Erbil 21°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 16:14

سه‌میر زاخۆیی .. ژه‌نیار ، ئاوازدانه‌ر و سترانبێژ 

کوردستان TV
100%

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی دوای نیوسه‌ده‌ خزمه‌تكردنی به‌ هونه‌ری ستران و ئاوازی كوردی به ‌به‌رده‌وامی كه‌چی ئێستاش خۆی به‌قوتابی هونه‌رمه‌ند( ته‌حسین ته‌ها) ده‌زانێ..!
به‌ده‌م ڕێگاوه‌ و گوێگرتن له‌لاوك و سترانی هونه‌رمه‌ندان( محه‌مه‌د عارف جزیری1912_17/12/1986)  و (كاڤوكێی حه‌سه‌نی جزیری1917_9/7/1983)  و ( سه‌یرانه‌ی ته‌حسین ته‌ها25/10/1941_58/5/1995) ڕووده‌كه‌ینه‌ شاره‌ جوانه‌كه‌یی زاخۆ، به‌دیمه‌نه‌ شیرینه‌كانی ئه‌و شاره‌ ئاشنا ده‌بین و له‌سه‌ر پردی مێژوویی ( ده‌لال) ه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ ئه‌و ئاوه‌ به‌خوڕه‌ی ڕووباری ( خاپوور) ،له‌گه‌ڵ لرفه‌ی شه‌پۆلی زێ یه‌كه‌دا له‌وبه‌ره‌وه‌ ده‌نگێكی زوڵاڵ به‌هه‌ستێكی شیرین و،به‌ ئاوازێكی هه‌ست بزوێن سترانی( ڕوندك بارین) خۆی ده‌ئاژنێته‌ گوێچكه‌مانه‌وه‌، سۆزی چڕینه‌كه‌ی كه‌مه‌ندكێشمان ده‌كات به‌ره‌و ئه‌و ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌ی له‌سه‌ره‌تای شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشووه‌ وه‌ هه‌ڵقوڵاوی هه‌ناوی شاره‌ جوانه‌كه‌ی زاخۆیه‌ و ناوێكی دیارو به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و شاره‌یه‌ له‌ خزمه‌تكردن و فێركردن و په‌روه‌رده‌كردنی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان دا جێ ده‌ستی ڕۆشنه‌، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ لێوان لێوه‌ له‌خه‌سڵه‌تی هونه‌ریی و خۆشه‌ویستی خه‌ڵك و هونه‌رمه‌ندان ناوی زاخۆی كردۆته‌ پاشگر و نازناوی هونه‌ریی خۆیی، هه‌ركاتێك ناوی زاخۆ بێته‌ سه‌رزار، ڕاسته‌وخۆ ناوی پردی ده‌لال و هونه‌رمه‌ند( سه‌میر زاخۆیی) ده‌بنه‌ دوو ناوی دیار و جوان و شیرینی ده‌ڤه‌ری بادینان به‌گشتی و شاری زاخۆ. 
پێویسته‌ په‌ی به‌و ڕاستییه‌ به‌رین كه‌شاری زاخۆ ، خاوه‌نی فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌رێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌و خاوه‌نی چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی كوردپه‌روه‌ر و ده‌نگی به‌سۆزه‌، كه‌هه‌ریه‌كه‌یان مێژوویه‌كی جوانیان له‌ دیرۆكی ئه‌وشاره‌دا نه‌خشاندووه‌ و ناوی زاخۆ یان كردۆته‌ پاشخانی ناوه‌كه‌یان وه‌ك ( هونه‌رمه‌ندی شه‌هیدی سه‌رنگومكراو ئه‌رده‌وان زاخۆیی1957_28له‌سه‌ر 29/1/1986) ،( هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو ئه‌یاز زاخۆیی1960_20/1/1986) ، به‌شار زاخۆیی ، صباح زاخۆیی ) ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌ هونه‌رمه‌ندانی گه‌نج ئه‌مڕۆ له‌گۆڕه‌پانی هونه‌ردا تێده‌كۆشن هه‌مان ناویان كردۆته‌ نازناوی هونه‌رییان وه‌ك( حاجی زاخۆیی ، عه‌بدولقه‌هار زاخۆیی، ده‌لال زاخۆیی) .
ئه‌مجاره‌ش وه‌ك ڕێزو وه‌فایه‌ك بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ پڕ به‌خششه‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند( سه‌میر زاخۆیی) هه‌واره‌كه‌مان ده‌به‌ینه‌ دامێنی( پراده‌لال) و له‌وێوه‌ به‌قه‌راخی چۆمی خاپووردا كێوماڵێك به‌ ژیانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ خۆنه‌ویسته‌ ده‌م به‌خه‌نده‌ ده‌ست و په‌نجه‌ زێرین و گه‌رووه‌ پاراوه‌ كوردییه‌دا ده‌كه‌ین و گه‌ره‌كمانه‌ له‌دوای نیوسه‌ده‌ زیاتر له‌ خزمه‌تكردن، لاپه‌ڕه‌كانی ژیانی هونه‌ریی هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌و به‌خوێنه‌ران و هۆگرانی هونه‌ریی مۆسیقا و گۆرانی كوردی ئاشنا بكه‌ینه‌وه‌.  
به‌رله‌وه‌ی ڕۆبچینه‌ نێو ژیانی تایبه‌تی و هونه‌ریی ، هونه‌رمه‌ندی ئاوازدانه‌ر و سترانبێژ و مۆسیقاژه‌ن( سه‌میر زاخۆیی) به‌باشم زانی كه‌مێك باس له‌ خه‌سڵه‌ته‌ جوانه‌كانی گه‌له‌كه‌م بكه‌م، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو به‌دبه‌ختی و چاره‌ڕه‌شیی و ماڵوێرانی و نه‌هامه‌تیانه‌ی به‌سه‌ریدا هاتووه‌، خه‌سڵه‌تی ڕێزگرتن و پێكه‌وه‌ ژیانی فه‌رامۆش نه‌كردووه‌، هه‌ركه‌سێك له‌سه‌رخوانه‌كه‌ی بووبێت ، نه‌یپرسیوه‌ كه‌ چ نه‌ته‌وه‌و ئایینزایه‌كه‌، به‌ڵكو به‌كه‌ماڵی دڵ و سینگ فراوانییه‌وه‌  كه‌سیی غه‌ریبی له‌ئامێزگرتووه‌ و داڵده‌ی داوه‌و تاڕاده‌ی قوربانیدانیش پارێزگای لێكردووه‌ و پاراستوویه‌تی، هونه‌رمه‌ند
( سه‌میر زاخۆیی) ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ڕۆح و هه‌ست شیرین و دڵسۆزه‌ بۆ فه‌رهه‌نگ و هونه‌ریی كوردی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك له‌نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به‌، له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی پێشوو باپیری له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی، به‌هۆی كاری میرییه‌وه له‌ شاری ( موسڵ) ه‌وه‌ ڕاژه‌ی گواستراوه‌ته‌وه‌‌ بۆشاری زاخۆ  و له‌و شاره‌ نیشته‌جێ بووه‌، فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و سۆز و مامه‌ڵه‌ی ئه‌وشاره‌ ، ئه‌و خانه‌واده‌ عه‌ره‌به‌ی له‌كه‌لتووره‌كه‌ی خۆیدا تواندۆته‌وه‌ و له‌ئامێزی ئه‌و شاره‌دا بۆهه‌میشه‌ هه‌واریان هه‌ڵداوه‌و ئه‌مڕۆ بوونه‌ته‌ خه‌ڵكی دێرینی شاری زاخۆ و به‌وپه‌ڕی خۆشه‌ویستی یه‌وه‌ خزمه‌ت به‌و شاره‌ ده‌كه‌ن.
سه‌میر محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵائه‌حمه‌د محه‌مه‌د شه‌ریف، ناسراو به‌( سه‌میر زاخۆیی) له‌گه‌ڕه‌كی( سیكێ) ی ڕۆخی ڕووباری( خاپوور) له‌خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژار و زه‌حمه‌تكێش له‌شاری زاخۆ له‌ساڵی(1949) چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه‌.
 بنه‌ماڵه‌كه‌یان  له‌نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بن له‌عه‌شیره‌تی( حوسه‌ینی) خه‌ڵكی شاری( موسڵ) ن، باپیری( سه‌ید عه‌بدوڵڵا) فه‌رمانبه‌ری میری بووه ‌به‌ناونیشانی( مأمورنفوس) ڕاژه‌كه‌ی گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ شاری زاخۆ ، له‌گه‌ڵ هه‌رسێ كوڕه‌كانی( حه‌جی سه‌بری ، حه‌جی محه‌مه‌د و سه‌یدسه‌عید) له‌وشاره‌ نیشته‌جێ بوون و كاریان كردووه و تێكه‌ڵاو به‌فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری شاری زاخۆ بوون‌.
باوكی هونه‌رمه‌ند( محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا) به‌پیشه‌ی( سه‌رتاشین) ه‌وه‌ سه‌رقاڵ بووه‌ و بژێوی خانه‌واده‌كه‌ی په‌یداكردووه‌، هه‌روه‌ها باوكی حه‌زو خولیای هونه‌ری هه‌بووه‌، ژه‌نیاری ئامێری ( زه‌ڕب _ ئیقاع)  بووه‌، له‌چه‌ندین كاری هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند( حه‌سه‌ن جزیری) دا وه‌ك ژه‌نیاری زه‌ڕب به‌شداری كردووه‌.
 سه‌میری منداڵ له‌ته‌مه‌نی (7) ساڵیدا خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن، به‌داخه‌وه‌ له‌وسه‌رده‌مه‌دا له‌ده‌ڤه‌ری دهۆك و زاخۆ خوێندن به‌زمانی عه‌ره‌بی بووه‌، سه‌میر خوێندنی به زمانی‌عه‌ره‌بی بووه‌ له‌قوتابخانه‌ی ( الاحداپ) ی تێكه‌ڵاو، له‌پۆلی یه‌كه‌م  تا پۆلی چواره‌می سه‌ره‌تایی(1960) له‌و قوتابخانه‌یدا خوێندوویه‌تی ، پاشان پۆلی چوار تا شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی له‌ قوتابخانه‌ی ( الجدیده‌)خوێندوویه‌تی و بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تایی به‌ده‌ستهێناوه‌،هونه‌رمه‌ند درێژه‌ده‌دات به‌خوێندن له قوتابخانه‌ی‌ ناوه‌ندی ( به‌درخان) بڕوانامه‌ی پۆلی سێیه‌می ناوه‌ندی به‌ده‌ست دێنێ، زۆر كه‌یفخۆش و شادمان ده‌بێت به‌وه‌ی بڕوانامه‌ی ناوه‌ندی هه‌یه‌و مه‌به‌ستیه‌تی بچێته‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدا، به‌شی مۆسیقا بخوێنێ به‌ دڵگه‌شییه‌وه‌ بڕوانامه‌كه‌ی پیشانی دایكی ده‌دات،
به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ر زۆر زوو له‌لایه‌ن دایكی یه‌وه‌ ئه‌و خه‌ون و خه‌یاڵه‌ی ده‌خرێته‌ ناو گڵ و بڕوانامه‌كه‌شی لێده‌ده‌ڕێنێ و نائومێدی ده‌كات و پێی ده‌ڵێت ( هیچ شتێك نه‌ماوه‌ تۆبیخوێنی ته‌نها مۆسیقا نه‌بێت ئه‌ویش له‌به‌غداد) (1) .
سه‌میر زاخۆیی  و  سه‌ره‌تای هه‌ستكردن به‌به‌هره‌ی هونه‌ریی..!
سه‌میری منداڵ له‌به‌رئه‌وه‌ی ماڵیان هاوسێی ڕووباری خاپوور بووه‌، زۆربه‌ی كاتی منداڵی له‌مه‌له‌كردن و  كاركردن له‌ سه‌رتاشخانه‌كه‌ی باوكی به‌سه‌ربردووه‌ ، زاخۆ ده‌ڤه‌رێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌  له‌ده‌نگخۆشانی لاوك و سترانبێژ ، هه‌روه‌ها زۆربه‌ی شه‌وان له‌ڕێی ده‌نگی خۆشیی دایكی كه ‌لای لایه‌ی بۆكردووه‌ چاوه‌كانی لێكناوه‌و كه‌وتۆته‌ خه‌وێكی قوڵه‌وه‌، هه‌روه‌ها كاریگه‌ری باوكی، ئه‌ویش له‌گه‌ڵ گروپێكی مۆسیقادا ژه‌نیاری زه‌ڕب بووه‌، ئه‌و خولیاو ئاره‌زووه‌ له‌ناو هه‌ست و ده‌ست و په‌نجه‌ی سه‌میریشدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ و خۆڕسك خۆی فێری ژه‌نینی ئامێری ئیقاع كردووه‌.
سه‌میری ئاشنا به‌ مۆسیقا ڕۆژێك له‌گه‌ڵ دایكیدا له‌بازاڕی زاخۆ ئامێرێكی ( شمشاڵ) به‌ دایكی ده‌كڕێت به‌ یه‌ك دیناری ئه‌و كاته‌، عه‌شق و خولیای بۆ شمشاڵه‌ زیاتر ده‌بێت و هه‌موو هه‌ستی له‌پاڵ خوێندنه‌كه‌یدا ده‌داته‌ شمشاڵه‌كه‌و ئه‌ویش خۆڕسكانه‌ ده‌ست و په‌نجه‌ی له‌گه‌ڵ شمشاڵه‌كه‌یدا ڕادێنێ.
 له‌گه‌ڵ خوێندن و ژه‌نینی زه‌ڕب و شمشاڵه‌كه‌ی ، حه‌زێكی دیكه‌ له‌ناخیدا چرۆ ده‌كات ئه‌ویش وه‌رزشی تۆپی پێ یه‌، له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌وه‌رزش و ده‌بێته‌ گۆڵچی تیپه‌كه‌یان.
سه‌میر زاخۆیی و ئاشنابوونی به‌  ئامێری كه‌مانچه‌..؟! 
له‌دیدارێكدا هونه‌رمه‌ندباس له‌و ساته‌ وه‌خته‌ ده‌كات ته‌مه‌نی (11) ساڵ بووه‌ بۆیه‌كه‌مجار ئامێری ( كه‌مانچه‌_ڤیۆلۆن) ی له‌قوتابخانه‌ی ( الاحداپ) بینیوه‌ و چۆن سه‌رنجی ڕاكێشاوه‌( له‌پۆلی چواره‌می سه‌ره‌تایی بووم بۆیه‌كه‌مجار ئامێری كه‌مانچه‌م بینی ، مامۆستایه‌كمان هه‌بوو ناوی  ست ( نورالهدی) ڕۆژێك هاته‌ پۆل و سندوقێكی ڕه‌شی پێبوو ئێمه‌ش نه‌مان ده‌زانی ئه‌وه‌ چییه‌..؟ دوای كردیه‌وه‌ و شتێكی ده‌رهێنا و ده‌ستی كرد به‌ عه‌زف كردن زۆر خۆشبوو..! هه‌ندێك سروودی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی بۆ وتین و خۆشی عه‌زفی ده‌كرد و ئێمه‌ له‌گه‌ڵیدا سرووده‌كانمان ده‌ووته‌وه‌، له‌وكاته‌وه‌ ئه‌و ئامێره‌ سه‌رنجی منی ڕاكێشا و حه‌زم ده‌كرد هه‌مبێ و فێری ببم) (2).
هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی له‌ڕێی هاوڕێ یه‌كییه‌وه‌ به‌ناوی ( غائیب عه‌بدلهادی) ئاشنا ده‌بێت به‌ئامێری ( عود) ئه‌و هاوڕێیه‌ی شاره‌زایی له‌ژه‌نینی ئامێری عود دا هه‌بووه‌و ، گه‌لێك جار چۆته‌ لایی و پێی سه‌رسام بووه‌،  له‌ساڵی (1963) سه‌میر به‌سه‌ردان چۆته‌ دیده‌نی ماڵی مامی و یه‌كێك له‌ئامۆزاكانی ئامێرێكی كه‌مانچه‌ی بۆده‌كڕێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زاخۆ ، به‌رده‌وام خۆی سه‌رقاڵ ده‌كات به‌ژه‌نینی ئامێری كه‌مانچه‌، تاڕاده‌یه‌ك ده‌ست و په‌نجه‌ی له‌گه‌ڵ ژێی كه‌مانه‌كه‌ ڕادێنێ و ده‌توانێ ئاوازبژه‌نێ ، له‌و سه‌رده‌مه‌دا هونه‌رمه‌ند ( ته‌حسین ته‌ها) له‌شاری زاخۆ ده‌ژی، سه‌میر زاخۆیی سه‌رسام ده‌بێت به‌ده‌نگ و كاره‌ هونه‌رییه‌كانی و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها دا دروست ده‌كات ، تا ڕۆژێك ته‌حسین ته‌های هونه‌رمه‌ند ده‌زانێ كه‌ سه‌میر ئامێری كه‌مانچه‌ ده‌ژه‌نێ ، بانگی ماڵی خۆیانی ده‌كات ، زۆر هانی ده‌دات و ده‌ستخۆشیی لێده‌كات و ، ڕاهێنانی  زیاتری له‌سه‌ر ئامێری كه‌مانچه‌ پێده‌كات( ساڵی (1963) بوومه‌ ژه‌نیارێكی باشی هه‌ردوو ئامێری ( عود و كه‌مان) مامۆستای مه‌زن ته‌حسین ته‌هاماوه‌ی(16) ساڵ له‌زاخۆ ژیاوه‌ چونكه‌ باوكی فه‌رمانبه‌ر بوو له‌زاخۆ ، زۆر هانی دام بۆ ژه‌نینی كه‌مانچه‌، دوای ئه‌وه‌ی فێربووم ، بوومه‌ ئه‌ندامێك له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندته‌حسین ته‌ها،له‌ساڵی (1964) یه‌كه‌م جار چوومه‌ سه‌رشانۆ له‌هاوینه‌هه‌واری ( سه‌رسینگ) ئاهه‌نگێكمان سازكرد ، مامۆستا ته‌حسین سترانبێژ ، كامێران ئامێری عود، منیش كه‌مان ، به‌ڕاستی ئه‌و ئاهه‌نگه‌ بۆ من زۆر خۆش بوو له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ردا مۆسیقا بژه‌نم و له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندێكی مه‌زنی وه‌ك ته‌حسین ته‌ها، هۆكاریش بوو كه‌ من به‌رده‌وامی به‌هونه‌ره‌كه‌م بده‌م، له‌دوای ئه‌و ئاهه‌نگه‌وه‌ به‌ ‌به‌رده‌وامی له‌ئاهه‌نگه‌كانی دیكه‌ وه‌ك ژه‌نیاری كه‌مانچه‌ له‌گه‌ڵیدا بووم، له‌سه‌ر شانۆ مامۆستا ته‌حسین ته‌ها دوای چڕینی سترانه‌كانی زوو زوو ئاوڕێ لێم ده‌دایه‌وه‌ و ده‌یووت هه‌ی ئافه‌رین ، زیره‌ك ده‌ستخۆش) (3). 
هونه‌رمه‌ند له‌دوای ئه‌و ئاهه‌نگه‌وه‌ چرۆی هونه‌ری زیاتر ده‌پشكوێت.
سه‌میر زاخۆیی و سه‌ره‌تای چڕینی ستران ..!
له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵانی شه‌سته‌كان هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی خۆی فێری ژه‌نینی هه‌ردوو ئامێری( عود و كه‌مانچه‌) به‌شێوه‌ی گوێبیست( سماعی) ده‌كات،ڕۆژێك له‌ماڵه‌وه‌ ئامێری عوده‌كه‌ی له‌ئامێزگرتووه‌و هه‌ست و ده‌ست وپه‌نجه‌و ڕۆحی ئاوێته‌ی ژه‌نینی مۆسیقاكردووه‌، ( عه‌بدلعه‌زیزسڵێمان) ی هاوڕێی سه‌ردانی ده‌كات و ده‌بینێ سه‌میر سه‌رقاڵی ژه‌نینی ئامێری عوده‌ ، لێی ده‌پرسێ چۆن فێری ژه‌نینی عود بووه‌ و به‌ده‌ست و په‌نجه‌ی سه‌رسام ده‌بێـت..! پێی ده‌ڵێت ده‌مه‌وێت هاوكارت بم ، هه‌ندێك هۆزانم هه‌یه‌ ده‌تده‌مێ تائاوازیان له‌سه‌ر دابنێی و بیانخوێنی، به‌م هاوكاری و پشتیوانیه‌ی عه‌بدولعه‌زیز سڵێمانی شاعیر،سه‌میر زاخۆیی زیاتر هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێ بۆنێو دنیای ئاوازو ستران، سه‌ره‌تا به‌لاساییكردنه‌وه‌ی سترانه‌كانی  هونه‌رمه‌ندان( ته‌حسین ته‌ها و به‌شار زاخۆیی) ده‌ستیپێكردووه‌ و له‌چڕینی سترانیشدا هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها زۆر هانی داوه‌ و پشتگیری كردووه‌، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند له‌ژێر كاریگه‌ری ده‌نگ و هونه‌ر و گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌ب ( محه‌مه‌دعه‌بدلوه‌هاب و فه‌رید ئه‌تره‌ش، صباح فه‌خری  و كه‌لسوم و صه‌باح) بووه‌.
   هونه‌رمه‌ند بۆیه‌كه‌م جار له‌ساڵی ( 1967) له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ردا گۆرانی چڕیوه‌، له‌هۆنراوه‌ی عه‌بدولعه‌زیز سڵێمانی شاعیر و ئاوازی خۆی بووه‌( ده‌ستم به‌كاری هونه‌ری گۆرانی گوتن كرد، هه‌رچه‌نده‌ بۆ من ترسێكی گه‌وره‌ بووبتوانم له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌رێكی گه‌وره‌دا ستران بێژم ، چونكه‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره ‌ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌، بریتی بوون له‌خه‌ڵكی ئاسایی، ڕۆشنبیر، هونه‌رمه‌ند و موزیكژه‌ن، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ له‌سه‌ر شانۆ بوه‌ستی به‌ڕاستی گه‌لێك زه‌حمه‌ت بوو بۆم، ئه‌و سترانه‌ی یه‌كه‌م‌ جار خوێندم ئاوازه‌كه‌ی هی خۆم بوو، هۆزانه‌كه‌ی هی مامۆستا عه‌بدولعه‌زیز سڵێمان بوو، ئه‌و ئاوازه‌ به‌رله‌وه‌ی بیخوێنم سه‌ره‌تا بۆ مامۆستا ته‌حسین ته‌هام خوێند و دواتر بۆ چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ی هونه‌رمه‌ند، زۆریان به‌دڵ بوو ، زیاتر هانیاندام كه‌بیخوێنم) (4) .  
سه‌میر زاخۆیی هونه‌رمه‌ند له‌دوای ده‌ركه‌وتن و ناساندنی خۆیی به‌جه‌ماوه‌ر ، له‌سه‌ر كاری هونه‌ری به‌رده‌وام ده‌بێت ، له‌ساڵی ( 1970) له‌شاری زاخۆ تیپێكی مۆسیقا به‌ناوی ( نه‌ورۆز) دروست ده‌كه‌ن هونه‌رمه‌ندانی تیپه‌كه‌ بریتی بوون له‌ ( عه‌بدلعه‌زیز سڵێمان ، غائیب عه‌بدلهادی، حه‌مید عه‌بدلهادی ، صباح و مامۆستا عه‌بدولڕه‌حمان) ( 5) . 
 ئه‌و تیپه‌ مۆسیقیه‌ به‌شداری كارو چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ده‌كه‌ن وتێكۆشانی هونه‌ریان سنووری زاخۆ تێده‌په‌ڕێنێ ، تا ساڵی (1972) هونه‌رمه‌ندانی زاخۆ و شاری دهۆك ، به‌شی نواندن و مۆسیقا تیپی مۆسیقای (11ی ئادار) له‌شاری دهۆك دروست ده‌كه‌ن به‌شداری له‌هه‌موو ئاهه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان له‌ دهۆك ، زاخۆ ، ئامێدی و ئاكرێ دا ده‌كه‌ن.
سه‌میر زاخۆیی وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیار و سترانبێژ و ئاوازدانه‌ر له‌ ده‌ڤه‌ری بادینان ناو و ناوبانگی بڵاو ده‌بێته‌وه‌، ئه‌ویش متمانه‌ به‌خۆی ده‌كات بۆ مه‌به‌ستی گه‌یاندنی  ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی به‌ته‌واوی كوردستان له‌هه‌مان ساڵ (1972) ڕووده‌كاته‌ به‌غدا وده‌چێته‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا، له‌ڕادیۆ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی تاقیكردنه‌وه‌، ده‌نگی هونه‌رمه‌ند تاقیده‌كرێته‌وه‌، له‌هه‌مان كاتدا هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند( مه‌حمودعه‌زیز شاكر، سترانبێژی ڕۆژئاوای كوردستان و خه‌لیل مورادوه‌ندی گۆرانی و مه‌قامبێژی گه‌رمیان) ئه‌وانیش  له‌لایه‌ن ئه‌و لیژنه‌یه‌وه‌ ده‌نگیان تاقیكراوه‌ته‌وه‌، سه‌میر زاخۆیی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی پله‌یه‌كی باشی ده‌درێتێ و وه‌كو هونه‌رمه‌ندێكی سترانبێژ له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا وه‌رده‌گیرێت .
یه‌كه‌م ستران هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی له‌ڕادیۆیی كوردی به‌غداخوێندوویه‌تی به‌ناوی ( خه‌ڵاتێ جه‌ژنێ) له‌ئاوازی خۆیی و هۆنراوه‌ی ( ساڵح عه‌لی گولی) بووه‌.
دوای ئه‌و گۆرانییه‌ هونه‌رمه‌ند گۆرانی( شڤان و بێریڤان) به‌شێوه‌ی دووقۆڵی( دوێت) له‌گه‌ڵ خانمه‌ هونه‌رمه‌ند( گوڵبه‌هار 1933_23/2/2010) ده‌خوێنێ ئه‌و گۆرانییه‌ له‌لایه‌ن بیسه‌ران و هۆگرانی هونه‌ری ئاواز و گۆرانی كوردی و بیسه‌رانی ڕادیۆی كوردی به‌غداوه‌ پێشوازییه‌كه‌ی گه‌رمی لێده‌كرێت و چێژی لێده‌بینن كه‌ دوو ده‌نگی خۆش ئه‌و سترانه‌ ده‌چڕن( له‌ساڵی 1972 له‌ڕادیۆی كوردی بووم، ئافره‌تێكی زۆر جوان و ڕێك و پێكم بینی به‌ڵام نه‌مزانی كێیه‌؟ دوای پرسیار وتیان ئه‌وه‌ ( گوڵبه‌هار) ه‌، له‌ته‌مه‌نی منداڵی و گه‌نجیمدا به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی ئاشنا ببووم ، زۆر خۆشحاڵبووم كه‌له‌نزیكه‌وه‌ بینیم، له‌وكاته‌دابیرم له‌ سترانێك ده‌كرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ گوڵبه‌هاردا به‌دووقۆڵی بیڵێین،دوای ماوه‌یه‌ك عه‌بدولعه‌زیز سلێمانم بینی ، وتی هۆزانێكم داناوه‌ بۆ دووقۆڵی ده‌بێت چونكه‌ ئاخاوتنی نێوان شڤان و بێری یه‌، منیش هۆزانه‌كه‌م لێوه‌رگرت، ئاوازم له‌سه‌ردانا، له‌چه‌ندبۆنه‌یه‌كدابه‌هاوكاری چه‌ند ده‌نگی جیاواز ئه‌و سترانه‌م خوێند، تا ڕۆژێك له‌گه‌ڵ گوڵبه‌هار باسی ئه‌و سترانه‌م بۆكردو ئاوازه‌كه‌م بۆخوێند زۆری پێخۆشبوو، ڕه‌زامه‌ندی دا كه‌پێكه‌وه‌ بیخوێنین، ئه‌و سترانه‌مان له‌ڕادیۆی كوردی به‌غداله‌ساڵی (1972) پێكه‌وه‌ خوێندمان و به‌وشێوه‌یه‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ په‌سه‌ندكرا) (6).
سه‌میر زاخۆیی له‌ڕێكه‌وتی ( 27/7/1974) وه‌ك كارمه‌ندێكی ڕادیۆی كوردی به‌غدا داده‌مه‌زرێت و له‌وڕێكه‌وته‌داده‌ست به‌كارده‌بێت، ده‌رگایه‌كی فراوان ده‌بێت بۆ هونه‌رمه‌ند و ناسینی هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی. 
هونه‌رمه‌ند تێكه‌ڵاو به‌هونه‌رمه‌ندانی ئه‌وكاتی ڕادیۆ ده‌بێت و په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی برایانه‌ی هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ، محه‌مه‌د عارف جزیری ، ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی، تایه‌ر تۆفیق، ڕه‌سوڵ گه‌ردی،  گوڵبه‌هار، عوسمان شارباژێڕی، محه‌مه‌د قه‌دری ، فوئادئه‌حمه‌د، عیسی به‌رواری، واحید و یه‌حیا مه‌رجان،  عه‌بدوڵڵا زێڕین و...چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی تر) .
له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا سه‌میر زاخۆیی ده‌نگبێژ و مۆسیقاژه‌ن له‌به‌شی هه‌ماهه‌نگی ( ته‌نسیق) ی ڕادیۆ كارده‌كات ، هاوكارو پشتیوانی هونه‌رمه‌ندان ده‌بێت،  له‌ساڵی (1976) له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی ڕادیۆ داوای دامه‌زراندنی تیپێكی مۆسیقی تایبه‌ت به‌ڕادیۆی لێده‌كه‌ن ( ساڵی 1976 به‌رێوه‌به‌ری ڕادیۆ ته‌كلیفی تیپێكی مۆسیقای لێكردم دایمه‌زرێنم ، له‌وكاته‌دا منیش چوومه‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدا تاهونه‌رمه‌ند كۆبكه‌مه‌وه‌ هه‌ندێك هه‌ڤاڵم له‌وێ هه‌بوون وه‌ك ( دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید ، شێرزاد محه‌مه‌د سه‌عید ، به‌درخان ته‌ها و غائیب عه‌بدلهادی) فكره‌كه‌م پێ ووتن ئه‌وانیش ڕه‌زامه‌ندبوون، له‌ناو په‌یمانگا چه‌ند قوتابییه‌كی دیكه‌م له‌شاره‌كانی هه‌ولێر ،سلێمانی ، خانه‌قین ، هه‌موویان كورد بوون و ته‌له‌به‌ی معهد بوون، دوای دووڕۆژ چوینه‌ ڕادیۆ و تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ كرا، یه‌كه‌م سترانێك له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپه‌ مۆسیقیه‌ی ڕادیۆ تۆمارمان كرد سترانی( بێریڤانی ماڵ وێرانی) ی هونه‌رمه‌ند ( ته‌حسین ته‌ها) بوو ) ( 7). 
هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی، له‌شاری به‌غدا و له‌ڕادیۆی كوردی درێژه‌ به‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانی ده‌دات، هه‌رچه‌نده‌ خۆی شاره‌زایی باشیی له‌ژه‌نینی ئامێری (عود) دا هه‌یه‌ به‌ڵام به‌شێوه‌ی زانستی نا ، له‌ساڵی (1976  تا 1980) ده‌بێته‌ قوتابی له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدا له‌به‌شی مۆسیقا،  له‌سه‌رئامێری( عود) ده‌خوێنێ و بڕوانامه‌ی په‌یمانگا‌به‌ده‌ست دێنێ.
هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1978) بۆ ماوه‌ی (2) دووساڵ ده‌چێته‌ خولێكی دروست كردن و چاككردنه‌وه‌ی ئامێره‌كانی مۆسیقا ، واته‌ وه‌رشه‌ی دروستكردن و چاككردنی ئامێری مۆسیقا سه‌ربه‌ ( معهد دراسات النغمیه‌)  بووه‌ ، یه‌كه‌م ئامێرێكی عود هونه‌رمه‌ند دروستی كردووه‌،  له‌لایه‌ن  په‌یمانگاكه‌وه‌، وه‌ك دیاری پێشكه‌شی شاژنه‌ ( نوور) هاوسه‌ری مه‌لیك حسێن پادشای وڵاتی ئه‌رده‌ن كراوه‌  (8) .
هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی چه‌ندین به‌رهه‌م له‌ڕادیۆ تۆمارده‌كات، ماوه‌ی (22) ساڵ له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا خزمه‌ت به‌هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌كات ، له‌ساڵی (1996)  خانه‌نشین ده‌كرێت و به‌یه‌كجاری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ زێده‌ شیرنه‌كه‌ی ( زاخۆ) ی ده‌لال.
له‌گه‌ڵ گه‌یشتنه‌وه‌ی به‌خاكی نیشتمان به‌هه‌ست و سۆزێكی زۆره‌وه‌ بۆ هونه‌ر، به‌گوڕو تینێكی پڕ ووزه‌ وه‌ تێده‌كۆشێ له‌هه‌مان ساڵدا (1996) له‌به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌نی ئه‌زموونێكی چه‌ندین ساڵه‌یه‌، هونه‌رمه‌ند له‌ڕادیۆی زاخۆ داده‌مه‌زرێت و جێ ده‌ستی دیارده‌بێت له‌پێشخستنی ڕادیۆی زاخۆ.
هونه‌رمه‌ندی فره‌ به‌هره‌، موزیكژه‌ن، سترانبێژ ، ئاوازدانه‌ر و شاره‌زا له‌ دروست كردن و چاكردنه‌وه‌ی ئامێری مۆسیقا، به‌هه‌موو شێویه‌ك تێده‌كۆشێ و خولی فێربوونی مۆسیقا له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌، شێوازی چڕینی سترانی هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی ، شێوازێكی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی و له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی ناوچه‌كه‌وه‌ به‌قوتابخانه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند لێی ده‌ڕوانن، چونكه‌ هونه‌ری سه‌میر زاخۆیی گرێدراوی هونه‌ری  كۆن و  هاوچه‌رخه‌، هه‌روه‌ها بۆته‌ پێگه‌یه‌كی گرنگ بۆ هونه‌رمه‌ندان له‌ڕوویی پێدانی ئاواز هاوكاری و ڕێنیشاندان به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن له‌ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ردا ، 
له‌ڕێی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی پێی ڕاگه‌یاندم ( تا ئێستا زیاتر له‌ (95) ئاوازم له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌ خوێندراوه‌ ، هونه‌رمه‌ندهه‌یه‌  ئاوازێكی خوێندووه‌، هونه‌رمه‌ند هه‌یه‌ ده‌ بۆ پانزه‌ ئاوازی منی خوێندووه‌، خۆشحاڵم كه‌ من له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریمدا توانیبێتم خزمه‌تم به‌هونه‌ری ئاواز و سترانی گه‌له‌كه‌م كردبێت) ، هه‌روه‌ها لێم پرسی ده‌كرێت ناوی هه‌ندێك له‌وهونه‌رمه‌ندانه‌ بڵێیت كه‌ ئاوازی  به‌ڕێزتانیان خوێندووه‌، 
( به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ هونه‌رمه‌نده‌كان زۆرن به‌ڵام  ناوی ئه‌م چه‌ند هونه‌رمه‌نده‌م ئێستا له‌یاده‌  وه‌ك ( ته‌حسین ته‌ها، فوئادئه‌حمه‌د، گوڵبه‌هار،  ئه‌رده‌وان زاخۆیی، ئه‌یاز زاخۆیی، شاكر ئاكره‌یی،  عه‌بدلقه‌هار زاخۆیی، عه‌دنان صاڵح ،هه‌ڤاڵ ئیبراهیم  و ... تاد) ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم منیش ئاوازی هونه‌رمه‌ندانم خوێندووه‌ ، سه‌یدا دڵشادمحه‌مه‌دسه‌عید  سێ تا چوار ئاوازی داومه‌تێ ، ئه‌ویش له‌ ئاوازدانان دا له‌ ستایلی منه‌)( 9).
 سه‌میر زاخۆیی ده‌رباره‌ی پێدانی ئاواز به‌ هونه‌رمه‌ند( فوئاد ئه‌حمه‌د) ده‌ڵێت ( هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌ها و فوئاد ئه‌حمه‌د له‌ساڵی 1972 هاتن بۆ شاری دهۆك بۆمه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی ئاهه‌نگ گێڕان بۆ یه‌كێتی لاوان له‌ دهۆك ، زاخۆ ، ئاكرێ و ئامێدی، له‌و كاته‌دا هونه‌رمه‌ند فوئاد ئه‌حمه‌د م ناسیی ، من تازه‌ سترانه‌كی تازه‌م به‌ناوی ( شاشه‌ گوڵا) گوتبوو، فوئاد ئه‌حمه‌د زۆر حه‌زی له‌و گۆرانیه‌ بوو، گوتی ده‌مه‌وێت ئه‌و گۆرانییه‌ بڵێمه‌وه‌، منیش گوتم گرنگ نییه‌ پیرۆزی تۆ بێت، ئه‌وه‌بوو له‌ئیزگه‌ی كوردی به‌غدا تۆماری كرد،من گه‌له‌ك ئاوازم بۆ هونه‌رمه‌ند فوئاد ئه‌حمه‌د دانا، كه‌خۆی زیاتر له‌ (10 بۆ 14) ئاواز ده‌دات) (10) . 
پرسیارێكی دیكه‌م ئاراسته‌ی هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی كرد :  ماوه‌ی نیوسه‌ده‌یه‌ خزمه‌ت به‌هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ت ده‌كه‌یت، مێژوویه‌كت هه‌یه‌ له‌چڕینی ستران و دانانی ئاواز ، ئایا خۆت به‌قه‌رزداری كێ  و كێ به‌مامۆستای خۆت ده‌زانی و كاریگه‌ری كام هونه‌رمه‌ندتان له‌سه‌ر بووه‌؟ 
هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی پێی ڕاگه‌یاندم : ( خۆم به‌قه‌رزداری زاخۆی ده‌لال ده‌زانم ، چونكه‌ لانكه‌ی منه‌ ، زێدی منه‌ و گه‌لێك مه‌زنه‌ له‌لای من ، زاخۆ دایكه‌ ، هه‌رگیز ناتوانم لێی دوور بكه‌ومه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و خاكه‌ گه‌وره‌بووم و ژیاوم ، له‌سه‌ر ڕووباری خاپوور چاوم كردۆته‌وه‌ و فێری عه‌شق و خۆشه‌ویستی و مۆسیقا بووم، 
هونه‌رمه‌ندی مه‌زن ته‌حسین ته‌ها مامۆستای من بووه‌ و هه‌روه‌ها كاریگه‌ری هونه‌رمه‌ند به‌شازاخۆیم له‌سه‌ر بووه‌، واته‌ له‌ڕێی هونه‌ریی ئه‌و دووهونه‌رمه‌نده‌وه‌ توانیم ببمه‌ هونه‌رمه‌ندو خزمه‌ت به‌هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌م بكه‌م، هه‌روه‌ها خۆم به‌خۆشحاڵ ده‌زانم له‌وماوه‌ دوورو درێژه‌ی كاروانی هونه‌ریم گه‌لێك به‌هره‌مه‌ندو ده‌نگخۆشم هێناوه‌ته‌ مه‌یدانی هونه‌ری و ده‌ستم گرتوون  و هاوكاریم كردوون ببنه‌ سترانبێژ و خزمه‌تی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی بكه‌ن‌ ، له‌وه‌رزی هاوینانیشدا به‌رده‌وام خولی مۆسیقام بۆ گه‌نج و لاوی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ كردۆته‌وه‌) (11).
هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی، هونه‌رمه‌ندێكی دڵسۆز و خه‌مخۆر بۆ هونه‌ری كوردی له‌ڕووی ده‌نگ و ئاوازه‌وه‌، هونه‌رمه‌ندێكی شاره‌زا و خاوه‌ن ئه‌زموونی چه‌ندین ساڵه‌، لێهاتوو شاره‌زا و خاوه‌ن سه‌لیقه‌یه‌كی هونه‌ریی له‌ هه‌ڵبژادرنی تێكست و ئاواز ، له‌ده‌ڤه‌ری بادینان هونه‌رمه‌ندێك نه‌ماوه‌ كه‌ ئاوازێكی هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی نه‌خوێندبێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو خه‌سڵه‌ته‌ هونه‌رییانه‌، هه‌ست و سۆزی هونه‌ریی په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ بۆ ده‌وروبه‌ری زاخۆ و خزمه‌تی به‌گه‌نج و لاوی ناوچه‌كه‌ كردووه‌، له‌ساڵی (2011) خولێكی فێربوونی مۆسیقای له‌ده‌ڤه‌ری بارزان بۆ ژماره‌یه‌ك به‌هره‌مه‌ندی ناوچه‌كه‌ كردۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چالاكی قوتابخانه‌كانی زاخۆ ، خولی بۆ( 27) قوتابی بۆ فێربوونی مۆسیقا كردۆته‌وه‌، له‌هه‌موو بۆنه‌ نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانیه‌كاندا سه‌میر زاخۆیی به‌ هه‌ست و ده‌نگ و په‌نجه‌كانی ڕۆڵی خۆی بینیوه‌ و له‌ئاهه‌نگ و مه‌راسیمه‌كاندا به‌ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی دڵی جه‌ماوه‌ری ئاماده‌بووی سه‌رسام كردووه‌.
له‌پای مێژوویه‌كی پڕ به‌خششی هونه‌ریی ، ئه‌نیستیتێوی كه‌له‌پووری كورد، لقی دهۆك له‌ڕێكه‌وتی ( 3/10/2012) له‌هۆڵی یه‌كێتی نووسه‌رانی لقی دهۆك له‌مه‌راسیمێكی شایسته‌دا خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی پێ ده‌به‌خشن به‌ئاماده‌بوونی هونه‌رمه‌ند( مه‌زهه‌ری خالقی) ،
 سه‌باره‌ت به‌و ڕێزلێنانه‌ هونه‌رمه‌ند مه‌زهه‌ری خالقی ده‌لێت ( كاك سه‌میر زاخۆیی یه‌كێك بوو له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی به‌پێویستمان زانی ئه‌و مه‌راسیمی ڕێزلێنانه‌ بۆبكه‌ین ، هیچ گومانمان نییه‌ كه‌سانی تریش هه‌ن له‌جیلی گه‌نجه‌كان  و چ له‌جیلی ڕابردوو، تاڕاده‌یه‌كیش له‌سته‌یجیش دووركه‌وتوونه‌ته‌وه‌ به‌هۆی ته‌مه‌ن یان به‌هۆی دابڕان له‌موزیك، كاك سه‌میر یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی جێگه‌ ده‌ستی له‌مێژووی موزیكی كوردی ناوچه‌كه‌ دیاره‌) (12). 
هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی ، جیا له‌ لاوك و سترانی ئه‌وینداری و نیشتمانی و سۆزداری ، سترانی بۆ ئافره‌ت و منداڵانیش چڕیوه‌، هه‌روه‌ها شاره‌زاییه‌كی باشیی هه‌یه‌ له‌سه‌ر چڕین و ناسینی مه‌قامه‌كان به‌ڵام خودی هونه‌رمه‌ند له‌ناو مه‌قامه‌كاندا زۆر سه‌رسامه‌ به‌ مه‌قامی به‌یات ( زۆرجار به‌سه‌میر به‌یات ناوده‌برێم ، چونكه‌ زۆر گرنگی به‌مه‌قامی به‌یات ده‌ده‌م) (13).
 هونه‌رمه‌نده‌ گه‌نج و لاوه‌كانی ده‌ڤه‌ری بادینان  هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی به‌قوتابخانه‌و مامۆستای خۆیان ده‌زانن و سه‌رسامن به‌ ده‌نگ و ئاوازه‌كانی و سوودیان له‌ به‌خششه‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند وه‌رگرتووه‌، خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌هونه‌رمه‌ندان بۆ هونه‌ریی سه‌میر زاخۆیی :
_هونه‌رمه‌ندعه‌بدولقه‌هار زاخۆیی( له‌ساڵی 1990 هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆی یم ناسیوه‌ و مامۆستای من بووه‌، زۆر هاوكارم بووه‌و سترانی داومه‌تێ و خوێندوومه‌ ، من گه‌لێك سوودم لێ وه‌رگرتووه‌، هه‌میشه‌ ڕێنمایی كردووم له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی كاره‌ هونه‌رییه‌كانم ، بۆیه‌ ده‌ڵێم هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی مامۆستایه‌كی مه‌زنه‌) (14) .
_ هونه‌رمه‌ند ده‌لال زاخۆیی ( ئه‌گه‌ر ده‌نگ و هونه‌ری مامۆستا سه‌میر زاخۆیی و هونه‌رمه‌ندانی تر نه‌با ئێمه‌ ئێستا نه‌ده‌بووینه‌ سترانبێژ ) (15) .
_ هونه‌رمه‌ند بڵند ئیبراهیم ( هونه‌رمه‌ندێكی مه‌زن و خاوه‌ن مێژوویه‌كی جوان له‌مۆسیقا و گۆرانی كوردیدا، بۆئێمه‌ی هونه‌رمه‌ند جێی سه‌ربه‌رزییه‌،  مامۆستا سه‌میر زاخۆیی یه‌كێكه‌ له‌وهونه‌رمه‌ندانه‌ی كه‌ من و چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی تر له‌ڕێی هونه‌ریی گۆرانیه‌كانی و ژه‌نینی ئامێری عوده‌كه‌یه‌وه‌فێری وتنی گۆرانی و ژه‌نینی ئامێری عود بووین ، من خۆم به‌قوتابی قوتابخانه‌ هونه‌رییه‌كه‌ی مامۆستا سه‌میر زاخۆیی ده‌زانم و هه‌موو قه‌رزداری ئه‌وین) ( 16).
سه‌میر زاخۆیی هونه‌رمه‌ند و مامۆستا له‌دوای چه‌ندین ساڵ  تێكۆشانی هونه‌ریی و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی گه‌نجینه‌ی لاوك و سترانی كوردی ، هه‌روه‌ها یه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رمه‌نده‌ دڵسۆزانه‌ی كه‌ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌دامه‌زراندنی ستۆدیۆ ( ده‌لال ) له‌زاخۆ بۆ تۆماركردنی ستران و لاوك بۆ هونه‌رمه‌ندانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌.
هونه‌رمه‌ند  له‌وڕێگایه‌دا خاوه‌نی مێژوویه‌كی جوان و ئه‌رشیفێكی زۆره‌ كه‌ به‌نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌خشیوه‌ ، لێره‌دا چه‌ند سترانێكی ئه‌وینداریی و نیشتمانی ده‌خه‌ینه‌ ڕوو، كه‌ سوودی له‌ هه‌ڵبه‌ستی هۆزانڤانان( صه‌بری بۆتانی، وڵات عادل، محه‌مه‌د ساڵح زاخۆیی، عه‌بدلعه‌زیز سڵێمان ، صاڵح عه‌لی گولی و ئه‌حمه‌دحسێن و....تاد)  وه‌رگرتووه‌ و هه‌ندێك له‌به‌رهه‌مه‌كانی له‌تێكستی خودی هونه‌رمه‌ندن  (باتیڤا،  شڤان و بێریڤان ، ڕوندك بارین ، بابێ مه‌ ، سپیده‌وئیڤارا، توجانی، دوو دلێ، دیلانه‌ ، شاشا گولا، شه‌هید ، خه‌ڵاتێ جه‌ژنێ ، ئای ژینێ ، ئه‌زئه‌ڤیندارم،توبه‌هاری، ڤه‌چینه‌،  ژارێ زینێ، ڕۆژا من تو ناسیی، داوه‌ت ، بودكیه‌گری، نه‌ورۆزێ ، ئه‌زبه‌فرم و ...چه‌ندینی تر )  پێی ده‌ڵێین ماندوو نه‌بیت وخه‌رمان به‌ره‌كه‌ت. 
 هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی له‌ساڵی ( 1972) خاتوو ( سه‌بریه‌ میرزا مسته‌فا)ی ناسیوه‌و خۆشیویستووه‌، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و عه‌شقه‌ی بۆ خاتوو سه‌بریه‌، له‌ساڵی (1973) سترانێكی خوێندووه‌ و پێشكه‌شی عه‌شق و ئه‌وینه‌كه‌ی كردووه‌، دواتر له‌ (5/9/1974) له‌ خاتوو ( سه‌بریه‌) ژیانی هاوبه‌شی پێكدێنن، به‌روبوومی ئه‌و ژیانه‌ هاوسه‌رگیرییه‌(دوو كوڕو چوار كچ ) بووه‌، به‌داخه‌وه‌ یه‌كێك له‌كوڕه‌كانی هونه‌رمه‌ند كۆچی دوایی كردووه‌.
 هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی بۆ جاری دووه‌م خانه‌نشین بۆته‌وه‌و ئێستا له‌شاری زاخۆ ده‌ژیی و ڕۆژانه‌ له‌گه‌ڵ خۆشیی و ناخۆشییه‌كانی زاخۆ و یاده‌وه‌رییه‌كانی ڕۆژانی منداڵی و گه‌نجی له‌و شاره‌دا ڕۆحی ئاوێته‌ بووه‌ و هه‌ست و نه‌ستی له‌گه‌ڵ ڕووباری خاپووردا ئاوێزان و به‌عه‌شقێكی زۆره‌وه‌ له‌ژیان ده‌ڕوانێ و به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر تێكۆشانی هونه‌ریی، هیوای ته‌مه‌نداری و ژیانێكی ئارام و پڕته‌ندروست بۆ هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی و پێی ده‌ڵێین سوپاس بۆ مێژووی جوانت و ئه‌و گه‌نجینه‌ به‌نرخه‌ی خستۆته‌ سه‌رخه‌رمانی لاوك و ستران و ئاوازی كوردی .
 جه‌مالی ده‌لاك  ( 6/3/2023) هه‌ولێر.
سه‌رچاوه‌:
(1)فیلمی دیكۆدرامای ژیانی هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی ، كه‌ناڵی كوردماكس ، 17/10/2022 ،  ( یوتوب) .
(2 و 7) به‌رنامه‌ی خۆمانه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( سه‌میر زاخۆیی)  به‌یاوه‌ری هونه‌رمه‌ندان( سه‌لاحه‌دین ساڵح ، شاكر ئاكره‌یی و جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌دیب). له( 2/3/2021) كه‌ناڵی ئاسمانی ئاڤا.
( 3 و 4 و6 و 13 و 15) به‌رنامه‌ی گۆرانییه‌كی تۆ ، سه‌میرزاخۆیی ، ئاماده‌وپێشكه‌شكردنی ( شوان تالیب) كه‌ناڵی ئاسمانی  زاگرۆس (2014) .
(5  و 14) هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی _ به‌ڵگه‌ فیلم  ، كه‌ناڵی ئاسمانی  (WAR) ( 13/7/2021) یوتوب.
(8) به‌رنامه‌ی شۆخ و شه‌نگ ،  میوانی به‌رنامه‌ سه‌میر زاخۆیی ، پێشكه‌شكردنی هونه‌رمه‌ند ( ڕێبین جه‌مال) كه‌ناڵی ئاسمانی ئاڤا، 12/6/2019 ، یوتوب.
(9 و 11) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سه‌میر زاخۆیی ، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ( 26/2/2023) ( هه‌ولێر _ زاخۆ) سوپاس بۆ هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌دیب) په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی بۆ ڕێكخستم ( جه‌مالی ده‌لاك).
(10) گۆڤاری دیوان ، ژماره‌(21)ی شوباتی(2023) . فوئاد ئه‌حمه‌د له‌دیدی هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌، لاپه‌ڕه‌ (23).
(12 و 16)  به‌رنامه‌ی ( Focus) كه‌ناڵی ئاسمانی ( Vin.tv).

  

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.