Erbil 11°C شەممە 23 تشرینی دووەم 21:27

ئه‌مه‌ریكا بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران چاوه‌ڕێی كه‌شوهه‌وایه‌كی گونجاو ده‌كات

کوردستان TV
100%

به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكی ئاشكرای كرد كه‌ وڵاته‌كه‌ی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر تاوه‌ر 22 له‌ ئوردن، چاوه‌ڕێی ده‌رفه‌تێكی گونجاو ده‌كات له‌نێویشیاندا چاودێری كه‌شه‌وهه‌وا ده‌كات.

تۆڕی هه‌واڵی (بی بی سی) ئه‌مه‌ریكی له‌سه‌ر زاری به‌رپرسه‌كه‌ گواستییه‌وه‌: جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بڕیاری له‌سه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هێرشه‌كه‌ی چه‌ند رۆژی رابردووی ئوردن داوه‌‌، به‌ڵام بۆ ده‌ستپێكردنی وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ چاوه‌ڕێی چه‌ند ده‌رفه‌تێك ده‌كات، یه‌كێك له‌و ده‌رفه‌تانه‌ له‌باری كه‌شوهه‌وایه‌.

هه‌رچه‌نده‌ پێرێ سێشه‌م كه‌تائیبی حزبوڵا سه‌ر به‌ مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، له‌پێناو شه‌رمه‌زارنه‌كردنی حكوومه‌تی عێراق، تا ماوه‌یه‌كی نادیار هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان راگرتووه‌.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ماوه‌ی دوو رۆژه‌ له‌لایه‌ن گرووپه‌كانه‌وه‌ هیچ هێرشێك نه‌كراوه‌ته‌ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا بڕیاری وه‌ڵامی بۆ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر سه‌ر تاوه‌ر 22 له‌ ئوردن داوه‌ و پاشه‌كشه‌ی تێدا نییه‌.

رۆژی دووشه‌می رابردوو به‌ درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشكرایه‌‌ سه‌ر تاوه‌ر 22 كه‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی سوپای ئه‌مه‌ریكایه‌ له‌ باكوری رۆژهه‌ڵاتی ئوردن له‌ نزیك سنووری سووریا، له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كه‌ 3 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی كوژران و زیاتر له‌ 40ی دیكه‌ش بریندار بوون.

له‌ رۆژی راگه‌یاندنی هێرشه‌كه‌‌، جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرای كرد كه‌‌ هێرشه‌كه‌ له‌لایه‌ن میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران ئه‌نجامدراوه‌ ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌نێو خاكی عێراق و سووریا چالاكییان هه‌یه‌.

جه‌ختیشی كردبووه‌وه‌ كه‌ هێرشه‌كه‌ پێشهاتێكی گه‌وره‌یه‌ و به‌ دڵنیاییشه‌وه‌ له‌ كاتێكی گونجاودا وه‌ڵامێكی گونجاویان بۆی ده‌بێت.

له‌باره‌ی شێوازی وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌، ئه‌نتۆنی بلینكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاندبوو كه‌ وه‌ڵامه‌كان له‌سه‌ر چه‌ند ئاست و قۆناخێك ده‌بێت، ره‌نگه‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراویش بخایه‌نێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.