Erbil 21°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 16:51

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند فه‌تانه‌ی وه‌لــــــیدی.. ڕچه‌شكێن و ئه‌وینداره‌ گۆشه‌گیره‌كه‌ ...!

کوردستان TV
100%

له‌نێو دنیای ئاوازو گۆرانی كوردی دا، به‌تایبه‌ت ده‌نگی ژن و ئافره‌ت، نه‌ته‌وه‌ی كورد خاوه‌نی چه‌ندین خۆشخوان و خۆشئاوازه‌ له‌ته‌واوی پارچه‌كانی كوردستان، ئه‌و ده‌نگه‌ پڕ سۆزو زوڵاڵه‌ی گۆرانیبێژی ئافره‌ت له‌سه‌رده‌مانێكدا بوێرانه‌ هاتوونه‌ته‌ مه‌یدان و به‌ده‌نگی نه‌رم و نیانیان ستران و لاوك و حه‌یران و هۆره‌و به‌سته‌یان چڕیوه‌،  ته‌نانه‌ت گۆرانی گوتن بۆپیاوانیش جێی قبوڵكردن نه‌بووه‌ ، به‌ڵكو به‌ شایه‌ر و لۆتی ناویان هێناون، ئه‌و شێوازی بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵی كورده‌واری بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی زۆر له‌و ده‌نگخۆشه‌ خۆڕسكه‌ به‌جۆش و خرۆشانه‌ی ده‌نگی مێینه‌ كپ بكرێن و دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌ دنیاجوانه‌كه‌ی هونه‌ری گۆرانی و مۆسیقا، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه ‌زۆرێك له‌و خانمه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ كۆڵیان نه‌داوه‌ و  بوێرانه‌ له‌ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ردا تێكۆشاون و كاری هونه‌رییان ئه‌نجام داوه‌،

به‌ڕاستی زۆر زه‌حمه‌ته‌ باوك بیت و كچه‌كه‌ت خاوه‌نی به‌هره‌یه‌كی ئیلاهییه‌و بتوانێ به‌ده‌نگی به‌سۆزی له‌و سه‌رده‌مه‌ لێوانلێوه‌ له‌ له‌مپه‌ر و تانه‌و ته‌شه‌ر گۆرانی بخوێنێ ..؟!

 له‌هه‌مانكاتیشدا جێی ستایش و ڕێزگرتنه‌ له‌و هه‌سته‌ به‌رزو دڵئاوه‌ڵایه‌ی ئه‌و باوكه‌ كه‌ زه‌مینه‌ی بۆ كچه‌كه‌ی له‌بار كردووه‌، هاوكار و پشتیوان و ڕێنوێنی ده‌كات تا  به‌رده‌وام بێت ، پله‌ به‌ پله‌ به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن له‌و دنیا جوان و شیرینه‌ی هونه‌ر هه‌نگاو بنێ .

له‌شاری سنه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ، پایته‌خته‌كه‌ی میرنشینی ئه‌رده‌ڵان، شاری جوانی و داهێنانی هونه‌ر ، ئه‌و شاره‌ی له به‌‌خششدا به‌رده‌وامه‌ و  چه‌ندین كه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندی له‌هه‌موو بواره‌كانی هونه‌ردا له‌ هه‌ردوو  ڕه‌گه‌ز په‌روه‌رده‌و پێگه‌یاندووه‌ ، له‌هه‌ناوی ئه‌و شاره‌ شیرینه‌ی كوردستانه‌وه‌، باوكێكی دڵسۆز بۆ جگه‌رگۆشه‌كه‌یی و دڵسۆز بۆ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، ده‌ستی هاوكاری و ڕێنیشاندان و پاڵپشتی بۆ كچه‌ ته‌مه‌ن حه‌وت ساڵه‌كه‌ی درێژه‌كات و ده‌یخاته‌ سه‌ر ڕێگای دنیا جوان و شیرینه‌كه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی ، ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ كه‌ خودی خۆشیی هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیار و ئاوازدانه‌ر بووه‌ و زاده‌ی شاری سنه‌( محه‌مه‌د شه‌ریف وه‌لیدی) یه‌، باوكی یه‌كێك له‌ خانمه‌ گۆرانیبێژانی نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌ ، باوكی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ( فه‌تانه‌ی وه‌لیدی) یه‌.

 خانمه‌ هونه‌رمه‌ند فه‌تانه‌ی وه‌لیدی ، ئه‌و ده‌نگه‌ سیحراوی یه‌ی گوێگر په‌لكێش ده‌كات به‌ره‌و دنیای جوانی لێوڕێژ له‌ خه‌یاڵ ، فه‌تانه‌  مه‌لی خۆشخوان و خۆشئاوازی گوڵستانی مۆسیقا و گۆرانی كوردی یه‌ ،  به‌ به‌رهه‌مه‌ نایابه‌كانی گوڵزاری گۆرانی كوردی ده‌وڵه‌مه‌ند و زیاتر ڕازاندۆته‌وه‌.

له‌ ناو خانه‌واده‌وه‌  بۆ سه‌رشانۆ ...!

له‌مانگی گوڵانی ساڵی (1332 ) ی هه‌تاوی ، به‌رامبه‌ر  مانگی چواری ساڵی (1953) ی زاینی ، ( فه‌تانه‌ محه‌مه‌د شه‌ریف وه‌لیدی ) ناسراو به‌ ( فه‌تانه‌ی وه‌لیدی) له‌ شاری سنه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌خانه‌واده‌یه‌كی هونه‌ریی چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێناوه‌.

فه‌تانه‌ له‌ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵیدا (1960) له‌شاره‌كه‌ی خۆی ( سنه‌) خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن ، درێژه‌ی به‌خوێندن داوه‌ و بڕوانامه‌ی

( به‌كالۆریۆس) ی له‌ خوێندنگه‌ی باڵای مۆسیقا له‌( تاران)  به‌ده‌ستهێناوه‌.

ده‌ركه‌وتنی به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی خاتوو فه‌تانه‌ له‌ ته‌مه‌نی منداڵیدا بووه‌ ، بێگومان كاریگه‌ریی ژینگه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندی شاری سنه‌ له‌ بواری هونه‌ریی مۆسیقا و گۆرانی له‌لایه‌ك ، هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی ( محه‌مه‌د شه‌ریف وه‌لیدی) باوكی مۆسیقا ژه‌ن بووه‌ و ژه‌نیاری ئامێری ( ڤیۆلۆن و نای) ‌ و هاوڕێی و هاوده‌می هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( حه‌سه‌ن كامگار 1923_1992)  و هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و سه‌رده‌می شاری سنه‌ بووه.  هه‌روه‌ها كاریگه‌ری قوتابخانه‌و ئاشنابوون به‌ دنیای شیعر و، خوێندنه‌وه‌ی شیعری شاعیران ، ئه‌وانه‌‌ ده‌رفه‌ت بوون بۆ خاتوو فه‌تانه‌ ڕۆح و هه‌ستی ئاشنا ببێت به‌ دنیای مۆسیقا و شیعر، له‌و ته‌مه‌نه‌ منداڵییه‌دا هه‌نگاو بۆ جیهانی مۆسیقا و گۆرانی هه‌ڵبگرێت.

فه‌تانه‌ داوا له‌ باوكی ده‌كات ده‌نگی تاقی بكاته‌وه‌ ؟!

محه‌مه‌د شه‌ریف وه‌لیدی باوكی له‌دیدارێكدا باسی ئه‌و ڕۆژانه‌مان بۆ ده‌كات بۆیه‌كه‌م جار گوێی له‌ده‌نگی كچه‌كه‌ی خۆی بووه‌ و چ هه‌ستێكی هه‌بووه‌ ..!

( هاوڕێیه‌تیم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ڕه‌وانشاد( حه‌سه‌ن كامگار)  هه‌بووله‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای كوردستان كارم ده‌كرد و هاوكاریان بووم، هه‌ندێك جار ده‌چووم بۆ پرۆڤه‌كردن له‌گه‌ڵ ئاغای كامگار و براده‌رانی تیپی مۆسیقا، فه‌تانه ‌ئه‌و كات له‌كلاسی ( چوار و پێنج)  و ته‌مه‌نی (12 بۆ 13) ساڵه‌یدا بوو، له‌و ته‌مه‌ندا ده‌یووت بابه‌ حه‌زئه‌كه‌م بێم له‌ته‌كدا، منیش چه‌ند جارێك له‌گه‌ڵ خۆم بردم ، له‌وێ بینی ئێمه‌ سه‌رمه‌شقی پرۆڤه‌ین و كاری مۆسیقا ده‌كه‌ین، هه‌ستم ده‌كرد خۆشحاڵه‌ ڕۆژێك وتی بابه‌ ده‌كرێ منیش بخوێنم ؟!.

پێم وت بابه‌ تۆ منداڵی و ده‌نگت خۆش نییه‌...!

وتی بابه‌ وابزانن قوتابخانه‌یه‌و ده‌نگم تاقی بكه‌نه‌وه‌..!

ئێمه‌ش دڵمان نه‌شكاند و ده‌نگیمان تاقیكرده‌وه‌، فه‌تانه‌ گۆرانی خوێند ، به‌ڕاستی ده‌نگی خۆشبوو ، ده‌نگێكی قه‌شه‌نگ و دڵنشینی هه‌بوو، من كه‌باوكی بووم له‌وكاته‌دا عاشقی ده‌نگی بووم، به‌هاوكاری من و مامۆستا حه‌سه‌ن كامگار پشتیوانیمان لێكرد، ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تێك بوو بۆ فه‌تانه‌ له‌قۆناغه‌كانی خوێندن به‌شداری چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كان بكات و گۆرانی بخوێنێ و سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌سهێنا و ده‌نگی له‌لای خه‌ڵك ئاشنا بێت و خه‌ڵك په‌سه‌ندی بكه‌ن(1) .

باوكی هه‌ست به‌ توانای هونه‌ریی كچه‌كه‌ی ده‌كات،له‌ لای مامۆستا و هونه‌رمه‌ند( حه‌سه‌ن سوری یان حه‌سه‌ن كامگار)  فێری وانه‌كانی مۆسیقا ده‌بێت، ئه‌و منداڵه‌ پڕ ووزه‌و به‌هره‌مه‌نده‌ به‌هاوكاری و پشتیوانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌نی كامگار به‌رهه‌می گۆرانی له‌ڕادیۆ سنه‌ تۆمار ب‌كات.

كه‌نیشكێكی منداڵ له‌ ڕادیۆ له‌گه‌ڵ ئۆركێسترای ڕادیۆی سنه‌ گۆرانی تۆماربكات ، ئه‌و ده‌ستپێكه‌ هونه‌رییه‌ ده‌بێ چۆن كاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵی كورده‌واری دانابێت ، بێگومان بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌كارێكی نه‌شیاو سه‌یركراوه‌ و جۆره‌ها تانه‌و ته‌شه‌ری ئاراسته‌ كراوه‌ ، به‌ڵام فه‌تانه‌ به‌هۆی باوكی و ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ مۆسیقیانه‌ی له‌ده‌وری بوون و هه‌روه‌ها خۆشیی بوێر ڕچه‌شكێن بووه‌ درێژه‌ی به‌كاروانه‌ هونه‌رییه‌كه‌ی داوه‌،

( دوای ئه‌وه‌ی ڕادیۆی دامه‌زرا، فه‌تانه‌مان بانگهێشت كرد بۆ ڕادیۆ ، یه‌كه‌مین ئافره‌ت بوو له‌به‌رنامه‌ی كوردی ڕادیۆ كوردستانا گۆرانی بخوێنێ ، له‌ته‌واو ئافره‌ت و كه‌نیشك گه‌لێكا ته‌نها فه‌تانه‌بوو ده‌رگای گۆرانی خوێندن و هونه‌ری بۆ ئافره‌تان و كه‌نیشكه‌كانی كوردستان كرده‌وه‌) (2) .

خاتوو فه‌تانه‌ی وه‌لیدی به‌یه‌كه‌م خانمه‌ گۆرانیبێژی ئافره‌ت له‌ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان نایه‌ته‌ ئه‌ژمار، به‌ڵكو‌ له‌سه‌ره‌تای چله‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو له‌ ناوچه‌ی موكریان ئافره‌تی خۆڕاگرو نه‌ترس هه‌بوون به‌ده‌نگی خۆشیان  ئاهه‌نگ و شایی یان گێڕاوه‌( مه‌نیج حه‌یران و زڵه‌خا چوختیش، دوو ژنی بێباك بوو كه‌ ده‌فه‌یان لێ ده‌دا و گۆرانیی داوه‌تیان ده‌گوت و شایه‌ری شایی بوون و هیچ له‌پیاوه‌كانی ئاواڵیان نه‌ده‌مانه‌وه‌، به‌تایبه‌تی مه‌نیج كه‌ خه‌ڵكی سابڵاخ و له‌خێزانێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌ناوبانگ بوو و بۆ خاتری هونه‌ره‌كه‌ی ده‌ستی له‌خزمه‌كانی هه‌ڵگرتبوو) (3).

به‌ڵام ده‌توانین بڵێین له‌ ناوچه‌ی ئه‌رده‌ڵان و شاری سنه‌ خاتوو فه‌تانه‌ی وه‌لیدی‌ پێشه‌نگ ویه‌كه‌مین گۆرانیبێژی ئافره‌ته‌ له‌ڕادیۆ گۆرانی بخوێنێ و ئه‌و ڕێچكه‌یه‌ بشكێنێ و بڵێی ئافره‌تیش بوونی هه‌یه‌ و ده‌توانین له‌ دنیای هونه‌ری گۆرانی و مۆسیقا بوون و كاریگه‌ریمان هه‌بێـت، ئه‌وه‌ش بووه‌ ده‌رفه‌تێك ڕێگا بۆ خانمانی دیكه‌ی شاری سنه‌ بكاته‌وه‌ و هه‌نگاو بۆ نێو جیهانی مۆسیقا و ئاوازو گۆرانی هه‌نگاو بنێن وه‌ك ( سه‌دیقه‌ی محه‌مه‌د نه‌ژاد ، مه‌ستووره‌ی ئه‌سه‌دی ، شه‌هێن تاڵه‌بانی)، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و خاتوونه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ نه‌یانتوانی درێژه‌ به‌كاروانی هونه‌ریی بده‌ن له‌به‌ردواكه‌وتوویی كۆمه‌ڵی كورده‌واریی‌ و نه‌بوونی پشتیوانی، خانمه‌ هونه‌رمه‌ند( شه‌هێن تاڵه‌بانی) سه‌باره‌ت به‌درێژه‌دانی فه‌تانه‌ی وه‌لیدی له‌ هونه‌ریی گۆرانی ده‌ڵێت( فه‌تانه‌ دووساڵ له‌ من بچوكتره‌ ، به‌ڵام چونكه‌ باوكی فه‌تانه‌ ئاغای ( وه‌لیدی) ئه‌وسا گۆرانیبێژ بوو ، كاتێ دیتی كچه‌كه‌ی ده‌نگی خۆشه‌ ، هانی داو بردی تا ئه‌ویش گۆرانی بڵێت ، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ فه‌تانه‌ پشتێكی بۆ په‌یدابوو ، فه‌تانه‌ خانم پێش من ده‌ستی به‌گۆرانی كرد، ئه‌و كه‌ده‌ستی به‌ گۆرانی تۆماركردن كرد ، جارێ له‌قۆناغی ناوه‌ندی بوو، كه‌چی من ئه‌وكاته‌ كه‌س و كارم ڕازی نه‌بوون گۆرانی تۆماربكه‌م) (4).

له‌و كاته‌دا خانمه‌ هونه‌رمه‌ند فه‌تانه‌ی وه‌لیدی له‌ڕادیۆ گۆرانی خوێندووه‌،چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی گۆرانیبێژی دیكه‌ له‌ڕادیۆ سنه‌ كارو تێكۆشانی هونه‌رییان هه‌بووه‌  وه‌ك ( به‌هادین نه‌وروزی 1934_16/3/2014) ، ساڵه‌ح پیرزهیری ، هۆشه‌نگ شگرف و به‌هرۆزی ته‌وه‌كوللی،  په‌رویز مه‌جیدی ، مه‌هدی حوجه‌تولسادات ، (ئیره‌جی عه‌نده‌لیبی 1942_2008) ،( عه‌لای بابه‌شه‌هابی1939_26/6/2014) و  عه‌لای سه‌لاحیان).

 بۆ زانیاریی زیاتر ده‌رباره‌ی  هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری ئۆركێسترای ڕادیۆی سنه‌، مۆسیقایان بۆ گۆرانیبێژان ژه‌نیوه‌ ، هونه‌رمه‌ند ( حسێنی شه‌ریفی 1951 سنه‌) له‌دیدارێكدا باس له‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌كات كه‌ خۆی له‌ڕادیۆ بووه‌ : ( مامۆستا گریشا میكائیلزاده‌1929_6/4/1999) به‌ئه‌سڵ ( قه‌وقازی) بوو ، مامۆستای موزیكی قوتابخانه‌كه‌مان بوو، سه‌ره‌تا تیۆری موزیك و تۆنی پێ ده‌گووتین خۆشیی ئامێری ( كه‌مان _ ڤیۆلین) ی جوان لێده‌دا ، ئه‌وكاته‌ له‌ڕادیۆ سنه‌ كارمه‌ند بوو، ئه‌مه‌ ساڵی ( 1961_1962) ئه‌وكاته‌ ئه‌و موزیكژه‌نانه‌ له‌ڕادیۆ بوون

1/  ئاغای حوسێنی فه‌لسه‌فی ئامێری ( سه‌نتوور) ی ده‌ژه‌ند.

2/ ئاغای نه‌سره‌‌توڵڵای حه‌دادی ئامێری ( كه‌مان _ ڤیۆلین) ی ده‌ژه‌ند، ئه‌مه‌ ڕه‌هبه‌ری ئۆركێست بوو  كورد بوو، په‌یمانگایه‌كی تایبه‌تیشی هه‌بوو به‌ناوی ( سرووش) له‌شه‌قامی ( فیرده‌وسی) له‌شاری سنه‌  ئێواران له‌وێ موزیكی فێری خه‌ڵكی به‌هره‌مه‌ند و ئاره‌زوومه‌ند ده‌كرد.

3/ ئاغای گریشا میكائیلزاده ئامێری ( كه‌مان _ ڤیۆلین) ی ده‌ژه‌ند، به‌ئه‌سڵ ( قه‌وقازی) بوو.

4/ ئاغای فه‌ره‌یدوونی بروخێم ، زه‌ڕب كوت بوو ، كوردێكی به‌ئایین جووله‌كه‌ بوو، ئه‌میش كۆمپانیای  تۆماركردنی گۆرانی  هه‌بوو ، به‌ڵام له‌سه‌ر قه‌وانی بچووك تۆمارده‌كرد،

شایانی باسه‌ ئه‌و ئۆركێسترا چوار موزیكژه‌نییه‌ی ڕادیۆی سنه‌ له‌گه‌ڵ گۆرانیبێژان ( حه‌سه‌ن زیره‌ك 1921_26/6/1972) ،( به‌هادینی نه‌وروزی ) ، ( مه‌زهه‌ری خالقی ) ،( حیكمه‌تی نووبه‌ری) ،( شه‌ریفی وه‌لیدی باوكی فه‌تانه‌ی وه‌لیدی و فه‌تانه‌ی وه‌لیدی و حوسێنی شه‌ریفی ) به‌شدارییان كردووه‌، له‌ساڵی (1975) له‌سنه‌ ته‌له‌فزیۆن دامه‌زرابوو، تیپی ئۆركێسترای ڕادیۆی سنه‌ كه‌ لێره‌و دوا ده‌بێ جگه‌ له‌ ڕادیۆ بۆ تی ڤی سنه‌ش موزیك لێبدا، شایانی باسه‌ دوای نه‌مانی ئاغای ( حه‌دادیان) ئاغای( حه‌سه‌نی كامگار) له‌سه‌ربازی ئامێری ( ترۆمپێت)  فێرببوو خانه‌نشین كرا، دواتر خۆی فێری ژه‌نینی ئامێری ( كه‌مان) كردبوو، ژه‌نینی كه‌مانه‌كه‌ی وه‌ك ستایلی  كه‌مانژه‌نی ناوداری ئێران ( سه‌با) بوو، سه‌با یه‌كێك له‌گه‌وره‌ترین كه‌مان ژه‌نی وڵاتی ئێران بوو، ئاغای كامگار كه‌مانێگی جوانی  ده‌ژه‌ند له‌ ( فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر)  بوو به‌ كارشوناسی هونه‌ر واته‌ شاره‌زای موزیك ،  دوای دروستكردنی ئۆركێسترایه‌ك و چه‌ندین چالاكی ئه‌نجامدا، پاشان وه‌ك ڕابه‌ری تیپی موزیكی له‌ ڕادیۆ سنه‌ دامه‌زرا) (5).

 خانمه‌ هونه‌رمه‌ند فه‌تانه‌ی وه‌لیدی خاوه‌نی ده‌نگێكی خۆش و شێوازێكی تایبه‌ت ، له‌ ته‌مه‌نێكی كورتدا توانی ڕۆڵێكی گرینگ و مێژوویی له‌ هونه‌ریی مۆسیقا و گۆرانی كوردیدا ببینێ و ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی به‌ته‌واوی كوردستاندا بڵاوببێته‌وه‌و سه‌رنجی گوێگران و بیسه‌ران بۆ لای هونه‌ره‌كه‌ی كه‌مه‌ندكێش بكات، به‌پێی سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌ به‌ (55) گۆرانی ده‌كرێـت فه‌تانه‌ی وه‌لیدی خوێندوویه‌تی و له‌ڕادیۆی سنه‌و كرماشان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ته‌نها یه‌ك كاسێت به‌ده‌نگی فه‌تانه‌ی وه‌لیدی له‌تۆمارگاكاندا بڵاوبۆته‌وه‌و هه‌یه‌ ، خودی هونه‌رمه‌ند فه‌تانه‌ی وه‌لیدی له‌ دیدارێكدا ئاماژه‌ به‌ (40) گۆرانی ده‌كات (6).

  به‌ڵام گۆرانییه‌كانی ناسك و هه‌ست بزوێن و زۆر زوو  ده‌كه‌وێته‌ سه‌رزووانی خه‌ڵك و عاشقانی هونه‌ره‌كه‌ی، ده‌بێت ئاماژه‌ به‌وه‌ش بده‌م گۆرانییه‌كانی له‌لایه‌ن چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك به‌شێوازی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یان دووپاته‌ كراونه‌ته‌وه‌  وه‌ك ( شه‌هێن تاڵه‌بانی ، نه‌جمه‌دینی غوڵامی ، مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی  ، ئافاق و دڵنیا قه‌ره‌داخی و حه‌مه‌ ڕه‌ووف كه‌ركوكی) .

یه‌كه‌مین گۆرانیش خاتوو فه‌تانه‌ تۆماری كردووه‌ ، گۆرانی ( له‌سه‌ركانی تیته‌و ....

له‌سه‌ركانی تێته‌و لێو به‌كه‌نی گۆزه‌ به‌شانه‌

بۆ ڕان ئه‌ڕۆیته‌وه‌ وێنه‌ی په‌ری ناسك و جوانه‌

به‌نازه‌وه‌ پا ئه‌نێ به‌ڕووی گوڵا شۆخ و خه‌رامان

به‌ده‌م شمشاڵه‌وه‌ هه‌ڵئه‌په‌ڕێ ئه‌ڕوێ بۆ ناوڕان

له‌دووره‌وه‌ قاو ئه‌كا له‌شوان به‌ده‌م باوه‌ زوڵفی په‌رێشان ) .

ئه‌و گۆرانییه‌ میلۆدییه‌كی خۆش و هه‌ست بزوێنه‌ و دواتر له‌لا‌یه‌ن چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌وه‌  خوێندراوه‌ته‌وه‌ ، وه‌ك (مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی و و حه‌مه‌ڕه‌ووف كه‌ركوكی)   یه‌كێك له‌و خانمه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ی به‌گۆرانییه‌كانی  فه‌تانه‌ی وه‌لیدی هاتۆته‌ نێو دنیای هونه‌ره‌وه‌ ئه‌ویش (مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی 22/5/1958_18/9/2005)  یه‌، ده‌ڵێت ( یه‌كه‌مین به‌شداریم له‌ئاهه‌نگی قوتابخانه‌، گۆرانییه‌كی خانم فه‌تانه‌ی وه‌لیدی ده‌ستم پێكرد ، یه‌كه‌مین گۆرانی كوردی خوێندم گۆرانی ( له‌سه‌ركانی تێته‌و لێو به‌كه‌نی گۆزه‌ به‌شانه‌) هی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند فه‌تانه‌ی وه‌لیدی بوو (7).

یه‌كێكی دیكه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی خاوه‌نی ده‌نگێی خۆش و كاریگه‌ر و دڵنشینه‌، هونه‌رمه‌ند (حه‌مه‌ڕه‌ووف كه‌ركوكی ) یه‌ ئه‌ویش ئه‌و گۆرانییه‌ی خوێندووه‌،  كه‌ركوكی هونه‌رمه‌ند ده‌رباره‌ی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند فه‌تانه‌ی وه‌لیدی ده‌ڵێت ( هونەرمەندی بە تواناو دێرین فەتانەی وەلیدی لە سەردەمێکا دەرکەوت دەنگی ئافرەتمان کەم بوو بە هاندانی باوکی هاتە ناو دنیای موزیک و گۆرانیەوە . دوای ئەوەی هونەرمەندی گەورە حەسەنی کامکار تاقیکردنەوەی دەنگی بۆ ئەکات بۆی دەرەکەوێت خاوەن دەنگێکی بە توانایە هەر ئەوەش بوو زۆربەی ئەو گۆرانیانەی تۆماری کرد لە ئێزگە لە ئاوازی حەسەنی کامکار بوو لێرەوە فەتانەی وەلیدی بەم گۆرانیانە بوە خاوەنی سەپک و ستاییلی خۆی بۆ گۆرانی و موزیکی ڕەسەن ، تا ئێستا توانیومە سێ لە گۆرانیەکانی فەتانەی وەلیدی بڵێمەوە ..

گۆرانی بەهار و یاری نازدار لە گەڵ هونەرمەند (ئاڤان جەمال)، لە گەڵ گۆرانی لە سەر کانی دێتەو،

ئیحساسێکی جوان لە قورگی فەتانەیا هەبوو هیچ کات کێشەی نەبوە لە تۆنە بەرزەکانا لەو گۆرانیانەی خوێندویەتی واتە دەنگی فەتانە بەرزو کراوە بووە)(8).

له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند فه‌تانه‌ی وه‌لیدی كه‌ڵكی له‌هۆنراوه‌ی شاعیران و شیعری فۆلكلۆری ناوچه‌كه‌یی و،  هه‌روه‌ها له‌ شیعری هونه‌رمه‌ند ( عه‌باسی كه‌مه‌ندی 1952_22/5/2014) به‌هره‌ی وه‌رگرتووه‌.

له‌و ماوه‌یه‌دا فه‌تانه‌ی وه‌لیدی به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی له‌ڕادیۆی  سنه‌ و كرماشان تۆماركردووه‌، كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند هاوكاری بوون له‌ پێدانی ئاوازو  ئاماده‌و دابه‌شكردنی گۆرانییه‌كانی، هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( محه‌مه‌د ئینساف جوو، گریشا میكائیل زاده‌، حه‌سه‌ن كامگار ، محه‌مه‌د شه‌ریف وه‌لیدی باوكی ،( محه‌مه‌د عه‌بدولسه‌مه‌دی1936_7/5/1999)، ( موجته‌بای میرزاده‌17/3/1945_17/7/2005)، ( حیشمه‌توڵڵا لوڕنه‌ژاد1947_16/9/1995) و ڕه‌زای ڕه‌زایی ) ( 9).

له‌ته‌واوی كوردستان ده‌نگ و  گۆرانییه‌ شیرینه‌كانی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند فه‌تانه‌ی وه‌لیدی ناسراون و به‌ڕۆحمان ئاشنایه‌ و هونه‌ره‌كه‌ی له‌نێو هونه‌رمه‌ندانی سه‌ر‌ده‌می خۆیدا دیاره‌و وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌ش ده‌دره‌وشێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م خانمه‌ ته‌نها گۆرانیبێژ نه‌بووه‌، به‌ڵكو توانا و به‌هره‌ی دیكی هونه‌ریشی هه‌بووه‌، كاتێك له‌شاری تاران له‌ خوێندنگه‌ی باڵای مۆسیقا ده‌خوێنێ له‌لای هونه‌رمه‌ندی ئاوازدانه‌ر و ژه‌نیاری به توانای ئامێری (تار) هونه‌رمه‌ند( حوسێن عه‌لیزاده‌) وانه‌ی فێربوونی ئامێری تاری خوێندووه‌ وتێكۆشاوه‌ به‌باشترین شێوه‌ی هونه‌ریی فێری ژه‌نینی ئامێر ( تار) بووه‌.

له‌وسه‌ربه‌نده‌ی خوێندنی فه‌تانه‌ی وه‌لیدی له‌تاران، وه‌ك پێشكه‌شكارێكی به‌توانا و لێهاتوو بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ له‌ڕادیۆی تاران به‌رنامه‌ی ( منداڵان) ی پێشكه‌ش كردووه‌، له‌ڕێی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ ده‌رگای ده‌ركه‌وتن و ناسینی له‌ته‌ك گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندانی  كورد و فارس دا بۆ ده‌كرێته‌وه(10).‌

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند فه‌تانه‌ی وه‌لیدی دوای ئه‌وه‌ی ده‌نگ و گۆرانییه‌كانی له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌ناسرێت وه‌ك خانمه‌ گۆانیبێژێكی ده‌نگ ناسكی خۆش و له‌دڵانشین چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی له‌ده‌ره‌وه‌ی شاری سنه‌ ئه‌نجام ده‌دات و سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست دێنێ ، یه‌كێك له‌و چالاكییه‌ هونه‌رییانه‌ فیستڤاڵێك بۆ لاوانی ئێران له‌ ( ڕامسه‌ر) ڕێكده‌خرێت ، فه‌تانه‌ی وه‌لیدی پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست دێنێ ، هونه‌رمه‌ند حسێن شه‌ریفی ده‌مانگه‌ڕێنیته‌وه‌ بۆ میهره‌جانێك له‌شاری تاران ( ساڵی (1965) من و فه‌تانه‌ی وه‌لیدی بۆ میهره‌جانێك بۆ تاران چووین ، له‌تاران تازه‌ ته‌له‌فزیۆن په‌یدابووبوو، نیوسه‌عات به‌رنامه‌یان بۆ من و فه‌تانه‌ دانابوو ، ئه‌وكاته‌ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ زۆر ده‌نگی دایه‌وه‌، دوو گه‌نجی كورد بۆیه‌كه‌مجار له‌به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنیدا گۆرانی كوردی بڵێن )(11).

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند فه‌تانه‌ی وه‌لیدی له‌ساڵی (1969)  به‌شداری ئاهه‌نگێك له‌هۆڵی( ویلاپارك) ی شاری سنه‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ( حه‌سه‌ن زیره‌ك ، ئیره‌جی عه‌نده‌لیبی و هۆشه‌نگ شگرف)،  به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار ( مزه‌فه‌ركامگار به‌ئامێری كلارنێت ، هونه‌رمه‌ند عارف ئیبراهیم پوور به‌ ئامێری ڤیۆلۆن ، هونه‌رمه‌ند سابیر چه‌رخ دانا به‌ئامێری ئۆكۆردیۆن). ئه‌و ئاهه‌نگه‌ش ده‌رفه‌تێك ده‌بێت بۆ ناوبانگ ده‌ركردن و زیاتر ناسینی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی به‌جه‌ماوه‌ر.

  گۆرانییه‌كانی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند فه‌تانه‌ی وه‌لیدی ، خاتوونی ڕچه‌شكێن و پێشه‌نگی گۆرانیبێژانی ئافره‌تانی شاری سنه‌، له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ته‌مه‌نی و  ته‌مه‌نی هونه‌ریدا له‌ڕادیۆ تۆماری كردوون و بڵاوكراونه‌ته‌وه‌:

1/ له‌سه‌ر كانی تێته‌و .

2/  (لای لای دڵم لای له‌باغی سینه‌

ئارام بنیشه‌ شادی ببینه‌

ئارام بگره‌ تۆ ئارامی گیانی من

فرمێسك باكه‌م بچێ له‌سه‌ر چاوانی من )  ،، هۆنراوه‌ی  هونه‌رمه‌ند عه‌باس كه‌مه‌ندی و ئاماده‌و دابه‌شكردنی مۆسیقا له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند ( گریشا میكائیلزاده‌ ) سالی (1975) له‌ڕادیۆ سنه‌ تۆماركراوه‌.

3/ شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ ...

( له‌سه‌رووی قامه‌تی یار ،عه‌تر و عه‌بیرده‌باری

دڵانی خسته‌ له‌رزه‌، له‌ره‌ی مه‌مكی هه‌ناری

مه‌ست مه‌ست به‌ نیمنیگاوه‌، دوو نێرگسی خوماری

به‌خه‌نده‌و زوڵفی لادا، له‌سه‌ر عوزار و زاری

دونیا به‌ئینتیزارت ، شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێ

هاوارشیرین گیان ، ئامان شیرین گیان).

 فه‌تانه‌ی وه‌لیدی وه‌ك هه‌رتاكێكی دیكه‌ ئه‌ویش حه‌زو ئاره‌زووی هه‌بووه‌ بۆ ده‌نگی هونه‌رمه‌ندان و چێژی وه‌رگرتووه‌ له‌ده‌نگ و میلۆدی و گۆرانییه‌كانیان ، فه‌تانه‌ زۆر حه‌زی به‌ده‌نگی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( حیشمه‌توڵڵا لوڕ نه‌ژاد و مه‌زهه‌ری خالقی) كردووه‌، به‌عه‌شق و ده‌نگی به‌سۆز و هونه‌ری به‌رزیی هونه‌رمه‌ند مه‌زهه‌ری خالقی یه‌وه‌ گۆرانی شیرین ته‌شی ده‌ڕێسێی خوێندووه‌(12).

4/ ئامان گوڵ .

5/ ئه‌ی وه‌ی به‌له‌رزانه‌.

6/ مریه‌م باوانم .

7/  بێ تۆ بیمارم بێ دۆست و یارم .

8/ ڕازی شه‌یدایی .

9/ ئه‌ی یاری نازدار.

10/ به‌هار و گوڵزار

11/ هه‌ركه‌س عاشق بێ ..

( هه‌ركه‌س عاشق بێ هه‌رسه‌رگه‌ردانه‌

یارم نه‌دیوه‌ ماڵم وێرانه‌

له‌ژین بێزارم عاشقی دڵدارم

ڕه‌حمێمت هه‌بێ بۆ دڵه‌ی غه‌مبارم

تۆگوڵی ژیانمی ، ئاواتی گیانی منی

ئاره‌زووی ژیانمی ، ئاره‌زووی گیانمی)

12/ خانمه‌ هونه‌رمه‌ند سێ گۆرانی ( به‌هار فه‌سڵێكی خۆشه‌ ، كه‌وملكه‌ و دوور له‌یاری چاو جوانم)  به‌شێوه‌ی دووقۆڵی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژی ڕادیۆی سنه‌ ( ساڵه‌ح پیرزهیری) خوێندووه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌یه‌ك دوو سه‌رچاوه‌ و له‌كه‌ناڵی یوتوب ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ كه‌ له‌ته‌ك هونه‌رمه‌ند ( عه‌باسی كه‌مه‌ندی) ئه‌و گۆرانیانه‌ی خوێندووه‌.

له‌پێوه‌ندی یادكردنه‌وه‌ له‌ خانمه‌ هونه‌رمه‌ند فه‌تانه‌ی وه‌لیدی  ئه‌و زانیارییه‌ ده‌رباره‌ی‌ گۆرانی ( سه‌بری گوڵ فرۆش) بده‌م ، به‌داخه‌وه‌ له‌یه‌ك دوو سه‌رچاوه‌ ئاماژه‌یان به‌خاتوو فه‌تانه‌ی وه‌لیدی داوه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند عه‌باس كه‌مه‌ندی  خوێندوویه‌تی ، نه‌خێر ئه‌وه‌ ڕاست نییه‌، به‌ڵكو ئه‌و گۆرانییه‌ له‌ساڵی (1972) له‌ڕادیۆی سنه‌ به‌ده‌نگی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( شه‌هێن تاڵه‌بانی و عه‌باس كه‌مه‌ندی) تۆماركراوه‌، له‌به‌ر داب و نه‌ریتی كۆمه‌ڵی كورده‌واری و گۆرانی خوێندن بۆ كچ و ژن یاساغ و شووره‌یی بووه‌، سه‌ره‌تا به‌ناوی ( و‌یدا) خوشكی بچوكی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند شه‌هێن خانمه‌وه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، هونه‌رمه‌ند عه‌باسی كه‌مه‌ندی باس له‌چۆنیه‌تی دروست بوون و تۆماركردنی گۆرانی ( سه‌بری گوڵ فرۆش ) مان بۆ ده‌كات ( ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین جار بێ له‌ڕاگه‌یاندنداباسی ئه‌م نهێنییه‌بكه‌م ، خۆئه‌گه‌ر نه‌شیكه‌م هه‌ركه‌س نه‌یده‌زانی، من گۆرانی( سه‌بری گوڵ فرۆش )  م له‌سه‌ر گۆرانییه‌كی عه‌ره‌بیی ئه‌و زه‌مانه‌ی هونه‌رمه‌ندی عێراقی ( داخل حه‌سه‌ن) دروست كرد، كه‌ گوێم له‌و گۆرانییه‌ بوو ، بینیم زۆر جوانه‌ و شیعری كوردیش ده‌خوا ، بۆیه‌ هاوردم ئاڵ و گۆڕێكم تیا كردو بوو به‌ ( سه‌بری گوڵ فرۆش )، سه‌ره‌تا قه‌رار وابوو  بیده‌م به‌شه‌هێن تاڵه‌بانی بیخوێنێ، كاتێكی زۆر ته‌مرینمان كرد بۆ فێركردنی ، من شه‌هێنم فێری خوێندنی ئه‌و گۆرانییه‌ ئه‌كرد، خودا عافووری كا مه‌رحووم ( گریشا میكائیلزاده‌) ئه‌و ده‌مه‌ ڕه‌یسی ئۆركێسترای ڕادیۆی سنه‌ بوو، گووتی ئه‌رێ كاكه‌ بۆ به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌و گۆرانییه‌ ناخوێنن؟! وتم نازانم ئه‌وه‌ ئیدی ئه‌بێ ئێوه‌ ته‌سمیمی بۆبگرن ، وتی من پێم خۆشه‌ ئه‌مه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بخوێنن ، ئه‌وه‌بوو به‌یه‌كه‌وه‌  گۆرانییه‌كه‌مان گووت(13).

ده‌رباره‌ی ئه‌و گۆرانییه‌ خانمه ‌هونه‌رمه‌ند شه‌هێن تاڵه‌بانی پێمان ده‌ڵێت ( عه‌باسی كه‌مه‌ندی گوێی له‌ده‌نگم ببوو، هات و گوتی: تۆ ده‌نگت زۆر خۆشه‌و ده‌بێ له‌ڕادیۆی سنه‌ گۆرانی تۆماربكه‌یت ؟! گوتم نه‌خێر قبووڵم نییه‌ ، دواتر زانیبووی له‌ماڵه‌وه‌ ڕازی نین ، بۆلای دایك و باوكم هات ئه‌وه‌بوو ڕه‌زامه‌ندیانی وه‌رگرت و گوتی :

ئاوازێكی عه‌ره‌بیم هێناوه‌ و هه‌ندێ ده‌ستكاریم كردووه‌ به‌هۆنراوه‌ی فۆلكلۆری كوردی و به‌ده‌نگی تۆ تۆماری ده‌كه‌ین.

كاتێكیش چووین بۆ ڕادیۆی سنه‌ بۆ پرۆڤه‌ له‌وماوه‌یه‌دا موزیكژه‌نه‌كان به‌كاك عه‌باسی كه‌مه‌ندیان گووت: دوو قۆڵی گۆرانییه‌كه‌ بخوێنن تائه‌و ڕۆژه‌ كاك عه‌باس گۆرانیبێژ نه‌بوو، ئێستاش ده‌ڵێ به‌هۆی ئه‌و گۆرانییه‌وه‌  من بووم به‌گۆرانیبێژ..! به‌ڵام به‌ڕاستی ده‌نگی خۆشه‌ ، دوای تۆماركردنی ئه‌و گۆرانییه‌ داوام له‌كاك عه‌باس كرد و گوتم : خوشكێكی  چكۆڵانه‌م هه‌یه‌  به‌ناوی

( و‌یدا) تكایه‌ گۆرانییه‌كه‌ به‌ناوی ئه‌وه‌وه‌ تۆماربكه‌..؟! بۆئه‌وه‌ی كه‌س نه‌زانێ من گوتوومه‌ (14).

خاتوو فه‌تانه‌ی وه‌لیدی ، سێ خوشك و برایه‌كی هه‌یه‌ ،  به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی له‌ناو ئه‌و خانه‌واده‌یه‌ ، بۆماوه‌ییه‌ ، نه‌نكی فه‌تانه‌ واته‌ دایكی باوكی خاوه‌نی ده‌نگێكی به‌سۆز بووه‌ و به‌رده‌وام بالۆره‌و لایلایه‌ی بۆ منداڵه‌كان و نه‌وه‌كانی كردووه‌ ، باوكی هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیار و ئاواز دانه‌ر، خۆشی گۆرانیبێژ و ژه‌نیاری ئامێری ( تار) ،  دووان له‌خوشكه‌كانی به‌ناو (شه‌هلا و سه‌وسه‌ن) له‌گه‌ڵ براكه‌ی( شه‌هرام)  ئه‌وانیش خاوه‌نی ده‌نگێكی خۆش بوون، به‌ڵام به‌هره‌ی ده‌نگخۆشییه‌كه‌یان نه‌خستۆته‌ڕوو.

 ئه‌و خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگ مێینه‌ ناسك و ئارامبه‌خشه‌، ته‌نها ماوه‌ی نزیكه‌ی پانزه‌ ساڵێك به‌رده‌وامیی هه‌بووه‌ له‌ چڕینی گۆرانی دا ، هه‌رچه‌نده‌ له‌سه‌ره‌تادا زۆر بوێرانه‌ هاتۆته‌ مه‌یدان به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌هونه‌ری  مۆسیقا و گۆرانیگوتن دوور ده‌كه‌وێته‌وه و چیتر گۆرانی ناخوێنێ‌؟!.

له‌نێو خه‌ڵكیدا سه‌باره‌ت به‌دووركه‌وتنه‌وه‌ی فه‌تانه‌ی وه‌لیدی له‌ هونه‌ر، چیرۆكی تراژیدیا له‌پشت ئه‌و دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌، فه‌تانه‌ عاشق بووه‌ به‌ لاوێك ، له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌یه‌كه‌یه‌وه‌ ڕێگری لێكراوه‌ و پاشان مه‌عشوقه‌كه‌ی به‌كاره‌ساتێك ژیان له‌ده‌ست ده‌دات، ئه‌و ڕووداوه‌ كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌ست و ده‌روونی فه‌تانه‌ی وه‌لیدی داده‌نێت و ئیتر گۆشه‌گیرده‌بێت ، تا دووچاری نه‌خۆشیی ده‌روونی و ته‌نیایی هه‌ڵبژێرێت،

نیوسه‌ده‌یه‌  فه‌تانه‌ له‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ گۆشه‌گیرییه‌دا ده‌ژیی ، خاتوو ( سیمین چایچی) نووسه‌ر و شاعیر  و هاوڕێی ته‌مه‌نی خاتوو فه‌تانه‌ ئاماژه‌ی پێدا ( خاتوو فه‌تانه‌ هاوڕێی دێرینم له‌ كاتی جه‌وانیدا زۆر گه‌شت و سه‌یرانمان ده‌كرد له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ خوشكه‌كانماندا،چه‌ندجارێك بۆ ڕامسه‌ر چوین، ئێمه‌ هه‌موو گاڵته‌و گه‌پ و یاریمان ده‌كرد ، له‌وسه‌ر‌ده‌مه‌شدا فه‌تانه‌ دووره‌ په‌رێز و گۆشه‌گیر و خه‌مۆكی به‌سیمایدا دیاربوو..؟!  خاتوو فه‌تانه‌ برایه‌كیشی هه‌یه‌ ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌ی فه‌تانه‌ دووچاری ئه‌و نه‌خۆشییه‌ بووه‌، ده‌توانم بڵێم ئه‌وه‌ بۆماوه‌ییه‌ ( جیناته‌) له‌ناو خانه‌واده‌كه‌یاندا، به‌ڵام فه‌تانه‌ خاوه‌ن شێواز و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ له‌ گۆرانی خوێندندا، پێشه‌نگ و بوێر له‌ ده‌ستپێكی كاری هونه‌ریی له‌شار سنه‌ ، به‌داخه‌وه‌ كه‌ ئێستا بارودۆخی به‌وشێوه‌یه‌یه‌ به‌ڵام ناو هونه‌ره‌كه‌ی هه‌ربه‌رزیی و نه‌مریی ده‌مێنێته‌وه‌) ( 15). 

به‌داخه‌وه‌ ئێستا له‌ كونجی بێدادی دا دوور له‌كه‌س و كار و هاوڕێ و هاوده‌می ڕۆژانی گه‌نجی  له‌نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونی ژیان به‌ڕێ ده‌كات، سه‌ره‌ڕای ئه‌و بارودۆخه‌ ده‌روونییه‌ ، به‌هۆی زۆری كێشانی جگه‌ره‌له‌سه‌ر شاده‌ماری ملی گرێ یه‌كی گه‌وره‌ دروست بووه‌، كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژێكانی ده‌نگی كردووه‌ ، به‌ده‌م كێشانی جگه‌ره‌وه‌ كێوماڵ ده‌كات به‌ناو میلۆدییه‌ خۆشه‌كانی خۆی كه‌له‌سه‌رده‌می گه‌نجیدا خوێندوونی، گۆرانیه‌كانی هاوده‌می ئه‌و ته‌نیاییه‌ن،

فه‌تانه‌ له‌ ساڵی (1979) دایكی بۆ هه‌میشه‌ چاوه‌كانی لێكناوه‌و له‌سۆزی دایك بێ به‌ش بووه‌ ، له‌ساڵی (2017) ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ی بۆ هه‌میشه‌ پشتوانی بوو ( باوكی) ئه‌ویش به‌حێیهێشت و به‌ڕه‌حمه‌تی په‌روه‌ردگار چوو، خوشكه‌كانی له‌ شاری تاران ده‌ژین ، له‌سه‌ر داوای خوشكه‌كانی ڕێگه‌ نادرێت كه‌له‌نزیكه‌وه‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان بیبینن..؟!

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند فه‌تانه‌ی وه‌لیدی له‌گه‌ڵ باوكیدا دووجار به‌سه‌ردان هاتۆته‌ باشوور و میوانی خانه‌واده‌ی عه‌بدولڕه‌حمان بێلافی شاعیر بوون.

به‌داخه‌وه‌ بۆ ئه‌و ژیانه‌ پڕئازاره‌ ده‌روونییه‌ی ئێستا  خانمه‌ هونه‌رمه‌ند فه‌تانه‌ی وه‌لیدی ده‌یچێژێ ، له‌كۆتادا به‌خوێندنه‌وه‌یه‌كی كورتی ئه‌و مامۆستایه‌ی كه‌ فێری ژه‌نینی ئامێری (تار) ی كرد، هونه‌رمه‌ند و مامۆستا و ئاوازدانه‌ر و ژه‌نیاری به‌توانا ( حوسێن عه‌لیزاده‌) ده‌ڵێت ( فەتانە دەنگێكی بێهاوتای هەبوو، دەیتوانی خۆرێكی درەوشاوەبێ بە ئاسمانی مۆسیقای كوردییەوە، بەداخەوە بەهۆی تەمەنی كورتی هونەرییەوە هەرگیز نەیتوانی ئەو دەنگە ئاسمانییە بگەیەنێتە لوتكە) (16).

جه‌مالی ده‌لاك (7/6/2023) هه‌ولێر .

سه‌رچاوه‌:

(1 و 2) به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ هونه‌رمه‌ند ( فه‌تانه‌ی وه‌لیدی) كه‌ناڵی ئاسمانی كوردستان  ساڵی (2001) .

(3)مامۆستا هێمن موكریانی ، پێشه‌كی كتێبی ( توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه‌) لاپه‌ڕه‌( 9).

(4 و 14) دیمانه:‌ شه‌هێن تاڵه‌بانی  ،ئا:  وریا ئه‌حمه‌د، گۆڤاری (چلاواز) ژماره‌ 34) له‌ كانوونی یه‌كه‌م 2008،لاپه‌ڕه‌( 43).

( 5 و 11)چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند حوسێنی شه‌ریفی، دیمانه‌  هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د ، گۆڤاری ( چلاواز) ژماره‌ (31) ئه‌یلولی (2008) لاپه‌ڕه‌ ( 34).

(6 و 12) به‌رنامه‌ی گه‌شته‌كانی ئه‌ودیوچیا ، ئاماده‌وپێشكه‌شكردنی ( كیان جه‌هانی) له‌ (5/1/2022)

 (7) دیدار له‌گه‌ڵ مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی ، گۆڤاری ( ڕامان) ژماره‌( 76) له‌ 1/10/2002 ، لاپه‌ڕه‌ (76)  ئازاد عه‌بدولواحید و ئامانج غازی.

(8) په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ ڕه‌ووف كه‌ركوكی  ،، واتساپ 3/6/2023 شه‌ممه‌ ( هه‌ولێر _سلێمانی).

(9) كتێبی ژیان و هونه‌ر ، كۆكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردن و ساغكردنه‌وه‌ی ( تاهیر كرمانج) لاپه‌ڕه‌ (393).

(10) دیدار با فتانه که گوشه‌نشین عشق شد.

دوشنبه‌ /17 أذار 1393/ 11:02 ، دسته‌بندی كردستان

كد خبر 93091710355، نمایندگی كردستان

گزارش از «ویدا باغبانی»، خبرنگار ایسنای کردستان.

(13) كتێبی مامۆستای حه‌وت هونه‌ر ، گفتوگۆیه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ عه‌باسی كه‌مه‌ندی ، سازدانی  به‌رهه‌م عه‌لی ، لاپه‌ڕه‌ (22 و 23) .

(15) په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خانمه‌ نووسه‌ر و شاعیر ( سیمین چایچی) ،، واتساپ 4/6/2023  یه‌ك شه‌ممه‌ ( هه‌ولێر _سنه‌).

(16) فەتانەی وەلیدی.. شاژنە فەرامۆشكراوەكەی

مۆسیقای كوردی ، وریا غه‌فووری ، ڕووداو _ سنه‌ 14/11/2019.

سوپاسی بێ پایانم بۆ برای ئازیز و هونه‌ردۆست  كاك ( سادقی حاجی ڕۆسته‌م ) له‌شاری سنه‌ بۆ هاوكاری و پێدانی زانیاری (ج،د).

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.