سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق رایگەیاند، هەنگاونان بەرەو تاكڕەوی و پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق ناكات
ئەمڕۆ سێشەم مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ماوریتزیۆ گرێگانتی باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.
لەبارەی بابەتی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانەوە، سەرۆکی حکوومەت ڕوونی کردەوە کە ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنین کە لەسەر بنەمایەکی دادپەروەرانە و لە چوارچێوەی پاراستنی مافەکانی گشت پێکهاتەکانی کوردستاندا بێت و دوور بێت لە ئەجێندای سیاسی.
سەرۆکی حکوومەت جەختیشی کردەوە کە هەنگاونان بەرەو تاکڕەوی و دیکتاتۆری و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، خزمەتی ئاسایش و سەقامگیری و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانی عێراق ناکات.
باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق، خواستی وڵاتەکەی لە پشتیوانیکردنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.