Erbil 11°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 03:49

هونه‌رمه‌ند ئیسماعیلی شاهی.. ژه‌نیار ، گۆرانیبێژ ، ئاوازدانه‌ر و فێركاری مۆسیقا ...!

کوردستان TV
100%

ناوچه‌ی موكریان به‌گشتی و شاری مه‌هاباد به‌تایبه‌تی، پێگه‌و هه‌وارگه‌ی گه‌لێك ڕۆشنبیر ، شاعیر ، تێكۆشه‌ر و كوردپه‌روه‌ر و  هونه‌رمه‌نده‌، له‌بواری فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و وێژه‌و هونه‌ره‌وه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر شارو شارۆچكه‌كانی كوردستانه‌وه‌ هه‌بووه‌‌، ئه‌وشاره

‌( مه‌هاباد) زێدی چه‌ندین  كه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندی به‌توانای گه‌له‌كه‌مانه‌ له‌ بواری چڕینی ئاوازی ڕه‌سه‌نی كوردی و هه‌روه‌ها له‌بواری ژه‌نینی ئامێره‌كانی مۆسیقا، هه‌ریه‌كه‌یان به‌جێی خۆی خزمه‌تێكی فراوان و به‌نرخیان ئه‌نجام داوه‌ و خه‌رمانێكیان له‌ هونه‌ر خستۆته‌ سه‌رمه‌ڵۆی گه‌نجینه‌ی مۆسیقا و گۆرانی كوردی.

یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده‌ فره‌ به‌هرانه‌ی له‌شاری مه‌هاباد چاوی هه‌ڵهێناوه‌ و تێیدا په‌روه‌رده‌ بووه‌، له‌بواری ژه‌نینی ئامێری مۆسیقا و گۆرانی و ئاوازدان دا به‌رده‌وامه ‌و ،ڕێبوارێكی دڵسۆزی ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ره‌ و ئێستاش هه‌رله‌وشاره‌ له‌كاروانی خزمه‌ت كردن به‌ منداڵه‌ چاوگه‌شه‌كانی زێده‌كه‌ی دانه‌بڕاوه‌ و تێده‌كۆشێت، هونه‌رمه‌ند( ئیسماعیلی شاهی) یه‌ ، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی پڕ به‌خششه‌ ،  مه‌خابن زۆر كه‌م ئاوڕی لێدراوه‌ته‌وه‌ یان خودی هونه‌رمه‌ندیش گه‌ره‌كی نه‌بووه‌ هه‌ڵپه‌بكات و ڕیكلام بۆكه‌سایه‌تی و هونه‌ره‌كه‌ی بكات .

له‌مێژبوو ئاره‌زووم بوو كه‌ به‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ری ئه‌وهونه‌رمه‌نده‌ به‌ڕێز و ماندووه‌ی مۆسیقا و ئاوازو گۆرانی كوردی ئاشنا بم، له‌سه‌ره‌تای مانگی ( 12 ی ساڵی 2023) له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه‌ پێوه‌ندیم پێوه‌كردو مه‌به‌ستی خۆمم پێ ڕاگه‌یاند، دواتر چه‌ند پرسیارێكم ئاراسته‌ی به‌ڕێزیان كرد،

هونه‌رمه‌ند ئیسماعیل شاهی ، ئه‌و پیاوه‌ میهره‌بان و زمانشیرین و خاكیه‌‌ زۆر به‌لوتفه‌وه‌ له‌ڕێكه‌وتی

( 25/12/2023) وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی دامه‌وه‌،

هونه‌رمه‌ندی ئازیز ( ئیسماعیلی شاهی) خاوه‌نی چه‌ند به‌هره‌یه‌كه‌ هه‌ر هه‌موو تێكۆشانه‌كانی ته‌نها بۆ خزمه‌تكردن به‌ فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی بووه‌، له‌ده‌ستپێكدا پرسیارم لێكرد سه‌باره‌ت به‌ناو نازناوی و كه‌ی چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه‌ ؟

_هونه‌رمه‌ند ئیسماعیل شاهی : نێوم (ئیسماعیل مسته‌فا) یه‌، شوهره‌تم (شاهی)  یان ( شایه‌) یه‌، ساڵی

( 1324 ی هه‌تاوی ) ( 1945 ی زاینی) له‌گه‌ڕه‌كی

( مزگه‌وتی سوور) له‌شاری مه‌هاباد له‌دایكبووم، خانه‌واده‌كه‌م به‌ ( مسته‌فا شایه‌ یان شاهی) ده‌ناسرێن.

پرسیار : ساڵی چه‌ند چوونه‌ته‌ قوتابخانه‌ و ناوی قوتابخانه‌كه‌تان چی بوو؟ ئاستی خوێنده‌واریتان چیه‌و چه‌نده‌؟

 _هونه‌رمه‌ند ئیسماعیل شاهی :  ئه‌من ساڵی( 1330ی هه‌تاوی ) ( 1951 ی زاینی) خراومه‌ته‌ به‌رخوێندن له‌ قوتابخانه‌ی( فیرده‌وسی) شاری مه‌هاباد هه‌تا قۆناغی سه‌ره‌تایم ته‌واو كرد هه‌رله‌و قوتابخانه‌یه‌ بووم، له‌دوای ئه‌وه‌ كه‌ بابم كارمه‌ندی ده‌وڵه‌ت له‌ ئیداره‌ی( ثبتی اسناد) ( دایره‌ی تاپۆ _ ج،د) بوو، نێردرا بۆ شاری

( میاندواب) منیش هه‌ر له‌و شاره‌( دیبلۆم) م ته‌واوكردوه‌ و مه‌دره‌كی فه‌وقی دیبلۆمم دوایه‌ وه‌رگرتووه‌.

پرسیار: به‌ڕێزتان كه‌ی ئاشنا بوون به‌ هونه‌ر ؟ كاریگه‌ری قوتابخانه‌، خانه‌واده‌، ژینگه‌ یان چ هونه‌رمه‌ندێك له‌سه‌ر هه‌ست و سۆزتان بوو ؟

_هونه‌رمه‌ند ئیسماعیل شاهی :  له‌ساڵی ( 1346ی هه‌تاوی ( 1967ی زاینی) به‌ سیفارشی یه‌كێك له‌ دۆستانی بابم چوومه‌ شاری ( ورمێ) له‌ سازمانی ئاو له‌به‌شی ( حیسابداری _ ژمێریاری) ده‌ستم به‌كاركردو له‌هه‌مان كاتدا له‌و شاره‌ گه‌وره‌یه‌ حه‌زو ئاره‌زووم بۆ مۆسیقا هه‌بوو، دوای فێربوونی ئامێرێكی مۆسیقا كه‌وتم ، بۆیه‌كه‌م جار ئامێری( ئاكاردیۆن _ ئۆكۆردیۆن) م هه‌ڵبژارد، چونكه‌ سه‌رنجم دابوو ئه‌و ئامێره‌ زۆرتر بۆ پرۆگرام و ئاهه‌نگه‌كانی ئازه‌ری و كوردی به‌كارده‌هات، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ چوومه‌ لای مامۆستایه‌ك به‌ناوی

( ئیره‌ج شاهرخ) تورك زمان و خه‌ڵكی ورمێ بوو، لای ئه‌و مامۆستایه‌ به‌ماوه‌یه‌ك فێری ژه‌نین بووم به‌( نۆته‌) و به‌شێوه‌ی زانستی شاره‌زایم په‌یداكرد، پاشان ڕووم كرده‌ فێربوونی ئامێری ( ویلن _ ڤیۆلۆن) له‌سه‌ر ئه‌و ئامێره‌ش ده‌ستم به‌كاركردو شاره‌زایم تێدا په‌یداكرد، هه‌رله‌وشاره‌( ورمێ) عاشقی ئامێری (قانون) بووم، به‌ڵام ئه‌م ئامێره‌ قانون له‌ژێر ده‌ستی مامۆستایه‌كی ئایینزای مه‌سیحی، به‌نێوی( یوحه‌نناخوفری) كه‌ ئێستا ساڵانێكه‌ له‌وڵاتی ( ئوسترالیا) ده‌ژی، به‌هه‌وڵی ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزه‌ سازی قانون زۆرباش فێربووم، جیا له‌و ئامێرانه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند ئامێریكی دیكه‌دا هه‌وڵم دا تافێری ئه‌وانیش بووم وه‌ك ( باغڵه‌مه‌ ، كیبۆرد ، گیتار  و ده‌ف ) و چه‌ند سازی دیكه‌شم ته‌جروبه‌ كرد.

دوای ماوه‌یه‌ك ئاگاداركرام  به‌ڕێز( شكروڵڵای بابان1923_16/11/2012) ڕه‌ئیسی ڕادیۆی ورمێ یه‌، منیش چوومه‌ خزمه‌تیان و خۆم پێناساند و وتم قوربان ، ده‌نگم خۆشه‌و به‌سێ ئامێری مۆسیقا ئاشنام و شاره‌زای ژه‌نینی ئه‌و سێ ئامێره‌ مۆسیقیه‌م، ده‌خوازم له‌خزمه‌تی ئێوه‌دابم و له‌ڕادیۆ خزمه‌ت بكه‌م،

دواتر ئاغای شوكروڵڵای بابان لوتفی زۆری نواند و ڕێزی لێگرتم و ، به‌به‌شی مۆسیقای ڕادیۆی ناساندم و ده‌نگ و ده‌ست و په‌نجه‌ی منیان تاقی كرده‌وه‌، خۆش به‌ختانه‌ توانیم به‌سه‌ركه‌وتوویی له‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا ده‌ربچم و له‌ڕادیۆ وه‌ربگیرێم.

پرسیار :   به‌ڕێزتان ژه‌نیاری ئامێری ( قانون و  ڤیۆلۆنن) كامیان ئامێره‌ دڵخوازه‌كه‌ی به‌ڕێزتانه‌؟

بۆیه‌كه‌م جار وه‌ك ژه‌نیاری مۆسیقا، كه‌ی ده‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ كام له‌هونه‌رمه‌ند و له‌كوێ ؟

_هونه‌رمه‌ند ئیسماعیل شاهی :  دوای ئه‌وه‌ی له‌ڕادیۆ و تلویزیۆنی شاری ورمێ ده‌ستم به‌كاری مۆسیقا كرد، هونه‌رمه‌ند و مامۆستا( قادری سه‌یاحی 4/6/1943_17/4/2022) له‌و كاته‌دا له‌تیپی مۆسیقای ئارته‌ش كاری ده‌كرد، هاوكاری منیش بوو له‌ڕادیۆ و تلویزیۆنی ورمێ ، له‌به‌شی ڕادیۆ به‌ زمانی كوردی كرمانجی ( بادینی) گۆرانیبێژانی پیاو وه‌ك ( نه‌وروزی ، یوسفی و  ) و چه‌ندینی دیكه‌ كه‌ نێویانم له‌یاد نییه‌، له‌ گۆرانیبێژانی ژن یش، ( ئێران مجرد) به‌شداربوو،

مامۆستا قادری سه‌یاحی سازی كلارنێت و منیش ئامێری قانون  و ئاكاردیۆن له‌گه‌ڵ چه‌ند ژه‌نیارێكی ئازه‌ری كاره‌هونه‌رییه‌كانمان به‌ڕێوه‌ ده‌برد، پاش ماوه‌یه‌ك هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( ڕه‌شید فه‌یزنه‌ژاد 1951 سه‌قز) یش له‌شاری ورمێ بوو به‌هاوكارمان.

بۆزیاتر ئاشناكردنی خوێنه‌ران ده‌رباره‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و كاری هونه‌رمه‌ندان له‌ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی ورمێ و پێكهاته‌ی ئه‌و تیپه‌ مۆسیقیه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بابه‌تێك پێشتر ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ند ( قادری سه‌یاحی) نووسیومه‌ له‌وێدا به‌به‌ڵگه‌ ئاماژه‌ به‌ ئه‌ندامانی تیپی مۆسیقای ‌ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی ورمێ ده‌دات :

( له‌شاری ورمێ هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی به‌هۆی به‌هره‌ هونه‌رییه‌كه‌یه‌وه‌ ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ به‌شه‌ هونه‌رییه‌كانی ئه‌و شاره‌( كۆشكی لاوان و یانه‌ی ئه‌فسه‌ران) په‌یداده‌كات ،ئاشنا ده‌بێت به‌ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی ورمێ، گروپێكی مۆسیقا بۆ هه‌ر سێ زمان و هونه‌ری ( كوردی ، توركی و فارسی) داده‌مه‌زرێنێ، ئه‌ركی سه‌ره‌كی وه‌ك سه‌رپه‌رشتیار ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ و به‌ر‌هه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی ئه‌و كاتی ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی ورمێ ده‌كه‌وێته ‌سه‌رشانی هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی ،هونه‌رمه‌ندانی گروپی مۆسیقاو كاره‌ هونه‌رییه‌كان تۆمارده‌كه‌ن، هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی ورمێ له‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ پێكهاتووه‌( قادری سه‌یاحی ژه‌نیار و گۆرانیبێژ و سه‌رپه‌رشتی گرووپی مۆسیقا، ڕه‌شید فه‌یزنه‌ژاد، ئیسماعیلی شاهی، فاروقی مه‌تین ، ئیره‌ج شارۆخ، په‌ری نیكنه‌واز، هیدایه‌ت قانعی و ئه‌سغه‌ر سادقی، گۆرانیبێژانی گرووپ : (مه‌لیحه‌ ئابادی ، ئیران موجه‌ڕه‌د و فه‌ره‌یدون وه‌رده‌)(1).

هونه‌رمه‌ند ئیسماعیلی شاهی، زیاتر ئاشنامان ده‌كات به‌كارو چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی له‌ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی شاری ورمێ و ده‌ڵێت ( ئێمه‌ له‌گروپی مۆسیقای ئازه‌ریشدا له‌گه‌ڵ چه‌ند ژه‌نیارو گۆرانیبێژێكی به‌توانا به‌شداربووین، ناوی گروپه‌كه‌مان له‌زۆر جێگه‌ی ئێران ناسراوبووین، له‌به‌شی سۆرانی من و مامۆستا سه‌یاحی له‌ تلویزیۆن و ڕادیۆدا به‌گۆرانیش به‌شداربووین، ده‌توانم بڵێم ماوه‌ی(10) ساڵ به‌وپه‌ڕی تواناوه‌‌ له‌شاری ورمێ و  زۆرجێگه‌ی دیكه‌ پرۆگراممان هه‌بوو، له‌و ماوه‌یه‌شدا له‌ ڕادیۆ و تلویزیۆنیش خولی مۆسیقامان بۆ منداڵان هه‌بوو وانه‌ی مۆسیقام به‌منداڵان ده‌گوته‌وه‌ ، به‌وشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بووم له‌كارو تێكۆشانی هونه‌ری تاكۆتایی ساڵی( 1353ی هه‌تاوی ) ( 1974ی زاینی) گه‌ڕامه‌وه‌ شاری مه‌هاباد و له‌ئیداره‌ی ئاوی مه‌هاباد ده‌ست به‌كاربووم، له‌و ساڵه‌وه‌ قۆناغێكی دیكه‌ی ژیانی هونه‌ریم ده‌ست پێده‌كات.

پرسیار: ساڵی (1971) ی زاینی ( 1350ی هه‌تاوی) ڕادیۆو ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد ده‌ستی به‌په‌خش و كاری هونه‌ری كردووه‌، ئایا به‌ڕێزتان په‌یوه‌ندیتان به‌ڕادیۆی ناوبراوه‌ وه‌ كرد ،له‌چ ساڵێكه‌وه‌ له‌ ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد كارتان كردووه‌؟

_هونه‌رمه‌ند ئیسماعیل شاهی :  دوای ئه‌وه‌ی گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ شاری مه‌هاباد له‌ساڵی (1354ی هه‌تاوی ) ( 1975ی زاینی) له‌شاری مه‌هاباد، گروپێكی مۆسیقام پێكهێنا و به‌ناوی ئه‌وشاعیره‌ به‌رزه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان (وه‌فایی1844_1902) ناومان لێنا( تیپی مۆسیقای وه‌فایی)، دواتر له‌ڕادیۆ و تلویزیۆنی مه‌هاباد و ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و هونه‌رده‌ستم به‌كاری هونه‌ری كرد، له‌ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر له‌گه‌ڵ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند كاك ( جه‌عفه‌ری مینایی_ 1941مه‌هاباد) كاك جه‌عفه‌ر مامۆستای ( ویلن _ ڤیۆلۆن)  بوو، پێكه‌وه‌ خولی مۆسیقامان كرده‌وه‌ و هه‌ردوكمان وانه‌ی مۆسیقامان به‌ شاگردان ( فێرخوازان) ده‌گوته‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ی ڕادیۆو ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد ده‌ست ده‌كات به‌په‌خشی به‌رنامه‌كانی، له‌ناو ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن  ئۆركێسترایه‌كی مۆسیقا داده‌مه‌زرێنن بۆمه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی كاری مۆسیقا و تۆماركردنی به‌رهه‌م بۆهونه‌رمه‌ندان، ئه‌وهونه‌رمه‌ندانه‌ به‌ده‌ست و په‌نجه‌ زێڕینه‌كانیان خزمه‌تێكی زۆر  به‌هونه‌رمه‌ندان وڕه‌وشی مۆسیقا و گۆرانی ده‌كه‌ن ، هونه‌رمه‌ندانی ئۆركێسترای ڕادیۆو ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد بریتی بوون له‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ :

1/  قادری سه‌یاحی ( كلارنێت ) و ( گۆرانیبێژ)

2/ عه‌زیزی عابید ( فلوت)

3/ فاروفی مه‌تین (  سه‌نتوور )

4 / یوسفی ڕه‌بیعی ( سه‌نتوور )

5/ ڕه‌شید خانی فه‌یزی نه‌ژاد ( كه‌مان)

6/ ئیسماعیلی شاهی  ( قانوون ، ئۆكۆردیۆن و  پیانۆ )

7/ به‌همه‌نی مه‌تڵوب ( تار)

8/ محه‌مه‌دی ساڵحی  ( كه‌مان)

9/ مه‌حمود بلوور (عوود) ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ( نابینابووه‌)

10/ محه‌مه‌د دانش ( عوود)

11/ حوسێنی ڕه‌هبه‌ر ( زه‌ڕب)  ( 2)

پرسیار: ئه‌گه‌ر له‌یادتاندا بێت له‌وسه‌ر‌ده‌مه‌دا كاری هونه‌ریتان بۆ هونه‌رمه‌ندان ئه‌نجام داوه‌ ؟

_هونه‌رمه‌ند ئیسماعیل شاهی :  بێگومان كاری زۆرمان كردووه‌ ، هونه‌رمه‌ندانێكی كه‌له‌وسه‌رده‌مه‌دا كارم له‌گه‌ڵیان كردووه‌ به‌خۆشحاڵییه‌وه‌و بۆهه‌میشه‌ له‌خانه‌ی شانازییه‌ هونه‌رییه‌كانمدایه‌، كارم بۆ تاقمێك له‌مامۆستایانی خۆشه‌ویست و هونه‌رمه‌ندی نه‌ته‌وه‌كه‌م وه‌ك (محه‌مه‌دی ماملێ 1925_23/1/1999 به‌ڕه‌حمه‌ت بێ) ،  ناسری ڕه‌زازی ، حه‌سه‌نی ده‌رزی، ‌ (شه‌هیدجه‌مالی مفتی1956_19/7/1981)، ( عه‌زیز شاهرۆخ) ،( تاهیر خه‌لیلی1956_26/11/2023)،

( سه‌روان محه‌مه‌د ناهید) و ( میكاییل) ، هه‌روه‌ها چه‌ند هونه‌رمه‌ندی دی به‌داخه‌وه‌ ناوه‌كانیان له‌بیرم نایه‌، وه‌ زۆر كاری هونه‌ریم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر سن و صحنه‌( سه‌رشانۆ) و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ی مه‌جلیسی و شه‌وئاهه‌نگ و زۆربه‌رهه‌ممان بۆهونه‌رمه‌ندان تۆماركردووه‌ له‌ ئیستریۆكانی  وه‌ك 

( كه‌ریمی ته‌ڵایی  و مه‌هاباد) له‌شاری مه‌هاباد،له‌گه‌ڵ ئه‌و كارانه‌دا له‌ساڵه‌كانی پێشدا مامۆستا( سه‌لاحی خزری) به‌رنامه‌یه‌كی بۆ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی كوردسات ئاماده‌ده‌كرد، له‌وبه‌رنامه‌یه‌دا گۆرانیبێژانی دیكه‌ غه‌یره‌ شاری خۆمان له‌ باكوری كوردستانه‌وه‌ واته‌ له‌ توركیه‌وه‌ ڕاده‌هاتن، ئه‌من نێوه‌كانیانم له‌بیرنییه‌ ، به‌ڵام له‌وبه‌رنامه‌یه‌دا به‌سازی( قانون) به‌شداربووم ، به‌رنامه‌ی به‌یت و لاوك و حه‌یران بوو تۆمارمان ده‌كرد و بۆ كوردسات ده‌نێردرا و په‌خش ده‌بوو.

پرسیار: تائێستا هیچ ئاوازتان بۆ به‌رهه‌مه‌كانی خۆت، یان هونه‌رمه‌ندان داناوه‌ ؟ كاری ئاماده‌و دابه‌شكردنی مۆسیقاتان بۆهونه‌رمه‌ندان ئه‌نجام داوه‌؟

_هونه‌رمه‌ند ئیسماعیل شاهی :  بۆخۆم كه‌ ژه‌نیاری تیپی مۆسیقای وه‌فایی بووم، گۆرانیبێژی ئه‌وتیپه‌ مۆسیقیه‌ش‌ بووم،جیا له‌گۆرانییه‌كانی خۆم ، لاسایی گۆرانیبێژانی دیكه‌م كردۆته‌وه‌ ، به‌ڵام خۆم ئاماده‌و دابه‌شكردنم به‌شێوه‌ی زانستی مۆسیقا نۆته‌م نوسیوه‌ته‌وه‌،  له‌گه‌ڵ گروپی مۆسیقای ڕادیۆ و تلویزیۆنی مه‌هاباد تۆمارمان كردووه‌، وه‌ك چه‌ند ئاوازێك ( دایه‌ ، بێ تۆ ، چاوه‌ڕێ ، بابه‌گیان، سه‌ربازی).

پرسیار: ده‌كرێت بۆمان ڕوون بكه‌یته‌وه‌ ده‌رباره‌ی گۆرانی سه‌ربازی بۆ؟ په‌یوه‌سته‌ به‌ژیانی ڕابردووی به‌ڕێزتان؟

_هونه‌رمه‌ند ئیسماعیل شاهی :  نه‌خێر پێوه‌ندی به‌ڕابردووی خۆمه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو ئه‌و ئاوازه‌ له‌هه‌ست و سۆزو ناخی باوكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ كه‌ كوڕه‌ی چۆته‌ سه‌ربازی و لێی دووركه‌وتۆته‌وه‌ هه‌میشه‌ چاوه‌ڕێیه‌ به‌سڵامه‌تی بگه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌و ئاوازه‌ ئه‌و كاته‌ خوڵقا كه‌ كوڕه‌كه‌م ده‌چووه ‌سه‌ربازی ، له‌تاوی دووركه‌وتنه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌م ئه‌وهه‌سته‌ له‌ناخمدا سه‌ری هه‌ڵداو هه‌ڵبه‌ست و ئاوازه‌كه‌م بۆسازكرد ، له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای ڕادیۆ و تلویزیۆن تۆمارمان كرد، هه‌ركات ئه‌و گۆرانییه‌ له‌ڕادیۆوه‌ بڵاوده‌بۆوه‌، بنه‌ماڵه‌یه‌كی زۆر كه‌ كوڕیان بۆنه‌ته‌‌ سه‌رباز ، هۆنراوه‌ و میلۆدییه‌كه‌ هه‌ستی ده‌جوڵاندن و  سۆزی دایك و باوكه‌كان  ده‌بزووت ده‌بووه‌ گریان، ڕۆژی دوایی له‌شه‌قام كه‌ ده‌یان دیتم ماچیان ده‌كردم و ده‌یانگوت به‌هه‌ست و سۆز و ئاوازه‌ت دڵ فێنك و ئارام كردینه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌پرسیاره‌كه‌تان، جیا له‌وبه‌رهه‌م و كارانه‌ی خۆم، بۆچه‌ند گۆرانیبێژێك وه‌ك ( محه‌مه‌د دانش1945_12/9/2015) ، ( ئه‌حمه‌دی ئیسلامی ، كاوه‌ چه‌له‌بی ، تیشكۆ) و چه‌ندگۆرانیبێژێكی دی ئاواز دانان و دابه‌شكردنی مۆسیقام هه‌بووه‌،  كه‌ بۆ ‌ڕادیۆ و تلویزیۆن و سه‌ر ئیسته‌یج و مه‌راسیم ،

په‌یوه‌ندیم كرد به‌ هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیارو ده‌نگخۆش

( ئازاد قه‌ره‌داخی) ده‌رباره‌ی ‌كارو تێكۆشان و كه‌سایه‌تی هونه‌رمه‌ند ئیسماعیلی شاهی، پێی ڕاگه‌یاندم ( هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و گۆرانیبێژ و ئاوازدانه‌ر كاك ئیسماعیلی شاهی، یه‌كێكه‌ له‌هونه‌رمه‌نده‌ ئازیز و ده‌ست و په‌نجه‌ هونه‌رییه‌ جوانه‌كانی شاری مه‌هاباد، به‌نده‌ خۆشحاڵم  كه‌له‌نزیكه‌وه‌ به‌خزمه‌تی گه‌یشتووم و كاری هونه‌ریمان پێكه‌وه‌ ئه‌نجام داوه‌، تابڵێی كه‌سایه‌تیه‌كی زۆرباش و هێمن و ئارام ، قسه‌خۆش و زمانشیرین، به‌هه‌موو واتایه‌ك هونه‌رمه‌نده‌، جیاله‌وه‌ی ژه‌نیارێكی زۆرباشی ئامێری ( قانون و ڤیۆلۆن و ئۆكۆردیۆن) ه‌ ، به‌ڵام ئاوازدانه‌رێكی باشیشه‌ ، ئاگادارم له‌م ساڵانه‌ی دواییدا زۆركاری له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند( محه‌مه‌د دانش) (به‌ڕه‌حمه‌ت بێ) كردووه، ته‌نانه‌ت زۆر ئاوازی بۆ ڕه‌حمه‌تی داناوه‌، دێته‌وه‌ یادم له‌كۆتایی ساڵی (1992) بوو له‌خزمه‌ت كاك ئیسماعیلی شاهی دابووم له‌ماڵی كاك ( قادری ڕه‌سوڵی) خاوه‌نی ئیستریۆ مه‌هاباد، نه‌وارێكمان بۆهونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و هاوڕێی ئه‌زیزم كاك( حه‌سه‌نی ده‌رزی) تۆماركرد به‌هاوكاری ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ خۆشه‌ویستانه‌ :

( ڕه‌شیدفه‌یزنه‌ژاد  _ ڤیۆلۆن)

(ئیسماعیلی شاهی _قانون)

(ئیبراهیمی شاهی _ زه‌ڕب) ، بۆخۆشم به‌ئامێری (عود) به‌شداربووم) (3) .‌

پرسیار:  تائێستا له‌هیچ بۆنه‌و فیستڤاڵ و ئاهه‌نگ و یاده‌وه‌رییه‌ك له‌ناو شاری مه‌هاباد یان ده‌ره‌وه‌ی شاری مه‌هاباد به‌شداریتان هه‌بووه‌، له‌كوێ و له‌گه‌ڵ كام هونه‌رمه‌ند؟

_هونه‌رمه‌ند ئیسماعیل شاهی : له‌ساڵه‌كانی ( 1368و 1369ی هه‌تاوی ) ( 1989 و 1990ی زاینی ) له‌گه‌ڵ گروپی ( سه‌لاح الدینی ئه‌یوبی _ مه‌ركه‌زی ئینتیشاراتی سروه‌) بۆ بیره‌وه‌ری ساڵیادی بۆمبارانی هه‌ڵه‌بجه‌(16/3/1988) به‌هاوڕێیه‌تی هونه‌رمه‌ندان

( قادری سه‌یاحی و ڕه‌شید فه‌یزنه‌ژاد) و چه‌ند ژه‌نیارێكی ئازه‌ری چوومه‌ هه‌ردوو وڵاتی ( ئه‌ڵمان و ئۆتریش( نه‌مسا) له‌هه‌ریه‌ك له‌و وڵاتانه‌ بۆماوه‌ی ده‌ ڕۆژ چه‌ند پرۆگرامان پێشكه‌شی كورده‌كانی تاراوگه‌ كردووه‌،له‌ناو ئێرانیش له‌چه‌ند كێبه‌ڕكێ و فیستوال به‌شداربووم،له‌كێبه‌ڕكێی ئاوازی محه‌لی‌ (فه‌جر)   له‌تاران له‌گه‌ڵ گروهی وه‌فایی به‌شداربووین، هه‌وه‌ڵی ئاواز و ده‌نگ و ژه‌نیاری قانون  و قاله‌ مه‌ڕه‌ له‌ژه‌نیاری شمشماڵ، میدالیای زێڕمان له‌نێو به‌شداری (57) شاری ئێران وه‌رگرتووه‌،

ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا

( حه‌مه‌ جه‌زا3/2/1949_1/10/2010) له‌هه‌ردوو وڵاتی (ئاڵمان و ئۆتریش) بڕیاربوو له‌گه‌ڵمان به‌شداربێت ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ (ویزا _ ڤیزا) یان پێنه‌دا له‌و گه‌شته‌ هونه‌رییه‌دا هاوڕێ و هاوكارمان بێت،  له‌بیرم بێ له‌نێوانی ساڵه‌كانی (1358 هه‌تا 1361)  ( 1979 هه‌تا 1982ی زاینی ) چه‌ند پرۆگرام و ئاهه‌نگی نێو ماڵان و شه‌و‌ ئاهه‌نگ  و سه‌رشانۆ له‌گه‌ڵ مامۆستایانی هونه‌ر

( محه‌مه‌دی ماملێ ، ناسری ڕه‌زازی ، تاهیری خه‌لیلی ، جه‌مالی مفتی ، ئیبراهیمی قادری ، ( مه‌لاحوسێنی عه‌بدوڵڵازاده‌ 1923_26/11/1988) ، ( جه‌عفه‌ری ماملێ ) و میكایل و چه‌ند هونه‌رمه‌ندی دیش هه‌بووه‌.

پرسیار: وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی به‌ئه‌زموون و خاوه‌ن مێژوویه‌ك له‌بواری ژه‌نینی ئامێره‌كانی مۆسیقا، به‌ده‌نگی كام له‌هونه‌رمه‌ندانی گه‌له‌كه‌مان سه‌رسامیت ؟

_هونه‌رمه‌ند ئیسماعیل شاهی :ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت من به‌ده‌نگی هه‌رهونه‌رمه‌ندێكی كه‌ ده‌نگی سۆزی هه‌بێ و له‌مۆسیقادا به‌باشی شاره‌زا بێ سه‌رسامم و ده‌نگیم پێ خۆشه‌، وه‌ك مامۆستا ( تایه‌ر تۆفیق 1922_20/10/1987) ، مامۆستا ( مه‌زهه‌ری خالقی 1938 سنه‌) ،  مامۆستا (ناسری ڕه‌زازی 1955 سنه‌) ، وه‌مامۆستایانی دیكه‌ وه‌ك ( نه‌جمه‌دینی غوڵامی 1958سنه‌)  ،(به‌هجه‌ت یه‌حیا ، میكاییل ، هێمن حوسێن ، ئه‌یوب عه‌لی ) و زۆر له‌وكه‌سانه‌ی ئه‌و حوسنه‌یان هه‌بێ.

پرسیار : خوێندنه‌وه‌تان بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌نج و لاوانه‌ی ئه‌مڕۆی دنیای ئاواز و مۆسیقای كوردی چیه‌ ؟

_هونه‌رمه‌ند ئیسماعیل شاهی : سه‌باره‌ت به‌گه‌نجی ئێستا ئه‌وانه‌ بۆخۆیان شێوه‌یه‌ك و سه‌بكێكی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌ ،ئه‌گه‌ر ئه‌و جه‌وانانه ‌فۆلكلۆری ئێمه‌ ڕابگرن و بتوانن ئه‌و ئاهه‌نگانه‌ی كه‌ ته‌نزیمی ده‌كه‌ن بۆنی وان بدات و بۆخۆمان ناتوانین بڵێین  ئۆروپایین وه‌ك ئه‌وروپاییه‌ك ئاهه‌نگ به‌سه‌بكی ئه‌وان سازبكه‌ین، ئه‌وان بۆخۆیان نه‌ژادی خۆیان و مه‌رامی خۆیان هه‌یه‌، ئه‌و گه‌نجانه‌ ده‌نگخۆشیشیان تێدایه‌ و هه‌ندێكیشیان ڕه‌چاوی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ده‌كه‌ن كه‌ بێنه‌ فۆلكلۆر و مۆسیقای كوردی له‌وێدا جێ بكه‌نه‌وه‌ به‌سه‌بكێكی نوێ ، من هیچ مه‌خاله‌فه‌تێكم ‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا نییه، نه‌وه‌ی نوێ ئێستا زۆر شتی قه‌دیمیان قه‌بووڵ نییه‌ ..؟! هه‌موویان پێ خۆش نییه‌! به‌ڵام ئه‌من بۆخۆم قوتابی هونه‌ریم هه‌یه‌ كه‌وانه‌ی مۆسیقایان پێده‌ڵێم، زۆر وه‌خت پێیان ده‌ڵێم چ گۆرانییه‌ك، چ میلۆدییه‌كتان پێ خۆشه‌ ئه‌من بۆتان بنووسمه‌وه‌ به‌نۆته‌وه‌، له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێن : فڵان ئاهه‌نگی مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ك ، یان فڵان ئاهه‌نگی مامۆستا محه‌مه‌دی ماملێ ئه‌وانه‌ش هه‌ن له‌ونێوانه‌دا، تیایان دایه‌ هه‌ر به‌گیتارێ گۆرانییه‌ك ئیجرا ده‌كه‌ن ، زۆرجوان و زۆر خۆش دێته‌ده‌رێ.

پرسیار: به‌ڕێزتان گۆرانیشتان خوێندووه‌، له‌كاتی تۆماركردنی به‌رهه‌مه‌كانت كێ له‌هونه‌رمه‌ندان هاوكارت بوون وه‌ك ژه‌نیار ؟

_هونه‌رمه‌ند ئیسماعیل شاهی :

به‌ڵێ گۆرانیشم گوتووه‌، له‌ساڵی (1991) له‌كاتی كۆڕه‌وه‌كه‌ی خه‌ڵكی باشوور، كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند هاتبوونه‌ مه‌هاباد و میوانی ئێمه‌ بوون، زۆریشمان ڕێزگرتن و زۆریشمان خۆش ده‌ویستن، ئه‌من له‌گه‌ڵ ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ دوو دانه‌ سێدێم له‌و كاته‌دا به‌رهه‌م هێنا ، ئه‌من وه‌ك گۆرانیبێژ و ئه‌و  هونه‌رمه‌نده‌ ئازیزانه‌ وه‌ك ژه‌نیار، ئێستاش هه‌موویانم خۆش ده‌وێت و بۆهه‌میشه‌ له‌یادمن، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ كه‌هاوكارم بوون بریتی بوون له‌ :

هونه‌رمه‌ند (عه‌دنان كه‌ریم) ئامێری (عود) ی ده‌ژه‌نی ، زۆرم خۆش ده‌وێ و ده‌نگیشیم زۆر پێ خۆشه‌.

هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ كاكه‌ ( دڵزار یاسین) به‌ڕه‌حمه‌ت بێ و یادی به‌خێر، ئامێری ( ڤیۆلۆن) ی ده‌ژه‌نی .

هونه‌رمه‌ند ( سه‌رتیپ ئه‌حمه‌د _ سه‌رتیپ باب سه‌ردار) ئامێری (فلوت) ی ده‌ژه‌نی .

هونه‌رمه‌ند ( ڕزگار) ئامێری (باغڵه‌مه‌)

هونه‌رمه‌ند ( ڕه‌وه‌ز) ئامێری ( ڤیۆلۆن) .

هه‌روه‌ها برای هونه‌رمه‌ند ( حسێنی ڕه‌هبه‌ر) ئامێری ( زه‌ڕب) هاوكارم بوو.

ئه‌و دوودانه‌ سیدیه‌ له‌تۆمارگای ( ته‌ڵایی) به‌ڕه‌حمه‌ت بێ كاك ( كه‌ریمی ته‌ڵایی 1947_26/10/2021) هاوكاربوو به‌تۆماركردنی ده‌نگ، له‌ژیانی هونه‌ریمدائه‌و گۆرانییانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و هونه‌رمه‌ند و مامۆستایانه‌ تۆماركر ، زۆر بایه‌خدار و شیرینن له‌لام شیعر و ئاوازه‌كان خۆم ئاماده‌م كردبوو، به‌ڵام ئه‌وانیش به‌ده‌ست و په‌نجه‌و هه‌سته‌ هونه‌رییه‌كه‌یان تام و بۆنێكی هونه‌ریی جوانیان به‌خشییه‌ گۆرانییه‌كانم.

هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( سه‌رتیپ باب سه‌ردار) له‌وباره‌یه‌وه‌پێی ڕاگه‌یاندم ( مامۆستا ئیسماعیلی شاهی، یه‌كێكه‌ له‌هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌كانی كورد ، ماوه‌یه‌كی زۆر سه‌رپه‌رشتی تیپی مۆسیقای وه‌فایی ده‌كرد، كه‌سێكی زۆرقسه‌خۆش و هه‌میشه‌ دۆستی هه‌مووان بوو، نه‌وازنده‌ی قانون بوو ، گۆرانیبێژ و ئاوازدانه‌ریش بوو ، من به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ توانیم له‌یه‌كێك له‌به‌رهه‌مه‌كانی به‌شداربم له‌ماڵی خۆیان تۆمارمان  كرد و له‌لایه‌ن خوالێخۆشبوو كاك ( كه‌ریمی ته‌ڵایی) (4).

پرسیار :سه‌باره‌ت به‌ هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌ت حه‌سه‌ن زیره‌ك چی ، ئایا له‌نزیكه‌وه‌ به‌دیداری شادبوون ، یان كاری هونه‌ریتان له‌گه‌ڵ ئه‌نجام نه‌داوه‌ وه‌ك ژه‌نیار ؟

_هونه‌رمه‌ند ئیسماعیل شاهی :

به‌وجۆره‌ی بڵێم ئه‌من به‌رنامه‌م له‌گه‌ڵ مامۆستاو هونه‌رمه‌ند (حه‌سه‌ن زیره‌ك 1921_26/6/1972)  ئیجرا كردبێ ناوه‌ڵا..!

ئه‌و ده‌می من ماڵم له‌ ( ورمێ) بوو ، ئه‌وكاته ئه‌و سه‌ردانی عێراقی ده‌كرد و ده‌هاته‌وه‌ ئێرانێ  و ده‌چووه‌ ته‌ورێزێ، ئه‌من فه‌قه‌ت حه‌سه‌ن زیره‌كم وه‌ك ئه‌وانه‌ی لێی دووربوون ناسیوه‌، به‌ڵام به‌ڕاستی ئه‌من ئیمانم پێی هه‌بووه‌ ئه‌و موعجیزه‌یه‌ك بوو بۆخۆی، له‌ئێستادا زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان چاو له‌و ده‌كه‌ن به‌ڵام ناگه‌نه‌ حه‌سه‌ن زیره‌ك، چونكه‌ ئه‌و بێ سه‌وادبوو، به‌ڵام خاوه‌نی هه‌ستێكی به‌رزی هونه‌ری بوو، هه‌رگیز وێنه‌ی نابێته‌وه‌، له‌بیرمه‌ جارێكیش هاتبووه‌ ورمێ له‌گه‌ڵ ئاغای

( سه‌یدڕه‌حیمی قوڕه‌یشی 1930_8/6/1991)له‌گه‌ڵ گروپێك دا ئاهه‌نگیان سازكردبوو ، هه‌تا ئه‌من چووم  سه‌ردانیان بكه‌م ، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وان ڕۆیشتبوونه‌وه‌.

پرسیار :   دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ خزمه‌تكردن ئێستابه‌چیه‌وه‌ سه‌رقاڵن؟

_هونه‌رمه‌ند ئیسماعیل شاهی :

ئێستا من خانه‌نشینم ، ته‌نها خۆم بۆ مۆسیقا و وتنه‌وه‌ی وانه‌ی مۆسیقا ته‌رخان كردووه، له‌ شاری مه‌هاباد كاری مۆسیقا ده‌كه‌م و كڵاسم هه‌یه‌ و قوتابیم هه‌یه‌ وانه‌ی مۆسیقا به‌شێوه‌ی زانستی پێیان ده‌ڵێمه‌وه‌ له‌سه‌ر سازه‌كانی ( باغڵه‌مه‌ ، ڤیۆلۆن ، گیتار، ئۆكۆردیۆن و كیبۆرد ).

له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند ئیسماعیلی شاهی  هاوسه‌رگیری كردووه‌، به‌روبوومی ئه‌و ژیانه‌ هاوبه‌شه‌ ( دوو كچ و كوڕێكه‌ )

_هونه‌رمه‌ند ئیسماعیل شاهی : له‌ساڵی ( 1352ی هه‌تاوی ، 1973 ی زاینی) له‌گه‌ڵ خانمێكی بۆكانی زه‌واجم  كردووه‌ ، خاوه‌نی سێ منداڵم ( دوو كچ و كوڕێك) .

پرسیار :  ئایا هیچ یه‌كێك له‌جگه‌رگۆشه‌كانت په‌یوه‌ندییان به‌كاری هونه‌رییه‌وه‌ نییه‌؟

_هونه‌رمه‌ند ئیسماعیل شاهی :  به‌داخه‌وه‌ هیچ یه‌كێك له‌منداڵه‌كانم ئه‌و ڕێگایه‌یان نه‌گرتۆته‌ به‌ر ، به‌ڵام عاشقی مۆسیقا و ئاواز و گۆرانی كوردین  و ڕێزو حورمه‌ت بۆ فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یان داده‌نێن.

دوای ئه‌و وتوێژه‌ و هه‌ڵه‌چنی بابه‌ته‌كه‌ ،  له‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ (21/1/2024) زه‌نگی مۆبایله‌كه‌م لێدرا، گوێم له‌ده‌نگی خۆشیی هونه‌رمه‌ند ئیسماعیلی شاهی بوو، مژده‌ی ئه‌وه‌ی پێدام كه‌ به‌یانی واته‌ دووشه‌ممه‌ به‌ره‌و هه‌ولێری پایته‌خت به‌ڕێ ده‌كه‌وم و پێم خۆشه‌وه‌ له‌نزیكه‌وه‌ بتان بینم، خۆش به‌ختانه‌ ڕۆژی سێ شه‌ممه‌ (23/1/2024) له‌ مه‌راسیمی (25) ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر كۆچی دوایی گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ند ( محه‌مه‌دی ماملێ)  و به‌خشینی خه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی ماملێ به‌هونه‌رمه‌ند

( شڤان په‌روه‌ر) له‌هۆڵی ڕۆشنبیری هه‌ولێر به‌دیداری هونه‌رمه‌ند ئیسماعیلی شاهی و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌ كه‌له‌شاری مه‌هاباده‌وه‌ ته‌شریفیان هێنابوو بۆ ئه‌و مه‌راسیمه‌‌، دوای هه‌واڵ پرسینی باری ته‌ندروستیان و به‌خێرهاتنی بۆ هه‌ولێری پایته‌خت ده‌م و دوویه‌كی كورتمان پێكه‌وه‌ ده‌رباره‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ری به‌ڕێزییان ئه‌نجامدا و زۆر خۆشحاڵ و ئه‌مه‌كداربوو به‌رامبه‌ر به‌و وتووێژه‌، هیوای سه‌لامه‌تی و ته‌مه‌نداری و پڕ ته‌ندروستی  بۆ هونه‌رمه‌ند ئیسماعیلی شاهی و سڵاو له‌مێژووی هونه‌ری به‌رزیان.

جه‌مالی ده‌لاك (23/1/2024) هه‌ولێر.

سه‌رچاوه‌:

(1) قادری سه‌یاحی .ئه‌وهونه‌رمه‌نده‌ی گۆرانییه‌كانی له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ناوی سه‌عیدی قه‌ندی بڵاوكرایه‌وه‌ ، ( جه‌مالی ده‌لاك) سایتی كه‌ناڵی ئاسمانی  كوردستان

https://kurdistantv.net/ku/news/191135 !

(2) هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د دانش ، دیمانه‌ :

 وریا ئه‌حمه‌د، گۆڤاری چلاواز، ژماره‌ (46) كانوونی یه‌كه‌می (2009) لاپه‌ڕه‌ ( 36 و 38) .

(3)په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (ئازادقه‌ره‌داخی) ڕۆژی شه‌ممه‌ ، ڕێكه‌وتی (6/1/2024).

(4) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( سه‌رتیپ باب سه‌ردار، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ،(7/1/2024) ( هه‌ولێر_ ئه‌ڵمانیا).

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.