سەرچاوەیەک لە پۆلیسی فەرەنسا ڕایگەیاند، کە بورجی ئیڤڵ لە پاریس بەهۆی گومانی بوونی بۆمب چۆڵ کراوە و ئێستا بەڕووی خەڵکدا داخراوە.
ئەمڕۆ شەممە 12ـی 08ـی 2023 دوای هەڕەشەی بۆمبڕێژکردنی، بورجی ئیڤڵ لە پاریس بەڕووی خەڵکدا داخرا بۆ پاراستنی خەڵک لە مەترسییەکانی، 3 نهۆمی تاوەرەکە چۆڵ کرا، دەستەی بەڕێوەبردنی تاوەرەکە لەمبارەیەوە ڕایگەیاند، شارەزایانی فڕێدانی بۆمب و پۆلیس شوێنەکە دەپشکنن، لەنێویاندا چێشتخانەیەک کە دەکەوێتە ناو تاوەرەکەوە.
گوتەبێژی دەستەی بەڕێوەبردنی بورجی ئیڤڵ ئاماژەی بەوە داوە کە "ئەمە ڕێکارێکی ستانداردە لەم جۆرە دۆخەدا، بەڵام دەگمەنە."
بورجی ئیڤڵ دیارترین شوێنی گەشتیاریی فەرەنسایە لە پاریس، ساڵی ڕابردوو 6.2 ملیۆن کەس لە تەواوی جیهان سەردانی بورجەکەیان کردووە.
مێژووی دروستکردنی بورجی ئیڤڵ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1887، لە مانگی ئازاری ساڵی 1889 کارەکانی بیناسازی کۆتایی هات و لەهەمان ساڵدا دوو ملیۆن سەردانیکەری هەبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.