Erbil 11°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 22:12

محه‌مه‌د قه‌دری: ئاواتم بوو له‌پشتی حه‌سه‌ن زیره‌ك مۆسیقا بژه‌نم..؟!

له‌ناو میلله‌ته‌كه‌م و هاوزمانه‌كانمدا هه‌ست به‌ غه‌ریبی ده‌كه‌م ..؟!
کوردستان TV
100%

دوای ئه‌وه‌ی بیستم كه‌ نه‌شته‌رگه‌ری بۆكرابوو، به‌هه‌وڵ و ماندبوونی پزیشكی پسپۆر نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوبوو و باری ته‌ندروستی به‌ره‌و باشترده‌چێت، پێم خۆشبوو بچمه‌ دیداری و له‌نزیكه‌وه‌ له‌هه‌واڵی بپرسم و تائه‌و جێیه‌ی ده‌رفه‌ت بڕه‌خسێ هه‌ندێك پرسیاری سه‌باره‌ت به‌ژیانی هونه‌ریی و ئه‌وچه‌ندساڵه‌ی كه‌له‌ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا كاری كردووه‌ لێبكه‌م، له‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ پێوه‌ندیم پێوه‌كرد و زۆر به‌گه‌رمی و به‌میهره‌بانی وه‌ڵامی دامه‌وه‌وبه‌خۆشحاڵییه‌وه‌ ڕه‌زامه‌ندی دیداره‌كه‌ی دا،

له‌ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ، رێكه‌وتی (16/1/2023) له‌ كاتژمێر ( 2:45) خوله‌كی پاش نیوه‌ڕۆ له‌شاری گه‌نجان له‌هه‌ولێری پایته‌خت چوومه‌ خزمه‌تی هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و گۆرانیبێژو ئاوازدارنه‌ر ( محه‌مه‌دقه‌دری) زۆر به‌لوتفه‌وه‌ پێشوازی گه‌رمی لێكردم و خۆشحاڵبوو به‌ودیداره‌، به‌رله‌چوونه‌ژووره‌وه‌ ، پێی ڕاگه‌یاندمكه‌ له‌مێژه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌ودیداره‌م و له‌دڵه‌وه‌ ده‌ستخۆشی و سوپاست ده‌كه‌م بۆئه‌و بابه‌تانه‌ی ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌مانله‌ڕێی فه‌یسبووكه‌وه‌ بڵاویان ده‌كه‌یته‌وه‌.

دوای خواردنه‌وه‌ی قاوه‌یه‌ك ، ده‌رگای گفتوگۆ كرایه‌وه‌ و لێم پرسیبه‌ڕێزتانله‌شارۆچكه‌ی ( پێنجوین له‌دایكبوون ، له‌شاری هه‌ولێر گه‌وره‌بوون و له‌ به‌غداوه‌ زیاتر ناسران) له‌ونێوه‌نده‌دا به‌ڕێزتان زاده‌ی كام شاری كوردستانن و ساڵی چه‌ند به‌دنیا هاتوون؟

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری...

من ناوم ( محه‌مه‌د غه‌ریب محه‌مه‌د قه‌دری عه‌بدو‌لقادرئاغا) یه‌، له‌نێودنیای هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی به‌ ( محه‌مه‌د قه‌دری) ناسراوم ،

له‌بنه‌ڕه‌تدا باوك و باپیرم خه‌ڵكی شاری سلێمانی ین و له‌گه‌ڕه‌كی سابونكه‌ران ژیاون، باوكم ( غه‌ریب محه‌مه‌د قه‌دری)له‌ساڵی ( 1888 له‌سلێمانی) له‌دایكبووه‌،ماوه‌ی (77) ساڵ ژیاوه‌ واته‌ له‌ساڵی ( 1965) له‌شاری به‌غدا كۆچی دوایی كردووه‌، باوكم به‌هۆی ژیان و پیشه‌كه‌یه‌وه‌ زۆر شوێن گه‌ڕاوه‌ و كاری كردووه‌، له‌كۆلیژی سه‌ربازی ئه‌ستانه‌( ئه‌سته‌نبوڵ) ی ئێستا و دواتر له‌به‌غدا و پاشان سلێمانی و پێنجوێن و پاشان هه‌ولێر و له‌به‌غدا كۆچی دوایی كردوه‌ ، دایكیشم ناوی ( زولێخا شاكر) ئه‌ویش له‌بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی شاری كه‌ركوك بووه‌،

باوكم له‌سه‌ره‌تادا مامۆستای سه‌ره‌تایی بووه‌، گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ شارۆچكه‌ی ( پێنجوێن) له‌ساڵی (1937) له‌وشارۆچكه‌ جوانه‌ی كوردستان من له‌دایكبووم.

خانه‌واده‌كه‌تان چه‌ند كه‌س بوون؟ واته‌ خاوه‌نی چه‌ند خوشك و برایت؟

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری...

من خاوه‌نی چواربرام به‌ناوه‌كانی ( محه‌مه‌د،حسێن، عه‌بدوڵڵا و عه‌بدولڕه‌حمان) وه‌ یه‌ك خوشكمان هه‌بووه‌ به‌ناوی ( نه‌زیره‌) .

_ ئه‌گه‌ر له‌یادتان بێت ماوه‌ی چه‌ند له‌پێنجوێن مانه‌وه‌ودواتر كه‌ی چویته‌ قوتابخانه‌و له‌كوێ ..؟

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری...

به‌ڕاستی نازانم له‌دوای له‌دایكبوونم چه‌ند له‌پێنجوێن ماوینه‌ته‌وه‌، به‌ڵام كاتێك خرامه‌ به‌رخوێندن و له‌قوتابخانه‌ی‌( ئه‌ربیل سانی) بووقۆناغی سه‌ره‌تایمله‌وقوتابخانه‌یه‌ ته‌واوكرد، قۆناغی ناوه‌ندیشم له‌( ناوه‌ندی هه‌ولێر) ته‌نیشت پارێزگای ئێستا، له‌وێ بڕوانامه‌ی ناوه‌ندیم به‌ده‌ست هێنا.

_ سه‌ره‌تای ئاشنابوونتان به‌دنیای هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی له‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد ؟

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری...

ئاشنابوونم به‌و دنیاجوانه‌ ده‌توانم بڵێم له‌قۆناغی سه‌ره‌تاییه‌وه‌، به‌ڵام ژینگه‌ی خانه‌واده‌كه‌م ڕۆڵی سه‌ره‌كی تێدابینیوه‌..!

_ چۆن ؟ ئایا كه‌س هه‌بووه‌ له‌ناو خانه‌واده‌كه‌تان كاری هونه‌ری ئه‌نجامدابێت؟

_نه‌خێر ، به‌ڵام باوكم كه‌سێكی ڕۆشنفكر و مامۆستا بوو بیرمه‌ له‌گه‌ڕه‌ك بڕواناكه‌مماڵێك هه‌بووبێ ڕادیۆیان بووبێت ئه‌گه‌ر هه‌بوایه‌ زۆر ده‌گمه‌ن بوو، ئێمه‌ ڕادیۆمان هه‌بوو،رۆژانه‌ له‌ڕێی به‌رنامه‌كانی ئه‌و ڕادیۆیه‌وه‌ من گوێبیستی ده‌نگ و ئاوازی گۆرانیبێژانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بووم، به‌عه‌شقه‌وه‌ گوێم لێده‌گرت، هه‌روه‌ها لایه‌نێكی دیكه‌ ئه‌وكاته‌ له‌شاری هه‌ولێر هه‌ندێك هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش هه‌بوون،زیاتر ئه‌گله‌نجه‌ باوی بوو، له‌وته‌مه‌نه‌ منداڵییه‌مه‌وه‌ حه‌زم له‌ گوێگرتنی ده‌نگی ئه‌وهونه‌رمه‌ندانه‌ وه‌ك ( تایه‌ر تۆفیق ، حه‌یده‌ربه‌قاڵ ، مشكۆ ، ڕه‌سوڵ گه‌ردی ) بوو ، له‌هه‌ریه‌كێ له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی ئه‌وكاته‌ بمزانیابا ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ ئاهه‌نگیان هه‌یه‌ خۆم ده‌گه‌یاندێ و زۆربه‌تامه‌زرۆییه‌وه‌ گوێم لێده‌گرتن تا ڕاده‌ی له‌به‌ركردنی ئاواز و تێكسته‌كه‌‌ و پاشان ده‌م وته‌وه‌..!

له‌قوتابخانه‌ش من له‌ تیپی سروودی قوتابخانه‌كه‌مدابووم، بیرمه‌ له‌پۆلی چواره‌می سه‌ره‌تایی جیا له خوێندنی سروود و‌گۆرانی ، ڕۆژێك مامۆستاكه‌مسوره‌تێكی قورئانی به‌ده‌نگی به‌رز پێخوێندم و زۆر ته‌شجیع یان كردم.

_ دوای ته‌واوكردنی قۆناغی ناوه‌ندی ، ڕاسته‌وخۆڕۆیشتیت بۆ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدا؟

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری  ...

نه‌خێر ڕاسته‌وخۆ نه‌چووم بۆ ئه‌وێ ، به‌ڵكو ماڵمان له‌هه‌ولێره‌وه‌ گواسترایه‌وه‌ بۆ به‌غداد به‌هۆی كاری میری باوكمه‌وه‌، عه‌بدولڕه‌حمانی برام  ئه‌وقوتابی په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی به‌غدا بوو له‌به‌شی مۆسیقا ده‌یخوێند،له‌ده‌وره‌ی یه‌كه‌م  له‌گه‌ڵ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند( ولیه‌م یوحه‌ننا) پێكه‌وه‌بوون.

دوای ته‌واوكردنی قۆناغی ناوه‌ندی من خۆم خۆبه‌خش ( تطوع)ی سه‌ربازی كرد، ماوه‌ی دووساڵ به‌رده‌وام بووم تاگه‌یشتمه‌ پله‌ی ( نائب زابط) ، له‌وماوه‌یه‌كه‌ سه‌ربازبووم ده‌رفه‌تم بۆبڕه‌خسایه‌ ده‌چووم بۆ لای عه‌بدولڕه‌حمانی برام له‌په‌یمانگا، كاتێك ئه‌و ژینگه‌یه‌م بینی و ئه‌وقوتابیانه‌ هه‌موویان سه‌رقاڵی خۆفێركردنی ئامێره‌كانی مۆسیقان و وانه‌ی مۆسیقا ده‌خوێنن..! بیرم له‌خۆم ده‌كرده‌وه‌و ده‌مگووت من خه‌ریكی چیم و ئه‌مه‌ ئه‌و ژینگه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ من تێیدابژیم نه‌ك سه‌ربازی..!

چوومه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ به‌باوكم ووت ئیتر من ناچمه‌وه‌ سه‌ربازی  و ده‌چمه‌ په‌یمانگا وانه‌ی مۆسیقا ده‌خوێنم ، سه‌ره‌تا باو‌كم ڕازی نه‌بوو  ده‌یگووت ئه‌م كاره‌ت باشتره‌و  تۆ ئێستا نائب زابطی  و ماوه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌چیته‌ خولی ئه‌فسه‌رییه‌وه‌ ده‌بیت به‌ئه‌فسه‌ر له‌سوپادا، منیش له‌سه‌ر ڕاوبۆچوونه‌كه‌ی خۆم به‌رده‌وام بووم، باوكم ناسیاو و دۆستی زۆری هه‌بوو ، له‌ڕێی ئه‌وانه‌وه‌ توانیم واز له‌ سه‌ربازیی بهێنم و بچم بۆ په‌یمانگا.

كه‌وته‌وه‌ یادم  كاتێك سه‌ربازبووم به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆر حه‌زو ئاره‌زووم مۆسیقا بوو ، عه‌بدولڕه‌حمانی برام له‌په‌یمانگابوو، ئامێرێكی (عوود) م كڕی و كاتم هه‌بووایه‌  له‌ماڵه‌وه‌ عوده‌كه‌م ده‌ژه‌نی به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچی لێبزانم ..؟!

_  ئه‌وه‌ چ ساڵێك بوو؟

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری...

ساڵی (1956) له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان به‌شی مۆسیقا وه‌رگیرام، سه‌ره‌تا له‌سه‌ر ئامێری ( پیانۆ)له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌یه‌وه‌ تاقییان ده‌كردینه‌وه‌، وه‌رگیرام و پرسیاری ئه‌وه‌یان لێكردم حه‌زت له‌چ ئامێرێكه‌ ، منیش ئامێری ( عوود) م هه‌ڵبژارد و وتیان ده‌بێت دوو ئامێر هه‌ڵبژێری ، ئامێری ( كه‌مانچه‌) شم هه‌ڵبژارد واته‌ له‌سه‌ر ئه‌و دوو ئامێره‌ وانه‌م ده‌خوێند.

یه‌كێك له‌هاوڕێكانم  هونه‌رمه‌ند ( یه‌حیا مه‌رجان) بوو ئه‌و له‌به‌شی شێوه‌كاری بوو من له‌مۆسیقا، ساڵی ( 1958 بۆ 1959)  ‌ خوێندنی په‌یمانگا بۆماوه‌ی سێ ساڵ بوو ته‌واوم كرد و، پله‌ی یه‌كه‌مم له‌سه‌رئاستی په‌یمانگا به‌ده‌ستهێنا.

_ دوای ته‌واوكردنی په‌یمانگا به‌ره‌و ڕادیۆی كوردی به‌غدا هه‌نگاوت نا ؟

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری...

نه‌خێر ، له‌ساڵی (1960) وه‌ك مامۆستای هونه‌ر له‌ قوتابخانه‌ی ( موسه‌ننا) له‌ گه‌ڕه‌كی ( ئه‌عزه‌مییه‌) دامه‌زرام ، ماوه‌ی ساڵێك له‌و قوتابخانه‌یه‌ بووم، له‌ساڵی (1961) ڕاژه‌كه‌میان گواسته‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چالاكی قوتابخانه‌كان له‌به‌غدا ، ماوه‌یه‌ك ده‌وامم كرد له‌وێ و پاشان به‌شداری خولێكی ڕاهێنانم كرد، سه‌ركه‌وتنم به‌ده‌ستهێناو  ناونیشانه‌كه‌م گۆڕدرا بۆ ( سه‌رپه‌رشتیاریی په‌روه‌رده‌یی) .

_ ئه‌وكاته‌ی قوتابی بووی له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان هیچ چالاكییه‌كی هونه‌ریتان هه‌بوو له‌گه‌ڵ هاوڕێكانت؟

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری...

بێگومان به‌ڵێ ، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم قوتابی قۆناغی دووی په‌یمانگابووین ئاهه‌نگێك كرا پێش ئاهه‌نگه‌كه‌ به‌ڕه‌حمه‌ت بێت ( یه‌حیا مه‌رجان 1936_30/8/2016) هاوڕێیه‌تیمان زۆرخۆش بوو، ئه‌وده‌یزانی له‌ژه‌نینی ئامێری  عوود دا باشم ، هۆنراوه‌یه‌كی دامێ وتی بۆ ئاوازێكی له‌سه‌ردانانێیت، منیش لێم وه‌رگرت و بیرم ده‌كرده‌وه‌ باشه‌ چۆن ئاوازی له‌سه‌ر دابنێم ، چه‌ندجارێك له‌سه‌ریه‌ك هۆنراوه‌كه‌م خوێنده‌وه‌ ، له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی هۆنراوه‌كه‌ عوده‌كه‌شم ده‌ژه‌نی، له‌و هه‌وڵه‌وه‌ ئه‌و ئاوازه‌ دروست بوو ، دواتر یه‌حیامه‌رجان و كچێك ناوی( عائده‌ نعمان) هۆنراوه‌و ئاوازه‌كه‌م پێ له‌به‌ركردن ، ناوی گۆرانییه‌كه‌ ( جوانی هونه‌رخوازی) بوو، له‌ئاهه‌نگه‌كه‌  من  مۆسیقاكه‌م  لێده‌داو ئه‌وانیش هه‌ردوكیان به‌سه‌ركه‌وتوویی  گۆرانیه‌كه‌یان پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرد، ئه‌وه‌ یه‌كه‌م چالاكی و یه‌كه‌م ئاوازم بوو كه‌دامنا، له‌ئاهه‌نگه‌كه‌ هونه‌رمه‌ند( شه‌ماڵ سائیب 1931_7/11/1986) یش له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ دانیشتبوو، كاتێك ئاهه‌نگه‌كه‌ ته‌واو بوو، هونه‌رمه‌ند شه‌ماڵ سائیب هات بۆلامان و زۆر ده‌ستخۆشیی لێكردین و پێی وتین به‌رده‌وام بن ، وه‌رن بۆ ئیستگه‌ ( ڕادیۆی كوردی به‌غدا) تائه‌وگۆرانیه‌تان بۆتۆماربكه‌ین.

ده‌رفه‌تتان بۆڕه‌خسا بچن بۆ ڕادیۆی كوردی به‌غدا بۆ تۆماركردنی گۆرانییه‌كه‌؟

نه‌خێر نه‌متوانی بچم بۆ ڕادیۆ، زیاتر سه‌رقاڵی خوێندن بووم و دوای ئه‌و ئاوازه‌ هونه‌رمه‌ند یه‌حیا مه‌رجان (5) هۆنراوه‌ی دیكه‌ی بۆهێنام و ئاوازم له‌سه‌ر دانان، له‌ساڵی (1958 بۆ 1959) په‌یمانگام ته‌واو كردو بڕوانامه‌ی (دبلۆم) م به‌ده‌ستهێنا، هونه‌رمه‌ند ( جه‌مال جه‌لال1942_21/8/2016) م ناسی و په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر خۆشمان پێكه‌وه‌ هه‌بوو،ئه‌ویش ئه‌هلی زه‌وق و هونه‌ربوو، ڕۆژێك هات بۆلام له‌ماڵه‌وه‌و باسی گۆرانی و مۆسیقامان ده‌كرد، منیش ئه‌و گۆرانیه‌م بۆ وت كه‌ یه‌حیا مه‌رجان له‌ئاهه‌نگه‌كه‌ خوێندی ، جه‌مال جه‌لال كه‌بیستی زۆر سه‌رسام بوو وتی كوڕی ئاسمان ئه‌و ئاوازه‌ت له‌كوێ هێناوه‌ بیده‌به‌من با بیخوێنم ، پێم وت نابێت ئه‌وه‌ گۆرانی یه‌حیا مه‌رجانه‌، به‌ڵام جه‌مال جه‌لال زۆر زیره‌ك و وریا بوو كاتێك گوێبستی ئاوازو تێكسته‌كه‌ بوو ، له‌به‌ری كردبوو.! چوبوو بۆرادیۆ له‌گه‌ڵ

( گوڵبه‌هار 1933_23/2/2010) به‌یه‌كه‌وه‌ به‌بێ پرسی من و یه‌حیا مه‌رجان تۆماری كردبوو..!

 به‌ڕێزتان كه‌ی چوونه‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا و گۆرانیتان  تۆماركرد؟

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری...

وه‌ك مامۆستای هونه‌ر  له‌ساڵی (1960) دامه‌زرام  و وانه‌ی هونه‌رم ده‌وته‌وه‌، دواتر له‌ساڵی (1963) چوومه‌ ڕادیۆ وه‌ك كارمه‌ندێكی ڕادیۆ له‌ تیپی مۆسیقای ڕادیۆی كوردی  وه‌ك ژه‌نیاری  هه‌ردوو ئامێری ( عوود و كۆنته‌رباس) دامه‌زرام ، ئه‌وكاته‌ هونه‌رمه‌ندی مۆسیقا و ئاوازدانه‌ر ( نازم نه‌عیم 1925_23/4/2020) سه‌رپه‌شتی گروپی مۆسیقا بوو.

واته‌ وه‌ك ژه‌نیار دامه‌زرایت ،كه‌ی وه‌ك گۆرانیبێژ ده‌ركه‌وتیت و گۆرانیت له‌ڕادیۆ تۆماركرد؟

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری...

پێشتر له‌ڕێی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یانه‌وه‌ به‌هونه‌رمه‌ندان ئاشنا بووم، كاتێك وه‌ك ژه‌نیار كارم كرد هونه‌رمه‌ندانم له‌نزیكه‌وه‌ ناسی و به‌دیداریان شادبووم و په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵیاندا فراوان بوو، ئاوازم بۆ هونه‌رمه‌ندان دائه‌نا وه‌ك ( گوڵبه‌هار ،( نه‌سرین شێروان 1922_10/10/1990) و جه‌مال جه‌لال )  به‌ده‌نگی خۆم ئاوازه‌كه‌م بۆ ده‌ووتن، ڕۆژێك ئه‌وه‌ من ئاگادارنیم ئاوازه‌كه‌ به‌ده‌نگی خۆم بۆ هونه‌رمه‌ندان ئه‌خوێنم ( نازم نه‌عیم) گوێی له‌ده‌نگم ده‌بێت، دوای ته‌واوبوونی پرۆڤه‌كه‌ بانگی كردم ، وتی  ده‌نگی تۆ له‌وان خۆشتره‌  بۆ بۆخۆت گۆرانی ناڵێی، منیش وتم كواده‌نگم خۆشه‌..! وتی نا گوێم له‌ده‌نگت بوو  توانای گۆرانی خوێندنت هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر بۆخۆت نه‌یڵێی گۆرانیه‌كان تۆمارناكه‌م ..؟! ئه‌وه‌ ده‌رفه‌ت بوو  بۆم و منی ڕاكێشایه‌ ناو دنیای گۆرانی خوێندن ، واته‌ یه‌كه‌م كه‌سێك كه‌منی ڕاكێشا به‌ره‌و گۆرانی خوێندن  هونه‌رمه‌ند( نازم نه‌عیم ) بوو ، ئه‌وه‌بوو له‌ساڵی (1964) یه‌كه‌م گۆرانییه‌ك له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا تۆمارم كرد به‌ناوی( قژی له‌مل ئاڵاوه‌) له‌هۆنراوه‌ی  هاوڕێی شاعیرم ( محه‌مه‌د ئه‌سعه‌د ساڵه‌یی) و ئاوازی خۆم بوو.

 واته‌ له‌ساڵی (1964) ه‌وه‌  وه‌ك گۆرانیبێژ ده‌ركه‌وتی ؟

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری...

به‌ڵێ .

له‌ڕادیۆ وه‌ك ژه‌نیار و گۆرانبیێژ و ئاوازدانه‌ر ده‌ركه‌وتی . ئایا له‌سه‌ر ئه‌و كارانه‌ت هه‌ربه‌رده‌وام بوویت ، یان چویته‌ ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا؟

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری...

خۆشه‌ویستیم بۆ هه‌ردوو كاره‌م( مامۆستایه‌تی و دنیای هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی) به‌رده‌وام بوو، به‌عه‌شقه‌وه‌ كارم ده‌كرد، ڕۆژبه‌ڕۆژ له‌ڕادیۆ كارم له‌گه‌ڵ گروپی مۆسیقا داده‌كرد و ئاوازم له‌سه‌ر هۆنراوه‌ی شاعیران داده‌نا و ده‌رفه‌تم بۆبڕه‌خسایه‌ تۆمارم ده‌كرد، به‌ڵام جیا له‌وكارانه‌ی له‌ئه‌ستۆم بوو ، چه‌ند كارێكی دیكه‌م پێسپێردرا تائه‌وكاته‌ی وازم له‌ڕادیۆ هێنا وه‌ك :

بووم به‌ئه‌ندامی لیژنه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌نگ و ئاواز ، ماوه‌یه‌ك له‌و لیژنه‌یه‌دا بووم ، دواتر بووم به‌جێگری سه‌رۆكی به‌شی مۆسیقای ڕادیۆ ،

ماوه‌یه‌ك كردیانم به‌ به‌رپرسی تۆماركردنی گۆرانی ( كوردی ، توركمانی و سریانی) ، كۆتا پۆستم به‌رێوه‌به‌ری هه‌ماهه‌نگی( ته‌نسیق)  بووم له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا.

له‌ناوه‌ڕاستی ساڵانی شه‌سته‌كان وه‌ك ژه‌نیاری ئامێری ( كۆنته‌رباس) له‌تیپی مۆسیقای ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا وه‌رگیرام و كارم له‌گه‌ڵ ئه‌وگرووپه‌ ده‌كرد له‌زۆربه‌ی  كاره‌ هونه‌رییه‌كان به‌شداریم كردووه‌.

تائێستا چه‌ند ئاوازت بۆ خۆت داناوه‌..؟

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری...

ئه‌گه‌ر كه‌مێك به‌ووردی باسی بكه‌م ، ده‌توانم بڵێم زیاتر له‌ (450) ئاواز و  چه‌ند پارچه‌ مۆسیقام داناوه‌، بۆ خۆم وبۆ هونه‌رمه‌ندان  وه‌ك ( فوئاد ئه‌حمه‌د ، یه‌حیا مه‌رجان ، گوڵبه‌هار ، جه‌مال جه‌لال ، ژیان ئه‌حمه‌د( ئێستا به‌دكتۆره‌  به‌ڵقیس به‌ناوبانگه‌) نه‌سرین شێروان ، عه‌لی عه‌زیز ، عه‌بدوڵڵا دڵسۆز ، خه‌لیل وه‌ندی ، مه‌حمود وه‌ندی ، ئازاد ئه‌حمه‌د، قادر ئه‌حمه‌د، حه‌سه‌ن دڵسۆز، جه‌لال كۆچه‌ر ، به‌شار زاخۆلی ، سابیر عه‌بدولڕه‌حمان،  سۆزان عه‌لی ، جه‌میله‌سه‌عید ، مائیده‌ نه‌زهه‌ت ، غاده‌ سالم  و خالیده‌ حه‌سه‌ن) ( 1) .

پارچه‌ مۆسیقاكانیش بریتی بوون  له‌ ( كوردستان ، خۆشه‌ویستی ، كچی كوردستان ، یاری دڵسۆز ، ئاوات ، هه‌ندرێن و چه‌ندینی تر ) .

كه‌واته‌ بۆ هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌ب ئاوازت بۆ داناون..؟

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری...

 نه‌ك هه‌ربۆ هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌ب ، به‌ڵكو نزیكه‌ی (10بۆ 12) ئاوازی توركمان یشم داناوه‌و خوێندراوه‌ ، هه‌روه‌ها بۆ زمانی سریانی یش ئاوازم داناوه‌..!

به‌رێزتان  هه‌ردوو زمانی توركمانی و سریانی تان ده‌زانی ؟

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری...

توركمانی ده‌زانم ، به‌ڵام سریانی نه‌خێر .

ئه‌ی چۆن ئاوازت له‌سه‌ر هۆنراوه‌ی سریانی داناوه‌ ؟

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری...

هۆنراوه‌كه‌یان ده‌دامێ و پێم ده‌ووتن بۆم وه‌رگێڕنه‌ سه‌ر عه‌ره‌بی یان كوردی ، لێیانم ده‌پرسی هۆنراوه‌كه‌ ناوه‌رۆكه‌كه‌ی ئه‌وینداری یه‌ ، عه‌شقه‌ بۆ سروشت و وڵات  یان سۆزادرییه‌ ، ئه‌وكاته‌  له‌سه‌ر بنه‌مای ناوه‌رۆكی هۆنراوه‌كه‌ ئاوازه‌كه‌م داده‌نا.

سه‌باره‌ت به‌ئاوازدانان پێم خۆشه‌ یاده‌وه‌رییه‌ك بگێڕمه‌وه‌، تائێستا بۆمن جێی نیگه‌رانییه‌..! له‌ڕادیۆ په‌یوه‌ندیه‌كی فراوانم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نداندا هه‌بوو هه‌موویانم خۆش ده‌ویستن و پێكه‌وه‌ كارمان له‌نێو دنیای ئاوازو گۆرانی دا ده‌كرد، مامۆستای گه‌وره‌م  هونه‌رمه‌ند ( عه‌لی مه‌ردان 1904_ 24/7/1981)ڕۆژێك هۆنراوه‌یه‌كی دامێ و فه‌رمووی ئاوازێكی له‌سه‌ردابنێ ، منیش هۆنراوه‌كه‌م لێ وه‌رگرت، به‌داخه‌وه‌ تائێستا هه‌ست به‌نیگه‌رانی ده‌كه‌م كه‌نه‌متوانی ئاوازی بۆدابنێم ،نیگه‌رانم له‌وه‌ی كه‌نه‌متوانی داواكه‌ی به‌جێ بگه‌یه‌نم ..!

بۆ ده‌رفه‌تت بۆ نه‌ڕه‌خسا تاداواكه‌ی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان  به‌جێ بگه‌یه‌نی.؟!

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری...

ڕاستییه‌كه‌ی ده‌رفه‌تم نه‌بوو ، زۆر سه‌رقاڵ بووم به‌كاره‌وه‌ ، له‌لایه‌ك سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی بووم ، له‌ڕادیۆی كوردی كارم ده‌كرد ، دواتر  بۆماوه‌ی (5) ساڵ له‌ ( په‌یمانگای مامۆستایان _ معهدالمعلمین) وانه‌م به‌قوتابیان ده‌وته‌وه‌، له‌ته‌له‌فزیۆنی  به‌غداش وه‌ك ژه‌نیار كارم ده‌كرد، هه‌روه‌ها هه‌ندێ له‌شه‌وه‌كانیش وه‌ك ژه‌نیار به‌شداری ئاهه‌نگه‌كانم ده‌كرد، به‌ڕاستی ئه‌وهه‌موو كاره‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و ئاوازه‌م بۆدانه‌نرێ ، ڕۆحی شادو هه‌میشه‌ داوای لێبووردنی لێده‌كه‌م.

سه‌باره‌ت به‌ئاوازدانان ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش ڕابگه‌یه‌نم ، ئاوازێكم بۆ هونه‌رمه‌ند جه‌مال جه‌لال دانا  به‌ناوی ( كیژۆڵه‌ی كوردستان ) له‌هۆنراوه‌ی (ئه‌كره‌م خامۆش) ، ئه‌و گۆرانیه‌ له‌سه‌ر ( قه‌وان _ سه‌فحه‌) تۆماركراوه‌ ( اسطوانات كاراڤان) وه‌ك ئه‌رشیف ئه‌و قه‌وانه‌م له‌لای خۆم پاراستووه‌.

سه‌باره‌ت به‌هۆنراوه‌، سوودتان له‌فۆلكلۆر وه‌رگرتووه‌ یان له‌شیعری شاعیران؟

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری...

هۆنراوه‌ی زۆر له‌شاعیره‌كانم كردۆته‌ گۆرانی ، به‌ڵام سودیشم له‌فۆلكلۆریش وه‌رگرتووه‌ ، هه‌روه‌ها خۆشم هۆنراوه‌م  داناوه‌.

زیاتر شیعری كام شاعیر تان كردووه‌ به‌گۆرانی ؟

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری...

هه‌ندێك له‌وشاعیرانه‌ هاورێم بوون، سوودم له‌هۆنراوه‌كانیان وه‌رگرتووه‌ و ئاوازم له‌سه‌رداناون وه‌ك

( سه‌ردار بێ به‌خت ، بورهان قانع ، عوسمان شارباژێڕی ، عه‌بدوڵڵا په‌شێو ، ڕه‌زا شوانی ، هیوا ئیسماعیل ، خالید خۆشناو ، یه‌حیا مه‌رجان، دڵشاد مه‌ریوانی ، ع.ع.شه‌ونم ، حه‌مه‌ عه‌لی مه‌دهۆش ، مه‌حمودزامدار ، ڕه‌مه‌زان زامدار ، عه‌بدوڵڵا عه‌باس ، سه‌لاح حیلمی ، نه‌ژادنوری،حافزمائی، هۆگربه‌رزنجی،جه‌لال كه‌ریم ،محه‌مه‌د ئه‌سعه‌دساڵه‌یی،ئه‌سوه‌دمحه‌مه‌د،پیرباڵ مه‌حمود و ئه‌حمه‌د ئاشتی ).

به‌ڕێزتان وه‌ك گۆرانیبێژێكی ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن ، هه‌ندێك له‌گۆرانیه‌كانت  به‌شێوه‌ی ڕه‌ش و سپی  تۆماركراوه‌له‌گه‌ڵ خاتوونێكدا پێكه‌وه‌ به‌دوو قۆڵی ، یان به‌وده‌سته‌واژه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ پێی ده‌ڵێن( دوویت) كارتان كردووه‌ ، بۆ ئه‌و شێوازه‌تان هه‌ڵبژاردووه‌ له‌گۆرانی دا؟

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری...

ئه‌و شێوازه‌ سه‌ره‌تا هونه‌رمه‌ند شه‌ماڵ سائیب له‌ناو گۆرانی كوردیدا ئه‌نجامی دا وبه‌كلیپیش هه‌یه‌ ، شێوازێكی جوانه‌ منیش حه‌زم كرد له‌و كاره‌هونه‌رییانه‌ به‌دووقۆڵی له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئافره‌تگۆرانی تۆماربكه‌مو درێژه‌م به‌وكاره‌ هونه‌رییه‌دا و له‌گه‌ڵ چه‌ند خاتوونێك گۆرانیم خوێندوه‌ك ( غاده‌ سالم ،گوڵبه‌هار و ژیان ئه‌حمه‌د).

هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و گۆرانیبێژ و ئاوازدانه‌ر محه‌مه‌د قه‌دری، له‌ساڵی (2005) به‌دواوه‌ شاری به‌غدا جێدێلێ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان و له‌هه‌ولێری پایته‌خت نیشته‌جێ ده‌بێت، دوای ماوه‌یه‌كله‌ كۆلیژی هونه‌ره‌جوانه‌كانی شاری هه‌ولێر وه‌ك مامۆستای مۆسیقا داده‌مه‌زرێت ، بۆماوه‌ی (5) ساڵ وانه‌ی مۆسیقا ده‌ڵێته‌وه‌.

له‌ماوه‌ی ژیانی كاركردنی وه‌ك مامۆستا دووجار خانه‌نشین كراوه‌ ،

هونه‌رمه‌ند پێی ڕاگه‌یاندم ، جاری یه‌كه‌م له‌گه‌رمه‌ی شه‌ڕی نێوان عێراق و ئێران دابوو،مامۆستا و فه‌رمانبه‌ران و كارمه‌ندانی میریو ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی ئاسایی به‌زۆر ده‌كران به‌ ( جه‌یشی شه‌عبی) منیش له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌چم و جلی جه‌یشی شه‌عبی له‌به‌رنه‌كه‌م داوام كرد خانه‌نشین بكرێم ، واته‌ یه‌كه‌م جار ساڵی (1986) خانه‌نشین بووم ، جاری دووه‌م له‌ژێرسایه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ساڵی (2012) بۆجاری دووه‌م خانه‌نیشن بووم،

ڕۆژانه‌ خۆتان به‌چییه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن؟ ئایا ئه‌و سه‌لیقه‌ و هه‌سته‌ هونه‌رییه‌ی جارانت ماوه‌؟

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری...

بێگومان هونه‌ر شتێك نییه‌ بتوانی فه‌رامۆشی بكه‌یت ، وه‌ك ده‌یبینی ئه‌وه‌ دوو ئامێریعوود م هه‌یه‌رۆژانه‌ مۆسیقا ده‌ژنم ، ئاوازی نوێم داناوه‌ ، بۆزانیاری زیاتر كاتی خۆی گۆرانیم بۆ سلێمانی گوتووه‌ ، هه‌روه‌ها بۆسه‌رچناركه‌ له‌هۆنراوه‌ی برای شاعیر و رۆژنامه‌نووس (عه‌بدوڵڵا عه‌باس) ه‌، ئێستاش ئاوازێكی جوانم بۆشاری هه‌ولێری خۆشه‌ویست داناوه‌ و ده‌گه‌ڕێم به‌دوای هۆنراوه‌یه‌كی جواندا كه‌شیاوی جوانی هه‌ولێری پایته‌خت بێت،

به‌شێكی دیكه‌ی كاته‌كانم ڕۆژانه‌ گوێگرتن له‌مۆسیقاو خوێندنه‌وه‌و به‌خێوكردنی باڵنده‌ وه‌ك ( كه‌ناری) و گوڵ و گوڵزار له‌باخچه‌كه‌ی ماڵه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری په‌یوه‌ندیم كرد به‌ هونه‌رمه‌ند و شاعیر ( ڕه‌مه‌زان زامدار) تا له‌ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه‌خوێندنه‌وه‌ بۆ هونه‌رمه‌ند بكات ، له‌وه‌ڵامدا وتی :

( په‌یوه‌ندی من له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو، هاوڕێیه‌تیمان برایانه‌وهونه‌رییانه‌یه‌، مرۆڤێكی ڕێك و پێك و دڵسۆزودڵپاك ، ڕۆشنبیر و هونه‌ر خۆشه‌ویسته‌، هه‌موو هیوا و ئاواتی پێشكه‌وتنی هونه‌ری كوردی بووه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانی زۆر فراوانه‌وخۆشه‌ویستی هونه‌رمه‌ندان بوو، چونكه‌ خۆی ڕێزو خۆشه‌ویستی بۆ هه‌موو هونه‌رمه‌ندان هه‌بوو، هه‌روه‌ها هاوكار و یارمه‌تیده‌ری هونه‌رمه‌ندان بوو ، به‌تایبه‌ت ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ده‌چوونه‌ ئیستگه‌ی كوردی به‌غدا محه‌مه‌د قه‌دری هه‌م ڕێزی لێده‌گرتن و هه‌م كارئاسانی بۆده‌كردن، سه‌باره‌ت به‌لایه‌نێكی دیكه‌ی هونه‌رمه‌ند جیا له‌مۆسیقاژه‌نین و گۆرانی خوێندن، ئاوازدانه‌رێكی باشیشه‌ ، له‌وبواره‌دا سه‌ركه‌وتوبووه‌ هۆنراوه‌ی زۆری شاعیرانی كردووه‌ به‌گۆرانی و چه‌ندین هۆنراوه‌ی به‌نده‌شی ئاوازی بۆداناوه‌ و هه‌ندێك خۆی خوێندوونی و هه‌ندێكی دیكه‌شیی داوه‌ به‌هونه‌رمه‌ندانی سه‌رده‌می خۆی ) (2).

لێم پرسی  سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان و خوێندنه‌وه‌ی بۆ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی چییه‌؟

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری...

هونه‌ر له‌لای من زۆر پیرۆزه‌، مرۆڤی هونه‌رمه‌ند پێویسته‌ زۆر ئاگاداری كارو كرده‌وه‌كانی بێت و هونه‌ره‌كه‌ی ناشیرین نه‌كات، من هه‌میشه‌ خۆشه‌ویستی و رێزم بۆ هونه‌رمه‌ندان هه‌بووه‌و خۆشم ده‌وێن ، به‌داخه‌وه‌ زۆر له‌هونه‌رمه‌ندانی هاوڕێی ته‌مه‌نی هونه‌ریم ڕۆیشتن و چوونه‌ به‌ر ڕه‌حمه‌تی په‌روه‌ردگار و به‌جێیان هێشتووین ڕۆحیان شادبێت ، من و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك ماوینه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستا من له‌ناو نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆم و هاوزمانه‌كانی خۆمدا ده‌ژیم ، واهه‌ست ده‌كه‌م بێكه‌سم و غه‌ریبم ، جێی داخه‌ كه‌س لێمان ناپرسێت ، منیش پێم خۆشه‌ ڕۆژانه‌ نا هه‌فتانه‌ نا به‌ڵكو مانگی جارێك یه‌كێك له‌ هونه‌رمه‌ندان ، ئازیزان ئه‌وانه‌ی ئه‌هلی هونه‌رن به‌سه‌رمان بكاته‌وه‌ و لێمان بپرسێت، من هونه‌رم بۆ پێشكه‌وتن و به‌رزی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌م كردووه‌ نه‌ك چاوه‌ڕێی پاداشت بمنه‌خێر ، ئه‌وه‌تا خۆت بیبینه‌ ، ئه‌وه‌ بڕوانامه‌ی ڕێزلێنانه‌ له‌ساڵی (1979) له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری عێراقو هه‌روه‌ها بڕوانامه‌ی ڕێزلێنانی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی به‌غدا پێم به‌خشراوه‌ ، له‌حكومه‌ت و هونه‌رمه‌ندان و وه‌زاره‌تی رۆشنبیریوڵاته‌كه‌ی خۆم هیچم ناوێت ته‌نها هه‌واڵ پرسینێك تارۆحمان ئاسوده‌ بێت كه‌ میلله‌ته‌كه‌مان رێزمان لێده‌گرێت..!

ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌تی نه‌مر ( حه‌سه‌ن زیره‌ك 1921_26/6/1972) خوێندنه‌وه‌تان بۆكه‌سایه‌تی و هونه‌ره‌كه‌ی چییه‌؟ ساڵانێكی زوو گوایه‌ به‌ڕێزتان قسه‌تان له‌سه‌ری هه‌بووه‌ ؟!

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری...

زۆربه‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ ناحه‌زانی من نان و پیازیان پێوه‌خوارد، ئه‌و كاته‌و ئێستاش ده‌یڵێمه‌وه‌، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك یه‌كێكه‌ له‌گۆرانیبێژه‌ به‌رزه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌م ، من وه‌ك مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ڕه‌وشته‌كه‌م ڕێگه‌م نادات خوانه‌خواسته‌ سوكایه‌تی به‌هیچ هونه‌رمه‌ندێكی نه‌ته‌وه‌كه‌م بكه‌م نه‌خێر ئه‌وه‌ ڕه‌وشتی من نییه‌ ، به‌ڵكو به‌چاوی ڕێزو حورمه‌ته‌وه‌ له‌مێژووه‌كه‌یان ده‌ڕوانم، خۆم زۆر سه‌رسامم به‌ده‌نگ و هونه‌ر و ئاوازه‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌ك ، هه‌میشه‌ به‌ڕێزه‌وه‌ له‌هونه‌ره‌كه‌یم ڕوانیوه‌، له‌ڕێی هونه‌ره‌ جوانه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌میشه‌ ئاواتم بووه‌ كه‌ وه‌ك ژه‌نیارێكی كورد له‌پشتی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌كه‌وه‌ مۆسیقای بۆبژه‌نم، به‌داخه‌وه‌ كاتێك من چوومه‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا ، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌ پڕ هونه‌ره‌ گه‌ڕابۆوه‌ ئێران ، دواوته‌م بۆ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك ، تا گۆرانی و مۆسیقای كوردی بوونی هه‌بێت ده‌نگ و هونه‌ری حه‌سه‌ن زیره‌كبه‌زیندوویی ده‌مێنێته‌وه‌.

وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د قه‌دری په‌یوه‌ندییه‌كی فراوانی له‌گه‌ل هاوڕێ و هاوكاره‌كانی له‌ڕادیۆوهه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندان دا هه‌بووه‌، یه‌كێكی دیكه‌ له‌هاورێ و هاوكاره‌كانی ڕۆژانی ڕادیۆی كوردی به‌غدا ، نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس ( عه‌بدوڵڵا عه‌باس) سه‌باره‌ت به‌هونه‌رمه‌ند بۆی نوسیم ( له‌ناوه‌ڕاستی ساڵانی شه‌سته‌كاندا له‌ڕادیۆی كوردی له‌به‌غدا وه‌ك موزیع و وه‌رگێر كارم ده‌كرد و ئاماده‌كار و پێشكه‌شه‌كاری ژماره‌یه‌ك به‌رنامه‌ی ڕۆشنبیریی بووم ، ئه‌وسا ڕادیۆی كوردی به‌غدا تیپی مۆسیقای تایبه‌تی خۆیی هه‌بوو، هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌وتیپه‌ به‌شداربوون و تیپی كۆرسی گۆرانیش تایبه‌ت به‌و تیپه‌ هه‌بوو ، له‌و تیپه‌ مۆسیقایه‌دا هونه‌رمه‌ندی مۆسیقا و گۆرانیبێژكاك محه‌مه‌د قه‌دری له‌هونه‌رمه‌نده‌ چالاكه‌كانی ئه‌و تیپه‌ مۆسیقیه‌ بوون خۆییو هاورێكه‌ی ( فوئادعوسمان) هاورێم بوون،محه‌مه‌د قه‌دری هونه‌رمه‌ند له‌و وه‌خته‌دا له‌وهونه‌رمه‌ندانه‌بوو كه‌هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ئه‌دا شتێكی نوێ پێشكه‌ش بكات و ته‌نیا له‌متمانه‌كردن به‌گۆرانی ( میللی و فۆلكلۆری ) دا گیرنه‌خوات ، له‌به‌رئه‌وه‌ به‌داوی ده‌قی نوێدا ده‌گه‌ڕائاوازی بۆدانێ و بیكات به‌گۆرانی ، له‌بیرمه‌ بۆپشتیوانی ئه‌و ڕوانینه‌ی ئه‌و بۆ داهێنانی نوێ من ده‌قی شیعرێكی خۆمم پێشكه‌ش كرد و تۆماری كرد وه‌ك مرۆڤیش قه‌دری هونه‌رمه‌ند، مرۆڤێكی خۆشه‌ویست بوو له‌ناو هاوڕێكانیدا و شایانی قه‌دربوو) (3).

هونه‌رمه‌ند له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌، له‌ماوه‌ی ژیانیدا سێ جار ژیانی هاوسه‌رگیریپێكهێناوه‌ ، خاوه‌نی (5) كوڕه‌، یه‌كێك له‌كوڕه‌كانی به‌ناوی( ئه‌حمه‌د) ڕێبوارێكی دڵسۆزی ڕێگاپیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ره‌و خاوه‌نی بڕوانمه‌ی ( دبلۆم و به‌كالۆریۆس) ه‌ به‌پله‌ی ( ئیمتیاز) له‌مۆسیقا دا ، ژه‌نیاری هه‌ردوو ئامێری ( ئۆرگ و ئۆكۆردیۆن) ه‌.

به‌ر‌له‌وه‌ی كۆتاییبه‌ دیداره‌كه‌م بهێنم پێم خۆشبوو ئێوه‌ی خوێنه‌ری ئازیز به‌هه‌ندێك له‌گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند ئاشناتان بكه‌م:

( خانم گیان ، كراس ده‌سگیرانی،ئاسكۆڵه‌ی سه‌رچیایه‌،دڵشكاو ،كاتێ تۆم دی ،په‌شیمانی ،پێكه‌نه‌ ،به‌یانیت باش ،ئاوێنه‌ی دڵداری، ئارامی دڵ ،به‌هار، په‌یمانی دڵداری ، گوڵی جوانم ، ئه‌ستێره‌ی ئاسمان، سه‌رچنار، ژینی دڵداری ، شه‌رمین ، وه‌ره‌ ئه‌ی لاوا،نه‌ورۆز ، كچه‌ كوردی ناسك و حه‌زم لێكردوویو چه‌ندینی تر ) .

دوای نیوسه‌ده‌ خزمه‌تكردن به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی، وێڕای ده‌ستخۆشیی هیوایته‌مه‌نداری و پڕ ته‌ندروستی بۆده‌خوازم.

جه‌مالی ده‌لاك21/1/2023 هه‌ولێر .

سه‌رچاوه‌ :

كتێبی ژینی دڵداری ، محه‌مه‌د قه‌دری  ، هه‌ولێر (2010) ، لاپه‌ڕه‌(76).

په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی  له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و شاعیر و فۆتۆگرافه‌ر ( ڕه‌مه‌زان زامدار ) ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 16/1/2023 ( هه‌ولێر _ كه‌ركوك) .

په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس به‌رێز ( عه‌بدوڵڵا عه‌باس) رۆژی هه‌ینی (20/1/2023) ( هه‌ولێر _ سلێمانی ) .

 

 

 

 

 

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.