Erbil 3°C پێنجشەممە 28 تشرینی دووەم 01:25

گوتەبێژی ئەنجوومەنی دۆلار فرۆشانی هەولێر: پێشبینی دەكەین بەهای 100 دۆلار بگاتە 160 هەزار دینار 

کوردستان TV
100%

بازرگانان و شارەزایانی ئابووری پێیانوایە ئەگەر بانكی ناوەندیی عێراق رێنماییەكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا جێبەجێ نەكات ئەوا لە داهاتوودا سزا دەكەوێتە سەر بانكی ناوەندیش لە ئەنجامدا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار هێشتا دادەبەزێت.
لەو بارەیەوە كەیفی خۆشناو، گوتەبێژی ئەنجوومەنی دۆلارفرۆشانی هەولێر، لەبارەی گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، گوتی: هۆكاری دابەزینی بەهای دینار بۆ سزادانی ئەو 14 بانكە دەگەڕێتەوە كە ئەمریكا سزایداون، چونكە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر دۆخی بازاڕ هەبووە، لە كاتێكدا تەنیا 14 بانك سزادراوە، ئەی ئەگەر لە حاڵەتێكدا ئەمریكا گەمارۆی خستە سەر بانكی ناوەندی، ئەوا هەر كارەسات روودەدات، بۆیە هیوادارین بانكی ناوەندی رێنماییەكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا جێبەجێ بكات كە دەڵێت نابێت بانكی ناوەندی مامەڵە لەگەڵ ئێران و چین و چەند وڵاتێكی دیكە بكات.
هەروەها گوتی: ئەو بانكانە گوایا مامەڵەیان لەگەڵ ئێران، رووسیا و چین كردووە و لەم حاڵەتەشدا بەهای دینار دادەبەزێت و كاریگەری لەسەر دۆخی بازاڕ دروستكردووە و هیوادارین حكوومەتی عێڕاق رێوشوێنێك بگرێتەبەر بەجۆرێك نیوەی مووچەی مووچەخۆران بە دینار و نیوەی بە دۆلار بدات بۆ ئەوەی بتوانێت هاوسەنگی رابگرێت.
گوتیشی: ئێستا خواست لەسەر كڕینی دۆلار زۆرە و پێشبینی دەكەین بەهای هەر 100 دۆلارێك بگاتە 160 هەزار دیناری عێڕاقی.
هاوكات محەمەد عەلی عوزێری، پسپۆڕی ئابووری گوتی: ئەو دۆخە ئابوورییە نوێیەی ئێستا رەنگدانەوەی ئەو بڕیارەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكایە كە سزای خستووەتە سەر 14 بانك و چوار كەسایەتی لە عێڕاق بە تۆمەتی گواستنەوە و سپیكردنەوەی پارە، هەروەها تێوەگلاون لە بازرگانییەكی رەش لەگەڵ ئێران.
عوزێری پێشبینیش دەكات لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سزاكانی ئەمریكا بانكی ناوەندیش بگرێتەوە و بەمەش عێڕاق دەكەوێتە قۆناغێكی خراپی ئابوورییەوە و لەمبارەیەوە گوتی: ئێستا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بوارێكی هێشتووەتەوە، پێشبینی دەكەم لە داهاتووشدا بەدیاریكراوی تا مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بانكی ناوەندیش گەمارۆی دەخرێتەسەر و لەم حاڵەتەشدا عێڕاق دەكەوێتە دۆخێكی خراپی ئابوورییەوە.
ئەو پسپۆڕەی بواری ئابووری پێیوایە سزادانی عێڕاق لەلایەن ئەمریكاوە لە كاتێكدایە كە ئەمریكا ناتوانێت سزای ئێران بدات و لەم حاڵەتەشدا عێڕاق دەبێتە قوربانی ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران، لەمبارەیەوە گوتی: "ئەوەی ئێستا ئەمریكا دەیكات، سزادانی عێڕاقە بەرامبەر ئەوەی ناتوانێت سزاكانی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت چونكە ئێران بازرگانی لەگەڵ ئیماڕات و هەندێك وڵاتانی دیكەی عەرەبی هەیە بەڵام ئەمریكا ناتوانێت ئەوان سزا بدات و دێت عێڕاق سزا دەدات، ئەوەش پێدەچێت مامەڵەكردنی تازەی ئەمریكا بێت بەرامبەر بە عێڕاق.
هەروەها گوتی: پێش ئەو بڕیارەی ئەمریكا، بەهای 100 دۆلاری ئەمریكی نزیكەی 147 هەزار دیناری عێڕاقی بوو بەڵام ئێستا سەرووی 150 هەزار دینارە، بۆیە كەس چارەسەری ئەو برینە ئابوورییەی عێڕاق ناكات، لە هەمانكاتدا پێموایە تا رادەیەك حكوومەتی عێراق ئەم دۆخەی ئێستای بەدڵە چونكە ئەو بوودجە گەورەیەی دایناوە دەتوانێت پاشەكەوتیشی لێ بكات، ئەگەر گریمان بەهای 100 دۆلار بگاتە 170 هەزار دینار ئەوا عێڕاق پارەیشی بۆ دەمێنێتەوە بەجۆرێك سیولەی سەدا 20 زیاد دەكات.

کوردستان رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئابووری عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.