Erbil 6°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 06:26

گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر وردەکاریی کارکردنی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ ڕوون دەکاتەوە

کوردستان TV
100%

گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر سەبارەت بە دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە شەقامی 120 مەتری هەولێر ڕایگەیاند، دانانی کامێراکان شەقامەکەى هێواش نەکردووەتەوە و قەرەباڵغی دروست نەکردووە، بەڵکوو شەقامەکەى زیاتر ئاسایشمەند کردووە.

فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆى هەولێر لەبارەى چۆنییەتی کارکردنی کامێراى خاڵ بۆ خاڵ ڕایگەیاند: سەرجەم کامێراکان لەم سیستەمەدا پێکەوە بەستراونەوە، هەموو کامێرایەک خۆکارانە وێنەی ئۆتۆمبێلەکان تۆمار دەکات، بەوەش دوو جۆر سەرپێچی تۆمار دەکەن، یەکەمیان ئەگەر ئۆتۆمبێلێک لە خێرایی دیاریکراو تێپەڕی کردبوو، ئەمە لەلایەن کامێراکەوە وەکو سەرپێچی تۆمار دەکرێت. سەرپێچیی دووەمیش کاتێک تۆمار دەکرێت، لە کاتی خەمڵێنراوی نێوان دوو کامێرا، ئۆتۆمبێل بەپێی خێرایی و کاتی دیاریکراو نەگاتە خاڵی دووەمی کامێرا.

سیستەمی خاڵ بۆ خاڵ، لەسەر بنەماى خەمڵاندنی دوورى و کاتی نێوان کامێراکان دانراوە بۆ نموونە گەر دووریی نێوان دوو کامێرا 2 کیلۆمەتر بێت و پێویست بێت بە 80 چرکە ببڕێت، ئەمە یاساییە، بەڵام گەر بە 70 چرکە بڕا، ئەمەیان سەرپێچییە، چونکە ئاماژەیە بۆ ئەوەى ئۆتۆمبێلەکە بە خێرایی زۆرتر لە ڕێگەپێدراو لە نێوان هەردوو کامێرا لێیخوڕیوە.

فازڵ حاجی لەبارەى دابەشکاریی سایدى شەقامەکانەوە گوتی: لە شەقامی 120 مەتری، چوار لاى شەقاممان هەن شەقامی هێواش (لاى راست) تەنیا بۆ بارهەڵگرەکانە؛ ئەگەر بێت و ساید بگۆڕن، ئەمە وەکو سەرپێچی هەژمار دەکرێت. گەر خێراییشیان لە 80 کیلۆمەتر زیاتر بێت، ئەوەش هەر سەرپێچییە. بەوەش کە بارهەڵگر ڕێڕەو لە ڕاستەوە بگۆڕێت و لە 80 کیلۆمەتر زیاتر بڕوات، ئەمە دوو سەرپێچییە. لەبارەى ئۆتۆمبێلی بچووک و بارهەڵنەگرەوە، لە خوار خێرایی 110 لە هەر سایدێک ڕێ بکەن، ئاساییە و سەرپێچی نییە."

گوتەبێژی هاتووچۆى هەولێر ئاماژەی بەوەش دا کە دانانی کامێراکان، شەقامەکەى هێواش نەکردووەتەوە و قەرەباڵخی دروست نەکردووە، بەڵکو شەقامەکەى زیاتر ئاسایشمەند کردووە و ڕووداوەکانی کەم کردووەتەوە، چونکە ڕێگە دەدات شوفێران بە خێرایی 110 کیلۆمەتر ڕێ بکەن."

شەقامی 120 مەتری، 37 کیلۆمەترە، 11 ئۆڤەرپاس و 5 ئەندەرپاس لەخۆ دەگرێت. پانیی شەقامە سەرەکییەکە 15 مەتر بۆ هەر سایدێکە، هەر سایدێک چوار ڕێڕەوی تێدایە. شەقامی 120 مەتری، شەقامێکی خێرایە کە ئەگەر بە یاسایی بەکار نەهێنرێت، مەترسیی گەورە لەسەر شوفێران و سەرنشینان دروست دەبێت، لەم سۆنگەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت چاودێریی پتەوی هاتووچۆ بخاتە سەر شەقامەکان، تاوەکو هاووڵاتییانی لە ڕووداوەکانی هاتووچۆ بپارێزێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.