Erbil 14°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 09:58

ئه‌حمه‌د شووشه‌چی.. هونه‌رمه‌نده‌ دێرینه‌كه‌ی كۆمه‌ڵی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی و تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی

 (1938_ 26/10/2023)
کوردستان TV
100%

زۆر ده‌نگخۆش و به‌هره‌مه‌ند هه‌یه‌ ، به‌رهه‌مه‌كانیان له‌په‌نجه‌كانی ده‌ست تێپه‌ڕناكات ، به‌ڵام تاكۆتا ڕۆژه‌كانی ژیانیان به‌په‌رۆش و دڵسۆز و خه‌مخۆرن بۆ هونه‌ریی نه‌ته‌وه‌كه‌یان ،

ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ڕه‌شید ، له‌نێو  گۆڕه‌پانی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان و له‌نێو كاسبكاران و بازاڕدا به‌ ( ئه‌حمه‌د شووشه‌چی) ناسراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌رهه‌مه‌كانی كه‌م و پوختن، به‌ڵام كه‌سێكی دڵسۆزو به‌ئه‌مه‌ك بووه‌ بۆ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی و تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی،

به‌پێی دیداری به‌ڕێز ( تاهیر كرمانج ) له‌ساڵی (1986) له‌گه‌ڵ  هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شووشه‌چی ئه‌نجامیداوه‌، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1934)  لە سیوەیلى ناوچەى شارباژێڕ له‌خانه‌واده‌یه‌كی گوندنشین لەدایکبووە، لەتەمەنى منداڵیدا کاریگەرى سروشتە جوانەکەى لادێ و ده‌ڤه‌ره‌ دڵڕفێنه‌كه‌ی له‌سه‌ر بووه‌، له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ خولیاى گۆرانى خوێندن بووە ، لەناو هاوڕێکانیدا به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی گۆرانی بۆ خوێندوون و له‌ گونده‌كه‌یدا بەدەنگخۆش ناسراوە.

به‌ڵام دوای چه‌ندساڵ دیدارم له‌گه‌ڵ كاك ( محه‌مه‌د) كوڕی گه‌وره‌ی هونه‌رمه‌ند و هاوڕێی دێرینی گه‌ڕه‌ك و قوتابخانه‌م ، ده‌رباره‌ی ژیانی باوكی پێی ڕاگه‌یاندم :

( بنه‌ماڵه‌ی باوكم له‌بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانن، باپیرم ، واته‌ باوكی باوكم  ( ساڵه‌ح به‌گ) یه‌كێك بووه‌ له‌پێشمه‌رگه‌كانی كۆماری كوردستان  له‌مه‌هاباد ،  له‌پێناو پاراستنی كۆماردا گیانی به‌خت كردووه‌، واته‌ شه‌هیدی كۆماری كوردستانه‌ له‌مه‌هاباد،

له‌هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ ئاماژه‌ به‌ساڵی (1934) دراوه‌ كه‌ باوكم له‌ شارباژێڕ له‌دایكبووه‌،به‌ڵام ده‌مه‌وێت ئه‌و  مێژووه‌ ڕاست بكه‌مه‌وه‌،  

باوكم له‌ساڵی (1938) له‌شاری ( بانه‌) ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌دنیا هاتووه‌، له‌دوای ڕووخانی كۆماری كوردستان له‌مه‌هاباد، خانه‌واده‌كه‌یان شاری بانه‌ یان به‌جێهێشتووه‌ و هاتوونه‌ته‌ باشووری كوردستان و له‌ گه‌ڕه‌كی مه‌ڵكه‌ندی له‌شاری سلێمانی نیشته‌جێ بوون.

كه‌واته‌ كاتێك باوكت له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌یدا هاتوونه‌ته‌ شاری سلێمانی ته‌مه‌نی (9) بووه‌ واته‌ ساڵی (1947)  بووه‌، به‌پێی زانیارییه‌كانت ، ناوی ته‌واوی باوكت ( ئه‌حمه‌د ساڵه‌ح ڕه‌شید)  بووه‌ ، به‌ڵام بۆ به‌ ( ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ڕه‌شید) ناسراوه‌ ؟

_ به‌ڵێ ڕاسته‌ له‌ساڵی (1947) هاتوونه‌ته‌ شاری سلێمانی ، ئه‌وكاته‌ سه‌رده‌می ڕژێمی پاشایه‌تی بووه‌ ، به‌بۆنه‌ی دابین كردنی ژیان و پاشماوه‌كانی جه‌نگی جیهانی دووه‌م و ڕووخانی كۆماری كوردستان له‌مه‌هاباد، خه‌ڵكێكی زۆر ڕوویان له‌باشوور كردووه‌  و به‌تایبه‌ت شاری سلێمانی تێیدا نیشته‌جێ بوون، ئه‌و خه‌ڵكه‌ش له‌ترسی ده‌سه‌ڵات هه‌ندێك هه‌بووه‌ ناوی خۆشیان گۆڕیوه‌ بۆئه‌وه‌ی ئاشكرا نه‌بن، ئه‌وكاته‌ به‌ئێرانی ناویان براوه‌ ، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ هه‌ڵه‌یه‌ ، ئه‌وان ئێرانی نه‌بوون به‌ڵكو له‌به‌شێكی كوردستانه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ باشووری كوردستان ، له‌ سه‌رژمێرییه‌كه‌ی ساڵی (1957)  ، ناو و ساڵی له‌دایكبوونی  باوكم به‌و شێوه‌یه‌  نووسراوه‌  و جێگیركراوه‌ ( ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ڕه‌شید) ساڵی له‌دایكبوونی (1934) ، من ئه‌و زانیارییانه‌م له‌زاری باوكمه‌وه‌ بیستووه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌شی بۆ باس كردووین، له‌ساڵی (1957) ماڵه‌كه‌یان یه‌كێك بوون له‌قوربانییه‌كانی به‌ركه‌وته‌ی لافاوه‌كه‌ی شاری سلێمانی.

 هونه‌رمه‌ند لەتەمەنى (9)  ساڵیدا واتە ساڵى (1947) له‌گه‌ڕه‌كی مه‌ڵكه‌ندی نیشتەجێ دەبێت ،مێردمنداڵێكی ده‌نگخۆشیی ڕۆژهه‌ڵاتی تێكه‌ڵ به‌ژینگه‌ی شاری سلێمانی ده‌بێت و هێزوو بازووی ده‌خاته‌ كار له‌پێناو بژێوی ژیان، به‌ڵام  هەمیشە ئەو خولیاى گۆرانى خوێندنە لەگەڵیدا بەردەوام دەبێت و ناتوانێت ئه‌و به‌هره‌ ئیلاهییه‌ فه‌رامۆش بكات.  

ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش گه‌ڕه‌كی مه‌ڵكه‌ندی  چه‌ند هونه‌رمه‌ند و به‌هره‌مه‌ندی ده‌نگخۆش ، به‌ده‌نگه‌ زوڵاڵه‌كانیان دانیشتوانی گه‌ڕه‌كه‌یان خۆشحاڵ و سه‌رمه‌ست ده‌كرد ، وه‌ك هونه‌رمه‌ندان ( عوسمان عه‌لی 1944_21/6/2005 ) ،( حه‌مه‌ی نێرگز 1944_ 23/9/2013 ) ، ( دكتۆر به‌كر عوسمان حه‌مه‌ نایه‌ر ) و هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی) ،

هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شووشه‌چی په‌یوه‌ندی هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( عوسمان عه‌لی و حه‌مه‌ی نێرگز) دروست ده‌كات و هاوڕێیه‌تیان به‌رده‌وام ده‌بێت.

لێره‌وه‌ ده‌رگای په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و كاتی شاری سلێمانی ده‌كرێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ هاوڕێی هونه‌رمه‌ندی میللی (ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ 1923_ 3/4/1997)  له‌كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ و شه‌وئاهه‌نگی ماڵان له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ گۆرانی خوێندووه‌.

له‌ڕێكه‌وتی (31/12/1969) به‌فه‌رمی كۆمه‌ڵی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی، مه‌ڵبه‌ندی گشتی له‌شاری سلێمانی دادمه‌زرێت، زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان ڕووده‌كه‌نه‌ كۆمه‌ڵ ، هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شووشه‌چی ئه‌ویش مه‌به‌ستی خزمه‌تكردن به‌ هونه‌ری گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌یی و وه‌ك ده‌نگخۆشێك ڕووده‌كاته‌ كۆمه‌ڵ و هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی ،

هونه‌رمه‌ند به‌شداری هه‌موو چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی  به‌شی گۆرانی و مۆسیقاو هه‌ڵپه‌ڕكێی كۆمه‌ڵ و هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی له‌شاری سلێمانی و شاره‌كانی دیكه‌ ده‌كات،  یه‌كێك له‌و چالاكییه‌ هونه‌رییانه‌ له‌شاری به‌غدا به‌شداربووه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی ئه‌ویش ( ئۆپه‌رێتی بووك و زاوا) بووه‌.

   میهره‌جانی یه‌كه‌می هونه‌ری كوردی ، له‌هۆڵی (خولد) ی شاری به‌غدا له‌ڕێكه‌وتی ( 25/2/1974 تا 2/3/1974) بەردەوام بووە، هه‌موو تیپه‌ مۆسیقیه‌كانی كوردستان تیایدا به‌شداربوون، هونه‌رمه‌ندانی كۆمه‌ڵ و هونه‌رو وێژه‌ی كوردی مه‌ڵبه‌ندی گشتی سلێمانی له‌ومیهره‌جانه‌  به‌چالاكی هونه‌ریی ئۆپه‌رێتی بووك و زاوا‌ به‌شداربوون، هونه‌رمه‌ندانی به‌شداربووی ئۆپه‌رێتی ناوبراو  هونه‌رمه‌ندان،

 ( شه‌وكه‌ت ڕه‌شید) ، (هوشیار ئه‌حمه‌د ناسراو به‌ وشه‌ بابه)‌ ، (سه‌لاح مه‌جید) ، (عوسمان عه‌لی)، (ڕه‌ووف یه‌حیا) ، (حه‌مه‌ی نێرگز) ،( محه‌مه‌د حه‌سه‌ن) ، (غه‌ریبی به‌رگدروو) ، (قادر مسته‌فا) ، كاكی زاوا هونه‌رمه‌ندی شه‌هید (ماجیدی حه‌مه‌ جوان) ، بووكه‌ خان (شه‌ونم عادل عیرفان) و (ئه‌حمه‌د شووشه‌چی) .

هه‌رچه‌نده‌ پێشتر له‌ساڵی (1955)  به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندێكی  دڵسۆزو خه‌مخۆری مۆسیقا و گۆرانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی داده‌مه‌زرێت و كاره‌ هونه‌رییه‌كانیان تا نه‌ورۆزی ساڵی (1963) به‌رده‌وام ده‌بێت ، له‌ساڵی (1977) تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی جارێكی دیكه‌ داده‌مه‌زرێته‌وه‌، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند

( نامدار قه‌ره‌داخی) ده‌ڵێت (  ئێمه‌ له‌  كۆمه‌ڵ و هونه‌ر و  وێژه‌ی كوردی كه‌له‌به‌شه‌كانی ( شێوه‌كاری ، نواندن ، موزیك و هه‌ڵپه‌ڕكێ ) پێكهاتبوو، نه‌گونجاین و ساڵی (1977) هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی بواری گۆرانی و مۆسیقا هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌ و ( تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ) مان دامه‌زراند،

كاتێك له‌ كۆمه‌ڵ و هونه‌رو وێژه‌ی كوردی هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار و گۆرانیبێژ ئه‌و تیپه‌ مۆسیقیه‌مان دامه‌زراند، یه‌كه‌م له‌به‌ر گه‌و‌ره‌یی و دنیا جوانه‌كه‌ی ( مه‌وله‌وی ) شاعیر بوو، كه‌چه‌ند شاعیرێكی به‌رزی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بووه‌، دووه‌میش له‌به‌ر تێكۆشان و خزمه‌تی جوانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌نده‌ی پێشتر له‌ناو تیپی مه‌وله‌وی دا خزمه‌تیان به‌هونه‌ری مۆسیقاو گۆرانی كوردی كردووه‌، هه‌روه‌ها به‌خۆشی و یاد و یاده‌وه‌ری  هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی پایه‌به‌رزی نه‌ته‌وه‌كه‌مان  ( قادر دیلان 1928_ 18/3/1999)   و (ولیه‌م یوحه‌ننا 1934_ 14/9/2005) له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ناو چوارچێوه‌ی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ئێمه‌ به‌وپه‌ڕی دڵسۆزیی و له‌خۆبوردوویی یه‌وه‌ خزمه‌تمان به‌شاره‌كه‌مان و هونه‌ری مۆسیقاو گۆرانی كوردی كرد ، ڕاسته‌ له‌ساڵی (1977)  ئه‌و تیپه‌ مۆسیقییه‌مان دامه‌زراند، به‌ڵام له‌ڕێكه‌وتی ( 25/6/1978) مۆڵه‌تی فه‌رمی مان  وه‌رگرت) (1).

له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنه‌وه‌ی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی له‌ساڵی (1977) هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شووشه‌چی ، یه‌كێك بووه‌ له‌ هونه‌رمه‌نده‌ گۆرانیبێژه‌كانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ، سه‌باره‌ت به‌سه‌ره‌تاكانی دامه‌زراندنه‌وه‌ی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی  و ڕۆڵی هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شووشه‌چی هانام برده‌وه‌ به‌ر یاده‌وه‌رییه‌كانی مامۆستا نامدار قه‌ره‌داخی ( هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شووشه‌چی ئه‌ندامێكی دامه‌زرێنه‌ری تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی بوو، ئه‌ندامێكی زۆر چالاكی تیپه‌كه‌مان بوو وه‌ك گۆرانیبێژ ، چه‌ند گۆرانییه‌كمان بۆتۆماركرد له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك، ئه‌وه‌نده‌ی له‌بیرمه‌ گۆرانی ( شیرینه‌ سه‌وزه‌ ، كیژۆڵه‌ی جوان و ئامینێ و ئامین) هه‌موو گۆرانییه‌كانی له‌ئاماده‌و دابه‌شكردنی مۆسیقای من بوو ، دوای ئه‌وه‌ی له‌ساڵی (1982) چوومه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ، كاك ئه‌حمه‌د وه‌ك ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی مابۆوه‌ و یه‌كێك بووه‌ له‌ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر تائه‌م كۆتاییه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ به‌داخه‌وه‌ چالاكی هونه‌ریی نه‌مابوو ، به‌ڵام ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری تیپ بووه‌، کاك ئەحمەد شوشەچی دەنگێکی ڕەسەن و مۆركی کوردیەو خاوەن تایبەتمەندیەکی خۆیەتی، خۆشحاڵم پێكه‌وه‌ كارمان کردەو لە هەموو کارەکانی هاوکار و بەشداربووم) (2).

هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شووشه‌چی ده‌رباره‌ی كارو چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی له‌تیپی مۆسیقای و مه‌وله‌وی و تۆماركردنی گۆرانییه‌كانی له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك  ده‌ڵێت ( یەکەم گۆرانیی لەگەڵ تیپى مۆسیقاى مەولەوى ، گۆرانى ( شیرینە سەوزە) لەهۆنراوەى ( مەولەوى) و ئاوازى فۆلکلۆر بوو ، تاساڵى (1985)  پێنج  گۆرانیم بۆ تەلەفزیۆن تۆماركردووه)(3).

گۆرانی شیرینه‌ سه‌وزه‌ ، به‌ده‌نگ و گه‌رووی چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌ خوێندراوه‌ ، به‌ڵام ئه‌و شێوازه‌ی هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شووشه‌چی  خوێندوویه‌تی ، جیاواز و  چێژبه‌خشه‌،هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند ئاماژه‌ به‌تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ده‌دات ، به‌ڵام پێده‌چێت هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شووشه‌چی ئه‌و گۆرانییه‌ی له‌گه‌ڵ تیپی كۆمه‌ڵ و هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی خوێندبێت  له‌ساڵی (1973)، هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( چالاك سدیق) ده‌رباره‌ی  گۆرانی شیرینه‌ سه‌وزه‌ نووسیویه‌تی ( گۆرانی شیرینه‌ سه‌وزه‌م له‌بیره‌  له‌ساڵانی (1973_1974) تۆماركراوه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوكی كۆن ده‌مانبینی ، وابزانم له‌سه‌ر مه‌قامی (چوارگا به‌یاتی زه‌ند)  بوو ، ئاوازه‌كه‌ی جیاواز بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندی خوالێخۆشبوو(عوسمان عه‌لی) ، ڕه‌نگه‌ هه‌رهه‌مان ئاوازی گۆرانی ( ئای شیلێ جوانی) هونه‌رمه‌ند ( ناسری ڕه‌زازی) بێت كه‌له‌هه‌شتاكان له‌دوای ئه‌مان به‌شیعرێكی تر خوێندوویه‌تی ، ڕه‌نگه‌ هه‌مان میلۆدی بێت ) (4) .

به‌داخه‌وه‌ دوای ئه‌و چه‌ند به‌رهه‌مه‌ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شووشه‌چی له‌ خوێندنی گۆرانی دوورده‌كه‌وێته‌وه‌ و سه‌رقاڵی كاركردن ده‌بێت ، به‌ڵام ئه‌ندامێكی چالاكی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ده‌بێت و به‌رده‌وامی به‌مانه‌وه‌ی له‌و تیپه‌ هونه‌رییه‌ ده‌دات،

كامێرامانی به‌توانا( ئاسۆی جه‌مال موختار) پێی ڕاگه‌یاندم ، كه‌ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شووشه‌چی له‌ساڵی (2008)  گۆرانییه‌كی بۆشاری سلێمانی تۆماركردووه‌ و له‌ ( یوتوب) دا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ ، دوای گه‌ڕانم به‌دوای ئه‌و كلیپه‌ هونه‌رمه‌ند بۆشاری سلێمانی تۆماركردووه‌ ، گۆرانی شاری سلێمانی ، له‌هۆنراوه‌ی ( شێخ ئه‌نوه‌ر 1933_2006) ی شاعیر ، دابه‌شكردنی مۆسیقا له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند ( زه‌مه‌ند نوری )  و ئاواز و وتنی خودی هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شووشه‌چی بووه‌،

دواتر ئه‌و یه‌ك دوو گۆرانی و مه‌قامه‌شم به‌رچاوكه‌وت ، به‌پێویستم زانی ئاماژه‌یان پێ بده‌م :

گۆرانی ( سكاڵا) له‌هۆنراوه‌ی (مه‌لازاهیری ماوه‌تی)  ، دابه‌شكردنی مۆسیقا هونه‌رمه‌ند ( زۆزك قه‌ره‌داخی )  و ئاواز و وتنی خودی هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شووشه‌چی بووه‌،

گۆرانی ( مانگی ڕه‌مه‌زان) ، له‌هۆنراوه‌ی ( پیره‌مێرد 1867_ 19/6/1950) و ئاواز و وتنی خودی هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شووشه‌چی بووه‌،

له‌گه‌ڵ مه‌قامی به‌یات  ( له‌ناكه‌س كاریا)  له‌هۆنراوه‌ی ( مه‌حوی 1836_1906)

(له‌ناكه‌س كاریا خاكم به‌سه‌ر ڕۆی به‌ با عومرم

خودا تۆ بمــــــژیێنه‌ تاله‌بــــه‌ر قاپی كه‌سێ‌ ده‌مرم)

 هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شووشه‌چی له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ، له‌ساڵی (1959) ژیانی هاوبه‌شی پێكهێناوه‌ و به‌روبوومی ئه‌و ژیانه‌ هاوبه‌شییه‌  ( 9) منداڵه‌ ، ( 5كچ و 4 كوڕ) ،

له‌ماوه‌ی ژیانیدا زۆركاری كردووه‌ ، له‌ساڵی ( 1967) پیشه‌ی ( شووشه‌چی) هه‌ڵبژاردووه‌ و به‌رده‌وام بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ی  بۆته‌ ناسناوی ( هونه‌ریی و كۆمه‌ڵایه‌تی) .

 هونه‌رمه‌ندان و ئه‌حمه‌د شووشه‌چی  ...!

هونه‌رمه‌ند و مامۆستا( خالید سه‌ركار) لاپه‌ڕه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانی هه‌ڵده‌داته‌وه‌ و پێمان ده‌ڵێت (  ئه‌حمه‌د شووشه‌چی كه‌سێكی زۆر ڕه‌وشت به‌رزو هێمن و نه‌رم و نیان بوو، په‌یوه‌ندیمان هه‌بوو پێكه‌وه‌ ، كه‌سێك بوو پرسی ده‌كرد، زۆر جار ده‌هاته‌ لام  و پرسی گۆرانی و ئاوازه‌كانی ده‌كرد و منیش به‌وپه‌ڕی تواناوه‌  یارمه‌تیم ده‌دا له‌ هه‌ڵبژاردنی ئاوازی گۆرانیه‌كانی ) (5) .

هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ سه‌لاح مه‌جید ، هاوڕێی دێرینی هونه‌رمه‌ند پێمان ده‌ڵێت :  (كاك ئه‌حمه‌د جیا له‌ بواری هونه‌ریی ، ئه‌و هاوڕێم بوو  زۆر خۆشه‌ویست بوو ، هه‌موومان خۆشمان ده‌ویست ، له‌كۆمه‌ڵ و هونه‌رو وێژه‌ی كوردییه‌وه‌په‌یوه‌ندی برایانه‌و هونه‌ریمان پێكه‌وه‌ هه‌بوو، تابڵێی كه‌سێكی هێمن و قسه‌خۆش و ده‌نگخۆش بوو، زۆر كه‌سێكی جدی و پابه‌ندبوو به‌وئه‌ركه‌ی پێیی ده‌سپێردرا، خۆشترین ڕۆژه‌كانی ژیانمان ئه‌وڕۆژانه‌ بوو كه‌له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك گۆرانیمان تۆمارده‌كرد ، به‌تایبه‌تی ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌ گۆرانی شیرینه‌ سه‌وزه‌ی تۆماركرد، هه‌روه‌ها له‌ تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی یش هه‌رپێكه‌وه‌ بووین هه‌رچه‌نده‌ به‌داخه‌وه‌ گۆرانی كه‌م بوو، به‌ڵام زۆر دڵسۆزبوو بۆ هونه‌ر و گۆرانی ) (6).

به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نه‌وه هونه‌رمه‌ند ‌ دووچاری نه‌خۆشیی ده‌بێت و ماوه‌یه‌ك به‌ده‌ست نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت ،

ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ (26/10/2023)  له‌ته‌مه‌نی (85) ساڵیدا، ژیانئاوایی له‌خانه‌واده‌و ئازیزان و هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان ده‌كات و بۆهه‌میشه‌ چاوه‌كانی لێكده‌نێ ، به‌بۆنه‌ی كۆچكردنی هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شووشه‌چی  و په‌یوه‌ندی له‌مێژینه‌یان،  نووسه‌ر ( فوئاد محه‌مه‌دمین سه‌ڕاج) ، به‌خامه‌و هه‌ستی جوانی ئه‌و چه‌نددێڕه‌ی كرده‌ ملوانكه‌یه‌ك بۆ گه‌ردنی هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شووشه‌چی ...

( سۆزێك له‌ ده‌نگێكی بێده‌نگا ...!) هه‌ستێك له‌نێو كه‌ژاوه‌ی هونه‌ری گۆرانی گوتندا ، ناخی پڕ له‌خۆشه‌ویستی بۆ نیشتمان و دڵی له‌لای ئه‌زمه‌ڕو گۆیژه‌و گڵه‌زه‌رده‌و شاره‌كه‌ی ( سلێمانی) بوو،

ئه‌و ده‌روێشێكی حاڵ لێهاتووی نێو چریكه‌ی  به‌ سۆز و ئاوازی كورده‌واریی ده‌چڕی ، به‌و عیشقه‌وه‌ به‌ده‌نگێكی نه‌رمه‌وه‌ به‌ویژدانی قوڵی پڕ له‌به‌هره‌ی خۆڕسكه‌وه‌( ئه‌ی شیرین سه‌وزه‌ی) ده‌وته‌وه‌ ،

هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شووشه‌چی ، دڵی پاك بوو وه‌كو شووشه‌، كوردبوو، هونه‌رپه‌روه‌ر به‌مانای وشه‌ ، ئه‌و گۆرانیبێژێكی ئه‌مشاره‌ بوو حه‌زی بۆژیان و ئازادی به‌و ده‌نگه‌وه‌، له‌كاروانی هونه‌ردا له‌ته‌ك ( تیپی مه‌وله‌وی)  و هاوڕێیانیدابوونی هه‌بوو ، ده‌نگی هه‌بوو، خه‌می گه‌وره‌ی پێشكه‌وتن و خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بوو، وه‌لێ ئه‌ویش هه‌روه‌كو ( ده‌روێش عه‌بدوڵلا) ئه‌و قه‌در و ڕێزه‌ی نه‌بووچونكه‌ ڕۆڵه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی سته‌م دیده‌بوو، بێ پشتیوان و بێ داڵده‌ بوو ، كه‌چی ئه‌و هه‌میشه‌ عاشقی گۆرانی چڕین و هونه‌ره‌كه‌ی بوو، بولبول ئاسا به‌ده‌وری گوڵ و جوانیدائاماده‌بوو، شیعری شاعیرانی ( مه‌حوی ، نالی  ، شێخ ئه‌نوه‌ر و مه‌حوی)  سوره‌تی سه‌رزمانی بوو، به‌ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی له‌ناڵینا ئاوێته‌ی هونه‌ره‌كه‌ی ده‌كرد ، دڵسۆزی خاك و نیشتمانی كورد بوون بوو، كۆچیشی بۆ ئێمه‌ زیانێكی گه‌وره‌یه‌ ، چونكه‌ هونه‌رپه‌روه‌ر و خۆشه‌ویستی ئه‌م شاره‌بوو ) ( 7).

له‌ڕێكه‌وتی (26/10/2023)   ته‌رمی هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شووشه‌چی له‌گردی سه‌یوانی سلێمانی ده‌نێژرێت و ده‌بێته‌ دواهه‌واری، به‌ڵام ناو و نازناو  و هونه‌ره‌كه‌ی بۆهه‌میشه‌ ده‌مێنێته‌وه‌،

سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی و سڵاو له‌مێژووی هونه‌ریی.

جه‌مالی ده‌لاك  (2/11/2023) سلێمانی . 

گۆرانی كیژۆڵه‌ی جوان ، یه‌كێكه‌ له‌و گۆرانیانه‌ی كه‌له‌ئاوازو هۆنراوه‌ی خۆی بووه‌:

کیژۆڵەى جوان

کیژۆڵەى جوان ناسک و نازدارم
من لەدوورى بەژن و باڵاى یار بێ قەرارم
لادە پەرچەم باببینم سەر کوڵمى سێوت
خوێنى دڵمە قەترە ئەتکێ لەلێوت
تۆ کەخاوەن باغى تو خوا دڵم مەشکێنە
بیپارێزە باغى لیمۆت من مەڕەنجێنە
ئەو کیژە ناسک و نازدارە چەند نازەنینە
دەم بە پێکەنین خوێنى شیرینە
 

سه‌رچاوه‌:

(1)په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( نامدار قه‌ره‌داخی ) ، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ (10/10/2022) ( هه‌ولێر _ سلێمانی) .

(2) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( نامدار قه‌ره‌داخی ) ، ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ (26/10/2023).

(3) دیدارى تاهیر کرمانج و ئەحمەد شوشەچى لە  رێكه‌وتی ( 25/7/1986) کتێبى ژیان و هونەر ،،، ئاماده‌كردنى تاهير كرمانج (1990).

(4) له‌ساڵی (2020) له‌واڵه‌كه‌ی خۆم له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ، گۆرانی ( شیرینه‌ سه‌وزه‌) م بڵاوكره‌وه‌ ، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( چالاك سدیق) له‌ڕێكه‌وتی ( 20/5/2020) وێڕای ده‌ستخۆشیی بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌و گۆرانییه‌ ، ئه‌و سه‌رنجه‌ی له‌سه‌ر گۆرانییه‌كه‌ نووسیبوو ( ج،د) .

(5) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند( خالید سه‌ركار) ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ (1/11/2023) .

(6)  دیدارم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید ، ڕۆژی سێ شه‌ممه‌(31/10/2023) به‌رده‌م چایخانه‌ی شه‌عب.

(7) دیدارم له‌گه‌ڵ برای نووسه‌ر كاك ( فوئادمحه‌مه‌دئه‌مین سه‌ڕاج) ڕۆژی دووشه‌ممه‌ (30/10/2023).
 سوپاس و ستایش و پێزانینم بۆ هاوڕێی دێرینم (محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د) كوڕه‌ گه‌وره‌ی هونه‌رمه‌ند ، رۆژی سێ شه‌ممه‌ (31/10/2023) به‌چه‌ند زانیارییه‌ك ده‌رباره‌ی باوكی ڕه‌وانشادی هاوكاری كردم ، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینم بۆ برای ئازیز ( ئاسۆی جه‌مالی موختار) ( ج،د).

 

 

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.