Erbil 7°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 06:38

چالاك سدیق .. ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی به‌رده‌وامه‌ له‌ ساغكردنه‌وه‌ی ڕه‌سه‌نایه‌تی ...!

کوردستان TV
100%

شاری كه‌ركوك له‌بواری هونه‌رمه‌ندو ده‌نگبێژانی مه‌قام و به‌سته‌وه‌ مێژوویه‌كی زۆر دێرینی هه‌یه‌، كه‌ركوك و ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان به‌گشتی زێدی ده‌یان ده‌نگ زوڵاڵ و هه‌ست بزوێنه‌ له‌ مه‌قام چڕین و به‌سته‌ خۆشه‌كانی ناوچه‌كه‌، له‌بواری هونه‌ری ژه‌نینی ئامێره‌كانی مۆسیقادا ئه‌و شاره‌ دێرینه‌ی كوردان و ناوچه‌ی گه‌رمیان هه‌ژار نییه‌ به‌ڵكو خاوه‌نی چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی ده‌ست و په‌نجه‌ڕه‌نگین و زێڕینه‌، یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده‌ دیارانه‌ی شاری كه‌ركوك، پاراستن و پێشخستنی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردۆته‌ خه‌مێكی گه‌وره‌و ، هه‌رده‌م وێڵه‌ به‌دوای دۆزینه‌وه‌ و ساغكردنه‌وه‌ی ڕه‌سه‌نایه‌تی له‌فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و  مه‌قام و به‌سته‌ی ناوچه‌ی گه‌رمیان و شاری كه‌ركوك به‌تایبه‌تی و كوردستان به‌گشتی، ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( چالاك سدیق) ه‌.

كورد واته‌نی ( سه‌فه‌ر و مامه‌ڵه‌ سه‌نگی مه‌حه‌كه‌) تا سه‌فه‌رێك و مامه‌ڵه‌یه‌ك له‌ته‌ك ئه‌م مامۆستا ئازیزه‌دا نه‌كه‌یت، بۆت ده‌رناكه‌وێت كه‌ چ گه‌نجینه‌یه‌كی به‌نرخه‌، خاوه‌نی چ هه‌ست و سۆزێكی پڕ له‌خۆشه‌ویستییه‌ بۆ نیشتمان و بۆ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، كاتێك ده‌دوێ و خوێندنه‌وه‌ و شیكارییه‌ك بۆ مه‌قام ، به‌سته‌ یان هونه‌رمه‌ندێك ده‌كات ، هه‌رشیرینه‌ گوێی بۆ ڕادێری و له‌ڕێی زمانه‌ پاراوه‌ كوردییه‌كه‌یی و زانیارییه‌ ورده‌كه‌یه‌وه به‌شێوه‌یه‌ك ڕۆده‌چێته‌ قوڵایی بابه‌ته‌كه‌وه‌‌، ئارامیی ده‌به‌خشێت و له‌گه‌ڵ هه‌سته‌ جوانه‌كه‌یدا ئاوێته‌ی دنیای هونه‌ری مۆسیقا و مه‌قام و ئاواز و ناساندنی هونه‌رمه‌ندانت ده‌كات، من بۆخۆم زۆر جار هانام بردۆته‌ به‌رقاپی هه‌ستی‌ لێوڕێژ له‌ زانیارییه‌ به‌سووده‌كانیو  به‌لوتفه‌وه ‌كۆمه‌كی كردووم،

به‌ئه‌ركی سه‌رشانم زانی بتوانم له‌ڕێی هه‌ست و خامه‌كه‌مه‌وه‌ كه‌مێك خزمه‌ت به‌و مرۆڤه‌ هونه‌رمه‌نده‌ پڕ به‌خششه‌ بكه‌م ، ماوه‌ی ساڵانێكه‌ له‌بواری هونه‌ری مۆسیقا و ژه‌نینی ئامێری ( ڤیۆلۆن) ه‌كه‌یی و ئاوازدانان و ئاماده‌و دابه‌شكردنی مۆسیقای گۆرانییه‌وه‌ ئه‌سپی خۆی له‌مه‌یدانه‌ به‌رینه‌كه‌ی هونه‌ردا تاو داوه‌ و، له‌سیمایدا دیاره‌ كه‌ به‌ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ده‌زانێ كه‌ خزمه‌ت به‌هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكات ، بۆئه‌وه‌ی خوێنه‌رانی ئازیز ، زیاتر ئاشنابن به‌ ژیان و تێكۆشانی هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند و مامۆستا چالاك سدیق ، به‌پێویستم زانی له‌ڕێی چه‌ند پرسیارێكه‌وه‌ گوزه‌رێك  به‌ ناو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ریی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ خۆشه‌ویسته‌ی نێو هونه‌رمه‌ندان و هه‌وادارانی هونه‌ر دا بكه‌ین.

 هونه‌رمه‌ند و مامۆستا چالاك سدیق ....

له‌كۆتا ڕۆژه‌كانی ساڵی (1965) په‌روه‌ردگاری میهره‌بان كۆرپه‌یه‌ك ده‌به‌خشێته‌ خانه‌واده‌ی پێشمه‌رگه‌و تێكۆشه‌ر و كوردپه‌روه‌ر( سدیق حه‌سه‌ن) ناسراو به‌ ( مه‌لاسدیق باوه‌یی)  له‌ئاوایی( قرخ) ی سه‌ربه‌پارێزگای كه‌ركوكی كوردان، ئه‌م كۆرپه‌ شیرینه‌ ناو ده‌نێن( چالاك) بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ چوست و چالاك بێت، واته‌ هونه‌رمه‌ند ( چالاك سدیق حه‌سه‌ن) له‌ڕێكه‌وتی ( 31/12/1965) له‌خانه‌واده‌یه‌كی ڕۆشنبیر و هونه‌ردۆست و پێشمه‌رگه‌و كوردپه‌روه‌ر چاوی پشكوتووه‌‌.

ده‌رباره‌ی كه‌سایه‌تی باوكی و خانه‌واده‌كه‌یی له‌هونه‌رمه‌ندم پرسیی ( كاتێك باوكم ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ دایكم پێكهێناوه‌، باوكم پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول و له‌مه‌ته‌رێزی به‌رگری له‌ خاكدابووه‌، كه‌سێكی كوردپه‌روه‌ر و نیشتمان په‌روه‌ر ‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌سێكی ڕۆشنبیر و كۆمه‌ڵایه‌تی و زۆر حه‌زی له‌ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و ، تامه‌زرۆی ده‌نگی مامۆستا( عه‌لی مه‌ردان) بووه‌،

خانه‌واده‌كه‌مان پێكهاتووه‌ له‌ (5برا و 4 خوشك) باوكم له‌دوای ساڵی (1975) وه‌ وه‌كو به‌ڵێنده‌ر له‌بواری بیناسازی دا له‌شاری كه‌ركوك كاری كردووه‌ و كه‌سێكی ڕه‌نجده‌ر و زه‌حمه‌تكێش بووه‌  ، به‌ڵام هه‌رگیز له‌په‌یوه‌ندی به‌ڕێكخستن و شۆڕشی كورده‌وه‌ دانه‌بڕاوه‌‌ و هه‌میشه‌ هاوسۆزی كێشه‌ی ڕه‌وای میلله‌ته‌كه‌ی بووه‌، به‌رده‌وام له‌ماڵه‌وه‌ ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ندان و مه‌قامه‌ گه‌رمیانییه‌كان ده‌بیسترا به‌گشتی و به‌تایبه‌ت ده‌نگی مامۆستا (عه‌لی مه‌ردان 1904_ 24/7/1981)  .

هونه‌رمه‌ند چالاك سدیق ، منداڵێكی هێمنی ناو ئه‌و خانه‌واده‌ ڕۆشنبیر و زه‌حمه‌تكێش و هونه‌ردۆسته‌ بووه‌، له‌ساڵی ( 1971_1972) وه‌ك هه‌موو منداڵێكی ئاسایی خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن ، یه‌كه‌م قوتابخانه‌ تێیدا ناونووس كراوه‌ بۆ په‌روه‌رده‌و فێربوون، قوتابخانه‌ی( شۆریجه‌) ی تێكه‌ڵاو بووه‌ له‌شاری كه‌ركوك ،

ئه‌و زاده‌ی خانه‌واده‌یه‌كی هونه‌ردۆست و ڕۆشنبیر بووبێ ، بێگومان له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی به‌شداری چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی قوتابخانه‌كه‌ی كردووه‌ ؟!

له‌وه‌ڵامدا پێی ڕاگه‌یاندم ( به‌ڵێ به‌شداریم كردووه‌ و یه‌ك دوو جارێك گۆرانیشم  گوتووه‌ له‌ قوتابخانه‌) .

هونه‌رمه‌ند دواتر له‌ساڵی (1979_1980) له‌ئاماده‌یی (ئیمام قاسم) له‌شاری كه‌ركوك درێژه‌ی به‌خوێندن داوه‌.

هێشتا ته‌مه‌نی (13) به‌هار بووه‌ ، له‌ساڵی (1978) كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌ری مه‌قام و گۆرانییه‌كانی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( عه‌لی مه‌ردان)  و حه‌زو ئاره‌زووی بۆ دنیای هونه‌رله‌هه‌ست و ناخیدا چرۆ ده‌كات و گه‌ره‌كیه‌تی درێژه‌ به‌خوێندن بدات به‌ڵام له‌په‌یمانگای تایبه‌ت به‌مۆسیقا،

ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌شاری كه‌ركوك كۆمه‌ڵێك مامۆستا و هونه‌رمه‌ندی مۆسیقی هه‌بوون وه‌ك شاره‌ی ( سلێمانی و هه‌ولێر)  له‌خه‌می منداڵان و مێرد منداڵان دا بوون كه‌ به‌شێوه‌ی ( گوێگرتن _ سه‌ماعی) وانه‌ی مۆسیقایان وتۆته‌وه‌، هونه‌رمه‌ند چالاك سدیق به‌رله‌وه‌ی به‌ره‌و په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان به‌ڕێ بكه‌وێت ماوه‌ی ساڵێك خۆی ئاشناكردووه‌ به‌ مه‌قام و مۆسیقا ، زۆر به‌ڕاشكاوانه‌ هونه‌رمه‌ند باس له‌و مامۆستا دڵسۆزانه‌و ئه‌و ڕۆژگاره‌ ده‌كات كه‌ چۆن سوودی لێوه‌رگرتوون ( له‌وسه‌رده‌مه‌دا له‌شاری كه‌ركوك كۆمه‌ڵێك مامۆستا هه‌بوون وه‌ك( جه‌لال سۆده‌چی و جه‌لال وه‌ندی) ئه‌م مامۆستا به‌ڕێزانه‌ به‌شێوه‌ی سه‌ماعی وانه‌ی مۆسیقایان وتۆته‌وه‌‌،له‌سه‌ر ڕێگه‌و شێوازی چڕینی مه‌قامه‌كان و پشت به‌ستن به‌گوێ، هه‌روه‌ها مامۆستا (قادر مه‌ردان1938_7/6/2014) وانه‌ی مۆسیقای به‌كۆمه‌ڵێكمان وتۆته‌وه‌ به‌تایبه‌تی من بۆخۆم ساڵێ پێش په‌یمانگا، به‌نۆته‌ی ئه‌كادیمی ئامێری كه‌مان زۆر سوودم لێ بینیوه‌، یه‌كه‌م مامۆستا (جه‌لال سۆده‌چی)  به‌شێوه‌ی گوێچكه‌ و مه‌قام ،  نابێت ڕۆڵیان له‌یاد بكه‌ین به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ند (شه‌وكه‌ت ڕه‌شید1930_17/4/1991) گه‌لێك فێرخوازیان پێگه‌یاند، من یەكێك بووم لەخوێندكارەكانی مامۆستا قادر مەردان نزیكەی ساڵێك وانەكانی سەرەتای فێربوونی (كەمان ڤایۆلین) لای مامۆستا قادر مەردانی ڕەحمەتی خوێند بەو هۆیەوە بەبێ دوودڵی لەپەیمانگای هونەرەجوانەكانی موسڵ وەرگیرام، پارچەیەك مۆسیقای بەنۆتە پێ لەبەركردم له‌ كتێبی ( فێربوونی كه‌مانچه‌)ی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( سه‌لاح ڕه‌ووف)  دەرسم لەسەر ئەخوێند ، له‌و كتێبه‌دا پارچه‌یه‌ك مۆسیقای مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( ولیەم یوحنا 1934_14/9/2005) تیابوو بە ناوی ( شیرین ) بۆ چاوپێكەوتنەكەی پەیمانگا بەو هۆیەوە دووەم ناو بووم كە فەزڵەكەی ئه‌گه‌ڕێنمه‌وه‌بۆ مامۆستا قادر مەردانی خۆشەویست كە من قەت لەیادی ناكەم).

هونه‌رمه‌ند چالاك سدیق بۆخوێندنی ساڵی (1982 بۆ1983) له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی (موسڵ) له‌به‌شی مۆسیقا وه‌رده‌گیرێت، ئه‌و ماوه‌یه‌ش قۆناغێكی گرنگه‌ له‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند،چونكه‌ له‌ڕووی زانستی مۆسیقاوه پاشخانی هونه‌ری خۆی زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌كات و هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی فراوانی له‌گه‌ڵ هاوڕێ قوتابییه‌كانی زیاتر ده‌بێت به‌تایبه‌ت  قوتابیانی (سلێمانی و كۆیه‌ و هه‌ولێر و ڕواندز) كه‌ تائێستا ئه‌وپه‌یوه‌ندییه‌ هاوڕێی و هونه‌رییه‌ زۆر به‌هێز و پته‌وه‌ و به‌رده‌وامه‌، هونه‌رمه‌ند  نایشارێته‌وه‌ و زۆر به‌ڕاشكاوی ئاماژه‌ به‌ڕۆڵی دڵسۆزانه‌ی مامۆستاو نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند ( ئه‌حمه‌دالجوادی  1953_2020) ده‌دات له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی موسڵ مامۆستای بووه‌ و زۆر سوودی لێوه‌رگرتووه‌،

 له‌ماوه‌ی ساڵانی خوێندنی له‌په‌یمانگا هونه‌رمه‌ند به‌شداری هه‌موو كار و چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی كردووه‌، له‌ساڵی ( 1987بۆ1988) هونه‌رمه‌ند بڕوانامه‌ی په‌یمانگا له‌به‌شی مۆسیقا له‌سه‌ر ئامێری ( ڤایۆلین) به‌ده‌ست دێنێ.

‌له‌گه‌ڵ به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی په‌یمانگا له‌مۆسیقا ، هونه‌رمه‌ند ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاری كه‌ركوك، دوای چوار مانگ له‌ته‌واوكردنی خوێندن ، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ به‌شێوه‌ی زۆره‌ملێ هونه‌رمه‌ند ڕاپێچی سه‌ربازی ده‌كرێت ، له‌ سه‌ربازی به‌رده‌وام ده‌بێت تا جه‌نگی یه‌كه‌می كه‌نداو و ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی (1991) ، پاشان كۆڕه‌وه‌ ملیۆنییه‌كه‌ی به‌هاری هه‌مان ساڵ، هونه‌رمه‌ند شاری كه‌ركوك به‌جێدێڵێ و له‌شاری سلێمانی جێگیر ده‌بێت،

له‌ساڵی (1992 بۆ 1993)  واته‌ بۆماوه‌ی (1) ساڵ هونه‌رمه‌ند چالاك سدیق، وه‌ك(وانه‌بێژ) له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی شاری سلێمانی خزمه‌ت ده‌كات ،

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی سه‌ختی ژیان و دژواری باری ئابووریی وڵاتله‌ نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو، هونه‌رمه‌ند ڕووده‌كاته‌ بازاڕ و پشت به‌هێزو بازووی خۆی ده‌به‌ستێت بۆ ماوه‌ی (5) ساڵ له‌پێناو دابنكردنی ژیاندا كارو كاسپی ده‌كات ، جێی داخه‌وه‌ ئه‌و ماوه‌ درێژه‌ له‌هونه‌ر داده‌بڕێت،

له‌مانگی (10ی ساڵی 1998) وه‌ك مامۆستای هونه‌ر له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی سلێمانی داده‌مه‌زرێت و جارێكی دیكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كۆڕی هونه‌ری مۆسیقا و خزمه‌تكردن به‌قوتابیان و فێرخوازان.  

 كارو چالاكی و تێكۆشانه‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند چالاك سدیق ...!   

هونه‌رمه‌ندبه‌رله‌وه‌ی هه‌نگاو بۆ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی موسڵ هه‌ڵگرێت ، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ براده‌ره‌كانی له‌ساڵی (1983) تیپێكی مۆسیقا به‌ناوی

( تیپی مۆسیقای گه‌رمیان) دروست ده‌كه‌ن، ئه‌و تیپه مۆسیقیه‌ ‌كارو چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانیان له‌ناوشاری كه‌ركوك و ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه‌ له‌ساڵی (1983 تا 1985) به‌رده‌وام ده‌بێت ، به‌داخه‌وه‌  له‌ساڵی (1986) به‌هۆی  گیرانی چه‌ند ئه‌ندامێكی تیپ ، تیپی مۆسیقای گه‌رمیان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌..؟!

له‌كۆتا ساڵه‌كانی خوێندنی له‌په‌یمانگا، هونه‌رمه‌ند به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار( سیروان سیرینی) له‌ساڵی (1987) كۆمه‌ڵێك گۆرانی كوردی بۆ ته‌له‌فزیۆنی (موسڵ ) تۆمارده‌كه‌ن.

 هونه‌رمه‌ند چالاك سدیق ، مبه‌سه‌تی بووه‌  له‌هه‌ركوێیه‌ك بێت له‌ڕێی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ خزمه‌ت بكات، له‌ساڵی (1992) له‌شاری سلێمانی به‌هاوكاری هه‌ریه‌ك له‌هونه‌رمه‌ندان ( دلێر حسێن ، حه‌مه‌ ڕه‌ووف كه‌ركوكی و لالۆ ڕه‌نجده‌ر) و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌، ( تیپی مۆسیقای كه‌ركوك) له‌شاری سلێمانی له‌ساڵی (1992) داده‌مه‌زرێنن، تیپی مۆسیقای كه‌ركوك بۆماوه‌ی یه‌ك ساڵ كارو چالاكی هونه‌ری به‌رده‌وام بووه‌،

هونه‌رمه‌ند چالاك سدیق ده‌ڵێت ( ته‌نها ماوه‌ی یه‌ك ساڵ تیپی مۆسیقای كه‌ركوك به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام دوای (5) ساڵ جارێكی تر واته‌ له‌ساڵی (1998) خۆم و هونه‌رمه‌ندی خوالێخۆشبوو( سه‌باح شێخانی 5/2/1970_ 1/1/2012) ئه‌و تیپه‌ مۆسیقیه‌مان خسته‌وه‌ گه‌ڕ و تائێستاش له‌كارو چالاكی هونه‌ری به‌رده‌وامه)‌ .

 هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند له‌دوو كاری هونه‌ریدا وه‌ك ژه‌نیاری ئامێری ڤیۆلۆن به‌شداری له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ( تیپی مۆسیقای فۆلكلۆری كورد) كردووه‌.

له‌وه‌ڵامی پرسیارێكمدا ده‌رباره‌ی یه‌كه‌مجار كه‌ی بوو په‌یوه‌ندیتان كرد به‌( تیپی مۆسیقای سلێمانی) یه‌وه و ئایا بوویته‌ ئه‌ندامی تیپی ناوبراو‌ ؟

(  دوای ئه‌وه‌ی له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی سلێمانی وه‌ك مامۆستا دامه‌زرام، تیپی مۆسیقای سلێمانی ئه‌و تیپه‌ خۆشه‌ویسته‌ی كوردستان و خاوه‌نی مێژوویه‌كی جوان،له‌ساڵی (1999) په‌یوه‌ندیم پێوه‌ كردن و به‌شداری كارو چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی تیپی مۆسیقای سلێمانی یم كرد ، تا ساڵی ( 2004) بوومه‌ ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای سلێمانی ).

 هونه‌رمه‌ند جیا له‌وه‌ی ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای سلێمانی یه‌ ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گرووپ و تیپه‌ مۆسیقیه‌كانی دیكه‌دا به‌شداری هه‌یه‌ و له‌ زۆربه‌ی فیستڤاڵ و ئاهه‌نگ و بۆنه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یه‌كان و به‌رنامه‌ هونه‌رییه‌كان له‌ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن دا ئاماده‌یی هه‌یه‌ به‌بێ جیاوازی  ؟!

( له‌سه‌ره‌تای كاری هونه‌ریمه‌وه‌ تا ئێستا خۆم نابه‌ستمه‌وه‌ به‌ته‌نیا تیپێكی مۆسیقیه‌وه‌ ، له‌هه‌ر شوێنێك پێویستیان به‌من بووبێ كارم له‌گه‌ڵدا كردوون و به‌ئه‌ركی سه‌رشانم زانیوه‌، هه‌ر شوێنێك و گرووپێكی مۆسیقا خزمه‌تی هونه‌ری كوردی بكات  من ئاماده‌م كاریان له‌گه‌ڵدا بكه‌م، له‌ساڵی (1998) كارم له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای ( شنروێ ) كردووه‌ ، له‌ساڵی (2000) وه‌ به‌به‌رده‌وامی كار له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی ده‌كه‌م ، هه‌روه‌ها له‌ساڵی (2001) ئه‌ندامی

( ئۆركێسترای سلێمانی ) یم ، چه‌ندین به‌ر‌نامه‌ی هونه‌ریی وه‌ك ( سۆزی ئاواز ، ئاوێنه‌ ، شه‌وچه‌ره‌ ، میلۆدی  و مه‌قامات و  .... گه‌لێكی تر) له‌كه‌ناڵه‌كانی( كوردسات و زاگرۆس  و كه‌ركوك ) كارم تێداكردووه‌ ، بۆ من جێی شانازییه‌ خزمه‌تی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌م بكه‌م له‌هه‌رشارێكی كوردستان بێت،  وه‌ خۆشحاڵ و به‌خته‌وه‌رم كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی برایانه‌و هونه‌رییانه‌م له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی هونه‌رمه‌ندان به‌گشتی له‌ باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و تیپه‌ مۆسیقییه‌كانی كوردستان هه‌یه‌ ) (1) .

دوای به‌سه‌ربردنی چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك زیاتر ژیان و تێكۆشانی هونه‌ریی له‌شاری سلێمانی، په‌یوه‌ندیم كرد به‌ هونه‌رمه‌ندی ده‌ست و په‌نجه‌زێڕین و ئاوازدانه‌ر ( زانا مه‌حمود هه‌ژار) ده‌رباره‌ی مامۆستا (چالاك سدیق) پێی ڕاگه‌یاندم ( ئه‌وه‌نده‌ی من لێی بزانم كاكه‌ چالاك له‌ مه‌عالیمی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی شاری كه‌ركوك  ژیاوه‌  تێكه‌ڵه‌ له‌ناو عه‌ره‌ب و توركمان، ئه‌م كوڕێكی گه‌نج و چالاك بووه‌ له‌وه‌ئه‌چێ زه‌ختێكی قورسیی وه‌ك سلێمانی له‌سه‌ر نه‌بووبێت ، بچێت بۆ  چالاكی قوتابخانه‌كان و به‌ئیسراحه‌ت چه‌ندین مامۆستا له‌چالاكی قوتابخانه‌كان و له‌ناو مه‌كته‌به‌كان فێریان كردووین ، به‌ڵام كاكه‌ چالاك به‌زه‌حمه‌ت و توانای خۆی و به‌كارهێنابێ ، سه‌ره‌تاكانی وابووبێ  دوای ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی كه‌ركوك و ئه‌و لاوانه‌ ڕێگه‌ی په‌یمانگای موسڵ یان گرته‌به‌ر، من كاكه‌ چالاكم له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی موسڵ ناسیی، مۆسیقی ده‌بێت خه‌لوق بێت ، ئه‌و له‌موسیقیه‌ خه‌لوقه‌كانه‌، یانی لوتكه‌ی خه‌لاقه‌تی تیایه‌ ، له‌په‌روه‌رده‌یه‌كی جوانی خێزانی یه‌وه‌ هاتۆته‌ده‌ر ، ئه‌وانه‌ زۆر گرنگه‌بۆهونه‌رمه‌ند ، كاكه‌ چالاك یه‌كێكه‌ له‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ی شاری كه‌ركوك هونه‌ری كوردی به‌جوانی ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌ویش ڕه‌وشته‌ به‌رزه‌كه‌یه‌تی، زۆركه‌س هه‌یه‌ ژه‌نیاری چاكتره‌ و زۆرباشتره‌ ، به‌ڵام ناڵێم په‌روه‌رده‌ی تیادانییه‌ ، به‌ڵام  له‌ په‌روه‌رده‌ی نیشتمانی و په‌روه‌رده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی لاوازه‌وه‌ هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌ ، ئێستا خۆی نازانێ چی ده‌كات به‌داخه‌وه‌  وون بووه‌ ..! به‌ڵام كاكه‌ چالاك كه‌ركوكیه‌تیه‌كه‌ی خۆی  و كه‌سایه‌تی پاراستووه‌ ، له‌سفره‌وه‌ خۆی پێگه‌یاندووه‌ و په‌یمانگای ته‌واو كردووه‌ ، كوڕێكی جوانه‌ ، ژه‌نیارێكی باشه‌ و شاره‌زاییه‌كی باشی له‌مه‌قامه‌‌كاندا هه‌یه‌ ، یانی دیراسه‌یه‌كی زۆرباشیی كردووه‌ ، به‌كالۆریۆسه‌كه‌ی له‌ مه‌قاماتی كوردی و عێراقی یه‌ ، به‌ڕاستی زۆر شاره‌زایه‌ و ئه‌توانم بڵێم له‌ئێمه‌ شاره‌زاتره‌،

له‌بواری ئاماده‌كردنیشدا ئه‌سپی خۆی تاوداوه‌  و توانیویه‌تی كۆمه‌ڵێك كاری هونه‌ری له‌ئاستی خۆیدا بكات ، كاره‌كانی له‌ناو مۆسیقای كوردیدا جێگای خۆی كردۆته‌وه‌، به‌ڕاستی كاكه‌ چالاك كه‌سێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌، له‌ناو مۆسیقیه‌كان و له‌ناو په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی سلێمانی و له‌ناو تیپی مۆسیقای سلێمانی و ئێستا كه‌ ڕاگری په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی كه‌ركوكه‌، كه‌سێكی خۆشه‌ویست و به‌هێمنی و جوانیه‌كانی شوێنه‌كانی جوانتركردووه‌ ، په‌یوه‌ندییه‌كانی جوانتركردووه‌، ناتوانی بڵێی چالاكم خۆش ناوێت ، خۆشمان ئه‌وێت وه‌كو كه‌سایه‌تی ، خۆشمان ئه‌وێ وه‌كو مۆسیقیی وه‌كو گه‌نجێكی كه‌ركوكی كه‌به‌شێكی زۆری ژیانی هونه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌شاری سلێمانی به‌سه‌ر بردووه‌ ، به‌ڕاستی كاكه‌ چالاك تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ نێوان سلێمانی و كه‌ركوك) (2) .

هونه‌رمه‌ند و مامۆستا چالاك ، جگه‌ له‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندێكی ده‌ست و په‌نجه‌ زێڕینه‌، به‌ڵام هونه‌رمه‌ندێكی خاوه‌ن سه‌لیقه‌یه‌كی جوان و وورده‌ له‌سه‌ر شیكاری بۆمه‌قامه‌كان ، لێم پرسیی ئایا ئه‌و هه‌سته‌ جوانه‌ له‌كوێ وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ ؟

له‌وه‌ڵامدا پێی ڕاگه‌یاندم ( من منداڵی شاری كه‌ركوك و گه‌رمیانم ، ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریشم له‌نزیك به‌رته‌كیه‌ی كه‌ركوك بووه‌، ده‌ستپێكی فێربوونیشم به‌شێوه‌ی سه‌ماعی مه‌قام بووه‌ ، پاشان خوێندن و دیراسه‌تیشمان به‌ده‌رنه‌بوو له‌و هونه‌ره‌ به‌رزه‌، هه‌روه‌ها نزیكی خانه‌واده‌كه‌مان وه‌ك خزمایه‌تی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( حه‌مه‌ درێژ) ( هونه‌رمه‌ندی مه‌قامبێژی كه‌ركوك ، محه‌مه‌د سه‌عید عه‌بدوڵڵا، ناسراو به‌ (حه‌مه‌ درێژ) له‌ساڵی (1926) له‌گه‌ڕه‌كی ( بولاق) ی نزیكی به‌رته‌كیه‌ له‌دایكبووه‌،  له‌ته‌مه‌نی (67) ساڵیدا له‌ڕێكه‌وتی(15/2/1993) ژیانئاوایی كردووه‌ و له‌گۆڕستانی به‌رته‌كیه‌ له‌شاری كه‌ركوك به‌خاكی كوردستان سپێردراوه‌) هه‌روه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا، باوكی ڕه‌حمه‌تیشم زۆر حه‌زو ئاره‌زووی له‌ده‌نگی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان بوو ، ئه‌مانه‌ هه‌مووی هۆكار و كاریگه‌ربوون له‌سه‌رمن كه‌ زیاتر خۆشه‌ویستیم  بۆ دنیای مه‌قامات هه‌بێت و به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی خوێندنه‌وه‌و شیكارییان بۆبكه‌م ، ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم زۆر ئاره‌زووی گوێگرتنم  بۆ ده‌نگی خۆش و مه‌قامبێژه‌  ڕه‌سه‌نه‌كانی كه‌ركوك و گه‌رمیان به‌تایبه‌تی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان هه‌بوو، ئاواتم بوو له‌نزیكه‌وه‌ ئه‌و زاته‌ گه‌وره‌یه‌ ببینم ، له‌ته‌مه‌نی (14) ساڵیدا بووم (1979) ئه‌و ئاواته‌ گه‌وره‌یه‌م هاته‌دی ، له‌گه‌ڕه‌كی به‌رته‌كێی شاری كه‌ركوك له‌نزیكه‌وه‌ بینیم ، زۆر دڵخۆش و به‌خته‌وه‌ربووم به‌بینینی هه‌زارجار یادی به‌خێر ) . 

لایه‌نێكی تری هونه‌رمه‌ند و مامۆستا چالاك سدیق، بواری ئاواز دانان و ئاماده‌كردنی مۆسیقای گۆرانییه‌ ، له‌وبواره‌شدا كاری كردووه‌ و  خزمه‌تی به‌دنیای مۆسیقا و ئاوازو گۆرانی كردووه‌، لێم پرسیی تائێستا چه‌ند ئاوازتان بۆ هونه‌رمه‌ندان داناوه‌؟

( ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت  به‌دروستی نازانم  چه‌ند ئاوازه‌، به‌ڵام ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم من نزیكه‌ی (15) گۆرانی بۆ منداڵانم هه‌یه‌ ، هه‌روه‌ها (3) سروودم بۆ كه‌ركوك هه‌یه‌، یه‌كێكیان بۆ خاتوو( نامۆ) ،  ئه‌ویتریان بۆ خوالێخۆشبوو( هێرش فاتیح )  و بۆ كۆرس ، ئاوازم بۆ هونه‌رمه‌ند (حه‌مه‌ ڕه‌ووف كه‌ركوكی ) داناوه‌ به‌ناوی ( هیوا) هۆنراوه‌ی به‌ڕێز( خالید مه‌جید فه‌ره‌ج) دابه‌شكردنی مۆسیقاكه‌ش هه‌ربۆخۆم كردوومه‌، گۆرانی ( چاوه‌ڕوانی) ئاوازی من بۆ خاتوو (نامۆ) ، زیاتر له‌ (10) پارچه‌ مۆسیقام هه‌یه‌ ، هه‌روه‌ها مۆسیقای گۆرانیم بۆ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك داناوه‌ وه‌ك ( حه‌مه‌ ڕه‌ووف كه‌ركوكی) ، (عه‌باس محه‌مه‌د)،( محه‌مه‌د عه‌باس به‌هرام) ، ( سابیر كوردستانی 1955_ 10/8/2020) یادی به‌خێر ، گه‌لێك كاری په‌یمانگا و یه‌ك به‌رهه‌مم بۆ ناسری ڕه‌زازی  و كوڕانی (سه‌لاح داوده‌1941_8/5/2009)  و هێرش فاتیح  و سیروان عومه‌ر و حه‌سه‌ن غه‌ریب و چناركه‌ركوكی و چه‌ندین مۆسیقای گۆرانی له‌ناو به‌رنامه‌ی ڕاسته‌وخۆ و تۆماركراو ، له‌ساڵی  (1998 تا 2006) له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی سلێمانی به‌شداری هه‌موو فیستڤاڵه‌كانی په‌یمانگام كردووه‌ و چه‌ند به‌رهه‌مێكم له‌وێش له‌كۆڕاڵ و گۆرانی كوردی پێشكه‌ش كردووه‌ ) .

سه‌باره‌ت به‌هاوكاری و پشتیوانی له‌هونه‌رمه‌ندان له‌ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ی ژیانی هونه‌ریدا، پێم باشبوو ڕاو بۆچوونی هونه‌رمه‌ند( حه‌مه‌ڕه‌وف كه‌ركوكی ) وه‌ربگرم و بزانم هه‌ست و خوێندنه‌وه‌ی بۆ مامۆستا چالاك سدیق چۆنه‌ ؟ !

( مامۆستا چالاک ژەنیارێکی چاک و هونەرمەندێکی بەتواناو خاوه‌ن سەلیقەو ئەکادیمی لە دانانی ئاوازو دابەشکردنی مۆسیقا، وه‌ك خۆم زۆر سوپاسی ئەکەم بە درێژایی چەندین ساڵەی كاری هونه‌ریم، چەندین ئاوازو دەیان مۆسیقای جوانی بۆ گۆرانیەکانم کردوەو هاوکاری دەیان گۆرانی دیكه‌می کردوە وەک ژەنیار جێگای شانازیمە، هه‌روه‌ها لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە شاری کەرکوک بەشداری سەدان چالاکی هونەری کردوە لە ڤیستڤاڵ و کۆنسێرت و بەرنامەی تەلەفیزیۆنی بۆ هونەرمەندانی ئەو شارە ، ئێستاش وەک به‌ڕێوه‌به‌ری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کەرکوک خزمەتێکی تر ئەبەخشێت لە گەڵ مامۆستایانی پەیمانگا ساڵانە بە دەرچوونی دەیان قوتابی لە بواری موزیک و شانۆ و شێوەکار ، هیوای لەش ساغی و تەمەن درێژی بۆ ئەخوازم بۆ خزمەتی هونەری کوردی)(3).

له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراقه‌وه‌ ، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند چالاك سدیق، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شاره‌ ئازیزه‌كه‌ی كه‌ركوك ، به‌گوڕو تینێكی زۆر دڵسۆزانه‌و خه‌مخۆرانه‌ ده‌كه‌وێته‌ كاركردن و خزمه‌تكردن به‌ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان ، هه‌روه‌ها یه‌كێك بووه‌ له‌و كه‌سایه‌تیه‌ خه‌مخۆرانه‌ كه‌ ڕۆڵی زۆر كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌ساڵی (2004) له‌كردنه‌وه‌ی په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان له‌شاری كه‌ركوك، ئێستا به‌ڕێزیان وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگاخزمه‌ت به‌هونه‌رو قوتابیان ده‌كات ، لێم پرسیی خوێندنه‌وه‌تان بۆ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان و ئاستی خوێندن و فێركردن چۆنه‌‌؟

( له‌سه‌ره‌تای ساڵی (2006) تا كۆتایی (2010) وه‌كو ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر و ،  له‌ ڕێكه‌وتی ( 1/9/2016) وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی كه‌ر‌كوكم ، له‌په‌یمانگاكانی هونه‌ره‌ جوانه‌كان به‌گشتی ساڵانه‌ كۆمه‌ڵێك گه‌نج به‌هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌وه‌ ده‌رده‌چن و په‌یمانگاته‌واو ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیان ده‌بنه‌ هونه‌رمه‌ندی باش و لێهاتوو ، هه‌ندێكیان ده‌بنه‌ مامۆستای هونه‌ر و فێركاری په‌روه‌رده‌یی، به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێكیشیان دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌..! به‌ڵام به‌گشتی په‌یمانگا زۆر پێویسته‌ بایه‌خی پێ بدرێت، به‌ڵام نه‌ك به‌و زۆری و بۆرییه‌ی ئێستا كه‌ زیاتر له‌ (15) په‌یمانگا له‌كوردستاندا بوونی هه‌یه‌، من وه‌ك مامۆستایه‌ك خۆزگه‌ ده‌خوازم دوو یان سێ په‌یمانگای تایبه‌ت به‌ موزیكی كوردیش بوونی هه‌بوایه‌) .

ده‌رباره‌ی خه‌مخۆریی و په‌رۆشیی ئه‌و مامۆستا ئازیزه‌ بۆ  هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی و مه‌قاماتی كوردی له‌كوردستان به‌گشتی و شاره‌ ئازیزه‌كه‌ی كه‌ركوك ، هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری ئامێری شمشاڵ ( ڕزگار حه‌مه‌ ڕه‌ووف) به‌وشێوه‌ جوانه‌ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند چالاك سدیق ده‌بینێ ( مامۆستا چالاک سدیق یەکێکە لە ئایکۆنە جوانەکانی نێوەندی هونەری موزیکی کوردی ئەو وەک گەڕیدە عەوداڵە بۆ نووسینەوەی مەقامە کوردیەکان و ناساندنیان بەشێوەی ئاکادیمی و پەراکتیکی، هونه‌رمه‌ندێكی  هێمن و لەسەرخۆ پەرۆشی خزمەتکردن و عاشقی ڕاستەقینەی هونەری موزیکی کوردیە، من هەمیشە پەرۆشم بۆ گوێگرتن لە باس و خواس  و شیكردنه‌وه‌ی مەقامە کوردیەکان له‌ڕێی هه‌سته‌ جوانه‌كانی مامۆستا چالاكه‌وه‌ ، هیوای تەمەن درێژی و تەندروستی بۆ هاوڕێم مامۆستا چالاک ئەخوازم)(4).

مامۆستا چالاك خۆی  یه‌كێكه‌ له‌ هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری ئامێری ڤیۆلۆن، سه‌باره‌ت به‌سه‌رسامبوونی به‌هونه‌رمه‌ندانی گه‌له‌كه‌یی و هونه‌رمه‌ندانی وڵاتانی دراوسێی فه‌رمووی ( ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت هه‌رگیز نابێت ڕۆڵی هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌م وه‌ك مامۆستا ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی )  و ( موجته‌بای میرزاده‌17/3/1945_17/7/2005) و ( ڕزگار خۆشناو ) و ( دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید) فه‌رامۆش بكه‌ین ، چونكه‌ ئه‌وان پێشه‌نگی ئه‌و بواره‌ن و خزمه‌تێكی زۆری هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌مانیان كردووه‌، له‌ناو هونه‌رمه‌ندانی فارس یشدا نموونه‌ی ( په‌رویزی یاحه‌قی1935_2006 ) و ( بیژه‌نی مورته‌زه‌وی) و گه‌لێكی تر .

هه‌روه‌ها له‌ مامۆستا چالاك سدیق  پرسیی خوێندنه‌وه‌ی بۆ هونه‌رمه‌ندان (مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی، دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید ، نامدار قه‌ره‌داخی  ، موجته‌بای میرزاده و ئالان عارف) .

له‌وه‌ڵامدا زۆر به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ڕایگه‌یاند( ئه‌و به‌ڕێزانه‌ هونه‌رمه‌ندانی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مانن ، بوونه‌ته‌ پێشه‌وای مۆسیقا و هونه‌ری كوردی، كاك ئالان عارفیش هاوڕێ و هاوته‌مه‌نمه‌ ماوه‌ی ساڵانی ( 1984 _1985)  خوێندكاری ‌به‌شی مۆسیقا بووین  پێكه‌وه‌ له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی موسڵ ، هیوای ته‌مه‌نداری و سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم و یادی هونه‌رمه‌ند موجته‌بای میرزاده‌ به‌خێر و ڕۆحی شاد بێت) .

بێگومان هونه‌رمه‌ندیش كه‌سێكی هه‌ست ناسك و هه‌ستیاره‌ و له‌ژیانی ڕۆژانه‌یدا هه‌ندێك شت نیگه‌رانی ده‌كات  وه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ، ئایا هونه‌رمه‌ند و مامۆستا چالاك سدیق ده‌بێت چ كاتێك خۆشحاڵ و ناخ ئاسووده‌ بێت ؟!

( له‌ژیاندا زۆر شت هه‌یه‌ كه‌ ناڕه‌حه‌تمان ده‌كات به‌گشتی ، وه‌ك بێ یاسایی و نابه‌رپرسیارێتی ..! له‌هونه‌ریشدا كاتێك كارێكی هونه‌ریی باش ‌ خزمه‌ت به‌خه‌ڵك بكات ، یان خۆم له‌كارێكی هونه‌ریی باشدا  به‌شداربم  و ببینم بۆته‌ جێی ڕه‌زامه‌ندی و په‌سه‌ندی خه‌ڵك ، بێگومان زۆر خۆشحاڵ ده‌بم ).

مامۆستا چالاك جیا له‌وه‌ی ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌ڕێی ئامێره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌وه‌ ڤیۆلۆن خزمه‌ت ده‌كات ، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ڕێی هه‌ستی ناسك و خامه‌ی جواننووسییه‌وه‌، له‌سه‌ر ئاواز و مه‌قام بۆ چه‌ند ڕۆژنامه‌ و گۆڤارێك بابه‌تی هونه‌ری نووسیوه‌ نموونه‌ی یه‌كێك له‌و گۆڤارانه‌ ، گۆڤاری ( په‌یژه‌) ( له‌بڵاوكراوه‌كانی بنكه‌ی مه‌قام) ه‌، گۆڤاری (مه‌هاباد) له‌ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژنامه‌ی ( هه‌ولێر) ، هه‌روه‌ها وه‌ك ئه‌ركێكی سه‌رشانی ساڵانه‌ هاوكارو پشتیوانی چه‌ند قوتابییه‌كی كردووه‌ له‌نووسینی توێژینه‌وه‌كانیان بۆ كۆلیژه‌كانی هونه‌ر ،‌

هونه‌رمه‌ند و مامۆستا چالاك سدیق ، له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ ، ژیانی هاوبه‌شی پێكهێناوه‌ له‌ڕێكه‌وتی ( 20/10/1989) به‌روبوومی ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ ، هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی (4) منداڵه‌،

ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم ، ڕێگا هونه‌رییه‌كه‌ی مامۆستا چالاك سدیق ڕۆشن و فراوانه‌، یه‌كێك له‌جگه‌رگۆشه‌كانی به‌ناوی ( په‌ری) یه‌كێكه‌ له (‌پیانۆ) ژه‌نه‌ باشه‌كان له‌بواری ( موزیكی كلاسیك)‌ ، له‌( ئێواره‌ كۆنسێرتێك بۆ پیانۆ) بۆ تاكژه‌نی ئامێری پیانۆ  له‌ڕێكه‌وتی (15/9/2023) له‌هۆڵی ئوتێل ( ڕامادا) له‌شاری سلێمانی ، به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستا( ئه‌ژی ئه‌كره‌م) سازكرا، خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ( په‌ری چالاك) وەكو ژەنیاری پیانۆ بەپارچەیەك لە سۆناتەی سۆل مێجەری مۆزارت به‌شداری كردووه‌، هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامی بۆ ده‌خوازین،

مامۆستا و هونه‌رمه‌ند چالاك سدیق، حه‌زوو ئاره‌زووی بۆ مۆسیقا بێ بڕانه‌وه‌یه‌و به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری زیاتره‌ له‌وبواره‌دا، خۆشبه‌ختانه‌ له‌ساڵی (2014) هونه‌رمه‌ند بڕوانامه‌ی ( به‌كالۆریۆس) له‌به‌شی مۆسیقای كۆلیژی هونه‌ر له‌زانكۆی به‌غدا به‌پله‌ی ( نایاب) له‌سه‌ر ئاواز و مه‌قامه‌ كوردییه‌كان به‌ده‌ست دێنێ،

سوپاس و ستایش بۆ هه‌وڵ و تێكۆشانی دڵسۆزانه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند چالاك سدیق له‌پێناو سه‌رخستن و پێخستنی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردیدا و ده‌خوازم هه‌میشه‌ ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ر له‌به‌رده‌میدا فراوان گه‌شاوه‌تربێت.

جه‌مالی ده‌لاك (15/11/2023) هه‌ولێر

سه‌رچاوه‌:

(1)په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( چالاك سدیق) له ڕۆژی  (یه‌ك شه‌ممه‌) ‌ڕێكه‌وتی

( 5/11/2023)  ، ( كه‌ركوك _ هه‌ولێر) .

(2) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( زانامه‌حمود هه‌ژار) ڕۆژی (دووشه‌ممه‌) 6/11/2023 ( هه‌ولێر _ سلێمانی).

(3) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( حه‌مه‌ ڕه‌ووف كه‌ركوكی) ڕۆژی (دووشه‌ممه‌) 6/11/2023

 ( هه‌ولێر _ سلێمانی).

(4) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (  ڕزگارحه‌مه‌ ڕه‌ووف) ڕۆژی (سێ شه‌ممه‌) 7/11/2023

 ( هه‌ولێر _ كه‌ركوك).

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.