڕه‌ئووف)، ڕۆژی پێنجشه‌ممه (14/3/2024) ( هه‌ولێر_ هۆڵه‌ندا).

سوپاسی بێ پایانم بۆ به‌ڕێز (دلێر یاسین مه‌خمووری) برای هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ، له‌ ڕێكه‌وتی (1/2/2024) په‌یوه‌ندیم پێوه‌كرد و زانیاری و وێنه‌ی ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ند جوانه‌مه‌رگ پێ به‌خشیم، هه‌روه‌ها بۆ هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی ناویان هاتووه‌ ‌له ‌ڕێی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ هاوكارم بوون له‌ پێدانی زانیاری (جه‌مالی ده‌لاك).

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.