ئهمڕۆ دووشهم له شارهدێی حاجی ئۆمهران بۆمبێکی جۆری ناپاڵمی سهردهمی ڕژێمی بهعس لەلایەن تیمەکانی دەزگای مین تەقێندرایەوە کە مەترسی لەسەر ژیانی گوندنشین و جووتیاران دروستکردبوو.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین/ هەولێر رایگەیاند: ئهمڕۆ دووشهم لەلایەن هاووڵاتییانهوه سەبارەت بە دەرکەوتنی بۆمبێکی فرۆکە لە ناو باخچەی هاووڵاتییەک لە کاتی هەڵکەندنی زەوی لە شارهدێی حاجی ئۆمەران ئاگاداركرایهوه.
راشیگەیاند: دوای گەیشتنی تیمی لەناوبردنی تەقەمەنی نەتەقاوە بە شوێنەکە، دەرکەوت کە بۆمبەکە لە جۆری ناپاڵمی سووتێنەر (ZAB100)ـە و زۆر مەترسیدارە.
ههروهها ڕایگهیاند: دوای هەڵسەنگاندن و گرتنەبەری رێکاری سەلامەت، بڕیاردرا بۆمبەکە بگوازرێتەوە چاڵی تەقاندنەوە لە چیای بەردەبووک سەر بە شارهدێی گەڵاڵە و دەستبەجێ بۆمبەکە لە پرۆسەیەکی سەرکەوتوودا لەناوبرا.
ئەمە چەندین جارە ئەمجۆرە بۆمبانە لە جۆری جیاواز و قەبارەی جیاواز دەدۆزرێنەوە، هەر لە هەمان رۆژدا پێنج تەقەمەنی جەنگی تر لە هەمان شوێن دۆزرانەوە و گواسترانەوە و مەترسیان لەسەر جوتیار و گوندنشینان نەما.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.