ئەندامانی گرووپێكی دژە ئیسلام و نەتەوەیی توندئاژۆ لە دانیمارك بە ناوی "Danske Patrioter (نیشتمانپەروەرانی دانیماركی) لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە كۆپنهاگن، قورئانی پیرۆزیان سوتاند.
ئەندامانی ئەو گرووپە كە هوتافی سوكایەتیان دژی ئیسلام گوتەوە و لافیتەیان دژبە ئیسلامیان بەرزكردبووەوە، ئاڵای عێراق و قورئانی پیرۆزیان فڕێدایە سەر زەوی و بە پێ بەسەر كەوتن.
دواتریش ئەو گرووپە ئاژاوەگێڕە قورئانی پیرۆزیان سوتاند و بە شێوەیەكی راستەوخۆش ئەو ساتانەیان لە هەژمارەكانی تایبەت بە خۆیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكردەوە.
ئەو گرووپەی قورئانی پیرۆزیان سوتاند رایانگەیاند كە بەمەبەستی پرۆتێستۆكردنی هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق ئەو كارەیان كردووە.
لەوبارەیەوە ئەمڕۆ شەممە، ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند: وەزارەتی دەرەوە بە توندی ئیدانەی ڕووداوی سوكایەتیكردن بە قورئانی بەرز لە بەردەم باڵیۆزخانەی كۆماری عێراق لە دانیمارك دەكات.
ئاماژەی بەوەشكرد كە وەزارەتی دەرەوەی عێراق پابەندبوونی تەواوی خۆی بۆ بەدواداچوون بۆ پێشهاتەكانی ئەو ڕووداوە قێزەونانە دووپاتدەكاتەوە ، كە ناتوانرێت بخرێتە چوارچێوەی مافی ڕادەربڕین و ئازادی خۆپێشاندان.
هەروەها سەحاف گوتی:وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بەپەلە و بەرپرسیارانە بەرامبەر پێشێلكردنی ئاشتی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیان لە سەرانسەری جیهاندا بوەستن.
هاوكات لایەنگرانی موقتەدا سەدر، سەركردەی رەوتی سەدر،لە بەرامبەر هێرشكردنە سەر قورئانی پیرۆز لە كۆپێنهاگن پایتەختی دانیمارك، گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان لە بەغدای پایتەخت ئەنجامدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.