Erbil 9°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 05:15

زاهیر جه‌لال:هه‌ركاتێك گۆرانی هونه‌رمه‌نده‌ كۆچكردووه‌كانم وتبێته‌وه‌ ته‌نيا مه‌به‌ستم یادكردنه‌وه‌یان بووه‌ ..! 

کوردستان TV
100%

(ئه‌ی ئەو شۆخەی بۆ جارێکیش ناتەوێ لێو ببزوێنی کەچی تەنیا بە سەرنجێک هەموو شتێک دەدرکێنی خونچەی لێوت نەکرایەوەو وشەیەکم لێنەبیستی

بە ئاشکراش لە چاوانتا شەپۆل ئەدا خۆشەویستی) (*)

بۆیه‌كه‌م جار كه‌به‌دیداری شادبووم، له‌و دوكانه‌دابوو ، بۆمن ببووه‌ فێرگه‌و په‌یداكردنی بژێوی ژیانم سه‌رتاشخانه‌ی( ئاوات)، ئه‌و یه‌كه‌م دیداره‌م له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند( زاهیر جه‌لال) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی (1982) له‌وكاته‌وه‌ به‌خزمه‌تی گه‌یشتم و په‌یوه‌ندی برایانه‌و دۆستانه‌م له‌ته‌كیابه‌ست، هه‌رچه‌نده‌ پێشتر دوورا و دوور ده‌مبینی چونكه‌ هه‌ردووكمان له‌دوو گه‌ڕه‌كی هاوسێی یه‌كتری بووین گه‌ڕه‌كی ( شه‌هیدان و مزگه‌وتی عه‌لی كه‌مال) ڕۆژ و مانگ و ساڵ تێپه‌ڕی و په‌یوه‌ندییه‌كه‌مان پته‌وترده‌بوو، تا گه‌یشته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ماوه‌یه‌ك هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال خولیای فێربوونی سه‌رتاشینی هه‌بوو، ماوه‌یه‌ك ڕۆژانه‌ ده‌هات زانیاریم له‌سه‌ر چۆنیه‌تی قژبڕین و شێوازه‌كانی قژبڕین پێ ده‌به‌خشی تا بۆخۆی بوو به‌وه‌ستاباشیی سه‌رتاشین، ئه‌و پیشه‌ هونه‌رییه‌شی ( سه‌رتاشین) خسته‌ سه‌رخه‌رمانی حه‌زو ئاره‌زووه‌ هونه‌رییه‌كانی وه‌ك

( گۆرانی گوتن و نواندن) .

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ برایانه‌ی نێوانمان و ئه‌و مێژووه‌ هونه‌رییه‌ی له‌ دنیای ئاواز و گۆرانیدا، به‌پێویستم زانی له‌ڕێی چه‌ند پرسیارێكه‌وه‌ له‌ڕێكه‌وتی (23/12/2023) به‌سه‌ری بكه‌مه‌وه‌ و خۆم و خامه‌كه‌م له‌خزمه‌تی هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال و مێژووه‌ جوانه‌ هونه‌ریه‌كه‌ی دابم ، به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند به‌وپه‌ڕی‌ سینگ فراوانییه‌وه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی  دامه‌وه‌ .

 زاهیر جه‌لال جیا له‌ به‌هره‌ی ده‌نگخۆشییه‌كه‌ی ، ئاوازدانه‌ر و هونه‌رمه‌ندێكی بواری شانۆ و درامای كوردییه‌، زیاتر ڕۆڵی كۆمیدی بینیوه‌، جیا له‌وبه‌هرانه‌ له‌سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاكان له‌بواری وه‌رزشی

( به‌رزكردنه‌وه‌ی قورسایی)  وه‌رزشوانێكی چالاك بوو،

 زاهیر جه‌لال كه‌سێكی زمانشیرن و دڵئاواڵا و میهره‌بان و كه‌سێكی خاكیه‌ ، په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی به‌رفراوانه‌، هه‌روه‌ها كه‌سێكی قۆشمه‌چی و خۆش مه‌شره‌ب و قسه‌ له‌مشت و نوكته‌بازه‌، له‌هه‌ركۆڕوكۆبوونه‌وه‌یه‌كدا بوونی هه‌بێت، به‌نوكته‌و نواندنی سه‌رنج ڕاكێشی ئاماده‌بووانی هێناوه‌ته‌ جۆش و به‌خته‌وه‌ری و خه‌نده‌ی پێ به‌خشیون، هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ له‌بواری نواندن یشدا به‌هه‌مان شێوه‌ خۆشیی و شادی و دڵگه‌شیی و زه‌رده‌خه‌نه‌ی به‌بینه‌ره‌كانی به‌خشیوه‌.

له‌پۆل و گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌وه‌ بۆ سه‌رشانۆ و ته‌له‌فزیۆن...!

پرسیار /  ده‌كرێت به‌ڕێزتان خۆتان بناسێنن، زاهیر جه‌لال كێیه‌؟  له‌ كوێ به‌دنیا هاتوون؟

_ هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال :

به‌رله‌وه‌ی خۆم بناسێنم، من كوردم و خه‌ڵكی كوردستانم، له‌ناو خانه‌واده‌یه‌كی كوردپه‌روه‌ر و شاعیر و ئه‌ده‌ب دۆست و زه‌حمه‌تكێشه‌وه‌ هاتوومه‌ته‌ نێو ئه‌م ژیانه‌،  به‌هۆنراوه‌كانی ( نالی، مه‌حوی، قانع ، هێمن، حاجی قادری كۆیی، وه‌فایی، هه‌ژار، ئه‌حمه‌د هه‌ردی ،فایه‌ق بێ كه‌س، عه‌لی عارف ئاغا، فه‌یله‌سوفی نه‌مر پیره‌مێرد و شێركۆ بێكه‌س ..تاد ) گۆش كراوم، هه‌روه‌ها به‌ هونه‌ر و ده‌نگی زوڵاڵی هونه‌رمه‌ندانی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌م، به‌ده‌نگی به‌سۆزی ( سه‌یدعه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی، مامۆستا عه‌لی مه‌ردان، مه‌لاكه‌ریم، حه‌سه‌ن زیره‌ك، محه‌مه‌دی ماملێ، سه‌لاح داوده‌ ، حه‌سه‌ن جزیری، محه‌مه‌د عارف جزیری، تایه‌ر تۆفیق، ئایشه‌ شان، نه‌سرین شیروان، ڕه‌فیق چالاك و حه‌مه‌ ساڵه‌ح دیلان ، عیسی به‌رواری و ده‌یانی تر) ده‌نگیان بۆته‌ لایلایه‌ و سۆزی ده‌نگی بێ خه‌وشیان له‌گه‌ڵ هه‌ست و هۆشم ئاوێته‌ بوون و ئارامییان به‌ڕۆحم به‌خشیوه‌ و له‌ڕێی هونه‌ری به‌رزی ئه‌و كه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ بووم و بوومه‌ ڕێبوارێكی دڵسۆزی ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی، كه‌واته‌ ده‌توانم بڵێم هه‌تا هه‌ناسه‌ له‌سینه‌مدا بوونی هه‌بێت شانازی به‌و كه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌ ده‌كه‌م و خۆم به‌قوتابی قوتابخانه‌ هونه‌رییه‌كانی ئه‌وان ده‌زانم و، هه‌ركاتێكیش له‌هه‌ركۆڕو كۆبوونه‌وه‌ و ئاهه‌نگ و یاده‌وه‌رییه‌كدا، گۆرانی ئه‌و كه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌م دووپاته‌ كردبێته‌وه‌، بێگومان ته‌نها له‌به‌ر حورمه‌ت و خۆشه‌ویستی و ڕێزه‌وه‌ بووه‌ تا یادیان بكه‌مه‌وه‌، چونكه‌ من بۆ خۆم خاوه‌نی شێوازی گۆرانی گوتنی خۆمم و ئاوازم داناوه‌ بۆ كاره‌ هونه‌رییه‌كانم.

جا بابێمه‌وه‌ سه‌ر ژیان و گوزه‌ران و شوێنی به‌دنیاهاتنم ، من ناوم ( زاهیر جه‌لال هاشم) ه‌، له‌ناو خه‌ڵك و هه‌واداره‌كانم به‌ (زاهیر جه‌لال) ناسراوم، له‌ساڵی (1961) ی زاینی له‌ گه‌ڕه‌كی( ئه‌سحابه‌سپی) شاری سلێمانی له‌خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌ت چاوم به‌ژیان هه‌ڵهێناوه‌،

باوكم ( به‌ڕه‌حمه‌ت بێت)  وه‌ك پیشه‌(دارتاش) بووه و له‌لایه‌نی هونه‌ریشه‌وه‌ نه‌قاشێكی كارامه‌ بووه‌ ، له‌به‌رئه‌وه‌ی باوكم وه‌ستایه‌كی ده‌ست ڕه‌نگین بووه‌ له‌پیشه‌كه‌یدا، ئه‌و پیشه‌ ده‌ستییه‌ی گواستۆته‌وه‌بۆ براكانیشم و ئه‌وانیش له‌ژێرده‌ستی باوكمدا فێری ئه‌و پیشه‌یه‌ بوون، جیا له‌و خه‌سڵه‌تانه‌ باوكم كه‌سێك بووه‌ زۆر حه‌زوو ئاره‌زووی كۆكردنه‌وه‌ی( پولی پۆسته‌) ی  هه‌بوو ، به‌داخه‌وه‌ له‌ته‌مه‌نی (76) ساڵیدا واته‌ له‌ساڵی ( 1987) گیانی سپارد و له‌ گرده‌پیرۆزه‌كه‌ی شاری سلێمانی، گردی سه‌یوان به‌خاك سپێردراوه‌.

دایكیشم ( عیصمه‌ت قادر) ( به‌ڕه‌حمه‌ت ) بێ ئه‌ویش له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی دێرین و ناوداری شاری سلێمانی یه‌،  له‌ ساڵی (1976) بۆهه‌میشه‌ ماڵئاوایی لێكردین ، ڕۆحیان شادو یادیان به‌خێر.

خانه‌واده‌كه‌مان پێكهاتبوو له‌( 6) خوشك و (3) برا، به‌داخه‌وه‌ ڕه‌وانیان شاد و یادیان به‌خێر( سێ خوشك و برایه‌ك) م كۆچی دوایی یان كردوه‌.

پرسیار/  ساڵی چه‌ند چویته‌ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی ؟ ناوی قوتابخانه‌كه‌ چی بوو؟ له‌قۆناغی سه‌ره‌تایی دا كاریگه‌ری مامۆستای سروود و هونه‌ر ..! یان ژینگه‌ی خانه‌واده‌و یان ڕادیۆ ؟

_ هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال :

 به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ی له‌په‌روه‌ردا هه‌یه‌ ، منداڵ له‌ته‌مه‌نی (6) ساڵیدا ده‌خرێته‌ به‌رخوێندن، منیش ته‌مه‌نم گه‌یشته‌ شه‌ش ساڵ، له‌ساڵی(1967) خرامه‌ به‌رخوێندن بۆمه‌به‌ستی فێركردن و نووسین و خوێندنه‌وه‌ له‌ قوتابخانه‌ی ( ئیزدیهار) له‌گه‌ڕه‌كی ( قه‌ره‌ج ئاوا) دواتر ناوی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ بوو به گه‌ڕه‌كی ‌( خه‌بات) ، دوای ماوه‌یه‌ك به‌رده‌وام بوون له‌خوێندن ناوی قوتابخانه‌كه‌شمان گۆڕدرا بۆ ( بادینان).

له‌قۆناغی سه‌ره‌تاییدا وانه‌ی هونه‌ر و مۆسیقامان هه‌بوو، یادی هه‌ریه‌ك له‌مامۆستایان به‌رزو به‌خێر بێت مامۆستا ئازیزه‌كانم ( فره‌نسیس داود ، نه‌وزاد مه‌جید و عوسمان شارباژێڕی) ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزانه‌ به‌هه‌سته‌ جوانه‌كه‌یان وانه‌ی سروود و گۆرانییان پێده‌گووتین، ئه‌وه‌ زۆر كاریگه‌ری له‌سه‌رم هه‌بوو،هه‌روه‌ها ده‌بێت ئاماژه‌ش به‌ڕۆڵی خانه‌واده‌كه‌م و هاوڕێیانی گه‌ڕه‌ك و قوتابخانه‌ش بده‌م كه‌ زۆر هانده‌رم بوون كه‌ به‌رده‌وام بم له‌سه‌ر گۆرانی گوتن، چونكه‌ زۆر له‌منداڵانی هاوڕێم  له‌گه‌ڕه‌ك و كۆڵان به‌رده‌وام داوای گۆرانی و نواندنیان لێده‌كردم منیش دڵم نه‌ده‌شكاندن و تاڕازی كردن و به‌خشینی كه‌یف و خۆشیی له‌خزمه‌تیاندابووم.

لایه‌نێكی دیكه‌ ئه‌ویش كاریگه‌ری بێ ئه‌ندازه‌ی له‌سه‌ر هه‌ست و سۆزم دانابوو ئه‌ویش( ڕادیۆ) بوو، به‌رله‌وه‌ی بچمه‌ قوتابخانه‌،ئێمه‌ ڕادیۆمان هه‌بوو، كاتێك گوێم له‌گۆرانییه‌ك ده‌بوو له‌ڕادیۆكه‌وه‌، زۆرسه‌رنجمم ده‌دا له‌و سندوقه‌وه‌ ده‌نگی مۆسیقا و گۆرانی دێته‌ده‌ر ، به‌لامه‌وه‌ زۆر سه‌یرو سه‌مه‌ره‌بوو، ڕۆژگار تێپه‌ڕیی  منیش په‌لكێشی ئه‌و دنیا جوانه‌ی هونه‌ربووم كه‌چی ئێستا له‌وسندوقه‌وه‌ كه‌ پێی ده‌وترێت ڕادیۆ، جه‌ماوه‌ر گوێ ڕاده‌دێرن بۆ به‌رهه‌مه‌كانم ..؟!

له‌قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی دا و به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزانه‌ و پشتیوانی كردنیان لێم به‌شداری زۆربه‌ی بۆنه‌و یاده‌كانم كردووه‌ وه‌ك( جه‌ژنی مامۆستا، جه‌ژنی به‌هار و جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز ) و ئه‌و ئاهه‌نگانه‌ی له‌قوتابخانه‌ ئه‌نجام درابێت، جگه‌ له‌گۆرانی گوتن ته‌نانه‌ت به‌نواندنیش به‌شداریم هه‌بووه‌،

قۆناغی سه‌ره‌تایم ته‌واو كرد، به‌مه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌خوێندن چوومه‌ ناوه‌ندی( جمهوری) تا پۆلی دووی ناوه‌ندی به‌رده‌وام بووم، به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی باری ڕامیاری وڵات و سه‌ختی ژیان ده‌ست به‌رداری خوێندن بووم، واته‌ ده‌توانم بڵێم من خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ( سه‌ره‌تایی) یم .

پرسیار /   واته‌ ‌قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی بووه‌ سه‌ره‌تایه‌ك و هه‌نگاونانت بۆ نێو دنیای هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان ؟

 _ هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال :

بێگومان وایه‌ ئه‌و قۆناغه‌ بوو به‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ناسینی هونه‌رمه‌ندان و تێكه‌ڵاو بوون به‌و دنیا جوانه‌ی هونه‌ر، هاوڕێیانی هونه‌رمه‌ندم كه‌ پێیان ئاشنابووم و ئه‌وانیش دركیان به‌و به‌هره‌یه‌ی من كردبوو

( ده‌نگخۆشیی و نواندن) زۆر هانیان دام، تائێستاش من سوپاسگوزاریانم و شانازییان پێوه‌ده‌كه‌م، وه‌خۆشم زۆر كۆشش و هه‌وڵم داتابگه‌مه‌ ئه‌و ئاواته‌م خزمه‌ت به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌م بكه‌م.    

پرسیار / كه‌ی ده‌ستان به‌كاری هونه‌ری كردووه‌ واته‌ ساڵی چه‌ند بوو؟

_ هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال :

 ده‌توانم بڵێم ده‌ستپێكی كاری هونه‌ریم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆتایی حه‌فتاكان ساڵی (1978 بۆ 1979)  له‌ڕێی هاوڕێكانمه‌وه‌ به‌شداری ئاهه‌نگی تایبه‌تی خێزانی و زۆر بۆنه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌تایبه‌تی جه‌ژنی (نه‌ورۆز) چ وه‌ك ئه‌كته‌ر یان گۆرانیبێژ، له‌وكاته‌وه‌ من له‌ناو جه‌ماوه‌ردا ناسرام.

پرسیار/  یه‌كه‌م كاری هونه‌ریتان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چ ساڵێك و كێ هاوكارت بوو ؟

_ هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال :

له‌نێوانی ساڵی (1983بۆ 1984) به‌هاوكاری كۆمه‌ڵه‌ ژه‌نیارێكی ده‌ست و په‌نجه‌ ڕه‌نگین توانیم یه‌كه‌م به‌رهه‌مم به‌شێوه‌ی كاسێت تۆماربكه‌م و بڵاوی بكه‌مه‌وه‌، بۆزانیاری ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ئازیزانه‌ مۆسیقای گۆرانییه‌كانیان ده‌ژه‌نی له‌چوارچێوه‌ی تیپێكی مۆسیقادا نه‌بوو، به‌ڵكو دڵسۆزی و خه‌مخۆرییان بۆ هونه‌ر هه‌موو كۆبووینه‌وه‌ تا ئه‌و به‌رهه‌مه‌ تۆماركرا، دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ له‌دڵه‌وه‌ سوپاسیان ده‌كه‌م، ناشكرێ ڕۆڵی برای هونه‌رمه‌ند( میدیاحسێن) له‌به‌رچاو نه‌گرم زۆر هاوكارم بوو له‌وكاته‌دا، ئه‌وه‌ی بێته‌وه‌ یادم ژه‌نیارانی خۆشه‌ویست بریتی بوون له‌ :

( سالارحه‌مادی ، فریاد كه‌ریم به‌ كاك فریادی بانگۆز ناسراو بوو، هه‌روه‌ها بڵێسه‌ ژه‌نیاری ڤیۆلۆن ، هێرش فه‌وزی ژه‌نیاری ئۆكۆردیۆن، عه‌باس ژه‌نیاری ئیقاع بوو،  له‌گه‌ڵ كاك ئارام تۆمارگای هه‌بوو)  باخوێنه‌ری ئازیز ئه‌و ڕاستییه‌ بزانێ له‌وسه‌رده‌مه‌ له‌به‌رنه‌بوونی ستۆدیۆی تۆماركردن، ئه‌و به‌رهه‌مه‌ له‌ماڵی كوڕێكی خوشكه‌زام كاك( هیوامحه‌مه‌د) له‌گه‌ڕه‌كی ( زه‌رگه‌ته‌)  تۆماركرا، ده‌توانم بڵێم ئه‌وه‌ یه‌كه‌م به‌رهه‌می تۆماركراوم بوو.

پرسیار/ ئه‌ی كه‌ی چوونه‌ ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك  و گۆرانی ( له‌رزان له‌رزان) تان تۆماركرد ؟

_ هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال :

به‌رله‌وه‌ی وه‌ڵامت بده‌مه‌وه‌ ، تۆخۆشت زانیاریتان ده‌رباره‌ی ئه‌و گۆرانییه‌ لایه، ‌یه‌كه‌م به‌رهه‌مم له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك گۆرانی( له‌رزان له‌رزان) بوو تۆمارم كرد و له‌ناو جه‌ماوه‌ردا پێشوازییه‌كی زۆری لێكرا..! به‌رله‌و دیداره‌ له‌سه‌رتاشخانه‌ی (ئاوات) بۆیه‌كه‌م جار له‌نزیكه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند (ناسری ڕه‌زازی) یم له‌ساڵی (1983) له‌گه‌ڕه‌كی سه‌رچنار له‌ماڵێك بینی، منیان پێ ناساند و منیش گۆرانیه‌كم بۆ خوێند، كاك ناسر زۆر ده‌نگی منی به‌دڵ بوو، له‌ئامێزی گرتم و ماچی كردم و پێی ووتم : ( تكایه‌ ئه‌و ده‌نگه‌ت نه‌دۆڕێنی) ، منیش به‌ڵێنم پێدا و وتم خه‌مت نه‌بێت به‌چاوان ، هه‌رله‌و یه‌كه‌م دیداره‌دا به‌ده‌ست و خه‌ته‌ جوانه‌كه‌ی  هۆنراوه‌یه‌كی بۆ نووسیم و ناو و واژۆی خۆی له‌سه‌ر دانا ، تائێستا وه‌ك ئه‌رشیفێكی به‌نرخ پاراستوومه‌ ، هۆنراوه‌كه‌ش ئه‌مه‌ بوو ، كه‌زۆر واتاداره‌  :

( هه‌رنه‌مامێ گه‌ر به‌لاوی دابه‌زێ

قه‌ت به‌پیری بۆسه‌رێ هه‌ڵنابه‌زێ) .

گۆرانی ( له‌رزان له‌رزان) به‌رله‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال دووباره‌ی بكاته‌وه‌ و له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك تۆماری بكات به‌شێواز و ئه‌دای خۆی، ئه‌و گۆرانییه‌ بۆیه‌كه‌م جار هونه‌رمه‌ند( ناسری ڕه‌زازی) له‌ئاهه‌نگی هۆڵی( نه‌قابه‌ی كرێكارانی سلێمانی) له‌ڕێكه‌وتی (26/9/1979) به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی خوێندی،

( له‌رزان له‌رزان،هۆله‌رزانه‌

چین چین گیراوه‌ له‌وبانه‌

شاییه‌و هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردانه‌ )

ئه‌و گۆرانییه ‌‌له ‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك به‌ناوی ( فۆلكلۆر) ه‌وه ‌بڵاوكراییه‌وه‌، له‌بنه‌ڕه‌تدا هۆنراوه‌ی گۆرانییه‌كه‌ (فۆلكلۆری ناوچه‌ی موكریان) ه‌، ئاوازی هونه‌رمه‌ند( ناسری ڕه‌زازی) یه‌، خودی هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی ده‌ڵێت( ئه‌م گۆرانییه‌ له‌ ئاوازی گۆرانییه‌كی هونه‌رمه‌ند( ئیبراهیمی فه‌تاحی 1932_14/1/2006) كه‌به‌ (بله‌به‌هار) ناسراوه، گۆرانی ( به‌رقه‌ڵا مه‌ڕۆ پشت قه‌ڵا ڕێته‌) وه‌رگیراوه‌(1).

به‌رله‌وه‌ی گۆرانی له‌رزان له‌رزان هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال بیباته‌ ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك و تۆماری بكات، گفتوگۆیه‌ك له‌نێوان هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند( ناسری ڕه‌زازی و زاهیر جه‌لال ) ڕوویدا، به‌نده‌ وه‌ك شایه‌تحاڵێك ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆئه‌و ڕۆژگاره‌،  له ناوه‌ڕاستی وه‌رزی به‌هاری ساڵی (1984)، له‌سه‌رتاشخانه‌ی ( ئاوات) له‌گوزه‌ری سینه‌ما سیروان كارم ده‌كرد، سه‌ر و ڕیشی هونه‌رمه‌ند( ناسری ڕه‌زازی) یم ده‌تاشی، هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال په‌یدابوو، دوای به‌خێرهاتنی بینی كه‌ هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی لێیه‌ دوای هه‌واڵ پرسین، وتی كاك ناسر( گۆرانییه‌كی به‌ڕێزتانم خوێندۆته‌وه‌)

هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی: كاك زاهیر كام گۆرانی ..؟!

گۆرانی له‌رزان له‌رزان ...

هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی : ده‌ستانخۆش و كارێكی باشت كردووه‌ .

هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال : كاك ناسر نه‌واره‌كه‌م پێیه‌ ، پێتان خۆشه‌ گوێی لێبگری ؟!

هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی : بۆنا فه‌رموو

منیش كاسێته‌كه‌م له‌ هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال وه‌رگرت و خستمه‌ ناو ته‌سجیله‌كه‌وه‌  هه‌موو پێكه‌وه‌ گوێمان بۆ ده‌نگ و گۆرانی له‌رزان له‌رزان ڕادێرا تا ته‌واوبوو 

هونه‌رمه‌ند زاهیر پرسی كاك ناسر پێت چۆن بوو ؟

هونه‌رمه‌ند ناسرى ره‌زازى : كاكه‌ زاهير ده‌ست و گه‌رووتان خۆش، ئافه‌رين تاپێت ده‌كرێت پرۆڤه‌ بكه‌و هه‌تامن له‌ژياندا بم چيم خوێند تۆ ئازادى دووپاته‌ى بكه‌يته‌وه‌،
به‌ڵام سه‌رنجێك بۆ ئاوا له‌وتۆنه‌ به‌رزه‌ خوێندووته‌،
هونه‌رمه‌ند زاهير جه‌لال : كاك ناسر بۆيه‌ به‌و تۆنه‌ خوێندوومه‌ تا جياوازييه‌ك له‌نێوان ده‌نگى من و به‌ڕێزتاندا هه‌بێت ..!
 هونه‌رمه‌ند ناسرى ڕه‌زازى : به‌زه‌رده‌خه‌نه‌يه‌كه‌وه‌ وتى كاكه‌ زاهيرگيان ئاگادارى خۆت به‌ له‌و تۆنه‌ له‌ناو ئاهه‌نگ وسه‌رشانۆ به‌وجۆره‌ نه‌یڵێته‌وه‌ چونكه‌ تۆنه‌كه‌ی زۆربه‌رزه‌ دواتر لێت‌ ئه‌قه‌ومێ..!
دووباره‌ ده‌ستخۆشيت لێده‌كه‌م هيواى سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌واميت بۆده‌خوازم .
هونه‌رمه‌ند ناسرى ڕه‌زازى :  به‌سه‌ر ئاماژه‌يه‌كى بۆكرد كه‌ كاك زاهير نزيك بێته‌وه‌، من و هونه‌رمه‌ندان ناسرى ڕه‌زازى و زاهير جه‌لال سه‌رمان نا به‌يه‌كه‌وه‌ و وتى :

كاكه‌ زاهير تكا ده‌كه‌م ده‌نگت نه‌دۆڕێنى و گۆرانى بۆ به‌عس نه‌ڵێي) .
ئه‌وه‌ى ڕاستى بێت ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ بۆمێژوو ده‌يگێڕمه‌وه‌، چونكه‌ خۆم گه‌واهيده‌رى ئه‌و وتانه‌ى هونه‌رمه‌ند ناسرى ڕه‌زازى و ئه‌و ئازادى به‌خشينه‌ له‌ وتنه‌وه‌ی گۆرانی به‌هونه‌رمه‌ند زاهيرجه‌لال بووم .
دواى وه‌رگرتنى ڕه‌زامه‌ندى هونه‌رمه‌ند زاهير جه‌لال گۆرانی ( له‌رزان له‌رزان) ی برده‌ ته‌له‌فزيۆنى كه‌ركوك و له‌وێ به‌ناوى فۆلكلۆره‌وه‌ تۆماركراوه‌ و بڵاوكرايه‌وه‌ ، ده‌نگ و سه‌دايه‌كى باشى هه‌بوو، گۆرانييه‌كه‌ به‌ده‌نگى هونه‌رمه‌ند زاهير جه‌لال بووه‌ جێى ڕه‌زامه‌ندى گوێگران و بينه‌ران .

( له‌داوێنی چیای ژین منی ئاواره‌ وه‌ستاوم

ئه‌مه‌وێ سه‌ركه‌وم بۆ كه‌ل به‌ڵام بێ هێز و داماوم

به‌هه‌نگاوێ ده‌نێم هه‌نگاوی دووه‌م یاریده‌م نادا

نییه‌ ئومێدی سه‌ركه‌وتن له‌به‌ر كه‌م تینی هه‌نگاوم ) .

 

پرسیار /  دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌و گۆرانییه‌، به‌رده‌وام بوویت له‌سه‌ر هونه‌ری  گۆرانی خوێندن و ئایا به‌رهه‌می دیكه‌تان له‌ته‌له‌فزیۆن تۆماركرد؟

_ هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال :

بێگومان دوای زیاتر ده‌ركه‌وتنم و گۆرانییه‌كه‌ ببووه‌ وێردی سه‌رزاری خه‌ڵك ، منیش زیاتر هه‌وڵم دا به‌دوای هۆنراوه‌ی شاعیران دا ده‌گه‌ڕام تا ئاوازیان بۆدابنێم ، دوای ئه‌وه‌ چه‌ند گۆرانی دیكه‌م له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك تۆماركرد ، وه‌ك :

1/ گۆرانی (چیای ژین) ، هۆنراوه‌ی مامۆستا ( عه‌لی عارف ئاغا 1910_1996) یه‌ و ئاوازی خۆم و ئاماده‌كردنی مۆسیقا هونه‌رمه‌ند ( ئیبراهیم غه‌ریب)‌ (  ئه‌و گۆرانییه‌ ساڵی (1986) ه‌ خۆشترین گۆرانیمه‌ زۆرجار ئیزگه‌ی كوردی به‌غداپێشكه‌شی ده‌كات )(2).

2/  گۆرانی (گله‌یی له‌كه‌س ناكه‌م)، هۆنراوه‌ی شاعیری گه‌وره‌ ( پیره‌مێرد1867_19/6/1950)  و ئاوازی خۆم ، ساڵی (1985) له‌ باخی گشتی شاری سلێمانی بۆته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك تۆماركرا، ده‌رهێنانی ئه‌و گۆرانییه‌  هونه‌رمه‌ند( عه‌لی محه‌مه‌د ڕه‌مه‌زان) بوو.

3/  گۆرانی  (كه‌ده‌ڵێن ده‌شت و كێو شینه‌)  ئه‌میش هه‌رهۆنراوه‌ی پیره‌مێدی شاعیر و ئاوازی خۆم .

4/ گۆرانی ( نازه‌نینم ) هۆنراوه‌و ئاوازی فۆلكلۆر.

5/   گۆرانی (نوێژێكی قوڵ ) هۆنراوه‌ی شێخی شاعیران ( جه‌سیب قه‌ره‌داخی 1929_9/1/1997) ئاوازی خۆم .

 به‌ڕێز ( هاشم جه‌باری) بێژه‌ر و پێشكه‌شكار له‌كتێبه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی ، هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال (6) گۆرانی له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك تۆماركردووه‌(3).
پرسیار / به‌ڕێزتان ئاوازتان بۆ زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی خۆتان داناوه‌، ئایا ئاوازی هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌ت خوێندووه‌، ده‌توانین بزانین هۆنراوه‌ی كام له‌شاعیرانت خوێندووه‌ ؟

_ هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال :

به‌ڵێ زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانم ئاوازی خۆمن، هه‌ندێكیشیان هۆنراوه‌كه‌ش هه‌ربۆخۆم دامناون، به‌ڵام هیچ كات فۆلكلۆریشم له‌یاد نه‌كردووه‌ و به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ئاوڕم له‌فۆلكلۆری ڕه‌سه‌ن و ده‌وڵه‌مه‌ندی میلله‌ته‌كه‌م داوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ فۆلكلۆر ده‌ریایه‌كی فراوان و تابڵێی قوڵه‌ و لێوڕێژه‌ له‌مرواری، به‌سوپاسه‌وه‌ هه‌ریه‌ك له‌هونه‌رمه‌ندان ( سه‌رباز جه‌مال) و ( جه‌زا كه‌ریم ، ناسراو به‌جه‌زای ساز) و ( تیپی مۆسیقای سلێمانی) ئاوازیان پێداوم و خوێندوومن.

سه‌باره‌ت به‌هۆنراوه‌ی شاعیرانی نه‌ته‌وه‌كه‌م، من زۆر حه‌زوو ئاره‌زووم خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌، شیعری شاعیران ده‌خوێنمه‌وه‌، بزانم ئه‌و هۆنراوه‌یه‌ی هه‌ستم ده‌جوڵێنێ و كارم تێده‌كات، چه‌ندجارێكی دیكه‌ ده‌خوێنمه‌وه‌ و هه‌وڵ ده‌ده‌م ئاوازێك به‌باڵای هۆنراوه‌كه‌داببڕم ، هۆنراوه‌ی ئه‌م شاعیره‌ به‌رزانه‌م كردۆته‌ گۆرانی و سروود  وه‌ك :

( عه‌لی عارف ئاغا 1910_1996) ، ( پیره‌مێرد1867_19/6/1950) ، ( ئه‌حمه‌د هه‌ردی 1922_29/10/2006) ، ( حه‌سیب قه‌ره‌داخی  1929_9/1/1997) ،( هێمن 1921_16/4/1986) ،( كه‌ریم شاره‌زا1928_23/5/2015) ، ( فه‌ره‌یدون عه‌بدول به‌رزنجی) ، ( ساڵح بێچار) و ( ڕه‌زا حه‌مه‌) و ( یاسین حه‌مه‌ غه‌ریب)، بۆزانیاری خوێنه‌ران دوو هۆنراوه‌ی باوكی ڕه‌حمه‌تیم به‌شێوه‌ی مه‌قام خوێندووه‌.

 پرسیار / ده‌كرێت پێمان ڕابگه‌یه‌نی تائێستا چه‌ند ئه‌لبومی هونه‌ریتان خستۆته‌ سه‌رخه‌رمانی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی و  ناوی ئه‌و تیپه‌ مۆسیقیانه‌ی هاوكارت بوون له‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانتدا؟

به‌رله‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌مان بداته‌وه‌، له‌دیدارێكدا ده‌ڵێت ( ده‌رباره‌ی ژماره‌ی گۆرانییه‌كانم تائێستا واته‌ ساڵی (1989) ، نزیكه‌ی (40) گۆرانیم هه‌یه‌، له‌وانه‌ (11) گۆرانی هۆنراوه‌و ئاوازی فۆلكلۆره‌، (10) گۆرانی یان لاسایی كردنه‌وه‌ی گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ندان( حه‌سه‌ن زیره‌ك 1921_26/6/1972) ،( عه‌لی مه‌ردان 1904_24/7/1981) و ( ناسری ڕه‌زازی 1955) ، وه‌ (16) گۆرانی له‌ئاوازی خۆم له‌مه‌قام و گۆرانی له‌ هۆنراوه‌ی شاعیرانی نه‌ته‌وه‌كه‌مه )(4).‌

_ هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال :

ده‌توانم بڵێم تائێستا نزیكه‌ی (14) كاسێتم هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند گۆرانییه‌كی جیا له‌كاسێت تۆماركراوه‌، پێشتر ئاماژه‌م به‌و به‌رهه‌مانه‌ كرد له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك تۆمارم كردوون، له‌دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری (1991) و بوونی كه‌ناڵی لۆكاڵی و ئاسمانی، به‌پێی توانای خۆم له‌هه‌موو به‌رنامه‌ و پرۆگرامه‌ هونه‌رییه‌كان و یاد و بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌كان به‌ سروود و گۆرانی به‌شداریم كردووه‌، سه‌باره‌ت به‌و تیپه‌ مۆسیقیانه‌ كه‌ هاوكارم بوون، هه‌میشه‌ به‌وپه‌ڕی ڕێزو حورمه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌وڵ وتێكۆشان و هاوكارییان ده‌ڕوانم و چونكه‌ له‌گه‌ڵمدا زه‌حمه‌تیان كێشاوه‌، تیپی مۆسیقای سلێمانی ، تیپی مۆسیقای هاوناز، تیپی مۆسیقای ناز ، تیپی مۆسیقای خانزاد پاشان ناونرا تیپی مۆسیقای بابان،  بۆكاری هونه‌ری له‌شاره‌كه‌ی خۆمه‌وه‌ چوومه‌ته‌ شاره‌ ئازیزه‌كه‌ی هه‌ولێر و له‌وێش چه‌ند به‌رهه‌مێكم تۆماركردووه‌، پاشان چوومه‌ت شاری به‌غدا له‌وێ به‌شداری ئاهه‌نگم كردووه، یه‌كێك له‌و ئاهه‌نگانه‌ی كه‌له‌یادی ناكه‌م له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ ( ته‌حسین ته‌ها1941_28/5/1995) دابوو، ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵی (1987) بوو له‌شاری به‌غدا، جوانترین یاده‌وه‌ریم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوودا هه‌یه‌‌.

پرسیار / به‌ڕێزتان جیاله‌وه‌ی وه‌ك گۆرانیبێژێك له‌گۆڕه‌پانی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانیداناسراون، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم له‌ ساڵی (1988) وه‌ له‌بواری نواندن ، له‌شانۆگه‌ریدا كاری هونه‌ریتان ئه‌نجامداوه‌ و یه‌كه‌م كاری هونه‌ری تێیدا به‌شداربوون چی بوو؟

_ هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال :

وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا من له‌قۆناغی قوتابخانه‌ و ناو گه‌ڕه‌ك، عه‌شق و خولیای نواندن له‌ هه‌ستمدا چرۆی كردووه‌، به‌ڵام وه‌ك كارێكی جوان و وه‌ك ئه‌كته‌ر له‌سه‌ر شانۆ له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ردا ڕۆڵ ببینم ده‌توانم بڵێم له‌ساڵی (1988) بوو شانۆگه‌ری ( نامه‌یه‌كی وون بوو) .

به‌ڵێ من بۆخۆم یه‌كێك بووم له‌ ئاماده‌بووان له‌هۆڵی نه‌قابه‌ی كرێكارانی سلێمانی له‌ڕێكه‌وتی

( 27/12/1988) ، یه‌كێك له‌بڕگه‌كان ئێستاش وێنه‌كه‌م پاراستووه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند( ئاواتی حاجی فه‌ره‌جی ده‌لاك _ به‌ڕه‌حمه‌ت بێ) ڕۆڵ ده‌بیین،

_ هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال :

به‌ڵێ وایه‌ زۆرچاكت له‌یادماوه‌، دوای ئه‌وه‌ به‌شداریم كرد له‌ شانۆگه‌ری( سنورداش)،( نالی و خه‌ونێكی ئه‌رخه‌وانی ) و شانۆگه‌ری( چرا) ، ئه‌وه‌ش كه‌وته‌وه‌ یادم له‌ساڵی(1984) چیرۆكی ( بوكی ژێرده‌واری ڕه‌ش ) بۆته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك تۆماركرا، منیش به‌ده‌نگ به‌شداربووم  چه‌ند مه‌قامێكم خوێند، چه‌ند به‌رهه‌مه‌كه‌  ( بوكی ژێرده‌واری ڕه‌ش) له‌لای جه‌ماوه‌ر جێی په‌سه‌ند بوو، سۆزی ده‌نگ و توانای چڕینی مه‌قامه‌كانیش لای خه‌ڵك به‌چێژ و زۆر هانده‌درام كه‌به‌رده‌وام بم له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ هونه‌رییانه‌ .

پرسیار / له‌دوای ڕاپه‌ڕین به‌ڕێزتان به‌شداری چه‌ند فیلمێكتان كرد، زیاتر ڕۆڵی كۆمیدیا ده‌بیین ..!

_ هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال :

به‌ڵێ به‌شداریم له‌چه‌ند فیلمێكدا كردووه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ئازیز، ڕاسته‌ من زیاتر ڕۆڵی كۆمیدیام بینیوه‌، خۆشحاڵیشم زۆر له‌ حیواره‌كانی ئه‌و فیلمانه‌ كه‌وتۆته‌ سه‌رزاری جه‌ماوه‌ر و له‌زۆر شوێن كه‌ ده‌مبینن ئه‌و ئازیزانه‌ به‌یه‌ك له‌وحیوارانه‌ پێشوازیم لێده‌كه‌ن .

پرسیار / خوێندنه‌وه‌تان بۆ مه‌قام چییه‌و ئایا پێویسته‌ هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ مه‌قام ناس و مه‌قامزان و مه‌قامبێژ بێت ؟

_ هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال :

مه‌قام بناغه‌و ئه‌ساسی خۆ دروستكردنی ده‌نگبێژ و گۆرانیبێژه‌، مه‌قام زانین پاڵپشتێكی بنه‌ڕه‌تییه‌ بۆ هونه‌رمه‌ند، ده‌بێت هه‌موو گۆرانیبێژێك شاره‌زایی له‌مه‌قام هه‌بێت و مه‌قام بناسێت و كار له‌سه‌ر مه‌قامه‌كان بكات به‌دروستی.

پرسیار / بۆئه‌نجامدانی كاری هونه‌ریی( كۆنسێرت یان ئاهه‌نگ) چویته ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بۆ نموونه‌ وڵاتانی دراوسێ یان ئه‌وروپا؟

_ هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال :

به‌داخه‌وه‌ تائێستا له‌گه‌ڵ هیچ تیپێك و گروپێكی مۆسیقا له‌ باشووری كوردستان نه‌چوومه‌ته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌، تائێستا هیچ وڵاتێكم نه‌بینیوه‌، ته‌نها به‌وێنه‌ وله‌ته‌له‌فزیۆن نه‌بێ ده‌نا هیچ وڵاتێكم نه‌بینیوه‌ ..؟! خاوه‌نی پاسپۆرتم به‌ڵام تائێستا فیزه‌ی هیچ وڵاتێكی به‌سه‌ره‌وه‌ نییه‌؟

به‌ڵام ساڵی (1991) ساڵێكی خۆش و ناخۆش بوو، خۆشیه‌كه‌ی ڕاماڵینی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس بوو، دواتر كۆڕه‌وه‌كه‌، تراژیدیایه‌ك لێوان لێو بوو له‌ مه‌رگه‌سات و ناخ هه‌ژێن و له‌ده‌ستدانی ئازیزان له‌سه‌رماو برسێتیدا له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌،  له‌كۆڕه‌وه‌كه‌ له‌سنووری ده‌ستكرد په‌ڕیمه‌وه‌ بۆ شاری ( بانه‌) له‌وێ له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندان و خه‌ڵكی ئازیزی ئه‌و شاره‌وه‌ زۆر ڕێزیان لێگرتم و توانیم یه‌ك دوو كۆنسێرت ئه‌نجام بده‌م ، یاده‌وه‌رییه‌كی دیكه‌ كه‌ هه‌میشه‌ بۆمن جێی شانازییه‌، له‌جه‌ژنی قوربانی ساڵی(1991) له‌شاری مهاباد چوومه‌ خزمه‌تی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان كاك( محه‌مه‌دی ماملێ 1925_23/1/1999) زۆر خۆشحاڵ بووم به‌و دیداره‌وه‌ و زۆر لوتفی نواند و له‌لایه‌ن خانه‌واده‌كه‌یه‌وه‌ زۆر ڕێزیان لێگرتم و میواندارییه‌كی بێ وێنه‌یان لێكردم ، كاكه‌ (چالاكی ماملێ) كوڕی كاك محه‌مه‌دی ماملێ ئامێری( تار) ه‌ی هێناو مۆسیقای ژه‌نی و منیش له‌به‌رده‌م ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌

( محه‌مه‌دی ماملێ) گۆرانیم بۆخوێند و ئه‌ویش مه‌قامێكی زۆر خۆشی خوێند، خۆش به‌ختانه‌ ده‌نگه‌كه‌ تۆماركراو له‌ئه‌رشیفی خۆم پاراستوومه‌، پاشان چوومه‌ خزمه‌ت هونه‌رمه‌ندی خاوه‌ن چریكه‌ی به‌رز و زوڵاڵ و هه‌ست بزوێن كاك ( عه‌زیز شارۆخ) ئه‌و دوو دیداره‌م گه‌وره‌ترین شانازی و سه‌رمایه‌ ،خۆش به‌ختانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند توانیم گۆرانی بخوێنم، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كاك عه‌زیز شارۆخ  تۆمارنه‌كرا.

به‌ڕێز ( ئه‌مجه‌د ئه‌سعه‌د مه‌جید)  خاوه‌نی تۆمارگای ( ناز) له‌شاری هه‌ولێر ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی و كاره‌كاهونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال ده‌ڵێت :

( بۆیه‌كه‌م جار من له‌ساڵی (1989) له‌شاری هه‌ولێر له‌نزیكه‌وه‌ به‌خزمه‌تی هونه‌رمه‌ندی ئازیزو خۆشه‌ویست  كاكه‌ زاهیر جه‌لال گه‌یشتم، به‌ڵام ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی پێشتر له‌ڕێگه‌ی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك و كاسێته‌كانیه‌وه‌  پێی ئاشنا ببووین، به‌تایبه‌ت مه‌قامه‌ خۆشه‌كانی له‌ چیرۆكی ته‌مسیلی ( بوكی ژێر ده‌واری ڕه‌ش) خوێندبوونی، له‌ساڵی (1989) به‌دیداری شاد بووم  هه‌رله‌وساڵه‌دا له‌ماڵی خۆمان به‌رهه‌مێكمان بۆتۆماركرد ، دوای ئه‌وه‌ له‌به‌رهه‌مه‌كانی ساڵانی (1990 تا 1994) له‌ماڵی خۆمان هاوكاری بووین له‌تۆماركردنی كاره‌ هونه‌رییه‌كانی، هه‌روه‌ها له‌چه‌ندین ئاهه‌نگ و شه‌و دانیشتن له‌گه‌ڵیدا بووم، كاكه‌ زاهیر هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌و ئازیز و خۆشه‌ویسته‌ له‌لای من و ده‌توانم بڵێم هه‌موو شاری هه‌ولێر، ئێستاش ئاماده‌م له‌دڵه‌وه‌ خزمه‌تی بكه‌م و هاوكاری بم  و چونكه‌ ده‌هێنێ  خزمه‌تی زیاتری بكه‌ین) (5).

هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال زۆر به‌ڕاشكاوانه‌ ئه‌وه‌ی پێڕاگه‌یاندم، من هیچ كات بێ وه‌فا نیم به‌رامبه‌ر به‌كاره‌كه‌م، هه‌روه‌ها به‌رامبه‌ر به‌هه‌موو ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی هاوكارم بوون ، له‌ژه‌نینی مۆسیقا و پێدانی ئاواز ، هه‌روه‌ها هاوڕێ شاعیره‌كانم ئه‌وانیش لوتفیان نواندووه‌ به‌پێدانی هۆنراوه‌ ، بۆهه‌میشه‌ سوپاسگوزاری هه‌موویانم پێمه‌وه‌ ماندوبوون، به‌ڵام دووتۆمارگا زۆر به‌په‌رۆشه‌وه‌ هاوكارم بوون له‌ئه‌نجامدانی كاره‌ هونه‌رییه‌كانم كه‌هیچ كات ڕۆڵ و ماندوبوون و دڵسۆزییان له‌یاد ناكه‌م ، ئه‌وانیش كاك ( باسل عه‌بدولقادر ، خاوه‌نی تۆمارگای ناز له‌شاری سلێمانی)  و كاك( ئه‌مجه‌د ئه‌سعه‌د خاوه‌نی تۆمارگای ناز له‌شاری هه‌ولێر) به‌ڵام به‌گشتی له‌دڵه‌وه‌ سوپاس و حورمه‌تم بۆهه‌موو ئه‌وئازیزانه‌ كه‌به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك  هاوكار و یارمه‌تیده‌رم بوون له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ندساڵه‌ی ژیانی هونه‌ریم.

هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال ، ئێستا جیا له‌وه‌ی ماوه‌یه‌كه‌ دابڕاوه‌ له‌كاری هونه‌ریی،له‌و ماوه‌یه‌ی پێشوو دواین به‌رهه‌می به‌شێوه‌ی كلیپ به‌ناوی ( دابڕان) له‌هۆنراوه‌ی ( دیار هه‌ڵه‌بجه‌یی) و ئاوازی( شادمیرنامۆ) بڵاوكرده‌وه‌ .

هونه‌رمه‌ند ئێستا جیا له‌كاری هونه‌ری فه‌رمانبه‌ره‌ له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌، له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال خێزانداره‌و  و به‌روبوومی‌ ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ ( كچ و كوڕێك) ه‌، په‌روه‌ردگار به‌ره‌كه‌ت خاته‌ ته‌مه‌نیانه‌وه‌،

دوای ئه‌وماوه‌ دوور و درێژه‌ خزمه‌تكردن به‌ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی، سڵاو له‌هونه‌ر و مێژووی جوانی هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال له‌نواندن و گۆرانیگوتن ، خه‌رمات به‌ره‌كه‌ت و هه‌رده‌م هیوای ته‌ندروستی باش و به‌رده‌وامی له‌هونه‌ردا بۆ ده‌خوازم.

جه‌مالی ده‌لاك  ( 7/2/2024) هه‌ولێر.

سه‌رچاوه‌ :

(*) گۆرانی ( زمانی چاو) هۆنراوه‌ی ( ساڵح بێچار ) ئاواز و وتنی ( زاهیر جه‌لال) .

كتێبی نه‌داری ، گۆرانییه‌كانی ناسری ره‌زازی ، ئاماده‌كردنی ( جه‌مالی ده‌لاك) ، ( به‌رگی دووه‌م) .

( 2 و  4) پێناسێكی هونه‌رمه‌ند زاهیر جه‌لال ، گۆڤاری ( ره‌نگین)  ژماره‌(18 ی نیسانی 1989) ( فریا).

(3)كتێبی مێژووی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك (1967_ 1999) هاشم جه‌باری ، لاپه‌ڕه‌( 75).

(5) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ ( ئه‌مجه‌د ئه‌سعه‌د مه‌جید) خاوه‌نی تۆمارگای (ناز) له‌شاری هه‌ولێر ، (29/1/2024).

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.