Erbil 27°C ھەینی 20 ئەیلوول 00:59

ئێران... لەسەر دۆسیەی ژینا ئەمینی، 54 پارێزەری کورد بانگهێشتی دادگا دەکرێن

کوردستان TV
100%



داواکاری گشتی شاری بۆکان له‌ كوردستانی ئێران (54) پارێزەر کە بەرگری لە دۆسیەی ژینا ئەمینی دەکەن بانگهێشتی دادگا دەکەن. 
رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند، داواکاری گشتی شاری بۆکان لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاگادارییەکەدا کە بۆ (54) پارێزەری ئەو شارەی ناردووە، تێیدا ئەو پارێزەرانە بەهۆی "بڵاوکردنەوەی وێنە، فیلم و بابەتگەلێکی پێچەوانەی پاراستنی بنەما گشتییەکان" بانگهێشتی دادگا کراون، بە پێچەوانەوە ئەگەر لە کاتی دیاریکراودا لە دادگا ئامادە نەبن، رێوشوێنی یاسایی دژیان دەگیرێتەبەر.

رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌" بانگکردنی ئەم پارێزەرانە لە کاتێکدایە، دوو ڕۆژ دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە 18ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک پشتیوانی خۆیان لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی و "پابەندبوون بە هەڵسوکەوتی نایاسایی لەلایەن دامەزراوە و ناوەندە حکومەتییەکانەوە" ئیدانە کرد و ئامادەیی خۆشیان دەربڕی لە دادگا بەرگری لە دۆسیەکە بکەن.
ژینا ئەمینی لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو لە وێستگەی حەقانی میترۆی تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بە تۆمەتی (پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی) دەستگیرکرا، دواترا گوێزرایەوە بۆ گرتووخانەی پۆلیس لە شەقامی وەزیرانی تاران، ئەو کەسانەی لەگەڵ ژینا دەستگیرکرابوون بە میدیاکانیان راگەیاندبوو، لە کاتی گواستنەوەی بۆ بەندیخانە، هێزە ئەمنییەکان لە ژینایان داوە و لە گرتووخانە دۆخی تەندروستی تێکچووە.
  ژینا ئەمینی ڕۆژی 16ی ئەیلولی2022 لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا، تا ئێستاش دادگا هیچ بڕیارێکی لەبارەی ئەو دۆسیەیە نەداوە.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.