Erbil -1°C ھەینی 29 تشرینی دووەم 07:43

هۆكاره‌كانی بۆن ناخۆشی ناو ده‌می منداڵان بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟

کوردستان TV
100%


بۆن ناخۆشی ناو ده‌م یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی سه‌ردانیكردنی باوان بۆ پزیشكی منداڵان، زۆرجار ده‌پرسن هۆكار چیه‌ منداڵه‌كه‌م بۆنی هه‌ناسه‌ی ناخۆشه‌ ؟
 ، له‌نووسێنێكیدا(له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ (د. میدیا كاكل موحه‌مه‌د تاهیر – پسپۆری نه‌خۆشیه‌كانی منداڵان
 باسی هۆكاره‌كانی ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌كات و ده‌ڵێت" سه‌رچاوه‌ی بۆنی ناخۆشی هه‌ناسه‌ له‌وانه‌یه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی ناو ده‌م بێت یاخود له‌ڕێگه‌ی هه‌ناسه‌دانه‌وه‌ له‌سییه‌كانه‌وه‌ ده‌رچێت ،له‌وانه‌یه‌ هۆكارێكی ساده‌ بێت یاخود نیشانه‌یه‌ك بێت بۆ بوونی نه‌خۆشیه‌كی ده‌گمه‌ن"

د. میدیا كاكل هۆكاره‌كان بۆ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌:  
1. پاكڕانه‌گرتن و خاوێن نه‌كردنه‌وه‌ی ناوده‌م : سه‌ره‌كیترین هۆكاره‌ بۆ بۆن ناخۆشی ناوده‌م له‌ منداڵاندا، نه‌شۆردنی ده‌م و ددان ده‌بێته‌ هۆی كۆبوونه‌وه‌ی به‌كتریا له‌نێو ددانه‌كان و سه‌رزمان و ده‌ردانی بۆنێكی ناخۆش.
2. خواردنی خوارده‌مه‌نیه‌ بۆنداره‌كان كه‌ بڕێكی زور ماده‌ی سلفریان تێدایه‌ بۆ نموونه‌ سیر، پیاز، خواردنی پڕ به‌هارات.
3. نان نه‌خواردن بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ یاخود به‌دخۆراكی.
4. كلۆربوون و هه‌وكردنی پوك و ددانه‌كان.
5. نه‌خوشیه‌كانی پووك : هه‌وكردن و ئاوسانی پووك زۆرجار ده‌بێته‌ هۆی پێكهێنانی په‌ڕه‌یه‌كی سپی له‌سه‌ر پووك و بن زمان و كۆبوونه‌وه‌ی به‌كتریا له‌ئه‌نجامدا ده‌ردانی بۆنێكی ناخۆش له‌ناو ده‌مدا.
6. هه‌ناسه‌دان له‌ڕێگه‌ی ده‌م : به‌تایبه‌تی له‌شه‌واندا له‌كاتی خه‌و ده‌بێته‌ هۆی ووشك بوونی ناوده‌م و دروستبوونی بۆنی ناخۆش له‌كاتی به‌یانیان و له‌خه‌وهه‌ڵسان، ئه‌وه‌ش له‌و منداڵانه‌ی گوشتی زیاده‌ی ناولوتیان هه‌یه‌ ڕوو ده‌دات به‌هۆیه‌وه‌ به‌رده‌وام له‌ ڕێگه‌ی ده‌مه‌وه‌ هه‌ناسه‌ ده‌ده‌ن.
7. هه‌وكردنی له‌وزه‌تێن.
8. هه‌ستیاری و هه‌وكردنی بۆڕی هه‌ناسه‌ گوێ و لووت.
9. نه‌خۆشیه‌كان : نه‌خۆشی شه‌كره‌، نه‌حۆشیه‌كانی گورچیله‌ جگه‌ر.
10. هه‌بوونی ته‌نی ده‌ره‌كی له‌ناو لووت : زۆرجار منداڵان له‌ ئه‌نجامی یاریكردن به‌ لووت ده‌بێته‌ هۆی تێخستنی ته‌نی ده‌ره‌كی (خواردن، ته‌نی پلاستیك هتد ...) بۆ ناو ڕێره‌وی لووت له‌ ئه‌نجامدا هه‌وكردن و درووستبوونی بۆنی ناخۆش له‌گه‌ڵیدا چه‌ند نیشانه‌یه‌كی تری له‌گه‌ڵ داده‌بێت وه‌ك تا، ده‌ردانی شله‌یه‌كی سه‌وز له‌ لوت.

له‌سه‌ر چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردن بۆنی ناوده‌م  د. میدیا كاكل ده‌ڵێت" ته‌ندروستی ده‌م و ددان هه‌نگاوێكی گرنگه‌ له‌ پاراستنی ته‌ندروستی منداڵ بۆیه‌ یارمه‌تی منداڵه‌كه‌ت بده‌و فێری بكه‌ كه‌ چۆن ددانه‌كانی پاكبكاته‌وه‌."
1. پاككردنه‌وه‌ی و شوشتنی ده‌م و ددان به‌ فڵچه‌و هه‌ویری تایبه‌ت به‌ منداڵان له‌ ته‌مه‌نێكی دیاریكراودا.

2. هه‌رده‌م ئاگاداربه‌ پاكردنه‌وه‌ی سه‌رووی زمان به‌شێكی گرنگه‌ له‌ پاككردنه‌وه‌ی ده‌م و ددان كه‌ زۆر جار كۆبوونه‌وه‌و ته‌شه‌نه‌كردنی به‌كتریا له‌سه‌ر زمان ده‌بیته‌ هۆی ده‌ردانی بۆن.

3. هه‌روه‌ها خاوێنكردنه‌وه‌ی نێوان ددانه‌كان له‌پاشماوه‌كانی خواردن به‌به‌كارهێنانی ده‌زووی ددانپاككه‌ره‌وه‌.

4. گه‌ڕان به‌دوای هۆكاره‌كان و چاره‌سه‌ركردنیان.

5. چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی ده‌بنه‌ هۆی بۆن ناخۆشی ناو ده‌م.

6. دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌و خۆراكانه‌ی كه‌ بۆنی ده‌م ناخۆش ده‌كه‌ن (خواردنی سیر، پیاز، به‌هارات وه‌ك چبسی پڕ به‌هارات و تیژ).

7. سه‌ردانی پزیشكی تایبه‌تی ده‌م‌ و ددانی منداڵان بۆ رێگه‌گرتن له‌كاتی هه‌بوونی كلۆر یاخود نه‌خۆشیه‌كانی تری پووك و ددان.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.