Erbil 5°C پێنجشەممە 28 تشرینی دووەم 09:41

نه‌تانیاهۆ: كاتژمێری سفڕی هێرشی زه‌مینی بۆ سه‌ر غه‌ززه‌ دیاری كراوه‌

کوردستان TV
100%

سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسڕائیل ئاشكرای كرد كه‌ كاتژمێری سفڕیان بۆ ده‌ستپێكردنی هێرشی زه‌مینی بۆ سه‌ر غه‌ززه‌ دیاری كردووه‌، داواشی له‌ هاووڵاتییانی سڤیل كرد كه‌رتی غه‌ززه‌ جێبهێڵن.

بنیامین نه‌تانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسڕائیل ئه‌مشه‌و چوارشه‌م له‌میانه‌ی گوتارێكی ته‌له‌فزیۆنیدا گوتی: به‌ كۆی ده‌نگی ئه‌نجوومه‌نی ئیداره‌ی جه‌نگ كاتی ده‌ستپێكردنی هێرشی زه‌مینی بۆ سه‌ر غه‌ززه‌ دیاری كراوه‌، به‌ڵام ناچمه‌ نێو زانیارییه‌كان له‌سه‌ر كاته‌كه‌.

گوتیشی: 7ی ئۆكتۆبه‌ر رۆژێكی ره‌شه‌ له‌ مێژووی ئیسڕائیلدا.

سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسڕائیل داواشی له‌ هاووڵاتییانی سڤیلی غه‌ززه‌ كرد شاره‌كه‌ جێبهێڵن و ڕوو له‌ ناوچه‌كانی باشوور بكه‌ن بۆ پاراستنی گیانیان.

نه‌تانیاهۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ به‌بێ گوێدانه‌ كاردانه‌وه‌ سیاسییه‌كان، به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر ئامانجه‌كانی شه‌ڕ ده‌كه‌ن و رزگاركردنی ئیسڕائیل و به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركه‌وتن ته‌نیا ئامانجیان ده‌بێت‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌موو كارێك ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بارمته‌كانیان له‌ژێر ده‌ستی حه‌ماس له‌ غه‌ززه‌ رزگار بكه‌ن و به‌ سه‌لامه‌تی بیانگه‌ڕێننه‌وه‌ ماڵه‌كانیان.

پێشتر هه‌رتسی هالیڤی سه‌رۆكی ئه‌ڕكانی سوپای ئیسڕائیل گوتبووی: ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ ئاماده‌كارییه‌كانمان بۆ ده‌ستپێكردنی هێرشی زه‌مینی بۆ سه‌ر غه‌ززه‌ ته‌واو كردووه‌ و له‌ ئێستادا سوپای ئیسڕائیل چاوه‌ڕێی بڕیاری سیاسی سه‌رووی خۆی ده‌كات بۆ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕه‌كه‌ ده‌كات.

گوتیشی: بێگومان بڕیاره‌كه‌ هه‌ر خوله‌كێك دوابكه‌وێت، ئاماده‌كارییه‌كانمان بۆ ده‌ستپێكردنی هێرشی زه‌مینی چڕتر و تۆكمه‌تر ده‌بێت، به‌ دڵنیاییشه‌وه‌ ئامانجی سه‌ره‌كیمان له‌ هێرشه‌كه‌دا له‌ناوبردنی تیرۆریستان و ژێرخانیان ده‌بێت‌.

لای خۆشییه‌وه‌ یوئاف گالانت وه‌زیری به‌رگریی ئیسڕائیل له‌میانه‌ی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ سه‌ربازانی وڵاته‌كه‌ی گوتبووی: ڕه‌نگه‌ هێرشی زه‌مینی بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ مانگێك یا دوو مانگ یاخود سێ مانگ بخایه‌نێ، به‌ڵام له‌ كۆتایی هێرشه‌كه‌دا شتێك به‌ناوی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس بوونی نامێنێ.

هه‌روه‌ها گوتبووی: به‌ر له‌وه‌ی تانك و زریپۆشه‌كانمان ده‌ست به‌ هێرشی زه‌مینی بۆ سه‌ر غه‌ززه‌ بكه‌ن، هێرشی ئاسمانی بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی دوژمن ده‌كه‌ین كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كوشنده‌ و ورد و كوالێتی ئه‌نجام ده‌درێن.

جه‌ختیشی كردبووه‌وه‌ كه‌ هێرشه‌كه‌یان بۆ سه‌ر غه‌ززه‌ به‌ 3 قۆناغ ده‌بێت و ئامانجی سه‌ره‌كیشیان بنبڕكردنی یه‌كجاری بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و دانانی سیسته‌مێكی نوێیه‌ بۆ كه‌رتی غه‌ززه‌.

 

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.