سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەستی بە سەرگێژبوون کردووە، گەیەنراوەتە نەخۆشخانە، نووسینگەکەی لەبارەی ڕەوشی تەندروستیی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە جەختی کردەوە کە دۆخی تەندروستیی باشە.
ئەمڕۆ شەممە 15ـی 07ـی 2023 نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: کەمێک پێش ئێستا سەرۆک وەزیران گەیشتە سەنتەری پزیشکی شێبا، ئێستا ڕەوشی تەندروستیی باشە و پشکنینی پزیشکی بۆ دەکرێت.
ڕاشیگەیاند: نەتانیاهۆ دوێنێ هەینی ماوەیەک لە گەرمای تووندی دەریاچەی تەبریا لە باکوری ئیسرائیل بەسەر بردووە، ئەمڕۆ هەستی بە کەمێک سەرگێژخواردن کرد، بە ڕێنوێنی پزیشکی تایبەتی خۆی، د. زڤی بێرکۆڤیتز، گواسترایەوە بۆ بەشی فریاکەوتنی سەنتەری شێبا.
لە ڕاگەیەنراوەکە ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەنجامی پشکنینە سەرەتاییەکانی ناتانیاهۆ ئاسایی دەرکەوتوون، تەنیا دەرکەوتووە کە تووشی وشکبوونی جەستە بووە.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها جەختی کردەوە کە ڕەوشی تەندروستی باشە و لەژێر چاودێری پزیشکیدایە و زنجیرەیەک پشکنینی دیکە بۆ ناتانیاهۆ ئەنجام دەدرێت.
ناتانیاهۆ لە 21ـی 10ـی 1949 لە تەلئەبیب لەدایکبووە، ناوی ڕاستەقینەی بنیامین بن زیۆن ناتانیاهۆیە، ئێستا تەمەنی گەیشتووەتە 73 ساڵ، ماوەی 14 ساڵە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.