له جیهاندا گه‌لێك مۆسیقاژه‌نی به‌توانا هه‌ن له‌ڕێی هونه‌ر و به‌رهه‌مه‌كانیانه‌وه له‌ناو گه‌لانی دنیا خۆیان ناساندووه، نه‌ته‌وه‌ی كوردیش یه‌كێكه له‌و نه‌ته‌وانه‌ی سه‌رگۆی زه‌وی سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ماڵوێرانی و به‌دبه‌ختی و داگیركردن و دزینی سامانی فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌ره‌كه‌ی له‌لایه‌ن گه‌لی سه‌رده‌سته‌ی داگیركه‌ره‌وه، به‌ڵام خۆش به‌ختانه به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه به‌یه‌كجاری له‌ناوبچێ ..! ڕۆژبه‌ڕۆژ به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی خه‌مخۆر و ڕۆڵه دڵسۆزه‌كانی ناوی نه‌ته‌وه‌كه‌یان به‌رزڕاگرتووه، به‌تایبه‌ت له‌بواری هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی دا، گه‌لی كوردیش له‌گه‌ڵ كه‌م ده‌رامه‌تی هونه‌ریدا، به‌ڵام خاوه‌نی ده‌یان هونه‌رمه‌ندی به‌ئه‌زموون و پڕ به‌خششه له‌بواری مۆسیقادا.
یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده مۆسیقاژه‌ن وئاوازدانه‌ر و دامه‌زرێنه‌ری تیپی مۆسیقا له‌كوردستان هونه‌رمه‌ند
( دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید) ه.
له‌سه‌ره‌تای ساڵی (1980) وه له‌ڕێی شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركووكه‌وه، ئاشنابووین به‌كۆمه‌ڵه به‌رهه‌مێكی هونه‌ریی ناوازه ، پێشه‌نگی كاره هونه‌رییه‌كانیان گۆرانی (نێرگز نێرگز) بوو،
ئه‌و گۆرانییه یه‌كێكه له‌گۆرانییه خۆش و پڕ چێژی هونه‌ریی، بۆ هونه‌ردۆست و ئاره‌زوومه‌ندانی ده‌نگی به‌سۆز و ڕه‌سه‌نی گۆرانی كوردی، ئه‌و گۆرانییه
به‌ده‌نگی خاتوو( نه‌جات عه‌بدولمه‌سیح) بوو ، ده‌نگی خۆشی خاتوونی گۆرانیبێژ و میلۆدیی و تێكستی جوانی گۆرانییه‌كه‌وه ده‌ست و په‌نجه‌ی ژه‌نینی هونه‌رمه‌ندانی تپی مۆسیقای دهۆك به‌گشتی و سۆلۆی ژه‌نینی كه‌مانچه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند دڵشادمحهمهدسهعید سه‌رنجی دییه‌ی بینه‌رانی په‌لكێش ده‌كرد و چێژی پێ ده‌به‌خشین، ههروههاپۆشاكی هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ و ته‌واوی هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار به‌جلی كوردییه‌وه سه‌رنجی بینه‌رانی زیاتر ڕاده‌كێشا.
هه‌ركات باس دێته سهرگۆرانی ( نێرگز نێرگز و هۆی نازێ) ڕاسته‌وخۆ ناوی هونه‌رمه‌ند دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید و تیپی مۆسیقای دهۆك به‌رجه‌سته ده‌بێت ، ئه‌و هونه‌رمه‌نده خۆشه‌ویسته‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید، ساڵانێكه به‌شێوه‌ی ئه‌كادیمی خزمه‌ت به هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌كات و ئێستا له‌وڵاتی
( نه‌مسا) ده‌ژی و مامۆستای مۆسیقایه.
له شاری دهۆكه‌وه بۆ په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غدا..!
هونه‌رمه‌ند دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید مسته‌فا، زاده‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌كی دێرینی شاری دهۆكه، له ڕێكه‌وتی
( 17/3/1958) له‌شارۆچكه‌ی ( به‌عشیقه) سه‌ربه‌پارێزگای ( موسڵ ) هاتۆته دنیاوه،
باوكی كه‌سێكی ڕۆشنبیر و هونه‌ردۆست بووه، به‌رده‌وام گوێی له لاوك و به‌سته به‌ده‌نگی به‌سۆزی گۆرانبێژه ڕه‌سه‌نه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه گرتووه، هه‌روه‌ها بوونی ڕادیۆ له‌ناو خانه‌واده‌كه‌یان، ئه‌وانه ده‌بنه كاریگه‌ر له‌سه‌ر هه‌ستی دڵشادی منداڵ ، ته‌مه‌نی چوار ساڵ بووه به‌رده‌وام گوێی له گۆرانی كوردی و عه‌ره‌بی گرتووه له‌ڕێی ڕادیۆوه ، له‌گه‌ڵ ده‌نگ و سۆزی هونه‌رمه‌ندان وده‌ست و په‌نجه‌ی ژه‌نینی ژه‌نیاره‌كان دڵشاد گه‌وره ده‌بێت، له‌دیدارێكدا هونه‌رمه‌ند دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید، لاپه‌ڕه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانی هه‌ڵده‌داته‌وه و پێمان ده‌ڵێت ( له‌منداڵییه‌وه ده‌ستم به‌كاری هونه‌ریی كردووه ، له‌ژینگه‌یه‌كدا ژیاوم ئامێری مۆسیقا نه‌بووه، له‌ته‌مه‌نی 5 بۆ 6 ساڵیدا خۆم ئامێرێكی مۆسیقام دروست كرد، له‌ته‌مه‌نی (9) ساڵیدا ئامێری( ئۆكۆردیۆن )م ده‌ست كه‌وت ، له‌ته‌مه‌نی (12) ساڵیدا خۆم فێری ئامێری ( عود) كرد) (1).
واته هونه‌رمه‌ند دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید، ئه‌وه‌نده تامه‌زرۆی مۆسیقا بووه و حه‌ز و ئاره‌زووی بۆ مۆسیقا بووه، له‌ساڵی (1963) خۆی توانیویه‌تی ئامێری مۆسیقا دروست بكات و له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نیدا ئامێره مۆسیقیه‌كان په‌یدا بكات و ده‌ست و په‌نجه‌و هه‌ستی له‌گه‌ڵ ئامێری ( ئۆكۆردیۆن و عود) دا ئاشنا بكات،
هونه‌رمه‌ند له ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵی (1964) خراوه‌ته قوتابخانه، پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تایی له شارۆچكه‌ی
( قه‌ره‌قۆش) بووه، پۆلی دووه‌م تا ته‌واوكردنی قۆناغی سه‌ره‌تایی له شارۆچكه‌ی ( ته‌له‌عفه‌ر) ته‌واو كردووه، پۆلی یه‌ك و دووی ناوه‌ندی له‌شاری ( موسڵ ) بووه و دواتر گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ شاری دهۆك قۆناغی ناوه‌ندی ته‌واو كردووه، له‌به‌ر زیره‌كی و لێهاتوویی دڵشادی مێرد منداڵ ،له‌ته‌مه‌نی (14) ساڵیدا، (1972) له (په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدا) له‌به‌شی مۆسیقا وه‌رده‌گیرێت ، هونه‌رمه‌ند له‌په‌یمانگا له‌سه‌ر ئامێری ( ڤیۆلۆن) بۆماوه‌ی (5) ساڵ ده‌خوێنێ.
هونه‌رمه‌ند دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید، له‌گه‌ڵ درێژه‌پێدانی خوێندنه‌كه‌ی له پۆلی چواری په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان ، ساڵی ( 1975) له‌به‌شی كوردی ڕادیۆی به‌غدا بۆماوه‌ی ( یه‌ك) ساڵ كاری كردووه.
له‌ناو خانه‌واده‌كه‌یدا هونه‌رمه‌ند برایه‌كی گه‌وره‌تر له‌خۆی به‌ناوی( شێرزاد محه‌مه‌د سه‌عید) هه‌یه، ئه‌ویش قوتابی په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدا بووه له‌به‌شی مۆسیقا، هونه‌رمه‌ند شێرزاد محه‌مه‌د سه‌عید ژه‌نیار و ئاوازدانه‌ر و گۆرانیبێژ ، له‌وكاته‌ی كهلهپهیمانگای هونه‌ره جوان خوێندوویه‌تی ئه‌ویش له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا كاری كردووه و به‌وته‌ی زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان كه‌سێكی دڵسۆز‌و خه‌مخۆری هونهربووه، هاوكارو پشتیوانی هونه‌رمه‌ندان بووه چوونه‌ته ڕادیۆ به‌مه‌به‌ستی تۆماركردنی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانیان.
هونه‌رمه‌ند دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید له‌ساڵی (1976) وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیار له تیپی مۆسیقای ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی عێراقی له‌شاری به‌غدا كاری كردووه، پاشان وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی لێهاتوو كه‌مانچه ژه‌نێكی به‌توانا له( تیپی سه‌مفۆنیای نیشتمانی عێراقی) و یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی ئۆركێسترای عێراقی كاری هونه‌ریی ئه‌نجام داوه(2).
هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1977) به‌پله‌ی ( نایاب) بڕوانامه‌ی ( دبلۆم) ی له‌مۆسیقا به‌ده‌ستهێناوه.
گه‌ڕانه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند بۆ شاری دهۆك و دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقا ..!
دڵشادمحهمهدسهعیدی هونه‌رمه‌ند، دوای ته‌واو كردنی خوێندنی مۆسیقا به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی له‌شاری به‌غدا ، به‌هه‌گبه‌یه‌كی پڕه‌وه و به‌هیوا و ئاواتێكی زۆره‌وه له‌ساڵی (1978) ده‌گه‌ڕێته‌وه زێده‌كه‌ی، له‌خه‌می ئه‌وه‌دا ده‌بێت له‌شاری دهۆك تیپێكی مۆسیقی وه‌ك شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان دادمه‌زرێنێت، هونه‌رمه‌ند دڵشاد به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی خۆیی و كۆكردنه‌وه‌ی چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار له‌ڕێكه‌وتی ( 22/4/1979) تیپێك به‌ناوی ( تیپی كۆڕاڵ و موزیك) له‌شاری دهۆك داده‌مه‌زرێنێت، ئه‌و تیپه به‌شداری له فیستڤاڵهكاندا كردووه به‌تایبه‌ت فیستڤاڵی هه‌ولێر و پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ست هێناوه.
هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( وریا ئه‌حمه‌د) باس له‌سه‌ره‌تای گه‌ڕانه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید بۆ شاری دهۆك ده‌كات و نووسیویه‌تی ( دڵشاد دهۆكی له‌ساڵی ( 1978) دوای ئه‌وه‌ی به‌شی موزیكی له‌په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدا ته‌واوكرد، بۆشاری دهۆك گه‌ڕایه‌وه ، لهههردووبهشی خانه‌ی مامۆستایان( كچان و كوڕان) وه‌ك مامۆستای موزیك دامه‌زرا،به‌هاوكاری چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك خولێكی موزیكی بۆئارهزوومهندان و به‌هره‌مه‌ندانی شاره‌كه كرده‌وه، هه‌رهه‌مان ساڵ تیپه‌كه به‌ناوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی قوتابخانه‌كانی دهۆك به‌شدارییان له میهره‌جانی ساڵانه‌ی موزیك و كۆڕاڵی سه‌رتاسه‌ری وڵات‌دا كرد‌و پله‌ی یه‌كه‌میان به‌ده‌ست هێنا، شایانی باسكردنه ئه‌وه یه‌كه‌مجار بوو له‌مێژووی شاری دهۆك تیپێكی موزیك و كۆڕاڵ به‌ده‌ستپێشخه‌ری هونه‌رمه‌ند دڵشاد به‌جل و به‌رگی كوردی به‌شداری لهمیهرهجانێكی ئاوادابكهن) (3).
دوای ماوه‌یه‌ك هونه‌رمه‌ند دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید بیرۆكه‌ی دامه‌رزاندنی تیپێكی مۆسیقا له مێشكیدادروست ده‌بێت ، تیپی مۆسیقای دهۆك به ژماره‌ی فه‌رمی ( 214) له‌ڕێكه‌وتی ( 31/5/1979) بۆیه‌كه‌م جار له‌شاری دهۆك ، به‌سه‌رپه‌رشتی هونه‌رمه‌ند دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید دادمه‌زرێت، ئه‌و تیپه سه‌ربه ( یه‌كێتی ئافره‌تان) ی ئه‌و سه‌رده‌مه بووه.
هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای دهۆك، ئه‌و تیپه مۆسیقییه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای مۆسیقای فۆلكلۆری كوردی و تێكه‌ڵ به مۆسیقای ڕۆژئاوایی دامه‌زرا، بریتی بوون له‌و هونه‌رمه‌نده به‌ڕێزانه:
1/ دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید مسته‌فا ، سه‌رۆكی تیپ و ژه‌نیاری ئامێری ( ڤیۆلین ).
2/ به‌درخان ته‌ها محه‌مه‌د سه‌لیم ( برای هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها) ژه‌نیاری ئامێری ( ڤیۆلین ).
3/ زاهید مه‌حمود محسین بریفكانی(1967_20/3/2016) ( ڕۆحی شاد بێت) ژه‌نیاری ئامێری ( ڤیۆلین ).
4/ وه‌لید خالید، ژه‌نیاری ئامێری ( ڤیۆلین ).
5/ جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌دیب، ژه‌نیاری ئامێری ( ڤیۆلین ).
6/ دیموكرات ته‌ها محه‌مه‌د سه‌لیم ( برای هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها) ژه‌نیاری ئامێری ( ڤیۆلین ).
7/ سه‌میر عه‌ونی ، ژه‌نیاری ئامێری ( ڤیۆلین ).
8/ سه‌لاحه‌دین ساڵه‌ح ،ژه‌نیاری ئامێری ( ڤیۆلین ).
9/ ناپلیۆن یاقۆ ، ژه‌نیاری ئامێری ( ڤیۆلین ).
10/ مه‌هدی نوری ، ژه‌نیاری ئامێری ( ڤیۆلین ).
11/ شوكری مو‌سا، ژه‌نیاری ئامێری ( ڤیۆلین ).
12/سه‌لاح حه‌سۆ ،ژه‌نیاری ئامێری ( ڤیۆلین ).
13/ ڕائید عه‌بدوڵڵا، ژه‌نیاری ئامێری ( ڤیۆلین ).
14/ ئیسماعیل عه‌بدولقادر، ژه‌نیاری ئامێری ( چه‌لۆ ).
15/ كه‌مال ئیبراهیم ، ژه‌نیاری ئامێری ( چه‌لۆ ).
16/جه‌میل ئیبراهیم عیسا ، ژه‌نیاری ئامێری ( ئۆرگ ).
17/ ئاری عه‌بدوڵڵا ، ژه‌نیاری ئامێری ( ئۆرگ ).
18/ دڵشاد مسته‌فا، ژه‌نیاری ئامێری ( كلارنێت و ساكسیفۆن ).
19/ زه‌كی سوله‌یمان، ژه‌نیاری ئامێری ( كلارنێت ).
20/ حه‌سه‌ن خه‌لیل ، ژه‌نیاری ئامێری ( ساكسیفۆن ).
21/ نه‌سره‌ت محه‌مه‌د حه‌سه‌ن ، ژه‌نیاری ئامێری ( گیتار ).
22/ ئیحسان سه‌بری ، ژه‌نیاری ئامێری ( باس گیتار ).
23/ ڕه‌مه‌زان محه‌مه‌د ئه‌مین ، ژه‌نیاری ئامێری ( ته‌مبوور ).
24/ عیسا ئه‌حمه‌د، ژه‌نیاری ئامێری ( ئۆكۆردیۆن ).
25/ ڕه‌مه‌زان حوسێن ، ژه‌نیاری ئامێری ( فلوت ).
26/ ته‌ڵاڵ ئه‌حمه‌د داود، ژه‌نیاری ئامێری ( فلوت ).
27/ شۆڕش عه‌بدوڵڵا قادر ، ژه‌نیاری ئامێری ( فلوت ).
28/ ئامار حه‌سه‌ن ، ژه‌نیاری ئامێری ( درامز _ جاز ).
29/ خالید محه‌مه‌د ئه‌مین، ژه‌نیاری ئامێری ( درامز ).(4)
هونه‌رمه‌ند دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید و هونه‌رمه‌ندانی هاوڕێی له‌تیپی مۆسیقای دهۆك ، یه‌كه‌مین چالاكی هونه‌ریی به‌شداریكردنیانه له فیستڤاڵی مۆسیقا و گۆرانی له‌شاری ( سه‌ماوه ) له‌ساڵی (1979) .
دواتر له‌هه‌ردوو فیستڤاڵی شاری ( هه‌ولێر و به‌غدا) تیپی مۆسیقای دهۆك به‌سه‌رپه‌رشتی هونه‌رمه‌ند دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید به‌شدارده‌بن و پله‌ی( یه‌كه‌م) به‌ده‌ست دێنن، تیپی ناوبراو له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیانه‌وه له‌چه‌ندین ئاهه‌نگ و بۆنه و یادكردنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز به‌تێكۆشانێكی پڕ هونه‌رییانه به‌شداربوون.
هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری ڤیۆلۆن( جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌دیب) ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ند دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید، ڕۆڵی له په‌یكه‌ری تیپی مۆسیقای دهۆك دا ده‌ڵێت ( ساڵی (1981) مامۆستا دڵشاد په‌یكه‌ری تیپه‌كه‌ی گۆڕی‌و حه‌زی كرد موزیسیانی به‌توانا بهێنێته ناو تیپه‌كه‌ی منیشی وه‌ك كه‌مانچه‌ژه‌ن بانگ كرد، له‌گه‌ڵ چه‌ندین كه‌مانچه‌ژه‌نی به‌توانا له‌وانه ( به‌درخان ته‌ها و وهلیدخالید) سه‌ره‌تا كاتێك كه‌مانچه‌م گرت تۆزێك شڵه‌ژام، چونكه ژه‌نینی كه‌مانچه كارێكی ئاسان نییه! به‌ڵام دواتر له‌ژێرده‌ستی مامۆستا دڵشاد مه‌شق و ڕاهێنانم ئه‌نجام دا و زۆر خێرا فێری زانست و بنه‌ماكانی ژه‌نین بووم، دواتر هاتمه ڕیزی یه‌كه‌م ژه‌نیاره‌كان ، من خۆم به‌قه‌رزاری مامۆستا دڵشاد ده‌زانم و ڕێگای هونه‌ری دروستی نیشاندام له‌ژه‌نینی كه‌مانچه ، هه‌رگیز ئه‌و ڕۆژه خۆشانهلهیادناكهم كه‌پێكه‌وه له‌سه‌ره‌ده‌می تیپی مۆسیقای دهۆك به‌سه‌رمان بردووه) (5).
دوای ئه‌نجامدانی ئه‌و چالاكییه هونه‌رییانه، تیپی مۆسیقای دهۆك، وه‌ك تیپێكی دیاری شاره جوانه‌كه‌ی دهۆك له‌سه‌رانسه‌ری كوردستان ناسران، یه‌كه‌م به‌رهه‌می هونه‌ریی تۆمارده‌كه‌ن و به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو به‌زوویی به‌كوردستاندا بڵاو ده‌بێته‌وه، سه‌باره‌ت به‌و یه‌كه‌م به‌رهه‌مه‌ی تیپی مۆسیقای دهۆك، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند( وریا ئه‌حمه‌د) پشتیوان و هاوكاریان بووه له‌تۆماركردنی گۆرانییه‌كان، بۆ دڵنیابوون له‌و كاره دڵسۆزانه‌یه په‌یوه‌ندیم به مامۆستا وریا ئه‌حمه‌ده‌وه كرد و فه‌رمووی( دوای وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی له ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رانی تیپی هونه‌ریی هه‌ولێر، ئه‌ویش دوای بێنه‌وبه‌ره‌یه‌كی زۆر تا ڕازی بوون، ئامێره‌كانی ستۆدیۆی تیپی هونه‌ریی هه‌ولێرم برد بۆ شاری دهۆك ئه‌ویش له‌سه‌ر داوای هونه‌رمه‌ند دڵشاد دهۆكی، یه‌كه‌م به‌رهه‌م و نۆبه‌ره‌ی ئه‌و تیپه‌م تۆماركرد له‌گه‌ڵ كاك ( كامه‌ران برای هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها) هه‌رچه‌نده ستۆدیۆیهكه زۆر ساكاربوو، له‌كاتی تۆماركردنی گۆرانییه‌كان ده‌نگی باڵنده‌كانی سه‌رئه‌و داره گه‌وره‌یه‌ی ته‌نیشت ستۆدیۆكه لهتۆماركردنهكهدا ده‌رچووه، ئه‌وه‌نده‌ی له‌یادم مابێت گۆرانییه‌كانی ئه‌و یه‌كه‌م كاسێته بریتی بوون له ( نارین ، مه‌لی مه‌لی، یارگژلۆكێ، لۆژڤانا هه‌ڕۆ مه‌ڕۆ، دوو میهن دوو بزنن، وه‌له‌گه‌ڵ چه‌ند پارچه موزیكێكی هونه‌رمه‌ند دڵشاد دهۆكی ، بۆزانین ئه‌و كاسێته من و كاك كامه‌ران له‌شاری هه‌ولێر و سلێمانی بڵاومان كرده‌وه، بۆمێژوو ده‌یڵێم ، له‌شاری سلێمانی زۆر به‌گه‌رمی پێشوازی له‌و یه‌كه‌م به‌رهه‌مه‌ی تیپی مۆسیقای دهۆك كرا)(6) ،
دوای ئه‌و یه‌كه‌م كاسێته، به‌رهه‌مێكی دیكه‌ی ئه‌و تیپه كاسێتێكی هه‌مه‌ڕه‌نگ بوو بۆ گۆرانیبێژان( هونه‌رمه‌ندی نه‌مر ته‌حسین ته‌ها،25/10/1941_28/5/1995 ) ، ( هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ ئه‌یاز زاخۆیی، 1960_20/1/1986)،هه‌روه‌ها گۆرانیبێژان ( شاكر ئاكره‌یی،21/4/1954 ) ، ( عه‌بدوڵڵا زێڕین ،1956_28/5/2011) ، ( سیار بامه‌ڕنی ) و جگه له گۆرانیبێژ ( سیتاهاگۆبیان) (7).
هونه‌رمه‌ند دڵشادمحهمهدسهعید دوای هه‌وڵ و تێكۆشانی بێ ووچانی له‌گه‌ڵ هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی توانیان ناو و ناوبانگێكی جوان بۆ تیپه مۆسیقییهكهیان له‌كوردستاندا دروست بكه‌ن له‌ڕێی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانیان و ئه‌و گۆرانییانه‌ی له‌ڕێی شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌وه ببوونه میوانی هه‌موو ماڵێكی كورد،جێی په‌سه‌ند و ستایش بوون له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه، هونه‌رمه‌ند له‌و ماوه‌یه‌دا توانی ڕۆڵێكی به‌رچاو و گرنگ ببینێت له‌پێشخستنی مۆسیقا و به‌شداریكردنی كچ و ئافره‌تی كورد و له گۆڕه‌پانی هونه‌ر له‌شاری دهۆك و ده‌ڤه‌ره‌كه، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید ده‌رفه‌تی بۆ ده‌ڕه‌خسێ كه‌بچێته ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌مه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌خوێندن، له‌ڕێكه‌وتی ( 4/5/1984) ڕووده‌كاته وڵاتی ( به‌ریتانیا) و له‌زانكۆی( وێڵز) وه‌رده‌گیرێت.
له‌ساڵی (1987) بڕوانامه‌ی ( به‌كالۆریۆس) له مۆسیقا له‌زانكۆی( وێڵز) ، هونه‌رمه‌ند به‌رده‌وامی ده‌دا به‌خوێندن له‌ساڵی (1988) بڕوانامه‌ی ( ماسته‌ر) له‌مۆسیقا له‌هه‌مان زانكۆ به‌ده‌ست دێنێت.
هه‌رله‌و ساڵه‌دا (1988) هونه‌رمه‌ند به‌هۆی ئه‌و عه‌شقه‌ی بۆ خوێندنی مۆسیقا هه‌یبووه توانیویه‌تی بڕوانامه‌ی
( دبلۆمی هونه‌ریی) له‌سه‌ر ئامێری ( ڤیۆلۆن) له ئه‌كادیمیای مه‌له‌كی به‌ریتانی وه‌ربگرێت(8).
له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامیدان به‌خوێندن و به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه له‌بواری مۆسیقادا هونه‌رمه‌ند سه‌رقاڵی كاری هونه‌ریی بووه، له‌ساڵی (1989) چه‌ند كارێكی ئۆركێسترایی داڕشتووه، یه‌كێك له‌و كاره هونه‌رییانه‌ی پێشكه‌شی كردووه به‌ناوی ( باخچه) یه، هه‌روه‌ها كارێكی دیكه‌ی هونه‌ریی له‌ساڵی (2010) له شاری ( ڤییه‌نا) ی وڵاتی نه‌مسا پێشكه‌ش كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌و چالاكییه هونه‌رییانه هونه‌رمه‌ند یه‌كه‌م ئه‌لبومی مۆسیقا له‌ساڵی (1995)،وه‌ك شاكارێكی به‌نرخی میلۆدی كوردی بڵاوكردۆته‌وه(9).
ئه‌م هونه‌رمه‌نده به‌ناوبانگه‌ی كورد( دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید) له‌ساڵی (1991) شوێنی نیشته‌جێ بوونی له‌وڵاتی به‌ریتانیاوه گواستۆته‌وه بۆ وڵاتی نه‌مسا و وه‌ك مامۆستای مۆسیقا له‌شاری( لینس) ده‌ژی،
هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (2018) له‌زانكۆی ( مۆزارت) له‌وڵاتی نه‌مسا بڕوانامه‌ی ( دكتۆرا) له‌سه‌ر مۆسیقا به‌ده‌ست دێنێت.
جیا له‌كاری هونه‌ریی ، هونه‌رمه‌ند ڕۆژانه وانه‌ی مۆسیقا له‌سه‌ر ئامێری ( ڤیۆلۆن و گیتار) له دوو قوتابخانه به‌قوتابیان ده‌ڵێته‌وه.
له‌دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری (1991) وه هونه‌رمه‌ند چه‌ندجارێك گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان و شاره ئازیزه‌كه‌ی دهۆك، هه‌میشه ئاواتهخوازبووهخزمهتی زیاتر به‌نه‌ته‌وه‌ی بكات و ئه‌كادیمیایه‌كی مۆسیقا له كوردستان بوونی هه‌بێت.
به‌مه‌به‌ستی پشتیوانی له ( شنگال ) و به‌رزنرخاندنی قاره‌مانێتی و جوامێری و نه‌به‌ردی ( پێشمه‌رگه) هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (2015) به‌هاوكاری تیپی ئۆركێسترای نه‌ته‌وه‌یی وڵاتی( چیك) دوو سه‌مفۆنیا به‌ناوه‌كانی( شنگال و پێشمه‌رگه) به‌به‌شداری چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی كورد، تۆمار‌و پێشكه‌شكرد، هه‌ردوو سروود له تێكستی ( ئه‌دیب چه‌لكی) و ئاوازی هونه‌رمه‌ند دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید بوون.
بۆ ڕێزگرتن له‌مێژووی تێكۆشان و به‌رده‌وامی دان له‌ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ر ، سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان لقی دهۆك، بۆ به‌ڕزڕاگرتنی كار‌و به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید ، له‌ڕێكه‌وتی ( 5/11/2016) له‌مه‌راسیمێكی شایسته و به‌ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی شاری دهۆك په‌رده له‌سه‌ر په‌یكه‌ری( كه‌مانچه‌كه‌ی) هونه‌رمه‌ند دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید لادراوه له‌یه‌كێك له‌پاركه‌كانی شاری دهۆك ئه‌و په‌یكه‌ره بۆته سمبولی ڕێزگرتن له هونه‌ر و هونه‌رمه‌ند دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید.
وه‌ك خۆم ته‌نها له‌ڕێی شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌وه، سیمای هونه‌رمه‌ندم بینیوه‌و به‌كاره هونه‌رییه‌كانی خۆیی و تیپی مۆسیقای دهۆك ئاشناببووم، خۆش به‌ختانه ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م بۆ ڕه‌خسا، له ڕێكه‌وتی ( 15/12/2016) له میوانخانهیشاری (جوان) ی شاری سلێمانی بۆماوه‌ی (3) ڕۆژ (دیداری سلێمانی بۆ موزیك) سازكرا، له‌ماوه‌ی ئه‌و سێ ڕۆژی دیداره‌ی موزیك ، له‌نزیكه‌وه به‌خزمه‌تی گه‌یشتم، هونه‌رمه‌ند مرۆڤێكی هێدی و هێمن و سه‌نگین، زمانشیرین و لێوان لێو له خۆشه‌ویستی و له‌ڕێی كاره هونه‌رییه‌كانییه‌وه ناو و كه‌سایه‌تی له‌لای هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی به‌شداربووی دیداره‌كه ئاشنا و خۆشه‌ویست بوو.
هه‌ركات كه‌باس له هونه‌رمه‌ند دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید و ده‌ست و په‌نجه و سۆلۆی كه‌مانچه‌كه‌ی ده‌كرێت، ڕاسته‌وخۆ ئاماژه به ده‌ست و په‌نجه‌یه‌كی كوردی و هونه‌رێكی ڕه‌سه‌ن ده‌كرێت، یه‌كێك له‌هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری ڤیۆلۆن هونه‌رمه‌ند( ئالان عارف) به‌ڕێزیان یه‌كێكه لهژهنیاره به‌تواناكانی گه‌له‌كه‌مان له هه‌نده‌ران و كاره هونه‌رییه‌كانی جێی شانازین ، ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت ( مامۆستا جوان و به‌ڕێزه‌كه‌ی گه‌لی كورد ، دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید، توانیویه‌تی به‌ئاواز و تۆنهكوردییهكانی و ڕه‌سه‌نایه‌تی موزیكی كوردی پێشان بدات،ئه‌وكارانه‌ی جێی شانازییه بۆ گه‌لی كورد) (10).
هه‌روه‌ها جێی خۆشحاڵییه هونه‌رمه‌ند دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید، یه‌كێكه له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ده‌ست نیشانكراوه بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی (ماملێ ) بۆ ساڵی (2021) .
(له‌قۆناغی مێژوویی موزیكی هاوچه‌رخ له‌باشووری كوردستاندا و به‌تایبه‌ت ناوچه‌ی بادینان، مامۆستا دڵشاد ، داینامۆ و بنیاتنه‌ری گرووپی ئۆركێسترایی، دیارترین ئه‌وكارانه‌ی له‌وسه‌رده‌مه ئه‌نجامی داون، دامه‌زراندنی( تیپی مۆسیقای دهۆك) ه، جگه له به‌رهه‌مه‌كانیان وه‌ك پێویستیه‌كی كلتووری و هونه‌ریی ، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كهبهدهیان هونه‌رمه‌ند كاری تێدا بكه‌ن و ببنه سه‌ركرده‌یه‌ك بۆنه‌وه‌كانی داهاتووی خۆیان و ده‌یان هونه‌رمه‌ند پێ بگه‌یه‌نێ، ئه‌و ئۆركێسترایه كه مامۆستا دڵشاد بونیاتنه‌ری بووه ، بووه‌ته ئافرێنه‌ری ده‌یان به‌رهه‌می ناوازه‌و هه‌روه‌ها به‌تۆماركردنی چه‌ند شاكارێكی گۆرانییه‌كی دێرینی كوردی و داڕشتنه‌وه‌یان به‌شێوه‌ی ئۆركێستراڵی و زانستی ،ده‌ست و په‌نجه‌ی سهركهمان یا ڤیۆلینی مامۆستا دڵشاد، په‌روه‌رده‌ی قوتابخانه‌ی ئه‌كادیمی موزیكی كلاسیكی ڕۆژئاوایه ، له‌هه‌مان كاتدا ئاوێته‌یه به‌ڕۆح و به‌رامه‌ی موزیكی كوردی، بۆده‌ستنیشانكردنی هونه‌رمه‌ندی ساڵ ڤایۆلینژه‌ن و موزیسیانی گه‌وره‌ی گه‌لی كورد (دكتۆر دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید) هه‌ڵبژێردراوه تاخهڵاتی ماملێ بۆ ساڵی (2021) یان پێشكه‌ش بكرێ ( 11).
هونه‌رمه‌ند دكتۆر دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید له‌ساڵی (1986) وه ژیانی هاوبه‌شیی پێكهێناوه و ژیانێكی هێمن و به‌خته‌وه‌ری بۆ خۆیی و خانه‌واده‌كه‌ی بنیاتناوه‌و له‌گه‌ڵ دنیا جوانه‌كه‌یدا، هونه‌ری مۆسیقا به‌رده‌وامه ، ده‌خوازم ئه‌و كۆڵه‌كه گرنگه‌ی مۆسیقای كوردی پڕ ته‌ندروست و پڕ ته‌مه‌ن و به‌رده‌وام و پڕ بهرهههم تر بێت له‌سه‌ر خزمه‌تكردن به كلتوور و هونه‌ری مۆسیقای نه‌ته‌وه‌كه‌ی.
جه‌مالی ده‌لاك (8/8/2023) هه‌ولێر.
سه‌رچاوه:
(1)به‌رنامه‌ی دیدار ، كه‌ناڵی ( ئاریان تی ڤی ) 3/2/2021.
(2) كتێبی خۆم و ئه‌ستێره گهشهكان ( به‌رگی یه‌كه‌م) ، ( نه‌جمه‌دین عه‌زیز سمایل) لاپه‌ڕه( 346).
(3 و 4 و 7) كاتێك وێنه ده‌دوێت ، تیپی مۆسیقای دهۆك ، ( باوكی دێرین) گۆڤاری (چلاواز) ژماره (41) له ته‌مووزی (2009) ، لاپه‌ڕه(34).
(5) دیدار له‌گه‌ڵ جه‌مال ئامێدی ، گوڵان میدیا ، 11/2/2019.
(6) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( وریا ئه‌حمه‌د) ڕۆژی دووشه‌ممه (7/8/2023) .
(8) كتێبی ( ڕووخسار و ئه‌زموون) ئیسماعیل كوێستانی ، به‌شی دووه‌م، لاپه‌ڕه( 136).
( 9 و 11)ماڵپه‌ڕی مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ
( 14/1/2021).
(11) هونه‌رمه‌ند ئالان عارف ، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك، ( 27/7/2023).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.