ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەكی حكومی چەند ڕێوشوێنی بۆ چارەسەركردنی جیاوازی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو ئاشكرا كرد .
ئەو سەرچاوە حكومییە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە: حكومەت پاكێجێكی ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ چارەسەركردنی جیاوازیی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو.
لەوانە: ڕێكخستنی پڕۆسەی هاوردەكردن و دڵنیابوون لە هاتنە ناوەوەی زۆرترین ژمارەی بازرگان و هاوردەكاران بۆ پەنجەرەی فرۆشتنی دراوی بیانی بە ئاسانكارییەوە بۆ ڕێكارەكانی كردنەوەی ئەكاونت، كارەكانی وەبەرهێنان، و ڕێكارەكانی تری پەیوەست بە دەركردن ناسنامەی هاوردەكار، كە ئاسانكاری دەكات بۆ پێداویستییەكانی (كڕیارەكەت بناسە) بۆ پۆلی بازرگانان و هاوردەكاران.
هەروەها گوتی: دانوستاندن لە نێوان حكومەت و بانكی ناوەندی لەگەڵ لایەنی ئێرانی بۆ ڕێكخستنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوامە .
ئەوەشی راگەیاند كەمحەمەد شیاع سودانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران رێنمایی كردووە بۆ كاركردن لە سەر كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگ بۆ دڵنیابوون لەوەی كەچینە هەژارەكان و خاوەن داهاتی مامناوەند بەهۆی جیاوازی نرخی ئاڵوگۆڕەوە زەرمەند نەبن، هەروەها وەزارەتەكانی بازرگانی و تەندروستی كار بۆ هاوردەكردنی كەرەستەی گرنگ و دابینكردنیان بە دیناری عێراقی بە نرخێكی جێگیر بكەن.
ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: حكومەت ئێستا كار لەسەر پڕۆژەیەكی (یەكسانی) دەكات بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاوردەكردن لەگەڵ هەندێك وڵات بە دراوەكانی خۆیان وەك چین و هیندستان.
ئاماژەی بەوەشكرد "كەحكومەت لە ئێستادا سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە لە دامەزراندنی ناوچەیەكی ئازاد بۆ هاوردەكردنی كەرەستە و دواتر بەبازاڕكردنی بۆ كەرتی تایبەت و دڵنیابوون لە گەیاندنی بۆ بەكاربەر بە نرخێكی كێبڕكێكار و بە دیناری عێراقی.
گوتیشی: زنجیرەیەك بڕیاری دیكەش لە ڕۆژانی داهاتوودا دەردەچێت سەبارەت بە نرخدانان و سیاسەتی هاندان بۆ ئەو خزمەتگوزارییانەی كە لەڕێگەی پارەدانی ئەلیكترۆنیەوە پێشكەش دەكرێن.
ڕوونیشیكردەوە كەمحەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران ڕێنمایی كاراكردنی لیژنەیەكی هاوبەشی نێوان حكومەت و بانكی ناوەندی و كەرتی تایبەتی بەسەرپەرشتی نووسینگەكەی كردووە، بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی جددی لەگەڵ گەنجینەی ئەمەریكا سەبارەت بە گواستنەوەكان (حەواڵە) لە ڕێگەی پەنجەرەی فرۆشتنی دراوی بیانی، و لیژنەكە لەمەودوا دەستی بە كۆبوونەوەكانی دەكات.
لەلایەكی دیكەوە دكتۆر خالد حەیدەر پسپۆڕی ئەكادیمی و ئابووری رایگەیاند: رەنگە چاوەڕوانییەكانی نزیك مەودا نادروست بن، بەڵام بەپێی خوێندنەوەیەكی ئابووریی زانستی ،پێشبینی دەكرێت كە نرخی دۆلار لە بازاڕەكاندا لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا لە نرخی حكومەت نزیك ببێتەوە،ئەمەش دوای جێبەجێكردنی بڕیارەكەی بانكی ناوەندی عێراق بە قەدەغەكردنی مامەڵەی دارایی بە هەر شتێكی تر جگە لە دیناری عێراقی ،ئەو كاتەش دیناری عێراقی لە بازاڕە ناوخۆییەكان بەهێزتردەبێت.
شایانی باسە ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی دابەزینی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 157 هەزارو 750 دینار.ئەمەش لەكاتێكدا نرخەكەی لەچەند رۆژی رابردوودا گەیشتبووە زیاتر لە 164 هەزار دینار.
حكومەتی عێراق چەند رێوشوێنێك بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار دەگرێتەبەر
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.